بەڕێز بێت یادی هاوڕێ مستەفا یونسی!

0

هەواڵی مەرگی هاوڕێ مستەفا یونسی بۆ من بەڕاستی ڕاچڵەکێنەر و دڵتەزین بوو. مەرگی ئەو هاوڕێی ئازیزەمان خەسارەتێکی گەورەیە بۆ بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان، هاوڕێ مستەفا خاوەن مێژویەکی درێژ لە خەباتی کۆمۆنیستیە لە کوردستانی ئیران و لە چەندین قۆناغی جیاوازی ئەو خەباتە بەشداری کردوە و ڕۆڵ و پێگەی دیار و گرنگی لەو خەباتە و لە چەند ڕێکخراو و حزبی کۆمۆنیستیدا هەبوە. لەم چەند ساڵەی دواییدا ئەو کادر و هەڵسوڕاوێکی هوشیار و تیژبین و زۆر دڵسۆزی حزبی کۆمۆنیستی کریکاریی کوردستان و کۆمۆنیزمی کرێکاریی بوو. نە تەنیا زۆر دڵسۆزانە لە بیری هەموو ئاستەکانی هەڵسوڕانی ئەم حزبەدا بوو، بەڵکو لە ئاستی گشتی بزوتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکارییدا وەکو کادرێکی پێشڕەوی حیکمەتیست لە خەمی ئەم بزوتنەوەیەدا بوو، بەردەوام تاقیبی کێشە و گرفت و چارەنوسی هەموو بزوتنەوەکەی دەکرد و دەخاڵەتێکی جدی دەکرد و هەوڵی خۆی دەدا بۆ چارەسەریان.
هاوڕێ مستەفا بۆ من تەنها کادرێکی حزب نەبوو، ئەو لە هەمانکاتدا هاوڕێیەکی دڵسۆز و خۆشەویستی شەخسیم بوو. هەروەها ئەو وەرگێڕی بەشێکی زۆر لە باس و نوسراوەکانی من بوو لە کوردیەوە بۆ فارسی. سەرباری زەحمەت و ماندوبونی کار، کاتێکی زۆری تەرخان دەکرد بۆ وەرگێڕانی نوسراوەکانی من. لەو بارەیەوە بە تایبەتی شایستەی ڕێزو قەدرێکی گەورە و تایبەتە لەلایەن منەوە. بەڕاستی مەرگی ئەو خەمێکی قورس و خەسارەتێکی گەورەیە و بۆشاییەکی زۆر بۆ کاری حزب و بۆ هاوڕێیەتی و بۆ شخسی من دروست دەکات.
بەم بۆنە ناخۆشەوە من لە قوڵایی دڵەوە سەرخۆشی لە هەردو کچە ئازیزەکەی و هەموو خانەوادە و کەسوکاری هاوڕێ مستەفا و لە هەموو هاوڕێیان و دۆستانی، هەروەها لە هەموو ئەندامانی حزبی کۆمۆنیستی کریکاری کوردستان دەکەم. یادی ئازیزی ئەو بۆ هەمیشە لە دڵماندا زیندو دەمێنێتەوە و بە درێژەدانی خەباتی کۆمۆنیستی، ئەو یادە بەرز و بەڕێز رادەگرین.

ڕێبوار ئەحمەد

/٥/٩/٢٠٢٦

LEAVE A REPLY

Please enter your comment!
Please enter your name here