رێبوار ئهحمهد:
سەرئەنجام سەرەتاى راپەرينێکى نوێ لە کوردستان دەستى پێکرد. پایەو زەمینە ماددی و کۆمەڵایەتیەکانى ئەم راپەڕینە، هەمان ناکۆکیە قوڵ و کۆمەڵایەتیەکانى دەرونى ئەم کۆمەڵگایەیە: کەمایەتیەکى زۆر کەمى کۆمەڵگا، کە پێکهاتون لە سەران و بەرپرسانى دوو حیزبى دەسەڵاتدار و کۆمەڵێک سەرمایەدار، نوقمى سەروت و سامانن و ژیانى فيرعەونیان هەیە. زۆربەى هەرە زۆرى دانیشتوانیش کە پێکهاتبون لە جەماوەرى ملیونى کرێکاران و زەحمەتکێشان و کاسبکاران و فەرمانبەران، نوقمى هەژارى و بێدەرەتانین و لە سەرەتایى ترین پێداویستیەکانى ژیانى رۆژانە و خزمەتگوزاریەکان بێبەشن. دەسەڵاتى ئێستاى کوردستان، دەسەڵاتى چینى بورژوازى کوردە، لە شێوەى دەسەڵاتێکى بنەماڵەیى و میلیشیايیدا، بۆ راگرتن و داسەپاندنى ئەم نا عەدالەتیە گەورەیە. ئەم دەسەڵاتە 20 ساڵە بە ئاقارێکدا کار دەکات کە دەوڵەمەندەکان دەوڵەمەندتر و ژیانى شاهانەیان رازاوەتر دەبێت و هەژارەکانیش هەژارتر دەبن و ژیانى بێ بەشانەیان قوڵتر دەبێتەوە.
بێگۆمان نا عەدالەتیەکى بەم جۆرە پێویستى بەوە هەیە کە دەسەڵاتێکى دکتاتۆرى پشتبەستو بە جۆرەها دەزگا و یاساى سەرکوت و ئایدۆلۆجیاى گێژکەر، پارێزگارى لێبکات. میلیشیایى پێشمەرگەو دەزگاکانى زانیارى و پاراستن و دژە تیرۆر و پۆلیس و ئاسایش و زێرهڤانى و … دەزگاکانى ئەو سەرکوتەن. یاساکانى بەرتەسککردنەوەى ئازادى هەڵسوڕانى حیزبى و سیاسى، یاساى بەرتەسککردنەوەى ئازادى رادەربڕین و رۆژنامەگەرى، یاساى سەرکوتکردنى خۆپیشاندان، بڕیارەکانى دەمکوتکردنى رەخنەگران لە موقەدەساتى دواکەتوانەى ئیسلامى و ناسیونالیستى … نمونەى ئەوانەن کە قاڵبێکى یاسايى دەدەن بە سەرکوتى دەزگا سەرکوتگەرەکان، بە مەبەستى ناچارکردنى خەڵک به ملدان بەو ناعەدالەتیە ئاشکرایە. ئایدۆلۆجیاى گێژکەرى کوردایەتى و خورافاتى ئیسلامى و بەیت و بالۆرەى خاک و نیشتمان و ئەى رەقبیش، ئەو تەپ و تۆزەیە کە بەبا دەکرێن بۆ کوێرکردنى چاوى خەڵک و گوشینى مێشکى جەماوەر، لە ئاست ئەو ناعەدالەتیە و قەبڵاندنى بە خەڵک لە ژێر ناوى بەژەوەندى باڵاى میللەتدا.
20 ساڵ بەر لە ئێستا کە لە هەلومەرجێکى تایبەتى جیهانیى و ناوچەییدا، دەسەڵات لە ئاسمانەوە کەوتە باوەشى ئەم دوو حیزبەوە و بوارى پێدان ئەم ژیانە شاهانەیە لەسەر حیسابى بێدەرەتانى ملیونى خەڵک بۆخۆیان بنیاتبنێن، کۆمۆنیزمى کرێکارى ئەم راستیانە و ئەم ئایندەیەى خستە بەرچاوى خەڵکى کوردستان. ئەم دەسەڵاتە نە ئەوکات و نە ئێستا هیچ حەقانیەتێکى نەبووە و نیە. لەم 20 ساڵەدا هەمیشە زەمینە و پێویستى راپەڕینێک بۆ گۆڕین و هەڵگێڕانەوەى ئەم هەلومەرجە هەبووە، بەڵام رەوتى واقعى ئامادەیى زاتى جەماوەرى دەستەنگ، بە کردەوە 20 ساڵى خایاند، تا لە جەرگەى هەلومەرجێکى شۆڕشگێڕانە کە هەموو ناوچەکەى گرتوەتەوە و لە وڵاتانى تونس و میسر دوو سەرکەوتنى گەورەى تۆمارکردوە، کوردستانیش پێ بنێتە دەروازەى ئەم راپەڕینەوە.
راپەڕینى ئەمجارەی کوردستان دهبێ رووی لهوه بێت که ئەم واقعیەتە سەرەوخوارەى کوردستان هەڵگێڕێتەوە و کۆمەڵگایەکى عەدالەتخواز لە جێگاى بەرپا بکات. ئەم کۆمەڵگایە سەرەوخوارە و لەسەر سەر راوەستاوە. واتە ئەوەى کارناکات و ماندو نابێت، نوقمى سەروەت و خۆشیە، ئەوەى رەنج دەدات و ماندو دەبێ و بەرهەم دەهێنێ، بێبەش و برسیه. ئەم کۆمەڵگایە دەبێ هەڵبگێڕدرێتەوە، لەسەر سەرەوە بخرێتە سەرپێ. یەکەمین هەنگاویش لەم رێگایەدا گۆڕینى دەسەڵاتى سیاسى ئێستایە. ئەو دەسەڵاتەى کە بە زەبرى سەرکوت و یاساى ملهوڕانە و خورافاتى قەومى و دینى، ئەم هەلومەرجە ستەمکارەى راگرتووە. ئەم ئاڵوگۆڕە لە دەسەڵات، پێویستە ئاڵوگۆڕێکى بنەڕەتى بێت، نەک گۆڕینى دەم و چاوەکان. پێویستە سیستەمى سیاسى بگۆڕێت لە سیستەمێکى سەرکوتگەر و بیروکراتیکى سەرو خەڵکیەوە، بۆ سیستەمێکى پشتبەستوو بە ئیرادەى راستەوخۆ و بەردەوامى خەڵک. نەک هەر سیستەمى میلیشیایى و بنەماڵەیى و دکتاتۆریەتى فەردى، بەڵکو سیستەمى پەرلەمانیش، سەرجەمیان شێوەى جۆراوجۆرى دەسەڵاتى بیروکراتیکى سەرو خەڵکى بورژوازین و لەسەر بناغەى شکاندنى ئیرادەى خەڵک حوکمڕانى دەکەن. سیستەمى پشتبەستو بە ئیرادەى خەڵک، سیستەمى شوراییە. کوردستان پێویستى بەوەیە بە سیستەمى شورایى بەڕێوەببرێت.
لە ئاست ئەو هەلومەرجە شۆڕشگێڕانەیەى ئێستا هاتوەتە کایەوە و ئەم کۆمەڵگایەى لەسەر لێوارى ئاڵوگۆڕیکى گەورە راگرتووە، هەر لەم سەرەتاى کارەوە سێ تاکیتک، بۆ سێ ئامانجى جیاواز هاتوەتە ئاراوە:
1- تاکتیکى دەسەڵات: ئاشکرایە کە دەسەڵات دەیەوێ هەلومەرجى ئێستا راگرێت. بۆ ئەمە تاکتیکى “نابێ رێگابدەین هەلومەرجەکە بشێوێت، دەبێ ئارامى راگڕین و تەجروبە و دەسکەوتەکان بپارێزین…”ى بەدەستەوە گرتوە. ئەم جۆرە دەستەواژانە سەرخەتى تاکتیکى دەسەڵاتە بۆ درێژەدان بە تەمەنى خۆى. هاوکات لەگەڵیدا کەم و زۆر پێ لەوە دەنین کە گەندەڵى و ستەم و کەم و کوڕى هەیە و پێویستە چاکسازى بکرێت. بەڵام بۆ گەندەڵداریەکان داهۆڵى وەهمى دروست دەکرێت، وەکو بلێى کەسانێکى جیاواز لە سەرانى دەسەڵاتدار بەرپرسى ئەو گەندەڵی و ستەمکاریە بن!! بۆ چاکسازیەکانیش بهردهوام بەڵێنى درۆ دەبهخشنهوه. بەم جۆرە دەیانەوێ ئەم هەلومەرجى شۆڕشگێڕانەیە بە نیوکلاج تێپەڕێنن بێ ئەوەى دەسەڵاتیان لەدەست دەرچێت. حیزبەکانى گوێڕایەڵى دەسەڵاتیش لە پشتى ئەم تاکیتیکە راوەستاون. “نەشێوانى هەرلومەج و راگرتنى ئارامى و پاراستنى دەسکەوتەکان …” ئەمانە کۆمەڵێک دەستەواژەى فریوکارانەن كه رێک لە بەرامبەر مەیلى جەماوەر بۆ گۆڕینى شۆڕشگێڕانەى هەلومەرجى کارەساتبارى ئێستادا بەرز کراونەتەوە. بەڵام بۆ چەواشەکارى بە جۆرێک بەیان دەکرێن وەکو ئەوەى “دەستێکى دەرەکى و پیلانگێڕ و دوژمنى میللەت”یان لە پشتەوەبێت. لە کاتێکدا ئەمە مەیلێکى رەوا و بەرحەق و شۆڕشگێڕانەى خەڵکە و لە پێناو ئایندەیەکى باشتر و درەخشاندایە.
دیوێکى ترى ئەو تاکتیکە، سەرکوت و خنکاندنى راپەڕینە لە هەنگاوى یەکەمیدا. لە خوێن هەڵکێشانى خۆپیشاندانى رۆژى 17ى شوبات، هەروەها راوەستانى چاوقایمانەى هەردوو مەکتەبى سیاسى و سەرانى پارتى و یەکێتى و دەسەڵات لە پشتى تاوانبارانى ئەو قەسابخانەیە و سەرکوتى خۆپیشاندانەکەوە، بەڵگەى ئاشکراى ئەم راستیەیە. هەردوو مەکتەبى سیاسى لەو رووداوەدا خەڵک و قوربانیەکان تاوانبار دەکەن و پێداگرى لەسەر سزادان و سەرکوتکردنى خەڵکى ناڕزاى دادهگرن و ناڕەزایەتى خەڵک بە گێرەشێوێنى لە قەڵەم دەدەن. لەم بارەیەوە بەیاننامەى هاوبەشیان دەڵێت “بە پیلانێکی پێشوەختە پەلاماری بارەگای لقی٤ی پارتی دیموکراتی کوردستانیان دا بە نیازی بێ حورمەتی پێ کردن و سووتاندنی کە بە داخەوە لە ئاکامی ئەم پەلاماری ئاژاوەگێڕان ژمارەیەک خەڵک لە ناو بارەگای لقی٤ و سەر جادە کوژران و بریندار بوون. لە ڕوانگەی بە خەمەوە بوون و پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیان و بەرقەرار کردنی ئەمنیەت، داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین ڵێکۆلینەوەی ورد و جدی لەم بابەتە بکات و ئەوانەی پیلانیان داڕشتووە و ئەوانەی بۆنەتە ئالیەتی ئەو پیلانانە و ئەم ئاژاوەیان لە شاری خۆشەویستی هەڵمەت و قوربانی دروست کرد و بوونە هۆی نارەحەتی و دڵەڕاوکێی جەماوەری کۆڵنەدەری شارەکە رادەستی یاسا بکات و سزا بدرێن.”
کەواتە ئاشکرایە ئەوەى لە ڕوانگەى ئەوانەوه تاوان و ئاژاوە و گێرەشێوێنیە، خۆپیشاندان و یان ئەوپەڕەکەى بەردەفڕکێى گەنجانە. بەڵام تەقەکردن و کوشتن و لە خوێن هەڵکێشانى خۆپیشاندانى خەڵکى مەدەنى نەک تاوان و ئاژاوە و گێرەشێوێنى نیە، بەڵکو رەوا و یاساییه. بهرگری لهخۆکردنی دهسهڵاته به “بی کهی سی” لهبهرامبهر بهرد هاویشتنی گەنجاندا!! بۆیە جەنابیان دەگەڕێن بە دواى ئەوانەى لە گولەى تفەنگچیەکانى لقى چوار دەربازیان بوە بۆ ئەوەى بیانگرن و سزایان بدەن. نێچیرڤان بارزانى جێگرى سەرۆکى حیزبى بکوژ، کە فازل میرانی قسەکەرى مەکتەبى سیاسیەکەى راشکاوانە مشار بۆ بڕینەوەى دەستى خۆپیشاندەران نیشانى خەڵک دەدات، حیزبە چنگ و ددان خوێناویەکەى دەخاتە خانەى زوڵم لێکراو و دەڵێ: “داوا دهکهین حکومهت لێکۆڵینهوه بکات و پێمانوایه غهدریش له لقی 4 کراوه و دهبێت به زووترین کات تهحقیق بکرێت و تۆمهتباران بدرێنه دادگا و ئهمه داواکاری ئێمهیه” لە روانگەى ئەوەوه لێکۆڵێنەوە و دادگا نمایشی کارتۆنین بۆ حوکمێک کە خۆى لە پێشەوە دەریکردوە و بڕاوەتەوە، ئەو حوکمەش بە ووتەى جەنابى ئەوەیە بکوژەکان غەدرلێکراون، ئەوانەى خۆپیشاندانیان کردوە و لە گولەبارانى چەکدارەکانى پارتى گیانیان بە سەڵامەت دەرکردوە، تاوانبارن و دەبێ سزابدرێن.
هەروەها دکتۆر بەرهەمى سەرۆکە دەستەمۆکەکەى حکومەتى هەرێم، لە هەمان سەنگەرەوە لێدوانى داوە و دەڵێت “ئهم لیژنهیه ههڵدهستێت به لێکۆڵینهوه و بهدواداچوونی ئهو رووداوهی که رۆژی پێنجشهممهی رابردوو لهبهردهم لقی چواری پارتی دیموکرات روویدا و پاش لێکۆڵینهوهکان ههر کهسێک به تاوانی ئاژاوه و تێکدان بگیرێت ئێمه ئامادهین بیخهینه سهر تهلهفزیۆن و رووبهڕووی دادگا دهکرێتهوه و به ههموو شێوهیهک ئیجرائاتیان لهگهڵدا دهکهین”. کەوایە مەبەستەکەى جەنابى سەرۆکى حکومەتیش لە پێشەوە ئاشکرایە، لێکۆڵینەوەکەى ئەوان بۆ گەڕانە بە دواى ” ههر کهسێک به تاوانی ئاژاوه و تێکدان بگیرێت”. لە قاموسى ئەوانیشدا خۆپیشاندان و بەرد فڕێدان ئاژاوە و تێکدانە، بەڵام تەقە کردن و قەسابخانە هەڵخستن رەوايه و مافى هێزى زێرهڤانيە!!
2- تاکتیکى ئۆپۆزیسیونى بورژوازى: تاکتیکى ئەو هێزانەیە کە دەیانەوێ ئەم رەوتى گۆڕانە بە ئاڵوگۆڕێکى رواڵەتى لە دەسەڵات و مانەوەى پایە و کۆڵەکەکانى سیستەمى سیاسى و ئابورى ئێستا کۆتایى بێت. دەم و چاوەکانى دەسەڵاتى ئێستا بگۆڕێن بۆ کۆمەڵێک دەم و چاوى تازە. بۆ نمونە دەسەڵاتى رەهاى یەکێتى و پارتی بگۆڕێت بۆ دەسەڵاتێک کە جێگاى سەرانى بزووتنەوەى گۆڕان و ئەو بەشە لە بورژوازى کوردیشى تیا ببێتەوە، کە بە بۆچونى خۆیان دەتوانن باشتر لەوەى ئێستا، کۆمەڵگاى کوردستان لە بەرژەوەندى چینى سەرمایەدار و قازانج پەرستى سەرمایەدا بەڕێوەبەرن. لە راستیدا ئەمانە بەدیلى نەجاتدەرى تەجروبە ئەزمەگرتوەکەى ناسیونالیزم و بورژوازى کوردن، نەک نەجاتدەرى جەماوەرى کرێکار و دەستەنگ و ستەمدیدەى کوردستان.
تاکیتکى ئەم باڵە ئەوەیە کە رەوتى ناڕەزایەتى و هاتنەمەیدانى خەڵک، تا ئاستى هاتنەمەیدانێکى جەماوەرى و هۆشیارانە و سیاسى قوڵنەبێتەوە، تەجروبەى مەیدانى تەحریرى قاهیرە دوبارە نەبێتەوە، قوتببەندى سیاسى و سیاسى-بونەوەى جەماورە روونەدات، دەرگا بەڕوى بوژانەوەى ئیرادەى خەڵک و هەڵبژاردنى سیاسى لە نێو بەدیلە جیاوازەکان نەکرێتەوە. لە جیاتى ئەمانە، توڕەیى پەنگخواردوى خەڵک بە تەقینەوە و هەڵچونێکى دەم و دەست و پەلامارێکى پێشوەخت بۆ سەر بارەگا و دام و دەزگاکانى جێگا مەبەست، ببرێتەوە. لە هەڵچونێکى وەهادا بە ووتەى سەرۆکى بزووتنەوەى گۆڕان دەکرێت “ئەوەندەى ئەو 3000 کەسەى بە رووداوى هاتوچۆ دەمرن، خەڵک ببێت بە قوربانى” و خوینەکەشیان دەستمایەى سەرانى بزووتنەوەى گۆڕان و هێزە کۆنەپاریزەکان بێت، بۆ سات و سەودایەک لەگەڵ یەکێتى و پارتى و قەبڵاندنى مەرام و بەرژەوەندیەکانى خۆیان بە دەسەڵاتى ئێستا.
3- تاکتیکى کۆمۆنیستى: تاکیتکى سێەم تاکتیکى کۆمۆنیستیە بۆ ئاڵوگۆڕى شۆڕشگێڕانە و بنەڕەتی لە هەموو سیستەمى سیاسى و ئابورى ئێستاى کوردستاندا. تاکتیکێکە لە خزمەت بە سیاسەت و ئامانجى هەڵگێڕانەوەى وەزعى ئێستا بە قازانجى ئازادى و پێشکەوتن و خۆشگوزەرانى و خۆشبەختى بۆ جەماوەرى ملیونى کرێکاران و خەڵکى دەستەنگ و ستەمدیدە. ئەم ئالوگۆڕە بنەڕەتیە پێویستى بە هاتنەمەیدانێکى جەماوەرى و سیاسى و هوشیارانەیە لە دەورى بەدیل و ستراتیژيێکى رۆشن. تاکتیکى کۆمۆنیستى دەبێ زامنى ئەوە بێت ئەم جوڵانەوەیە هەرچى زیاتر بەرەو جەماوەرى بونەوە و رێکخراو بوون بڕوات. بۆ ئەم مەبەستە دەبێ جوڵانەوەکە دوور بگیرێت لە موغامەرە و ئهو شێوازانەى کە دەستى دەسەڵات دەکاتەوە بۆ سەرکوتى خوێناوى. هەم دروشم و داخوازیەکان و هەم شێوەکانى خەباتى جەماوەرى، دەبێ بەپێى هاوسەنگى هێز لە کێشمەکێشى نێوان خەڵک و دەسەڵاتدا، دیاری بکرێت. لە پرۆسیسێکى سیاسیدا هەموو هەنگاوێک بە کردەوە ماناى هەنگاوێک چونەپێشەوەى خەباتى جەماوەرى و هەنگاوێک چونەدواوەى دەسەڵات بێت. بەم مانایەش گۆڕینى هەنگاو بە هەنگاوى هاوسەنگى بێت بە قازانجى کرانەوەى دەرگا بەرووى خەباتى جەماوەرى و بە زیانى تواناى سەرکوتى دەسەڵات، رێچکە بگرێت.
بەپێى تاکتیکی کۆمۆنیستى دەکرێت ناڕەزایەتیەکان، بە شێوەى رۆژانە، لە زانکۆکان، لە گەڕەک و کارگە، لە مەیدانە گشتیەکانى شار، … دور لەو جێگایانەى زەمینەى سەرکوت بۆ دەسەڵات لەبار دەکات، تەنانەت لەم پێناوەدا هەتا ئەگەر لە مەیدانە لاوەکیەکانى شارەکانیشدا بووە، بە شێوەى کۆبونەوەى جەماوەرى و سیاسى، بەرزکردنەوەى دروشم و داخوازى، ووتار خوێندنەوەو … سازدانى مانگرتن لە ئاستى زانکۆ و کارگە و فەرمانگەکان، یان لە ئاستى گشتى شار و وڵاتدا … بەردەوامى پەیدا بکەن. هاوکات تا بکرێت بەرەکانى ئەم خەباتە جەماوەریە بە پانتاى کۆمەڵگا فراوان بکرێتەوە، سەرجەم شار و شارۆچکەکان بهێنرێنە ئەم مەیدانى خەباتە جەماوەریەوە. لە هەمان کاتدا ئەم تاکتیکە کۆمۆنیستیە پڕاوپڕى گیانى بەرپرسیاریتیە بۆ پاراستنى گیانى هاوڵاتیان، رێگایەکە بۆ دورخستنەوەى رێژوانەکان لە مەرگ و گوللەى جەلادەکانى دەسەڵات. بەم مانایە سیاسەتێکى ئینسانى و پێچەوانەى ئەوەیە کە دەیەوێ بە ئەندازەى ساڵێک قوربانى رێگاوبان، خەڵک بکات بە قوربانى بۆ مەرامى سیاسى خۆى. لەم روانگەیەوە رون و ئاشكرايه كه چونى ریپیوانى رۆژى 17ى شوبات بۆ بەردەم لقى چوار و بەردبارانکردنى، خاڵی لاواز بوو بۆ خۆپیشاندانهکه.
لایەنێکى سیاسى زۆر گرنگى ئەم تاکتیکە ئەوەیە کە لە جەرگەى خەباتێکى سیاسى و جەماوەرى بەم جۆرەدا، بەردەوام بیرو هۆش و چاوى خەڵک زیاتر دەکرێتەوە، ئاستى هۆشیارى سیاسى بەرەو سەردەچێت، ریزى خەڵک رێکخراوترو یەکگرتووتر دەبێت. کۆمەڵگا لە دەورى بەدیلە سیاسیەکان قوتبى دەبێتەوە. ئەمانەش تواناى ئەوە بەخەڵک دەدەن کە بە رۆشنى بزانن چیان دەوێت، سەرکەوتن و دەستەبەربونى داخوازیەکانیان چۆن دابین دەبێت؟ تواناى ئەوەیان دەبێت لە نێوان بەدیلەکان و لە نێوان دروشمە دروست و فریوکارانەکاندا جیاوازى بکەن و رێگاى دروستى خۆیان هەڵبژێرن. سەرئەنجامیش رەوتى شۆڕش و ئاڵوگۆڕ بەردەوام لە ژێر ئیرادەى خۆیاندا رابگرن. تەجروبەى شۆڕشى تونس و میسر، بە ئەندازەى دەیان ساڵ بەرچاوى خەڵکى ناوچەکە و جیهانیشى لەم بارەیەوە رۆشن کردوەتەوە. راوەستانى جەماوەرى شۆڕشگێڕ بەڕیزى فراوان لە مەیدانى تەحریر، زامنى سەرکەوتنەکانى شۆڕش و بەرچاو رۆشنبونەوەى خەڵک و بەستنى دەستى سەرکوت و سەلماندنى تواناى لەبن نەهاتوى جەماوەر بوو بۆ ئاڵوگۆڕ. لە مەیدان مانەوەى هێزى جەماوەرەیش دهتوانێ زامنێک بێت بۆ سەرکەوتنەکان. با لە هەموو شارەکاندا مەیدانەکانى تەحریر بەرپا بکەین.
رابهران و ههڵسوراوانی کرێکاری، ههڵسوڕاوانی کۆمۆنیست و چهپ و ئازادیخواز، بۆ زهمانهتی ئهوهی ئهم خهباته جهماوهریه تا سهرکهوتنی یهکجاری، به رێڕهوێکی دروستدا بهرنهپێس و به دوری بگرن له شکست و زهربه و موغامهره و راوهستان له نیوهی رێگا، پێویسته تاکتیکی کۆمۆنیستی به دهستهوه بگرن.
19ی شوباتی 2011