گفتوگۆی “حوار المتمدن” لەگەڵ ریبوار ئەحمەد
دەربارەی دەوری چەپ‌و چینی کرێکار لە شۆڕشەکانی جیهانی عەرەبدا
حوار المتمدن: ئایا به‌شداری هێزو لایه‌نه چه‌پ و سه‌ندیكا و یه‌كێتی‌یه كرێكاری و جه‌ماوه‌رییه‌كان كاریگه‌ری هه‌یه له‌م شۆڕشانه؟ تاچه‌ند وایه؟
ریبوار احمد/ بیگومان ئه‌م کاریگه‌ریه ئاشکراو به‌رچاو بوو. به‌ڵام ئه‌وه‌ش گومانی تیا نیه که له جێگایه‌ک بۆ جێگایه‌کی تر‌و له شۆڕشیک بۆ یه‌کیکی تر جیاوازی زۆری هه‌بوو. هه‌لبه‌ت مفهومی هیزه چه‌په‌کان‌و نه‌قابه کریکاریه‌کان و یەکێتیە جه‌ماوه‌ریه‌کان، زۆر گشتیە و ره‌نگه له روانگەی هه‌رکه‌سێکه‌وه مانایه‌کی هه‌بیت. ئه‌وه‌ی له رونگه‌ی منه‌وه روون و جێگا مه‌به‌سته، ده‌وری چینی کریکار‌و رێکخراوه‌کانیه‌تی که له شۆرشی تونس و میسردا زۆر به‌رجه‌سته‌و کاریگه‌ر بوو. تا ئه‌و راده‌یه‌ی که ئه‌گه‌ر رۆڵ‌و ده‌خاله‌تی کاریگه‌ری ئه‌م چینه نه‌بوایه، چاره‌نوسی ئه‌و شۆڕشانه و خه‌سله‌ته‌که‌یان جۆرێکی تر ده‌بوو. بۆ نمونه ده‌وری “اتحادی شغل” له لیدانی چەخماخه‌ی شۆڕش و له هێنانه‌مه‌یدانی هیزی چینی کرێکار، وه سه‌رئه‌نجام ده‌وری چینی کرێکار له به چۆکداهینانی ده‌سه‌لاتی بن عه‌لی ده‌وریکی یەکلاکەرەوە بوو.
هه‌روه‌ها له شۆرشی میسردا ده‌وری چینی کرێکار تا ئه‌و راده‌یه بوو، که به‌بێ بزووتنه‌وه‌ی کرێکاری 2-3 سال له‌وه‌به‌رو به‌بێ مانگرتنه کرێکاریه‌کان که هه‌تا له نیو لاوان‌دا جۆره‌ها تۆری فراوان بۆ لایه‌نگریان پیکهات، به‌رای من ئه‌و شۆڕشه به‌و شێوه‌و به‌و ناوه‌رۆکه‌وه قابیل تصور نه‌بوو. له‌وه‌ش زیاتر له رۆژانی کۆتایدا ئه‌وه‌ی ده‌سه‌لاتی موباره‌کی مه‌حکوم به روخان کرد، هاتنه‌مه‌یدانی به‌رینی چینی کرێکار بوو. ده‌وری چینی کریکار له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی یەکلاکەرەوە بوو، زۆریش کاریگه‌ری بوو له‌سه‌ر به‌رته‌سک کردنه‌وه‌ی بواری سه‌رکوت‌و کوشتار به‌ڕووی ده‌سه‌لاتدا، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر قولکردنه‌وه‌ی ناوه‌رۆکی شۆرشگیرانه‌و به‌رده‌وامی په‌یدا‌کردنی ره‌وتی شۆڕش. هاوکات چینی کریکار خالی لاوازی زۆرگه‌وره‌شی هه‌بوو که ئاستی کاریگه‌ری ئه‌م چینه‌ی له‌سه‌ر شۆڕش سنوردار کرد‌و ده‌کرێت له دریژه‌ی باسه‌که‌دا بچینه سه‌ری.
به‌لام هه‌ر به‌و راده‌یه‌ی رۆڵی ئه‌م چینه له شۆرشی تونس و میسردا به‌رجه‌سته‌و کاریگه‌ر بوو، له شۆرشه‌کانی تری وه‌کو لیبیا و یه‌مه‌ن و سوریادا نادیادرو ونبوو. له لیبیا شۆرش شکستی خوارد و بوارکرایه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌وله‌تانی غه‌ربی ئه‌ندامی ناتۆ له‌مه که‌ڵک وه‌رگرن بۆ به‌رپا کردنی سیناریۆیه‌کی کارساتبار له پێناو به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆیاندا. له یه‌مه‌ن چه‌ندین مانگه هاتنه‌مه‌دانی جه‌ماوه‌ری سته‌مدیده بۆ ئالوگۆر له‌گه‌ل ئه‌وه‌ی له چاو شۆرشی تونس و میسردا ئالا‌و ئاسۆیه‌کی رۆشنی نیه، له بنبه‌ستدا گیری خواردوه. له سوریا رۆژانه خۆپیشاندانه‌کان به‌رده‌وامه‌و کوشتار ده‌دریت به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاسۆی روون بۆ یه‌کلابونه‌وه‌و پێناسه‌یه‌کی رۆشن و شۆرشگیرانه بۆ ئالوگۆرو بۆ ئامانجه‌کانی شۆڕش لای جه‌ماوه‌ری راپه‌ریو رپشن بێت. بۆیه زۆرتر لایه‌نه بورژوازی و کۆنه‌پاریزه‌کان رۆڵی ئاسۆ به‌خشینیان به‌ده‌سته‌وه گرتووه. به بروای من فاکته‌ری هه‌ره سه‌ره‌کی له‌م که‌م و کوری و گرفته گه‌ورانه‌ی جولانه‌وه‌کانی ئه‌م سێ وولاته‌دا، غیاب یا‌ن پەراوێز بوونی ده‌وری چینی کریکاره. مه‌به‌ستم به‌شداری ئه‌فرادی کریکار نیه که بیگومان به‌شیکی زۆر له جه‌ماوه‌ری راپه‌ریو پیکده‌هینن، به‌لکو مه‌به‌ستم هاتنه‌مه‌یدانی ئه‌م چینه‌یه وه‌کو ئه‌وه‌ی له تونس و میسر شایه‌تی بوون، هه‌رچه‌نده خاوه‌ن ریزی سیاسی و ئەلتەرناتیڤ و ئاسۆی چینایه‌تی سه‌ربه‌خۆ نه‌بوو، به‌لام لانی که‌م وه‌کو چینێک به دروشم و داخوازی و شێوه‌ی خه‌باتکارانه‌ی خۆیه‌وه له شۆڕشدا ده‌وری به‌رجه‌سته‌بوو.
حوار المتمدن: ئه‌و داپڵۆسین و سه‌ركوته‌ی وڵاته عه‌ره‌بیه‌كان، به‌تایبه‌ت له‌به‌رامبه‌ر هێزه دیموكراتیخوازو چه‌پ، كاریگه‌ری نێگەتیڤی داناوە له‌سه‌ر لاواز بوونی هێزی بزووتنه‌وه‌ی چه‌پ و دیموكراتی؟
ریبوار احمد/ گومان له‌وه نیه که که هه‌میشه بزوتنه‌وه‌ی کریکاری و کۆمۆنیستی و چه‌پ، ئامانجی یه‌که‌می سه‌رکوتی ده‌وله‌تانی بورژوازیه. هۆی ئه‌مه‌ش رۆشنه‌و ده‌گه‌ریته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی که بزوتنه‌وه بورژوازیه‌کان هه‌رچه‌نده بکه‌ونه سەنگەری ئۆپۆزسیۆن‌و کێشمەکێشه‌وه له‌گه‌ل ده‌وله‌ت، هیچ کات ده‌سه‌لات‌و قازانجی سه‌رمایه ناخه‌نه مه‌ترسیه‌وه. به‌لام کۆمۆنیزم به‌بێ روخاندنی ده‌سه‌لاتی بورژوازی و له‌ریشه ده‌رهینانی نیزامی سه‌رمایه‌داری ناتوانی به ئامانجه‌کانی خۆی بگات که بریتیه له ئازادی و یه‌کسانی و خۆشگوزه‌رانی بۆ هه‌موان. به‌م مانایه سه‌رکوتی بزوتنه‌وه‌ی کریکاری و کۆمۆنیستی و چه‌پ لە کێشمەکێس و خه‌باتی چینایه‌تدا چاوه‌روان کراوه. ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه ناتوانی گله‌یی ئه‌وه له بورژوازی بکات که بۆ سه‌رکوت ده‌کات، هه‌روه‌ها ناتوانی چاوه‌روانی رۆژگاریک بیت بۆ به‌هیزبونی خۆی که بورژوازی به خوایشتی خۆی بواری بۆ بکاته‌وه‌و مه‌یدان و ئازادی پێبدات. ئه‌گه‌ر چاره‌نوسی خۆی به تێڕوانینێکی وه‌هاوه ببه‌ستیته‌وه هیچ ئاسۆیه‌کی سه‌رکه‌وتنی له‌به‌رده‌م نامینی.
که وایه له‌گه‌ل ئه‌وه‌ی سه‌رکوت ده‌وری گه‌وره‌ی هه‌بوه‌و هه‌یه له به‌رته‌سک کردنه‌وه‌ی کاریگه‌ری و ریگری درستکردن بۆ پیشره‌وی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه، به‌ڵام فاکته‌ری سه‌ره‌کی نیه. من پیم وایه فاکته‌ری سه‌ره‌کی بۆ وه‌لامی پرسیاره‌که‌ی ئیوه غیابی کۆمۆنیزمێکی پرۆلیته‌ریه له‌سه‌ر ساحه‌ی سیاسی ئه‌و ولاتانه. چونکه چه‌پ به مانا واقعیه‌که‌ی له دوا لێکدانەوەدا بریتیه له بزوتنه‌وه‌ی سۆسیالیزمی کریکاری، سۆسیالیزمی کریکاریش به‌بی کۆمۆنیزم و به‌بی مارکس به هیچ جێگایه‌ک ناگات. به‌لام ئه‌وه‌ی له‌م ولاتانه‌دا به چه‌پ‌و کۆمۆنیزم ناسراوه، هیج نزیکایه‌ته‌کی له‌گه‌ل کۆمۆنیزمی کریکاری مارکسدا نیه. بزوتنه‌وه‌ی جۆراوجۆری بورژوازین بۆ دیموکراسی و ریفۆرم و گه‌شه‌ی ئابوری و عه‌زه‌مه‌ت ته‌له‌بی میللی ….و… ناوی کۆمۆنیزمیان له‌سه‌ر خۆیان داناوه. به‌م مانایه له‌و ولاتانه‌شدا وه‌کو جیگاکانی تری دنیا له 50-60 سالی رابردودا کۆمۆنیزم بەکاربردنێکی کۆمەڵایەتی جیاوازی په‌یدا کردوه‌و له بەکاربردنی کۆمەڵایەتی خۆی وه‌کو ئالای بزوتنه‌وه‌ی دژی سه‌رمایه‌داری چینی کریکار بۆ هه‌لوه‌شانه‌وه‌ی نیزامی کاری به کرێ و موڵکایەتی تایبەتی دور خراوه‌ته‌وه. وه هه‌ر لیره‌وه چینی کریکار له ئالای خه‌باتکارانه‌ی خۆی و له ئامرازی ده‌خاله‌تی سیاسی کاریگه‌ری خۆی بێبەش بوه که بریتیه له ریزی سیاسی سه‌ربه‌خۆ به مانای حیزبی کۆمۆنیستی کریکاری که بتوانی ئه‌م چینه له ده‌وری ئالا و ئاسۆیه‌کی سیاسی چیانیه‌تی سه‌ربه‌خۆ ریکخراو بهێنیته مه‌یدان. ئه‌وه‌ش ئاشکرایه که له غیابی ئەلتەرناتیڤی چینایه‌تی سه‌ربه‌خۆدا چینی کریکار په‌لکێش ده‌بیت بۆ ژیر ئالای بزووتنه‌وه‌و باله جیاجیاکانی بورژوازی. ئه‌مه ئه‌و واقعیه‌ته‌یه که فاکتەری سه‌ره‌کی‌و سه‌رچاوه‌ی لاوازی رۆڵی چینی کریکار‌و کۆمۆنیزم و چه‌پ له هه‌موو ئالوگۆره‌کانی جیهانی عه‌ره‌ب پێکده‌هێنێت له ئیستادا.
حوار المتمدن: ئایا ئه‌توانرێ بڵێن كه ئه‌م شۆڕش و ڕاپه‌ڕینانه ده‌رسی نوێ و به‌نرخی تیادایه بۆ هێزه چه‌پ و دیموكراتیخوازه‌كان تا خۆیان نوێ بكه‌نه‌وه‌و چالاكیه‌كانیان فراوانتر بكه‌ن و داهێنان بكه‌ن له بردنه پێشه‌وه‌ی خه‌بات له‌گشت لایه‌نه‌كاندا؟
ریبوار احمد/ هه‌موو شۆرشێک ده‌رسی تازه‌و جۆراوجۆری تیایه. ئه‌م شۆڕشانه‌ش گه‌لیک ده‌رس و ته‌جروبه‌ی گه‌وره‌و به نرخیان خستوه‌ته‌روو له بواری چۆنیه‌تی خۆ سازدان و ریکخراوبون و گرتنه‌پێشی تاکتیکی کارساز بۆ ته‌سک کردنه‌وه‌ی بواری سه‌رکوت به‌روی ده‌سه‌لات و که‌م کردنه‌وه‌ی کارایی و ده‌وری سوپا و ده‌زگاکانی تر له سه‌رکوتی شۆڕش و زۆر بواری تردا. که رونکردنه‌وه‌و نیشاندانی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی ئه‌م ده‌رسانه کاریکه ده‌ستی رابه‌ران و هه‌لسوراوانی ئه‌و شۆڕشانه به تایبه‌ت رابه‌ران و هه‌لسوراوانی کریکاری و کۆمۆنیست ماچ ده‌کات و ره‌نگه ئیمه‌مانان له چاو ئه‌وان بەرتەسکی زۆرمان هه‌بیت بۆ خستنه‌روی ئه‌و ده‌رسانه.
به‌لام ده‌رسی هه‌ره سه‌ره‌کی ئه‌و شۆڕشانه بۆ کریکار‌و کۆمۆنیزم، یا‌ن به ووته‌ی ئیوه چه‌پ، هه‌ر دوپات کردنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌رسه پیشوتره‌یه که چینی کریکار‌و جه‌ماوه‌ری سته‌م دیده هه‌رچه‌نده هیزی سه‌ره‌کی شۆڕش پیکبهینن و هه‌رچه‌نده قوربانی بده‌ن و فیداکاری بکه‌ن و ده‌وری یەکلاکەرەوە له شۆڕشدا بگیڕن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر خاوه‌نی ئالا و به‌رنامه و ریزی سیاسی و چیانیه‌تی خۆیان نه‌بن له‌و شۆڕشه‌دا، ناتوانن به‌رهه‌می خه‌بات و قوربانیدانی خۆیان بچننه‌وه‌و سەرئەنجام ده‌بنه له‌شکری پیادەی بزوتنه‌وه بورژوازیه‌کان و وه‌کو پیپیلکانه‌یه‌کیان لیدیت که به‌شیک له بورژوازی به‌سه‌ر شانیاندا له ده‌سه‌لات ده‌هینرینه خواره‌وه‌و به‌شیکی تری بورژوازی به‌سه‌ر شانیاندا سه‌رده‌که‌ویت بۆ سه‌ر کورسی ده‌سه‌لات. تا دیسانه‌وه زامنی قازانجپه‌رستی سه‌رمایه بکات له‌سه‌ر حیسابی چه‌وسانه‌وه‌و مه‌حرو‌میه‌تی چینی کریکار و جه‌ماوه‌ری سته‌مدیده.
حوار المتمدن: حزبه چه‌په‌كان چۆن بتوانن به‌شداری چالاكانه بكه‌ن له هه‌لومه‌رجی سیاسی پاش داڕمانی ده‌زگا سه‌ركوتگه‌ره‌كان؟ شێوازی ئه‌م به‌شداری كردنه ئه‌بێت چۆن بێت؟
ریبوار احمد/ روخانی ده‌سه‌لاته سەرکوتگەرەکان لانی که‌م بۆ ماوه‌یه‌ک فه‌زایه‌کی سیاسی ئازاد ده‌هێنیته کایه‌وه‌و ده‌وری سه‌رکوت له‌سه‌ر چه‌پ و کۆمۆنیزم که‌م ده‌کاته‌وه. ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌تیکی گه‌وره‌یه که ده‌بی به خیرایی که‌لکی لێ وه‌رگیری بۆ برده‌نه‌سه‌ری توانا‌و ئاماده‌یه‌کانی کۆمۆمنیزم تا راده‌ی ئه‌وه‌ی که ببیته هیزیکی سیاسی گه‌وره‌و یه‌کیک له یاریکه‌رانی سەرەکی سه‌ر مەیدانی سیاسی ئه‌م وولاتانه. ئه‌مرۆ فه‌زایه‌ک کراوه‌ته‌وه که کۆمۆنیزمی پرۆلیته‌ری دوای ده‌یان سال له بالاده‌ستی سه‌رکوت ده‌توانی به ئاشکراو له ئاستی کۆمه‌لایه‌تی فراواندا ده‌ستی به کریکار‌و به کۆمه‌لگا بگات. ئه‌م ده‌رفه‌ته هه‌ر وا به‌رده‌وام نابێت، مه‌نسور حیکمه‌ت به دروست ده‌لی له فرسه‌تی له‌م جۆره‌دا کۆمۆنیزم یا‌ن ده‌بی به خیرایی توانای خۆی به‌ریته ئاستیک و به جۆریک ریشه‌ی خۆی له کۆمه‌لگادا به‌هیز بکات که له شکان نه‌یات، یا‌ن له یه‌که‌مین فرسه‌تدا په‌لاماری ده‌ده‌ن و دوچاری شکستی ده‌که‌ن.
من پێیم وایه فه‌رامۆش کردنی ئه‌م راستیه و خۆشباوه‌ربوون به کارکردن و هه‌لسورانی رۆتین و دریژماوه له ناو پرۆسه‌ی به ناو دیموکراسی و یاری هه‌لبژاردنی په‌رله‌مانی و شتی له‌م بابه‌ته‌دا، ژه‌هریکه ئه‌گه‌ر بچیت به قورگی چینی کریکار‌و کۆمۆنیزم و چه‌پدا، گیرۆده‌ی ده‌ردیکی کوشه‌نده و دوچاری شکستی حه‌تمی ده‌کات. لیره‌دا مه‌به‌ستم ئه‌وه نیه که کۆمۆنیزم له فه‌زای هه‌تا نیمچه دیموکرسیش که‌لک وه‌رنه‌گریت، یا‌ن یاری سیاسی و تاکتیکی له هه‌لبژاردنه‌کان‌و پرۆسه سیاسیه‌کاندا لی حه‌رام بیت، به پێچه‌وانه ده‌بێ له هه‌موو ئەمانه که‌لک وه‌رگری بۆ به‌هیزکردنی خۆی. به‌لام به‌و مه‌رجه‌وه که گومانی له‌وه نه‌بیت که رێڕه‌وی سه‌ره‌کی به‌هیزبونی هه‌ر ئه‌وه‌یه که ده‌بی له کورت ماوه‌دا له‌م ده‌رفه‌ته که‌لک وه‌رگری بۆ چه‌قاندنی راسته‌وخۆی پێ‌ی خۆی له کۆمه‌ڵگادا به وینه‌ی کۆمۆنیزمیکی کریکاری شۆڕشگیرو ده‌خاله‌تگه‌ری خوازیاری ده‌سه‌لات که ده‌یه‌وێ له ریگای ریکخستنی شۆڕشی کریکاریه‌وه، ده‌سه‌لاتی بورژوازی و نه‌زمی سه‌رمایه هه‌لپێچێ و سۆسیالیزم بکاته مژده‌ده‌ری ئازادی و یه‌کسانی و خۆشگوزه‌رانی بۆ هه‌موان.
به بروای من خه‌ته‌ری گه‌وره له‌م جۆره هه‌لومه‌رجانه‌دا ئه‌وه‌یه که کۆمۆنیزم ئه‌وه‌نده رادیکالیه‌ت و ماکزیمالیزم و شۆڕشگیری و ناوه‌رۆکه چینایه‌تیه‌که‌ی بهینریته خواره‌وه، ئه‌وه‌نه‌ده پەڕوباڵ بکرێت که ئه‌وه‌ی پێێ ده‌لین پرۆسه‌ی سیاسی دیموکراسی، پێ‌ی قوت بچێت‌و پێ‌ی ته‌حه‌مول بکریت. من ئه‌مه به پرۆسه‌ی مه‌رگ ده‌زانم بۆ چه‌پ و کۆمۆنیزمی کریکاری. به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌وه کۆمۆنیزمیک شانصی ئه‌وه‌ی هه‌یه که هاوکیشه‌ی سیاسی به قازانجی چینی کریکار‌و سۆسیالیزم بگۆریت، که راسته‌وخۆ به ئالای خه‌باتی چینایه‌تی و بزوتنه‌وه‌ی دژی سه‌رمایه‌داری چینی کریکار، به ئالای مارکس و شۆڕشی کریکاریه‌وه بیته مه‌یدانه‌وه‌و کریکارانی پێشره‌و پرۆلیتاریای ئه‌م ولاتانه له ده‌وری ئه‌م ئالا‌و ئاسۆیه له حیزبی سه‌ربه‌خۆو کۆمۆنیستیدا ریکخروا بکات. ئه‌مه مه‌رجی بردنه‌سه‌ر ده‌وری چینی کریکار‌و چه‌پ و هه‌روه‌ها مه‌رجی کۆمۆنیزمیکی به‌هیزو له شکان نه‌هاتووه، هه‌ر ئه‌مه‌ش له دوالێکدانەوەدا مه‌رجی ئه‌وه‌یه که چه‌پ و کۆمۆنیزم باش بتوانی له پرۆسه‌ی سیاسی ئیستا و یاری دیموکراسی و هه‌لبژاردنه په‌رله‌مانیه‌کاندا یاریکه‌ریکی باش بیت.
بۆیه چەپ به مانای کۆمۆنیزمی کریکاری له‌م ده‌وره‌یه ده‌بی ئەلتەرناتیڤی سه‌ربه‌خۆو کۆمۆنیستی بۆ کۆمه‌لگا رابگه‌یه‌نی، هه‌لویست‌و رێگاچاره‌ی رۆشنی خۆی به‌رامبه‌ر هه‌موو مه‌سه‌له‌و کیشه‌کانی کۆمه‌لگا رابگه‌یه‌نێ، ده‌بێ وه‌لامی مسه‌له‌ی ده‌سه‌لات بداته‌وه، له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی فه‌له‌ستین رێگاچاره‌ی کارسازو جیاوازی خۆی بخاته‌روو، راشکاوانه په‌رده له‌سه‌ر ناسۆنالیزمی عه‌ره‌ب و ئیسلام هه‌لمالی‌و به‌ر ره‌خنه‌یان بدات.. ده‌بێ خۆی رێکخراو بکات، به کورتی ده‌بێ کۆمۆنیزم وه‌کو به ئەلتەرناتیڤێکی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی رادیکاڵ‌و ئیفراتی خۆی بخاته‌روو. به‌مه ده‌توانی به‌هیز بیت نه‌ک خۆگونجاندن‌و خۆشباوه‌ری به پێکه‌وه ژیان له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه بورژوازیه‌کان، تا فرسه‌تی لێده‌هێنن‌و سه‌رکوتی ده‌که‌ن.
حوار المتمدن: هێزی چه‌په‌كان له زۆربه‌ی وڵاته عه‌ره‌بیه‌كان به‌ده‌ست چه‌ند پارچه‌بوونیه‌وه ئه‌نالێنێت. ئایا پێتان وایه كه پێكهێنانی به‌ره‌یه‌كی چه‌پی دیموكراتی فراوان له هەر‌وڵاتێكی عه‌ره‌بی كه سه‌رجه‌م هێزو لایه‌نه چه‌پ و سكۆلار‌و دیموكراتیخوازه‌كان بگرێته خۆ‌و، به به‌رنامه‌ی هاوبه‌شیانه‌وه و به له‌به‌رچاوگرتنی فره‌مینبه‌ری بۆیان، پێت وایه ئه‌مه ئه‌توانێ هێزی سیاسی و ڕێكخراوه‌یی و جه‌ماوه‌ری بۆ بگێڕێته‌وه‌و بیكاته‌وه به هێزێكی كاریگه‌ری جه‌ماوه‌ری؟
ریبوار احمد/ من پیم وایه “جبهه یساریه دیمقراطیه واسعه تضم كل القوی الیساریه والدیمقراطیه العلمانیه ببرنامج مشترك” داستانی ژیان و ته‌جروبه‌ی شکست خواردوی چه‌ندین ده‌هه‌ی ئه‌و شته‌یه که له جیهانی عه‌ره‌بدا به کۆمۆنیزم و چه‌پ ناوزه‌د کراوه‌و ناسراوه. له‌م ده‌یان ساله‌دا چه‌ندین جه‌بهه‌ی له‌م جۆره دروستکراوه که مانا عه‌مه‌لیه‌که‌ی شتیک نه‌بوه جگه له راکێش کردنی هیزی چه‌پ و کۆمۆنیزم بۆ ژیر ئالای بزوتنه‌وه‌کانی بالی چه‌پی بۆرژوازی و له دوالێکدانەوەدا خزمه‌ت کردن به ئامانجە بورژوازیه‌کان.
دوای ده‌یان سال له به‌کاربردنی دەستەواژەی چەپ ئیتر کاتی ئه‌وه هاتوه بریک له مانا‌و ناوه‌رۆکی ئه‌م دەستەواژەیە وردبینه‌وه. مه‌به‌ست له چەپ چیه؟ جۆرەها ئەحزابی بورژوازی ناسیونالیست و ریفۆرمیست و دیموکرات و ته‌نانه‌ت ئیسلامی هه‌یه که به به‌راورد له‌گه‌ل ئەحزابی تری هه‌ر ئه‌و بزوتنه‌وه بورژوازیانه به چەپ له قه‌له‌م ده‌درین. حیزبی لیبه‌ری به‌ریتانی و سۆسیالیستی فه‌ره‌نسی و سۆسیال-دیموکراتی ده‌وله‌تانی ئسکه‌نده‌نافی و…له چاو حیزبه راستره‌وه‌کانی بورژوازی ئه‌و ولاتانه به چەپ ناسراون. ئایا مانای وایه ئه‌مانه له کریکار‌و کۆمۆنیزمه‌وه نزیکترن و دلیان به کریکار ده‌سوتی و ده‌ستیان ناچیته ئه‌وه‌ی خوینی کریکار بمژن؟ به به‌رچاومانه‌وه لایه‌کی دنیای سه‌رمایه‌داری و به‌ربه‌ریه‌تی ئه‌م نیزامه له لایه‌ن ئه‌م حیزبه چەپانەوە هه‌لده‌سورینریت. ئه‌مانه ده‌سته‌یه‌کن له ئه‌حزابی بورژوازی که پییان وایه نه‌زمی سه‌رمایه و قازانجی سه‌رمایه له‌سه‌ر حیسابی مژینی خوینی کریکار به جۆریکی جیاواز له‌وه‌ی حیزبه راستره‌وه‌کان پیره‌وی لیده‌که‌ن، باشتر مسۆگه‌ر ده‌بیت. که‌وایه بۆ ده‌بی ئه‌لگۆیه‌کی تر له خوین مژینی کریکار به دۆست و نزیکی کریکار لە قەڵەم بدرێت.
چه‌پ و کۆمۆنیزمی کریکاری به خۆ تیکه‌لکردن له‌گه‌ل ئه‌م به‌شه‌ی بورژوازی‌و سرینه‌وه یا‌ن کالکردنه‌وه‌ی سنور له‌گه‌لیان نه‌ک به‌هیز نابێت، به‌لکو گره‌وی خۆی ده‌دۆرینێ و ده‌بێته وه‌سیله‌ی بردنەپێشی ئامانجە دژی کریکاری و کۆمۆنیستیه‌کانی ئه‌وان. ئیوه کاتیک باسی ئه‌وه ده‌که‌ن که ” أن تشكیل جبهه یساریه دیمقراطیه واسعه تضم كل القوی الیساریه والدیمقراطیه العلمانیه ببرنامج مشترك” ئه‌و مانایه له مه‌به‌سته‌که‌تان ده‌رده‌کێشرێت که مه‌به‌ست دروست کردنی به‌ره‌یه‌کی سکولاریستیه به‌رامبه‌ر ئیسلامی سیاسی. بیگومان ئیسلامی سیاسی خه‌ته‌رو مه‌ترسی و به‌لایه‌کی گه‌وره‌یه به‌سه‌ر ئه‌م کۆمه‌لگایانه‌وه، هه‌ر به‌م پێیه‌ش پاشه‌کشه پێکردن‌و که‌نارخستنی له مه‌یدانی سیاسی‌دا کاریکی زۆر گرنگه و ده‌بێ له‌م باره‌یه‌وه کاری جدی بکرێت. ئه‌مه ئه‌وله‌ویه‌تیکی سه‌ره‌کی کۆمۆنیزم و چه‌په، به‌لام پرسیار ئه‌وه‌یه بۆ ده‌بی خه‌بات دژی ئیسلامی سیاسی له‌سه‌ر حیسابی له‌ده‌ستدانی ریزی سه‌ربه‌خۆی چینی کریکار بیت؟! بۆ ده‌بێ له‌سه‌ر حیسابی راگرتنی مه‌یداناکانی دیکه‌ی خه‌باتی چینایه‌تی‌و بەرە دروست کردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه بورژوازیه‌کانی تر بێت؟ بۆ نابی هه‌م خه‌بات دژی ئیسلامی سیاسی بکرێت و هه‌م ریزی سەربەخۆی چینی کریکار به‌رامبه‌ر هه‌موو بورژوازی و له ده‌وری ئامانجه‌کانی خۆی رابگیریت؟! ئایا ئه‌و به‌شه‌ی بورژوازی که بانگیشەی مەترسی ئیسلامی سیاسی ده‌کات و خۆی وه‌کو سکولاریست هه‌لده‌خات ئاماده‌یه له پیناو دورست کردنی به‌ره‌یه‌کی به‌هیزی سکولاریستی و دژی ئیسلامی سیاسی‌دا بیته ژیر ئالای چینی کریکاره‌وه؟! گومان له‌وه نیه که کۆمۆنیزم له هه‌موو بزووتنەوەو نەرێتێکی تر، به شێوه جۆراوجۆره‌کانی چه‌پی دیموکرات و علمانیشه‌وه، په‌یگیرتره بۆ ده‌سکۆتاکردنی ئیسلامی سیاسی. که‌وایه ئه‌گه‌ر باس له بەرنامەی هاوبەشە بیت بۆ سکولاریزم ئه‌وه پێویسته هه‌موو ئه‌و هیزانه‌ی له‌م ئامانجه‌دا خۆیان به هاوبەش ده‌زانن بێنه ژیر رادیکالترین به‌رنامه‌وه بۆ سکولاریزم، ئه‌ویش به‌رنامه‌ی کۆمۆنیزمی چینی کریکاره. ئه‌گه‌ر ئه‌وان ئه‌م کاره بکه‌ن به بروای من ده‌بێ کۆمۆنیزم ده‌سیان بگوشێ و پێشوازیان لیبکات. به‌لام ئه‌گه‌ر ئه‌وان نه‌یه‌نه ژیر ئه‌م به‌رنامجه په‌یگیرترو رادیکالتره‌وه، ئه‌وه چه‌پی کۆمۆنیست نابێ له به‌رنامه‌ی رادیکالی خۆی بیته خواره‌وه‌و بچێته ژیر به‌رنامه‌یه‌کی ناپه‌یگیرو نیوه‌ناچل یا‌ن به‌ناو علمانیه‌وه.
هه‌روه‌ها ده‌بێ ئه‌وه رۆشن بیت که دنیا دنیای ناکۆکی چه‌پ و راست، ناکۆکی سکولاریزم و ئیسلام نیه به‌و مانا گشتیه، به‌لکو دنیای ناکۆکی‌و بەرمبەرکێ‌ی چینایه‌تیه. بەرامبەرکێ‌ی چینی کریکار‌و چینی بورژوازی ناکۆکی سەرەکی دنیای ئیستا و سه‌رچاوه‌ی هه‌موو کیشه‌و بەرامبەرکێکانی تریشه. بۆیه وشه‌ی “چه‌پ”یش ئه‌گه‌ر له چین و ناکۆکی چیانیەتی دابماڵرێت هیچ مانایه‌کی نیه. ئه‌گه‌ر خه‌سله‌تی چینایەتشمان پێ‌ی به‌خشی ئه‌وکات من هیچ پاساوێک نابینم بۆ دروستکردنی بەرە له نیوان چەپی کرێکاری‌و چەپی بورژوازیدا. ئەمە نه‌ک هه‌ر پاساوی نیه به‌لکو مانای له‌ده‌ستدانی ریزی سەربەخۆی چینی کریکار‌و ته‌سلیم بونه به ئاسۆ‌و ئەلتەرناتیڤی بورژوازی. هه‌لبه‌ت من ئه‌وه ره‌ت ناکه‌مه‌وه که ده‌کریت چه‌پ به مانای کۆمۆنیزمی کریکاری، له‌سه‌ر زۆر مه‌سه‌له‌ی دیاریکراو له‌گه‌ل هیزو ئه‌حزابی تر برواته مه‌یدانی گفتوگۆ‌و ریکه‌وتن و ته‌نانه‌ت هه‌لویست و هه‌تا کاری هاوبەش له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی دیاریکراو، به‌لام یه‌که‌م به‌و مەرجەی ریزی سەربەخۆی خۆی لەدەست نەدات و دوه‌میش له‌گه‌ل هیزو لایه‌نیک ئه‌م کاره بکات که به‌راستی هه‌م پابەندبێت به‌و مه‌سه‌له‌یه و هه‌م هیزو کاریگه‌ری هه‌بیت. بۆ نمونه به مه‌به‌ستی به‌رگری له ئازادی سیاسی یا‌ن به‌ره‌نگاری ئیسلامی سیاسی یا‌ن …
با به راشکاوی بلیم که به‌رای من به‌هیزبونی کۆمۆنیزم و چه‌پی کریکاری هه‌رگیز به‌رئه‌نجامی به‌ره دروست کردن و جۆریک له تێکەڵکردن یا‌ن یەکانگیرکردنی مەیل و رەوتی جۆراوجۆر به ناو چەپ و دیموکرسی و سۆسیالیستی غه‌یره کریکاری یا‌ن چه‌پی پەراوێزکەوتوو نیه. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بۆ ساتیک له ناوه‌رۆکی سیاسی و کۆمه‌لایه‌تیش بگه‌ریین، چه‌پێکی به‌هیز ناتوانی بەرئەنجامی کۆکردنه‌وه‌ی کۆمه‌له لایه‌نیکی چه‌پی لاواز‌و پەراوێزکه‌وتوو بیت. کێشه‌ی لاوازی کۆمۆنیزم له بنه‌ره‌تدا چۆنایەتیە نه‌ک چەندایەتی. جۆرێک له کۆمۆنیزم و چه‌پ ده‌توانی وه‌لامی مه‌سه‌له و نه‌به‌رده‌کانی به‌رده‌م کۆمۆنیزم بداته‌وه‌و جۆرێکی تر هه‌ن که هه‌رچه‌نده کۆیان که‌یته‌وه‌و تیکه‌ل و یەکگرتنیان پیبکه‌یت ناتوانن ئه‌و وه‌لامه بده‌نه‌وه. ئه‌وه‌ی که وه‌لام ده‌داته‌وه ئه‌گه‌ر بچوکیش بیت ده‌توانی به‌خیرایی گه‌وره بیته‌وه، ئه‌وه‌ی که ناتوانی وه‌لام بداته‌وه لەگەڵ ئەوەی ناتوانی گه‌وره بیته‌وه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به هونه‌ری بەرەسازیش گه‌وره‌ی که‌یته‌وه دیسانه‌وه بچوک ده‌بیته‌وه. چه‌پێک ده‌توانێ وه‌لامده‌ره‌وه بیت که ئالای کۆمۆنیزمیکی پرۆلیته‌ری رادیکال‌و شۆڕشگێر به‌رزبکاته‌وه و سنوری رۆشنی خۆی له‌گه‌ل هه‌موو بزوتنه‌وه‌کانی دیکه به هه‌موو شیوه چه‌پ و کۆمۆنیزمه غه‌یره کریکاریه‌کانیشه‌وه بکێشت و نوینه‌رایه‌تی ریزی سەربەخۆی چینی کرێکار بکات.
حوار المتمدن: ئایا حزبه چه‌په‌كان ئەتوانن لە ڕابه‌رایەتیەکانیاندا گه‌نجان و ژنان قبوڵ بكه‌ن كه رابەرایە‌تی كه‌مپینه‌كانی هەڵبژاردنیان بكه‌ن و له‌ڕزی پیشه‌وه‌ی ئه‌م حزبانه‌دا بن، بۆئه‌وه‌ی دەرفەتی کاری فراوانتر لە ناو جه‌ماوه‌ر و ئاسۆی فراوانتر بەروینادا بکاتەوە بۆ گرتنه‌به‌ری هه‌ڵوێستی پێویست بەخێرایەکی پێویست؟
ریبوار احمد/ یه‌که‌م به بروای من کەمپینەکانی هەڵبژاردن مه‌یدانی سه‌ره‌کی نه‌به‌ردی ئه‌مرۆی کۆمۆنیزم نیه له جیهانی عه‌ره‌بدا و پێشتر له‌م باره‌یه‌وه رای خۆم باسکرد. من به‌شداری چه‌پی کۆمۆنیست و کریکاری له هەڵبژاردن‌و کەمپینی هەڵبژاردنەکاندا به تابۆ نازانم، ده‌کرێت له هەلومەرجی تایبه‌تدا که بواری واقعی بۆ کۆمۆنیزم بکاته‌وه تاکتیکی به‌شداری کردن بگیرێتەبەر. به‌لام ئەگەری گه‌وره‌تر ئه‌وه‌یه که ئه‌و بوارە نه‌کریته‌وه‌و هەڵبژاردن وه‌کو زۆر جیگای تری ناوچه‌که سیناریۆ بیت. بۆیه من پیم وایه به‌شداری ده‌بێ به‌و مه‌رجه‌وه بیت که لانی که‌م هەلبژاردنێکی واقعی بیت. بێگومان هەڵبژاردنی بورژوازی ناتوانی ئازاد بیت ئه‌وه‌ی له‌م باره‌وه ده‌وتریت ته‌نها فریوکاریه، به‌لام لانی که‌م ده‌بی به پێوانە‌و تێگەیشتنە بورژوازیه‌که‌ی هەڵبژاردنێکی واقعی بیت.
به‌لام ده‌رباره‌ی رابەرانی ژن و گەنج، من به‌شداری هه‌ردوو ئه‌م عنصرانه له رابەری ئه‌حزابی چه‌پی کۆمۆنیستیدا یه‌کجار به گرنگ و پیویست ده‌زانم. رابەریەک که عنصری گەنجی تیا نه‌بیت هه‌م توانای نوینه‌رایه‌تی کردنی بۆ ئارەزوەکانی گەنج لاوازه‌و هه‌م توانای سازدان و هه‌لخراندنی لاوان و هه‌م گرەنتی رابەرایەتیی داهاتوی لاوازه. هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر رابەرایەتیەک ژنان به فراوانی تیایدا به‌شدار نه‌بن مانای ئه‌و حیزبه له ده‌خاله‌ت له کیشه‌ی ژنان وه‌کو یه‌کێک له مه‌یدانه گرنگرکانی خه‌به‌تی کۆمۆنیستی‌و یه‌کیکش له کیشه گرنگه‌کانی جیهانی عه‌ره‌ب، نه‌ک هه‌ر ده‌خاله‌تی کارسازی نیه به‌لکو له داهاتوشدا ناتوانی بیبیت، هه‌روه‌ها مانای وایه له هینانه مه‌یدانی ژنان بۆ خه‌باتی سیاسی و به‌ره‌نگاری له‌گه‌ل بیمافی و سته‌مکیشی چینایه‌تی‌و کۆمه‌لایه‌تی‌و هەڵاواردنی جنسی ناکام ماوه‌ته‌وه. ناکرێ تصوری بزوتنه‌وه‌یه‌کی به‌هیزی یه‌کسانیخوازی و رادیکالی ژنان بکریت به‌بی رابه‌رانیکی ژنی رادیکال و کۆمۆنیست. به‌لام به پیویستی ده‌زانم جەخت له‌سه‌ر ئه‌وه بکه‌م که مه‌به‌ستی من گرنگی به‌شداری رابەرانی ژن‌و گەنجی کۆمۆنیست و مارکسیسته، ده‌بی به‌م خه‌سله‌ته‌وه ئه‌و دوو عنصره رابەریە مسۆگه‌ر بکریت. بیگومان ده‌بی ئه‌مه‌ش دوور بگیریت له به‌رامبه‌ر یه‌کدانانی رابەرانی پیرو لاو یا‌ن ژن و پیاو.
حوار المتمدن: هێزه چه‌په‌كان به‌وه ناسراون كه‌لایه‌نگری مافه‌كانی ژنان و یه‌كسانی و نه‌خشی چالاكانه‌یان هەیە لەو بوارەدا، چۆن بتوانرێت له‌ناو ڕیزه‌كانی حزبه‌كانی خۆیان و له‌ناو كۆمه‌ڵگاشدا ئه‌مه چالاك بكه‌نه‌وه.
ریبوار احمد/ وه‌ستانه‌وه به‌رامبه‌ر سته‌م دژی ژنان مه‌یدانیکی زۆر گرنگی خه‌باتی چه‌پی کۆمۆنیست و کریکارییه. با بریک ئه‌وه رۆشن بکه‌مه‌وه که ئیوه به‌رده‌وام له پرسیاره‌کانتاندا دەستەواژەی چەپ به‌کارده‌ه‌بن و منیش ته‌ئکید له‌سه‌ر کۆمۆنیزم و چینی کریکار و چه‌پی کۆمۆنیستی ده‌که‌م، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه که چه‌پ له رونگه‌ی منه‌وه چه‌پی مارکسیست و کریکاریه. چه‌پیک مارکسیست نه‌بیت و به‌شێک نه‌بیت له بزوتنه‌وه‌ی دژی سه‌رمایه‌داری چینی کریکار ئیتر په‌یوه‌ندی به‌و بزوتنه‌وه‌یه‌وه نیه که جیگای باسی منه، بۆ نمونه سۆسیال-دیموکرات، چه‌پی ناسۆنالیست، چه‌پی دیموکرات….ئه‌مانه جیگای مه‌به‌ستی من نین، به تایبه‌تیش له په‌یوه‌ند به مه‌سه‌له‌ی ژنانه‌وه که ئیستا جیگای باسی ئیمه‌یه، ئه‌و جۆره چه‌پانه خۆیان به شیوه‌ی جۆراوجۆر له پشتی ژیرده‌سته‌یی و پله‌دویی ژنانه‌وه راوه‌ستان.
کۆمۆنیزم له دنیای عه‌ره‌بدا ده‌بی وه‌کو کاردانه‌وه‌یه‌ک به‌رامبه توندره‌وی ئیسلام و ناسیۆنالیزم له دژی مافه‌کانی ژنان، پلاتفۆرمیکی ماکزیمالیست و ئیفراتی بۆ به‌رگری له مافه‌کانی ژنان بخاته‌روو له ده‌وری ئه‌و پلاتفۆرمه بزوتنه‌وه‌یه‌کی رادیکال و ده‌خاله‌تگه‌ر به‌ریبخات. پلاتفۆرم و بزوتنه‌وه‌یه‌ک که هیچ سازشیک له‌گه‌ل پیاو سالاری و پله‌دویی ژنان نه‌کات‌و هیچ داشکاندنیک له مافه ئینسانی و یه‌کسانیخوازانه‌کانی ژنان قبول نه‌کات. هیچ پاساویک بۆ سته‌م له‌سه‌ر ژنان به‌ره‌سمی نه‌ناسێ. ده‌بی له‌سه‌ر مافه‌کانی ژنان راشکاوانه و بێ سلکردنه‌وه‌و دوودلی به‌رامبه هه‌موو ئه‌و بزوتنه‌وه‌و نه‌ریت و یاسا‌و ئه‌حکامانه راوه‌ستی که له پشتی هه‌ر جۆره هەڵاواردن‌و سته‌مکیشیه‌ک دژی ژنان راده‌وه‌ستن. ئه‌بی ئه‌و بنەمایە له‌به‌رچاو بگیریت که خه‌باتی کۆمۆنیستی بۆ ئازادی ژنان و له گۆرنانی سته‌م و هه‌لاواردنی جنسی، به پلاتفۆرمی نیوه‌ناچل و هه‌نگاو به هه‌نگاو ناکرێت. به‌لکو ئالایه‌کی رون و راشکاو و په‌یگیری ده‌وێ. ده‌نا نه‌ک هه‌ر چه‌پی بورژوازی به پلاتفۆرمی پله‌دویی ژنانه‌وه، به‌لکو ئیسلامی سیاسیش به پلاتفۆرمی کۆیلایه‌تی ژنانه‌وه، ده‌توانی مه‌یدانی مه‌سه‌له‌ی ژنان له کۆمۆنیزم ته‌نگ بکاته‌وه. کۆمۆنیزم ده‌بێ دوا قسه‌ی خۆی له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه بکات و به کرده‌وه‌ش بۆی هه‌لسورێ.
حوار المتمدن: ئایا حزبه چه‌پ و هێزه سكۆلاره‌كانی كۆمه‌ڵگا عه‌ره‌بیه‌كان ئه‌توانن سنور بۆ كاریگه‌ری خراپی ئیسلامی سیاسی له‌سه‌ر ئازادییه گشتییه‌كان و مافه‌كانی مرۆڤ و مافه‌كانی ژنان، دابنێن؟
ریبوار احمد/ من پیم وایه ده‌توانن به‌لام که‌وتوه‌ته گره‌وی ئه‌وه‌وه که چۆن ئه‌و کاره بکه‌ن. کۆمۆنیزمی پرۆلیته‌ری ده‌توانی و ده‌بی رۆڵی پیشره‌وایه‌تی له‌م کاره‌دا به‌ده‌سته‌وه بگریت و به به‌رنامه‌یه‌کی مه‌حکه‌م وهه‌مه‌لایه‌نه‌و رادیکالەوه به‌رامبه‌ر ئیسلامی سیاسی راوه‌ستی، ماهیه‌تی کۆنه‌په‌رستانه‌و دژی ئازادی و دژی هه‌موو جۆره پیشکه‌وتنخوازیه‌کی راشکاوانه بۆ کۆمه‌ڵگا ئاشکرا بکات‌و بیداتە به‌ر ره‌خنه‌ی راشکاوی کۆمۆنیستی. له هه‌مان کاتدا مانیفیستی رادیکالی خۆی بدات بۆ به‌ره‌نگاری کردنی ئه‌و خانە سه‌ره‌تانیه. بانگه‌وازی هه‌موو جه‌وماوه‌ری به‌ده‌نگ هاتوو هه‌موو هیزه‌کانی لایه‌نگی ئازادی و سکولاریزم بکات بۆ ژیر ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی خۆی. ده‌بی ئه‌وه رۆشن بیت که کۆمۆنیزی تنها هیزیکی سکولاریست نیه که به شیعاری جیای دین له ده‌وله‌ت و په‌روه‌ده‌و فیرکردن رەزایەت بدات، به‌لکو کۆمۆنیزم له‌سه‌ریه‌تی خه‌باتیکی بێ ئامانی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی فکری و سیاسی و ئایدۆلۆجی و ته‌نانه‌ت عه‌مه‌لی دژی ئیسلام و به تایبه‌تی ئیسلامی سیاسی به‌ریبخات.
حوار المتمدن: شۆڕشه‌كانی دنیا نه‌خش و گرنگی ته‌كنیكی زانیاری و ئه‌نته‌رنێتیان سه‌لماند، به‌تایه‌بت فه‌یس بووك و تویته‌رو.. هتد، ئایا پێتان وانیه كه ئه‌مه پێویستی به شیوازێكی نوێ و میكانیزمی تازه له سه‌ركردایه‌تی حزبه چه‌په‌كاندا هه‌یه به‌پێی گه‌شه‌ی زانیاری وزانستی و گه‌وره؟
ریبوار احمد/ به‌ڵی هه‌موو ئه‌وانه ده‌وری گرنگیان له هه‌موو بواریکی ژیانی کۆمه‌لایه‌تیدا په‌یدا کردوه، له‌وانه‌ش له مه‌یدانی خه‌باتی سیاسی‌و راگه‌یاندن‌و په‌یوه‌ندی‌و گه‌یاندنی ده‌نگ له ئاستی زۆر فراواندا…بێگومان ده‌بێ سودی ته‌واو له‌م ئیمکانیاته زانستیانه وه‌ربگیریت. به‌لام ته‌ئکیدکردن له‌سه‌ر دوو خاڵ له‌م باره‌یه‌وه زۆر به پێویست ده‌زانم؛ یه‌که‌م، هه‌موو ئه‌م ئیمکانیاته له‌گه‌ڵ پێویستی که‌ڵک لێوه‌رگرتنی، به هیچ جۆرێک جیگای میکانیزمی رۆتینی رابه‌ری ناگرنه‌وه. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه که ئه‌نته‌رنێت‌و فه‌یس بوک، ناتوانێ جێگای په‌یوه‌ندی روبه‌روو دیداری زیندوو بگرێته‌وه چ له بواری ژیانی حیزبی‌و چ له بواری رابه‌ری کۆمه‌ڵگادا. ئه‌گه‌ر ئه‌مه له‌به‌رچاو نه‌گیرێ ئه‌وه ئه‌نته‌رنیت و فه‌یس بوک له ئیمکایاتیکی زانستی زۆر گرنگ بۆ کارئاسانی‌و کارراپه‌راندن که ئه‌توانێ بۆشایی زۆر گه‌وره پربکاته‌وه، ئه‌گۆڕێ بۆ یامرازو و هۆیه‌ک بۆ تێکدانی حیزب‌و زه‌ربه‌دان له په‌یوه‌ندی حیزب‌و کۆمه‌ڵگا. بۆ نمونه حیزب ئه‌توانێ به که‌ڵک وه‌رگرتن له‌و ئیمکانیاته په‌یوه‌ندی خۆی له‌گه‌ل کۆمه‌لگا فراوان بکاته‌وه‌و هه‌ردوکیان ئاسانتر ده‌ستیان به‌یه‌ک بگات، به‌لام حیزب ناتوانی له ریگای ئه‌نته‌رنیت‌و فه‌یس بوکه‌وه رابه‌ری کۆمه‌لگا بکات. یا‌ن ئه‌گه‌ر میتنگی رووبه‌روو زیندوی حیزبی جیگای درا به میتینگی ئه‌نته‌رنێتی به بروای من پرۆسه‌ی هه‌لوه‌شانی حیزب ده‌ست پێده‌کات.
مه‌سه‌له‌ی دوه‌م ئه‌وه‌یه که راسته ئه‌نته‌رنیت‌و فه‌یس بوک ده‌وری گرنگی گیرا له شۆڕشه‌کانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌و له هه‌موو بواره‌کانی ژیانی کۆمه‌لایه‌تیدا، به‌لام به‌ده‌ر له‌م ده‌وره واقعی‌و تایبه‌ته، زیادەڕۆ‌یه‌کی یه‌کجار زۆر کراوه له باره‌ی ده‌وری ئه‌نته‌رنێت‌و فه‌یس بوک له شۆڕشی میسردا. تا ئه‌و راده‌یه‌ی که هه‌ندێ کات شۆڕشی میسر به شۆڕشی فه‌یس بوک ناو براوه، له کاتێکدا به بروای من ئه‌گه‌ر ده‌وری فه‌یس بوک چه‌ند به‌رابه‌ریش بکه‌ینه‌وه، به‌ڵام به‌بێ ئه‌و بزووتنه‌وه کرێکاریه‌ی له 2-3 سال له‌وه‌به‌ره‌وه به‌رێکه‌تبوو، هه‌روه‌ها به‌بێ ئه‌و بزووتنه‌وه‌ی لاوانه‌ی که له تۆری فراوانی مه‌یدانیدا، نه‌ک فه‌یس بوک، خۆیاین ریکخراوکردبوو، وه به روخساری خۆیانه‌وه بوون به رابه‌ری دەوروبەرە کۆمه‌لایه‌تیەکەی خۆیان، ناکرێ تصوری ئه‌و شۆڕشه بکرێت.
حوار المتمدن: به‌بۆنه‌ی ده‌هه‌مین ساڵڕۆژی دامه‌زراندنی (حوار موته‌مه‌دن)، چۆن ئه‌م پرۆژه‌یه و جێگه‌و رێگه‌ی سیاسی و ئیعلامی و په‌یڕه‌وه چه‌پیه فره‌مینبه‌ریه‌كه‌ی هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟
ریبوار احمد/ الحوار المتمدن پرۆژه‌یه‌کی سه‌رکه‌وتوه، ده‌نگیکی به‌رزه، کاریگه‌ریه‌کی باش‌و فراوانی هه‌یه. هه‌لبه‌ت من پێم وایه الحوار المتمدن ئه‌توانی له‌وه‌ش زیاتر ده‌وری هه‌بێت له‌سه‌ر فه‌زای فکری‌و سیاسی جیهانی عه‌ره‌ب به قازانجی ئازادی‌و یه‌کسانی‌و به‌هێزبونی ده‌وری چه‌پ، ئه‌گه‌ر ئه‌وله‌ویاتی خۆی به شێوه‌یه‌کی وردتر دیاری بکات. به تایبه‌تی پێویست ده‌کات که بایه‌خی تایبه‌تی بدات به چه‌پی مارکسیست‌و کریکاری‌و تیکەڵاوی له نیوان چه‌پ بە گشتی و دیموکراسی‌و مه‌ده‌نیه‌ت‌و علمانیه‌ت‌و ته‌نانه‌ت لیبرالیزم نه‌کات. خوینه‌ر زیاتر ئه‌و تصوره له الحوار المتمدن وه‌رده‌گرێت که کێشه‌ی و ناکۆکی سەرەکی جیهانی عه‌ره‌ب کێشه‌و ناکۆکی علمانیه‌ت و ئیسلامیه‌ت هه‌روه‌ها بەرامبەرکێ‌ی راست‌و چه‌پ به‌گشتی، کێشه‌و ناکۆکی سەرەکین. له کاتیکدا کێشه‌و ناکۆکی سەرەکی له واقعدا کێشه‌و بەرامبەرکێ‌ی چینایه‌تی دوو چینی کریکار‌و بورژوازیه. الحوار المتمدن له‌م ناکۆکیەدا ده‌توانێ ده‌وریکی گرنگ به به‌هێزکردنی بەرەی چینی کریکار‌و کۆمۆنیزم چه‌پی کریکاری‌و مارکسیست بگێرێت. هه‌ر به‌م جۆره‌ش له بەرامبەرکێ‌ی واقعی علمانیه‌ت‌و ئیسلامیه‌ت وه له بەرامبەرکێ‌ی واقعی چه‌پ‌و راستدا، ده‌وری کاریگه‌رتر بگێڕێت بۆ بەهێزکردنی علمانیه‌ت‌و چه‌پی واقعی.
سەرەتای دێسەمبەری ٢٠١١