چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵ ڕادیۆی هاوپشتی:
ئه‌مه‌ی خواره‌وه وه‌لامی چه‌ند پرسیاری چاوپێکه‌وتنێکه که‌ڕادێۆی هاوپشتی دەربارەی کاریگه‌ریه‌کانی شۆڕش له‌میسر وتونس له‌سه‌ر کوردستان ودۆخی هاتنه‌مه‌یدانی خه‌ڵک وسیناریۆکانی ناوی له‌گه‌ڵ ڕێبوار ئه‌حمه‌د دا سازدراوه. ئێمه دوای نوسینه‌و وداڕشتنه‌وه‌ی، به‌پێویستمان زانی بڵاوی بکه‌ینه‌وه… بڵاوکراوه‌ی ئۆکتۆبه‌ر
ڕادیۆی هاوپشتی: ئه‌م کاته‌تان باش…ئاگادارن له‌هه‌فته‌ی ڕابردودا وله‌ژێر‌کاریگه‌ری ئه‌و ڕووداوانه‌ی که له میسر‌و تونس ئه‌گوزه‌رێ هه‌م به‌شێکی تری جیهانی عه‌ره‌بی گرتۆته‌وه وهه‌م کوردستانیش ڕووبه‌ڕووی جۆرێک له‌بارگرژی بۆته‌وه. به‌تایبه‌تی که بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌په‌یامێک و بانگه‌وازیک داوا ئه‌کا که‌حکومه‌ت و په‌رله‌مان هه‌ڵبوه‌شێته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌و جۆره داخوازیانه‌ی تردا که دەولەت ببیتە موئه‌سه‌سات و ده‌سه‌ڵات له‌حزب جیابکریتەوە. پرسیاری من گشتی نیه له‌سه‌ر به‌یاننامه‌که‌ی گۆڕان، به‌ڵکو له‌سه‌ر چۆنیه‌تی کاریگه‌ری ئه‌و ڕووداوانه‌یه له‌سه‌ر کوردستان …واته چ ئه‌لته‌رناتیڤێ دێته‌به‌رده‌م خه‌ڵکی کورستان و ئێوه هه‌ڵسه‌نگاندنتان چی یه بۆ ئه‌و بارگرژیه؟
ڕێبوار ئه‌حمه‌د:
له کوردستان به‌هۆی حوکمی ئه‌م نزیک به 20 ساڵه‌ی ڕابردووی ئه‌حزابی ناسیونالیستی کورده‌وه و به‌هۆی ناعه‌دالیه‌تیه‌کی زۆر قوڵه‌وه که به‌به‌رچاوی هه‌موو خه‌ڵکه‌وه‌یه… هەروەها قڵشتێکی جینایەتی و کۆمەڵایەتی زۆر گەورە، کە بوەتە مایەی ئەوەی که‌مایه‌تیه‌کی زۆر که‌م هه‌موو ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌یان له‌ده‌سته وله‌لایه‌کی تریشه‌وه خه‌ڵکانێکی یه‌کجار زۆر مه‌حروم و بێبه‌شن، به‌خێرایی له‌ماوه‌ی ئه‌م 20 ساڵه‌دا ئه‌و ڕاستیه هاته‌پێشه‌وه که خه‌ڵک ناڕازین له‌و دۆخە و خوازیاری گۆڕانن و ئه‌یانه‌وێ ئه‌و دۆخەکە بگۆڕن. له‌م کاته‌دا ئه‌و ڕووداوانه‌ی که له‌ناوچه‌که‌دا رووده‌دن له‌تونسه‌وه ده‌ست پێده‌کات و له‌میسر ده‌ته‌قێته‌وه، جارێکی تر ووڵاتانیکی عه‌ره‌بی تر له‌سه‌ر لێواری ته‌قینه‌وه ڕاده‌گرێ و له به‌شێکیاندا خۆپیشاندان ده‌ستی پێکردوه. ئه‌مانه‌ش کاریگه‌ریه‌کی ڕاسته‌وخۆی هه‌یه له‌سه‌ر کوردستان.
له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌لومه‌رجه‌که‌یان زۆر له‌یه‌ک ده‌چێت، واتە ئه‌و شته‌ی که له‌وێ خه‌ڵک لێی ڕاپه‌ڕیوه له‌زۆر لایه‌نی سەرەکیدا له‌کوردستان ئه‌چێت. بۆیه کاریگەری راسته‌وخۆیشی له‌سه‌ر کوردستان هه‌یه ودیبێت. ئه‌وه‌ی که تاکو ئێستا ده‌یبینی، وه‌ک هه‌ر جێگه‌یه‌کی تر ده‌سه‌ڵاتی حاکم ده‌سه‌ڵاتێکه که به‌زۆر خۆی داسه‌پاندوه‌و ژیانێکی شاهانه‌ی بۆ به‌شێک له کۆمه‌ڵگا پێکهێناوه که ده‌وڵه‌مه‌ندان و سه‌رمایه‌دارانن. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م واقعه‌دا ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵک له ئارادایه و ده‌سه‌ڵاتیش کاردانه‌وه‌ی هه‌یه له به‌رامبه‌ریدا. هه‌ڕه‌شه‌و گوڕه‌شه‌و چاوسور کردنه‌وه‌و سه‌رکوتکردن وهێزکۆکردنه‌وه‌و ته‌نانەت تانگ و تۆپ به‌گه‌ڕخستن بۆ ئه‌وه‌ی لوله‌کانی پیشانی خه‌ڵک بده‌ن. له‌م کاردانه‌وه‌یه‌شدا ڕاسته به‌ڕواڵه‌ت هه‌وڵه‌کانی ده‌سه‌ڵات بۆسه‌رکوت، ڕووی له بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه، به‌ڵام به‌بڕوای من ئه‌وان ئه‌بینن که له‌کوردستاندا مه‌یلێ بۆ ئاڵوگۆڕ ومه‌یلێ بۆ وه‌ستانه‌وه به‌دژی ئه‌م ناعه‌داله‌تیه هه‌یه و ئه‌زانن که به‌ته‌واوه‌تی ڕیشه‌یه‌کی به‌هێزی هه‌یه وخه‌ڵک خوازیاری ئاڵوگۆڕێکی له‌وجۆره‌یه. بۆیه له‌رواڵه‌تدا هێز پیشانی بزووتنه‌وه‌ی گۆرانی ئه‌ده‌ن، به‌ڵام له واقعدا مه‌به‌ستیان هه‌موو خه‌ڵکه. به‌هه‌موو خه‌ڵک ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر خه‌ڵکێک مه‌یلی ئه‌وه‌ی هه‌یه که‌ئه‌م ئه‌وزاعه بگۆڕیت وه بیه‌وێ بێته مه‌یدان ئه‌بێ ئه‌وه بزانێت ئێمه به‌لوله‌ی چه‌کی پێشمه‌رگه و به‌لوله‌ی ده‌بابه وەلامی ده‌ده‌ینه‌وه.
ڕادیۆی هاوپشتی:
ئایا ئیمکانی ڕیفۆرم له‌م ده‌سه‌ڵاته دا هه‌یه؟
ڕێبوار ئه‌حمه‌د:
کێشەی من له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ئه‌وه‌یه که به‌رنامه‌ی ڕیفۆرمێکی زۆر ڕواڵه‌تییه له دۆخی ئیستای ئه‌م وولاته‌دا له رووی ئابووری و سیاسیه‌وه.
هیچ ئاڵوگۆرێکی جدیان نەخستوەتەرو، دووباره هه‌ر سیسته‌می په‌رله‌مانی کارتۆنی پێشنیار ده‌که‌نه‌وه. تەنها ئەوەی بۆ زیاد دەکەن که‌ره‌نگه له‌م جاره‌دا گۆران، (دیاره به‌بۆچوونی خۆیان) هێزی یه‌که‌م بێت تیایدا. وه دووباره هه‌ر ده‌ستوری قه‌ومی-ئیسلامی ده‌که‌نه‌وه به پایه‌ی ئه‌ساسی قانوون له‌کوردستاندا. هه‌روه‌ک ئه‌یبینین که گۆڕان له‌گه‌ڵ بانده ئیسلامیه‌کان و له‌گه‌ڵ ده‌ستوری ئیسلامیداو له‌گه‌ڵ شه‌رعیه‌تی ئیسلام کۆکن. ئه‌مه‌ش کۆڵه‌که‌یه‌کی به‌دبه‌ختی و بێمافی به‌شێکی گه‌وره‌ی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه‌یه. جگه‌له‌مه‌ش باسی وه‌ڵامدانه‌وه به‌هه‌ژاری وبێکاری وکه‌می ده‌رامه‌تی کرێکاران، له‌به‌رنامه‌ی گۆران‌دا نیه، به‌کورتی ئه‌وانه‌ی که گۆڕان ووتویه‌تی به‌قه‌د ئه‌وه‌یه ده‌سه‌ڵاتی یه‌کێتی و پارتی بگۆڕێت بۆ ده‌سه‌ڵاتی گۆڕان… من مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه ئه‌وه‌ی گۆڕان کردویه‌تی به به‌رنامه‌ی خۆی، ئاڵوگۆرێکی زۆر ڕواڵه‌تییه!
به رواڵه‌ت وادیاره ئه‌وان ئاڵوگۆڕێکی زۆر گه‌وره پێک ده‌هێنن به‌ڵام خوازیاری ئاڵوگۆڕێکی ئەوتۆ نین جگە لەوەی که ته‌جروبه‌ی هه‌ر 5 – 6 مانگه‌ی له‌مه‌وپێش نیشانی‌دا. ئه‌وان بۆ مەسەلەی تیرۆری سه‌رده‌شت عوسمان چ هه‌رایه‌کی گه‌وره‌یان سازکرد له‌چه‌ند ڕۆژانی سه‌ره‌تادا، به‌ڵام زۆر له‌ناکاو هێشتا که‌زۆربه‌ی خه‌ڵک له‌گه‌رمه‌ی ناره‌زایه‌تیدا بوون، ده‌نگی خۆیان بڕی و له‌پشت ئه‌و ناره‌زایه‌تیه لاچوون. له قۆناغی دووه‌مدا کاتێک سیناریۆکه سازکرا بۆ به تیرۆریست ناساندنی سه‌رده‌شت، ئه‌م جاره ئه‌وان ته‌نانه‌ت هه‌ڵوێستێکیان نیشان نه‌دا.
ئه‌مه دەریخست که ئه‌وان زۆرتر ئه‌یانه‌وێ ناره‌زایه‌تی خه‌ڵک بکه‌ن به‌ده‌ستمایه بۆ گه‌یشتن به‌ئامانجه‌کانی خۆیان. کێشەی ئه‌وان کێشەیی زۆربەی زۆری خه‌لک نیه، که له‌دژی برسی‌تی و‌هه‌ژاری وبێکاری و نابه‌رابه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی به‌ده‌نگ هاتووه. کێشەی ئه‌وان کێشەی ئه‌و هه‌زاران و ده‌یان هه‌زار ژن نیه که له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی پیاوسالاری وناموسپه‌رستیدان، کێشەی ئه‌وان کێشەی ئه‌و لاوانه نیه که به‌شه‌پۆل هه‌ڵدێن، هه‌تا کێشەی ئازادی سیاسیان نیه. به‌و رادەیە ئازادی سیاسیان بۆ گرنگە که گیروگرفت بۆ ئه‌وان پێکهاتبێ و ڕێگری بۆکاریان دروست بووبێت.
ئه‌وه‌ی من باسی ئه‌که‌م شتێکی زۆر جیاوازه له‌وه‌ی گۆڕان، ڕاسته هه‌ردوولا باسی ئاڵوگۆڕ ده‌که‌ین له کوردستان، به‌ڵام به‌دوو ئاراستەی گه‌لێک جیاواز.
ڕادیۆی هاوپشتی:
ئاڵوگۆڕ له‌کوردستان ئیمکانی هه‌یه، پێت وایه خه‌ڵک بڕژێنه سه‌رشه‌قام؟
ڕێبوار ئه‌حمه‌د:
له‌هه‌موو شوێنێکی دنیا هه‌میشه ئه‌م مه‌سه‌له‌یه لە ئارادایە، مادام خه‌ڵکێکی زۆر ناڕازیه، مادام ناره‌زایه‌تیه‌کی گه‌وری په‌نگ خواردوو هه‌یه، مادام ناعه‌داله‌تیه‌کی گه‌ورەی به‌وجۆره هه‌بێت، که تۆ کارگەو خویندنگاو فەرمانگەو بازاڕ شەقام و له‌هەر جێگایه‌کی تردا ده‌یبینی. خه‌ڵک قسه ئه‌کا ئه‌مه هه‌میشه ئیمکانی هه‌یه بگۆڕێ به ره‌وه‌ندێک بۆ گۆڕان. هه‌ر ئێستا خه‌ریکه ئیماکنه‌که‌شی دروست ده‌بێت، جیاوازیەک له نێوان ئێستا‌و دوومانگ له‌مه‌وبه‌رو شه‌ش مانگ له‌مه‌وبه‌ر و ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر هه‌تا 5 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ئه‌وه‌یه، کە ئیمکانه‌که خه‌ریکه دروست ئه‌بێت، به‌تایبه‌تی که شه‌پۆلێک له‌ڕاپه‌ڕینی شۆڕشگێرانه لە ناوچەکە بەرێکەوتوە.
خه‌ڵکانێک بینویانه ده‌سه‌ڵاتێک وه‌ک ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی حوسنی موباره‌ک، که واده‌هاته به‌رچاو ده‌سه‌ڵاتێکی له‌بنه‌هاتوو له‌جولان نه‌هاتووه، ئه‌مڕۆ له‌ئاستی هاتنه‌مه‌یدانی خه‌ڵکدا چۆکی داداوه. ئێستا ئه‌و ئومێده له‌ناو خه‌ڵکدا زۆر گه‌شاوه‌ته‌وه، ئومێدێک که ئه‌گه‌ر خه‌ڵک بێته مه‌یدان ده‌توانێت ئاڵوگۆر بکات. له‌م چەند ساڵه‌ی ڕابردوودا که خه‌ڵک نه‌یتوانیوه لە ئاستیکی بەم جۆرە فراوندا بێنەمه‌یدان له‌کوردستان ترسی بوه له‌ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ر‌کوتی یه‌کێتی وپارتی. به‌ڵام ئێستا ئه‌بینن که چون حوسنی موباره‌ک به‌و هه‌موو زه‌به‌رو زه‌نگه‌وه به‌رگه‌ی هاتنه‌مه‌یدانی خه‌ڵکی ناڕازی نه‌گرت…
ڕادیۆی هاوپشتی:
ببوره پرسیاره‌که‌ت پێئه‌بڕم، به‌ڵام ئه‌و‌ترسه هه‌ر هه‌یه ئێمه وه‌ک که‌سانێک له‌کوردستانی عێراق هاتوین کاتی موقارنه‌ی دیکتاتۆرێکی وه‌ک سه‌دام ده‌که‌ین، نه‌وعێ له‌دیکتاتۆری که حوسنی موباره‌ک هه‌یه‌تی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که له سه‌ر‌ده‌می سه‌دامدا ئیمکانی نه‌بوو خه‌ڵک بێته سه‌ر جاده‌و ڕه‌می نه‌کرێت، هێشتا به‌ڕه‌ئی من ئه‌مه دیفاع نیه له‌حوسنی موباره‌ک کاردانه‌وه‌ی سوپا‌و ئاسایش به‌و شێویه که له عێراقدا ئه‌نجامدراوه، پێت وایه یه‌کێتی و پارتی به‌م شیوه‌یه مامه‌ڵه‌ی خه‌ڵکی بکه‌ن، یان که‌لتوری به‌کارهێنانی چه‌ک له‌به‌رامبه‌ر به‌یانێکی گوڕاندا ده‌بابه به‌رامبه‌ر گرده‌که کارێکی وا ده‌کا ئه‌گه‌ر ئاڵ‌وگۆڕێک بێت کۆمه‌ڵگای ئێمه خوێناوی تر ده‌بێت…
ڕێبوار ئه‌حمه‌د:
به‌بڕوای من ئه‌وه‌ی که حوسنی موبارک نه‌یتوانی کوشتارێک بکات له‌نموونه‌ی ئه‌وه‌ی که له سه‌دام چاوەروان کراوه، هۆیەکه‌ی به‌ته‌نیا ئه‌وه نیه که‌حوسنی موبارک به‌ته‌واوی وه‌ک سه‌دام ئاماده نیه ده‌ست بخاته خوێنی خه‌ڵک، به‌ڵکو هۆیەکەی ئه‌و شێوه هاتنه مه‌یدانه‌ی خه‌ڵک بوو که‌مه‌جالی نه‌دا، ده‌ستی سه‌رکوتی خوێناوی ڕژێمی موباره‌ک بکرێته‌وه. به‌بڕوای من حوسنی موباره‌ک له‌نه‌خشه‌یدا بوو که ئه‌گه‌ر بۆی بلوێت و بۆی بچێته سه‌ر ده‌ستبه‌رێت بۆسه‌رکوتی بێ‌سنور، ته‌نانه‌ت ئامادەبوو هه‌تا بڵێی بکوژێت بە مەرجێک بتوانێت سه‌رئه‌نجامه‌که‌ی هه‌لومه‌رجه‌کان ئارام بکاته‌وه و ئه‌و حه‌ره‌که‌ته سه‌رکوت بکات. که‌وایه ده‌بێت بزانین که‌هێندێک حه‌ره‌که‌ت هه‌یه له‌سه‌ر‌کوت کردن نایه‌ت، یان ئه‌بعاده‌که‌ی ئه‌وه‌نده فراوانه سه‌رکوت ده‌ره‌قه‌تی نایه‌ت وله‌به‌رامبه‌ریدا ده‌سه‌وه‌ستانه. من پێموایه له کوردستانیش ئه‌م فاکتۆره ئه‌یبڕیته‌وه.
خاڵێکی‌تر ئه‌وه‌یه که به‌شێک له‌توانای سه‌رکوتگه‌ری ده‌سه‌ڵات هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ وه‌همێک که‌خه‌ڵک تووشی ده‌بێت. ئه‌وه خۆشباوه‌ڕی خه‌ڵکه، یانی ئه‌و خۆڵه‌یه که ده‌سه‌ڵات فڕێیده‌داته چاوی خه‌ڵکه‌وه‌و کوێریان ده‌کات وناهێڵێ واقیعه‌کان ببینن وبه‌م هۆیه‌شه‌وه ده‌سه‌ڵات توانای سه‌رکوتی تیا به‌ده‌ستده‌هێنێ. له‌ڕاستیدا ئه‌وه خه‌ڵکه که دەبی بزانی چۆن ده‌ست ئه‌بات بۆ ئاڵوگۆڕو ڕێگه نا‌دات به‌ده‌سه‌ڵات تا به‌ئاسانی ده‌ست به‌رێت بۆسه‌رکوت وکوشتار.
لایه‌نێکی ئه‌م باسه هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه بۆخودی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان. گۆڕان که پێیه‌کی له‌ناو میلیشادایه و چه‌کداری هه‌یه له‌کۆمه‌ڵگاو له‌ناو هێزی پێشمه‌رگه‌دا، له‌ناو ئاسایشداو خۆی لایه‌نێکی چه‌کداره، هه‌رچه‌نده بە روالەت وا خۆی نیشان نا‌دات. دیاره ئه‌مه مه‌ترسیداره، وه ئه‌گه‌ر بێت و ته‌قینه‌وه‌ی ناره‌زایه‌تی خه‌ڵک به بانگه‌وزی ئه‌وان شکل بگرێت، به‌م هۆیه‌وه ئه‌و ئیحتماله‌ش دێته پێشه‌وه که مه‌سه‌له‌که ببێت به شه‌ری نێوان ئه‌وان. چونکه یه‌کێک له‌ولایه‌نانه‌ی که ئه‌یه‌وێت ئاڵوگۆر بکات خۆی چه‌کداره و‌مه‌یلی ئه‌وه‌ی تێدایه که ده‌ست به‌رێت بۆ چه‌ک. ئه‌گه‌ر ئه‌مه ببێت دیاره مه‌ترسیداره. به‌رای من یه‌کێک لەو مەسەلانەی که ئه‌بێت ئێمه بانگه‌وازی بۆ بکه‌ین، بریتیە لەوەی کە خه‌لک دەبی وشیاربن به‌م ڕاستیه‌و نابێت خۆشباوەربن به‌وه‌ی که به‌ئاسانی ئەم جولانەوەیە ده‌چێته پێشه‌وه. من جەخت لەسەرئە‌وه ده‌که‌م که خه‌ڵک ده‌بێت به‌تاکتیک و به‌ڕاوه‌ستانێکی سه‌ربه‌خۆی خۆیه‌وه ده‌ست ببات بۆ ئاڵوگۆڕ و بێته‌مه‌یدانه‌وه.
تاکتیکی من ئێستا بۆ ئه‌وه نیه که خه‌ڵک بچێ په‌لاماری مقه‌رات بدات و بچن ده‌زگا ده‌وڵه‌تیه‌کان ئیداره‌کان بسوتێنن، به‌ڵکو ئێستا کاتی ئه‌وه‌یه که‌بێنه مه‌یدان بۆ داواکاری و خواستی زۆر ساده، خواستێک که‌خه‌ڵک پێویستی حه‌یاتی پێی هه‌یه. له‌وانه مه‌سه‌له‌ی کاره‌با، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی قانونی سه‌رکوتکردنی خۆپیشاندان، مه‌سه‌له‌ی ئازادیه سیاسیه‌کان، له چوارچێوه‌یه‌ک که سه‌رده‌شتی تیا تیرۆر ده‌کرێت، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌چه‌ندین ڕۆژنامه‌نوس و ڕۆشنبیر هه‌موویان ڕاکێشی دادگا ده‌کرێن، ده‌می مزگه‌وتیان لێکرد‌ونه‌ته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی خوتبه‌یان له‌دژ به‌ن. هه‌روه‌ها بۆ مه‌سه‌له‌ی بێ‌کاری و.. به‌واتایه‌کی تر ئێستا کاتی ئه‌وه‌یه که خه‌ڵک بێدرەنگ و له‌وهاوسه‌نگیه تازه‌یه‌ی که هاتوەتەپێشه‌وه، یانی هاوکێشه‌یه‌ک که له ناوچه‌که‌دا خوڵقاوه لە نیوان خه‌ڵک و ده‌سه‌ڵاتدا، سود وه‌رگرێت. خه‌ڵک ئه‌مڕۆ توانای هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ی ئاماژه‌م پێ‌کرد خواسته‌کانی خۆی به‌ڕۆشنی بەرزبکاتەوە، خه‌ڵک توانای هه‌یه بچێت کۆبونه‌وه بکات، خۆپیشاندان بکات، سه‌ره‌نجام ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات ملنه‌دات به‌خواسته‌کانی خه‌لک، ئه‌وا کێشه‌مه‌کێشی نێوان خه‌ڵک و ده‌سه‌ڵات ئه‌باته ئاستێکی تره‌وه، ئه‌گه‌ریش ملی پێدا ئه‌وا خه‌ڵک قازانج ده‌کات. به‌بروای من هێزی پێشره‌و ئه‌وه‌یه که بتوانێ ئه‌وه به‌بارێکدا به‌رێت ڕێگایه‌کی سه‌لامه‌تی و ڕێگایه‌کی که‌م ده‌ردیسه‌ری و ئه‌وتۆ بخاته به‌رده‌م کۆمه‌ڵگاو به‌رده‌م خه‌باتی خه‌ڵک که کاره‌ساتی لێنه‌که‌وێته‌وه….
ڕادیۆی هاوپشتی:
گریمان ئه‌م خواستا‌نه خواستی ئازادی به‌وشێوه‌یه‌ی تۆباسی ئه‌که‌ی، هه‌ر ئه‌وڕۆژه‌ی که‌بڕیاربوو خۆپیشاندان بکرێت بۆ کاره‌با، کاره‌بایان له‌هه‌ولێر یان له‌هه‌ندێ شوێن هه‌رزان کرد. حوسنی موباره‌ک ئێستا ئه‌ڵێ من ئه‌م ڕیفۆرمانه ده‌که‌م و ئه‌مه‌ش به‌مانای ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر ئه‌م خواستا‌نه بزوتنه‌وه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ری بێته سه‌رشه‌قامه‌کان له‌کوردستان ئه‌و خواستانه‌ی قبوڵکرد خۆ یه‌کێتی و پارتی هه‌ر له‌ده‌سه‌ڵاتدان یانی ئه‌وه‌ی من له‌قسه‌کانی تۆ تێگه‌یشتووم ئه‌مڕۆ وه‌ختی په‌لاماری ده‌سه‌ڵات نیه، به‌وشیوه‌یه که‌زه‌ینی خه‌ڵکی کۆمه‌ڵگای ئێمه‌ی تێدایه، له‌زهنیه‌تی نه‌وه‌یه‌کدا هه‌یه، که له 91 دا ئه‌قه‌ومێ ئه‌زانم خوێناویه ئه‌مه ڕای ئێوه‌یه.
ڕێبوار ئه‌حمه‌د:
نا ئه‌زانی چۆنه ئه‌گه‌ر ته‌ماشا بکه‌ی له‌تونس ده‌سه‌ڵاتێک ڕووخا به‌ڵام به‌و رادەیەی تۆ باسی ئه‌که‌ی خوێناوی نه‌بوو. من پیداگری لەسەر ئەو دروشمه دەکەم، که ئه‌بێ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێستای کوردستان بڕۆن، به‌تایبه‌تی که ئه‌مانه 20 ساڵه حوکم ئه‌که‌ن له‌کوردستان، ئه‌م 20 ساڵه نیشانیانداوه که به‌رنامه‌ی ئه‌وان، ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وان، ئاسۆی ئه‌وان، روانگەی ئه‌وان له‌گه‌ڵ ئاره‌زو و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خه‌ڵکدا چونیه‌ک نیه، ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وان ده‌سه‌ڵاتی خه‌ڵک نیه. نیشانیانداوه که ئه‌وان ده‌سه‌ڵاتێکی تاڵانچێتی و ده‌سه‌ڵاتێکی دواکه‌وتون، ده‌سه‌ڵاتێک کە ئاوێزانه له‌گه‌ڵ کۆنه‌په‌رستی ئیسلامی و له‌گه‌ڵ عه‌شیره‌تگه‌ری و ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵدا، ئه‌مانه ئه‌بێت بڕۆن. من خوازیاری ئەوەم خەلل بیتەمەیدان بلێن ئەمانە دەبی برۆن.
بەلام مەسەلەی گرنگ لیرەدا ئەوەیە کە ئەمانە چۆن برۆن؟ ترسی ئەوە لە ئارادایە کە بزوتنەوەی گۆران ئه‌توانێت به‌لایه‌کی تردا بیبات. باشه هه‌رچی ئەگەری خوێناوی بوونی ئه‌م مەسەلەیە زۆرتربکاته‌وه، هێزێکی مه‌سئول ئه‌و هێزیه که ریسک به‌خوێنی خه‌ڵکه‌وه نه‌کات. شێوه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ری ئه‌وتۆ بخاته به‌رده‌می خه‌لک که بتوانێ به‌که‌مترین خوینرشتن تێپەڕێت. ئه‌گه‌رنا خه‌ڵک خوازیاری ئاڵوگۆڕێکی زۆر له‌وه قوڵتره که گۆڕان ده‌یه‌وێت. من ئه‌ڵێم ئه‌م ده‌سه‌ڵاته ده‌سه‌لاتێکه میلیشیاییه ده‌سه‌لاتێکی بنه‌ماڵه‌یه، ده‌سه‌لاتێکه له‌سه‌ر بناغه‌ی عه‌شرتگه‌ری وه پشتی به ئه‌حکامی ئیسلامی به‌ستووه، ئه‌بێ بڕوات و ته‌واو بێت، ئه‌مه په‌یامی منه بۆ کۆمه‌ڵگا. لەم رۆژانەدا دەسەلات 20 لایەنى بەناوى حیزبى سیاسى کۆکردوەتەوە بۆ هێورکردنەوەى خەڵک، لە بەیانێکدا ئەوانیش باس لەوە دەکەن کە گەندەڵى و زولمَ و ناعەدالەتى هەیەو دەبآ چارەسەر بکرێت. یانى بە جۆریک ئەوانیش بەرواڵەت خۆیان خستوەتە پاڵ خەڵک و گوایە رەخنەو ناڕەزایەتیان لەو دیاردانە هەیە. بەڵام ئەوان جۆرێکى بەیان دەکەن وەکو ئەوەى هۆکارو بەرپرسانى ئەو گەندەڵیە نادیاربن و کەس نەزانێ کێن! ئەمە فریوکاریە، ئێمەو خەڵک کە دەڵێن گەندەڵى و تاڵانى و زولمَ سەورکوت هەیە، راشکاوانە مەبەستمان دەسەڵاتە، مەبەستمان خۆیانە، پێمان وایە گەورەترین سەرانى ئەم دەسەڵاتە گەورەترین گەدەڵ و تاڵانچی ئەم کۆمەڵگایەن. ئێمە لەگەڵ ئەوانمانە کە دەڵێین گەندەڵ و ستەمکار، بەڵام ئەم 20 لایەنە لەگەڵ کێیانە کە دەڵێن بەڵى راستە گەندەڵى و ستەمکارى هەیە؟! بزووتنەوەى گۆڕان کە پێشتر هاوخێزان بوە لەگەڵیان بەڵگەکانى ئەم تاڵانکاریەى زۆرترە. ئەگەر تەماشاى ئەو بەڵگانە دەکەى دەبینى کە لە پێشدا نوکى رەخنەو ناڕەزایەتى لە خودى تاڵەبانى و بارزانیە، نەک لەبەر ئەوەى کە گوایە چاوپۆشى دەکەن لە هەندێک گەندەڵى، بەڵکو لەبەرئەوەى کە خۆیان بەر لە هەمووکەس گەورەترین بەشیان هەیە لە داگیرکردن و بەتاڵانبردنى موڵک و ماڵى ئەو کۆمەڵگایەدا. لە کوردستان ئەگەر سەرنجبدین لە گەورەترین پڕۆژەکانەوە، لە کۆمپانیاى نەوت و بازرگانى نەوتەوە تا کۆمپانیاى تەلەفونات تا کارگەیەکى دروستکردنى تەلى فافۆن و تەنانەت مەسینە دروستکردنیش دەبێ نیسبەى لە سەدا 51 موڵکى پارتى یان یەکێتى یان سەرانى بێت. کەواتە باسەکە ئەمەیە، باسى گەندەڵى خودى خۆیانە، نەک ئەوەى کە چاوپۆشیان لەگەندەڵى کەسانى تر کردوە، یان کات فرسەتى پێنەداون و پێڕانەگەیشتون بەرى گەندەڵى بگرن و گەندەڵەکان محاسەبە بکەن. بەڵکو لە پێش هەمواندا باسى خۆیانە.
لەوانەش ئاشکراتر ئەو هەموو کۆمیتەو ناوچەو مەڵبەند و لقەى پارتى و یەکێتى کە خەریکن کار بۆ ئەو دوو حیزبە دەکەن، سیاسەتەکانى ئەوان ئەبەنە نێو خەڵکەوە، پڕروپاگەندە بۆ ئەوان دەکەن، دەنگ بۆ ئەوان کۆدەکەنەوە، بۆ ئەبى خەرجى ئەمانە لە بودجەى دەوڵەت و کۆمەڵگا بدرێت؟! بۆ دەبێ ئەندام کۆمیتەیەک کە ئەم کارانە بۆ حیزبەکەى خۆى دەکات، چەند بەرامبەر مانگانەى کرێکارێک وەرگرێت کە کار دەکات و بەرهەم دەهێنێت و بەشێک لە پێداویستى ژیانى کۆمەڵگا دەخوڵقێنآ؟! بۆ دەبێت ئەم هەموو داهاتە بڕژێتە دەست و گیرفانى ئەم حیزبانەوە بۆ بەڕیوەبردنى کاروبارى حیزبى‌و مەقەرات و ئیداراتى حیزبى و پان و بەرینکردنەوەیان؟!
ئەمەبەستم ئەوەیە بەڵگەکانى ئەوەى کە ئەمانە دەبآ رۆن زۆر و زۆر ئاشکران، بەڵام من باسى شێوەکانى ئەوە دەکەم کە چۆن خەڵک دەتوانن ئەمانە ناچار بە رۆیشتن بکەن. یانى بە چ شێوەیەک دەکرێت خەلک بۆ وەلانانى ئەم دەسەلاتە پێبخاتە سەر ڕێگا. یانی چۆن حساب بۆ سه‌رکوت وپه‌لاماردانه‌کانی یه‌کێتی و پارتی ده‌کات، چۆن خه‌ڵک بتوانێ فرسه‌تی په‌لاماردانی چه‌کداری له‌ده‌سه‌ڵات بسه‌نێ و ته‌نانه‌ت ئه‌و هێزه‌ش که مه‌یلی بۆشه‌ڕی ناوخۆ هه‌یه ناکام بکاته‌وه‌و ڕێگا بگیرێت له‌وه‌ی که هاتنه مه‌یدانی بزوتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری له یه‌که‌مین هه‌نگاوه‌کانیدا ڕووبه‌ڕروی کاره‌ساتی گه‌وره‌ی خوێناویی ببێته‌وه. چۆن ریگا لە سەرکوت بگیرێت و سەرئەنجام چۆن بەسەرکەوتن بگات. شۆرش له‌تونس ومیسر ئه‌م شێوازه‌ی خسته پێشچاو..
پەیوەنیدەکى تەلەفومى/ زۆر زۆر سوپاسى ئەم ووتە جوانانە دەکەم، بەلام من واى تێئەگەم کە ئەو بیرمەندانەى کە لە وو‌ڵاتى ئێمە هەڵیاندا لەسەر مەسەلەکان و کێشەکان، بزووتنەوەى گۆڕان قۆستیەوە بۆ خۆى. ئەم بە جۆرێکى تر باسى کرد بەڵام بە شێوەیەک دەیقۆستەوە کە ئەمانەش هەر هى ئەون، هەموو میللەتێک کە گۆڕانیک دروست دەکات یان شتێکى چاک دەهێنێتە ئاراوە، لەلایەن چەند بیرمەنێکەوە دەکرێت، هەمووان نین. من وەکو تآى دەگەم ئەمیش یەکێکە لەوانەو بەراستى جێگاى رێزمە. پرسیارم ئەوەیە کە ئەم ئێستا دەڵێ چى کە هەرکەس قسەیەک دەکات ئیبداعێکى هەیە هێزێکى تیایە، ئەوبەشەى تر کە ئاوى دەستنوێژى دەسەڵاتدارانى ئیستان، کە ئیستا پییان دەلین گۆران، ئەیقۆزنەوە بۆخۆیان وەکو ئەوەى پەناگیرى ئەو دەسەڵاتەبن.
ریبوار ئەحمەد/ منیش پێموایە گۆڕان وەکو لایەنێک کە چەند ساڵێکە لە دەسەڵات جیابوتەوە، لانى کەم 10 ساڵ شەریکى ئەم دەسەڵاتە بووە، یان دروستر بڵێم لە حیزبێکى دەسەڵاتدار جیابوەتەوە، لانى کەم 10 سال شەریکى ئەم حیزبە بووە لە دەسەڵاتدا، ئەو رۆژگارانەش کە ئەوان لە دەسەڵات بوون لە یەکێتیدا و سەهمى شێریان هەبوو لە دەسەڵاتى یەکێتیدا. ئەوکاتیش ئەم ناعەدالەتی و تاڵانوبڕۆ و سەرکوت و تیرۆرە لە کوردستان هەبوو بگرە زیاتریش بوو، خەڵکیش ئەم ناڕەزایەتیانەى ئیستایان هەبوو لە بەرامبەریداو ئەوانیش لەسەرکوتکردنیدا بەشداربوون. بۆیە منیش پێم وایە گۆڕان ئاڵوگۆڕێکى ئەوتۆى ناوآ کە وەڵامى مەبەست و ئامانجەکانى خەڵک بداتەوە، کێشەى ئەوان ئەوەیە کە دەستیان لە دەسەڵات بڕواوە. بە هۆى ناکۆکیەکانى ناو خۆیانەوە کە لەگەڵ یەکێک لە دوو حیزبى حاکم بهەیانە. ێستا دەیانەوێ دەسەڵات لەدەست رەقیبەکانیان دەرچێت و بکەوێتە دەستى خۆیانەوە. بۆ ئەمەش دووبارە حکومەتى پەرلەمانى پێشنیار دەکەنەوە کە خەڵک چەند ساڵە تەجوربەى لە بارەیەوە هەیەو ئەو راستیە سەلماوە کە ئەوانەى دەچنە ناو پەرلەمانەوە نوێنەرى خەڵک نین، هەرچەندە بە زۆر دەنگى خەڵکیان بۆ وەرگیرابێت بەڵام نوێنەرى ئەوان نین، بڕیارەکانیان لەبەرژەوەندى خەڵک نیە، بیر لە بەرژەوەندى خەڵک ناکەنەوە، نەخشەى باشتر کردنى ژیانى خەڵک داناڕێژن. بەو بەرنامەیەى گۆڕانیش بێت، دووبارە تاقمیکی تر بە ناوى پەرلەمانى هەڵبژێردراوو نوێنەرى خەڵک دەچنە ئەوآ و چوارساڵ خۆیان دائەسەپێنن بەسەر خەڵکدا و هەر بڕیارێک لە بەرژەوەندى دەسەڵات و چینى دەسەڵاتداردا بێت، لە دژى خەڵک دەیدەن و ناوى دەنێن نوینەرایتى خەڵک. بۆیە منیش پێم وایە بزووتنەوەى گۆڕان خوازیار‌و نوێنەرى گۆڕانێک نیە بە قازانجى خەڵک و ژیانى خەڵک باشتر ناکات و هیچ وەڵامێکى نیە بۆ گیروگرفتەکانى ئەو کۆمەڵگایە کە رۆژانە لە زمانى خەڵکەوە لیست دەکرێن.
رادیۆى هاوپشتى/ یەک مەسەلە هەیە کە من هەست دەکەم لە پلیمیکى سیاسى کۆمەڵگاى کوردستاندا غائیبە، مەسەلەیەک لە ئەدەبیاتى سیاسى دنیادا، بۆ نمونە لینین بە مەنشەفیەکان دەڵێت ئیوە ریفۆرمیستن، یان لە ئێران‌دا بزووتنەوەى سەوز بە ئیێلاح تەلەب ناودەبرێت. لەبەرامبەریشدا بزووتنەویەکى تر هەیە ئەلێ من ئیێلاحم ناوێ و ئالوگۆڕم ئەوێ. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر گۆڕان ئیێلاح تەڵەبە و بزووتنەویەکى ریفۆرمیستیە و ئەیەوآ لە چوارچێوەى هەلومەرجى ئێستادا ئالوگۆڕێک پێک‌بێنێت، بەڵام کاریگەرى لەسەر شەقام هەیە. بۆ نمونە کاتێک بڕیار لەسەر خۆپیشاندن بۆ کارەبا لە سلێمانى درا، بەڵام ئەوکاتەى کە گۆڕان ووتى ئێمە پەیوەندیمان بەم خۆپیشاندانەوە نیە، ئیتر خەڵک نەڕۆیشتن بۆ بەشدارى لە حۆپیشاندانەکە. پێت وا نیە ئەم بۆچونە ریفۆرمیستیە کە گەشەى هەیە لە ناو کۆمەڵانى خەڵکداو گۆڕان لە رووى سیاسیەوە ئەیباتە پێشەوە، زەربە لە بزوتنەوەى نارەزایەتى خەڵک ئەدەن بۆ ئەوەى بیتە سەرشەقام؟
ریبوار ئەحمەد/ ببورە بەر لە وەڵامى پرسیارەکەى ئێوە دەمەوآ بڵێم من بزوتنەوەى گۆڕان بە بزووتنەوەیەکى ریفۆرمیستى نازانم بەو مانایەى بزووتنەویەکە دەیەوآ چاکسازى لە کۆمەڵگادا بکات. بەو مانایەى ئەگەر سبەینآ گوڕان بێتە سەرکارو بەرنامەى ئەوان کارى پێبکرێت، بەو مەرجەى ئەگەر هاوسەنگى نێوان خەڵک و دەسەڵات بوارى پێبدات رەنگە لەم دەسەڵاتەى ئێستا چەوسێنەرتر بێت و زەخت و فشارى زیاتر لەسەر ژیانى خەڵک دابنێت، بە ماناى بە تاڵانبردنى دەسکەوت و دەستڕەنجى ئەو کۆمەڵگایە، بە ماناى سازماندانەوەى ژیانى کۆمەڵایەتى بە شێوەیەک کە قڵشتى گەورەى نێوان زۆربەى هەرەزۆرى کۆمەڵگا وەکو بەشى بێدەرەتان و مەحرومى کۆمەڵگا لەگەڵ کەمایەتیەکى کەم وەکو چەوسێنەران و دەوڵەمەندانى کۆمەڵگا، قوڵتر‌و قوڵتربێتەوە. گۆڕان ئەمرۆ هاتوە بۆ ئەوەى سوارى شەپۆلى ناڕەزایەتى خەڵک بێت دەم لە کۆمەڵێک ئاڵوگۆڕو بەناو چاکسازى دەکوتێت. نەک ئەوەى خۆى بە خەسڵەتى خۆى و لەسەر پێى خۆى نوێنەرى مەیل و بزووتنەوەى ریفۆرمیستى بێت. بۆ نمونە ئێستا لە ئەورپا ریفۆرمیزم مەیل و بزووتنەویەکە کە مێژوویەکى درێژى هەیە، کە خۆى پێى وایە بە چاکسازى دەتوانێ نەزمى ئێستاى سەرمایەدارى رابگیرێت. لەسەر بناغەى ئەمە چاکسازى کردوە، نمونەکەى سۆسیال دیموکراسیە. بەڵام ئەمە لە عێراق و کوردستاندا نیەو گۆڕان لەم بابەتە نیە.
بەڵام ئەوەى کە گۆڕان کاریگەرى هەیە، بەلێ منیش پێموایە کاریگەرى هەیەو تا کاتێک کە ئەم بزووتنەوەیەو بەرنامەکەى لە ناو خەڵکدا نفوزى هەبێت کە ئێستا هەیە، بەراى من یەکێکە لە خاڵە لاوازەکانى بزوتنەوەى ناڕەزایەتى جەماوەرى. بەو مانایەى بزووتنەوەى گۆڕان و بزووتنەوەى نارەزایەتى لە رووى ئامانجەکانیانەوە لەیەکەوە دورن، بەڵام بزووتنەوەى گۆڕان هەمیشە هەوڵیداوە هەر نارەزایەتیەک لە ناو جەماوەرەوە سەرهەڵبدات بۆ خۆى بەدەستەوەى بگرێت بۆ ئەوەى دواتر بۆ وەکو کارتی فشار لە پیناو مەرامەکانی خۆی بەرامبەر دەسەلات بەکاری بهێنیت. هەر ئەم رۆژانە باس لەوەیە کە لە نیوان دەسەلات و گۆران‌دا دانوسان هەیە، بەرهەم سالەح دەڵێ ئێمە لەگەڵیان خەریک بووین دەسازاین و لە هەوڵى ئەوەدابوین کە وەڵام بە خواستەکانیان بدەینەوە، بەتایبەتى ئەوەى کە لە دەسەڵاتى مەرکەزى لە بەغداد بەشدار نەکراون و بزووتنەوەى گۆڕان لەم بارەیەوە گلەیى لێکردون، کەچى لەم کاتەدا بە ووتەى دەسەڵات بزووتنەوەى گۆڕان هاتوون هەلومەرجەکەیان قۆستوەتەوە بۆ مەبەستێکى تر. مەبەستم ئەوەیە کە گۆڕان کاتێک مەسەلەکانى خەڵک بەدەستەوە دەگرێت مەرامى تایبەتى خۆى هەیە نەک دەستەبەرکردنى مەبەست و ئامانجەکتانى خەڵک. بەم مانایە بەڵێ بونیان لە نێو بەرەى ناڕەزایەتى خەڵک، کاریگەرى هەیە لەسەر ئەو بزووتنەویە و کاریگەریەکەیشى نێگەتیفە. بۆیە پێى دەڵێم بزووتنەوەى گۆڕان خاڵى لاوازى ئەو بزووتنەوە ناڕەزایەتیە جەماوەریەیە.
رادیۆى هاوپشتى/ ئەمرۆ خەڵک چى بکات؟
ریبوار ئەحمە/ ئەمرۆ خەڵک دەبێ لەم فرسەتە کەڵک وەرگرێت، فرسەتى ئەوەى تەقینەوەى ناڕەزایەتى شۆڕشگێڕانە هاوسەنگى نێوان هەموو دەسەڵاتە داسەپێنراوەکانى ئەم ناوچەیە لەگەڵ خەڵکدا گۆڕ‌انى بەسەر هاتووە. یانى هاوکێشەکە بە قازانجى سەنگى خەڵک گۆڕاوە. مەبەستم ئەوە نیە کە بڵێم ئێستا لایەنى خەڵک قورسترە یان نا، بەڵکو مەبەستم ئەوەیە کە گۆڕاوە و بە قازانجى خەڵک گۆڕ‌انى بەسەرهاتوە. لەم هاوسەنگیە تازیەدا دەبێ کەڵک وەرگرن، ئێستا کاتى ئەوەیە بێینە مەیدان لە دەورى خواستە دەستبەجێکان، لەم بارەیەوە هیچ رانەوەستن، چونکە ئەم دەسەڵاتە ئاشکرا دەیەوآ کات بکرێت، دەیانەوآ خەڵک هێمن رابگرن بۆ ئەوەى هەلومەرجەکە تێپەڕێت. ئەوکاتیش ئەگەر هەلومەرجەکە تێپەڕێت و هێمنبێتەوە لە هاوسەنگیەکى تردا ئەم دەسەڵاتە گاڵتە بە خواستەکانى خەڵک دەکات. بۆیە پێویستە خەڵک بێدەرنگ بەڕیزێکى سەربەخۆ بێنەمەیدانەوە لە بزووتنەوە بورژوازیەکانى وەکو گۆڕان و هەروەها ئیسلامیەکانیش کە تا ئێستا بە بەیاننامەى مەکتەب سیاسیەکانیان لەپاڵ دەسەڵات راوەستاون، بەڵام رەنگە لە قۆناغێکى تر‌ى پەرەسەندنى ناڕەزایەتیەکاندا، وەکو ئیخوان مسلمین لە میسر خەریکە بەرەبەرە دیتە ناو ناڕەزایەتیەکانى میسرەوەو خۆى بەرجەستەتر دەکات. ئیسلامەیکانى کوردستانیش رەنگە لە جێگایەکدا کە بزانن مەدەکە بەرێکەوتوەو ناگەڕێتەوە، خۆیان بخزێننە ناو ئەو مەدەوە. جەماوەرى خەڵکى ستەمکێش پیویستە ریزى خۆیان لەمانە سەربەخۆ رابگرن، خواستەکانى خۆیان لەم بەرنامەو پلاتفۆرمى ئەم هێزانە جیاواز‌و سەرخۆ رابگرن. مەسەلەیەکى گرنگى تر ئەوەیە کە نابىِ کاتى زیادە بە دەسەڵات بدەن، دەبێ بڵێن هەر ئێستا دەبێ وەڵامى داخوازیە دەستبەجێکان بدەنەوە، ئەوانە کاتى ناوێ. بۆ نمونە لە سلێمانى مانگێک مۆڵەتیان داوە بۆ دابینکردنى کارەبا، بەرواى من ئەوە هەڵەیە، دابینکردنى کارەبا مانێگێک مۆلەتى ناوێ، ئەگەربیانەوى و خەرجى بۆ بکەن دەتوانن لە ماوەى 3 رۆژدا کارەبا باش بکەن، مانگێک مۆڵەت بۆ هێورکردنەوەى خەڵک و دەرچونە لەژێربارى خواستى خەڵک. لانى کەم دەبێ وەڵامى دەسەڵات بە خواستى خەڵک رۆشن بێت، بۆ نمونە بەڵێن بدەن کە لە ماوەى حەفتەیەکدا کارەبا چاک دەکەن و بەرنامەکەى روون بکەنەوە. بەڵام بەبێ ئەم بەڵێنە ناڕەزایەتیەکە دوابخرێت بۆ مانگێک ئەمە هەڵەیەکە کراوە. ئەگەر ئەم خواستانەى خەڵک داسەپێنرێت بە بڕواى من یەک هەنگاوى تر هاوسەنگی بە قازانجى خەڵک گۆڕ‌انى بەسەردێت. ئەمە رێڕەوى گونجاوە بۆچونەپێش بەرەو خواستى گەورەتر و ئاڵوگۆڕى گەورەتر تا ئەگات بەوەى بەپێى هاوسەنگى هێز خواست و مەسەلەى ئاڵوگۆڕى بنەڕەتى لە سیستەمى سیاسى دەسەڵات و ئابورى و یاسا سەرەکیەکانى ووڵاتدا بهێنرێتە گۆڕێ.
گوێگرێک لەسەر تەلەفون/ پرسیارى من ئەوەیە کە بزووتنەوەى گۆڕان بەناو هەموو خەڵکى کوردستانەوە هەڕەشە دەکەن، بەڵام خۆ هەموو خەڵکى کوردستان لەگەڵ ئەوان نیە. ئەوەندەى کە لەگەڵ گۆڕانە 10 ئەوەندە لەگەڵ یەکێتى و پارتیە. بۆ نمونە لە کەرکوک و ناوچەکانى کە کێشەى لەسەرە، خەڵک دەنگى بە یەکێتى داوە. لە موێڵ و دەوروبەرى دەنگیان بە پاتى داوە. ئەوە هەولێرو دهۆک هەر لەگەڵیان نین. ئەوەى هەیەو نیە هەر سلێمانیە. باشە من دەلێم لە جیاتى ئەوەى چاو لە تونس و میسر بکەن باشتر نیە چاو لە جنوبى سودان بکەن؟ بیانوتایە ئێمە ئەم دەسەڵاتە هەڵدەوەشێنینەوە لەبەر ئەوەى ریفراندۆدممان دەوێت. دەمانەوآ چوارپارچەى کوردستان ببێت بەیەک، ئەوکات هەموو خەڵکى کوردستان لەگەڵیان دەبوو، ئەوکات پارتى و یەکێتیشیان ملکەچ دەکرد. بەڵام من ئەمە بە گۆڕانکارى دانانێم. پرسیارى من ئەوەیە کە بۆ بەرامبەر دوژمنەکانى کورد راناوەستن، رۆژى بە دەیان کوردمان لە کوردستانى ئێران لەسەر جادە هەڵدەواسرێن، دەیان کوردمان سوکایەتى پێدەکرێت لە سوریا، هەزاران کوردمان لە تورکیا لەبەردەمى کامیرا سوکایەتیان پێدەکرێت و قوڵیان ورد‌و خاش دەکرێت، بۆ بەرامبەر ئەوانە راناوەستن؟
ریبوار ئەحمەد/ من ناتوانم لە جیاتى گۆڕان وەڵام بدەمەوە دەربارەى ئەوەى گۆڕان بۆچى وا دەکات و نوێنەراتى کێ دەکات و ..بەڵام ئەو قسەیەى من ئەیکەم قسەى بەشێکى یەکجار زۆرى خەڵکە لە دهۆک و زاخۆ‌و هەولێر و کەرکوک و سلێمانى و کەلارو کفرى و هەموو شوێنەکانى کوردستان، من باسى خواست و ناڕەزایەتى ئەو جەماوەرە فراوانە ئەکەم و مەبەستیشم ئەوە نیە بڵێم کە ئەوان لەگەڵ من هەن یان نا؟ بەڵام ئەوە واقعیەتى ئەمرۆى کوردستانە کە خەڵکێکى زۆر نەفرەت ئەکات لەو وەزعەى کە هەیە. وەڵامى ئەمە ئیتر بەوە نادرێتەوە کە کورد لە ئیران و سوریا‌و تورکیا چى بەسەردێت؟ ئەوە دەسەلمَێنم کە ئەوانەش کێشەن و پێویستیان بە وەڵامى خۆیان هەیە، لەبەرامبەر سەرکوتى ئەوانیشدا دەبێ دەنگ بەرزبکرێتەوەو ئەوانیش دەبێ هاورکارى بکرێن. بەڵام کێ ئەو کارەدەکات؟ خۆ ئەو دەسەڵاتەى ئێستا لە کوردستانى عێراق لەسەر کارە، ئەوەندەى لەگەڵ ئەو دەوەڵەتانەى لەوێ کورد سەرکوت دەکات هاوکارو خۆشخزمەتە، لەگەڵ خەلکە کوردە سەرکوتکراوەکان هاوکارى نەکردوە! دەسەڵاتى کوردى لە کوردستانى عێراق هاوکارى هەموو ئەو دەوڵەتانەى کردوە هەتا بۆ بەرتەسکردنەوەو سەرکوتکردنى بزوتنەوەى دژى ستەمى میللى لەو ووڵاتانەدا بەلام هەرگیز بۆ بەرگرى لە خەلکى سەرکوتکراو دەنگى لێوەنەهاتوە.
ئیتر ناکرێ بە خەڵکى سلێمانى بڵێى خەڵیکنە ئێوە داواى کارەبا مەکەن و با یەکێتى و پارتى هەر وا داهاتى ئەم کۆمەڵگایە بەتاڵانبەرن، لەبەر ئەوەى خەڵکى کورد لە کەرکوک لەبەردەم هەڕەشەدایە! کە من پێم وانیە لەبەردەم هەڕەشەدابێت. یان بڵێى داواى داخوازیەکانتان مەکەن لەبەر ئەوەى خەڵکى کورد لە تورکیا سەرکوت دەکرێت، لە کاتێکدا من پێم وایە راستە لەوى خەڵکى کورد سەرکوت دەکرێت و دەوڵەتى تورکى خەریکە بە شێوەیەکى فاشیانە ئەو خەڵکە سەرکوت دەکات. بەڵام پەیوەندى لە نێوان ئەوە چیە کە لەبەر ئەوەى خەڵکى کورد لە تورکیا سەرکوت دەکرێت، خەڵکى سلێمانى دەبێ بێکارەبا دانیشن؟! یان دەبێ لە حەمرینەوە تا دەگاتە سنورى ئێران جەلال تاڵەبانى لە هەر چەند کیلۆمەتریەکدا قەسرێکى هەبێت؟! بۆ ئەبێ لەسەدا 51ى داهاتى هەر پرۆژەیەک بۆ یەکێتى و پارتى بێت؟! ئەم بەراوردکردنە ماناى چیە کە دەڵێ لەبەر ئەوەى لە جێگایەک کورد کوشتار دەکرێت، دەبێ چاوپۆشى لەوە بکرێت کە لە جێگایەکى تر دەسەڵاتى کوردى گەندەڵ و تڵانچیە؟! ئەم پاساوانە رەنگە سەردەمانێک برەوى بووە، سەرەتاى هاتنە سەرکارى دەسەڵاتى کوردى و تا ماوەیەکى زۆریش توانى بەم پاساوانە خەڵکى هیمن رابگرن، بەڵام ئیتر کاتى ئەم قسانە بەسەر چووە، من پێم وایە رۆژى حیسابى خەڵک لەگەڵ دەسەڵات خەریکە نزیک ئەبێتەوە.
گوێگریک لەسەر تەلەفون/ پرسیارى من ئەوەیە ئەگەر گۆڕان نەبێت ئاگرىِ بنآ بە وەزعەکەوە، کێ هەیە ئەوکارە بکات؟ ئەمە ئاگاداریەکە دەدرێت بەو دەسەڵاتدارانەى کە دەستیان ناوەتە بناقاقاى ئەو خەڵکە هەژارەوە بۆ ئەوەى باڵەخانەکانى خۆیان بەرزبکەنەوە؟
ریبوار ئەحمەد/ دەربارەى ئەوەى ئەگەر گۆڕان نەیکات کآ بیکات، من لەم گفتوگۆیەدا نوێنەرى رەسمى هیچ لایەک نیم و بە ناوى خۆمەوە قسە ئەکەم. بەڵام زۆر پێش ئەوەى بزووتنەوەى گۆڕان باسى گۆڕان بکات و زۆر پێش ئەوەى بزووتنەوەى گۆڕان هەبێت و تەنانەت لەوکاتەدا کە سەرانى گۆڕان لە دەسەڵات بەشداربوون، کۆمۆنیزم لەو کۆمەڵگایەدا ئاڵاى گۆڕ‌انى بەرزکردەوتەوە، لەو پێناوەدا تێکۆشاوە، جەماوەرى هێناوەتە سەرشەقام، قوربانیداوە، بەرامبەر بە بێکارى و بێمافى ژنان و سەرکوتى ئازادى سیاسى و بێمافى منداڵان و چارەنوسى کوردستان، تێکۆشاوەو سەرکوت کراوەو کێشمەکێش کراوە لەو کۆمەڵگایەدا. ئەوکات بزووتنەوەى گۆڕان هەر لە مەیدانیش نەبوو، بۆیە ئەو کۆمەڵگایە بێبەدیل نیە. بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە بزووتنەوەى گۆڕان ئەگەر بشیکات، هیچ پەیوەندیەکى نیە بە خواست و ویست و بەرژەوەندیەکانى خەڵکەوە. بەرنامەکەیان تەماشا بکەن بزانن لەمسەر بۆ ئەوسەرى بۆ خەڵکى مەحرومى ئەو کۆمەڵگایە چى تیایە؟! لەسەر کێشەى ژنان کە تا ئێستا بە هەزان ژن لەسەر ناموسپەرستى کوژراون و مەدەکەى گەیشتوەتە ئەوروپاش، چ وەلامێکى تیایە؟! لەسەر ئازادى بە مانا گشتیەکەى و رزگاربونى کۆمەڵگا لە داب و نەرێتى عەشیرەتى و ئیسلامى و دواکەتویى چ وەڵامێکى تیایە؟
گوێگرێک لەسەر خەتى تەلەفون/ پێش هەموو شتێک زۆر سوپاسى هەستى ئەو خوشکە دەکەم پێشتر هات و لە بارەى کێشەى بەشەکانى کوردستانەوە قسەى کرد‌و زۆر پشتیوانى لەو دەکەم، هیوادارم ئەو هەستە لە نێو هەموو خەڵکى کوردستاندا هەبێت. پرسیارى من ئەوەیە نازانم جیاوازى گۆڕان لەگەڵ یەکێتى نیشتمانى چیە؟ بەبڕواى من هەرچى دەکەم لە بارى ئایدۆلۆژى و ستراتیژى و تاکیتیکەوە هیچ جیاوازیەک لە نێوانیان نابینم. من پێم وایە گۆڕانیش هەر بەشێکە لەیەکێتى نیشتمانى و هەر ئەو کەلتورو سونەتەى هەیە، بەڵام ناکۆکیان ئەوەیە کە چەند کەس لە سەرکردایەتى یەکێتى لەگەڵ نەشیروان بەلایەکدا چون و جەلال تاڵەبانى و باڵێکى تر بەلایەکى تردا. پرسیار ئەوەیە کە گۆڕان چ ئایدۆلۆژیەکى جیاوازى هیە لەگەڵ یەکێتى.
رێبوار ئەحمەد/ ئەو پرسیارە ئاراستەى گۆڕانە ئاراستەى من نیە. منیش پێم وایە گۆڕان و یەکێتى دوو بەشى یەک بزوتنەوەەو تەنانەت یەک خێزانن، ناکۆکیان ناکۆکى ناوخۆى خێزانى بزووتنەوەکەیانە. لە روانگەى گشتى بزوتنەوەکەیان و تەنانەت لە پێشدا لە روانگەى بەرژوەندى یەکێتیەوە، لەسەر هەندێک سیاسەتى یەکێتى ناکۆکیان هەبوەو هەیە. مەسەلەن لەسەر هۆکارى ئەو هاوسەنگى هێزەى لە نێوان یەکێتى و پارتى پێکهاتووە، لەسەر چۆنیەتى مامەلە لەگەڵ پارتى و مەسەلەى دەسەڵات لە کوردستان و دەسەڵاتى مەرکەزى، لەسەر کۆمەڵێک لەم مەسەلانە لە کاتێکەوە کە هەموویان لە ناو یەکێتى بوون، ناکۆکیان بووە. بەڵام لەبەرامبەر خەڵکى کوردستاندا پێم وایە هیچ ناکۆکیەى ریشەییان نیە و بەرامبەر بە بەرژەوەندیەکانى خەلکن، لەرووى ماهیەتەوە هەردوولایان ناسیونالیستن، هەردوولایان پشتیان بە ئیسلام و عەشیرەتگەرى بەستوە، هەردوولایان لایەنگرى کۆمەڵگایەکن کە لەسەر بناغەى چەوسانەوەى قوڵى چینایەتى راوەستاوە…هتد بۆیە من نەک نەمووتوە ئەوان جیاوازى بنەڕەتیان هەیە بەڵکو دەڵێم جیاوازیەکى ناوەڕۆکى ئەوتۆیان نیە و ئەندامى یەک خێزانن.
ڕادیۆی هاوپشتی:
بۆ ئه‌م ته‌سه‌وره‌ی که‌تۆ باسی ئه‌که‌ی ئه‌بێ بزوتنه‌وه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ری بۆ خواست و داواکاریه‌کانیان دەستبەجیکانى خەلک بێته سه‌ر جاده، له‌کوێی کوردستاندا، ئه‌بینی مه‌سه‌له‌ن تا ئێستا له‌دوای ئه‌و حه‌مله‌کردنه‌ی یه‌کێتی و پارتی له‌به‌رامبه‌ر گۆران‌دا نه‌وعێک له‌تۆقاندنی خه‌ڵکیان کردوه‌و هێزێک له‌پشت بزوتنه‌وه‌ی کاره‌بادا بوون ئه‌ویش پاشه‌کشه‌ی کردوو هاته دواوه گوایه گۆران ئۆپۆزسیۆنه و ده‌سه‌ڵات خواسته‌کانی خه‌ڵکیان پێشێلکرد، ئه‌مڕۆ له‌کوێی کورستان ئه‌وه ئه‌بینی که‌نه‌وعێ خۆئاماده‌کردن هه‌یه و خه‌ڵک بێته سه‌رجاده بۆ ئه‌م خواسته‌یان؟
ڕێبوار ئه‌حمه‌د:
راستیه‌که‌ی ئه‌وه‌یه له‌هه‌ر شوێنێکدا ده‌ره‌جه‌یه‌ک له‌و ئاماد‌ییه هه‌یه، به‌لام ئه‌م ئاماده‌ییه پێویستی به‌وه هه‌یه که له کێوه ده‌ستپێده‌کرێ. ئێوه وتتان گۆران ئه‌یه‌وێت چه‌رخێک لێبدات و ئاگره‌که هه‌ڵگیرسێنێت، له‌تونس کابرایه‌کی بێکار خۆی سوتاند وئه‌مه بووه ئه‌و چه‌خه‌ماخه‌یه‌ی که ئاگری شۆڕشی لێکه‌وته‌وه و پاشان په‌ره‌یسه‌ند بۆ هه‌موو تونس و له‌وێوشه‌وه بۆ میسر و له‌میسره‌وه بۆ وولاتانی دیکه‌ی عه‌ره‌بی، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه که‌که‌س ناتوانێ ته‌وه‌قوعی ئه‌وه بکات، که له کوردستان چ شتێک وه‌زعه‌که ده‌ته‌قێنێته‌وه. هه‌رچۆنێک بێت من پێم وایه مه‌نتیقی کۆمه‌ڵگای ئه‌مڕۆی کوردستان ئه‌و زه‌مینه‌یه‌ی تێدا هه‌یه بۆته‌قینه‌وه. به‌تایبه‌تی له ناوچه‌ی دەسەلاتى یەکیتیدا که که‌متر کۆنترۆڵیان به‌سه‌ریدا هه‌یه. بەشێکى بە هۆى جۆرێک لە دەسەڵاتى دوولایەنەى یەکێتى و گۆڕانەوە، لە هەمانکاتدا بەهۆى بەهێزتربوونى بزووتنەوەى سیاسى و ناڕەزایەتى بە مانا گشتیەکەى هەر لەو ناوچانەدا، دەکرێت بڵێن لەو ناوچانەدا دەرفەتى دەستپێکردنى زۆرترە. بەڵام هەر ئەوانە مەرج نین، چونکە ناڕەزایەتیەکە هەمەگیرەو لەسەراسەى کوردستاندا ئەو نارەزایەتیە هەیە. هه‌ڵبه‌ت من ناڵێم حه‌تمه‌ن له ئیستادا ئه‌ته‌قێته‌وه، به‌ڵام ئه‌مه ئه‌مڕۆ بێت یان سبه‌ی خه‌ڵک هه‌ر دێته‌مه‌یدان و ده‌بێ ئه‌م ئاڵوگۆره روبدات، ئێستا زۆر زه‌مینه‌که‌ی هه‌یه، هه‌لومه‌رجه‌که‌ش له‌باره.
مه‌سه‌له‌یه‌کی تر ئه‌مه‌وێ تاکیدی لێبکه‌مه‌وه ئه‌وه‌یه که له‌دڵی ئه‌م هه‌لومه‌رجانه‌دا، ئه‌گه‌ر چاو لە ته‌جروبه‌ی تونس و میسر بکه‌ین، ده‌بینین گرفتێکی هه‌ره ئه‌ساسی له‌به‌رده‌م بزوتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ریدا هه‌یه. ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که خه‌ڵک به‌رچاویان ڕۆشن نیه، نازانن ئه‌یانه‌وێ ئه‌وزاع بۆ کوێ به‌ر‌ن و چی لیبکه‌ن و چۆن به‌قازانجی خۆیان بیشکێننه‌وه، ئه‌مه مشکله‌ی گه‌وره‌ی ئه‌و بزوتنه‌وانه‌یه که به‌بڕوای من یه‌کێکه له‌و ڕێگریانه‌ی که زۆر ئیمکان له‌خه‌ڵک ئه‌سێنێته‌وه که بتوانێ ئاڵوگۆرێکی ریشه‌یی له ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی خۆیاندا پێکبهێنن. ته‌وه‌قوعه‌که ئه‌وه‌یه که ئگه‌ر ئه‌م گرفته ڕێگای بۆنه‌دۆزرێته‌وه له‌وانه‌یه بزوتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری و ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵک له‌نیوه‌ی ڕێگادا پشه‌کشه‌ی پێبکرێت وڕابوه‌ستێت. حه‌تمه‌ن هاتنه‌مه‌یدانی خه‌ڵک ئه‌و کاریگه‌رییه‌ی ده‌بێت که دواتر چاو بکه‌نه‌وه‌و ڕێگای درێژتر بۆخواستی گۆڕانی ڕیشه‌یی بگیرێته‌به‌ر، به‌ڵام خودی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه گرفتێکی جدیه.
خه‌ڵکی کوردستان ئه‌بێ ئه‌و واقیعه له‌سه‌ره‌تاوه بزانن که‌چیان ده‌وێت، ئه‌بێ بزانن چ ئاڵوگۆرێکیان ده‌وێت، ئه‌بێ بزانن دوای چ داخوازیه‌ک و چ پلاتفۆرمێک که‌وتوون. کۆمه‌ڵێک شتی تر هه‌یه ئه‌ساسه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ئه‌و حوکمه‌ی دێته سه‌ر کار ئه‌بێ چ حکومه‌تێک بێت که‌ده‌وری خه‌ڵکی تێدا به‌رجه‌سته ببێت، خه‌ڵک ده‌بێ بۆ حکومه‌ت و بۆ هاتنەسەرکارى سیستەمێک هەوڵبدەن که هه‌ر کات ویستیان بتوانن بیگۆڕن. که‌وایه ئه‌بێ میکانیزمێک بۆ شێوه‌ی گۆڕینی ده‌سه‌ڵات بخرێته ڕوو که‌ڕێبدات به‌خه‌ڵک که هه‌رکات ویستیان بتوانن ئاڵوگۆرڕ بکه‌ن. ئه‌گه‌ر هه‌ر په‌رله‌مانێک یان هه‌ر هه‌یئه‌تێک و ئه‌نجومه‌نێک دێت و بۆ نمونە یاساى سەرکوتکردنى خۆپیشاندان داده‌نێت و ئەمەش ئاشکرایە کە لە دژى خەلکەو بۆ ئەوەیە خەلک دەنگى نارەزایتى بەرز نەکاتەوە، مه‌علومه که له‌دژی خه‌ڵکه‌که‌یە، نابێ سیستەمەکە جۆریک بیت کە خەلک دەستەمۆ بکات، بەلکو دەبێ جۆریک بیت خەلک بتوانێ ئەو دەسەلاتە بگۆرێ.
یان ئێستا کاتی ئه‌وه نه‌ماوه له کوردستاندا خه‌ڵک بێته مه‌یدان وباسی حکومه‌تێکی قه‌ومی بکات، یانی حکومه‌تێکی تر شوێنی ده‌سه‌ڵاتی ئێستا بگرێته‌وه که له‌سه‌ر بناغه‌ی قه‌وم و نه‌ته‌وه په‌رستی و عه‌شره‌ت په‌رستی خۆی پێناسه بکات. ئێستا کاتی حکومه‌تێکی سکولاره که‌دین له‌ده‌وڵه‌ت جیا بێت یه‌کسانی ژن و پیاو وه‌ک قانونێکی ره‌سمی ڕابگه‌یه‌نێت. خه‌ڵک حه‌قی هه‌یه قسه‌بکات و ره‌خنه بگرێت، نه‌قد لە مه‌سعود بارزانی بگریت، نه‌قدی جه‌لال تاڵه‌بانی و قورئان بکات، هه‌رچیه‌ک ئه‌کات هه‌قی خۆیه‌تی ڕای خۆی بڵێت.
خه‌ڵکی دیکه‌ش هه‌قیان هه‌یه بڕۆن و دیفاع بکه‌ن به‌قه‌ڵه‌م، دیفاع بکه‌ن به‌قسه، دیفاع بکه‌ن و به‌ڵام فتوا نه‌ده‌ن و تیرۆر نه‌که‌ن، مه‌جال به‌م شتانه نه‌درێ وه مه‌سه‌له‌ی خزمه‌تگوزاریه سه‌ره‌تاییه‌کان، خه‌ڵک ده‌بێ بزانێ که‌حکومه‌تێک دێنێته سه‌رکار که وه‌زیفه‌ی ئه‌وه‌لی خۆی به‌وه بزانێ خزمه‌تگوزاریه سه‌ره‌تاییه‌کانی کۆمه‌ڵگا هیچ ئەماو ئەگەریکى تیا نیە و دەبى یەکسەر مسۆگه‌ربکریت. ئاخر که‌ی بوو مه‌لا به‌ختیار ووتی له‌سا‌ڵی 2008دا بوو، ئه‌گه‌ر کێشه‌ی کاره‌با چاره‌سه‌ر نه‌کرێت ئه‌م حکومه‌ته ده‌بێ هه‌ڵوه‌شێته‌وه ئه‌وه ساڵی 2011 یه‌و که‌چی هێشتا هاوڵاتیان به‌ده‌ست نه‌بوونی کاره‌باوه ده‌ناڵێنن. ئه‌مانه ئه‌ومه‌سه‌لانه‌ن که‌ده‌بێ هه‌رله‌ئێستاوه ڕۆشن بێت بۆ خه‌ڵک.
ئەم گفتوگۆیە 5-2-2011 واتە 11 رۆژ پێش یەکەمین خۆپیشاندان لەبەردەرکی سەرای سلێمانی بۆ پشتیوانی لە شۆرشی میسر‌و تونس، هەروەها ١٢ رۆژ پئش خرۆشانی ١٧ی شوباتی ٢٠١١ ئەنجامدراوە.