هەرەشەى بارزانى و سەوداى ئۆپۆزیسیونى بورژوازى

0

writing_03ڕێبوار ئەحمەد:
لە راگەیاندراوێکى رەسمیدا کە لەلایەن مەکتەبى سەرۆکایەتى مسعود بارزانیەوە دەرچووە، لەژێر ناوى دادگایى کردنى تاوانباراندا، دەستى داوەتە هەڕەشەیەکى ئاشکرا لە جەماوەرى نارازى و راپەڕیوى کوردستان. راگەیاندراوەکە دواى ئەوەى بە خێرایى بەسەر ئەوەدا تێدەپەڕدەبێت کە گوایە ئەوانەى تەقەیان لە خەڵک کردوەو تەقەکردنەکەیان بووە بە هۆى کوشتن و برینداربونى خەڵک، دەدرێنە دادگا، پاشان بە وردەکارى و راشکاویەوە هەڕەشەى گرتن و دادگایى لە هەموو ئەو کەسانە دەکات کە بەردێکیان گرتوەتە مەقەرێکى پارتى، یان لە یاساکەى ئەوان بۆ سەرکوت و قەدەغەکردنى خۆپیشاندان، دەرچوبێت، تەنانەت هەمان هەڕەشە لە هەموو ئەوانەش دەکات کە هانى خەڵکیانداوە بۆ ناڕەزایەتى دەربڕین و خۆپیشاندان.
هەر هاوڵاتیەکى سادەى کوردستان کە 20 ساڵ گەندەڵى و کارکردى چەپەڵ و چەواشەکارى دەسەڵاتى میلیشیایى ئەم حیزبانەى لەبەرچاو بێت، جگە لەوەى سەد و یەک گومان لەوە دەکات کە ئەم دەسەڵاتە بەپآى ئەم راگەیاندراوە، بە کردەوە هەستن بە ناساندن و دادگایى کردنى عادلانەى تەقەکەران و بکوژانى خەڵکى کوردستان، گومانى لەوە نابێت کە ئەگەر لە بەندى یەکەمى ئەم راگەیاندنەدا چەواشەکاریەکى زۆر خۆى مەڵاس دابێت، ئەوە لە چەند بەندى دواتردا نیازو مەرامیکى قین لەدلانە و مەترسیدارى دەسەڵات بەرامبەر خەڵکى بە مەیدان هاتوى کوردستان خۆى حەشارداوە.
تا ئەو جێگایەى بە ناساندن و دادگایى کردنى تەقەکەران و قاتلەکان دەگەڕێتەوە، ئەوەى لەم دەسەڵاتە گەندەڵ و جەماوەر کوژە چاوەڕوان دەکرێت، هەر وەکو رابردوو سازکردنى چەندین سیناریۆى ریسوایە بۆ دەربازکردنى کەسانى تاوانبارى سەر بە دام و دەزگا داپلۆسینەرو و ئینسان کوژەکانی خۆیان. تیرۆرى سەردەشت عوسمان و سازکردنى سیناریۆى تۆمەتبارکردنى بە تیرۆریست، لەبەرچاوى هەموانە. بەڵام دیسانیش ئەوەى چاوەڕوان دەکرێت لە پەیوەند بە جآبەجآ کردنى بەندەکانى ترى ئەم بڕیارەى بارزانیەوە، ئەوە گومان هەڵناگرێت کە ئەگەر بۆیان بلوێت بەوپەڕى لێبڕاویەوە، بەندەکانى ترى ئەم راگەیاندنە بۆ راونان و سەرکوتکردنى هەڵسوڕاوانى بزووتنەوەى شۆڕشگێڕانەى ئێستاى کوردستان بەڕێوە دەبەن.
هەر ئەوەى کە جەنابى بارزانى قاتلینى خەڵکى کوردستان و ئەوانەى بەردیان گرتوەتە مەقەرى پارتى، لەگەڵ ئەوانەى گوێیان بە یاسا سەرکوتگەرانەکەى ئەوان بۆ رێگرتن لە خۆپیشاندان نەداوەو تەنانەت ئەوانەى هانى خەڵکیانداوە بۆ ئەوەى لە پێناو بەرگرى لە خواستەکانى خۆیان بێنەمەیدان، نیشانیدەدات کە بارزانى و دەسەڵاتى ئێستا بە هیچ جۆرێک لە بیرى ئەوەدا نین کە نەک هەر وەڵامى داخوازیەکانى خەڵک بدەنەوە، بەڵکو بەردەوام لە سەنگەردان بۆ  پەلاماردانى خەڵک و یارى کردن بە ماف و چارەنوسیان. بڕیارو بەرنامەى ئەم دەسەڵاتە ئەوەیە کە بە چنگ و دندان دەسەڵاتى بنەماڵەیى و میلیشیایى خۆیان بەسەر کۆمەڵگادا رابگرن، بەبآ ئەوەى سەرەتایترین مافە ئینسانیەکان بە خەڵکى کوردستان رەوا ببینن. دەنا لە کوآ و بەپآى کام پێوانە بکوژان و ئەوانەى بەردیان هاویشتووە، دەخرێنە تاى تەرازویەک و چوارچێوەى بڕیاریکەوە. ناوەڕۆک و مەرامى سەرەکى ئەم بڕیارە ئەوەیە کە ئەگەر بۆ چەواشەکارى هەر بڕیارێکى بآ برەو بۆ دەستگیرکردنى بکوژێکیش دەربکرێت، وە ئەگەر هاوسەنگى هێز بواربدات، لە بەرامبەردا بڕیارى دەستگیرکردنى بە کردەوەى دەیان هەڵسوڕاوى ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە بەڕێوە دەچێت. هەر وەکو دەبینین کە تا ئێستا دەیان کەس دەستگیرو تەنانەت رفێندراون بەبآ ئەوەى یەک قاتل دەستگیرکرابێت.
پێویست دەکات ئەم راگەیاندن و بڕیارەى بارزانى بکەوێتە بەرامبەر ناڕەزایەتى و نەفرەتى خەڵکى راپەڕیوى کوردستانەوە. تەنها خەباتى لێبڕاوانەى خەڵکى کوردستان دەتوانآ داخوازى رەواى خەڵک بۆ ناساندن و دادگایى کردنى قاتلینى خەڵکى کوردستان بەسەر دەسەڵاتدا بسەپێنآ و بوارێک نەهێڵێتەوە بۆ هیچ لایەک کە پەنادەرى بکوژان بێت. هەر ئەم خەباتە دەتوانآ و دەبێ بە پێچەوانەى فەرمایشتەکانى بارزانیەوە، یاساى سەرکوتگەرانەى خۆپیشاندان هەڵوەشێنێتەوەو دەرگا بەرووى خەڵکدا بکاتەوە بۆ هاتنەمەیدان و ناڕەزایەتى دەربڕین لە پێناو مافەکانى خۆیان بەبآ هیچ قەیدو بەندو رێگریەک.
بەڵام ئەوە جێگاى پرسیارە کە چۆن و بۆچى ئەو مسعود بارزانیەى هەفتەیەک لەمەوبەر بە پەشۆکاویەوە دەست بەدامانى جەماوەرى راپەڕیو بوو بۆ ئەوەى هێوربنەوەو سآ چوار مانگ مۆڵەتیان بدرێتێ بۆ ئەوەى خواستەکانى خەڵک جآبەجآ بکەن، کەچى ئەمرۆ هێز کەوتوەتە دەمارەکانیەوەو هەڕەشەى گرتن و دادگایى کردن لە خەڵکى راپەڕیو دەکات. وەڵامى ئەم پرسیارە دەبێ  لە نێو ئەو سات و سەودایانەدا پەیدابکرێت کە لە نێوان دەسەڵات و لایەنە ئۆپۆزیسیونە بۆرژوازیەکانەوە، دور لە چاوى خەڵک و لە پشتى پەردەوە بەڕێوە دەچێت. “بزووتنەوەى گۆران” یەکێک لەو لایەنانەیە کە خۆى هاویشتوەتە ناو بزووتنەوە ناڕەزایەتیەکەوەو خۆى بەبەشێک لەو بزووتنەوەیە دەزانآ و وا دەنوینآ کە ئامادە نیە لە خواستەکانى خەڵک بێتە خوارەوە. بەڵام لەو لاوە دور لە چاوى خەڵک لەگەڵ دەسەڵاتى گەندەڵى ئێستا خەریکى سەودایە و دەیەوآ هاتنەمەیدانى خەڵک و داخوازیەکانیان بکاتە فیداى بەدەست هێنانى ئیمتیازاتێک بۆ خۆى.
هەروەها یەکگرتوى ئیسلامى کە دیسان خۆى داوەتە پاڵ جەماوەرى راپەڕیوو گوایە لە پێناو داخوازیەکانى خەڵکى راپەڕیودا خەبات دەکات، بە هەمان شێوەو لە پشتى خەڵک و نوێنەرانى خۆپیشاندەرانەوە، لەگەڵ دەسەڵات بازاڕى سات و سەوداى بەڕێخستوە. تەنانەت نوێنەرى یەکگرتوو لە کۆنگرەى رۆژنامەنوسى دواى کۆبونەوەیان لەگەڵ لایەنەکانى دەسەڵات، پێداگرى لەسەر هەمان بەندەکانى راگەیاندراوى مەکتەبى مسعود بارزانى دەکات بۆ راونان و دادگایى کردنى جەماوەرى خۆپیشاندەرو رابەرانى. نوێنەرى یەکگرتوو لەو کۆنگرە رۆژنامەگەریەدا راستەوخۆ بووە قسەکەرى دەسەڵات و مەکتەبى بارزانى نەک جەماوەرى راپەڕیوى کوردستان. کەچى هەوڵیشیدەدا پۆزى نوێنەرایەتى خەڵک و خواستەکانیان لێبدات و ئەم بڕیارە پیلاناویە بە نرخى جآبەجآ بونى خواستەکانى خەڵکى خۆپیشاندەر دەرخواردى جەماوەربدات. ئەمە نەک تەنیا هەوڵێکە بۆ هەراج کردنى بەرهەمى خەبات و قوربانیدانى جەماوەر، بەڵکو هەوڵێکیشە بۆ چەواشەکارى و خۆڵکردنە چاوى خەڵک لە پێناو ئەو بەڵێن و ئیمتیازانەى لەلایەن دەسەڵاتەوە بە خۆیان دراوە.
ئەم سات و سەودایەى بزووتنەوەى گۆڕان و یەکگرتوى ئیسلامى، کە بڕیارە دواتر کۆمەڵى ئیسلامیش بڕواتە ناو ئەم پرۆسەى سات و سەودایەوە، هەر لە هەنگاوى یەکەمدا دەستى دەسەڵاتى ئاوەڵا کردوە بۆ هەڕەشەو چاوسورکردنەوە لە جەماوەرى راپەڕیوو. بۆیە مانا عەمەلیەکەى دەکاتە پیلانێکى مەترسیدار دژى جەماوەرى راپەڕیوو و بەشکست کێشانى خەباتەکەیان. ئەم هەنگاوەى ئەو لایەنانەى کە تا ئێستا خۆیان وەکو بەشێک لە بزووتنەوە نارەزایەتیەکە پێناسە دەکەن، سەنگێکى واقعیە بۆ لە محەکدانى جێگاوڕێگاى ئەوان لەم بزووتنەوەیەداو پێویستە ئەوەى کە بزووتنەوەکە بۆ بەسەرکەوتن گەیشتنى ئەو لایەنانە تێپەڕێنآ و  ریزى خۆى لە ریزى ئەوان جیا بکاتەوە. هەر لایەنێک خۆى بەبەشێک لەو بزووتنەوەیە و لایەنگرى خواستەکانى خەڵکى راپەڕیو بزانآ، ناتوانآ و نابێ رێگا بەخۆى بدات لەگەڵ دەسەڵات و دور لە چاوى خەڵک بچێتە ناو پرۆسەى گفتوگۆوە. بە تایبەتى لە کاتێکدا جەماوەرى بەرینى خەڵک لە مەیدانەو دەسەڵاتە وەڵامى خواستەکانیانى نەداوەتەوە. ئەمە لە رووى سیاسیەوە مانایەکى نیە جگە لە بەجێهێشتنى سەنگەرى جەماوەرى راپەڕیو. بزووتنەوەى شۆڕشگێڕانە و جەماوەرى راپەڕیو  دەبێ هۆشیارانە رێگا لەبەردەم ئەم جۆرە سات و سەودایە بە خەبات و قوربانیدانیانەوە دابخەن. ئەمە بەڵگەى ئەوەیە کە ئەو لایەنانە خاڵى لاوازى بزووتنەوەکەن و لە رەوتى چونەپێشى بزووتنەوەکەدا بەرەو سەرکەوتن، بە ناچارى دەبى سیاسەتى سازشکارانەى ئەوان ناکام و پوچەڵ بکرێتەوە.

30-3-2011

LEAVE A REPLY

Please enter your comment!
Please enter your name here