هاوارى خەڵک و پەیامى دەسەڵات و حیزبەکانى گوێڕایەڵ

0

رێبوار ئەحمەد:
دوێنێ دسەڵات و حیزبەکانى گوێڕایەڵ کۆبونەوەو راگەیاندنێکی هاوبه‌شیان دژى مەیلى خەڵک بۆ ئاڵوگۆڕ راگەیاندوە. هەڕەشەکانى ده‌سه‌ڵاتی سته‌مکار و گه‌وره‌ مشه‌خۆره‌کان ، بە ئیمزاى ئەم حیزبانەشەوە، بە رواڵەت رووى لە بزووتنەوەى گۆڕانە، بەڵام دەبێ هەموو خەڵکى توڕەو بە دەنگهاتوى کوردستان گوێیان لێبێت. هەردوو حیزبى میلیشیایى کە زۆر بەپەلە خەریکى سەقامگیرکردنى دەسەڵاتى سه‌رکوتگه‌ر و تاشینى پەیکەرى رەمزەکانی دکتاتۆرین، هەڕەشەى ئەوە دەکەن کە هەرکەس بیر له‌ گۆڕینی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وان بکاته‌وه‌، “تێکیدەشکێنین”. ئەمە لە راستیدا هۆشداریەکى زۆر گەورەو ئاشکرایە بۆ خەڵکى کوردستان. هۆشدارى ئەوەى کە ئەگەر خەڵک‌ بیرێک له‌ چاره‌نوسی خۆی نه‌کاته‌وه‌، ئەوە ئەوان ئیرادەى خەڵک تێکدەهاڕن.
مەسعود بارزانى و هەموو سەرانى دەسەڵات، چونکە دەزانن هەلومەرجى کۆمەڵگاى کوردستان و جێگاوڕێگاو ماهیەتى دەسەڵاتى خۆیان و بارى ژیان و گوزەرانى جەماوەرى کرێکاران و ستەمدیدەى ئەم کۆمەڵگایە، زۆر لە تونس و میسرو ووڵاتانى شڵەَقاوى دیکەى ناوچەکە دەچێت، بۆیە ئەژنۆیان هاتوەتە لەرزین و لە دڵەراوکێى ئەوەدان کە بکەونە بەردەم خرۆشانى رقى جەماوەر.
دوێنى وەڵامى بەیاننامەى بزووتنەوەى گۆڕانیان بە راستکردنەوەى لولەى چەک و کۆکردنەوەو ئامادەباشى دان بە میلیشیایى پێشمەرگە دایەوە. ئەمرۆش کۆبونەوەى حیزبەکانى گوێڕایەڵیان سازداوە بۆ ئەوەى پاکانەی ده‌سه‌ڵاتی سته‌مکارانه‌یان بکەن. ئەم جۆره‌ حیزبانە 20 ساڵە نانى پاکانە بۆ دەسەڵاتى داسەپاوى یەکێتى و پارتى دەخۆن. ئه‌وه‌یان که‌ بە هەر هۆیەکەوە رۆژگارێک دەستى لە نانى پاکانە بڕابێت، دواتر هەوڵیداوە قەرەبوى کاتەوە. حیزبى وایان تێدایە، کە لە رۆژگارى تەنگانەى وەکو ئەمرۆدا نەبێت، تەنانەت بونیان بە بیرى بارزانى و تاڵەبانیدا نایەتەوە. بەڵام ئەمرۆ بە وێنەى حیزب ناو و ئیمزایان لە پاڵ ناو ئیمزاى خۆیاندا لیست کردون، بەڵکو بە هەر ئەندازەیەک بێت، قەڵەباڵغى لیستەکە، دەورێکى هەبێت لە کەم کردنەوەى مۆته‌که‌ی ترس و دڵەوراوکێ له‌سه‌ر دڵیان.
گوایە خه‌م و هه‌می راگەیاندراوە هاوبەشەکە, ئاسایش و هێمنیه‌ و ده‌ڵێ “ئه‌و شێوازانه‌ رەتدەکەینەوە کە ببێتە هۆی تێکدانی باری ئاسایش و هێمنی” !! بەڵام سەرتاپاى بە پاساو هێنانەوە بۆ سەرکوتگەرى و پێشێلکارى و تاڵان و بڕۆى دەسەڵات، هۆنراوەتەوە. ئەمە په‌له‌قاژه‌یه‌کی بێزراوه‌ بۆ خۆڵکردنە چاوى خەڵک. ئەمە ریاکاریەکى ریسوایە بۆ دەستەمۆکردنى خەڵک. ئەمە بە قوربانى کردنى ژیان و چارەنوس و بەرژەوەندى خەڵکە له‌ پێناو بەرژەوەندیه‌کی ته‌سک و حەقیرانەدا. ئەمە هەوڵێکى نەزۆکە بۆ لە باربردنى ناڕەزایەتى و خەباتى رەواى خەڵک، ئەمە راوەستانە لە پاڵ دەسەڵاتى سته‌مکار بەرامبەر خەڵکى ستەم لێکراو. ئه‌مه‌ به‌ڕاستی کلکایه‌تیه‌ بۆ ده‌سه‌ڵاتی چه‌وسێنه‌ری ملیاردێره‌کان، ئەمە پەڵەیەکى رەشى مێژووییە بۆ هەتا هەتایە بە ناوچەوانى ئەو لایەنانەوە دەمێنێتەوە.
توڕەیى جەماوەرى کرێکاران و ستەمکێشانى کوردستان لەم دەسەڵاتەى کە خەریکە قەدو قیافەى دکتاتۆریانەى خۆى رێکدەخات، نە بەڵگە هێنانەوەى پێویستە و نە بە پاکانەى ئەم لایەنانە، روپۆش دەکرێت. هێشتا مەرەکەبى ئیمزاکەى بارزانى بۆ سەرکوتى خۆپیشاندان وشک نەبوەتەوە، هێشتا کەمپینى تیرۆرو خنکاندنى دەنگى نەیارانى سیاسى و ئۆپۆزیسیونى دەسەڵات رانەوەستاوە، هێشتا تیرۆرى سەردەشت عوسمان و سیناریۆ داتاشراوەکەى پارتى لە بیرى کەس نەچوەتەوە، هێشتا فتواى هاوبەشى دەسەڵات و مزگەوت و مەلا دژى ئازادى رادەربرین رانەوەستاوە، هەر ئێستا دەزگا جاسوسیە ناشەرعیەکانى زانیارى و پاراستن دەستیان لە بناقاقاى جەماورى ستەمدیدەدایە، تاڵان و بڕۆ هیچ سنورێکى نەماوە، گرانى و بێدەرەتانى خەریکە کەمەرى ملیونەها کەس دەشکێنێ، کۆیلاتى و تیرۆرى ژنان کارەساتێکى بەردەوامە، رەوکردنى لاوان بە دەست نەهامەتى مەملەکەتى میلیشیاوە بە شەپۆلە، دەسەڵات لە کوردستان تا سەر ئێسک عەشیرەتى و دەسەڵاتى بنەمالەکانە، تەنانەت کۆنگرەکان بونەتە مەراسیمى دەست ماچکردن و داتاشینی ره‌مزه‌کانی دکتاتۆرى…ئەم لیستە لە ژماردن نایات.
ئەم حیزبە گوێڕایەڵانەى دەسەڵاتى بنەماڵەکان دەڵێن” دووبارەی دەکەینەوە کە هەر هەولێک بۆ چاکسازی و گۆرانکاری دەبێت لە چوارچێوەی پرۆسە و شەرعیەتی سیاسی و یاسایی بێت” مەبەست لەم قسە پوچە چیە؟! کام شەرعیەت و کام یاسا؟! شەرعیەت و یاسایەک کە داهاتى کوردستانى پێ تاڵان دەکرێت و بە ملیۆن و ملیارد لە بانقەکانى ناوچەکەو جیهاندا دەخرێتە سەر حیسابى سەرانى ئەم دەسەڵاتە؟! ئەو شەرعیەت و یاسایەى کە بوارى داوە بە ده‌زگا ناشەرعیه‌کان تیرۆرى سه‌رده‌شته‌کان و نەیارانى حیزبە دەسەڵاتدارەکان بکەن؟! شەرعیەت و یاساى یارى کردن بە دەسەڵات و بودجەى وڵات و ژیان و چارەنوسى خەڵک؟! شه‌رعیه‌ت و یاسای برسی و بێ کاره‌با و بێ خزمه‌ت گوزاریی کردنی خه‌ڵک؟! شەرعیەت و یاسایەک کە کۆیلایەتى و تیرۆرى ژنانى کردوە بە کارەساتێکى نەبڕاوە؟! ئێوە باسى کام شەرعیەت و کام یاسا دەکەن؟! پاشان ئێوە کێن کە دەچنە پشتى پەنجە راوەشاندنى یەکێتى و پارتیەوە و “دوو بارەى دەکەنەوە کە هەر هەوڵێک بۆ چاکسازى و گۆرانکارى دەبێت لە چواچێوەى پرۆسە و شەرعیەتى سیاسى و یاسایى بیت”؟! ئەوکاتەى خەڵکى توڕەو بە دەنگهاتوى کوردستان ئیرادە دەکەن و لە دژى ئەم مەملەکەتى ستەمە دەخرۆشێن، نەک دووبارە کردنەوەکانى ئێوە، بەڵکو پەنجە راوەشاندنى بارزانى و تاڵەبانیش، هەروەکو ئەوەى بن عەلى و موبارەک و ئەوانى تر ده‌بنه‌ کاریکاتێر بۆ پێکه‌نینی خه‌ڵکی دنیا.
راگەیاندراوە هاوبەشەکەى دەسەڵات و لایەنە گوێ لەمشتەکانى دەڵێت: “جەخت دەکەینەوە لەسەر بایەخی نەتەوەیی و سیاسی و نیشتمانی و کار و تێکۆشانی هاوبەش لە پێناو پاراستنی دەستکەوتە نەتەوەیەکان و مەسەلە چارەنووس سازەکان و بە دیهێنانی ئەرک و ئامانجە نیشتمانیە بەدیهێنراوەکان”  ئەمە ئەو کۆمەڵە ووشەو دەستەواژە چه‌واشه‌کارانه‌ن کە 20 ساڵە یەکێتى و پارتى دەسەڵاتى خۆیانى پێدادەسەپێنن و ئەم جۆرە حیزبانەش بۆیان ئیمزا دەکەن. بایەخى “نەتەوەیى” یانى چى؟ مەگەر بەڵایەک ماوە و ستەمێک ماوە ئەم حیزبانە بەسەر “نەتەوەى” خۆیاندا نەهێنابێت؟! بازرگانیەک ماوە بە ژیان و چارەنوس و خوێنى “نەتەوەکەى” خۆیانەوە نەیانکردبێت؟! ئێستا سەردەمى ئەنفال و فاشیزمی بەعس نیە کە بە باسى نیشتمان خۆل بکەنە چاوى خەڵک. خەڵکى بەشمەینه‌تى کوردستان بە چاوى خۆیان دەیبینن، ئەو نیشتمانەى رۆژانە سرودو گۆرانی و دروشمی بۆ داده‌هێنن، شتێک نیە جگە لە پانتاییەک کە لەسەریدا دەسەڵاتى ستەمکارانە و ژیانى شاهانە بۆ ئێوەوەو بێدەرەتانى فروان بۆ جەماوەرى ملیونى، بەرپاکراوە. ئیتر کاتى ئەوەتان نەماوە باسى “کارو تێکۆشانى هاوبەش لە پێناو پاراستنى دەسکەوتە نەتەوەیەکان” بکەن؟! کارى چى و تێکۆشانى چى و دەسکەوتى چى؟ جەماوەرى کرێکارو زەحمەتکێشى کوردستان تازە لەوە هوشیارتر و ئازارەکانیان لەوە توندترە کە بەم قسە پڕوپوچانە فریوبخۆن. کارو تێکۆشانى ئێوە بۆ دەمکوتکردنى خەڵکە، بۆ چۆکدادانە بە خەڵک لەبەردەم دەسەڵاتى ستەمکاران. باسى کام دەسکەوت دەکەن؟! مەبەستتان ئەو هەلومەرجەیە کە تیایدا دابینکردنى ئاوو کارەبا، ئەم پیداویستیە هەرە سەرەتایانەى ژیان، بونەته‌ داخوازى هەموو رۆژەو لە دابیننەهاتوى خەڵک؟ ئێستا له‌ کوێى ترى دنیادا جگە لە کوردستانى پڕ لە ملیاردێر، ئاوو کارەبا بەم جۆرە بونە بە گرفتى لە چارەسەر نەهاتوو؟! ئایه‌ مه‌به‌ستان له‌ ده‌سکه‌وته‌کان ئەو هەلومەرجەیە کە کاسەى توڕەیى خەڵکى پڕکردوەو خەریکە لێى دەڕژێت و ئێوەش دروست لەوە تۆقیون؟! مه‌به‌ستان ئەو هەلومەرجەیه‌ کە ئەوانەى تواناى هەنگاونانیان هەبێت بە لێشاو لێی هەڵدێن؟! ئەم فایلانە نەکەنەوە باشترە. باسى دەسکەوت مەکەن، ئێوە ئیمتحانى خۆتانداوەو ناشرینترین تاقى کردنەوەتان نیشانی خه‌ڵکی کوردستان داوه‌.
راگەیاندراوە هاوبەشەکەى دەسەڵات و حیزبەکانى موریدیان، دەڵێت ” جەخت دەکینەوە لەسەر بایەخی سیاسی و نەتەوەیی بوونی موعارزەی یاسایی و ئاشتی خواز و پەرلەمانی لە هەرێمدا و دانانی بەیەکێ لە دیاردە پۆزەتیڤەکانی ئەم قۆناغەی هەرێمی کوردستان .” تەنها ئەم قسەیەیان راستە، ئەوان هەموو جەخت لەوە دەکەنەوە کە موعارەزەى دەسەڵات دەبى هەر وەکو ئەم حیزبە گوێڕایەڵ و گوێلەمشت و موریدو ملکەچانە، موتیع و سەلار بێت. موعارەزەیەک بن کە تەنها دەست بە گەردندا بهێنن بۆ دەسەڵات و سەرى بۆ دانەوێنن، موعارەزەیەک بن بۆ دانى بۆیاخى دیموکراسى و فرەحیزبى لە دەسەڵات، موعارەزەیەک بن بۆ ئەوەى لە رۆژى تەنگانەى وه‌کو ئه‌مڕۆدا فریای دەسەڵات بکه‌ون و پاکانه‌ی بۆ بکەن. بەراستى لە روانگەى دەسەڵاتەوە هەتا لەم جۆرە موعارەزانە زۆرتربن، بەرەکەتیان زیاتر دەبێت. ئایا خوێنەرانى ئەم دێڕانە رابردوى دەسەڵاتى دکتاتۆرى عێراقیان بە بیر ناهێنێتەوە؟ جیاوازى دەست بەگەردندا هێنانى پارتى شۆڕشگێڕ بۆ سەدام، چی بوو لەگەڵ ئەوەى ئەم حیزبانە بۆ دەسەڵاتى ئێستاى دەکەن؟!
راگەیاندراوەکە لە کۆتایدا دەیەوێ بابەتیانە خۆى نیشانبدات و دان بنێت بە دڵۆپێک لە دەریاى گەندەڵی و تاڵان و سته‌مکارى ده‌سه‌ڵاتدا، بۆ ئەوەى توڕەیى جەماوەر هێورکاتەوەو پاشان بڵێ رێگا چارەى ئەمە وەکو ئەوە نیە کە لە تونس و میسر گیراوەتەبەر. لەم بارەیەوە دەلێ “.بوونی کەم و کورتی و کێشە و گەندەڵی و ناتەواوی لە بارودۆخی هەرێمدا واقیعە و خوازیاری ئەوەین کە حکومەت و معارزە و کۆمەلگای مەدەنی و سەرجەم هێزەکان هەریەکە و لە پێگەی خۆیەوە بەشدار بێت لە بەرەوپێشبردنی رەوتی چاکسازی و کەمکردنەوەی کەم و کورتیەکان و باشترکردنی ئاستی ژیانی هاولاتیانی هەرێم و پەرەپێدان بە ئەزموونە حکومرانی و دیموکراسیەکەی.” ئەمە قەوانێکى سواوەو ساڵەهایە دەیدەن بە گوێى ئەم خەڵکەدا، هیچ مانایەکى نیە جگە لە پێداگرى لەسەر هەمان کارنامەى 20 ساڵى رابردوو. کام هاوڵاتى سادەى ئەم کۆمەڵگایە هەیە کە نەزانێت گەورەترین گەندەڵ و تاڵانکەرى داهاتى ئەم کۆمەڵگایە، گەورەترین دەسەڵاتدارەکانى ئەم کۆمەڵگایەن؟ کوا گومان لەوە هەیە کە سەرانى هەردوو حیزب و دەسەڵات و سیاسەت و کاکردیان، هۆکارى سەرەکى بێدەرەتانى خەڵکە؟ کوا گومان لەوە هەیە کە تاڵان و برۆو پاوانخوازى ئەوان ئەم کۆمەڵگایەى لە سەرەتایترین پێداویستیەکانى ژیان بێبەش کردوە؟ کوا گومان لەوە هەیە کە سەرەوەى دەسەڵات لە پشتى خنکاندنى دەنگى ئازادى و قوربانیەکانى ئازادى رادەربڕینەوە راوەستاوە؟ مەگەر ئەوە کێیە کە یاساى داپڵۆسینى خۆپیشاندانى داڕشتوەو ئیمزاى لێداوە؟! کاتى ئەم قەوانە سواوانە بەسەر چوە، پەتى تەحەمولى خەڵک خەریکە دەپچڕێت. رۆژى حیساب نزیک دەبێتەوە. ئیتر کاتی ئه‌وه‌ نه‌ماوه‌ داهۆڵی وه‌همی بۆ گه‌نده‌ڵکاران و سه‌به‌بکارانی نه‌هامه‌تیه‌کانی خه‌ڵک، بسازن. هۆکاری بێده‌ره‌تانی خه‌ڵک خودی خۆتانن و ئه‌م راستیه‌ وه‌کو رۆژی روناک له‌ به‌رچاوی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکدایه‌.
ئەم کۆبونەوەو راگەیاندنە هاوبەشەى دەسەڵات و کلکه‌کانی، لە تیرۆریستە ئیسلامیەکانەوە تا ئەوانەى مێژو و پیشه‌یان ریاکاریه‌، لەوە ریسواترە کە چاوى خەڵک ببەستێ و راستیە زەقەکان بشارێتەوە. بەڵام هیچ گومان لەوەدا نیە، بەرچاوى خەڵک سەبارەت بە ناوەڕۆکى ئەم حیزبانە، رۆشنتر دەکاتەوە. بێگانەییان به‌ بەرژەوەندى و ئاوات و ئامانجەکانى خەڵک، ریزبه‌ستنیان لە پاڵ دەسەڵاتى میلیشیایى بەرامبەر هاوارو ناڕەزایەتى رەواى جەماوەرى ستەمکێش، راوەستانیان لەسەنگەرى راگرتن و درێژه‌دانی هەلومەرجى مەینەتبارى ئێستا…. ئاشکراتر  نیشانى خەڵک دەدات. ئه‌مه‌ تاقه‌ ده‌سکه‌وتی ئه‌و راگه‌یاندنەیه‌ بۆ خه‌ڵک.
دەسەڵات و گوێلەمشتەکانى دەیانەوێ بە چنگ و ددان ئەم هەلومەرجەى بۆ ئەوان نیعمەت و بۆ ملیونەها هاوڵاتى نەگبەتە، رابگرن. دەیانەوێ بەم پڕوپاگەندانە کات بکڕن، بە تۆقاندن و بە هەڵخەڵەتاندن، خەڵکى هەژارو بێدەرەتان خامۆش راگرن. پەلەقاژەى ئەوەیانە کە چۆن دەسەڵاتى ستەمکارانەى خۆیان لەبەردەم ئەم ڕاپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌ی له‌ ناوچەکەدا بۆ راماڵینى دەسەڵاتە ستەمکارەکان، به‌ڕێکه‌وتوه‌، بە سەڵامەتى دەرباز بکەن. بۆ ئەمە بۆرە بەڵێنى ” باشتر کردنی ئاستی ژیانی هاڵاتیانی هەرێم و پەرەپێدان بە ئەزموونە حکومرانی و دیموکراسیەکەی” دەدەن!! بەڵام کارکردو  پەلەقاژە و یاسا تازەکانى هەر ئەم چەند مانگەیان بە رۆشنى نیشانىداوە که‌ ئەو باشترکردنەى ژیان و ئەو پەرەپێدانى دیموکراسیە، ناوەرۆکەکەى چیە. یاساى سەرکوتى خۆپیشاندان تەنها نمونەیەکە.
دروست ئەوەیە خەڵکى کوردستان یەک سەعاتیش کاتى زیادەو بەفیڕۆ بەم ستەمکارانە نەدەن. هەر ئێستا کاتى بەڕێکەوتنى خەباتێکى جەماوەرى و هاتنەمەیدانە بە ریزى سه‌ربه‌خۆ و فراوان، لە دەورى خواستەکانى دابینکردنى پێداویستیە سەرەتاییەکانى ژیان وەکو: ئاو و کارەبای به‌رده‌وام، هەڵوەشانەوەى دەستبەجێى یاسا تۆتالیتاریەکەى داپڵۆسینى خۆپیشاندان، ئازادى سیاسى و رادەربڕین بە بێ هیچ قەیدو بەندێک، دەسکۆتا کردنى دین و مزگەوت و ئەوقاف و مەلا و دادگایى کردنى فتوادەران دژى ئازادى بەیان، بیمه‌ی بێکار…پێویستە ریزێکى رێکخراو خەباتێکى هوشیارانەو ئامانجدار، به‌ کێشانی سنورێکی رۆشن‌ له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ بورژوازیه‌کان‌، لەم پێناوەدا، بێدره‌نگ رێبکەوێت و تا بە سەرئەنجام گەیاندنى گۆڕانێکى ریشەیى لە سیستەمى دەسەڵات و ئابورى وڵاتدا بەردەوامى پەیدا بکات.
هەر ئەمڕۆ کاتى هاتنەمەیدانە بۆ داسەپاندنى ئەو خواستە ده‌ست به‌جێیانه‌ بەسەر دەسەڵاتدا، هەر ئەمەش هەوێنى نەشونماى خەبات و هاتنەمەیدانێکى گەورەتر دەبێت بۆ ئاڵوگۆڕى گەورەتر. هەنگاوی یەکەم ئەوەیە دەرفەت بە دەسەڵات نەدرێت، تا خۆى لە داخوازیە دەستبەجێکانى خەڵک بشارێتەوە.

LEAVE A REPLY

Please enter your comment!
Please enter your name here