وەڵام بە هاوڕێیەك, دەربارەی تایبەتمەندییەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاری

0

کورتەی ئەم نوسراوە لە سەرەتادا لە شێوەی نامەیەکدا ئامادەکرابوو لە وەڵام بە ڕەخنەی هاوڕێیەك لە کۆمۆنیزمی کرێکاری کە داوای لە من کردبوو ڕای خۆمی بۆ بنوسم. دواتر لەسەر داوای گۆڤاری “دیدگای سۆسیالیستی” و بڵاوکراوەی “الى الأمام” بەشێوەیەکی هەمەلایەنەتر بۆ بڵاوکردنەوە بەم جۆرەی ئێستا ئامادەم کرد.
هاوڕێی ئازیز……
زۆر سوپاس کە نوسراوەکەی خۆتت بۆ ناردبووم. بەردەوام ڕای منت پرسیوە دەربارەی نوسراوەکەت و ئەو سەرنج و ڕەخنانەی باست کردون.. من وەکو گرنگیدان بە پێداگریت لەسەر خەبات و تێکۆشان و گەڕان بەدوای دۆزینەوەی وەڵامی پرسیار و ڕەخنەکانتدا، هەروەها لەوبارەیەوە کە ئەوانەی تۆ باست کردوون، وەکو خۆشت ئاماژەت بۆ کردووە، پرسیار و سەرنجی زۆرکەسی تریشن، هەوڵمداوە لەسەر زۆربەی خاڵ و لایەنە سەرەکییەکانی نوسراوەکەت، وەڵام و سەرنجی خۆم بنوسم. هیوادارم دایەلۆگێکی بەسود بێت بۆ هەمووان.
کۆمۆنیزم وەکو بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی
پێش هەرشتێك دەمەوێ دەربارەی باسی “پیرۆزکردنی تیئوری و بەکاریزما کردنی کەسایەتی” لە کۆمۆنیزمدا، بڵێم لە دیدگا و نەریتی ئێمەدا وەکو کۆمۆنیزمی کرێکاری (ك.ك) هیچ کەس و هیچ بۆچوون و هیچ کتێب و تێکستێك پیرۆز نیە، هەرکەسێك دەتوانێ لە مارکسەوە تا ئەنگلس و لینین و مەنسور حیکمەت و هەرکەسێکی تر، هەروەها لە مانیفێستەوە تا کەپیتاڵ بداتە بەر ڕەخنە، کەسێکی وەکو منیش بۆچوونەکانی دەخوێنێتەوە و ئەگەر قانعی کرد پێشوازی لێ دەکات و ئەگەر قانعی نەکرد دەڵێ هەڵەیە. هەر ئەوەندە و تەواو!
هەر لێرەدا ئەوەش باس بکەم کە هەرکەس بیەوێ وەکو هەڵسووڕاوێکی سیاسی دەست بەکار بکات، دەبێ ئامانجەکان و بزووتنەوەی خۆی بدۆزێتەوە. هەر بزووتنەوەیەك کە ئامانجی خۆی هەیە، لە هەمانکاتدا شێوە و مەیدانی خەبات و ئامڕاز و ڕێگەی خۆی هەیە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی. بۆنموونە بەبڕوای من ئەگەر کەسێك خۆی بە هەڵسووڕاوی بزووتنەوەی سۆسیالیستی کرێکاری نەزانێ و ڕێگای تێکۆشان لەپێناو کۆتایی هێنان بە چەوسانەوە و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی ئازاد و یەکسان هەڵنەبژێرێت، ئیتر باسکردن لە سۆسیالیزم و تەحەزوبی کۆمۆنیستی و نەریت و پرەنسیپە کۆمۆنیستییەکان، مانایەکی نیە. بزووتنەوەکان پایگای کۆمەڵایەتی و ئامانجەکانیان و هەر بەمپێیەش ئامڕاز و ڕێگا و شێوەکار و نەریت و دیدگا فکرییەکانیان لەیەك جیاوازن. جیاوازییەکانیان دروستکراو و ئارەزوومەندانە نیین، واقعین. بزووتنەوەی سۆسیالیستی چینی کرێکار و تەنانەت خودی کۆمۆنیزمیش مارکس دروستی نەکردوە، بەڵکو بەر لە مارکس و بەرلەوەی مارکس هیچ لە بارەیەوە بڵێ ئەم بزووتنەوەیە لە مەیدان بوو. مارکس پێوەی پەیوەست بوو و تیئۆری بۆ داڕشت و نەخشەی هەلومەرجی خەبات و ڕێڕەوی سەرکەوتنی خستەبەردەمی. بۆیە ناکرێ و ناتوانرێت بزووتنەوەگەلی وەکو بزووتنەوەی ڕزگاریی نیشتمان، دژی ئەمپریالیستی، دیموکراسی، ڕیفۆرمیستی، فیمینیستی..و.. بە تیئۆر و پرەنسیپ و نەریتە کۆمۆنیستییەکان لەقاڵب بدرێن. نوسراوەکەت وانیشان دەدات کە هێشتا بەتەواوی هەڵبژاردنی بزووتنەوەی خۆت نەکردبێت. واتە بە یەکجاری لەسەر ئەوە یەکلا نەبوویتەوە کە بۆ سەرخستنی کام بزووتنەوە تێدەکۆشی. بۆیە لە هەندێك ڕووەوە بزووتنەوەگەلی جیاواز و مەکاتبی فکری جیاواز، بەیەك دەگری و دەتەوێ شتێکی بەیناوبەینی گەڵاڵە بکەی لەسەر بناغەی دەستگرتن بە لایەنە باشەکانی ئەوانە و وەلانانی لایەنە خراپەکانیان. بۆنموونە پێتوایە چەند بزووتنەوەی جیاواز دەکرێت لە خەبات بۆ سۆسیالیزم هاوبەش بن. بەڕای من ئەمە نادروست و ناواقعییە. بزووتنەوەکان بەشێوەی واقعی و بەوجۆرەی لەسەرەوە ڕوونم کردەوە لە یەکتر جیاوازن. هەر هەڵسووڕاوێکی سیاسی سەرئەنجام ناچارە بەوەی هەڵبژاردنی خۆی بکات و لەسەر ئەوە یەکلابێتەوە کە خۆی لە ئاسۆ و ئامانج و ڕوانگە و نەریتەکانی کام بزووتنەوەدا بە هاوبەش دەزانێ. ك.ك بزووتنەوەی چینی کرێکارە بۆ ڕێکخستنی شۆڕشی کۆمۆنیستی و ڕوخاندنی نیزامی سەرمایەداری و دامەزراندنی سۆسیالیزم. بۆ ئەم مەبەستە پێویستی بەوەیە حزبی سیاسی مەحکەم و توندوتۆڵی خۆی پێکبهێنێت، سۆسیالیزم وەکو ئاسۆ و ئەڵتەرناتیڤێکی ڕزگاریبەخش و یەکێك لە هەڵبژاردەکان لە کۆمەڵگادا بخاتەڕوو، پێویستی بەوەیە جەماوەری کرێکاران لە ڕێکخراوەی جۆراوجۆری وەکو شورا و سەندیکا و یەکێتییەکاندا ڕێکخراو بکات، پێویستی بەوەیە هەموو ئەو توێژ و بەشانەی کۆمەڵگا کە بەدەست نەهامەتییەکانی سەرمایەدارییەوە گرفتارن لە دەوری بەدیلی کۆمۆنیستی ڕێکبخات. پێویستی بەوەیە ڕێبازی سیاسی و تاکتیکی و ستراتیژی ئەوتۆ بگرێتەبەر کە بتوانێ سەرکەوتنی مسۆگەر بکات. بەڵام هەموو ئەم مەسەلانە بۆ هەر بزووتنەوەیەکی تر جیاوازە.
کۆمۆنیزم لەگەڵ هەوڵی بێوچانی لەپێناو ئامادەکاری بۆ شۆڕشی سۆسیالیستی، لە هەموو بزووتنەوەیەکی پێشکەوتووانە و ئازادیخوازانە نەك هەر پشتیوانی دەکات، بەڵکو هەوڵدەدات ڕابەرایەتییەکی کارامە و سیاسەت و تاکتیکی کارسازی بۆ دابین بکات و بە سەرکەوتنی بگەیەنێ. بۆنموونە بزووتنەوەی؛ دژی ستەمی میللی، دژی ستەم لەسەر ژنان، بزووتنەوەی سیکولاریستی و هەر خەبات و بزووتنەوەیەك بۆ بچوکترین ڕیفۆرم لە هەر بوارێکدا بێت.
سەرباری دەخاڵەتی کۆمۆنیزم لە بزووتنەوە ئازادیخواز و پێشکەوتووانەکاندا، هەروەها لەگەڵ ئەوەی خەبات بۆ بچوکترین ڕیفۆرم و باشترکردنی هەلومەرجی کار و ژیانی کرێکار و توێژە ستەمدیدەکان، مەیدانێکی ڕاستەوخۆ و هەمیشەیی کۆمۆنیزمە، بەڵام شۆڕشی کۆمۆنیستی ناسپێرێت بە ئایندەیەکی نادیار. بەڵکو هەر ئەمڕۆ هاوشان لەگەڵ خەبات بۆ چاکسازی، هەرکات توانای بەرپاکردنی شۆڕشی هەبێت ڕۆژێك دوای ناخات. ئەوەی کە تۆ دەپرسیت “چۆن دەبێت مەنسور حیکمەت دەڵێ ” ئێمە هەر ئەمڕۆ شۆڕشی کۆمۆنیستیمان دەوێت” کوا ئێستا ئەم ئامادەییەمان هەیە؟” باسەکەی ئەویش ئەوە نیە کە ئێمە هەر ئەمڕۆ ئامادەیی ئەوەمان هەیە شۆڕشی کۆمۆنیستی بەرپا بکەین. نەخێر مەبەستی ئەو، وەڵامە بەو دیدگا و بۆچوونانەی کە دەڵێن هێشتا کات و قۆناغی شۆڕشی سۆسیالیستی نەهاتووە، دەڵێن هەلومەرجی بابەتی ئامادە نیە، ئیستا قۆناغی شۆڕشی دیموکراتییە، قوناغی شۆڕشی ڕزگاریی نیشتمانییە و… ئەو دەڵێ نەخێر هەر ئێستا کۆمەڵگا لە ڕووی بابەتی و گەشەی تەکنیك و پیشەسازییەوە ئەوەندە گەشەی کردووە کە کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستی ئازاد و یەکسان و خۆشگوزەران بەرپا بکەین. ئەوەی دەمێنێتەوە تەنها ئامادەیی زاتی خۆمانە. واتە چینی کرێکار و کۆمۆنیزم ئامادە نیە، هەموو گرفتەکە ئەمەیە. باسی ئەم ئامادەییەش بەو شێوازانە دەبێت کە لەسەرەوە باسم کرد.
کۆمۆنیزم زانستی هەلومەرجی ڕزگاری چینی کرێکار!
من وای دەبینم کە تۆ مارکسیزم و کۆمۆنیزم وەکو زانستێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی مجرد و ئەکادیمی مامەڵە دەکەی. وەهەر بەوجۆرەش تەماشای ناسیۆنالیزم و ئاین و…هتد دەکەی. لەم ڕوانگەیەشەوە لە هەموواندا لایەنی باش و خراپ دەبینی و هەوڵتداوە بەشێك لەو لایەنانە دیاری بکەی. بەڵام پرسیار ئەوەیە کە باشی و خراپی هەریەك لەم دیدگا و نەریتانە بۆ کام چین و کام بزووتنەوە و کام ئامانج و کام ئاسۆی سیاسییە؟ لە ڕوانگەی منەوە ناکرێت لە دەرەوەی بەرژەوەندی چینەکانەوە باشی و خراپی ئەم دیدگا و ئاسۆیانە دیاری بکرێت. هەر بەم پێیەش ئەوەی بۆ چینێك باری پۆزەتیفی هەبێت، بۆ چینێکی تر باری نێگەتیفی هەیە. بۆنموونە لە ڕوانگەی منەوە، یان دروستتر وایە بڵێم وەکو ئەنگلس باسی دەکات؛ کۆمۆنیزم تەنها زانستی ڕزگاری چینی کرێکارە، نەك هیچ شتێکی تر. بێگومان ئەوەش حوکمێکی مارکسیستییە کە چینی کرێکار ناتوانێ ڕزگاری بێت مەگەر لەگەڵ خۆیدا هەموو بەشەرییەت ڕزگار بکات. کەواتە لە ڕوانگەی منەوە تەنها کۆمۆنیزم وەڵامە بە هەموو ستەم و نایەکسانی و نەهامەتییەکانی دنیای هاوچەرخ. واتە لەگەڵ ئەوەی کۆمۆنیزم زانستی هەلومەرجی ڕزگاری چینی کرێکارە، بەڵام وەڵامی بۆ سەرجەم کێشە و گرفت و ستەم و چەوسانەوە جۆراوجۆرەکانی دنیای ئەمڕۆ هەیە، ئامانجی ئەوەیە کۆمەڵگایەکی خاڵی لە هەرجۆرە چەوسانەوەیەك بەرپا بکات. بەڵام زانستێك نیە کە هەر بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی دیکە پێڕەوی لێ بکات و بەکاریبەرێت. هەربۆیە ئەوانەی ویستویانە کۆمۆنیزم و مارکسیزم بۆ ئامانج و سەرخستنی بزووتنەوەی دیکە بەکاربهێنن، ناچاربوون دەستکاری ناوەرۆکەکەی بکەن و لە ناوەرۆکی خۆی دایتەکێنن. مارکسیزم ڕەخنەیەکە لە ڕوانگەی چینی كرێكارەوە لە دۆخی ئێستا و لە کەپیتالیزم. هەر لەم ڕوانگەیەشەوە ناسیۆنالیزم و ئاین و دیموکراسی و لیبرالیزم و… بزووتنه‌وه‌ و ڕوانگە و نەریت و مەکاتبی جۆراوجۆری بۆرژوازین بۆ ڕاگرتن و پاراستنی کۆمەڵگای چینایەتیی هاوچەرخ. ئەم لایەنە ڕەخنەگرانە و شۆڕشگێڕانەیەی کۆمۆنیزم بە هیچ جۆرێك لە لایەنە زانستییەکەی جیاناکرێتەوە، ئەگەر ئەم جیاکردنەوەیە ئیمکانی ببوایە، گومان لەوە نیە کە زانستی مارکسیزم بەتایبەت لە بواری ئابووریدا “کاپیتاڵ” دەکرا بە مەنهەجی خوێندن لە قۆناغە جیاجیاکانی خوێندندا.
ئەگەر لەنێو ئەو بزووتنەوە و نەریتە بۆرژوازییانەی لەسەرەوە ناوم بردن، بۆنموونە ناسیۆنالیزم وەرگرین، لە ڕوانگەی بەرژەوەندی چینی كرێكارەوە بریتییە لە بزووتنه‌وه‌یەك بۆ گەیشتنی بۆرژوازی خۆماڵی بەدەسەڵات یان دامەزراندنی ده‌وڵه‌تی بۆرژوازی خۆماڵی، بریتییە لە نەریت و ڕوانگەیەك بۆ پەردەپۆش کردنی ئەوەی کە بۆرژوازی خۆماڵی چینی كرێكاری خۆماڵی دەچەوسێنێتەوە. ڕوانگەیەکە بۆئەوەی لەسەر بناغەی ناسنامەی قەومی، بۆرژوازی و کرێکاری نەتەوەیەك بە برا و کرێکارانی سەر بە نەتەوە جیاوازەکان بە بێگانە بە یەکتری بناسێنێ. بۆیە لە ڕوانگەی بەرژەوەندی و ئامانجی ڕزگاری چینی كرێكارەوە جگە لە پاراستنی ستەمی سەرمایە هیچ لایەنێکی باشی نیه‌. هەربۆیە ناتوانرێ وەکو تۆ دەڵێی سۆسیالیزم و ناسیۆنالیزم بخەیتە قاڵبێکەوە، ئەوان لە مەیدانی واقعی کێشمەکێشە کۆمەڵایەتییەکاندا جیاوازن و بەرامبەر یەکیان گرتووە.
ڕەخنەی ڕاشکاو لە ئاین و ناسیۆنالیزم
بە بۆچوونی تۆ نابێ دژایەتی ئاین و ناسیۆنالیزم بکەین، یان لانیکەم فەرامۆشیان بکەین و ڕاشکاوانە ڕەخنەیان لێ نەگرین، ئەگینا کاریگەریی خراپی دەبێت بۆ حزب. دواتر دێمەسەر ڕۆڵی ئاین و ناسیۆنالیزم. لێرەدا بەکورتی تەنها چەند ڕستەك لەسەر ئەم سەرنجەت دەڵێم.
بەتایبەت لە کۆمەڵگای لە بابەت عێراق و کوردستاندا بەلامەوە سەیر دەبێت باسی پێویستی فەرامۆش کردنی ناسیۆنالیزم لەوەش زیاتر باسی لایەنی پۆزەتیفی بکرێت. تەنها با چاوێك لەوە بکەین کە کۆمەڵگای عێراق نزیکەی نیوسەدە لەژێر ڕکێفی ناسیۆنالیزمی عەرەبی بەرجەستەبوو لە ڕژێمی فاشیستی بەعسدا کرایە مەیدانی بەشێك لە گەورەترین کارەساتەکانی مێژووی بەشەر. لە کوردستانیشدا چەندین ساڵە یەکێتی و پارتی و گۆڕان و کۆمەڵێك حزبی ناسیۆنالیست حەقیرانەترین یاری بە هەست و شعوری خەلک و نان و چارەنووسی خەڵکەوە دەکەن. سی ساڵە ئەم حزبانە نیشانیانداوە کۆنەپەرستن، دز و تاڵانگەرو فریوکارن، قاتل و تیرۆریست و شکەنجەگەرن، پیاوسالار و ژنکوژن، بەکرێگیراو و وابەستە و سەوداگەرن، وەڵامی داخوازی هاوزمانەکانیان بە فیشەك دەدەنەوە و تەنانەت منداڵ و هەرزەکاری خۆپیشاندانەکانیش دەکوژن و بکوژەکانیش دەپارێزن… بەڵام لە کاتی هەموو هەڵبژاردنێکدا خەڵکی بەوە فریو دەدەنەوە کە ئەگەر بەشداری هەڵبژاردن نەکەن و دەنگ نەدەنەوە بەوان، ئەوە بەشی کورد لە عەرەب کەمتر دەبێت و گوایە ماڵوێران دەبن!!. دوای هەموو هەڵبژاردنێکیش هەر خودی ئەم حزبانە دەکەونە بەندوبەست و دەسەت لەدەستنان لەگەڵ هەمان ئەو ناسیۆنالیستە عەرەبانەی کە لە کاتی هەڵبژاردندا خەڵکیان پێ دەتۆقێنن. بەڕاستی ئایا دەکرێت ئەم یاری کردنە بە هەستی خەڵك فەرامۆش بکەین؟! ئایا تەنها سەرنجدان لە تاوانە سامناکەکانی بەعس و دەسەڵاتی نزیك بە سی ساڵی ناسیۆنالیزمی کورد، بەڵگە نین بۆ توڕهەڵدانی خورافەی ناسیۆنالیزم؟
یان با لە دیوێکی ترەوە لەم مەسەلەیە بڕوانین. گریمان وەکو تۆ دەڵێی وتنی ئەم ڕاستییانە خەڵك لە حزب دوور بخاتەوە! ئایا ئێمە مافی ئەوەمان هەیە بۆ بەرژەوەندی خۆمان (دوورنەکەوتنەوەی خەڵك لە حزب) بێدەنگ بوون و چاونوقاندن لەئاست ئەو هەموو ڕاستییانە هەڵبژێرین؟! چەندین حزب و حزبۆکەی قەومی و ئیسلامی لە کوردستاندا هەن کە نزیکەی سی ساڵە بەوجۆرە دەکەن کە تۆ پێشنیارت کردووە. ئایا ئەزموونی ئەوان هیچ خاڵێکی درەخشانی تیایە تا ئێمە چاوی تەماح ببڕینە ئەزموونی ئەوان؟! بێگومان ئەمە لەگەڵ نەریتی کۆمۆنیستی هیچ سازگارییەکی نیە. بەڵام جیاواز لەمەش ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر هەیە، کە پردی پەیوەندی پتەوی حزبی ئێمە لەگەڵ خەڵك هەر دەبێ لەسەر تارومار کردنی خۆشباوەڕیی خەڵك بە ناسیۆنالیزم و حزبەکانی بینا بکرێت. ناسیۆنالیزم و نەتەوەپەرستی نابێ فەرامۆش بکرێت، بەڵکو دەبێ ناوەرۆکی کۆنەپەرستانە و بۆرژوازییانەی بخرێتەڕوو و ڕەخنەبکرێت و شکست بدرێت. هەڵبژاردنێکی ترمان نیە.
هەروەها لەبارەی ئاینەوە؛ با تەنها سەرنج لەوە بدەین کە چۆن پاساو بۆ کۆمەڵگای چینایەتی دەهێنێتەوە. بۆنموونە ئیسلام وەرگرین بزانین دەکرێت بە ئەندازەی سەرەدەرزییەك لایەنی باشی بۆ قایل بین! ئیسلام بەرامبەر كۆمه‌ڵگای چینایەتی و زوڵم و ستەمی چینایەتی یەك قسەی هەیە، کە دەکاتە پارێزگارییەکی موتڵەق لە ستەمی چینایەتی. ده‌ڵێ خوا مرۆڤەکانی بە جیاوازی دروست كردووه‌، هه‌ندێكیانی باڵاده‌ست كردووه‌ بەسەر هه‌ندێكی تریاندا، ده‌وڵه‌مه‌ندی و هەژاری خوا دەیدا بە مرۆڤ، مرۆڤ ده‌بێ بە بەشی خواپێداوی ڕازی و شوکر بێت و تەماح نەکاتە ئەو سەروەتە زۆرەی خوا بە کەسێکی تری داوە. یان ده‌ڵێ خوا لە چارەی مرۆڤەکانی نوسیوە کە چی بن، چارەنوس ناگۆڕدرێت. ئەمە جگە لەوەی ئاینیش لەسەر بناغەی هاوئاینی بۆرژوا و كرێكاری پێڕه‌وكاری ئاینێك بە برای دینی لە قەڵەم دەدات، به‌ڵام كرێكاری سەربە دوو دینی جیاواز بە نەیاری دینی یەکتر دادەنێ. هه‌روه‌ها له‌ ڕووی فیكرییه‌وه‌ ئامڕازێکە بۆ گێژوكاس كردنی جه‌ماوه‌ری چەوساوە تا دەست لە ئەژنۆ دانیشن و خۆیان دوور بگرن لە هه‌ر جۆره‌ هه‌وڵێكی خه‌باتكارانه‌ و شۆڕشگێڕانه بۆ گۆڕینی دۆخی ئێستا و چاوەڕوان مانەوە بە دیار وه‌همی”خۆشبه‌ختی” لە دنیایه‌كی تردا.
بێگومان مەسەلەکە لە دنیای واقعدا بەم سادەییە نیە کە لەسەرەوە باسم کرد، ئاینیش جۆرەها پاساو و پۆششی هەیە، تەنانەت خۆی وەکو لایەنگری هەژاران و ئاینی ئەوان نیشاندەدات. زەکاتی لەسەر دەوڵەمەندان داناوە کە بیدەن بە هەژاران، یان وەکو تۆ باسی دەکەی چەندین دامودەزگای خێری دامەزراندووە لەوانە مانگی سوور. بەڵام هەموو ئەمانە هەوڵێکە بۆ داپۆشینی ڕۆڵە سەرەکییەکەی کە ڕەوایەتی دانە بە دابەشبوونی چینایەتی کۆمەڵگا بۆ چینێك کە نوقمی سەروەتە و چینێکیش کە نوقمی هەژاری و نەدارییە. تا ڕاشکاوانە پەردە لەسەر ڕووی ئاین و ناسیۆنالیزم لانەدەین، ئەوان وەکو قەڵغانی پارێزگاری لە ستەمی سەرمایە و هۆکاری دووبەرەکی لە ڕیزی چینی کرێکار و خۆڵپرژاندن بە چاوی کرێکاران و چەوساوەکاندا، ڕۆڵی خۆیان دەگێڕن.
چاکسازی لە ئیسلام و “کۆمەڵگای ئیسلامی”
ئەوەی کە تۆ پێتوایه‌ ئیسلام قابیلی چاکسازییە، بۆنموونە سعودیە و ئەفغانستان و ئێران له‌گه‌ڵ میسر و سوریا و تورکیا جیاوازییان هەیە، ئەو جیاوازییە واقعییە و ئینکار ناکریت. به‌ڵام هۆکارەکەی ئەوە نیه‌ کە جۆری ئیسلامەکەیان فەرقی هەیە، بەڵکو جیاوازییەکە لە هاوسەنگی هێزی نێوان ئیسلام و نەریت و بزووتنه‌وه‌ و ئاسۆکانی تردایە لەو کۆمەڵگایانەدا. هۆکارەکەی ئەوەیە کە سەنگی ئیسلام لە هەریەك لەو ده‌وڵه‌تانە و لە دەستور و یاسا و ژیانی خه‌ڵكەکانی ئەو كۆمه‌ڵگایانەدا فەرقی هەیە. ئەم هێزهاوسەنگییەش هۆکاری خۆی هەیە. من پێموایە لە هەر جێگایەك ئیسلام ده‌سه‌ڵاتی ڕەهای هەبێت، وەکو سعودیە و ئەفغانستانی کاتی تالیبان و ئێران و …هتد حوکمڕانی دەکات، به‌ڵام لەو جێگایانەی وەکو میسر و تورکیا و عێراقی پەنجا ساڵ لەمەوپێش، تەنانەت لە ئێرانی ئێستاشدا ئیسلام ئەو هاوسەنگی هێزە و ئەو توانایەی نیه‌ کە وەکو سعودیە و ئەفغانستان بکوژ و ببڕ بکات. ئەگینا ئیسلام لە هەر جێگایه‌ك بتوانێ، هەمان ئەحکامی ئیسلامی وەرگیراو لە قورئان و وتەکان و نەریتەکانی محمد دادەسەپێنێ.
دەربارەی ئەوەی کە دەڵێ ٩٠%ی ئەم کۆمەڵگانە موسڵمانن، بڕۆ لە هەر گۆشەیەکەوە تەماشای عێراقی پەنجا ساڵ لەمەوبەر، یان ئێرانی چل ساڵ لەمەوبەر بکە! تەماشای وێنەی خوێندکارانی زانکۆکانیان بکە بزانە چەند کچی حیجاب پۆش دەبینی؟! پاشان بەراوردی بکە لەگەڵ ئێستا. یان لە هەرگۆشەیەکی ترەوە چاوی لێ بکە، بۆت ڕوون دەبێتەوە کە مەسەلەکە ئەوە نیە کە “٩٠%”ی ئەم کۆمەڵگایانە موسڵمانن، بەڵکو مەسەلە ئەوەیە کە لەم ٤٠-٥٠ ساڵەدا ئەم کۆمەڵگایانە ئیسلامیزە کراون. بە هاتنەسەرکاری جمهوری ئیسلامی لە ئێران، سەنگی ئیسلام لە هاوکێشەی سیاسەت و دەوڵەت و دەستور و یاساکانی ناوچەکەدا بەهێزبوو، نەریتەکانی ئیسلام بەزۆر سەپێنران بەسەر خەڵکدا.
سەرباری سەپاندنی بەزۆری ئیسلامیش هێشتا ئەوەی کە تۆ پێتوایە ٩٠%ی كۆمه‌ڵگاکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست موسڵمانن، من بە دروستی نازانم. تۆ خۆت باش ئەوە دەزانی کە هەرکەس ئەو ڕۆژەی لە دایك دەبێت لە ناسنامەکەی دەنوسن موسڵمان. تەنانەت من و تۆشیان لەسەر ئیسلام تۆمار کردوە. بێدینی لەو وڵاتانەدا هەر لە بنەڕەتەوە ڕێگەپێنەدراوە، بە هەزارویەك شێوە هەوڵی ئیسلامیزەکردنی خه‌ڵك و كۆمه‌ڵگا دەدرێت. به‌ڵام سەرباری ئەوەش بەشی هەرەزۆری خه‌ڵكەکەی لە ژیانی ڕۆژانەیاندا، لە نوێژ و ڕۆژووەوە، لە جلوبەرگ و ئارایشی ڕوخسارەوە، لە گوێگرتن لە مۆسیقا و گۆرانییەوە، لە تێکەڵاوبوونی ژن و پیاو و لە مەیخواردنەوە و… په‌یڕەوی لە ئیسلام ناکەن. سەرباری ئەو هەموو دەستور و یاسا و دامودەزگایەی کە لەکاردان بۆ سەپاندنی نەریتەکانی ئیسلام، هێشتا لە ڕەمەزاندا با زەختوزۆر لەسەر خەڵك هەڵگرن، ئەوکات بە پێوەری ڕۆژووگرتن ڕێژەی موسڵمان لەو کۆمەڵگایەدا بپێون. تا ڕوون بێتەوە کە ڕێژەی ٩٠% چەندە لە ڕاستییەوە دوور یان نزیکە. موسڵمان بوونی خەڵکێك هەربەوەندە نابێت لە ناسنامەکەی نوسرابێت موسڵمان، بەڵکو دەبێ فەرزەکانی ئیسلام “شایەتمان، نوێژکردن، حەجکردن، ڕۆژووگرتن، زەکاتدان” جێبەجێ بکات. هەروەها نەریتەکانی ئیسلام پێڕەوی بکات (حیجاب و خۆداپۆشین، تیکەڵاو نەبوونی کوڕ و کچ و ژن و پیاو، گوێنەگرتن لە گۆرانی، دوورکەوتنەوەی لەوانەی ئیسلام حەرامی کردووە…). با بەم پێوانەیە تەماشای کۆمەڵگای عێراق و کوردستان بکەین و بزانین لەسەدا چەندی موسڵمانە. ئێستا کە من ئەم دێڕانە دەنوسم، لە کوردستاندا هەرایەکی گەورە بەرپابووە لەسەر ئەو گۆرانییەی کە “ماریا هەورامی” لە شەقامێکی شاری سلێمانیدا کلیپی کردووە، گەنجانی کچ و کوڕ بە جلوبەرگی مۆدێرنەوە سەما و هەڵپەڕکێی “ڕەشبەڵەک”ی بۆ دەکەن. ئیسلامییەکان وەکو هەمیشە هەراسان بوون و کەوتنە هەراو پەخشانەوەی تیروتوانجی پوچ و کۆنەپەرستانە لەدژی گۆرانیبێژەکە و سەرزەنشت کردنی ئەوانەی “ڕەشبەڵەك”یان بۆی کردووە. ئەم هاتوهاوارانەی ئیسلامییەکان لەگەڵ کاردانەوەی توند و فراوانی خەڵکی مۆدێرن و ئازادیخوازی کوردستان بەرەوڕوو بووەوە. هەر ئەم نموونەیە نیشانیدەدا کە ئەگەر ڕێگابدرێت خەڵکی ئەم کۆمەڵگایە چەندە پێشوازی لەم نەریتە “حەرامکراو”انە دەکەن.
نموونەی هاوشێوەی ئەمە لە شاری کەربەلا زۆر سەرنجڕاکێش بوو. ئەوشارەی کە وەکو یەکێك لە قەڵا پیرۆزەکانی ئیسلام ناسراوە. ئەگەر لە ئاخوندەکانی شیعە بپرسی دەڵێن تەنانەت ئەو پەلەوەرانەش کە بە ئاسمانی ئەو شارەدا دەفڕن، تەریقەتی ئیسلامیان وەرگرتوە. لە ئاهەنگی کردنەوەی دەورەی فوتبۆڵ بۆ خۆرئاوای ئاسیا، دەرکەوتنی کچێك بە جلوبەری مودێرن و قژی ڕووتەوە کە کەمانی دەژەند، پەتی تەحەمولی مەرجەعیەتی شیعە و نوری مالکی پچڕاند. چونکە ئەم ڕووداوە پیرۆزی شاری کەربەلای لکەدار کردووە. جگە لە هاتوهاوارێکی زۆر، داوایەکی قەزائییان لەدژی ئەو یەکێتییە تۆمارکرد کە دەورەکەی سازماندابوو. بەڵام هەم هاتوهاوارەکەیان و هەم داوا قەزائییەکەیان لەگەڵ کاردانەوەیەکی توند و فراوانی خەڵك و ڕەوتی پێشکەوتنخوازی شارەکە و کۆمەڵگای عێراق بەرەوڕوو بووەوە. جۆرەها ئیبتکارات بۆ بەگژاچوونەوەی هاتوهاواری مەرجەعیەت و ڕەوتە شیعەکان لەلایەن خەڵکەوە نیشاندرا، تا ئەو ڕادەیەی کە ناچارکران لە هاتوهاوار بکەون و داواکەشیان بکێشننەوە و سەری تەسلیم دانەوێنن. ئەم ڕووداوە نیشانیدا کە تەنانەت لەو شارانەش کە بە قەڵای پیرۆزی ئیسلام ناوزەد دەکرێن، ڕەوتی مەدەنیەت ئەوەندە فراوانە کە توانای بەچۆکدا هێنانی مەرجەعیەت و ڕەوتە ئیسلامییەکانی هەیە.
لە هەردوو ئەم بەرامبەرکێیەدا، ئیسلامییەکان هاواریان لێ هەستا و دادوبێدادیان کرد، وتیان نەریتەکانی ئیسلام پێشێل کراوە. بەڵام لەو ساتانەدا کە ئیسلام و مۆدێرنیزم و ئازادیخوازی بەرامبەر یەکیان گرتبوو، بەشی هەرەزۆری خەڵك نەك لە سەنگەری بەرگری لە ئیسلام و لە هاوشانی ئیسلامییە دەسەڵاتدارەکان، بەڵکو لەسەنگەری کەمپی بەرامبەر بە ئیسلام ڕاوەستان. سەرباری شینوشەپۆڕی ئیسلامییەکان، بەشی زۆری خەڵك پێداگر و سووربوون لەسەر نەریتی حەرام و مۆدێرنی خۆیان. تەنانەت نەفرەتێکی ئەوتۆیان لەو ئیسلامییانە کرد کە نەریتەکەی ئەوانی حەرام کردبوو، کە لە هەردوو بەرامبەرکێکەدا، ئیسلام شکاو پاشەکشەی کرد. تەنانەت هەندێکیان ناچارکران پەشیمانی ڕابگەیەنن.
بەم مانایە بەبڕوای من ئەو قسەیە دروست نیه‌ کە ٩٠%ی خه‌ڵكی ئەم کۆمەڵگایانە موسڵمانن. بە پێی ئەحکامی ئیسلام، لە ڕۆژی حەشردا ئەوانەی ڕەوانەی بەهەشت دەکرێن، ئەوانە نین کە لە ناسنامەکەیاندا نوسراوە موسڵمان، بەڵکو ئەوانەن کە فەرز و نەریتەکانی ئیسلام و محەمەدیان جێبەجێ کردووە.
-٣-
لایەنی “پۆزەتیڤ”ی ناسیۆنالیزم و ئیسلام
ئەوەی کە تۆ پێتوایه‌ ئیسلام و ناسیۆنالیزم و… لایەنی باش و خراپیان هەیە، لە ڕوانگەی بەرژەوەندی چینی كرێكار و ئاسۆی ڕزگاری کۆمەڵگای بەشەرییە، وانیه‌. بەڵکو بە تەواوی پێچەوانەیە. بێگومان دەزانم لە ڕووی ئەکادیمی و سەفسەتەی فەلسەفییەوە ڕەنگە بشێ ئەم تەفسیرە بکرێت. به‌ڵام لە ڕووی سیاسی و ئایدۆلۆژییەوە ناسیۆنالیزم و ئاین لە بەرامبەرکێی چینایەتیدا یەکلایەنە لەسەدا سەد لە پاڵ نیزامی سەرمایەدارین. دەزانم ئەگەر بە مجردی و لە دەرەوەی ناکۆکی چینایەتیدا هەر بزووتنەوە و ڕوانگە و نەریت و حزبێك شەن و کەو بکرێ، دەتوانرێ لایەنی سلبی و ئیجابی بۆ دابتاشرێت. به‌ڵام ئەمە وەکو ئەوەیە بڵێین ڕژێمی ناسیۆنالیستی بەعس بە هەموو سەرکوتگەری و فاشیستی و تاوانکارییەکانییه‌وە، به‌ڵام “لایەنی ئیجابیش”ی هەبوو. چونکە بۆنموونە کارەبای باشتری بۆ خه‌ڵك دابین دەکرد، مه‌وادی خۆراکی و سووتەمەنی و خزمەتگوزاری تەندروستی زۆر باشتری بۆ هاوڵاتیان دەستەبەر دەکرد. یان بۆنموونە دەڵێن جەنگی کەنداو باش بوو چونکە توانی ڕژێمی سەدام حسێنی سەرکوتگەر بڕوخێنێ.. تەنانەت دەڵێن هاتنی سوپای ئەمریکا بۆ کەنداو لایەنی پۆزەتیڤی هەبوو بۆ ژنان، چونکە کە سەربازە ژنە ئەمریکاییەکان جگەرەیان دەکێشا، بوو بە هۆکارێك بۆ ئەوەی باسی مافی جگەرەکێشان بۆ ژنانی سعودیە بێتەکایەوە. یان بەوهۆیەوە کە سەربازە ژنەکانی سوپای ئەمریکا شۆفێرییان دەکرد، دەروازە کرایەوە بۆ باسی ئازادی لێخوڕینی سەیارە بۆ ژنانی سعودیەش و… لە کاتێکدا بەهۆی جەنگەوە چ کارەساتێکی ئینسانی خوڵقا! لە جێگای سەدام حسێنێك دەیان سەدام حسێنی کوردی و عەرەبی، شیعی و سوننی… دروست بوون. مەدەنیەتی کۆمەڵگەیەك بە تەواوی خاپور وێران کرا، پاشەکشەیەکی گەورەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و فەرهەنگی سەپێنرا… بۆیە ئەم جۆرە لێکدانەوە و سەفسەتە و پاساوانە لە ڕووی سیاسییەوە جگە لە گومڕایی و سەرلێشێوان هیچی تر نیه‌. ده‌بێ ڕژێمی بەعس بەگشتی ببینین و تەقیمی بکەین، کە ڕژێمێکی فاشیست و دڕندە بوو. یان جەنگی کەنداو کۆنەپەرستانە و هۆکاری وێرانی بوو. ئیتر دۆزینەوەی خاڵی ئیجابی ناتوانێ ماهیەتی ڕژێمی بەعس یان ماهیەتی وێرانکاری و کۆنەپەرستانەی جەنگی کەنداو.. بگۆڕێ. من ئاین و ناسیۆنالیزم و…هتد بەگشتی و لە بنەڕەتەوە بە لایەنگری کۆنەپەرستی و ستەم و ئاپارتاید دەزانم. وە ناکۆکن بەو ئەسڵەی کە ئینسان بنەمایە. ئینسان بەدەر لەوەی بە چ زمانێك قسە دەکات و ڕوو ئەکاتە کوێ بۆ نوێژکردن و لە کوێ لەدایك بووە و ڕەنگی سەر و چاوی چۆنە، خودی خۆی پیرۆزە، نەك هیچ بیروباوەڕ و ئاین و قەومییەت و داب و نەریتێك. تۆ ڕەخنەت لەوە هەیە کە ك.ك پێی وایە هیچ کاتێك بۆنموونە ئیسلام لایەنی شۆڕشگێڕی و پێشکەوتنخوازی نەبووە. به‌ڵام من ده‌ڵێم هەر ئەو تێزە ئیسلامییەی کە ده‌ڵێ خوا مرۆڤەکانی جیاواز دروست كردووه‌ و هه‌ندێكیانی باڵاده‌ست كردووه‌ بەسەر ئەوانی تردا. یان ده‌ڵێ دەوڵەمەندی و هەژاری هەردووکی خودا دەیدات و “وهذا من فضل ربي”، هەرکەس ده‌بێ بە بەشی خۆی ڕازی بێت، ئەم ڕوانگەیە لە هەموو مێژووی كۆمه‌ڵگای چینایەتیدا کۆنەپەرستانە و بەرگرییە لە چینی باڵاده‌ست و ستەمکار. لە ڕۆژی یەکەمەوە ئاینێکی پیاوسالار بووە. تەنانەت لە یەکەم ڕۆژی پەیدابوونی ئاینی ئیسلامیشدا ئەمە نەك ڕوانگەیەکی پێشکەوتووانە و شۆڕشگێڕانە نەبووە، بەڵکو کۆنەپەرستانە و لایەنگری بووە لە چینی دەوڵەمەند و ستەمکار. بێگومان هیچ ڕوانگەیەکی ستەمکارانە هەروا سادە و ئاسان دیوی ستەمکارانەی خۆی نیشان نادات، بەڵکو هەوڵدەدات جۆرەها پاساو و پۆششی بۆ بهۆنێتەوە. هەروەکو لەسەرەوە بۆنموونە باسی زەکاتمان کرد بۆ ئەوەی خۆی وەکو لایەنگری هەژاران نیشان بدات. لە کاتێکدا خودی زەکات مانای ئەوەیە ڕەوایەتی داوە بەوەی کۆمەڵگا دابەش بێت بۆ هەژار و دەوڵەمەند. بەڵام داوا لە دەوڵەمەندان دەکات یارمەتی هەژاران بدەن. یان جۆرەها پاساو دەهێنێتەوە بۆ ئەوەی کە ژنان بکاتە مرۆڤی پلەدوو. تەنانەت پاساوەکانی جۆرێك هۆنیوەتەوە کە گوایە لەبەرخاتری پلەوپایەی بەرزی ژنان، ئەوانی وەکو مرۆڤی پلەدوو داناوە! ڕەنگە لای خەڵکێکی سادە ئەم پاساو و پۆششە وەکو لایەنی پۆزەتیفی ئیسلام چاوی لێ بکرێت. بەڵام لە ڕاستیدا ئەمانە ڕووپۆشن بۆ شاردنەوەی ناوەرۆکی ستەمکارانە و پیاوسالارانەی.
ئاماژەت بەوە کردووە کە بزووتنه‌وه‌ ئیسلامییەکان، وەکو حەماس بە هەڵبژاردن لە پرۆسەیەکی دیموکراسیدا هاتوون و زوربەی خەڵکیان لەگەڵدایە و…هتد. دیارە ئەوە ڕاستە خەڵکیان لەگەڵدایە، تەنانەت خەڵکێکی زۆر وەکو ئەڵتەرناتیڤی دەستەبەرکردنی ئامانجەکانیان لێیان دەڕوانن. هەروەها من هاوڕام لەسەر ئەوەی کە بەداخەوە لە نەبوونی بەدیلێکی چەپ و کۆمۆنیستی و ئازادیخوازدا، حەماس سەنگەری بەرگری لە فەلەستینییەکانی لێداوە لە بەرامبەر ملهوڕیی ئیسرائیلدا. من ئەم ڕاستییە ئینکار ناکەم. بەڵام ئه‌مه‌ نابێتە بەڵگەیەك بۆئەوەی کە ماهییەتی کۆنەپەرستانە و دژە ئازادیی حەماس بگۆڕێت یان چاوپۆشی لێبکەین و ڕەوایەتی پێبدەین. هەرچۆن وەستانەوەی حەشدی شەعبی و پێشمەرگەی یەکێتی و پارتی بەرامبەر داعش بەڵگەیەك نیە بۆ ڕەوایەتی دان بەو میلیشیایانە و ماهییەت و دەسەڵاتی ستەمکارییەکانی ئەو حزب و لایەنە قەومی و ئیسلامییانە. واتە داننان بەو ڕاستییەی کە حەماس بەرامبەر ملهوڕیی ئیسرائیل ڕاوەستاوە، ئەو ڕاستییە ناگۆڕێ کە ئەگەر فەلەستین لەلایەن حەماسەوە بەڕێوەببرێت، بارودۆخی ژیانی خەڵك و مافەکانیان شتێك دەبێت لە بابەت ئێستای خەڵکی ئێران یان ئەفغانستان یان سعودیە یان ئێستای عێراق بە تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگای فەلەستینەوە. هەروەها ئەمە ئەو ڕاستییە ناگۆڕێ کە ئایندەیەکی درەخشان بۆ خەڵکی فەلەستین لە گرەوی تێپەڕاندنی حەماس و ڕەوتە بۆرژوازییەکانی تر و هاتنەمەیدانی ئەڵتەرناتیڤێکی ئازادیخواز و سۆسیالیستیدایە. حەماس و هەر لایەنێك دەبێ لەسەر بناغەی ماهییەت و بەرنامەی خۆی هەڵبسەنگێندرێت نەك لەسەر بناغەی نەیار یان دوژمنەکەی. خودی ئەوەی خەڵکی فەلەستین لە هەڵبژاردندا دەنگ دەدەن بە حەماس هیچ لەبارەی ماهییەتی ئەو ڕەوتەوە ناڵێت. هیتلەر و حزبەکەشی بە دەنگدان هاتنە سەرکار و خەڵکێکی زۆریشیان لەگەڵ بوو. یان ئەوەی کە ڕەوتی سەدر و لایەنە شیعە و سوننیەکان و یەکێتی و پارتی کە هەمیشە براوەی هەڵبژاردنەکانن، هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە ئەم ڕەوت و حزبانە ئەو کۆمەڵگایەیان نوقمی ستەم و نەهامەتی و نەداری کردووە. ئایا خودی بردنەوەیان لە هەڵبژاردن ئەبێتە بەڵگە بۆ ئەوەی ئێمە ڕەوایەت بە خۆیان و دەسەڵاتەکەیان بدەین؟ ترەمپ بە هەڵبژاردن بووە بە سەرۆکی ئەمریکا، ئایا لەسەر ئەم بناغەیە تۆ ڕەوایەتی بە سیاسەت و پلاتفۆرم و کارکردەکانی دەدەی؟ ئەڵتەرناتیڤی پێشڕەو بەوە پێشڕەو نیه‌ کە دوای خەڵکی خۆشباوەڕ و هەڵدێر بکەوێت، بەڵکو بەوە پێشڕەوە کە ڕێگای دەرچوون لە خۆشباوەڕی بخاتەڕوو و خەڵك بخاتە پشتی ئەو ڕێگایە. بۆ ئەم مەبەستە دروست لەو جێگایەی کە دەبینی خەڵك بە لێشاو کەوتونەتە دوای ئەڵتەرناتیڤێکی کۆنەپەرستانە، دەبێ کۆمۆنیزم بێتەمەیدانەوە و بە دەنگی بڵند و ڕاشکاو بەو خه‌ڵكە بڵێ ئێوە هەمووتان هەڵەن! بە ڕێگایەکی هەڵەدا ڕۆیشتون و دەبێ ڕێگاکەتان بگۆڕن. ئەوه‌ حوکمێکی زانستی و مارکسیستییە کە ئایدۆلۆژی زاڵ لەهەر کۆمەڵگایەکدا ئایدۆلۆژی چینی دەسەڵاتدارە لەو کۆمەڵگایەدا. بۆیە زۆر ئاساییە کە لە فەلەستین دەنگ بە حەماس بدرێت و لە ڕۆژگارێکی ئەڵمانیادا دەنگ بە هیتلەر و لە ئەمڕۆی عێراق و کوردستانیشدا دەنگ بە سەدر و بەدر و حەشد و یەکێتی و پارتی و گۆڕان و ئیسلامییەکان بدرێت. لەڕاستیدا ئێمه‌ باوەڕمان بەو تێزە زانستییە هەیە کە عادەتەن بۆچوونی دروست لای ئەقەلییەتە نەك ئەکسەرییەت. ئەمە مانای ئەوە نیه‌ کە هەموو ئەقەلییەتێك ڕاست و لەسەر حەقن، بەڵکو مانای ئەوەیە لەو مەوریدانەی حەق یەکێکە لە ئەڵتەرناتیڤەکان، ئەوە لە پێشدا لەلایەن ئەقەلییەتێکەوە دەخرێتەڕوو.
لە ساڵی ١٩٩٢ یەکێتی و پارتی و ئەو حزبانەی لە بازنەی ئەواندا دەخولانەوە، هەرای هەڵبژاردنی پەرلەمان و دامەزراندنی حکومەتی خۆماڵیی کوردییان بەرپاکرد. ئەمەیان وەکو مژدەی کۆتاییهێنان بە هەموو نەهامەتییەکان دەرخواردی خەڵکیدا. خه‌ڵكی کوردستان بە لێشاو دوای ئەم هەرایە کەوتن و لە ئاستێکی زۆر فراواندا بەشدارییان تیایدا کرد و دەنگیان بەو حزبانە دا. بەڵام ئێمە کۆمۆنیستەکان لەسەر ئەو بنەمایەی خەڵکی دەنگی بەوانداوە، ڕەوایەتیمان بەو خۆشباوەڕییەی خەڵك نەدا. چونکە سوور دەمانزانی ئەم حزبانە بەپێی ماهیەتی سیاسی و چینایەتییان، کۆمەڵگا و خەڵکی کوردستان ڕاپێچی نەهامەتی و کارەسات دەکەن. بۆیە دروست لەوکاتەدا ئێمە ئەم ڕاستییەمان بە خەڵك وت. ڕاستە لە سەرەتاوە گوێگری ئەم قسانە زۆر کەم بوو، بەڵام دوو ساڵ دوای ئەوە لە مەراسیمەکانی ١ی ئایاردا لێشاوێکی جەماوەری چەپڵەیان بۆ ئەم قسانەی ئێمە لێدا.
ئەوەی تۆ پێشنیاری دەکەیت دەربارەی مامەڵە له‌گه‌ڵ ئاین و ناسیۆنالیزم، شتێکی تازە نیه‌، سەدویەك جار بە کردەوە تاقی کراوەتەوە. باشترین تاقیکردنەوەش، ئەوەی حزبی شیوعییە. ئەو حزبە له‌گه‌ڵ ناسیۆنالیست ناسیۆنالیستە، له‌گه‌ڵ موسڵمان موسڵمانە، له‌گه‌ڵ عەشایەر عەشایەرە، کۆتا تاقیکردنەوەشیان دروست وەکو ئەوەی تۆ دەڵێی له‌گه‌ڵ ڕەوتی موقتەدا سەدر کە بە هەڵبژاردن بردویانەتەوە، چوونەتە بەرەیەکەوە. بەم جۆرە ڕۆڵیان بووە بە بەهێزترکردنی ڕەوتێکی زۆر کۆنەپەرست و مڵۆزم بۆ گیانی خەڵك. حزبی تودە لە ئێران هەر وای كردووه‌، حزبی شیوعی لە سوریا هەر وای كردووه‌. ئەمە داستانی ژیانی سیاسی دەیان و سەدان حزبی بەوجۆرەیە. تەنانەت لەگەڵ ئەحزابی حاکم بەرەیان پێکهێنا. پرسیار ئەوەیە؛ ئەم ئەزموونانەی ئەو حزبە چی دەسکەوتێکی هەبووە کە هانمان بدات بۆ ئەوەی چاویان لێ بکەین؟!
لە کۆمەڵگا و هەلومەرجێکدا کە ناسیۆنالیزم و ئاین قورساییەکی زۆر دەکەن لەسەر بیری خەڵك و دەسەڵاتیان هەیە، پێویست دەکات کۆمۆنیزم خەباتێکی هەمەلایەنە لە دژی ئەم ئاسۆ و نەریت و بزووتنەوانە بەرپا بکات. واتە دروست وەکو ئەوەی ئێستا لە عێراق و کوردستاندا لە ئارادایە؛ دەیان ساڵ لەسایەی ڕژێمێکی ناسیۆنالیستی فاشیستدا دڕندانەترین سەرکوت و کوشتار و بێدەرەتانی بەسەر دانیشتووانەکەیدا سەپاوە. هەر ئێستا ناسیۆنالیزم حەقیرانەترین یاری بە هەستی گشتی خەڵك دەکات و کردویەتی بە هۆکارێك بۆ ڕاگرتنی دەسەڵاتی مافیایی خۆی بەسەر خەڵکەوە. لەم کۆمەڵگایەدا ئیسلام تاوانی لەبابەت “کوشتار و کەلەپاچەکردنی نزیکەی ٥٠ کەسی لە ئاوایی حەمە” ئەنجامداوە. هەروەها ڕۆژانە فتوای قەتلی نەیارانی خۆی بڵاودەکاتەوە و خەڵات بۆ بکوژانی نەیارەکانی دیاری دەکات. تێزابی ڕشتوە بە دەستوپێی ژناندا و سەدویەك تاوانکاری تری ئەنجام داوە. لە ڕاستیدا لە جێگایەکدا کە دەسەڵات بە دەست ناسیۆنالیزم و ئیسلامە‌، ئەگەر خەبات دژی ئەوان ڕابگیرێت و بەوجۆرەی تۆ پێشنیاری دەکەی “گوێیان پێنەدرێت”، ئەی کەواتە ڕێڕەوی گۆڕینی ئەو دۆخە چیە؟! ئەگەر گوێ بەوان نەدەین و فەرامۆشیان بکەین، ئەی چۆن بتوانین کۆمەڵگا لە ڕکێفی ئەوان دەربکەین؟ لەڕاستیدا دروست پێچەوانەی ئەمە ڕاستە. واتە لەبەرئەوەی ئەوان هەیمەنە و دەسەڵاتیان هەیە، دەبێ چەقی قورسایی خەبات ئاڕاستەی ئەوان بکرێت. با بەکورتی ئەوەش بڵێم کە بێگومان شێوەی مامەڵەی کۆمۆنیزم لەگەڵ ئاین، بۆنموونە ئیسلام وەکو بیروباوەڕێك کە خەڵکانێك باوەڕیان پێی هەیە و پەیڕەویی لێ دەکەن، جیاوازە لەگەڵ مامەڵەی ئەحزاب و دەستەوتاقمی تیرۆریستی ئیسلامی، کە بوونەتە هەڕەشەی گەورە لەسەر ژیان و ئەمنییەت و هەموو سیمایەکی مەدەنی. یەکەمیان کاری هەمەلایەنە دەخوازێ بۆ نەجاتدانیان لەم بیروباوەڕە خورافی و دواکەوتووانەیە. لە کاتێکدا دووەمیان خەباتێکی هەمەلایەنە دەخوازێ بۆ ناکامکردنەوە و شکستدانیان. ئەوە سەیر نیە لەم کۆمەڵگایەدا ئیسلام و ناسیۆنالیزم تاڵان و کوشتار و تیرۆر و سەرکوت و دەمکوت و دزی و جەردەیی و ملهوڕی دەکەن، کەچی سەرزەنشتی کۆمۆنیستەکان بکرێت لەسەر ئەوەی تەنها ڕەخنە و قسەی ڕاشکاو (توندڕەوانە)یان ئاڕاستە دەکەن؟!
ئاین، سیکولاریزم و ئاتەئیزم
سەرئەنجام با بەکورتی چەند شتێك دەربارەی سیکولاریزم له‌گه‌ڵ خەبات دژی ئاین باس بکەم. بە بڕوای من سکولاریزم لانی کەمە، بە مانای جیایی دین لە ده‌وڵه‌ت و لە پەروەردە و فێرکردن. به‌ڵام ئەگەر لە سەر ئەوە هاوڕابین کە ئاین ئەفیونی جەماوەرە، خورافات و کۆت و بەندی نەزانییه‌ لە دەست و پێی مرۆڤ، وە هۆکار و پاساوێکە بۆ شەرعییەتدان بە نایەکسانی و هەڵاواردن و چەوسانەوە و کۆمەڵگای چینایەتی؛ کەواتە خەبات بۆ لەبەینبردنی شتێکی جیانەکراوەیە لە خەبات بۆ لەبەینبردنی چەوسانەوە و هەڵاواردن. چونکە ناکرێ و نابێ لێگەڕێین خەڵك بە خورافات و ئەفیون گرفتار بن. ناکرێ دەستەوئەژنۆ بەرامبەر ئەو خورافاتە دانیشین کە بانگەشە بۆ هەڵاواردن و نایەکسانی و چەوسانەوە دەکات. تەنانەت لە دنیای هاوچەرخدا ئاین، بە دیاریکراوی ئیسلام، زۆر لەوە زیاترە کە پێی بوترێت ئەفیونی جەماوەر. بووە بە نەریتێك کە بەوپەڕی قینلەدڵییەوە کوشتاری بە لێشاوی منداڵ و پیر و گەنج دەکات. مرۆڤ دەکات بە بۆمبی کۆکوژ بۆ کوشتاری بە کۆمەڵی مرۆڤ. چۆن دەکرێت بەرامبەر ئەم مەترسییە سامناکە دەست لەئەژنۆ دانیشین؟! بۆیە بۆ کۆمۆنیزم سیکولاریزم بەس نیە، بەڵکو بێخودایی (ئاتەئیزم) پێویستە. خەبات لە دژی ئاین مەیدانێکی گرنگی خەباتە لەپێناو ئازادی و یەکسانی. به‌ڵام ئەم خەباتە بە هیچ جۆرێك و لە هیچ کاتێکدا مانای قەدەغەکردنی ئاینداری نیە. بە مانای ئەوە نیه‌ کە بۆ تاقە ڕۆژێکیش ئازادی دینداری لە کەس زەوت بکرێت. لە ڕاستیدا لە بنەڕەتەوە ناکرێ ئاین لە ڕێگای قەدەغەکردنەوە کۆتایی پێ بهێنرێت. بەڵکو کارێکی زۆر ئاڵۆزتر و هەمەلایەنتر دەخوازێ. بەڵام هەرچۆن ئایندارەکان ئازادن لەوەی هەر ئاینێکیان هەبێت و پڕوپاگەندەی بۆ بکەن و ڕەخنە لە بێدینی بگرن و هەوڵدەن بۆ بڵاوکردنەوەی دینەکەیان، بە هەمان شێوە بێدین و ئاتەئیستەکانیش مافی خۆیانە ڕەخنە لە دین بگرن و هەوڵدەن بۆ دوورخستنەوەی خەڵك لە دینداری. دەوڵەتی کرێکاری ئەرکێتی بە دوو ئاڕاستەدا بەرامبەر بە ئاین کاربکات؛ لەلایەك بۆ لەبەینبردنی ئەو هۆکارە ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییانەی کە مرۆڤ ئەسیری خورافاتی ئاینی دەکات، لەگەڵ لەکارخستنی پیشەسازی بەرهەمهێنان و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ئاین. لەلایەکی ترەوە کاری هۆشیاردەرانە دژی ئەو خورافاتانە. لە ڕاستیدا لە دنیای هاوچەرخدا ئاین بووە بە پیشەسازی و هەمیشە بەرهەم دەهێنرێتەوە. دەریایەك داهات و ئیمکانیاتی کۆمەڵگا بۆ ئەم پیشەسازییە تەرخان دەکرێت. ئەگەر ئەم پیشەسازییە لەکار بخرێت، کۆڵەکەیه‌کی گەورەی ئاین دەڕوخێت. خەبات دژی ئاین شتێکە لە بابەتی خەبات دژی نەخوێندەواری. تا ئەو جێگایەی بە ڕۆڵی بڕیار دەگەڕێتەوە، ڕەنگە سیکولاریزم و بەربەستکردنی پیشەسازی ئاین بە داهاتی کۆمەڵگا ئەوپەڕی بێت. بەڵام سەرئەنجام لەپاڵ ئازادیی تەواوی دینداری و بێدینییه‌وە، پێویستە كۆمه‌ڵگای بەشەری بە ئاڕاستەی ڕزگار بوون لە هەموو خورافەیەك ڕابەری بکرێت.
دەربارەی ئیلاهیاتی ڕزگاری بەخش، بەبڕوای من لە دنیای واقعدا هیچ جۆرە ئیلاهیاتێکی ڕزگاری بەخش بوونی نیه‌. هەرچەندە هەموویان کەمامەی دڵسۆزی بۆ هەژارانیان لەسەر ڕوخساریان داناوە، بەڵام بە سەدویەك شێوە پاساو بۆ کۆمەڵگای چینایەتی و ستەم و نەهامەتییەکانی دەهێننەوە. هەوڵدەدەن بە ئومێدی بەختەوەرییەکی نەبڕاوە لە دنیایەکی تردا نەهامەتییەکانی ئەم ژیانە واقعییە بە چەوساوەکان بقەبڵێنن. لە جیاتی ناڕەزایەتی و خەبات دژی ئەم کۆمەڵگا سەرەوخوارە، داوای شوکرانەبژێری دەکەن. لە باشترین حاڵەتدا گلەیی لە چەوسێنەران دەکەن و داوایان لێدەکەن دڵیان بە چەوساوەکان بسووتێ و ڕەحمیان پێ بکەن. داوا دەکەن بەشێك لەو سەروەتەی بە مژینی خوێن و شیلەی گیانی چەوساوەکان کەڵەکەیان کردوە، وەکو زەکات و سەدەقە و خێر بەسەریاندا دابەش بکەن بۆئەوەی تەحەمولی چەوسانەوە و کۆمەڵگای چینایەتی بکەن. ئەوەی كه‌ ئاماژەت پێ كردووه‌ وەکو ئاینی هه‌ژاران یاخود قسەکانی پاپا كه‌ گوایه‌ هێنده‌ ڕادیكاڵانه‌ بووه‌ لێدوانه‌كانی له‌ میدیاكاندا بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه‌، تەنها نموونەیەکە لە سەرزەنشتکردنی چەوسێنەران کە ڕەحم بە هەژاران ناکەن. ئەم جۆرە لێدوانانە هەم بێبەرین لە هەر جۆرە ئەڵتەرناتیڤێکی ئازادیخوازانە و هەم یەك هەنگاویش بە ئاڕاستەی کۆتاییهێنان بە چەوسانەوە نانێن. بەڵکو دروست بەپێچەوانەوە لەو جێگایەی کە هەست بە سەرهەڵدانی مەترسی لەسەر دۆخی مەوجود دەکەن، هەوڵدەدەن بەم لێدوانانە جڵەوی بگرن. دەیانەوێ خەبات بۆ هەڵپێچانی نیزامی چەوسێنەرانەی سەرمایەداری بگۆڕن بە کۆمەڵێك گلەیی و گازندەی جڵەوکراو. ئەو قسانەی پاپا کە ئاماژەت پێ کردووە، لە دڵی هەلومەرجێکدا کراون کە‌ له‌ ٢٠٠٨دا ئه‌زمه‌ی ئیقتسادی جیهانی بۆ جارێکی تر و بەتوندی سەریهەڵدایەوە، لەم کاتەدایە‌ پاپا‌ له‌سه‌ر هه‌ژاری و نەهامەتییەکانی ئێستا قسەگەلێك دەکات کە هه‌ندێك میدیای بۆرژوازی بە “سۆشیالیست” ناوی دەبەن! دروست لەو‌ كاتەدایە کە‌ كتێبی كه‌پیتاڵی ماركس هاته‌ ڕیزی سه‌ره‌وه‌ی ئه‌و كتێبانه‌ی به‌ تایبه‌تی گه‌نجان عەوداڵی‌ بوون و بەدوایدا دەگەڕان.‌ له‌ جه‌رگه‌ی ئه‌و ئه‌زمه‌یه‌دا‌ دووباره‌ تیئۆرییە زانستی و ئایدیا شۆڕشگێڕانه‌كانی ماركس بره‌وی په‌یداكرده‌وه‌. قسەکانی پاپا لەم نێوەدا تەنها ڕۆڵی ئەوەی پێدەبڕێت کە خه‌ڵكی هه‌ژار و برسی و چەوساوە لە جیاتی دەستبردن بۆ ئایدیاکانی مارکس پەنا بەرنەوە بۆ خولانه‌وه‌ به‌ ده‌وری خۆری‌ وه‌همی ئایندا. من دەپرسم ئایا هیچ کات چ پاپا بێت چ هەر نوێنەرێکی دیکەی هەر ئاینێك، بە نوێنەرایەتی خودا لێدوانێکی داوە بڵێ ئەمە چ سیستەمێکە کە لەبەرامبەر هەر ملیاردێرێکدا کە دەست لە تەڕ و وشك نادات، ملیۆنەها مرۆڤی ڕەنجدەر هەیە کە کاردەکەن و بەرهەم دەهێنن؟ لەکاتێکدا خۆیان تەنانەت ژیانی هەژارانە و نان و ئاوی بە زیندوومانەوەیان بە زەحمەت پێدەبڕێت؟! نوێنەرێکی ئاین پەیدا دەبێت ڕەخنە لە دابەشبوونی چینایەتی کۆمەڵگا بگرێت و بڵێ ئەمە چ سیستەمێکە کە کەمایەتییەك نوقمی سەروەت و زۆرایەتییەکی زۆر گەورە نوقمی هەژارین؟! خۆ ئەگەر تەنها گلەیی و گازندەی لەبابەتی ئەوەی پاپا بێت، ئەوە لە ناوخۆی خودی بۆرژوازی و بزووتنەوە و نەریتەکانیدا، هەمیشە باڵ یان ڕەوتگەلێك هەن پێیانوایە قازانجی سەرمایە وا دەخوازێ کە هەندێك چاکسازی بکرێت. بۆ ئەوەی چینی کرێکار تەحەمولی چەوسانەوە بکات و ناچار نەبێت دەست بۆ شۆڕش بەرێت. بۆنموونە سۆسیال-دیموکراتەکان. بەڵام ئەمە لە ڕوانگەی ڕەخنەگرتن لە کۆمەڵگای چینایەتی و بەرژەوەندی چەوساوەکانەوە نیە، بەڵکو بەپێچەوانە پێی وایە بەم جۆرە هەلومەرج و بەرژەوەندی سەرمایە پارێزراوتر دەبێت.
ئەوەی کە تۆ وەکو لایەنی پۆزەتیڤی ئاین دەیبینی، بۆنموونە خاچی سووری نێودەڵەتی و مانگی سوور و دەیان دامەزراوەی خێری دیکە. کە لەکاتی کارەساتەکاندا فریای خەڵکی بێدەرەتان دەکەون و هاوکاری مرۆییان پێشکەش دەکەن. لە ڕاستیدا ئەمانە ڕووپۆشن بۆ ئەوەی ڕۆڵی سەرەکی ئاین وەکو لایەنگری کۆمەڵگای چینایەتی و ستەمی چینایەتی داپۆشن. تەنانەت بەرگی دادپەروەری و لایەنگری هەژاران بکەن بە بەرخۆیاندا. ئەمە نەریتێکی باوە کە هەموو ڕێباز و نەریت و بزووتنەوە و حزب و دەوڵەت و… ستەمکارەکان ناوەرۆکی ستەمکارانەی خۆیان بە ڕووپۆشێکی ئینساندۆستانە و خێرخوازانە دادەپۆشن. هیچ یەك لەوانە لێ ناگەڕێن خەڵك سوك و سادە بە دیوە زبر و دزێوەکەیان بیناسێت. ئەگەر بڕیاربێت مەسیحییەت بە خاچی سوور و ئیسلام و دەوڵەتانی ئیسلامی بە مانگی سوور و زەکات و سەرفترە هەڵسەنگێندرێن. ئەگەر یەکێتیی نیشتمانی بە دەزگای منداڵپارێز و پارتی بە دەزگای خێرخوازی بارزانی و حزب و دەسەڵاتەکەی ئەردۆگان بەو شارەوانییانەی نان و سەمونی نیوەقیمەت بەسەر خەڵکدا دابەش دەکات هەڵسەنگێندرێن. هەروەها ئەگەر بڕیاربێت دەوڵەتانی زلهێز بە دامەزراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و… و… بناسرێنەوە و لەسەر ئەم بناغەیەش لایەنی نێگەتیڤ و پۆزەتیڤیان بۆ دابتاشرێت، ئیتر لە جیهاندا هیچ ئاین و بلۆك و دەوڵەت و حزب و بزووتنەوە و تەنانەت مەکتەبێکی فکری نادادپەروەر نامێنێت. لەوەش زیاتر ئەم شێوە بیرکردنەوەیە ڕاماندەکێشێت بۆ ناو گێژاوی پووچی مەکتەبی پۆست مۆدرێنیتە کە لە بنەڕەتەوە نکۆڵی دەکات لەوەی هیچ مەبدەئێکی نەباش و نەخراپ! هیچ ڕەوەندێکی نە ڕوولەپێش نە ڕوولەپاش، هیچ شتێکی باشترە لەوەی ئێستا هەیە یان هەر لە بنەڕەتەوە شتێکی باش و باشتر… و… بوونی هەبێت.
لەڕاستیدا کام ڕوانگە و بزووتنەوە و حزب و دەوڵەت و… و… هەیە خۆی بە دادپەروەر و ئینساندۆست دەرنەخات؟ بەڵام سەرەتاییترین هۆشیاری مانای ئەوەیە ناوەرۆك و ماهییەتی هەموو شتێك لەودیوی پەردە و ڕووپۆشەکانەوە بناسێتەوە. ئەمریکا و غەرب و دەوڵەتە زلهێزەکان بە بۆمب و بارووت کۆمەڵگاکان خاپور و وێران و خەڵکەکەی کۆمەڵکوژ دەکەن، پاشان لەژێر ناوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بەرگی ئاشتیخوازی و ئینساندۆستی لەبەر دەکەن. گوایە بە فریای ئەو خەڵکەوە دەڕۆن کە خۆیان کوشتار و دەربەدەریان کردون. بۆرژوازی خۆی شیلەی گیانی کرێکار دەگوشێ بۆ قازانجی زیاتری سەرمایەکەی، هەرخۆشی لەولاوە ڕێکخراو و دامەزراوە کرێکارییە جڵەوکراوەکان بۆ دەستەمۆکردنی خەباتی چینی کرێکار، بەڵام لەژێر پەردەی بەرگری لە مافی کرێکاراندا دروست دەکات. پارتی لە کوردستاندا هەموو سامانی سەرزەوی و ژێرزەوی و ئاسمانی کوردستان بەتاڵان دەبات و خەڵکی کوردستان لەژێر خەتی هەژاری ڕادەگرێت، کەچی هەرخۆی لەولاوە بە بەشێکی زۆر زۆر کەمی ئەو داهاتە بەتاڵانبڕاوە دەزگای “خێرخوازی بارزانی” دروست دەکات. گوایە بە هانای ئەو خەڵکەوە دەڕوات کە خۆی هەژار و برسی و نەداری کردوون. یەکێتیی نیشتمانی لایەکی داهاتی کۆمەڵگا دەدزێت و منداڵانێکی زۆری ناچارکردووە لە تەمەنی ٦-٧ ساڵییەوە لە جیاتی چوونە قوتابخانە و یاریکردن، لەسەر شەقامەکان بە بنێشت و دەسەسەڕ فرۆشتن نان و بژێو پەیدا بکەن. لەولاشەوە بە بەشێکی یەکجار کەمی ئەو داهاتە دزراوە دامەزراوەی منداڵپارێزی دامەزراندووە و گوایە خەمی منداڵان دەخوات. یەکێك لە تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگای سەرمایەداری دووڕوویی و فریوکارییە. تەنانەت ئینسانەکانیشی توشی دووڕوویی کردوە. بۆ تێگەیشتنی دروست دەبێت لەودیوی ڕووپۆشە خەڵەتێنەرەکانەوە “لایەنی پۆزەتیڤ” ناوەرۆکی ڕاستەقینە ببینین. ئەگینا دوچاری تەفرە و گومڕایی دەبین.

دیکتاتۆریی پرۆلیتاریا
دەربارەی ئەوەی کە دەڵێی هه‌ندێك دەستەواژە بۆنموونە “دیکتاتۆریی پرۆلیتاریا” کۆن بووە و پێویستە وەلابنرێن و دەستەواژەی سەردەمیانە لە جێگایان دابنرێت. ئەگەر مەبەستت تەنها دەستەواژەکە بێت، ئەوە هەر ئێستا ئێمه‌ دیکتاتۆرییەتی پرۆلیتاریا زۆرتر بە حکومەتی كرێكاری یان جمهوریی سۆسیالیستی بەیان دەکەین. به‌ڵام ئەگەر مەبەستت ناوەرۆکەکەی بێت، بەڕای من دیکتاتۆرییەتی پرۆلیتاریا لە کۆمۆنیزم وەرگرینەوە ئیتر سۆسیالیزم دەبێتە خەیاڵ و هیچی تر. چونکە بەبێ حکومەتی كرێكاری واتە دیکتاتۆرییەتی پرۆلیتاریا، ناکرێ و ناتوانرێت سیستەمی کاری بەکرێ و موڵکایەتی تایبەتی هەڵوەشێنرێتەوە. با ئەوەش بڵێم کە دەستەواژەی دیکتاتۆری لە مەجرای مێژوودا مانایەکی جیاواز لەوەی وەرگرتووە کە کۆمۆنیزم مەبەستیەتی. دیکتاتۆرییەت لە مەفهومی کۆمۆنیستیدا لەگەڵ سەرکوت و ئیستبداد یەك شت نین‌. دیکتاتۆرییەت مانای “دیکتەکردنە-Dictation”. واتە داسەپاندن یان “ئەمر بە بەجێبەجێ کردن” و ئیجراکردنی بەرنامەی چینێکە لە کۆمەڵگادا. دیکتاتۆرییەت ڕەنگە لە شکڵی ده‌وڵه‌تی خاوەن کۆیلەکان یان حوکمی کڵێسا و مزگەوت بێت و شمشێر بەڕێوەی بەرێت، یاخود ده‌وڵه‌تانی سەردەمی فیدالیزم و سەدەکانی ناوەڕاست بێت، یان ده‌وڵه‌تە جیاجیاکانی ئەم سەردەمەی بۆرژوازی بێت. لە مەفهومی مارکسیستیدا ده‌وڵه‌تی تاڵیبان و سعودیە و ئێران و سوید و کەنەدا و فەرەنسا، هەرهەموویان لەوەدا هاوبەشن کە دیکتاتۆرییەتی بۆرژوازین. واتە بەرنامەی سیاسی و ئیقتسادی بۆرژوازی دیکتە دەکەن و دەسەپێنن. دیکتاتۆریی پرۆلیتاریاش کە ئازادی بێقەید و شەرتی سیاسی و ڕادەربڕین و ئازادی دینداری و بێدینی و ئازادی ویژدان لە بەرزترین ئاستدا فەراهەم دەکات، به‌ڵام ئەوە ناشارێتەوە کە دیکتاتۆرییەتی چینی كرێكارە. بەو مانایەی بەرنامەی سۆسیالیستی چینی كرێكار دادەسەپێنێ بۆ قەدەغەکردنی چەوسانەوە. دیارە بۆرژوازی هەوڵی داوە و بەردەوامیش هەوڵ دەدات دیکتاتۆریی پرۆلیتاریا وەکو ئیستبدادی سیاسی پێناسە بکات لە چەشنی دەوڵەتە سەرکوتگەرەکانی ئێستا… ئەمە چەواشەکارییەکی گەورەیە. ئەگەر دیکتاتۆریی بۆرژوازی پرۆسێسێکی بەردەوام و نەبڕاوەیە، دیکتاتۆریی ئەقەلیەتێكە بەسەر زۆرینەدا، دیکتاتۆرییە بۆ پارێزگاری لە سیستەمی چەوسێنەرانەی سەرمایەداری و چەوسانەوە… لەبەرامبەردا دیکتاتۆریی پرۆلیتاریا وەکو لینین دەڵێت: بەرزترین شێوەی دیموکراسییە، چونکە ١/دیکتاتۆریی پرۆلیتاریا دەسەڵاتی زۆرینەیە بەسەر کەمینەدا ٢/دیکتاتۆریی پرۆلیتاریا تەنها بۆ دەورەیەکی گوزارە، بۆ کۆتاییهێنان بە چەوسانەوە و دابەشبوونی کۆمەڵگا بۆ چینی چەساوە و چەوسێنەر. پاش ئەوە ئیتر خودی دیکتاتۆرییەتی پرۆلیتاریا و بە گشتی دەوڵەت وەکو دیکتاتۆریی چینێك بەسەر چینێکی تردا زەمینە و پێویستی نامێنێت و دەپوکێتەوە. لەو دەورە گوزارەدا بۆرژوازی لەدەسەڵاتخراو هه‌وڵ دەدات دووباره‌ كۆمه‌ڵگا بگێڕێته‌وه‌ بۆ سیستەمی کاری بەکرێ و موڵکداریی تایبەتی بۆرژوازی و ڕێگا لە پیادەکردنی بەرنامەی سۆسیالیستی بگرێ. لە بەرامبەردا چینی كرێكار وەکو چینێکی ڕێکخراو و دەسەڵاتدار، دەزگای دەوڵەتی خۆی (حكومه‌تی كرێكاری یان جمهوری سۆشیالیستی یان دیكتاتۆرییه‌تی پرۆلیتاریا)، بەکاردەهێنێ بۆ بەشکست کێشانی مقاوەمەتی بۆرژوازی و جێبەجێ کردنی بەرنامەی کۆتاییهێنان بە چەوسانەوە و دابەشبوونی چینایه‌تی کۆمەڵگا.
دیکتاتۆرییەت بە مانای دیکتەکردن و سەپاندنی بەرنامەی ئەو چینەی دەسەڵاتدارە، خەسڵەتی هەموو جۆرەکانی دەوڵەتە بەدرێژایی مێژووی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی. جا چ دەوڵەتی خاوەن کۆیلەکان بێت، یان دەوڵەتی فیئۆدالەکان، یان بۆرژوازی و یان کرێكاری. لە دنیای هاوچەرخدا دەوڵەتی سوید وەکو نموونەییترین دەوڵەتی دیموکراسی بۆرژوازی ناسراوە. بەڵام ئەم دەوڵەتەش بەو مانایەی دیکتاتۆری کە باسم کرد، لەسەداسەد دیکتاتۆرییە و بەرنامەی چینی بۆرژوازی دەسەپێنێ، بەبێ ئەوەی هیچ ئیستبدادێك لە کۆمەڵگای سویددا لە ئارادابێت. بەڵام ئەم دەوڵەتە هەموو دانیشتوان ناچار دەکات ئەو بەرنامەیەی کە کردویە بە دەستور و یاسا و بڕیار پە‌یڕەوی لێ بکەن. دیکتاتۆریی پرۆلیتاریاش هەروا دەکات، لە سایەی ئەودا ئازادییەکی بێسنور بەرقەرارە؛ ئازادی بە مانای ئازادیی بێقەید و شەرتی سیاسی، بە مانای ئازادیی بێقەید و شەرتی پێکهێنانی حزب و ڕێکخراوەی سیاسی و جەماوەری و مانگرتن و خۆپیشاندان، بە مانای ئازادی بیروباوەڕ و ڕەخنە لە هەموو شتێك، تەنانەت بە مانای دەستەبەرکردنی دەستڕاگەیشتنی هەمووان بە میدیا و ئامرازەکانی ڕاگەیاندن، بە مانای ئازادی دینداری و بێ دینی بە جۆرێك کە پێڕەوکارانی ئاینەکان دەتوانن بە خەرجی خۆیان مزگەوت و کەنیسا و پەرستگای خۆیان دروست بکەن و شەو و ڕۆژ خەریکی ئیتاعەت بن و تەنانەت نانی ژەمەکانیشیان لەوێ بخۆن. بەڵام داهاتی کۆمەڵگا نە بۆ بڵاوکردنەوەی ئاینەکان و نە بۆ بڵاوکردنەوەی هیچ بیروباوەڕێك تەنانەت کۆمۆنیزمیش، خەرج ناکرێت. لە سایەی دیکتاتۆرییەتی پرۆلیتاریادا هیچ خەبەرێك لە ئیستبداد لە ئارادا نیە، بەڵام لە هەمانکاتدا دەوڵەت بەرنامەی چینی کرێکار دیکتە دەکات و دایدەسەپێنێ و ڕێگا لە چەوسانەوە دەگرێت.
ڕۆڵی شەخس
دەربارەی باس و ڕۆڵی شەخس و شەخسیەت لە مێژوودا یان لە ژیانی ئەحزابی سیاسی و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا، ئەمە واقعیەتێکە کە ئینکار ناکرێت. سەرئەنجام هەر نەریت و مەکتەبێکی فکری و هەر حزب و بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی لە شەخسیەتی کەسانێکدا بەرجەستە دەبێت کە ڕۆڵی سەرەکی و چارەنوسسازیان لە بنیاتنان و پەرەپێدانیاندا گێڕاوە. لە ڕاستیدا شەخسیەت بۆ هەر بزووتنەوەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی، مەسەلەیەکی گرنگ و زۆریش گرنگە. بۆنموونە با نەك لە بزووتنەوەی کۆمۆنیستی، بەڵکو لە بزووتنەوە و ئەحزابی ترەوە دەست پێ بکەین. باسی نازیزم، هیتلەر وەبیردێنێتەوە. باسی شەڕی پارتیزانی، گیڤارا وەبیردێنێتەوە. باسی بەعس، سەدام دەهێنێتە بەرچاو. ناکرێت تەسەوری یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بکرێت بەوجۆرەی لە واقعدا هەیە، بەبێ جەلال تاڵەبانی و ڕۆڵی فەردی ئەو. بارزانیش بۆ پارتی هەروایە. بە هەمان شێوە کەسایەتی لینین لەگەڵ کۆمۆنیزم و شۆڕشی کرێکاری لە ڕوسیا جۆرێك پێکەوە گرێیانخواردوە کە لە جیاکردنەوە نایەن. ئەوەی کە ئەحزاب و بزووتنەوە و مەکاتبە فکری و فەلسەفییەکان، لە شەخس یان لە شەخسیاتێکدا خۆیان بەرجەستە دەکەن، ئاکامی میکانیزمێکی واقعی و کۆمەڵایەتییە. ئەو شەخسیاتە لە داڕشتنی میسۆد و مەنهەج و چوارچێوەکانی ئەو مەکاتب و نەریت و حزبانەدا ڕۆڵی بەرجەستەیان بینیوە، بۆیە بە شەخسی ئەوان دەناسرێنەوە. تەنانەت ئەمە مەسەلەیەك نیە کە تەنها لەلایەن هاوبیران و پەیڕەوکارانی ئەو نەریت و حزبانەوە ئەو شەخسیاتانە بەرجەستە بکرێن، بەڵکو لەلایەن نەیارانیشیانەوە هەروا چاویان لێدەکرێت. بۆنموونە تەداعی بوونەوەی ك.ك بە مەنسور حیکمەتەوە، زیاتر لەوەی کە ئێمەی هاوبیرانی ئەوکارەمان کردبێت، نەیارانی ئەم بزووتنەوەیە بۆنموونە تاڵەبانی ئەم کارەی کردوە. تا ئێرە هیچ پەیوەندی نیە بە دروستکردنی بت و کاریزما و پێغەمبەری بێبەری لە هەڵە و کەموکڕی. بەڵکو لەڕاستیدا یەکێك لەوانەی کە هەمیشە لەلایەن ك.ك و شەخسی مەنسور حیکمەتەوە ڕەخنەی لێ دەگیرا، هەر ئەم بت دروستکردنە بوو لە ڕابەر. من ئەو مەنهەجە هەمەلایەنەی کە مەنسور حیکمەت دایڕشتوە، یان بە مانایەکی تر ئەو ڤێرژنە لە کۆمۆنیزمی مارکس، کە حیکمەت لەم سەردەمەدا گەڵاڵەی کردوە، بە حیکمەتیزم ناو دەبەم، کە یەکێك لە چمکەکانی وەستانەوەیە لەدژی بت و کاریزما دروست کردن لە شەخس. بەڵام بە حیکمەتیزم ناوی دەبەم تەنها لەبەرئەوەی حیکمەت بنەما و چوارچێوەکەی داڕشتوە، هەرئەوەندە و بەس. وەکو ئەوەی زۆرجار لە بواری پزیشکیدا کەسێك دەرمانێکی تازە بۆ نەخۆشییەك دەدۆزێتەوە، دەرمانەکە بە ناوی ئەوکەسەوە ناو دەنرێت کە دۆزیوێتیەوە. یان ڕەنگە لە بواری تەکنۆلۆجیا و لایەنە زانستییەکانی تردا ئەم شتە ڕووبدات.
مەنسور حیکمەت و حیکمەتیزم
دوور لە بت و کاریزما دروست کردن، ڕێگە بدە ڕای تایبەتی خۆم لەسەر مەنسور حیکمەت بڵێم. من ئەو بە بیرمەند و ڕابەرێکی زۆر گەورە دەزانم، بەڕاستی ئەو ڕۆڵێکی چارەنوسسازی گێڕا لە بەرجەستەکردنەوەی کۆمۆنیزمی مارکس و بەردەوامیدان بەو نەریتە، تەنانەت پەرەپێدان و ئابدەیتکردنەوەی بۆ وەڵامدانەوەی مەسەلەکانی دنیای ئەمڕۆ. بیهێننە بەرچاو لە دوای شکستی شۆڕشی ئۆکتۆبەرەوە کۆمۆنیزمی مارکس لە مەیدانی فکری و سیاسی و حزبی و نەریتیدا، کەوتەژێر تەپوتۆزی جۆرەها کۆمۆنیزم و سۆسیالیزمی بۆرژوازییەوە؛ کۆمۆنیزمی ڕوسی، کۆمۆنیزمی چینی، کۆمۆنیزمی ئەلبانی، کۆمۆنیزمی ئەوروپایی، کۆمۆنیزمی ئەمریکای لاتین، کۆمۆنیزمی جیهان سێیەمی، ترۆتسکیزم، چەپی نوێ، پۆپۆلیزم… چەندین مەکتەبی فکری و سەدان حزب و ڕێکخراوەی سیاسی و بلۆکی ناوچەیی و نێونەتەوەیی و دەیان بزووتنەوەی جۆراوجۆری بۆرژوازی و… هەر هەموو ناوی مارکس و کۆمۆنیزمیان بەدوای خۆیاندا بەکێش کردبوو، بەبێ ئەوەی بە ئەندازەی سەرەدەرزییەك پێی پابەند و وەفاداربن. حیکمەت هات و ئاڵای کۆمۆنیزمی مارکسی بەرزکردەوە، بەرگرییەکی زۆر بەهێز و جەسورانەی لێ کرد، وەڵامی سەرجەم ئەو کۆمۆنیزمە ناکرێکارییانەی دایەوە، جیاوازی و دووریی ئەوانی لەگەڵ کۆمۆنیزمی مارکس ڕوون کردەوە، لەوەش زیاتر کۆمۆنیزمی مارکسی بە وەڵامدانەوەی مەسەلەکانی ئەم سەردەمە ئابدەیت کردەوە. ئەمە بەڕاستی کارێکی عەزیم بوو. بۆیە بەڕای من حیکمەتیزم، کۆمۆنیزم و مارکسیزمی هاوچەرخە و مەنهەجێکی هەمەلایەنە و پوخت و تۆکمەیە.
نەریتپارێزی و مارکسیزمی ئەرسەدۆکس
دەربارەی ئەوانەی لەژێرناوی نەریتپارێزیدا باست کردوە، سەرەتا لەوەدەچێت هەڵە تێگەیشتنێك بۆ دەستەواژەی نەریت هەبێت. نەریت بە زمانێکی سادە یانی عورف و عادەت. بۆنموونە ئەگەر لە جێگایەك عورف و عادەتی ئیسلامی باو و باڵادەست بێت، ڕیش و عەمامە و حیجاب و پەچە و عابا دەبێت بە عادەت، چەندژنە و لێدان و سوکایەتی بەژنان دەبێت بە عادەت، لێدان و چاوسوورکردنەوە لە منداڵ دەبێتە بەشێك لە پەروەردە. لە جێگایەکیشدا نەریتی کۆمۆنیستی باوبێت، جلوبەرگ و سیمایەکی مۆدێرن، یەکسانی و ڕێزگرتن لە ژنان و مافەکانیان دەبێتە عادەت و ئەگەر کەسێك دەست لە ژن بەرزکاتەوە لە هەموو لایەکەوە بەرپەرچ دەدرێتەوە، چەندژنە دەبێتە نەریتێکی نەفرەت لێکراو، ڕێزگرتن لە منداڵان و قەدەغەی هەرجۆرە لێدان و چاوسوورکردنەوەیەك دەبێتە عادەت، لەسەر بناغەی “لەپێشدا منداڵان” ڕەفتار لەگەڵ منداڵ دەکرێت… هەر بەم جۆرەش لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵایەتی و خەبات و تەحەزوب و… دەکرێت نەریتە جیاوازەکان باس بکرێن. نەریتی کۆمۆنیستی وەکو هەر بوارێکی تری کۆمۆنیزم چەقبەستوو و نەگۆڕ نیە، بەڵکو پێبەپێی چوونەپێشی ڕەوتی مێژوو ئەوانیش گەشە دەکەن. بۆنموونە ئەگەر نەریتی کۆمۆنیستی لە بواری تەحەزوبدا باس بکەین، ئەوە ئەم نەریتە لە سەردەمی مارکس و ئەنگلسدا زۆر سەرەتایی و کەم تەجروبە و ساوا بوو، نموونەگەلێکی زۆر سادەی بەدەستەوە داوە کە لە “کۆمەڵەی کۆمۆنیستەکان” و ئەنتەرناسیۆنالی یەکەمدا بەرجەستە بووە. لەسەردەمی لینیندا زۆر هەنگاوی بۆ پێشەوە هەڵگرتوە، حزبی سیاسی تۆکمە کە لەسەر بنەمای پشتبەستن بە شۆڕشگێڕانی پیشەیی دامەزراوە و زەبت و ڕەبتێکی زۆر تۆکمەتری بووە. لە ئێستاشدا ئێمە دیدێکی چەقبەستوومان نیە بۆ تەحەزوب کە بریتی بێت لە دوپاتکردنەوەی دەقاودەقی تەجروبە و نەریتەکانی مارکس و لینین، بەڵکو بە کەڵك وەرگرتن لە ئەزمونەکان دیدێکی سەردەمییانەمان بۆ تەحەزوبی کۆمۆنیستی هەیە. لە نەریتی تەحەزوبی ئێمەدا بڕبڕەپشتی حزب و حزبییەت کادرە، کادران و ڕابەری پارێزگاری لە بونیەی سیاسی و فکری و کۆمەڵایەتی حزب دەکەن و بەرەوپێشچوونی زامن دەکەن. بنەما ڕێکخراوەییەکانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کە تەنها لایەنێکی زۆر بەرتەسکی تەحەزوبە، ئەگەر بەراوردی بکەی لەگەڵ پێڕەوی ناوخۆی حزب و ڕێکخراوە کۆمۆنیستییەکانی سەردەمی مارکس و لینین، جیاوازییەکی زۆری هەیە.
ئەوانەی باسم کرد نموونەگەلێك بوون دەربارەی نەریت. بەڵام ئەوەی تۆ لەژێرناوی نەریتپارێزی باست کردوە و وەکو پێداگری لەسەر مارکسیزمی ئەرسەدۆکس مانات کردووە مەسەلەیەکی ترە. لەم بوارەشدا باسی ك.ك باسی پێداگریی یەکلایەنە لەسەر مارکسیزمی ئەرسەدۆکس نیە. بەڵکو بە هەمان جیهانبینی و دیدگای مارکس و ڕوانگە ڕەخنەگرانەکانی لە سیستەمی سەرمایەداری، وەڵامێکی سەردەمییانەی بە پرس و مەسەلە و کێشەکانی سەردەم داوەتەوە. تەنانەت گەشەی پێداوە و دەرسی تازەی خستوەتە سەر گەنجینەی مارکسیزم. بۆنموونە لەڕوانگەی مانیفێستەوە “دنیایەکی باشتر”ی گەڵاڵە کردووە. بەڵام بێگومان ئەمە بە مانای فەرامۆش کردنی جیهانبینی و میسۆد و دیدگای مارکس نیە، بەڵکو مانای بەدەستەوەگرتنی ئەوانەیە بۆ وەڵامێکی سەردەمییانە بە مەسەلەکانی ئەمڕۆ. ئەمەش بەمانای پیرۆزکردنی مارکس و تیئۆرییەکانی مارکس نیه‌، تەنانەت مەسەلەکە ئەوەش نیە کە وەکو تۆ دەڵێی “بۆ دەبێ هەرچی مارکس وتوێتی هەر ئەوە ڕاست بێت”، بەبێ بەڵگە و لێکدانەوەی مەنتقی و زانستی، بڵێین هەرچی مارکس و ئەنگلس و لینین و حیکەمت وتویانە ڕاستە و جێگای جەدەل نیە. ئەم بزووتنەوە و نەریتەی ئێمە لە دەیان باس و لێکدانەوەی بەڵگەدار و ڕۆشندا نیشانی داوە و سەلماندویه‌تی کە مارکس و ڤێرژنی ئەرسەدۆکسی مارکسیزم لەسەر حەقە. نیشانیداوە کە ڤێرژنە دەسکاری کراوەکانی مارکسیزم و ئەوانەی کە تیئۆری مارکسیان تەحریف كردووه‌، بزووتنەوەی جۆراوجۆری بۆرژوازی بوون و بۆ ئامانجگەلێك کەڵکیان لە ناو و ئیعتباری مارکس و کۆمۆنیزم وەرگرتوە کە هیچ پەیوەندیی بە ڕزگاریی چینی كرێكار و بەشەرییەتەوە نەبووە و نیە. ئەم باسە لەبەرامبەر ئەوەدایە کە بەتایبەت لە دوای شکستی شۆڕش و حکومەتی کرێکاری لە ڕوسیا، دەیان و سەدان حزب و بزووتنەوە و مەکاتب و… بە ناوی مارکسیزم و کۆمۆنیزمەوە پەیدا بوون و بەناوی ئەوەی مارکسیزم له‌گه‌ڵ هەلومەرجی سەردەم و كۆمه‌ڵگا جیاوازەکاندا دەگونجێنن، مارکسیزمیان لە ناوەرۆکی خۆی داتەکاندووە. مارکسیزمیان کرد بە ئاڵای بزووتنەوەی ڕزگاریی نیشتمان، کردیان بە بزووتنەوەی پەرەپێدانی ئابووری و دامەزراندنی پیشەسازیی بەهێز، کردیان بە بزووتنەوەی سەربەخۆیی لە ئیمپریالیزم، کردیان بە ئاڵای سەرمایەداری ده‌وڵه‌تی و… جۆرەها بزووتنەوەی دیکە کە هیچ پەیوەندییان بە بزووتنەوەی سۆسیالیستیی چینی کرێکارەوە نیە بۆ کۆتاییهێنان بە سیستەمی کاری بەکرێ و موڵکایەتی تایبەتی و ستەمی سەرمایە. سەرئەنجام لە هەموو ئەو تەجروبانەدا دوای سەرکەوتنی ئەو بزووتنەوانە، سەرمایەداری بە هەموو ستەم و خوێنمژییەکی لە جێگای خۆی مایەوە. ستەمی جۆراوجۆری ناوكۆمه‌ڵگا، نایەکسانی و هەڵاواردن، تەنانەت سەرکوت و داپڵۆسین بەردەوامی پەیداکرد. لەسەر ئەم بناغەیە بزووتنەوە و نەریتی ك.ك بە باس و لێکدانەوەی تیئۆری و بەڵگەدار نیشانیداوە کە دروست وەکو ئەوەی مارکس وتویەتی جگە لە بزووتنەوەی دژی سەرمایەداری چینی کرێکار لەدەوری ئاسۆی سۆسیالیزم بۆ سازدانی شۆڕشی کۆمەڵایەتی، هیچ ڕێگایەکی تر بۆ ئازادی بەشەر لە ئارادا نیه‌. ك.ك نیشانیداوە چ ئەوانەی ڕاشکاوانە بەناوی ڕیڤیژینیزم و چ ئەوانەی بە ناڕاشکاوانە و بەناوی گونجاندنی مارکسیزم له‌گه‌ڵ سەردەم و له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگا جۆراوجۆرەکان، مارکسیزم و کۆمۆنیزمیان کردووە بە ئاڵای بزووتنەوە و ئامانجگەلی جیاواز لە شۆڕشی کرێکاری و سۆسیالیزم، پووچن و هیچ حەقانییه‌تێکیان نیه‌. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا باسی ك.ك تەنها پێداگریی ‌یەکلایەنە نیه لەسەر مارکسیزمی ئەرسەدۆکس. هەروەها بێگومان ئەمە مانای ئەوە نیه‌ کە لەبەرامبەر دەیان و سەدان مەسەلەی دنیای هاوچەرخدا هەر قسەکانی ١٧٠ ساڵ پێش ئێستای مارکس دووپات بکرێنەوە. ك.ك ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێ کە بۆنموونە مانیفێست هەروەکو خودی مارکس دەڵێ لە زۆر ڕووەوە کۆن بووە و ئیتر وەڵامدەرەوەی مەسەلە و هەلومەرجەکانی ئەم سەردەمە نیە. لەوانە ئەو شێوە سۆسیالیزمە ناکرێکارییانەی لەوێ باسکراون و ڕەخنەیان لێ گیراوە، ئیتر ڕەوتی مێژوو ئەوانەی تێپەڕاندووە. ئێستا چەندین جۆری سۆسیالیزم و تەنانەت کۆمۆنیزمی ناکرێکاری دیکە پەیدابوون کە ك.ك دیاریی کردوون و لە هەمان ڕوانگەی مانیفێستەوە ڕەخنەی لێ گرتوون. نەك هەر ئەمە بەڵکو بە هەمان میتۆد و مەبادئی مارکس و لە درێژەی ئەو نەریتەدا وەڵامێکی سەردەمیانەی بە زۆرێك لە مەسەلەکانی دنیای هاوچەرخ داوەتەوە. دەکرێت ئەدەبییاتی ئەم بزووتنەوەیە بخوێنرێتەوە و قەزاوەتی لەسەر بکرێت. هه‌ر لێره‌دا به‌ پێویستی ده‌زانم سه‌رنج بۆ ئه‌وه‌ ڕابكێشم كه‌ بۆ تێگه‌یشتن له‌ تێڕوانین و ئایدیاكانی ماركس، پێویستە ڕاستەوخۆ له‌ خوێندنه‌وه‌ی خودی ماركسه‌وه‌ ده‌ستپێكرێ نه‌ك له‌ كه‌سانێكی تر كه‌ له‌م سه‌رده‌مه‌دا یاخود له‌سه‌رده‌می خۆیدا، خۆیان به‌ ماركسی یان لایه‌نگر له‌ ئه‌و و تیۆرییه‌كانی ناساندووه‌. من پێشنیاری کتێبی ئایدۆلۆژی ئەڵمانی (لانی کەم ٨٠-٩٠ لاپەرەی پێشەکییەکەی دەربارەی فیورباخ و بەرامبەرکێی ماتریالیزم و ئایدیالیزم) و مانیفیست دەکەم بۆ تێگەیشتن لە میسۆد و مەنهەجی مارکس. هەروەها ئەگەر بتەوێ تصویرێکی هەمەگیر لە ك.ك وەرگری، پێشنیار دەکەم بنەماکانی کۆمۆنیزمی کرێکاری-سمیناری دووەمی منصور حیکمەت له‌ ساڵی ٢٠٠٠، هەروەها خەباتی چینایەتی و ئەحزابی سیاسی و بەرنامەی دنیایەکی باشتر بخوێنرێتەوە. هەرگیز نابێ هەوڵبدرێ ئەمانە لە زمانی کەسانی ترەوە بناسرێن و قەزاوەتیان لەسەر بکرێ.
دەربارەی ئەوەی کە ئاماژەت بە دەسکەوتی بزووتنەوە و ئەزمونەکانی تر کردووە، بێگومان لەگەڵ ئەوەی کە کۆمۆنیزم بزووتنەوەی دژی سەرمایەداریی چینی کرێکارە، نرخ بۆ هەموو بزووتنەوە و خەباتێکی پێشکەوتووانە و ئازادیخوازانە و تێکۆشان بۆ بچوکترین ڕیفۆرم دادەنێت. هەر بزووتنه‌وه‌یەکی سیاسی یان جەماوەری، توانیبێتی ڕۆڵێك بە قازانجی ئازادی و بوژاندنەوەی ئیرادەی بەشەرییەتی چەوساوە یان توێژێکی کۆمەڵایەتی بگێڕێت… کۆمۆنیزم پشتیوانی کردووە و دەیکات. وەکو نموونە شۆڕشی میسر و تونس و جەنگی مقاوەمەتی کۆبانی دژی تیرۆریزمی داعش… تەنانەت لە کوردستانیشدا حزبی ئێمە لەسەر هەر مەسەلەیەکی تایبەتی کە بچوکترین خێری بۆ کۆمەڵگا و بۆ خەڵکی كرێكار و ستەمدیدە هەبێت، ئاماده‌ی کاری هاوبەشە لەگەڵ حزب و لایەنی سیاسی دیکە، بۆ نموونە لەسەر مەسەلەکانی وەکو؛ وەستانەوە دژی تیرۆریزم، بەرگری لە ئازادی سیاسی، مەسەلەی ژنان،… چاوگێڕانێك بەسەر مێژوو و ئەدەبیاتی ك.ك و حزبدا، دەتوانێت کۆمەك بە ڕۆشن بوونەوەی ئەو لایەنە بکات.
خەبات بۆ ڕیفۆرم
ك.ك ڕەخنەیەکی قووڵی لە ڕیفۆرمیزم هەیە، بەڵام لە هەمانکاتدا خۆی نەریت و بزووتنەوەیەکی پەیگیرە لەپێناو بچوکترین ڕیفۆرمی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی. ڕەخنەی ك.ك لە ڕیفۆرمیزم لەوێوەیە کە چاکسازی ببێتە ئاسۆ و ببێتە بەدیلی ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانەی نیزامی سەرمایەداری. ئێمە ڕیفۆرمیزم بە بزووتنەوەیەکی بۆرژوازی دەزانین بۆ لە قاڵبدانی بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی چینی کرێکار. ك.ك هەر لەو کاتەدا کە ئاڵای شۆڕشی سۆسیالیستی بەرزدەکاتەوە هاوکات خەبات بۆ بچوکترین ڕیفۆرم لە هەر بوارێکدا بێت بە مەیدانێکی گەرمی خەباتی خۆی دەزانێ. ئێمە ڕیفۆرممان دەوێت بەڵام ئەو ڕەوتەی کە لەبەردەرگای بۆرژوای دەستی پان کردوەتەوە بۆ وەرگرتنی کۆمەڵێك ئیمتیاز بە مەرجی ئەوەی دەست بۆ ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانەی ئەم سیستەمە نەبرێت، بە ئاسۆیەکی بۆرژوازی دەزانین بۆ جڵەوکردنی خەباتی دژی سەرمایەداریی چینی کرێکار. لە ڕاستیدا پێداگریی توندی ك.ك لەسەر خەبات بۆ بچوکترین ڕیفۆرم، یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی ئەم بزووتنەوەیە و یەکێکە لە جیاوازییەکانی لەگەڵ کۆمۆنیزمە بۆرژوازییەکان. ئەگەر بەناوی ك.ك قسەیەکی تر کرابێت، ئەوە هیچ پەیوەندییەکی بە ك.ك نیە.
دیموکراسی و ئازادی
دەربارەی دیموکراسی، ڕەخنەی ئێمە لە دیموکراسی لەوێوە نیە کە بۆنموونە دژی هەڵبژاردن یان ئەو مافانە بین کە لە نموونەییترین سیستەمی دیموکراسیدا دەستەبەر دەبن، بەڵکو باسی ئێمە ئەوەیە کە دیموکراسی زۆر زۆر کەمە لەچاو ئەوەی بە شایستەی ئینسانی ئەم سەردەمەی دەزانین. باسی ئێمە ئەوەیە کە دیموکراسی لێکدانەوەیەکی بۆرژوازی و ڕوانگەیەکی زۆر بەرتەسکە بۆ ئازادی. ك.ك کە پێداگریی توند لەسەر ئازادییەکی تەواو و کەماڵ دەکات، ئیتر پێویستیی بەوە نیە پەیوەست بێت بە ڕوانگە و بزووتنەوەیەکی بەرتەسکترەوە بۆ ئازادی. ئێمە لە ڕوانگەی ئازادیی هەمەلایەنەوە ڕەخنەمان لە دیموکراسی هەیە. کە دەڵێین سۆسیالیزم پێویستی بە دیموکراتیزە کردن نیە، مەبەستمان ئەوەیە سۆسیالیزم کە ئازادیی هەمەلایەنە دەستەبەر دەکات ئیتر پێویستی بەوە نیە بە شتێکی کەمتر لە ئازادی (دیموکراسی) موتوربە بکرێت. بۆرژوازی وا نیشان دەدات کە گوایە ئەڵتەرناتیڤی کۆمۆنیزم بۆ دیموکراسی دیکتاتۆریی پرۆلیتاریایە، بەڵام ئەمە چەواشەکارییەکی گەورەیە. دیکتاتۆرییەتی پرۆلیتاری بەدیلی کۆمۆنیزمە لە بەرامبەر دیکتاتۆرییەتی بۆرژوازیدا، ئەڵتەرناتیڤی کۆمۆنیزم بۆ دیموکراسی، ئازادییە. باسی ئێمە ئەوەیە کە ئەو ماف و ئازادییانەی دیموکراسی دەیدات زۆر ڕواڵەتی و پووچترە لەوەی بوار بە دەخاڵەتی خەڵك بدات لە دەسەڵات و پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ لە ژیانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی خۆیاندا. بۆنموونە چوارساڵ جارێك مافی ئەوە دەدات بە خەڵك بێن و لەڕۆژێکدا لەنێوان دیموکرات و کۆماریخوازەکانی ئەمریکادا دەنگ بدەن بەلایەکیان بۆ ئەوەی چوارساڵ حوکمڕانی بکەن بەسەر خەڵکدا و ئەو پرۆژە و بەرنامانە پیادە بکەن کە ژیانی خەڵکی لە مەحرومییەتدا لە قاڵبداوە. ئەوە بیست دەورەیە ئەم یاری دیموکراسییە لە ئەمریکادا لە ئارادایە، بیست سەرۆك گۆڕا و بیست کابینە هات و چوو، چی لە دۆخی ژیانی خەڵك گۆڕیوە؟! لە وڵاتانی ئەوروپاش هەر بەوجۆرەیە. لە سایەی دیکتاتۆریی پرۆلیتاریادا ئازادییەکی یەکجار زۆرتر لەوەی لە سایەی دیموکراسی بۆرژوازیدا هەیە، لە هەموو بوارێکدا فەراهەم و دەستەبەر دەبێت. لە بواری حاکمییەتیشدا دیکتاتۆریی پرۆلیتاریا لەجیاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی چوارساڵ جارێك، لەسەر بناغەی سیستەمی شورایی بوار دەڕەخسێنێ بۆئەوەی جەماوەری خەڵك بەشێوەی بەردەوام و ڕاستەوخۆ بەشداری بکەن لە هەموو کاروبارێکی دەوڵەت، هەم لە داڕشتنی یاساکان و هەم لە بەڕێوەبردنی یاساکاندا.
حیکمەت و شەڕی ئەفغانستان
دەڵێی حیکمەت هەڵوێستێکی زۆر جەنگخوازانەی هەبوو. بە بڕوای من هەڵە تێگەیشتنێك هەیە لەم بارەیەوە. چونکە یەکەم؛ لێکدانەوەی ئەم ڕستەیە “ڕوخاندنی تاڵیبان لەلایەن سوپا دەرەکییەکانەوە خۆی لەخۆیدا مەحکوم نیە. شەڕ ڕاگەیاندنی هیچ کەسێك، تەنانەت ئەمریکا و غەربیش لەدژی تاڵیبان ناکرێ مەحکوم بکرێت” بە جەنگخوازی نادروستە. دەسەڵاتی تاڵیبان دەسەڵاتی تاقمێکی چەقۆکێش و خوێنڕێژ بوو کە چەقۆی دەهێنا بە ملی سەرەتاییترین ماف و ئازادیی مەدەنیدا، هیچ ئاسەوارێکی مەدەنییەتی لەو کۆمەڵگایەدا بەپێوە نەهێشتبوو، ڕوخاندنی دەسەڵاتی ئەم چەتانە لەلایەن هەر هێزێکەوە بێت بۆچی دەبێ مەحکوم بکرێت؟! جەختی حیکمەت لەسەر “خۆی لەخۆیدا” زۆر مانابەخشە! ئەمە واتە ئەگەر جەنگێك بە تەنها یان بەتایبەت یان بە دیاریکراوی بۆ لێدان و ڕوخاندنی تاڵیبان بێت مەحکوم نیە. دووەم؛ ئەو ڕستەیەی سەرەوە بە نیوەناچڵ ماوەتەوە، بۆیە هەڵوێست و لێکدانەوەی تەواوی حیکمەت لەسەر شەڕی ئەفغانستان بەیان ناکات، تەنها دەربارەی گۆشەیەکی ئەو مەسەلەیەیە. بۆ نیشاندانی هەڵوێستی تەواوی حیکمەت دەبێ سەرنج بدەینە تەواوکەری ئەو ڕستەیە. لە کۆتابەشی باسی “دنیا دوای ١١ی سەپتەمبەر” کە دەربارەی شەڕی ئەفغانستانە دەڵێ “شەڕ ڕاگەیاندنی هیچ کەس، تەنانەت ئەمریکا و غەربیش لەدژی تاڵیبان، ناتوانرێت مەحکوم بکرێت. تاڵیبان دەبێ بڕوات و سەرئەنجامیش هەر دەبێ بە ڕێگای زۆر و کردەوەی سەربازی بڕوات. دوژمنایەتی غەرب لەگەڵ تاڵیبان باشترە لە دۆستایەتی تا ئێستایان لەگەڵیدا. کەس ڕێگا لە هەڵپێچانی ئینسانکوژانێك ناگرێت کە خودی غەرب هێناونیە سەرکار. بەڵام جیاوازی هەیە لەنێوان جەنگ و تیرۆر. کردەوەکانی ئەمریکا و ئینگلستان لە ئەفغانستان تیرۆرستییە. بۆردومانی شارەکان و ناوچەکانی نیشەجێبوونی خەڵکی ئەفغانستان دەبێ بەتوندی مەحکوم بکرێت و کۆتایی پێبێت.” هێڵی تەکیدەکە من کێشاومە
مەرجەکانی بوون بە کۆمۆنیزمی کرێکاری
دەربارەی ئەوەی کەسێك ببێت بە ك.ك، باسی ئەوەت کردووە کە نابێ دژایەتی کردنی ئاین و ناسیۆنالیزم بکرێت بە مەرج. نازانم مەبەستت لە بوون بە ك.ك چیە؟ ئەگەر مەبەستت ئەندام بوونە لە حزب، ئەوە حزبی ئێمە ئیمتحان و تەحقیقی ئایدۆلۆجی لە هیچ کەس ناکات کە بیەوێ ببێ بە ئەندام. مەرجی ئەندامەتی هەر ئەوەیە کە خۆی لە ئامانجەکانی حزب بە هاوبەش بزانێ و ئامادەبێت بەوجۆرەی دەتوانێ و خۆی دیاری دەکات، کارێك بۆ حزب بکات و فۆرمی ئەندامێتی پڕبکاتەوە. بێگومان کاتێك کە دەبێت بە ئەندام دەبێ ئابوونەی ئەندامەتیش بدات. ئیتر لە هیچ کەس پرسیاری ئەوە ناکرێت کە هەڵوێستی لەسەر ئاین و ناسیۆنالیزم و فیمینیزم و دیموکراسی و… هیچ شتێکی تر چیە و چی نیە. هیچ پشکنینێك بۆ بیروباوەڕی ناکرێت. من وەکو ڕای خۆم ئەوە بە ناکۆکی دەزانم کە کەسێك هەم ئەندامی حزبی ئێمە بێت و هەم ئەهلی مزگەوت و شایی و لۆغانی قەومپەرستی و ناسیۆنالیزم بێت. بەڵام ئەمە وەکو ناکۆکییەك لە ژیان و باوەڕەکانی ئەوکەسە خۆیدایە و خۆی ئازادە لەوەی چۆنی چارەسەر دەکات.
“تائیفەگەری” و فیرقەگەری
ئەوەی تۆ بە ناونیشانی تائیفەگەری باست کردوە؛ لەوەدا کە زەقکردنەوەی ناکۆکییەکان و پارچەپارچە بوون بوەتە نەریتێکی چەپ بە گشتی و “ك.ك لەمەدا بێ بەش نیە” من بە تەواوی هاوڕام لەگەڵت، بەڵام لە نموونەکانتدا جیاوازیمان هەیە. بەڵێ ئەمە نەریتێکی چەپی فیرقەیی و ناکۆمەڵایەتییە و بەداخەوە هێشتا ك.ك (مەبەستم ئەو بزووتنەوە و ئەحزابەیە کە لەژێر ناونیشانی ك.ك کاردەکەن) نەیتوانیوە بە عەمەلی دەست و پێی خۆی لەم نەریتە ڕزگار بکات. لە ڕووی تیئورییەوە ك.ك پێداگری لەسەر دامەزراندنی حزبی سیاسی یەکپارچە دەکات، بوونی بۆچوونی جیاواز لەناو حزبی سیاسیدا بە دیاردەیەکی ئاسایی و چارەهەڵنەگر و تەنانەت پۆزەتیفیش دەزانێ، کە کۆمەك دەکات بە چوونەپێشەوە و خاراوبوونی سیاسی و فکری و عەمەلیی حزب. بە مەرجێك هەموو بۆچوون و خەتەکانی ناو ئەو حزبە سیاسییە سەر بە بزووتنەوەی سۆسیالیستی کرێکاری بن، نەك بزووتنەوەگەلی جیاواز.
بەڕای من ئەو پارچەپارچە بوونەی لە ڕیزی حزبەکانی ك.ك دا ڕوویاندا هەتا بڵێی بێمانا بوون. لەگەڵ ئەوەی کە بەڕای من ئێستا ئەو ڕەوتانە زۆر لێك دوور کەوتوونەوە، بەڵام لەکاتی خۆیدا هیچ زەرورەتێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و چینایەتی نەبوو بۆ جیابوونەوەکان. ئەوەی کە ڕوویدا ئاکامی مانەوەی ئاسەواری چەپی فیرقەیی غەیرەکرێکاری بوو لەو حزبانەدا. چەپێك کە حیکمەت بەشێکی زۆر لە ژیانی سیاسی خۆی بۆ خۆجیاکردنەوە لەو تەرخان کرد. حیکمەتیزم نەك هەر لایەنگری ئەو ڕوانگە سیکتییە نیە کە تۆ بە “حزب دەبوایە یەکپارچە، هاوڕەنگ، یەکجۆر و لێکچوو بێت” گوزارشت لێکردووە، بەڵکو بوونی بۆچوونی جیاواز لە حزبی سیاسیدا بە دیاردەیەکی بەتەواوی سروشتی و ئاسایی و مایەی بەرەوپێشچوون دەزانێت. لە تەحەزوبی کۆمۆنیستیدا بۆیە ئەو یاسایە پەیڕەو دەکرێت کە هەر سیاسەت و بڕیارێك بە دەنگی زۆرینە دەبڕدرێتەوە، چونکە ئەوە بە فەرز گیراوە کە جیاوازی و ناکۆکی لەسەر هەر مەسەلەیەك دێتە ئاراوە. بەداخەوە ئەم ڕوانگەیە بە تایبەت لە ك.ك لە ئێراندا سەرنەکەوت. تا ئەم نەریتە فیرقەییە لە ڕیشە دەرنەکێشرێت بەردەوام هەڕەشە لە یەکپارچەیی حزبەکانی ك.ك دەکات.
بەڵام نموونەیەك کە تۆ ئاماژت پێکردوە “هاتنەدەرەوەی ڕەوتی ك.ك لە حزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵەی ڕێکخراوی کوردستانی ئەو حزبەدا”، شتێکی جیاوازە. بۆ کاتی خۆی ئەگەر هەر سەختییەك لەئارادا بووبێ بۆ تێگەیشتن لە دروستیی ئەو ڕێگایە کە ك.ك هەڵیبژارد، ئێستا ئیتر دوای تێپەڕینی نزیکەی سی ساڵ سەخت نیە. ئەو بەشەی کە مانەوە و خۆیان وەکو کۆمۆنیست هەڵدەخست و سەرزەنشتی حیکمەتیان دەکرد لەسەر ئەوەی کە پێویست نەبوو لە حزب بڕۆنە دەرەوە، دوای چوونە دەرەوەی مەیلی ك.ك خۆیان بوون بە ٥-٦ بەشەوە، ڕەوتی ئەوتۆیان تیا پەیدابوو کە جگە لە باندی فاڵانژ و قەومپەرست هیچ ناوێکی تر نیە بتوانێ گوزارشیان لێ بکات. چەند ڕەوتیان لێ پەیدا بووە کە سەرتاپا دژی کۆمۆنیستین. بیهێننە بەرچاوتان ڕەوتی موهتەدی هێزی چەکداری ئاسایشی یەکێتییان بردە سەر کۆنگرەی کۆمەڵە و بە زەبری چەك فشاریان خستەسەر هاوڕێ حزبیەکانی خۆیان بۆئەوەی نیوەی کۆمیتەی ناوەندی بدەن بە باڵەکەی ئەوان. لەوەش زیاتر بەرنامەی ئەوەیان دانابوو کە ڕەوتی عەلیزادە کۆمەڵکوژ بکەن، بە ڕێکەوت پلانەکەیان ئاشکرا و پووچەڵ بووەوە. ئێستا ئەمانە هەمووان خانەوادەی یەك بزووتنەوەن کە خۆیان ناویان ناوە “بزووتنەوەی کوردستان” و لەسایەی دەسەڵاتی حزبی ئامۆزایان “یەکێتی نیشتمانی” و تاڵەبانی براگەورەیان ئەم جۆرە لەگەڵ یەك دەکەن، ئاخۆ ئەگەر ڕەوتی ك.ك لەو حزبەدا بمایەتەوە و بۆنموونە لە کۆنگرەی چواردا کە بڕیاربوو سەرکەوتنی مەیلی ك.ك تیادا ڕابگەیەنرێت، ئەم باندانە چ پلانێکیان لەدژی دەگێڕا. بەڕاستی ئەوە بڕیارێکی دروست و زۆر حەکیمانە بوو کە حیکمەت هەڵیبژارد و ئەو حزبەی بە هەموو ئیمکاناتیەوە بەجێهێشت، بەم جۆرە لانی کەم ڕێگای گرت لەوەی دنیا شایەتی ئەوە بێت باڵەکانی حزبێکی کۆمۆنیست لەسەر ناوی حزب و ئیمکانیات و پۆستە حزبییەکان چەك لەیەکتری ڕاکێشن. باڵی ناسیۆنالیستی کورد بەکردەوە نیشانیدا کە ئامادەیی ئەوەی تیابوو بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییە سیاسییەکان دەست بۆ چەك بەرێت. ئەمەش لە ناوچەیەکدا کە بە ئەحزابی چەکدار تەنرابوو، چەندین حزبی چەکداری ناسیۆنالیستیی کورد تەراتێنیان تیا دەکرد، ئەگەری گەورەی ئەوە لەئارادا بوو کە ناکۆکییە سیاسییەکان بگەنە ئاستی بەرامبەرکێی چەکداری و خوێنڕشتن. ك.ك بەنرخی دەستهەڵگرتن لە ناوی حزب و وازهێنان لەو هەموو ئیمکانیاتەی کە خۆی ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لە پەیداکردنیدا، بەری ئەم ئەگەرەی گرت. هەڵبەت جیاواز لەمە بنەمای بڕیارەکەی مەیلی ك.ك سیاسی و مەبدەئی بوو. بۆ ئەوەی لە ڕێڕەوی باسەکەمان لانەدەم، لەوە زیاتر لەسەر ئەم مەسەلەیە ناڕۆم.
دژ یان جیاوازی
لەبارەی ئەوەی کە پێتوایە ك.ك بەشێوەیەکی نادروست و لەڕادەبەدەر دژایەتی هەموو بزووتنەوە و نەریت و مەکاتبە فکرییەکانی تر دەکات، لیستێکی درێژ لە ڕەوت و بزووتنەوە و مەکتەبی فکری و مەیلی جیاجیات ناوبردووە و دەڵێی ك.ك دژی هەمویانە (سۆسیالیزمی “غەیرە کرێکاری”، ئورۆکۆمۆنیزم، ماویزم، سۆسیالیزمی سۆڤێتی، ڕیڤیژینیزم، سۆسیال دیموکراسی، ترۆتسکیزم، ئەنارکیزم، کۆمۆنیزمی چەپ، ئەنارکۆسەندیکالیزم، چەپی نوێ، پۆپۆلیزمی ئەمریکای لاتینی، دیموکراسی، ناسیونالیزم، ڕیفۆرمیزم، مارکسیزمی غەربی، و ھتد.) لە پێش هەموو شتێکدا دەمەوێ بڵێم ئەمانەی کە ناوی جیاجیان بۆ خۆیان هەڵبژاردوە، نیشانەی ئەوەیە کە خۆیان دیاردەی لەیەك جیاوازن، واتە خۆیان پێش ئەوەی ئێمە هیچیان لەبارەوە بڵێین بە شێوەی واقعی لە یەکتر جیاوازن. جا هەرچۆن ئەوان هەموویان لەگەڵ یەکتری جیاوازن، ك.ك یش بزووتنەوە و نەریتێکی جیاوازە لەگەڵ ئەوانە. بەڵام بەکاربردنی دەستەواژەی “دژ” بۆ هەڵوێستی ك.ك بەرامبەر سەرجەمی ئەوانە بە هیچ جۆرێك گونجاو و دروست نیە. ك.ك باسی جیاوازیی خۆی دەکات لەگەڵ ئەو ڕەوت و مەکاتب و نەریتانە نەك “دژ” بوون. تەنانەت ڕەنگە لە زۆربواردا لەگەڵ هەندێك لەوانە ئامادەی هاوکاری و لە مەواردی تایبەتدا کاری هاوبەش بێت. بە کردەوەش بۆنموونە لە بزووتنەوەی دژی شەڕی ئەمریکا و هێرشکردنە سەر عێراق کاری هاوبەشمان لەگەڵ هەندێك لەوانە کردووە. هەروەها هەر ڕەوتێك لەمانە هەر دەسکەوتێکی بۆ بەشەرییەت بووبێ، هەر لە قەڵاچۆی نەخوێندەوارییەوە کە تۆ باست کردووە تا بیمەی تەندروستی، ئێمە ئەو دەسکەوتە دەنرخێنین. لەم بارەیەوە سەرنج ڕادەکێشم بۆ خوێندنەوەی وتارێکم کە بەبۆنەی مەرگی فیدڵ کاسترۆ نوسیومە، وەکو نموونەیەك لەو بابەتەی کە نرخی دەسکەوتەکانی هەر بزووتنەوەیەك بۆ مرۆڤایەتی دەزانین. لە ڕوانگەی ئێمەوە هەندێك لەو بزووتنەوانە ڕەنگە لایەنی پۆزەتیڤیشی هەبێت، بۆنموونە بزووتنەوەی دژی ئەمپریالیستی، خودی خەباتەکەی لە دژی ئیمپریالیزم پۆزەتیڤە، من ڕێزێکی زۆر بۆ گیڤارا دادەنێم وەکو سیمبولێکی نەریتی دژی ئەمپریالیستی و بەتایبەتی وەستانەوە بەرامبەر ملهوڕیی ئەمریکا، بەڵام بە کۆمۆنیستی نازانم. ئێمە کە ڕەخنەیەکی هەمەلایەنەترمان لە گشت کەپیتالیزم هەیە، ڕەخنە و ڕوانگەی ئەوان بە بەرتەسك و ڕێڕەوی خەباتیان بە هەڵدێر دەزانین. ئەوان کاتێك لە ڕوانگەی دژی ئیمپریالیستییەوە چاو لە جیهان و کێشمەکێش و ڕووداوەکان دەکەن. لەم ڕوانگەیەوە بۆنموونە لە شەڕی نێوان بزووتنەوە ئیسلامییەکان و ئەمپریالیزمی ئەمریکادا، پشتیوانی لە بەرەی ئیسلام و تەنانەت تیرۆریزمی ئیسلامی دەکەن.
بەهەرحاڵ باسی ئێمە لەسەر ئەو نەریت و ڕەوت و مەکتەبە فکرییانە (جگە لە ناسۆنالیزم) باسی جیاوازییەکانمانە، باسی ئەوەیە کە ئێمە ڕەخنەی ئەوان لە جیهانی هاوچەرخ و کەپیتاڵیزم بە ڕەخنەی کۆمۆنیستیی چینی کرێکار نازانین، باسی ئەوەیە کە ئەوان خاوەن ڕێگایەکی واقعی و ئەڵتەرناتیڤێك نین بۆ کۆتاییهێنان بە چەوسانەوە لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا. با وەکو نموونەیەك باسی حزبی شیوعی عێراق بکەین. دروشمی ستراتیژیی ئەو حزبە “نیشتمانێکی ئازاد و گەلێکی بەختیار”ە، با ئەوە لەولاوە بوەستێ کە “نیشتمانی ئازاد” زەمانەتی “بەختیاری گەل” ناکات، کەم نین ئەو “گەلانە”ی نیشتمانەکەیان ئازادە بەڵام خۆیان هیچ بەختەوەرییەکیان نیە. بەڵام ئێمە دەڵێین ئەمە هیچ پەیوەندی بەو بزووتنەوە کرێکاری و کۆمۆنیستییەوە نیە کە بۆ “هەڵوەشانەوەی نیزامی کاری بەکرێ و موڵکداریی تایبەتی” تێدەکۆشێ.
لە ڕوانگەی ك.ك ەوە ئەمانە بزووتنەوەگەلی ناکرێکارین کە ناوی کۆمۆنیزم و مارکسیزمیان لەسەر خۆیان داناوە. بۆنموونە بزووتنەوەی دژی ئیمپریالیستی، بزووتنەوەی ڕزگاری نیشتمانی، بزووتنەوەی دیموکراسی، بزووتنەوەی گەشەپێدانی ئابووری سەرمایەداری، بزووتنەوەی کۆتاییهێنان بە وابەستەیی و… ئەمانە با ناوی کۆمۆنیزم و سۆسیالیزمیان لەسەر خۆیان دانابێت، بەڵام بەشێك نین لە بزووتنەوەی ڕوخاندنی سەرمایەداری و دامەزراندنی سۆسیالیزم.
لە ڕوانگەی کۆمۆنیزمەوە دنیا مەیدانی بەرامبەرکێی مەکتەب و دیدگا فکرییەکان نیە لەسەر ئایدیاکان بۆنموونە؛ دیموکراسی یان سۆسیالیزم یان ئازادی یان..و…، بەڵکو مەیدانی بەرامبەرکێی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانە. هیچ لایەن و بزووتنەوەیەك لەسەر بناغەی ئەوە هەڵناسەنگێندرێت کە خۆی لەبارەی خۆیەوە چی دەڵێ و چ ناوێکی لەسەر خۆی داناوە. لە دنیای واقعدا سەرکوتگەرترین دەوڵەت و حزبی سیاسی بەخۆی دەڵێ دیموکرات، بزووتنەوە و ڕەوتە بۆرژوازی و کۆنەپەرستەکان بە خۆیان دەڵێن ئازادیخواز یان سۆسیالیست. بەڵام دەبێ ئەوانە لەسەر بناغەی پراتیك و ڕۆڵی واقعییان هەڵسەنگێندرێن. ڕەخنەی ئێمە لە سۆسیالیزمە ناکرێکارییەکان ئەوەیە کە ئەوان لەژێر ناوی سۆسیالیزمدا بۆ ئامانجی دیکە هەڵدەسووڕێن، ئەوەی ناویان ناوە سۆسیالیزم هەڵوەشانەوەی کاری بەکرێ و موڵکایەتی تایبەتی نیە، بەڵکو ئامانجگەلی بۆرژوازییە لەبابەت کۆتاییهێنان بە وابەستەیی، گەشەپێدانی پێشەسازی و ئابووریی خۆماڵی، ڕزگاریی نیشتمان، دامەزراندنی دەوڵەتی بۆرژوازی خۆیی و…هتد.
ڕێبوار ئەحمەد/ ئابی ٢٠١٩

LEAVE A REPLY

Please enter your comment!
Please enter your name here