گفتوگۆی سه‌عید ئه‌حمه‌د له‌گه‌ڵ ڕێبوار ئه‌حمه‌د سه‌باره‌ت به ئێستا‌و ڕابردو‌و ئاینده‌ی خۆپیشاندانه‌کان
دوای دوو مانگ له خۆپیشاندانه‌کانی کوردستان، سه‌ره‌نجام به زه‌بروزه‌نگ‌و له‌شکرکێشی ده‌سه‌ڵاتی کوردی بۆسه‌ر سلێمانی‌و ئه‌و شوێنانه‌ی تر، خۆپیشاندانه‌کان خامۆشکرانه‌وه. ئه‌م بزووتنه‌وه ناڕه‌زایه‌تیه گه‌وره‌و بێوێنه‌یه له مێژووی ده‌سه‌ڵاتی کوردی‌دا هه‌ر له‌سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانیه‌وه تاکو ئه‌م ده‌وره‌یه له سه‌رکوتکردنی، چه‌ندین پرسیاری به‌شوێن خۆیدا هێناوه. له‌وانه: ئایا خۆپیشاندانه‌کان ته‌واو؟ ئه‌گه‌ر ته‌واو نه‌بوون ده‌رسه‌کانی ئه‌م ده‌وره‌یه‌ی خۆپیشاندانه‌کان چین که‌ده‌بێ ده‌وره‌ی ئاینده له‌به‌رچاوی بگرین؟ ده‌بێ بۆ ئاینده چی بکه‌ین؟ له‌لایه‌کی تریشه‌وه‌و له‌دیدی به‌رامبه‌ره‌وه: ئه‌سڵه‌ن خۆپیشاندانه‌کان بۆ؟ به‌شداری حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی تیایدا بۆ؟ کۆمۆنیسته‌کان به‌شوێن چییه‌وه‌ن له‌م خۆپیشاندانانه‌دا؟
بۆ وه‌رگرتنی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه گفتوگۆیه‌کمان له‌گه‌ل رێبوار ئه‌حمه‌د سازدا، که ئه‌م ماوه‌یه چه‌ندین بابه‌تی له‌سه‌ر لایه‌نه جیاجیاکانی ئه‌م خۆپیشاندانانه‌و چۆنێتی به‌سه‌رکه‌وتن گه‌یاندنی نووسیووه. ئه‌مه‌ی خواره‌وه ده‌قی گفتوگۆکه‌مانه
سه‌عید ئه‌حمه‌د 27ی نیسانی 2011
سه‌عید ئه‌حمه‌د/ هه‌روه‌ک چاوه‌ڕوان ده‌کرا، ده‌سه‌ڵاتی کوردی له دووڕێیانی وه‌ڵامدانه‌وه به خواسته‌کانی خۆپیشانده‌ران و سه‌رکوتکردنیاندا، ئه‌وه‌ی دووهه‌میانی هه‌ڵبژارد. شاری سلێمانی و ناوچه‌کانی ده‌وروبه‌ری که‌پێشتر مه‌ڵبه‌ندی هاتنه‌مه‌یدانی خه‌ڵک‌و خۆپیشاندانه‌کان بوون، ئێستا بوونه‌ته سه‌ربازگه‌یه‌کی گه‌وره‌و هه‌زاران که‌س له چه‌کداره‌کانی ده‌سه‌ڵات به چه‌ک‌و تێڵاوه به مه‌یدان‌و شه‌قامه‌کاندا بڵاوبوونه‌ته‌وه. به‌ڕای ئێوه چه‌نده ده‌سه‌ڵات ده‌توانێت له‌م کاره‌یدا سه‌رکه‌وتووبێت و خه‌ڵک و ناڕه‌زایه‌تییه‌کانیان خامۆش بکاته‌وه؟ تاکه‌ی ده‌توانێت ئه‌م شارانه به‌سه‌ربازگه بکات و وه‌کو شارێکی داگیرکراوی لێبکات؟ ئایا ده‌سه‌ڵاتێک که‌سه‌رتاپای گه‌نده‌ڵی و تاڵان و بڕۆی سامانی خه‌ڵکه و له‌ناو گه‌نده‌ڵیدا غه‌رق بووه، ده‌سه‌ڵاتێک که بیست ساڵه هه‌رچی سامان و خێروبێری ئه‌م وڵاته هه‌یه بۆخۆیی وسه‌رانی قۆرخ کردووه‌و به‌زه‌بری فریوکاری و سه‌رکوت خه‌ڵکی بێده‌نگ کردووه‌و به‌شی کرێکاران و زۆربه‌ی خه‌ڵکی کوردستانیش بێبه‌شی و سه‌رکوت بووه، چه‌نده ده‌کرێ چاوه‌روانی ئه‌وه‌ی لێ بکریت که وه‌ڵام به خواسته‌کانی خۆپیشانده‌ران و خه‌ڵکی کوردستان بداته‌وه؟ مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه ئایا دووڕیانیک له ئارادا بوو، ده‌کرا ئه‌م ده‌سه‌لاته ناچار به هه‌لبژاردنی ڕیگایه‌کیتر بکریت جگه له‌م سه‌رکوت و ملهوریه؟
ڕێبوار ئه‌حمه‌د/ له پێشدا له باره‌ی ئه‌وه‌ی که چه‌نده ده‌سه‌ڵات ده‌توانێت له‌م کاری سه‌رکوته‌یدا سه‌رکه‌وتووبێت و خه‌ڵک وناڕه‌زایه‌تییه‌کانیان خامۆش بکاته‌وه، پێم وایه له فه‌زای ئێستای کوردستان و ناوچه‌که‌دا ئه‌مه کارێکی سه‌خته. ره‌نگه بتوانن بۆ ماوه‌یه‌ک هه‌نگاوێک پاشه‌کشه‌ی به‌سه‌ردا بسه‌پێنن، ئه‌ویش به نرخێکی گران. به‌ڵام تازه گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌و هه‌لومه‌رج و هاوسه‌نگی و په‌یوه‌ندیه‌ی نێوان ده‌سه‌ڵات و خه‌ڵک که پێش 17ی شوبات هه‌بوو، ئەستەمە. هه‌ڵبه‌ت مه‌ترسی سیناریۆی ته‌ڵخی جۆراوجۆر له ئارادا هه‌یه که له‌م ده‌سه‌ڵاته چاوه‌ڕوان ده‌کرێت بۆ گۆڕینی فه‌زاکه بیگرێته‌به‌رو هێزه بۆرژوازیه‌کانی ئۆپۆزیسیونیش چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یان لێده‌کرێت که به ده‌وری خۆیان و بۆ مه‌رامه‌کانی خۆیان به‌هانه بۆ ئه‌و جۆره سیناریۆیانه به‌ده‌سته‌وه بده‌ن. له‌م باره‌یه‌وه هوشیارییه‌کی زۆر پێویسته. به‌ڵام به بروای من تازه کۆمه‌ڵگای کوردستان پێ‌ی ناوه‌ته قۆناغێکی تازه‌وه‌و ناگه‌ڕیته‌وه بۆ دواوه.
ئه‌وه‌ی که ئێستا ڕوویداوه‌و ئێوه باستان لێکرد، چاوه‌ڕوان نه‌کراو نه‌بوو. من له‌و ووتارانه‌ی له باره‌ی ئه‌م جوڵانه‌وه شۆڕشگێڕانه‌یه‌وه له ماوه‌ی ڕابردوودا نوسیومن، چه‌ند جار باسی ئه‌م جۆره سیناریۆو پیلانانه‌م کردوه‌و هۆشداریم داوه. له پلاتفۆرمێکیشدا که له‌لایه‌ن پلنیۆمی هه‌شته‌می حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریه‌وه په‌سه‌ند کراوه، په‌نجه بۆ مه‌ترسی له‌م جۆره ڕاکێشراوه. هیچ گومان له‌وه نه‌بوو که ده‌سه‌ڵاتی بورژوا ناسیونالیستی کورد ئه‌گه‌ر بۆی بکرێت، تا ڕێگای سه‌رکوت و پاشه‌کشه‌پێکردنی بزووتنه‌ووه‌ی جه‌ماوه‌ری له به‌رده‌م بێت، ڕێگای وه‌ڵامدانه‌وه به خواسته‌کانیان هه‌ڵنابژێرێت. به‌ڵام به هیچ شێوه‌یه‌ک ده‌ستبردن بۆ ئه‌م ڕێگایه له‌م ئاسته فراوانه‌ی ئێستادا حه‌تمی نه‌بوو. له پێشدا به‌و هۆیه‌وه که باجی گرتنه‌به‌ری ئه‌م ڕێگایه بۆ ده‌سه‌ڵاتی بورژوازی کورد به گران ته‌واو ده‌بێت. ئه‌و به هه‌ڵبژاردنی ئه‌م ڕێگایه له پێشدا ئاستی خۆشباوه‌ڕی خه‌ڵکی به‌رامبه‌ر خۆی هه‌تا نزمترین ئاستی خۆی هێناوه‌ته خواره‌وه. خه‌ڵکی کوردستان له‌م سه‌رکوت و ملهوری و تاوانکاریه خۆش نابن. به‌مه‌ش گرفتێکی گه‌وره‌ی له‌به‌رده‌م درێژه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆیدا دروست کردوه‌و ده‌کرێ بڵێین تا راده‌یه‌کی زۆر ڕه‌وتی رووخانی خۆی گرتووه‌ته‌به‌ر. ڕه‌نگه ئه‌مه درێژه بکێشێت به‌ڵام ئه‌م ڕه‌وته زۆر زه‌حمه‌ته تازه هه‌ڵگه‌ڕێته‌وه. هه‌روه‌ها هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌وه تازه هه‌ر رۆژێک له عومری ئه‌م ده‌سه‌ڵاته به نرخێکی گرانتر له ڕابردو‌و به‌ڕێوه‌ده‌چێت. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه ئیتر له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌رێک به‌ره‌وڕووه که وه‌کو پێش 17ی شوبات و ته‌نانه‌ت وه‌کو پێش 18ی نیسانیش، نه‌ک خۆشباوه‌ڕییان پێ‌ی نیه، به‌ڵکو وه‌کو دوژمن چاوی لێده‌که‌ن. حوکمڕانی به‌سه‌ر ئه‌م خه‌ڵکه‌دا هه‌م سه‌خته‌و هه‌م له هه‌موو ڕوویه‌وه‌که زۆری تێده‌چێت. واته ده‌سه‌لاتی بۆرژوا ناسیونالیستی کورد مه‌حدودیات و گرفتی که‌می له پیش نه‌بوو بۆ ده‌ستبردن بۆ سه‌رکوتیکی فراوانی له‌م ئاسته. ئه‌مانه‌و فاکتۆری تریش هه‌یه که به‌و باره‌دا ده‌وریان ده‌گێڕا، که ده‌کرا ره‌وتی هه‌لومه‌رجه‌که به بارێک‌دا بڕۆیشتایەپێش و ئه‌م بواری سه‌رکوت و میلیتاریزمه له‌م ئاسته‌دا به‌رووی ده‌سه‌ڵاتدا ئاوه‌ڵا نه‌بێت.
که‌وایه هه‌ر له‌به‌ر ئه‌و هۆیانه‌ش بێت بورژوازی ده‌سه‌ڵاتداری کوردی، له‌به‌رده‌م ئه‌و دووریانه‌دا بوو که وه‌ڵامی خواسته‌کان بداته‌وه یان ده‌ست بۆ ئه‌م سه‌رکوت و ملهوڕیه بێسنوره به‌رێت. هه‌ڵبه‌ت به درێژایی ئه‌م 20 ساڵه ده‌سه‌لاتی کوردی به‌رده‌وام سه‌رکوتی کردوه به یه‌کێک له کۆڵه‌که‌کانی ڕاگرتنی ده‌سه‌ڵاتی خۆی، له‌سه‌ره‌تای به‌ڕێکه‌وتنی ئه‌م بزووتنه‌وه جه‌ماوه‌ریه‌شه‌وه سه‌رکوت و خوێنڕێژیه‌کی گه‌وره‌ی به‌ڕێخستووه. ئه‌وه‌ی ئێستاش ده‌ستی داوه‌تێ درێژه‌و په‌ره‌پێدانی ئه‌و سه‌رکوته‌یه. ئه‌مه هیچ پاساوێکی نیه جگه له‌وه‌ی ده‌یانه‌وێ به ملهوڕی، ده‌سه‌لاتی گه‌نده‌ڵیان به‌سه‌ر خه‌ڵکدا ڕاگرن. خه‌ڵکی کوردستان ئه‌مه‌یان له بیر ناچێت و هه‌رگیز لێی خۆش نابن. به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌دا ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌یه‌نێ که نه‌ده‌کرا ئه‌م ده‌سه‌ڵاته له ئاستێک‌دا ناچار بکرێت به ملدان به خواسته‌کانی جه‌ماوه‌ر.
ده‌کرا ڕه‌وتی رووداوه‌کان به‌م باره‌دا نه‌ڕۆیشتایه. ئه‌وه‌ی که ئایا ده‌کرێ له ده‌سه‌ڵاتێکی گه‌نده‌ڵ و تاڵانچی چاوه‌ڕوانی وه‌ڵامدانه‌وه به خواسته‌کانی خه‌ڵک بکرێت؟ ئه‌وه‌ی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره ڕۆشن ده‌کاته‌وه، ته‌نها ماهیه‌تی ده‌سه‌ڵاته‌که نیه، به‌ڵکو ئاست و توانای بزووتنه‌وه‌که و ئه‌و شێواز‌و رێگایانه‌شه که ده‌یگرێته‌به‌ر. من له‌یه‌که‌م ڕۆژه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچونه کێشه‌ی جدیم هه‌بووه که پێ‌ی وایه به به‌رزکردنه‌وه‌ی دروشمی توند‌و به ڕواڵه‌ت ڕادیکاڵ، یان به بردنه‌سه‌ری ناهه‌ڵسه‌نگێندراوی ئاستی داخوازیه‌کانی بزووتنه‌وه‌که، ده‌کرێت بزووتنه‌وه‌که به‌ره‌وپێش و تواناییه‌کانی به‌ره‌و سه‌ر ببرێت. به پێچه‌وانه ده‌بوو به بردنه‌سه‌ری ئاستی رێکخراوبوون و پان و به‌رین کردنه‌وه‌و به‌هێزکردنی پێگه‌ی چینی کرێکار‌و گرتنه‌به‌ری شێوازی گونجاوو دروست و دیاریکردنی ئاستی واقعی داخوازیه‌کان، ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه به‌ره‌و سه‌ر بڕوات و ته‌نانه‌ت ئاست ته‌نگیه‌کانی وه‌لابنرێت. به‌ڵێ من پێم وایه ده‌کرا ده‌سه‌ڵات ناچاربکرێت به ملدان به زۆرێک له داخوازیه‌کانی جه‌ماوه‌ر. له‌وانه ڕاده‌یه‌ک له پاشه‌کشه‌ی به‌رهه‌م ساڵه‌ح له نامه‌که‌یدا بۆ ئه‌نجومه‌نی سه‌رای ئازادی، به‌ڵێنه ته‌م و مژاویه‌کانی مسعود بارزانی بۆ دانی مۆڵه‌تی 3 مانگی بۆ چاکسازی، به‌رنامه 17 خاڵیه‌که‌ی په‌رله‌مان و هه‌ڵپه‌ساردنی یاسای سه‌رکوتی خۆپیشاندان..و له‌گه‌ڵ هه‌موو فریوکاریه‌ک که له دوو توێی ئه‌وانه‌دا خۆی حه‌شارداوه، هه‌موو به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ن که ده‌کرا ده‌سه‌ڵات له کێشمه‌کێشێکی دروست و هه‌ڵسه‌نگێندراودا..ناچار بکرێت له هه‌نگاوی یه‌که‌مدا لانی که‌م به‌شێک له داخوازیه‌کانی خه‌ڵک جێ‌به‌جێ بکات. ئه‌مه‌ش ته‌کانێکی نه‌وعی زۆر گه‌وره‌ی به زووتنه‌وه‌که ده‌دا.
سه‌عید ئه‌حمه‌د/ وه‌کو هه‌لسه‌نگاندن و ده‌رس وه‌رگرتن له رابردوو، ئه‌وه ئاشکرایه که ده‌سه‌لات هه‌میشه له‌سه‌نگه‌ردابوو بۆ سه‌رکوت و به‌رده‌وام ئه‌م کاره‌ی کردوه، به‌لام جگه له‌وه چ هۆکاریکی تر ده‌وری گێڕا له‌وه‌ی ره‌وتی کێشمه‌کێش و هه‌لومه‌رجه‌که به‌م رێڕه‌وه‌دا بڕوات و ده‌سه‌ڵات له‌م ئاسته‌دا ده‌ستی بۆ سه‌رکوت بکرێته‌وه؟
ڕێبوار ئه‌حمه‌د/ هه‌روه‌کو خۆتان ووتتان ده‌سه‌ڵاتی کوردی له ماوه‌ی ئه‌م 20 ساڵه‌دا هه‌میشه سه‌رکوتی وه‌کو ڕێگایه‌ک بۆ سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌کار هێناوه. به‌رده‌وام توانا‌و خه‌رجێکی زۆری بۆ دروستکردن و پته‌وکردنی ده‌زگا سه‌رکوتگه‌ره جۆراوجۆره‌کانی ته‌رخان کردوه. هه‌ر له سه‌ره‌تایی ئه‌م ده‌وره‌یه‌ش له په‌ره‌گرتنی ناڕه‌زایه‌تیه جه‌ماوه‌ریه‌کانه‌وه هه‌وڵیداوه به سه‌رکوت خامۆشیان بکاته‌وه. به‌ڵام به‌ده‌ر له ویست و ئیراده‌ی ئه‌و، هۆکاری تریش هه‌بوه که ئه‌و مه‌جاله‌ی بۆی کرده‌وه. له‌وانه به بڕوای من ده‌وری ئه‌و ئاسۆ سیاسیه‌و گرتنه‌به‌ری ئه‌و تاکتیکه ناردروسته که به‌سه‌ر بزووتنه‌وه جه‌ماوه‌ریه‌که‌دا زاڵکرا. به دیاری کراوی مه‌به‌ستم ئه‌و ئاسۆ‌و تاکتیکه‌یه که بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و ره‌وته ئیسلامیه‌کان نوێنه‌رایه‌تیان ده‌کرد. ئه‌وان له به‌رژه‌وه‌ندیاندا نه‌بوو که ئه‌م بزووتنه‌وه جه‌ماوه‌ره‌یه ئه‌وه‌نده هه‌مه‌گیرو ڕادیکاڵ و به‌هێزو رێکخراوو هۆشیارو سیاسی بێته‌وه، که نه‌کرێت جله‌َو بکرێت. ئه‌وان ده‌یانویست تا ئه‌و ڕاده‌یه سه‌نگی هه‌بێت که ده‌ستمایه‌ی ئه‌وان بێت بۆ به‌ندوبه‌ست له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات و پێکهێنانی ئاڵوگۆڕێکی شکڵی له ده‌سه‌ڵاتدا که پێگه‌ی خۆیانی تیا به‌هێزتربێت. بۆیه له‌لایه‌که‌وه ئه‌و تاکتیکه‌یان گرته‌به‌ر که له‌و ئاسته دیاریکراوه‌ی توانای بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ریدا خه‌ڵک به‌ره‌و توڕه‌یی و هه‌ڵچونی پێشوه‌خت به‌رن، له‌لایه‌کی تریشه‌وه خۆیان له هۆڵی چاوه‌ڕوانی گفتوگۆدابن له‌گه‌ڵ ده‌سه‌لات بۆ وه‌رگرتنی ئیمتیازات به نرخی خه‌بات و قوربانیدانی جه‌ماوه‌ر.
بۆ نمونه به‌دیاریکراوی ده‌کرێت باسی “نه‌خشه ڕێگای ئه‌نجومه‌نی کاتی سه‌رای ئازادی” بکه‌ین له‌و کاته‌دا که گفتوگۆی ئۆپۆزسیونی بورژوازی خه‌ریک بوو به‌بنبه‌ست ده‌گه‌یشت. ئه‌و ڕۆژه‌ی که باسی ئه‌وه هاته‌به‌ره‌وه که ئه‌نجومه‌ن به‌نیازه نه‌خشه ڕێگایه‌کی به‌و ناوه‌رۆکه‌وه بخاته‌ڕوو، ئێمه له ڕابه‌ری حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری له ڕێگای هاوڕێیانمان له ئه‌نجومه‌نی کاتی سه‌رای ئازادی، زۆرمان هه‌وڵدا که ئه‌وکاره نه‌کرێت. به‌ڵگه‌که‌شمان ئه‌وه‌بوو که ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه له‌م ئاسته‌دا نه بزووتنه‌وه‌ی ڕووخاندنی ده‌سه‌ڵاته‌و نه ئه‌و کاره‌ی پێده‌کرێت. ناکرێ سەنگیکی قورس‌تر له‌وه‌ی توانای هه‌ڵگرتنی هه‌یه بخریتە سەرشانی ئەم بزووتنه‌وه‌یه. بۆ مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ل هه‌ر بزووتنه‌وه‌یه‌کدا، ده‌بێ هه‌ڵسه‌نگاندنێکی دروستت هه‌بیت بۆی و به باشی بیناسی، ده‌بێ ئه‌وه ببینرێت که توانای واقعی بزووتنه‌وه‌که له هه‌ر قۆناغیکدا چه‌نده‌و چۆنه، پێکهاته‌ی هێزه جه‌ماوه‌ریه‌که‌ی چیه‌و چی ده‌وێ و له پێناوی چی هاتوه‌ته مه‌یدان، هێزه‌که‌ی هێزی کام ئاڵوگۆڕه، لایه‌نه به‌شداره‌کان و ئاسۆ سیاسیه‌کان و پێگه‌یان له ناو بزووتنه‌وه‌که‌دا چۆنه؟… له‌سه‌ر بناغه‌ی ئه‌مانه خواست و ئامانج و سه‌رکه‌وتنی پێناسه بکریت. نه‌ک ئاره‌زوومه‌ندانه له‌سه‌ر بناغه‌ی ئه‌وه‌ی له بیری خۆتدایه ئه‌م کاره بکەیت. بۆ نمونه کۆمۆنیسته‌کان بۆ یه‌ک شۆرش کار ده‌که‌ن ئه‌ویش شۆڕشی کرێکارییه و هه‌ر ئه‌مه‌ش به ڕێگاچاره‌ی ڕیشه‌یی هه‌موو کێشه‌کان ده‌زانن. له هه‌ر بزووتنه‌وه‌یه‌کیشدا به‌شداری بکه‌ن سه‌رئه‌نجام بۆ خزمه‌تکردن به‌م ئامانجه‌و ئاماده‌کردنی پیداویستیه‌کانی ئه‌م شۆڕشه کار ده‌که‌ن. به‌لام ناکرێ ئه‌م ئامانجه بخه‌نه به‌رده‌م هه‌ر هێزو بزووتنه‌وه‌یه‌ک. ئه‌مه هێزی خۆی و پیداویستی خۆی ده‌وێت. من پێم وایه “نه‌خشه ڕیگای ئه‌نجومه‌ن” له‌م روه‌وه نه‌گونجاو بوو.
ئه‌وه ئاشکرابوو که میتینگێکی جه‌ماوه‌ری و هه‌مه‌گیری خه‌ڵکی چه‌ند هه‌زارکه‌سی که له نزمترین ئاستی رێکخراوو ئینسجامی سیاسیدایه، ئه‌ویش ته‌نها له به‌شیکی کوردستاندا… ناتوانێ ده‌سه‌ڵاتێکی میلیشیایی خاوه‌ن هێزێکی چه‌کداری زه‌به‌لاح و چه‌ندین ده‌زگای سه‌رکوت و ئیمکانیاتیکی ئابوری زۆروزه‌به‌ن بڕوخێنێ. یان ناچار به هه‌ڵوه‌شانی سه‌رۆکایه‌تی ده‌زگا سه‌ره‌کیه‌کانی بکات. ئه‌مه له ئێستادا بزووتنه‌وه‌یه‌کی ناره‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ری و شۆڕشگێڕانه‌یه، که له هه‌نگاوی یه‌که‌مدا ده‌توانێ کۆمه‌ڵێک خواستی جه‌ماوه‌ره‌که‌ی خۆی به‌ده‌ست بهێنێت. هه‌ر ئه‌مه‌ش بنه‌مایه بۆ ئه‌وه‌ی له هه‌نگاوه‌کانی دواتریدا مه‌سه‌له‌ی گه‌وره‌تر بخاته ده‌ستوری خۆیه‌وه. به‌ڵام ده‌بێ ئه‌و پرۆسه‌یه بناسرێت و له هه‌ر بڕگه‌یه‌کدا توانایی و پێکهاتی کۆمه‌ڵایه‌تی و چینایه‌تی هێزه‌که‌ی ببینرێت و له‌سه‌ر ئه‌و بناغه‌یه خواست و هه‌نگاوه‌کانی دیاری‌بکرێت. بۆیه گۆڕینی خواسته واقعیه‌کانی بزووتنه‌وه‌که بۆ به‌رزکردنه‌وه‌ی خواستی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی 3 سه‌رۆکایه‌تیه‌که، له ئاستی ئه‌و هاوسه‌نگی هێزه‌دا نه‌بوو. له ڕاستیدا مه‌سه‌له‌یه‌کی به‌وجۆره ناکرێت وه‌کو داواکاری به‌رزبکرێته‌وه، به‌ڵکو له کاتی خۆیدا به هێزی پێویسته‌وه بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری ده‌توانێ بڵێت یان ده‌بێ بڕۆن، یان وه‌کو خه‌ڵکی میسر به‌ره‌و کۆشکی سه‌رۆکایه‌تی به‌رێده‌که‌وین و ده‌تانگرین. گۆڕان و ئیسلامیه‌کان ڕه‌وتی مه‌سه‌له‌که‌یان به‌م باره‌دا برد بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات ناچار بکه‌ن وه‌ڵامی داواکانی ئه‌وان بداته‌وه. له‌م کاته‌دا که ئه‌وه سه‌پێنرا به‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌که‌دا که ده‌ست بۆ کارێک به‌رێت که خۆی توانای جێ‌به‌جێ کردنی نه‌بوو، له هه‌مان کاتدا ده‌سه‌ڵاتێکی گه‌نده‌لیش که بێگومان ئاماده نیه به خوایشتی خۆی هه‌ڵوه‌شێته‌وه، هه‌لومه‌رجه‌که‌ی قۆسته‌وه‌و ڕیگای سه‌رکوتێکی به‌رین و ملهورانه‌ی گرته‌به‌ر. گومان له‌وه نیه یه‌کێتی و پارتی که 20 ساڵه وه‌کو ده‌سه‌ڵات، میلیشیایی پێشمه‌رگه‌و ده‌زگای جۆراوجۆر به‌خێوده‌که‌ن، سه‌رئه‌نجام بۆ ئه‌وه‌یانه له ڕۆژێکی وه‌کو ئه‌مڕۆدا بۆ به‌رگری له ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵی خۆیان به‌کاری بهێنن.
هۆکاریکیتر قه‌تیس مانه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌که بوو له مه‌یدانی سه‌رای ئازادی و چه‌ند مه‌یدانی دیکه‌ی له‌م جۆره له شارۆچکه‌کانی تر، ئه‌مه هه‌تا ئه‌گه‌ر سه‌راسه‌ری نه‌بونه‌وه‌شی له‌و لاوه راگرین. لانی که‌م ده‌بوو ئه‌م بزووتنه‌وه بیکێشایه‌ته گه‌ڕه‌ک و کارگه‌و فه‌رمانگه‌کان…ده‌بوو له‌و جێگایه‌نه میتینگ به‌رپا بوایه، جه‌ماوه‌ر رێکخرابوونایه..به تایبه‌تی نه‌جوڵانی چینی کرێکار له ئاستێکی به‌رچاودا بۆ گێڕانی ده‌وری گرنگ له‌م جوڵانه‌وه‌یه. له هه‌موو ئه‌مانه‌شدا ده‌ورو پێگه‌ی ئاسۆی بورژوازی له جوڵانه‌وه‌که‌دا ده‌وری زۆر سه‌ره‌کی هه‌بوو، که بزووتنه‌وه‌که به‌م باره‌دا نه‌ڕوات، که توانای سه‌رکوت کردنی بۆ ده‌سه‌ڵات و توانای جڵه‌وکردنیشی بۆ ئۆپۆوسیونی بورژوازی زۆر سه‌خت ده‌بوه‌وه.
سه‌عید ئه‌حمه‌د/ ئازادی و عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی و یه‌کسانی و دژایه‌تی سه‌رکوت و گه‌نده‌ڵی، له خواست‌و شیعاره سه‌ره‌کییه‌کانی خۆپیشاندانه‌کانی کوردستانن. میدیایی ده‌سه‌ڵات له‌م باره‌یه‌وه ئه‌و مه‌سه‌له‌یه ده‌وروژێنێ که بۆ نمونه ئیسلامیه‌کان که له هێزه به‌شداره‌کانی خۆپیشاندانه‌کانن، له کوێی له‌گه‌ڵ ئازادی ئه‌و دروشمانه‌دا دێنه‌وه؟ ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر بڕیاربێت ئه‌مانه په‌یامی ئازادی بهێنن، هه‌ر ده‌ستی لێنه‌ده‌ین باشتره! یان گه‌لێک له تاوانبارانی سه‌رکوتی خۆپیشاندانه‌کانی ساڵانی رابردوو (دوو وه‌زیری ناوخۆ‌و دوو به‌رێوه‌به‌ری ئاسایش‌و ..تاد) له به‌رپرسانی باڵای بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانن. له‌مانه چاوه‌ڕێ‌ی چی ئه‌کرێت؟ ئه‌مانه ئازادی به‌گشتی‌و ئازادی خۆپیشاندان بۆ خه‌ڵکی به‌دیدێنن!؟ زۆربه‌ی خه‌ڵک ئه‌وه ده‌زانێت که ئه‌مان‌و ئیسلامیه‌کان ته‌نها له‌به‌رئه‌وه له‌مڕۆدا لایه‌نگری “ئازادی”و ئازادی خۆپیشاندانن چونکه ئۆپۆزیسیۆنن، ئه‌گینا هه‌ر ڕۆژێک بگه‌نه ده‌سه‌ڵات له‌مان خراپتر ده‌بن. بۆیه ده‌ڵێن نابێ له خۆپیشاندانه‌کانی ئه‌واندا به‌شداری بکریت.
ڕێبوار ئه‌حمه‌د/ منیش ده‌ڵێم نابێ جه‌ماوه‌ری ئازادیخوازی نه له خۆپیشاندان و نه له هیچ سیناریۆیه‌کی ئه‌و هێزانه‌دا به‌شداری بکه‌ن. به‌ڵام بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری و ناڕه‌زایه‌تی ئێستای کوردستان، بزووتنه‌وه‌ی لایه‌نه ئیسلامیه‌کان و گۆڕان نیه. ده‌سه‌ڵات به زۆره ملێ ده‌یه‌وێ وای پێناسه بکات، هه‌م بۆ ئه‌وه‌ی حاشا له‌و راستیه بکات که جه‌ماوه‌ری کرێکار‌و زه‌حمه‌تکیش و خه‌ڵکی ئازادیخواز ده‌ستیان ناوه به‌ڕووی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته گه‌نده‌ڵه‌وه، هه‌م بۆ ئه‌وه‌ی یه‌کلاکردنه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌که بگۆڕێ به مه‌سه‌له‌ی نێوان خۆی و ئه‌و لایه‌نانه، که له‌م حاڵه‌دا چ به سه‌رکوت بێت و چ به سات و سه‌ودا، یه‌کلاکردنه‌وه‌ی بۆی مه‌یسه‌ر تره. به‌ڵام ئه‌مه بزووتنه‌وه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ریه و بۆ خواسته واقعیه‌کانی ئه‌و جه‌ماوه‌ره به‌ڕێکه‌وتووه. ده‌رگاشی کراوه‌یه بۆ هه‌ر هێزو لایه‌نێک تیایدا به‌شداری بکات و پشتیوانێ لێبکات. گومان له‌وه نیه که هه‌ر لایه‌نێکش به‌شداری تیایدا بکات، به پێ‌ی ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندیه کۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی که خۆی نوێنه‌رایه‌تی ده‌کات تیایدا به‌شدار ده‌بێت. له‌سه‌ر ئه‌م بناغه‌یه‌ش ململانێی سیاسی له ناو بزووتنه‌وه‌که‌دا دێته ئاراوه. پێشینه‌ی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه ده‌گه‌رێته‌وه بۆ سه‌رده‌مێک که بزووتنه‌وه‌ی گۆران له ئارادا نه‌بوو، ئیسلامیه‌کانیش له ده‌سه‌ڵات به‌شیان هه‌بوو. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا حاشا له‌وه ناکرێت که ئه‌مرۆ خۆیان ئاوێزان کردوه له‌گه‌ڵ ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌و پێگه‌ی خۆیان هه‌یه له ناویدا. به‌ڵام گریمان به‌پێی ئه‌و پڕوپاگه‌نده‌یه‌ی ئه‌مرۆ ده‌سه‌ڵات به‌رپای کردوه، ئه‌مانه بتوانن خۆیان سواری شه‌پۆلی ئه‌م بزووتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیه بکه‌ن و پێ‌ی بگه‌ن به ده‌سه‌ڵایش، ئه‌وه یه‌کلایه‌نه ویست و ماهیه‌تی ئه‌وان نیه که شێوه‌ی حومکڕانی و به گشتی ئاینده‌ی کۆمه‌ڵگا دیاری ده‌کات، به تایبه‌تی ئه‌گه‌ر وا بهێنینه به‌رچاوی خۆمان که بۆ نمونه شۆڕشێکی جه‌ماوه‌ری له بابه‌تی شۆرشی میسر له کوردستان ببێته هۆی گۆڕینی ده‌سه‌ڵات. ئه‌وکات دووڕیانێک له‌وێدا دێته‌پێش یان ده‌بێ ئه‌وان بتوانن ئه‌و شۆڕشه سه‌رکوت بکه‌ن وه‌کو ئه‌وه‌ی ئیسلام له 1979ی ئێران‌دا کردی، ئه‌ویش لانی که‌م چه‌ند ساڵێک کێشمه‌کێش ده‌خایه‌نێت و سه‌رکه‌وتن له سه‌رکوتی ئه‌و شۆرشه‌دا ئاسان و حه‌تمی نیه بۆیان، یان ئیحتمالی دووه‌م ئه‌وه‌یه که ئه‌و شۆڕشه جه‌ماوه‌ریه ئه‌وان تێده‌په‌ڕێنێ و که‌ناریان ده‌خات و ناکامیان ده‌کاته‌وه‌و رێگای خۆی ده‌بڕێت به‌ره‌و ده‌سته‌به‌رکردنی ئامانجه‌کانی خۆی.
من ئه‌وه‌م وه‌کو گریمانێک بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی چه‌واشه‌کاریه‌کانی ده‌سه‌ڵات باس کرد. به‌ڵام پێناسه‌کردنی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه وه‌کو بزووتنه‌وه‌یه‌ک که گوایه ئیسلامیه‌کان و گۆڕان به‌ڕێیانخستوه، فریوکاریه‌کی به‌ده‌ستی ئه‌نقه‌ست و ئاشکرایه. بۆ ئه‌مه ده‌کرێت سه‌رنجی ڕاگه‌یاندراوه‌کانی سه‌رۆکی گۆڕان و هه‌ردوو مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کگرتوی ئیسلامی و کۆمه‌ڵی ئیسلامی بده‌ین، که هه‌ر سێکیان له 17ی شوبات، واته یه‌که‌مین رۆژی له خوێن هه‌ڵکێشانی بزوتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ریدا راگه‌یه‌نراون، هه‌ر سێکیان له به‌رامبه‌ر بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری و له پاڵ ده‌سه‌ڵاتی سه‌رکوتگه‌ری یه‌کێتی و پارتی راوه‌ستاون. هیچ له‌وه ڕوون و ئاشکراتر نیه که ئه‌م بزووتنه‌وه جه‌ماوه‌ریه له‌سه‌ر بناغه‌ی توڕه‌یی جه‌ماوه‌ری کرێکار‌و زه‌حمه‌تکیش و لاوان و ئازایخوازان، دژی سته‌م و سه‌رکوت و گه‌نده‌ڵی و زوڵم و چه‌وسانه‌وه‌ی زه‌ق و ره‌ق، هه‌روه‌ها به تایبه‌تی له‌م ده‌ورانه‌دا به ئیلهام وه‌رگرتن له شۆڕش و بزووتنه‌وه شۆرشگێڕانه‌کانی ناوچه‌که به‌ڕێکه‌وتووه. ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه پێشینه‌ی هه‌یه له کوردستان و پێشینه‌که‌ی ده‌گه‌ریته‌وه بۆ ئه‌وکاتانه‌ی که سه‌رانی گۆران و ئیسلامیه‌کان له ده‌سه‌لات به‌شداربوون. بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌نگاوێک زووتر‌و ئیسلامیه‌کانیش هه‌نگاوێک دره‌نگتر، دوای ئه‌وه‌ی زانیان که ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه به کرده‌وه به‌ڕێکه‌وتوه، به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان له‌گه‌ڵی ئاوێزان نیشاندا.
منیش جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌که‌م که ئازادی و یه‌کسانی و عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی و ماف و خواست و ویسته‌کانی تری بزووتنه‌وه‌که، له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌و ئاسۆ‌و ئامانجه‌کانی ئه‌و لایه‌نانه ناکۆکن. به‌ڵام ئه‌مانه خواستی خه‌ڵکن و ئه‌وانیش بۆ ئه‌وه‌ی پێگه‌ی خۆیان به‌هێزکه‌ن، خۆیان له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌که و خواسته‌کانیدا ئاوێزان نیشانده‌ده‌ن. به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌رنجی به‌رنامه‌و دروشم و ته‌نانه‌ت لیستی ئه‌و مه‌سه‌لانه بده‌ین که له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات گفتوگۆیان له‌سه‌ر کردوه، هیچ لێکچونێکی له‌گه‌ڵ ئه‌و خواست و دروشمانه‌ی بزووتنه‌وه‌که‌دا نیه. هه‌ر بۆیه به بروای من یه‌کێک له مه‌رجه‌کانی په‌ره‌سه‌ندن و سه‌رکه‌وتنی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌و پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ به قازانجی باشبونی ژیان و گوزه‌ران و مافه‌کانی خه‌ڵک، جیاکردنه‌وه‌ی ڕیزی سه‌ربه‌خۆی چینی کرێکار‌و جه‌ماوه‌ری زه‌حمه‌تکێش و لاوان و ژنانی سته‌مدیده‌یه له ئاسۆی ئه‌و حیزبه بورژوازیانه. چونکه بنه‌ماکانی هاتنه‌مه‌یدانی خه‌ڵک دژی ده‌سه‌ڵاتی ئێستا‌و بنه‌ماکانی ناڕازی بونی ئه‌وان له ده‌سه‌ڵاتی ئێستا لێک جیاوازن. ئه‌وان له به‌شی خۆیان وەکو به‌شێک له چینی سه‌رمایه‌دار له ده‌سه‌ڵات و سامانی ئێستای کوردستان ناڕازین، به‌ڵام جه‌ماوه‌ری راپه‌ڕیو له بێ‌کاری و هه‌ژاری و گرانی و نه‌بونی ئازادی و خزمه‌تگوزرای توڕه‌و ناڕازین. به‌م پێ‌یه دوو ئاسۆی جیاوازیشیان هه‌یه و ده‌بێ لێکجیابکرێنه‌وه.
یه‌کێک له ئه‌رکه هه‌ر گرنگه‌کانی کۆمۆنیسته‌کان ئه‌وه‌یه بۆ مسۆرگه‌رکردنی ئه‌و ڕیزی سه‌ربه‌خۆیه هه‌وڵبده‌ن. بێگومان ئه‌مه‌ش شێوه‌ی گونجاوی خۆی هه‌یه. ده‌بێ ئه‌و جه‌ماوه‌ره له کارگه‌و گه‌ڕه‌ک و فه‌رمانگه‌و زانکۆ‌و هه‌موو شوێنه‌کان له ڕیزی جه‌ماوه‌ریدا له ده‌وری شوراکان و رێکخراوه جۆراوجۆره‌کان رێکبخرێن، ده‌بێ حیزبی سیاسی و چینایه‌تی کۆمۆنیستی خۆیان بخرێته به‌رده‌ستیان و دڵنیابکرێن به‌بێ حیزبی سیاسی چینایه‌تی سه‌ربه‌خۆ ناتوانن به ئامانجی خۆیان بگه‌ن. ئه‌مه یه‌کێکه له ده‌رس و ته‌جروبه‌کانی شۆڕشی میسر‌و تونس، ئه‌مه هۆیه‌کی سه‌ره‌کی ئه‌وه‌یه که ئه‌و شۆڕشانه ده‌سکه‌وتی ئەوتۆیان بۆ کرێکاران و جه‌ماوه‌ری سته‌مدیده نه‌بووه. هه‌روه‌ها ده‌بێ خواسته‌کانی ئه‌و جه‌ماوه‌ره زۆر رۆشن و مه‌لموس بکرێت. بۆ نمونه حکومه‌تی ته‌کنۆکرات و هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت و حکومه‌تی ته‌وافق و جیاکردنه‌وه‌ی حیزب له حکومه‌ت …ئه‌مانه سه‌رجه‌م مه‌سه‌له‌و خواست و دروشمی ڕێ وونکه‌رانه‌ن و به ئه‌ندازه‌ی سه‌ره سوزنێک ده‌سکه‌وتیان بۆ خه‌ڵک نیه. له به‌رامبه‌ردا باسی حکومه‌تی پشتبه‌ستو به ئیراده‌ی ڕاسته‌وخۆی خه‌ڵک، داڕشتنی ده‌ستور له‌سه‌ر بنه‌مای مافه جیهانداگره‌کانی ئینسان، بیمه‌ی بێ‌کاری، زیادبونی کرێ ، یاسای کاری پێشڕه‌و، یه‌کسانی مافی ژنان و پیاوان، جیایی دین له ده‌وڵه‌ت، ئازادی سیاسی بێقه‌دو به‌ند، دابینکردنی ئاو‌و کاره‌باو ته‌ندروستی و ڕێگاوبان..و.. خواستی زۆر رۆشن و مه‌لموسن، که ده‌بێ به ده‌وری کۆمۆنیزم بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ریان لەدەور سازبدریت و هەرکامیان لە جیگای خۆی و بەپێی هاوسەنگی هیز به‌رزبکرێنه‌وه‌و ببن به پلاتفۆڕمی بزووتنه‌وه‌که. ئه‌مانه ڕیزو ئاسۆ سیاسیه جیاوازه‌کان لێک جیاده‌که‌نه‌وه‌و زامنی گه‌یشتنی جه‌ماوه‌ر به خواسته‌کانیان و پێکهاتنی ئاڵوگۆڕ به قازانجی ئه‌وان ده‌بێت.
سه‌عید ئه‌حمه‌د/ ئه‌م فره ڕه‌نگییه‌ی خۆپیشاندانه‌کان‌و به‌شداریکردنی ئه‌مپه‌ڕی راست (ئیسلامیه‌کان) بۆ ئه‌وپه‌ڕی چه‌پ (حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری) تیایدا، لای هه‌ندێک که‌س خاڵێکی به‌هێزی خۆپیشاندانه‌کان‌و مایه‌ی خۆشحاڵی‌و نیشانه‌ی دیموکراسی‌و پلۆرالیزمی قۆناغ‌و ده‌سه‌ڵاتی ئاینده‌یه. لای هه‌ندێکی تریش نیشانه‌ی بێسه‌روبه‌ریی خۆپیشاندانه‌کان‌و لێڵیی‌و نادیاریی ئاینده‌یانه. ده‌ڵێن حکومه‌تێک که ئه‌مانه دروستی بکه‌ن ده‌بێ له چێشتی مجێو‌ر بچێت! ده‌ڵێن له ڕۆژانی هه‌ینیدا چه‌پ‌و کۆمۆنیسته‌کان له هاوشانی ئیسلامیه‌کاندا پێکه‌وه له‌سه‌ر کارتۆنی بیره نوێژدائه‌به‌ستن! تۆ له‌مباره‌یه‌وه ئه‌ڵێیت چی؟ حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی بۆچی له بزووتنه‌وه‌یه‌کی وه‌هادا به‌شداری ده‌کات‌و ئامانجی چییه؟ له‌پاڵ ئه‌م ئه‌م لایه‌نه دواکه‌وتوانه‌دا ده‌یه‌وێ به‌چی بگات‌و چی بۆ کرێکاران‌و خه‌ڵکی کوردستان به‌ده‌ست بهێنێت؟ ئایا ئه‌وانی تر ڕێیان هه‌ڵه کردووه، یان حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری به‌سه‌هوودا چووه؟
ڕێبوار ئه‌حمه‌د/ ده‌بێ چه‌ند ئاست لێک‌جیا بکه‌ینه‌وه. له ئاستی حیزبه‌کاندا ئه‌وه ئاشکرایه که ئیسلامیه‌کان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان جۆرێک له هاوپه‌یمانی و ته‌نانه‌ت به‌ره‌یان شکڵپێداوه‌و دیاره ئه‌وان خاڵ و به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش و لێکچوی خۆیان ده‌زانن بۆیه ئه‌وکاره‌یان کردوه. به‌ڵام له‌م ئاسته‌دا تا ئه‌و جێگایه‌ی به حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ده‌گه‌ڕێته‌وه، نه‌ک هاوپه‌یمانی و به‌ره، ته‌نانه‌ت هیچ ڕاده‌یه‌ک له هاوئاهه‌نگی و کاری هاوبه‌ش و ته‌نانه‌ت په‌یوه‌ندیشی له هیچ ئاستێک‌دا له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نانه نه‌بوه‌و نیه. ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه نیه که په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌وان حه‌رام بێت، به‌ڵام هیچ بنه‌ما و مه‌وزوعیه‌تیک نیه بۆ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه. ئه‌گه‌ر ڕۆژێک بنه‌مایه‌کی سیاسی مه‌لموسی هه‌بوو، ده‌کرێت به ئاگاداری ته‌واوی خه‌ڵک کاری له‌و بابه‌ت بکرێت.
به‌ڵام له‌و ئاسته‌دا که وه‌کو بزووتنه‌وه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ری، له ده‌وری کۆمه‌ڵێک داخوازی و ئامانجی گشتی، جه‌ماوه‌رێکی تێکه‌ڵاو له خه‌ڵکی موسڵمان و ئیسلامی سیاسی و ناسیونالیست و سکولار‌و کۆمۆنیست و دیموکرات و لیبراڵ و…هتد هه‌روه‌ها هه‌ڵسوڕاوانێک هه‌ر له‌م پێکهاته…له ڕیزی پێشه‌وه‌و له قاڵب و ناونیشانی ڕابه‌ران و هه‌ڵسوڕاوانی ئه‌م بزووتنه‌وه تایبه‌ته‌دا ده‌ورده‌گێڕن، ئەمە دیاردەیەکە لە بزوتنەوە خەلکی و هەمەگیرەکاندا دەردەکەویت. چونکه هه‌م خواسته‌کان وه‌کو ئازادی سیاسی و دادگایی تاوانباران و بیمه‌ی بێ‌کاری و بنه‌بڕی گه‌نده‌ڵی …هتد له ناو ئه‌و جه‌ماوه‌ره به‌رینه‌دا به‌ده‌ر له ئایدۆلۆجیاو بیروباوه‌ڕیان پێگه‌ی به‌هێزی هه‌یه، هه‌م وه‌کو حیزبه‌کانیش ئه‌وه شتێکی به‌ڵگه نه‌ویسته که هه‌رکام ده‌یانه‌وێ به باری بردنه پێشی به‌رنامه‌ی خۆیاندا به‌شداری تیا بکه‌ن و جه‌ماوه‌ری خۆیانی بۆ هه‌ڵخڕێنن. ئه‌وه گرنگ نیه ئه‌وانه‌ی بۆ بیمه‌ی بێ‌کاری و خزمه‌تگوزاری و بنه‌بڕی گه‌نده‌ڵی و وه‌لانانی ده‌سه‌ڵاتی میلیشیایی هاتونه‌ته مه‌یدان، بیروباوه‌ڕیان چیه. دیندارن یان بێ‌دین، ئه‌گه‌ر دیندارن له کاتی عیباده‌ته ڕوو ده‌که‌نه کوێ..گرنگ ئه‌وه‌یه کۆمه‌ڵێک هاوڵاتین و له‌ده‌وری ئه‌و خواستانه‌ی بۆ ژیانیان پێویسته له قاڵبی بزووتنه‌وه‌یه‌کدا هاتونه‌ته مه‌یدان. به‌ڵام بێگۆمان له‌م نێوه‌دا له ئاستی سیاسی‌دا ململانێیه‌کی جدی له نێوان به‌دیل و ئاسۆ و سونه‌ته سیاسیه جیاوازه‌کانی ناو بزووتنه‌وه‌که‌دا هه‌یه. واته ئه‌وه‌ی هه‌یه پێکهاتن نیه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پێکه‌وه حکومه‌تیک دروست بکه‌ن، به‌ڵکو کێشمه‌کێشه له‌سه‌ر پیگه‌ی ئاسۆ‌و به‌دیله جیاوازه‌کان له‌و بزوتنه‌وه‌یه‌دا.
به ووته‌ی تۆ فره ڕه‌نگیه‌ک هه‌یه. به‌ڵام به ڕای من ئه‌وه نه نیشانه‌ی دیموکراسیه و نه ده‌کرێت به بێسه‌ره‌و به‌ره‌یی ناوزه‌د بکرێت، ئه‌وه نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه که هێشتا بزووتنه‌وه‌که و خواسته‌کانی هه‌مه‌گیره‌و به ته‌واوی له ڕووی چینایه‌تی و سیاسیه‌وه پۆڵاڕیزه نه‌بووه، هێشتا بزووتنه‌وه‌که‌و خواسته‌کان گشتین، هێشتا ڕیزبه‌ندی چینایه‌تی و سیاسی له ناو ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌دا به ئاستێکی به‌رز نه‌گه‌یشتووه. ئه‌مه‌ش به ده‌سکرد ناکرێت، به چه‌ند شه‌قه‌کردن و پارچه پارچه‌کردن و سه‌رئه‌نجامیش لاوازکردنی بزووتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ری ناکرێت، به ئایدۆلۆجیگه‌ری ناکرێت. ده‌بێ له پرۆسه‌یه‌کی سیاسی هۆشیارده‌رانه‌و رێکخه‌رانه‌و خه‌باتکارانه‌و له ره‌وتی ته‌کاملی خۆیدا بڕواته پێشه‌وه. رێکخستن، جه‌ماوه‌ری کردنه‌وه‌ی زیاتر، بردنه سه‌ری هۆشیاری سیاسی و چینایه‌تی، به‌رجه‌سته کردنی رۆڵی چینی کرێکار له بزووتنه‌وه‌که، رۆشنکردنه‌وه‌و چه‌سپاندنی خواسته واقعیه‌کانی جه‌ماوه‌ری سته‌مدیده و جیاکردنه‌وه‌ی له خواسته چه‌واشه‌کارانه‌کان، به‌هێزکردنی پێگه‌و ئاسۆی ئازادیخوازی و کۆمۆنیزم…ئه‌مه پرۆسه‌یه‌کی دروست و واقعیه که پێ به‌پێی چونه سه‌ری توانای سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی بزووتنه‌وه‌که‌و ڕادیکاڵبونه‌وه‌یه‌کی واقعی و کۆمه‌ڵایه‌تی و زالکردنی ئاسۆی شۆرشگیرانە، ریزبەندی چینایەتی بەرجەستە بکریت و له به‌دیله بۆرژوازیه‌کان جیابکاته‌وه‌و ئه‌وان ته‌ریک بخاته‌وه.
ده‌رباره‌ی نوێژی جومعه که براوه‌ته مه‌یدانه‌کانی ئازادی، بێگومان ئه‌مه تاکتیکێکی ئیسلامیه بۆ به ئیسلامی کردنی بزووتنه‌وه‌که. به‌ڵام به بڕوای من لکه‌دارکردنی ئه‌و بزووتنه‌وه جه‌ماوه‌ره‌یه، که تا ئێستا ته‌لیسمی گه‌وره‌ی شکاندوه‌و ده‌سکه‌وتی گه‌وره‌ی به‌ده‌ست هێناوه‌و هه‌نگاوی گرنگی هه‌ڵگرتووه، به به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی له سه‌رای ئازادی نوێژ ده‌کرێت، نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه که ڕواڵه‌ت ده‌بینێ و ناوه‌ڕۆک نابینێ. بزووتنه‌وه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ری و شۆڕشگێڕانه‌ی جەماوەری به خواست و دروشمی راسته‌وخۆ په‌یوه‌ست به ژیان و ماف و ئازادیه‌کانی خه‌ڵکه‌وه، نابی تەنها به‌و ڕواڵه‌ته ئیسلامیه‌ی ڕۆژانی هه‌ینی پێوانه بکرێت. ئه‌گه‌ر بڕێک به وردی سه‌رنج بده‌ین، زۆر ئاشکرایه که ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه له دروشم و خواسته‌کانیدا هیچ ره‌نگ و بۆیه‌کی ئیسلامی پێوه دیار نیه، ته‌نانه‌ت ئه‌و جه‌ماوه‌ره هه‌زاران که‌سیه‌ی که رۆژانی هه‌ینی له مه‌یدانی ئازادی نوێژ ده‌که‌ن، له هیچ دروشم و خواستێکیاندا ئه‌وه نیشان ناده‌ن که خوازیاری ئه‌وه‌بن ئیسلام له ژیانی سیاسی و له ده‌سه‌ڵات و له یاسادا جێگایه‌ک په‌یدا بکات، دروشمی ئیسلامی‌یان نیه، به‌دیلی ئیسلامی به‌رز ناکه‌نه‌وه، به‌پێچه‌وانه داوای ئازادی و یه‌کسانی و عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی و خزمه‌تگوزاری و تێروته‌سه‌لی و وه‌ستانه‌وه دژی زوڵم و زۆر و چه‌وسانه‌وه‌و گه‌نده‌ڵی ده‌که‌ن. که ئه‌مانه هاوئاهه‌نگیه‌کی له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌و به‌دیلی ئیسلامی نیه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا من به‌خاڵێکی لاوازی بزووتنه‌وه‌که‌ی ده‌زانم و ده‌بێ کار بۆ ئه‌وه بکرێت که ئه‌م نه‌رێته بڕواته لاوه‌و ئه‌م تاکتیکه ئیسلامیه ناکام بێته‌وه. به‌ڵام نابی له‌سه‌ر بناغه‌ی ئه‌مه گومان بخریتەسەر ئه‌و بزووتنه‌وه جه‌ماوه‌ری و شۆڕشگێڕانه‌یە. به‌م مانایه کۆمۆنیسته‌کان ناکرێت و نابێت له مه‌راسیمی نوێژی هه‌ینی به‌شداری بکه‌ن، پێشم وانیه کاری واش کرابێت، به پێچه‌وانه ده‌بێ به شێوه‌ی گونجاو ئه‌م نه‌رێته بخریته که‌ناره‌وه‌و له جیاتی ئه‌وه نه‌رێتی خه‌باتکارانه‌ی جه‌ماوه‌ری، به تایبه‌تی به‌رجه‌سته کردنی ده‌وری کۆبونه‌وه‌و رێکخراوی گه‌ڕه‌ک و کارگه‌و فه‌رمانگه‌و خوێندنگا‌و رێکخراوه جه‌ماوه‌ریه‌کانی تر و کۆمیته کۆمۆنیستیه ڕابه‌رو سازده‌ره‌کان، به‌رجه‌سته بکه‌ن.
سه‌عید ئه‌حمه‌د/ وه‌کو هه‌ڵسه‌نگاندنێکی گشتی ئێوه، خاڵه لاواز‌و به‌هێزه‌کانی خۆپیشاندانه‌کانی کوردستان چی بوون؟ چ شتێک نه‌ده‌بوو بیکه‌ن‌و کردیان، وه چ شتێک ده‌بوو بیکه‌ن‌و نه‌کرا؟ گرنگترین ده‌رسه‌کانی ئه‌م دوو مانگه‌ی خۆپیشاندان له کوردستان کامانه‌ن که ده‌بێ بۆ قۆناغی ئاینده له‌به‌رچاوی بگرین؟
ڕێبوار ئه‌حمه‌د/ ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه، بزووتنه‌وه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ری و شۆرشگێرانه‌یه. تا ئێستا سه‌رباری ئه‌وه‌ی به ڕاگه‌یاندنی حکومه‌تی عه‌سکه‌ری مه‌یدانه‌کانی ئازادی داگیر کراوه‌و خۆپیشاندانی سه‌ر شه‌قام ڕاگیراوه، به‌ڵام ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه پێشڕه‌وی و ده‌سکه‌وتی بووه. له پێش هه‌موو شتێگدا گورزێکی کاریگه‌ری له‌و وه‌هم و خۆشباوه‌ڕیه کوشه‌نده‌و گه‌وره‌یه وه‌شاند که ناسیونالیزمی کورد و بزووتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی کۆمه‌ڵگای پێ چه‌واشه ده‌کرد. ئه‌وان وێنایه‌کی ئه‌وتۆیان به‌ده‌سته‌وه ده‌دا که ئه‌مانه به ناوی حکومه‌تی کوردایه‌تی و خۆماڵیه‌وه بۆ هه‌تا هه‌تایه حوکمڕانی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه ده‌که‌ن و هه‌موو ماف و حومه‌رتێکی ئیسنان ده‌خه‌نه ژێر پێیانه‌وه‌و سه‌روه‌تی کۆمه‌ڵگا به تاڵان ده‌به‌ن و خه‌ڵکیش لێیان قبوڵ ده‌کات. ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه گورزێکی گه‌وره‌ی له‌و خه‌ونه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران وه‌شاند که نه‌وه‌ی نه‌وه‌کانیان بۆ حومکڕانی دوای خۆیان ئاماده بکه‌ن. هه‌موو ئه‌و پروپاگه‌ندانه‌ی به‌بادا که ئه‌مانه به‌و هۆیه‌وه ساڵانیک له شاخ بوونه ئێستا مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه به ده‌سه‌ڵات و ماف و حومه‌رتی خه‌ڵک و سامانی کۆمه‌ڵگا یاری بکه‌ن. دای به‌ژێر هه‌راو هوریای دیموکراسی و ئه‌زمونی کوردایه‌تیانەدا و په‌رده‌ی له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆکی میلیشیایی و مافیایی و گه‌نده‌ڵی و سه‌رکوتگه‌ری ده‌سه‌ڵاتیان هه‌ڵماڵی. ئه‌مانه گه‌لێک هه‌نگاوی گرنگن و ده‌وری زۆر گرنگیان هه‌یه له نه‌خشاندنی ئاینده‌ی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه‌دا. تازه کوردستان به واقعی چوه قۆناغێکی تره‌وه. خه‌باتی سیاسی و جه‌ماوه‌ری و ته‌نانه‌ت چینایه‌تی له‌م کۆمه‌ڵگایه‌دا پێ‌ی نایه قۆناغێکیتره‌وه. خودی ئه‌و حکومه‌ته عه‌سکه‌رتاریه‌ی ئێستا ڕایانگه‌یاندوه به‌ڵگه‌ی ئاشکرای ئه‌مه‌یه. ئه‌وان با بتوانن مه‌یدانه‌کانی ئازادی به میلیتاریزم داگیر بکه‌ن، به‌ڵام ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه به‌وه خامۆش نابێته‌وه، تازه نه‌فره‌ت له‌م ده‌سه‌ڵاته‌و پێداگری له‌سه‌ر ئازادی و خۆشگوزه‌رانی و خه‌بات له دژی سه‌رکوت و گه‌نده‌ڵی و چه‌وسانه‌وه، له هه‌موو کون و قوژبنێکی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه نه‌شونما ده‌کات و ڕه‌گ داده‌کوتێ و ده‌چێته هه‌موو گه‌ڕه‌ک و کارگه‌و فه‌رمانگه‌و خوێندنگا‌و ته‌نانه‌ت هه‌موو ماڵێَکه‌وه، به‌م جۆره خۆی بۆ به‌رامبه‌رکێه‌کی دیکه ئاماده ده‌کات تا به هێزو گوڕ‌و تینێکیتره‌وه بچێته مه‌یدانی نه‌به‌رده‌کانی داهاتوو.. هه‌ر ئێستا و له‌م ئاسته‌دا ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه ناکۆکی و ئه‌زمه‌ی ناوخۆی ده‌سه‌ڵات و حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی قوڵکردوه‌ته‌وه. خاڵێکی به‌هێزی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه له‌و جێگایانه‌دا که بواری په‌یداکرد، جه‌ماوه‌ری بوونی بوو. بزووتنه‌وه‌یه‌کی به راستی جه‌ماوه‌رییه. خواسته‌کانی خواستی واقعی و رادیکاڵ و خواستی جه‌ماوه‌ری کرێکار‌و سته‌مدیده‌و لاوان و ئازادیخوازانه، له ئاستی خواست و شیعاره‌کانیدا هیچ مۆرکێکی نه‌ته‌وه په‌رستی و میلیگه‌رایی و ئیسلامی پێوه نیه. باوه‌ڕ به‌خۆبون و ئیراده‌ی جه‌ماوه‌ری به ئاستێکی به‌رز گه‌یاندوه. خۆشباوه‌ڕ نه‌بون به ده‌سه‌ڵات به ناوی “ده‌سه‌ڵاتی خۆیی و کوردی” .. فریونه‌خواردن به سیناریۆو پیلان و پڕوپاگه‌نده‌و به‌ڵێنه چه‌واشه‌کارانه‌کانی ده‌سه‌ڵات و سات و سه‌ودای ئۆپۆزیسیۆن، دیسان له خاڵه به‌هێزه‌کانی بوون. بێ‌شک هه‌ر له‌م ئاسته‌شدا یه‌کێک له به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌وه ده‌بێت که ده‌سه‌ڵات ناچار ده‌کات توڕه‌یی و خواسته‌کانی جه‌ماوه‌ر به هه‌ند وه‌رگرێت. فشاری ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه تا ئه‌و ڕاده‌یه بوو که مسعود بارزانی و جه‌لال تاڵه‌بانی بڵێن پشتیوانی له خواستی خۆپیشانده‌ران ده‌که‌ین. هه‌ر چه‌نده ئه‌م قسانه‌ی ئه‌وان مایه‌ی پێکه‌نین و مانای ئه‌وه‌یه “بڵێن پشتیوانی له خۆپیشاندان ده‌که‌ین دژی خۆمان”!! به‌ڵام نیشانه‌ی شپرزه بون و ده‌ستو پێ ونکردنیانه له ئاست ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه.
سه‌راسه‌ری نه‌بونه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌که، به‌رته‌سک بوونه‌وه‌ی له مه‌یدانه‌کانی ئازادی و به‌رین نه‌بونه‌وه‌ی بۆ گه‌ڕه‌ک و کارگه‌و فه‌رمانگه..و، به‌هێزی پێگه‌و ئاسۆی لایه‌نه بۆرژوازیه‌کان، نزمی ئاستی رێکخراوه‌یی جه‌ماوه‌ر، لاوازی ده‌وری چینی کرێکار له بزوتنه‌وه‌که، به‌رته‌سکی ده‌وری به‌دیلی وئاسۆی کۆمۆنیستی…هه‌روه‌ها ده‌ستبردن بۆ هه‌ندێک شێواز‌و تاکتیکی نه‌گونجاو له‌گه‌ڵ هاوسه‌نگی هێزی ئێستا، که ده‌سه‌ڵات وه‌کو به‌هانه بۆ سه‌رکوت و ده‌ست په‌ره‌پێدانی ده‌وری چه‌ک و عه‌سکه‌رتاریه‌ت، به‌ده‌سته‌وه‌ی گرت….له خاڵه لاوازه‌کانی بوون.
کارێک که ده‌بوو نه‌کرێت، هه‌ر وه‌کو له ووتاری “یه‌ک راپه‌رین و سێ تاکتیک” و له گفتوگۆم له‌گه‌ڵ “ڕادیۆێ‌ی هاوپشتی-ڕۆژی 5ی شوبات، واته 11 ڕۆژ پێش خرۆشانی 17ی شوبات” و هه‌روه‌ها له “گفتوگۆم له‌گه‌ل مزه‌فه‌ری محه‌مه‌دی” باسمان کرد، نه‌ده‌بوو ده‌ست ببرێت بۆ ئه‌و ڕووبه‌ڕوو بونه‌وه پێشوه‌ختانه‌ی که جه‌ماوه‌ر توانای سه‌رکه‌وتنی تیایدا نه‌بوو. له‌وانه هه‌ندێک لایه‌نی رۆژی 17ی شوبات. ده‌بوو بزووتنه‌وه‌که له قاڵبی بزووتنه‌وه‌یه‌کی سیاسی جه‌ماوه‌ری ئه‌وتۆدا بڕواته پێشه‌وه که بواره‌کانی سه‌رکوت به‌ڕووی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته میلیشیاییه‌دا دابخات که خۆی له‌سه‌نگه‌ری په‌لاماری چه‌کدرارانه‌دا مه‌ڵاس دابوو. ده‌بوو له جیاتی ئه‌وه فه‌زای سیاسی و جه‌ماوه‌ری بونه‌وه‌ی زیاتر و کێشدانی بۆ مه‌یدانه‌کانی تر و رێکخراوکردنی ڕیزه‌کانی له‌به‌رده‌م خۆی دانایه.
هه‌روه‌ها پێویست بوو، له هه‌ر قۆناغێکدا ئه‌و خواستانه بخاته ده‌ستوری خۆیه‌و به‌رزیان بکاته‌وه، که هه‌م له توانایدا بوو بیسه‌پێنێ، هه‌م ده‌بونه ده‌سکه‌وتی مادی بۆ جه‌ماوه‌رو ژیانی باشتر ده‌کردن، هه‌م ده‌بوونه به‌رده‌بازی په‌ڕینه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌که بۆ قۆناغێکی به‌رزتر، له پێناو چونه پێش تا پێکهێنانی گۆڕانکاری ریشه‌یی و وه‌لانانی ده‌سه‌ڵاتی میلیشیایی. له‌م باره‌یه‌شه‌وه به دیاریکراوی ده‌توانم باسی ئه‌وه بکه‌م که “نه‌خشه رێگای ئه‌نجومه‌نی کاتی سه‌رای ئازادی” ئه‌و هاوسه‌نگی هێزه‌ی له‌به‌رچاو نه‌گرت، هه‌نگاوێکی خسته‌ڕوو که بزووتنه‌وه‌که نه‌یتوانی هه‌ڵیبگرێت. به‌مه‌ش شۆرشه‌وق و وره‌ی بزووتنه‌وه‌که زیانی پێگه‌یشت. به‌م پێیه‌ش بواری کرده‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات ئه‌م هه‌له بقۆزێته‌وه‌و ده‌ست بۆ سه‌رکوتێکی مڵهوڕانه به‌رێت. من خۆم چه‌ندین جار‌و له چه‌ندین بۆنه‌دا له‌سه‌ر ئه‌مه جه‌ده‌لم کردوه، ئه‌وه‌م پێشبینی ده‌کرد، وه له نوسراوه‌و گفتوگۆکاندا هۆشداری ئه‌وه‌مداوه که نابێ هه‌نگاوی پێش وه‌خت بنرێت، نابێ خواستی قورس‌تر له توانای بزووتنه‌وه‌که به‌رزبکرێته‌وه، نابێ به‌هانه بدرێته ده‌ست ده‌سه‌ڵاته‌وه. بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و ئیسلامیه‌کان له جیاتی به‌رینکردنه‌وه‌ی دامه‌نه‌ی ناڕه‌زایه‌تیه‌کان و قوڵکردنه‌وه‌ی سیاسی بزووتنه‌وه‌که، ئه‌مه‌یان به‌سه‌ریدا فه‌رزکرد. به شێوه‌ی خۆبه‌خۆ له ناو بزووتنه‌وه‌که‌و ته‌نانه‌ت له ناو قوتبی کۆمۆنیزم و چه‌پیشدا ئه‌و نارۆشنیه هه‌بوو که پێ‌ی وابوو به به‌رز کردنه‌وه‌ی خواستی گه‌وره‌تر، ده‌توانێ بزووتنه‌وه‌که له‌و ته‌نگه‌به‌ریه ده‌رکات که له مه‌یدانه‌کانی ئازادی‌دا قه‌تیس مابوو. ئه‌وه حساباتێکی هه‌ڵه بوو.
له نیو کۆمۆنیسته‌کانیشدا ئه‌و بۆچونه قورسایی ده‌کرد، که ئه‌وه خه‌ڵک خۆی ده‌ڵێ بڕوخێ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مانه، ئیتر چۆن ده‌بێت ئێمه له خه‌ڵک که‌متر بڵێین. به بڕوای من تا ئه‌و جێگایه‌ی که خه‌ڵک وه‌کو ئاوات و ئاره‌زووه‌یه‌ک باسی روخانی ده‌سه‌ڵاتی میلیشیایی ده‌کات، ئه‌مه ئاره‌زوو خواستێکی به ته‌واوی به‌رحه‌قه. ئێمه 20 ساڵه ده‌ڵێین و دوپاتی ده‌که‌ینه‌وه که ئه‌مانه شایسته‌ی به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگایه‌کی مه‌ده‌نی و شارستانی وه‌کو کوردستان نین و ده‌بێ له ده‌سه‌ڵات بخرێن. به‌ڵام تا ئه‌و جێگایه‌ی باسی ته‌وقیتی شه‌ڕی کۆتاییه له‌سه‌ر ئه‌مه له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا، به هیچ جۆرێک کۆمۆنیزم نابێت مل به محاسه‌باتی خۆبه‌خۆیی و هه‌ڵه‌ی جه‌ماوه‌ر یان تاکتیکی لایه‌نه بۆرژوازیه‌کان بدات. له‌و رۆژه‌دا ئه‌وه تاکتیکی گۆڕان و ئیسلامیه‌کان بوو بۆ ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ره‌وه. سه‌رئه‌نجامه‌که‌ی ده‌بوو به‌وه‌ی که پێش ئه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری و شۆڕشگێڕانه تا ئاستی به‌رپاکردنی شۆڕشێکی جه‌ماوه‌ری و ئاڵوگۆڕبه‌خش په‌ره‌بسه‌نێ، ئه‌وان به مه‌رامی خۆیان بگه‌ن. کۆمۆنیزم نابێ بکه‌وێته ژێر باری ئه‌و فشاره‌وه. له مێژوودا نمونه‌ی ئه‌وه زۆره که جه‌ماوه‌ر به شێوه‌ی خۆبه‌خۆیی یان له ژێر کاریگه‌ری ئاسۆی بورژوازیدا ده‌ستیان بۆ تاکتیکی هه‌ڵه بردوه، به‌ڵام ڕابه‌رانی کۆمۆنیست هۆشداریان داوه که ئه‌و کاره نه‌که‌ن. هه‌ڵوێستی مارکس و ئه‌نگڵس له کۆمۆنه‌ی پاریس‌دا که به کرێکارانیان ووت کاتی راپه‌رین نیه و زوه‌و ئه‌وکاره مه‌که‌ن. نمونه‌یه‌کی دره‌خشانه. ئه‌وه‌ی که لینین ده‌ڵێ یاری به‌راپه‌رین مه‌که‌ن، نمونه‌یه‌کی تره.. ڕابه‌رانی کۆمۆنیست ده‌بێ جه‌ساره‌ت و لێبڕاوی ئه‌وه‌یان هه‌بێت که له جێگای خۆیدا به خه‌ڵک بڵێن ئه‌وه هه‌ڵه‌یه‌و مه‌یکه‌ن. به‌رای من زۆرێک له‌م حوکمانه بۆ بزووتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی له ئاستی عێراقیشدا ڕاسته. له‌وێش رۆژانی یه‌که‌م له پڕێکدا په‌لاماری ئه‌نجومه‌نه‌کانی پارێزگایانداو سوتانیان و ئه‌نجومه‌نه‌کانیان له‌کارخست، به‌ڵام خودی ئه‌م هه‌نگاوه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ده‌سکه‌وتێکی مه‌لموسی بۆ جه‌ماوه‌ر نه‌بوو، کێشمه‌کێشه‌که‌ی برده ئه‌و ئاسته‌ی که له توانای بزووتنه‌وه‌که‌دا نه‌بوو. بۆیه دواتر پاشه‌کشه‌ی به‌سه‌ردا سه‌پێنرا.
به کورتی بڵێم ئه‌م بزووتنه‌وه جه‌ماوه‌ری و شۆڕشگێڕانه‌یه، ته‌واو نه‌بووه‌و شکستی نه‌خواردوه‌و به ئاسانیش شکست نادرێت، ئه‌م مڵهوڕی و عه‌سکه‌رتاریه‌ته ناتوانێ بۆ درێژماوه ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه خامۆش بکات. تازه خه‌ڵکی کوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته ناحه‌وێته‌وه‌و واز له خواسته‌کانی خۆشیان ناهێنن. لێره به‌دوا ده‌بێ ده‌رسه‌کان و ته‌جروبه‌کانی رابردوو به‌رجه‌سته بکرێن و ڕێگای سه‌رکه‌وتن هه‌موار بکه‌ن.
سه‌عید ئه‌حمه‌د/ وه‌کو دوا پرسیار، ئێستا ده‌بێ چی بکریت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م بزووتنه‌وه جه‌ماوه‌ریه بکه‌وێته‌وه سه‌ر ڕه‌وتێکی پێشڕه‌وانه‌و ڕوو له‌پێش؟ چی بکرێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر بناغه‌ی خاڵه به‌هێزه‌کانی لایه‌نه لاوازه‌کانی تێپه‌ڕینێ و له‌و ته‌نگه‌به‌ریه‌ی ئێستا بێته‌ده‌ره‌وه؟ به دیاریکراوی ئه‌رک و ئه‌وله‌ویاته‌کانی ئێستای کۆمۆنیزم چیه له‌م باره‌یه‌وه؟
رێبوار ئه‌حمه‌د/ ئه‌مه پرسیارێکی گرنگه. هه‌ڵبه‌ت ده‌توانم بڵێم پلاتفۆڕمی په‌سه‌ند کراوی پلنیۆمی هه‌شته‌می کۆمیته‌ی ناوه‌ندی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری وه‌ڵامی ڕۆشنی به‌م مه‌سه‌لانه داوه‌ته‌وه، من له‌سه‌ر بناغه‌ی ئه‌وه جه‌خت له‌سه‌ر هه‌ندێک لایه‌ن و هه‌نگاوی دیاریکراو ده‌که‌م. له پێشدا ده‌بێ بڵێم چ وه‌کو نه‌رێتێکی له مێژینه‌ی بزووتنه‌وه‌ی ئێمه له کوردستان و له عێراق، چ وه‌کو شێوازێکی کورتبینانه و عه‌جولانه به مه‌به‌ستی هه‌وڵدان بۆ ده‌سکه‌وتی به‌په‌له‌ی ئۆپۆزسیونی بورژوازی، کاری ئاکسیونی له قاڵبی به‌رپاکردنی خۆپیشاندان و میتنگ و ته‌نانه‌ت ده‌سته‌ویه‌خه بوون له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات، نه‌ک هه‌ر ره‌واجی زۆره به‌ڵکو به‌زۆری وه‌کو تاقه شێوه‌ی خه‌باتی جه‌ماوه‌ری بووه به باو. به‌ڵام ئه‌م شێوه ئاکسیونیه مه‌رج نیه هه‌میشه شێوه‌یه‌کی دروست و کارساز بێت. به دیاریکراوی له ئێستادا ده‌بێ به وردبینیه‌کی زۆره‌وه چاوی لێبکه‌ن. یه‌که‌مین هه‌ستانه‌وه‌ی سه‌ر له‌نوێ پێشڕه‌وی بزووتنه‌وه‌که نابێ ته‌نها وا چاوی لێبکریت که له گره‌وی ده‌ست پێکردنه‌وه‌ی خۆپیشاندانه‌کاندایه. له پێشدا هه‌نگاوی کارساز ئه‌وه‌یه خاڵه لاوازه‌کانی پڕبکه‌ینه‌وه. به بڕوای من خاڵێکی زۆر لاوازی بزووتنه‌وه‌که نزمی ئاستی رێکخراوبونێتی. مه‌رج نیه بۆ ئه‌مه ته‌نها قاڵبی شورا یان شێوازه باوه‌کان له به‌رچاو بگرین. بۆ نمونه ئێستا کاتی ئه‌وه‌یه کارێکی چڕ‌وپڕ ده‌ست پێ‌بکات بۆ پێکهێنانی لیژنه و ده‌سته‌و گروپه‌کان له هه‌موو گه‌ڕه‌ک و کارگه‌و خوێندنگا‌و فه‌رمانگه‌یه‌ک..ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌م کاره مه‌رج نیه له مه‌یدانه‌کان یان شوێنه گشتیه‌کان کۆبنه‌وه، ئه‌گه‌ر بواری ئه‌مه له ئێستادا ته‌نگ بێت، ده‌کرێت ته‌نانه‌ت له ماڵان کۆبونه‌وه بکه‌ن، ده‌کرێت دامه‌نه‌ی ئه‌م ده‌سته‌و لیژنانه له‌و ئاسته‌دا بێت که هه‌لومه‌رج بواری ده‌دات. کاری ئه‌م لیژنانه ئاماده‌کردنه‌وه‌ی فه‌زاو هاوئاهه‌نگ کردنی سیاسی و رێکخستنی جه‌ماوه‌رو گه‌یاندنی ده‌ستوری کاره به جه‌ماوه‌ر. ئه‌مه کارێکه که به ته‌واوی له‌گه‌ڵ به‌هێزکردنی پایه‌ی کۆمۆنیزم و جه‌ماوه‌ری کردنی زیاتری بزووتنه‌وه‌که ته‌بایی هه‌یه، له داهاتوشدا ئه‌م لیژنه‌و ده‌ستانه ده‌بنه ناوکۆکه‌ی ئاسته باڵاکانی رێکخرابوون. ئه‌مه کارێکه له‌سه‌راسه‌ری کوردستاندا، به ناوچه‌کانی ژێرباری عه‌سکه‌رتاریه‌ت و سه‌رکوتی پارتیشه‌وه، کاتی خۆیه‌تی و زه‌مینه و ئیمکانیشی هه‌یه.
ئه‌گه‌ر له‌م باره‌یه‌وه سه‌رنج له شێوه‌ی خۆڕێکخستنی لاوانی میسر بده‌ین به‌راستی شایانی ئه‌وه‌یه ده‌رسی لێوه‌رگیرێت. ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌و سه‌رئه‌نجام ئه‌و شۆڕشه کاتێک رواڵه‌تی ته‌ماشای ده‌که‌یت، وا دێته به‌رچاو که رێکخراوی نه‌بوه‌و زیاتر خۆبه‌خۆیی بووه، به‌ڵام که زیاتر لێی ده‌کۆڵێته‌وه ده‌بینی هه‌وڵ و کۆشش و به تایبه‌تی شێوه‌ی ڕێکخستنی تایبه‌تی خۆی له پشته‌وه بووه. من داوا له هه‌موو هه‌ڵسوڕاوانی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه ده‌که‌م چاو له هه‌ندێک له دیکۆمێنتاری شێوه‌ی خۆ ڕێکخستنی لاوان بکه‌ن که له‌سه‌ر نیت هه‌یه و ده‌رسی لێوه‌رگرن. به‌ڕای من ئێستا زۆر کاتێکی گونجاوه بۆ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه. پێویسته تا جارێک ده‌ڵێین خۆپیشاندن 10 جار بڵێین رێکخراوبوون و ریزی سه‌ربەخۆ. ئه‌مه پشتی بزووتنه‌وه‌که وه‌کو پۆڵا به‌هێز ده‌کات. ئه‌مه هۆکاریکی بنه‌ره‌تیه بۆ ئه‌وه‌ی له هه‌نگاوی داهاتودا وه‌کو بزووتنه‌وه‌یه‌کی شۆڕشگێڕانه‌ی ڕێکخراوو به‌هێزو یه‌کده‌ست له مه‌یدان راوه‌ستێ. هه‌ر ئه‌مه‌ش زۆر یارمه‌تی ئه‌وه‌ی ده‌دا که ئاسۆیه‌کی سیاسی سه‌ربه‌خۆێ پێ ببه‌خشرێت و له‌سه‌ر خه‌تێکی تاکتیکی دروست ببرێته پێشه‌وه.
هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌مه ئێستا کاتی ئه‌وه‌یه ئه‌م ره‌وتی مانگرتنانه‌ی به تایبه‌ت له نێو خوێندنگاکان ده‌ستی پێکردوه، په‌ره‌ی پێبدرێت، هه‌مه‌گیر بکرێت، خواستی دیاریکراوی بخرێته به‌رده‌م، له ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی توند‌و تیژ دوربگیرێت. وه له هه‌موو گرنگتر ئه‌وه‌یه کێشبدرێت بۆ بواره‌کانیتر، به تایبه‌تی کارگه‌و ناوه‌نده‌کانی کاری کرێکاران و فه‌رمانبه‌ران. به‌ڕاستی ئه‌وه جێگای نیگه‌رانی زۆر گه‌وره‌و لایه‌نێکی یه‌کجار لاوازی بزووتنه‌وه‌که‌یه، که ده‌وری چینی کرێکار تیایدا به‌رجه‌سته نیه. ئه‌مه‌ش له پێش هه‌موو شتێکدا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ده‌وری کۆمۆنیسته‌کان و کرێکارانی پێشڕه‌و. بێهێننه به‌رچاو ئه‌گه‌ر ڕۆژێک کرێکارانی به‌له‌دیه و چیمه‌نتۆو نه‌وت و شوینه‌کانی تر مانبگرن، چۆن چۆکی ده‌سه‌ڵات ده‌شکێنێ.
له دڵی ئه‌م ڕه‌وته له رێکخستنی جه‌ماوه‌رو شه‌پۆلی مانگرتنانه. ده‌بێ بینای سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی حزبێکی کۆمۆنیستی ده‌خاڵه‌تگه‌رو به‌هێز، به کۆمیته کۆمۆنیستیه سازمانده‌رو ڕابه‌ره‌کانی ناوه‌نده‌کانی کار‌و ژیانه‌وه، به سه‌مه‌ری خۆی بگات. حیزبێکی شۆڕشگێڕ و ڕابه‌رو سازمانده‌ر، که له ئاستی گشتی و له ئاستی محه‌لیشدا، به دانی سیاسه‌ت و تاکیتیک و ڕێنمایی و ڕۆشنگه‌ری، به‌رده‌وام ئاماده بێت، ده‌وری ڕابه‌ریی سیاسی و عه‌مه‌لی خۆی بۆ هیچ ساتێک نه‌وه‌ستێنێ، وه‌ڵامی ڕۆشنی بۆ هه‌موو مه‌سه‌له‌و هه‌موو گرفت و هه‌موو تاکیتیک و کارکردێکی بورژوازی ئاماده‌و له‌به‌رده‌ستی خه‌ڵک بێت. حیزبێکی به‌م جۆره له ده‌ورانێکی وه‌هادا ده‌توانێ زوو ببێته به‌یدل و جێگا ئومێدی خه‌ڵک. هاوکات حیزبێکی به‌م جۆره ده‌بێ نه‌خشه‌و ئاماده باشی ته‌واوی هه‌بێت بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی په‌لاماری ده‌سه‌ڵات. ده‌بێ بزانێ چۆن خۆی و بزووتنه‌وه‌که له پیلان و په‌لامار ده‌پارێزێ و له حاڵی په‌لاماردانیدا چۆن ئیدامه‌کاری خۆی زامن ده‌کات.
مه‌سه‌له‌یه‌ک که ده‌بێ کۆمۆنیزم کاری جدی له‌سه‌ر بکات ئه‌وه‌یه که بتوانێ به تاکتیکی گونجاوو ته‌بلیغاتێکی کاریگه‌رو جه‌زاب و به‌ڕێخستنی کارێکی هه‌ڵخرێنه‌ری کارسازو دامه‌نه فراوان، ده‌زگاکانی سه‌رکوتی ده‌سه‌ڵات دوچاری ئیفلیجی بکات و له‌کاریان بخات. ئه‌مه شتێکی مومکنه، هه‌ر ئێستا باسی ئه‌وه ده‌که‌ن که به‌شێکی به‌رچاو له هێزی پێشمه‌رگه‌و پۆلیس و ته‌نانه‌ت ئاسایش، ناڕازین له‌م عه‌سکه‌رتاریه‌ت و سه‌رکوته عوریانه‌ی به‌وان ده‌کرێت. ده‌بێ نه‌رێتی به‌لشه‌فیه‌کان و شۆڕشگێڕانی میسر بۆ لانی که‌م بێلایه‌ن کردنی ئه‌و هێزی چه‌کداره بگیرێته‌به‌ر. به‌رده‌وام له هه‌مو ڕێگایه‌که‌وه بۆیان ڕونبکرێته‌وه که ئه‌وان هاوچاره‌نوسی جه‌ماوه‌ری ڕاپه‌ڕیون و نابێ ته‌قه‌یان لێ بکه‌ن، خۆیان نه‌که‌ن به قه‌زاوه‌گیری ئه‌م ده‌سه‌ڵاته گه‌نده‌ڵ و ئینسانکوژه بنه‌ماڵه‌ییه، ده‌ستی خۆیان به خۆێنی خه‌ڵکی ڕاپه‌ڕیوو سته‌مدیده سور نه‌که‌ن، ئه‌وه بخرێته به‌رچاویان که به‌م جۆره هه‌م تاوانی ڕشتنی خۆێنی جه‌ماوه‌ری به‌شخوراو ده‌خه‌نه ئه‌ستۆی خۆیان و هه‌م سبه‌ی رۆژ به وێنه‌ی تاوانبار‌و بکوژ ده‌که‌ونه به‌رده‌م دادگای شۆڕشگێڕانه‌ی خه‌ڵک. با خۆیان و خه‌ڵکی چه‌وساوه نه‌که‌نه قوربانی به‌رژه‌وه‌ندی و ده‌سه‌ڵات و که‌ڵه‌که‌ی سه‌روه‌تی کۆمه‌ڵێک گه‌نده‌ڵکارو تاڵانچی. ئه‌مه مه‌سه‌له‌یه‌که ئه‌گه‌ر کاری له‌سه‌ر بکرێت و ئه‌گه‌ر بکرێته زهنیه‌تی هه‌ڵسوڕاوانی بزووتنه‌وه‌که، کاریگه‌ری گه‌وره‌ی ده‌بێت له‌سه‌ر ئیفلیج کردنی توانا و ده‌زگای سه‌رکوتی ده‌سه‌ڵات.