گفتوگۆی مزه‌فه‌ری محه‌مه‌دی له‌گه‌ل رێبوار ئه‌حمه‌د ده‌رباره‌ی بزووتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی و شۆڕشگێڕانه له عێراق و کوردستان.
مزه‌فه‌ر محه‌مه‌دی: له‌سه‌ر زه‌مینه‌ی هه‌ژاری و بێ‌کاری و هه‌لاواردن و نایه‌کسانی و سه‌رکوتی سیاسی و به ئیلهام وه‌رگرتن له شۆڕش و بزووتنه‌وه شۆڕشگێڕانه‌کانی وولاتانی رۆژهه‌لاتی ناوه‌ڕاست و سه‌روی ئه‌فریقا، له عێراق و کوردستانی عێراق، بزووتنه‌وه‌یه‌کی ناڕه‌زایه‌تی و ئازادیخوازانه به‌ڕێکه‌وتوه. له پێشدا ئه‌پرسم ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ شۆڕشه‌کانی ناوچه‌که‌دا ق لێکچون و چ جیاوازیه‌کیان هه‌یه؟ هه‌روه‌ها ئایا ئه‌بعادو شێوه‌و ناوه‌ڕۆکی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه له ئاستی سه‌راسه‌ری عێراق له‌گه‌ڵ کوردستان یه‌کێکه و هاوئاهه‌نگه؟ ئه‌گه‌ر هاوئاهه‌نگ نیه جیاوازیه‌کان چین؟
رێبوار ئه‌حمه‌د: لێکچونى بەرجەستەى بزووتنەوە شۆڕشگێڕانه‌کانی کوردستان و عێراق لەگەڵ بزووتنەوە شۆڕشەکانى تونس و میسر، لەوەدایە کە وەکو ئەوان بزووتنەوەو هاتنەمەیدانى جەماوەرى کرێکاران و لاوان و دەستەنگانە لە خوارەوە دژى زوڵم زۆر‌و ستەمکارى دەسەڵات، دژى ستەم و گەندەڵى و سەرکوت. ئەمانە سەرجەم بەرئەنجامى بوژانەوەى ئیرادەى جەماوەرو باوەڕ بەخۆبونى ئەو جەماوەرەیە سەبارەت بەوەى کە بە هێنانە مەیدانى ئیرادەى خۆیان دەتوانن ژیانى خۆیان بگۆڕن و چارەنوسى خۆیان بنەخشێنن. هاوکات ئەوەى ئێستا لە عێراق و کوردستان بەرپا بووە جیاوازیشى هەیە لەگەڵ شۆڕشى تونس و میسر، هەم خودى بزووتنەوەکان جیاوازى هەیە، هەم خواست و ئاسۆ‌و ئامانج و هەم هەلومەرجیک کە لەگەلى بەرەوروون. ئەوانەى تونس و میسر راسته‌وخۆ یان به‌خێرایی روخاندنى رژێمیان کرد بە دروشمى سەرەکى خۆیان و لەو رێگایەوە دەرگایان بەڕووى ئاڵوگۆرى جێگا مەبەستدا کردەوە. هاوکات ئاست و تواناى بزووتنەوەکان بە رادەیەک بوو کە تواناى ئەو کارەیان هەبوو و تیایدا سەرکەوتن. ئەوەى ئێستا لە عێراق بەرێکەوتوە، لە ئێستادا روخاندنى دەسەڵاتى لە دەستورى کارى خۆى دانەناوەو لە ئێستاشدا ئەو توانایەى نیە، بە تایبەتى کە دەسەڵاتیش لەم ووڵاتانەدا زۆر لەگەڵ یەک جیاوازن. ئەمەى عێراق و کوردستان لەم سەرەتایەوە کۆمەڵێک خواستى سیاسى و ئابورى لەبەردەم خۆى داناوەو لە رێگاى بەدیهێنانى ئەوانەوە دەیەوێ لە هەنگاوى یەکەمدا ئاڵ‌وگۆڕێک پێک‌بێنێت و قورسایى ستەم و سەرکوت لەسەر کۆمەڵگا کەم بێتەوە. ئەوەشى کە لە هەنگاوى دواتردا ئەم بزووتنەوەیە بە کوێ دەگات و چ مەسائیلێکى تر دەخاتە دەستورى خۆیەوە ئەوە بە زۆر فاکتۆرەوە گرێی خوردوه کە دەکرێ لە درێژەى گفتوگۆکەدا باسیان بکەین.
دەربارى هاوئاهەنگى ئەم جوڵانەوەیە لە ئاستى عێراق و کوردستاندا، هاوئاهەنگیەکى ئەوتۆیان نیە، تا ئێستا نە رێکخەران و رابەرانى ئەم بزووتنەوانە کاریان لەسەر ئەمە کردوە، نە لە رووى خواست و ئامانجەکانیانەوە یەکن. هەڵبەت زەمینەکانیان چۆن لەگەڵ میسر‌و تونس لێکچونیان هەیە، ئەم لێکچونە لە نێوان کوردستان و عێراق زیاترە، بەڵام بە کردەوە وەکو یەک بزووتنەوەى هاوئاهەنگ لە دەورى خواستى هاوبەش و رابەرى هاوبەش نین. لە کوردستان پێشتر دەستى پێ‌کرد، لە رووى رابەرى و خواستەکانیەوە بڕێک پوختەترو لە هەمان کاتدا رادیکاڵترە. ئەنجومەنى مەیدانى ئازادى کە زۆرتر قسەکەرى بزووتنەوەکەیە، لەگەڵ ئەوەى ره‌وت و نه‌رێتی سیاسى جۆراوجۆرى تیایە، بە ئیسلامى و ناسیونالیست و کۆمۆنیستەوە، بەڵام لە دەورى کۆمەڵێک خواست جۆرێک لە یەکدەستى له بزووتنه‌وه جه‌ماوه‌ریه‌که‌دا پێکهاتووە. لە عێراقدا هێشتا لایەنى خۆبەخۆیى بزووتنەوەکە زەقترە، خواستەکان لە جێگایەک بۆ جێگایەکى تر‌و تەنانەت لە میتنگێک بۆ میتنگێک و خۆپیشاندانێک بۆ یەکێکى تر جیاوازى هەیە. بۆ نمونە خواستێک کە بە شێوەى خۆبەخۆی زۆرجار دوپات دەبێت، بە چاوکردن لە بزووتنەوەى ناڕەزایەتى ووڵاتانى دەوروبەر، ئەوەیە باسى “ئسلاحى نیزام” دەکات، هەندێک جاریش بە شێوەى خۆبەخۆیى باسى روخاندنى نیزام دەکرێت. لە کوردستاندا بزووتنەوەکە زۆرتر لە دەورى ئەحزابى سیاسى پۆلاریزە بووەو بە تایبەت لە ئێستادا چەند حیزبى سیاسى، هەرچەند قسەو سیاسەت و تێڕوانینى جیاوازیان هەیە، بەڵام لە پشتى جوڵانەوەکە راوەستاون و راشکاوانە ئەمە دەردەبڕن. بەڵام لە عێراقدا جگە لە حیزبى کۆمۆنیستى کرێکارى عێراق و کۆنگرەى ئازادى و یەکێتیە کرێکاریەکان، کە هەموویان لە بەرەیەکدان، ئەو دواى لایەنە سیاسیەکان راشکاو نین لە پشتیوانى بزووتنەوەکە و بەشداریکردن و تیایدا. دەورى حیزب و ئەو رێکخراوانەش لەو ئاستەدا نیە کە توانیبێتى ئەم بزووتنەوەیە یەک خەت و رێکخراو بکات، بۆیە هێشتا تابعى عەفەویەت بەسەریدا زاڵه.
مزه‌فه‌ر محه‌مه‌دی: دوو ده‌یه‌یه‌ی که ئه‌حزابی بورژوازی و ناسۆنالیست له کوردستانی عێراق له‌سه‌ر کارن. له سه‌ره‌تادا ئه‌مه به حاکمیه‌تی خۆمانه ناونرا و له پشتیوانیه‌کی به‌رچاوی خه‌ڵکی خۆشباوه‌ر به‌ره‌مه‌ند بوو. ئایا بزووتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ری ئێستا به مانای کۆتایی هاتنی ئاو خۆشباوه‌ڕیه‌یه؟ له کاتێکدا که باڵه‌کانی تری بۆرژوازی ناسۆنالیستی کورد له رابه‌ری و رێنمایی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌دا ده‌ستیان هه‌یه. راده‌ی ره‌وینه‌وه‌ی خۆشباوه‌ری له چ ئاستێکدایه؟ ئایا خواستی خه‌ڵک گواستنه‌وه‌ی ده‌سه‌لاته له به‌شێکی بۆرژوازی و ناسۆنالیزمه‌وه بۆ به‌شێکی تری یان له بنه‌ڕتدا خوازیاری ئاڵوگۆڕی بنه‌ڕه‌تی ترن؟
رێبوار ئه‌حمه‌د: بێگومان خودى ئەم 20 ساڵە لە دەسەڵاتدارێتى بورژوازى کورد و هەراسان بونى خەڵک بەدەست سەرکوت و مڵهوڕى و زوڵم و زۆردارى لە رادەبەدەرو تاڵان و بڕۆى بێسنوریانەوە، دەورى زۆرى بووە لە کەم کردنەوەو رەواندنەوەى خۆشباوەڕى بە بۆرژوا-ناسیونالیزمى کورد. ئێستاش هاتنەمەیدانى ئەم بزووتنەوەیە هەنگاوێکى زۆر گەورەتر ئەم رەوەندە دەباتە پێشەوەو تا ئێستا بردوێتی. بەڵام ئەوەى کە ئەمە بە کۆتایى خۆشباوەڕى بە ناسیونالیزمى کورد لە قەڵەم بدرێت، بە بڕواى من هەڵەیە. تا ئێستاش لە ئاستێکى بەرچاودا تەنانەت خۆشباوەڕى بە دەسەڵات و ئەحزابى دەسەڵاتداریش برەوى هەیە. راستە بە هۆى کارکردیانەوە خەڵک راستەوخۆ لە ناوى یەکێتى و پارتى توڕەن و ته‌نانه‌ت به فراوانی نه‌فره‌تان لێده‌کرێت، بەڵام هێشتا کاتێک ئەم دوو حیزبە بۆ چەواشەکارى سیناریۆ و پلانى ناسیونالیستى دەهێننە گۆڕێ، دەتوانن خۆڵ بکەنە چاوى خەڵک و بەشێکى بەرچاو لە خەڵکی پێ گیرۆدە دەبێ. بۆ نمونە لەم ماوەیەدا بەرەو ئەوە دەچوو لە کەرکوک ناڕەزایەتى جەماوەرى زۆر بە فراوان بتەقێتەوە، بە تایبەتى چونکە لەو شارە دەسەڵاتى هیچ حیزبێک بە تەواوى زاڵ نیە و ناتوانن بۆ نمونە وەکو هەولێرو تەنانەت سلێمانیش کۆنترۆڵى بکەن، پێشبینى دەکرا زۆر ناڕەزایەتیەکى فراوان بێتە سەر شەقام، حیزبە ناسیونالیستەکان بۆ بەرگرتن لەمە کەوتنە پڕوپاگەندەى فراوان دەربارەى ئەوەى کە ئەم دەنگ و باسى خۆپیشاندانەى کەرکوک، پیلانى ناسیونالیستە عەرەبەکانە و دەیانەوێ بە ناوى خۆپیشاندانەوە پەلامارى کەرکوک بدەن و کوردەکان دەرکەن. بەم بۆنەیەوە هێزی پێشمەرگەیان بەرەو ئەو شارە جوڵاند و فه‌زایان داگرت و بزووتنەوە نارازایه‌تیه‌که‌یان لەباربرد، بۆیه تا ئێستا کەرکوک یەکێکە لەو شارانەى کە جوڵانەوەکە بە کردەوە تیایدا لاوازە.
لەوەش زیاتر خۆشباوەڕى بەرامبەر ناسیونالیزمى ناڕازى کە بزووتنەوەى گۆڕان نوێنەرایەتى دەکات، زۆر زیاترە. هێشتا ئەم رەوتە بۆرژوا-ناسیونالیستیە کە لە بنەڕەتدا هیچ جیاوازیەکى ئەوتۆى لەگەڵ یەکێتى و پارتى نیە و تەنانەت تا چەند ساڵ بەر لە ئێستا رابەرانى ئەم رەوتە، بەرپرسانى سەرەوەى دەسەڵات بوون، دەورى سەرەکى دەگێڕن لەرووى پێگەى ئاسۆى سیاسیانەوە بەسەر بزووتنەوەى ناڕەزایەتى ئێستاى کوردستاندا. من باوەڕم وایە کە سەرئەنجام ناسیونالیزم دەبێ له ئه‌نجامی جێکەوتنى نەقدێکى هەمەلایەنه‌ى ناسیونالیزم و لەوەش زیاتر دەور پەیداکردنى بەدیلێکى تردا، رۆژى ئاوا بێت، بە تایبەتى کۆمۆنیزم ده‌بێ ئه‌م کاره بکات. بەبێ ئەوەى بەدیلێکى تر بێته پێشه‌وه‌و کۆمەڵگا لە رکێفى سونەت و فکرو دەسەڵاتى ناسیونالیزم رزگار بکات، ناسیونالیزم بەردەوام دەتوانى خۆشباوەڕى بەرامبەر بە خۆى پێکبهێنێت و لەبەرگى تازەدا بێتەوە مەیدان. بە کورتى بڵێم هەم تەجروبەى 20 ساڵ و هەم بزوتنەوەی ئیستاى کۆمەلگا، دەوریان بووە لە کەم کردنەوەی خۆشباوەڕى بەرامبەر ناسیونالیزمى کورد‌و ئەوەى پێى دەگوترا “دەسەڵاتى خۆیى”، بەڵام کۆتایى پێنەهێناوە.
خەڵکى کوردستان خوازیارى ئاڵوگۆڕى بنەڕەتین لە ژیانى خۆیاندا، ئەو خواستانەى کە ئێستا بەرزکراونەتەوە بە بڕواى من خواستى قۆناغى یەکەمى ئەو جوڵانەوەیەیە، ئەگەر لەم قۆناغەیدا سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، چاوەڕوانى خەڵک دەچێتە سەرترو دەست و باڵى دەکرێتەوەو ئاڵوگۆڕى زیاترى دەوێت. بەڵام هێشتا بەرچاو رۆشنیەکى تەواو لەو بارەیەوە نیە کە خەڵک چۆن دەیانەوێ ئەو ئاڵوگۆڕە پێک‌بێت. لە باسى ئسلاحى دەسەڵاتەوە تا تەنانەت باسى روخاندنى دەسەڵات لە بزووتنەوەکەدا هەیە. بەڵام ئەم بزووتنەوەیە تا ئێستا و تا رادەیەکى زۆر لە ژێر هەیمەنەى بزووتنەوەى گۆڕاندایە، ئەمەش له ئێستادا ده‌توانێ بە کردەوە بکاتە گوێزانەوەى دەسەڵات لە بەشێکى بۆرژوازیەوە بۆ بەشێکى تر.
ره‌وته بورژوازیه ئیسلامی و ناسیۆنالیسته‌کانی ناو ناره‌زایاتیه‌کان، تەنها ئاڵوگۆڕێکی رواڵه‌تیان ده‌وێ له ده‌سه‌ڵات، بەڵام لە راستیدا بزووتنەوەکە رادیکاڵە و بزووتنەوەى گۆڕان و ئیسلامیەکان، بۆ ئەوەى ئەم بزووتنەوەیە تێ‌یان نەپەڕێنێ، هەندیک جار بەدوایدا خۆیان به‌کێش ده‌که‌ن. لە سەرەتاوە یەکگرتوى ئیسلامى راسته‌وخۆ لە پاڵ دەسەڵات راوەستا و بزووتنەوەى گۆڕانیش لە دەمى نەوشیروان مستەفاى سەرۆکیەوە وووتى ئێمە بەشدارى ئەو خۆپیشاندانەمان نەکردوەو ئامادەین بۆ هاوکارى دەزگاکانى دەسەڵات بۆ بەرگرتن لەو گێرەشێوێنیە، بەڵام کە زانیان بزووتنەوەکە رادیکاڵە و ئەوەیان ڵێ قبوڵ ناکات، ناچار دواى کەوتن و هەڵوێستەکانى خۆیان گۆڕى بۆ بەشدارى و لایەنگرى لە خۆپیشاندانەکان. ئێستاش که له ناو بزووتنه‌وه ناڕه‌زایه‌تیه‌که‌دان، به ده‌وری خۆیان کاریگه‌رییان هه‌یه له‌سه‌ر ئاراسته‌و ئاینده‌و ئه‌نجامه‌کانی.
مزه‌فه‌ر محه‌مه‌دی: هه‌ر به‌و جۆره‌ی که ده‌بینین، رابه‌رایه‌تی بزووتنه‌وه‌که و رابه‌رایه‌تی ناڕه‌زایه‌تی مه‌یدانی ئازادی سلێمانی له ده‌ستی هێزه ناسۆنالیست و ئیسلامیه‌کان و رابه‌ران و هه‌ڵسوڕاوانی کۆمۆنیست و به تایبه‌تی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریدایه. ئه‌نجومه‌نێک که بۆ یه‌م کاره پێکهاتوه، ئه‌م حیزبانه و رۆشنبیرانی سکولار‌و ته‌نانه‌ت ناسۆنالیستی گرتوه‌ته خۆی. خاڵی هاوبه‌شی ئه‌م ره‌وتانه چیه؟ له کاتێکدا که بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان خوازیاری ئسلاحاتێکه له ده‌ستور و له سه‌ره‌وه به قازانجی خۆی، ئیسلامیه‌کان خوازیاری ده‌خاله‌تدانی ئیسلامن له ژیان و سیاسه‌تدا، کۆمۆنیسته‌کان خوازیاری ئاڵوگۆڕی بنه‌ڕه‌تی ترن، ئه‌م ئیتحاده چه‌نده پایه‌دار یان قابیلی لێکترازانه؟
رێبوار ئه‌حمه‌د: بنەماى بەشدارى ئەم رەوتە سیاسیە جیاوازانە لە رابەرى ئەم بزووتنەوەیە و لە خودى ئەنجومەنى مەیدانى ئازادى سلێمانیشدا، بەشدارى کردن و بەهێزکردنى بزووتنەوەیەکە بۆ ئاڵوگۆڕ و لەم بارەیەوە تا ئێستا هەم لەسەر شێوازى بەڕێخستنى بزووتنەوەکە و هەم لەسەر لیستى داخوازیەکان و هەم لەسەر سەراسەرى کردنەوەى جوڵانەوەکە، لە نێو ئەو ئەنجومەنەدا جۆرێک لە یه‌کده‌ستی دروست بووە. بێگومان رۆژانە لەسەر هەر مەسەلەو رووداوێکى تازە مشت و مڕ روودەدات، ناکۆکیش هەیە و هەر رەوتە دەیەوێ بەلاى خەتى خۆیدا دایشکێنێ. بەڵام سەرئەنجام کارێک کراوە کە بزووتنەوەى پێکهێنانى ئاڵوگۆڕو بەدیهینانى خواستەکانى خەڵک بکریتە سەنگ. بە بڕواى من پێوستی بزووتنه‌وه‌که ئه‌مه‌ی هێناوه‌ته ئاراوه‌و سه‌پاندوێتی. لە ئێستادا بەهێزکردنى بزووتنەوەکە لە بەرامبەر دەسەڵات و پیلانە هەمە جۆرەکانیان بۆ سەرکوتکردنى، به‌رجه‌ستره لە ناکۆکیەکانى نێوان ئۆپۆزیسیون. بێگومان جیاوازیه‌کی قوڵ له نێوان ره‌وت و نه‌رێته سیاسیه جیاوازه‌کاندا هه‌یه. ئەو ناکۆکیانە دەبێ بۆ خەڵک رون بکرێتەوە سیاسەتى جیاوازیان باس بکرێت، ده‌بێ جه‌ماوه‌ری کوردستان به رۆشنی بزانن جیاوازیه‌کان کامانه‌ن و له‌سه‌ر چین، ده‌بێ ئه‌وه روون بکرێته‌وه که هه‌ر ره‌وته چ سیاسه‌ت و به‌رنامه و ئاسۆیه‌کی بۆ بزووتنه‌وه‌که هه‌یه، ته‌نانه‌ت هەرکامیان له باره‌ی کێشه‌و مه‌سه‌له‌کانی کۆمه‌ڵگاوه ده‌ڵێن چی، له‌سه‌ر سیسته‌می حوکمڕانی، له‌سه‌ر ئازادی سیاسی و مه‌سه‌له‌ی ژن و دابه‌ش بوونی چینایه‌تی کۆمه‌ڵگا…ده‌ڵێن چی؟ هه‌روه‌ها ده‌بێ لە نیو بزووتنەوە هەمەگیرەکەدا کریکاران و جەماوەرى زەحمەتکیش لە ریزى سەبەرخۆدا ریکخراوبکرین. هاوکاتی ئه‌مانه‌ش یەکدەستى بزووتنەوە جەماوەریەکە لە دەوری داخوازیەکانی بە تایبەتى لە ئێستادا زۆر گرنگەو ده‌بێ بپارێزرێت.
ئەوه‌ی کە ئێوە بە “ئیتحاد” لە نێوان ناسیونالیست و ئیسلامى و کۆمۆنیستەکان ناوتان برد، ئیتحاد نیە. بە تایبەتى لەسەر ئاستى حیزبى، هیچ پەیوەندیەک لە نێوان حیزبى کۆمۆنیست و ئەو دوو لایەنەى تر لە ئارادا نیە چ جاى ئیتحاد. بەڵکو بە پێى ئەمرى واقع، بە هۆى بوون و بەشدارى هەموو لایەک لەو بزووتنەوەیە و دەورو نفوزى هەرلایەکیان، کەسایەتى و هەڵسوڕاوەکانى ئەو رەوتە جیاوازانە، لە موقعى کەسایەتى و رابەران و هەڵسوڕاوانى بزووتنەوە جەماوەریەکەدا، لەو ئەنجومەنەدا هه‌ن و ده‌وری خۆیان ده‌گێڕن.
من ئەوە بە کێشە نازانم کە کەسێک لەو ئەنجومەنەدایە، چ بیرباوەڕێکى هەیە و باوەڕى بە چى هەیەو بە چى نیە. ئەوەى گرنگە پێداگرى لەسەر خواستەکانى خەڵک و بەرژەوەندیەکانى خەڵک بکات و بۆ بەهێزکردنى بزووتنەوەکە هەوڵبدات. ئەمە خاڵى هاوبەشە، هەر ئەمەش بنەمایە بۆ بەردەوام بوون یان تێکچونى ئەو راده‌یه له یه‌کده‌ستی هه‌ڵسوڕاوانی بزووتنه‌وه‌که. بێگۆمان هەر لایەکیش دەیەوێ جێ پێى خۆى لەم بزووتنەوەیەدا بەهێز بکات، بۆ ئەوەى دواتر بەبارى ئامانجەکانى خۆیدا بیبات. ره‌وته ناسیونالستى و ئیسلامیه‌کانی ناو ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه، وه‌کو نوێنه‌ری به‌شێک له بورژوازی کورد که ناڕازیه له بەشی خۆی و له چۆنیه‌تی دابه‌شبونی سه‌روه‌ت و قازانجی سه‌رمایه و ده‌ستڕه‌نجی چینی کرێکار له ناوخۆی چینی بورژوازیدا، دەیانەوێ ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه به‌و ئاقاره‌دا به‌رن که بە جۆرێک ئیسلاحى دەسەڵاتى پێبکه‌ن کە جێگاوڕێگاى خۆیان لە دەسەڵات بەهێزبێت، له پێناو دابین بوونی به‌شی زیاتر بۆ ئه‌و به‌شه له چینی بورژوازی. هاوکات ئیسلامیەکان وه‌کو یه‌کێک له‌م ره‌وته بورژوازیانه دەیانەوێ جێگایەک پەیدا بکەن کە بتوانن دەورى بەرجەستەتر بده‌ن به ئیسلام لە دەسەڵات و لە یاسا و لە ژیانى خەڵکدا. کۆمۆنیستەکانیش دەیانەوێ ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه بەبارى قوڵترین ئاڵوگۆڕى هەمەلایەنە لە ژیانى خەڵک و سەرئەنجامیش گۆرینى سیستەمى سیاسى و ئابوری‌دا بیبەن. ئەمە بێ‌شک لە جێگاى خۆیدا مەسەلەکان و پێکهاتى رابەرى ئێستاى جوڵانەوەکە بە بارێکى تردا دەخات. بەڵام تا ئەمانە رۆشنتر دەبنەوەو تا ئەو جێگایەى کە هەر لایەنێک بە قازانجى خۆى بزانى لە پشتى ئەم بزووتنەوەیە و خواستە راگەیانراوەکانى خەڵک راوەستى، ئەمەی ئیستا بەردەوام دەبێت. له هه‌مان کاتدا ئه‌رکی کۆمۆنیزمه که هه‌موو ئه‌مانه بۆ جه‌ماوه‌ری کرێکار‌و زه‌حمه‌تکێش روون کاته‌وه‌و به رۆشنیش ره‌خنه له ناپه‌گیریه‌کانی ره‌وتی بورژوازی ناو بزووتنه‌وه شۆڕشگێڕانه‌که بگرێت و رێگای سازش و سات و سه‌دا به خواسته‌کانی خه‌ڵک له به‌رده‌میان دابخات.
مزه‌فه‌ر محه‌مه‌دی: له کاتێکدا شاره‌کانی خواروتری کوردستان و ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌لاتی یه‌کێتی نیشتمانی ناڕه‌زایه‌ته‌کی فراوانی به‌خۆوه گرتوه، له شاره‌کانی هه‌ولێرو دهۆک و ناوچه‌کانی ژێرده‌سه‌لاتی پارتی هه‌لومه‌رجه‌که کۆنترۆڵ کراوه. ئایا ئێوه پێشڕه‌وی و سه‌رکه‌وتنی بزووتنه‌وه‌که له یه‌ک ناوچه‌دا، به‌بێ په‌یوه‌ست بوونی ناوچه‌کانی تر به مومکین ده‌زانن؟ رێگای سه‌راسه‌ری بونه‌وه‌ی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه له کوردستان کامه‌یه؟
رێبوار ئه‌حمه‌د: بێگومان سەراسەرى بونەوەى ئەم بزووتنەوەیە فاکتۆرێکى هەرە حەیاتیە بۆ بەسەرکەوتن گەیشتن. پێم وایە هەر ئێستا نەک رابەران و هەڵسوڕاوانى بزووتنەوەکە بەڵکو تەنانەت هەر بەشداربویەکى ناڕەزایەتیەکانیش ئەو واقعەیه‌تە بە زەقى دەبینێت کە خاڵێکى لاواز‌و بەرجەستەى ئەم ناڕەزایەتیانە قەتیس مانیەتى لە بەشێکى کوردستاندا، ئەمە بۆ نمونە لە عێراقدا کەمتر وایە، ئەوەى عێراق تا رادەیەکى زۆرتر سەراسەریە. لەم بارەیەوە لە کوردستاندا هەوڵێکى زۆر لە ئارادایە بۆ سەراسەرى کردنەوەى. خودى خەڵکى ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى پارتیش هەوڵى زۆریان هەیە بۆ پەیوەست بوون بەو بزووتنەوەیەى کە لە ناوچەکانى سلێمانى بەڕێکەوتوە. بەڵام لەلایەکەوە کۆنترۆڵى توند‌و سەرکوتى فراوانى پارتى ئەو رێگایەى گرتووە و لەلایەکى تریشەوە کەم نفوزى لایەنە ئۆپۆزیسیونەکانى ناو بزووتنەوەکە لەو ناوچانەى ژێر دەسەڵاتى پارتى عاملێکى گەورەى ئەم مەسەلەیەیە. لە پاڵ ئەمەشەوە گەلێک فاکتۆرى تر‌ى مێژوویى و رادەى گەشەى بزووتنەوەى سیاسى لەم دوو ناوچەیە کاریگەرى هەیە.
بەڵام ئەوەى کە ووتم سەراسەرى بوونەوە یەکێکە لە فاکتەرە سەرەکەکانى سەرکەوتن، بەو مانایە نیە کە بەبێ سەراسەرى بوونەوە ئەم بزووتنەوەیە بە هیچ جێگایەک ناگات و دەسکەوتى نابێت. تاوەکو ئێستا دەست کەوتى خۆى بووە، هاوسەنگى هێزى له نێوان دەسەڵات و خەڵک زۆر گۆڕیوە. هەر چاودێرێکى سادە دەتوانێ ئەمە لە قسەو دەم و چاوى ترشاوى تاڵەبانى و بارزانى و سەرانى دەسەڵات هەردوو حیزب‌دا ببینێ. کە دەرده‌کەون و قسە دەکەن هەست بەوە دەکرێت کە دەست وپێى خۆیان وون کردوە، هاوسه‌نگیان لە دەستداوە، زەلیل بوونە، هەرچەندە لە هەڕەشە و گوڕەشە نەکەوتوون، بەڵام جۆرێک قسە دەکەن کە لە پێشتر نەیانکردوە. هاوکات تا ئێستا دەسەڵات هەرچەندە بە شێوەیەکى تەم و مژاوى و ناڕۆشن، بەڵام لە ئاست بەشێک لە داخوازیەکانى خەڵکدا، چۆکیان داداوە، دەزانم تەم و مژاویەکەى بۆ ئەوەیە کە دواتر و لە ئەگەری خاوبونەوەى ناڕەزیاەتیەکاندا لەژێر ئەو خواستانە بێنەدەرەوە یان لانى کەم لە نزمترین ئاستدا وەڵامى پێبدەنەوە. بەڵام پاشەکشەو پێگەى لاوازیان بەرجەستەو ئاشکرایە. مەبەستم ئەوەیە بڵێم هەر لەم ئاستەى ئێستادا پێشڕەوى بزووتنەوەکە دیار‌و ئاشکرایە. هاوکات گەشەو پێشڕەوى بزووتنەوەکەو بە تایبەتى گەیشتنى بە کۆمەڵێک دەسکەوت، کاریگەرى زۆریشى دەبێت لەسەر سەراسەرى بوونەوەو بەهێزبوونى ئیرادەى شۆڕشگێڕانەى خەڵکى ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى پارتى. ناکرێ شۆڕشى تونس و میسر کاریگەرى لەسەر سلێمانى دابنێن بەڵام بزووتنەوەى ناڕەزایەتى لە سلێمانى و دەوروبەرى کاریگەرى زیاتر لەسەر هەولێر و دوهۆک و زاخۆ دانەنێت.
بەهەرحاڵ ئەوەى گرنگە گومان لەوە نیە کە سەراسەرى بوونەوەى مەرجێکى هەرە گرنگى سەرکەوتن و گەیشتنى بە دەسکەوتى گەورەترە. دەبێ نەخشەمەندانە کار بۆ ئەمە بکرێت. بەشێک له رێگاى سەراسەرى کردنەوەى هەر ئەوەیە بزووتنەوەیه‌ک لەو ناوچانەى کە بەڕێکەوتووە لە هەموو رویەکەوە خۆى مەحکەمتر بکات، تێڕوانێنکى وردترى هەبێت بۆ هەنگاو بە هەنگاو چونەپێشى لە رێگاى سەرکەوتندا، پێناسەیەکى وردى هەبێت بۆ ماناى سەرکەوتنەکانى، تاکیتیکى دروست بۆ سەرکەوتنى هەنگاو بە هەنگاوى خۆى هەبێت، دور بگیرێت لە مغامەرەو هەنگاوى ئەوتۆ کە لە توانایدا نەبێت، خواستى دروست لە جێگاى خۆیدا بەرز بکاتەوە، هەنگاوى پێشوەخت و بێ زەمینە هەڵنەگرێت. لە هەموو گرنگتر لە رووى رێکخراوبونى خەڵک و ناڕەزایەتیەکانەوە بە نەخشەوە هەنگاو بەروپێش بنێت، بەشێکى گرنگى ئەم مەسەلەیە بەدەورى کۆمۆنیزمەوە گرێى خواردووە. چونە پێش لە هەموو ئەم بوارانەدا هەم ئیرادەى زیاتر هەم تەجروبەى چۆنیەتى هاتنەمەیدان بۆ خەڵکى ناوچەکانى تر دەخاتە بەردەست و هەم تواناى دەسەڵات بۆ سەرکوت کەمتر دەکاتەوە.
لە خودى ئەو ناوچانەدا پێویستە شێواز‌و تاکتیکى گونجاو کە لە توانادا هەبێت بخرێتەروو، مەرج نیە بزووتنەوەی ناڕه‌زایه‌تی هه‌ر بە هه‌مان ئه‌و شێوەیەى له سلێمانى به‌ڕێکه‌وت لەوێش دەست پێ‌بکات. لەوێ لە جیاتى خۆپیشاندان، بۆ نمونە دەکرێت مانگرتن بکرێت، کۆروکۆمەڵى جۆراوجۆرى لاوان و ژنان و کرێکاران پێک‌بێت، لە ناو خەڵکدا کارى هاندان و رێکخستن بکرێت. من پێم وایە ئێستا لەوێ زه‌مینه له‌باره‌و دەکرێت گروپى لاوانى لە بابەتى ئەوانەى میسر‌و سلێمانى دەست بە پێکهاتن بکات، کرێکاران دەتوانن پێش ئەوەى بە خۆپیشاندان و ئاکسیون دەست پێبکەن کە دەسەڵات دەستى ئاوەڵاترە بۆ سەرکوتکردنی، بە مانگرتن و خستنەڕووى داخوازى سادە دەست بە ناڕەزایەتى بکەن…..لایەنێکى تر ئەوەیە کە دەبێ گوشارێکى گەورەى ناوخۆیى و جیهانى بخرێتە سەر سیاسەتى سەرکوتگەرانەى پارتى، گوشارێکى ئەوتۆ کە نەتوانن بە دەستى ئاوەڵاوە لەو ئاستە بەرفراوان و مڵهوڕانەیەدا سەرکوتى هەموو دەنگێکى ناڕەزایەتى بکەن.
مزه‌فه‌ر محه‌مه‌دی: مه‌یدانی ئازادی سلێمانی بووه به دڵی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه. ئه‌مه له کاتێکدا که له ناوه‌نده کرێکاریه‌کان و گه‌ڕه‌ک و خوێندنگا‌و فه‌رمانگه‌کاندا، بزووتنه‌وه‌و جموجۆشێکی که‌متر له ئارادایه. ئایا مه‌یدانی ئازادی ئه‌توانێ ئه‌و ده‌وره بگێڕێ که مه‌یدانی ته‌حریر له میسر گێڕای؟ ئه‌گه‌ر نا، رێگای ده‌خاڵه‌تی فراوانتری جه‌ماوه‌ری کرێکار‌و زه‌حمه‌تکێش ژنان و لاوان له شوێنه‌کانی کار‌و ژیانیان کامه‌یه؟ ئایا هه‌نگاو له‌م بواره‌دا له ڕێگای یه‌کێتی و رێکخراوبون و هوشیاربونه‌وه‌و خۆئاماده‌کردن، ده‌ستی پێکردوه یان به‌دی ده‌کرێت؟
رێبوار ئه‌حمه‌د: مەیدانى ئازادى سلێمانى یان مه‌یدانی ته‌حریری به‌غداد لە ئاستێکى نزمتردا و لە هەندێک بواردا بوەتە نمونەیەک لە مەیدانى تەحریرى قاهیرە. بە بڕواى من ئەو تەجروبە وەرگرتنە خاڵێکى باش و بەهێزى بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەکەیە. بەڵام پێم وانیە بکرێتە بەدیلى مەیدانى تەحریر، لە پێشدا بە هۆى جیاوازى هەلومەرجى کۆمەڵگاى کوردستان و میسر و پاشان بە هۆى جیاوازى جێگاوڕێگاى قاهیرەو سلێمانى لەو دوو کۆمەڵگایەدا و سەرئەنجامیش بە هۆى جیاوازى نێوان بزووتنەوەکەى میسر‌و بزووتنەوەکەى کوردستان و دەسەڵاتەکانەوە. با هەر لێرەدا ئەوە بڵێم کە مەیدانى تەحریر لە میسریش، تەنها سەنگەرو مەیدانى شۆڕش نەبوو. بەر لەوەى مەیدانى تەحریر بێتە بەرەوە تەنانەت لە 2-3 ساڵ لەوەبەرەوە بزووتنەوەى کرێکارى لە ئاستێکى بەریندا دەستى بە نەشونما کردبوو، ساڵى دەیان و بگرە سەدان حەرەکەتى کرێکارى بەریدەکەوت، لەو حەرەکاتانەدا دەیان کرێکار گیانیان لە دەستدا، زیندانى کراون، لە کاردەکراون….تەنانەت لە پێشدا گروپى 6ى ئەپریل لە جەرگەى ناڕەزایەتیە کرێکاریەکان و لە پشتیوانى لەواندا دروستبوون.
مەبەستم ئەوەیە بڵێم خودى مەیدانى تەحریرى قاهیرە لە شۆڕشى میسردا، سەرەتاى کار نەبوو، بەڵکو پێشەنەیەکى دورتر و هەنگاوى گرنگ لە پێش ئەوە هەبووە. گرفت و خاڵێکى لاواز‌و بەرجەستەى دیکەى ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیەى کوردستان، ئەوەیە کە زۆر لە مەیدانى ئازادى نەترازاوە. لە زانکۆکانیش جموجۆڵ و کەم و کورت خۆپیشاندانیش کراوە، بەڵام تا ئێستا لە کارگەکان و لە گەرەکەکان و لە فەرمانگەکان، شتێکى ئەوتۆ دیار نیە. تەنانەت ئاستێکى نزمیش لە رادەى رێکخراو بونى جەماوەرى ئەو ناوەندانە دیار نیە. جەماوەر بەبێ ریکخراوبوون لە قاڵبى جەماوەرى و حیزبی‌دا، رێگاى پێشڕەوى سەرکەوتن بەرویاندا ئاوەڵا نابێت. به تایبه‌تیش ده‌وری پێشره‌وانه‌ی چینی کرێکار زۆر حه‌یاتیه، به‌بێ جوڵان و ده‌ور په‌یداکردنی به‌رجه‌سته‌ی ئه‌م چینه، بزووتنه‌وه‌که بۆشاییه‌کی گه‌وره‌و خاڵێکی زۆر لاوازی ده‌مێنێته‌وه‌و ئاسۆی سه‌رکه‌وتنی گه‌لێک ته‌نگ و دژواره. ئه‌گه‌ر ته‌جروبه‌ی میسر‌و تونسیش له‌به‌رچاو بگرین ئه‌و راستیه‌مان به زه‌قی نیشانده‌دات. بۆ نمونه له میسر جگه له ناڕه‌زایه‌تیه کرێکاریه‌کانی چه‌ند ساڵی پێشتر، ته‌نانه‌ت ئه‌وه که له ئه‌نجامدا هاوسه‌نگیه‌که‌ی به ته‌واوی گۆڕی و مه‌سه‌له‌ی روخانی رژێمی موباره‌کی یه‌کلا کرده‌وه، هاتنه مایدانی به‌هێزی چینی کرێکار بوو. ئه‌وه راستیه‌کی حاشا هه‌ڵنه‌گره که کاتێک چینی کرێکار به فرواوانی جوڵا و به تایبه‌تی که کرێکارانی که‌نداوی سویس راپه‌ڕین، ئیتر رژێمی موباره‌ک به ته‌واوی چۆکی شکاو ناچار به ته‌سلیم بوو. ئێستا له کوردستان و عێراقیشدا ئەوە مەسەلەیەکى زۆر حەیاتی و لە هەمان کاتدا مومکین و چاره‌نوس سازه که چینی کرێکار پێ بنێته مه‌یدانه‌وه. ئه‌مه له ئاستێکی به‌رزدا هه‌م زامنی سه‌رکه‌وتن و هه‌م زامنی رادیکاڵبونه‌وه‌و قوڵبونه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆکی شۆڕشگێڕانی بزووتنه‌وه‌که‌یه. ئێستا کاتی ئه‌وه‌یه لە کارگەو گەرەک و فەرمانگەو زانکۆکان و شوێنەکانى تر، جەماوەر لە دەورى یەکتر کۆبنەوە، کۆبونەوەى گشتى بکەن، خواست و گرفتەکانى خۆیان لەگەڵ یەکتر باس بکەن، رێکخراوى خۆیان دروست بکەن. ئێستا کاتى ئەوەیە شوراى گەرەک و کارگەو زانکۆ، رێکخراوە جۆراوجۆرەکانى تر‌ى وەکو سەندیکاو رێکخراوى لاوان و ژنان، دەست بەسەرهەڵدان و نەشونما بکەن، بەیاننامەى خواستەکانى خۆیان گەڵاڵە بکەن، رێگا‌و شێوازى چۆنیەتى چونە پێشى خۆیان دیارى بکەن.
لە روانگەى منەوە جوڵانەوەیەکى بەم جۆرە بەبێ رێکخراوى بەهێزى جەماوەرى و حیزبى، زۆر ئەستەمە بە دەسکەوتى بەرچاو بگات، مەترسى شکست هەڕەشەى جدى لێدەکات. هەڵتەکانى ئەم هەڕەشەیەو ئەم خاڵە لاوازە بەر لە هەموو کەس ئەرک و مەهامى کۆمۆنیستەکان و کۆمۆنیزمە، بە دیاریکراویش ئەرکى حیزبى کۆمۆنیستى کرێکاریە. بە بڕواى من ئێستا ئەم حیزبەو کۆمۆنیزم بە راستى لە بۆتەى ئازمایشدان، ئەگەر نەخشەى بۆ پڕکردنەوەى ئەم کەم و کوڕیانە نەبێت، ئەگەر بە کردەوە و بە خێرایى خەریکى ئەم کارە نەبێت، ئەگەر رۆژانە و لەو رێڕەوەدا بە پێوانەى زۆر مەلموس نەچێتە پێشەوە، بە تایبەتى مەبەستم ئەوەیە لە رووى سازماندانى کرێکاران و جه‌ماوه‌ری زه‌حمه‌تکێش و لاوانی ئازادیخواز‌و ژنان، لە دەورى حیزب و کۆمیتە حیزبیەکانى کارگەو گەڕەک و زانکۆ‌و جێگاکانى تر، هەروەها رێگا ئاوەڵاکردن و دەستپێشخەرى بۆ بەرپابونى رێکخراوە جەماوەرەیەکان هەر لەو جێگایانە….ماناى وایە ئەم حیزبە گەورەترین فرسەتى مێژووی لە دەست دەدات. مانای وایه لەوەڵامدانەوە بە گەورەترین مەرجى سەرکەوتنى بزووتنەوەکە خۆى لادەدات. وە لە داهاتوشدا کەمترین بوار‌و فرسەت بۆ دەور پەیداکردنى خۆى دەهێڵێتەوە. ئەم کارانە لە کاتى رۆتیندا رەنگە بکرێت بڵێین کارى چەند ساڵێکە، بەڵام لەم هەرلومەرجەدا مەجالى چەند رۆژ و چەند هەفتە و ئەوپەڕى چەند مانگ لەبەردەستدایە. ئەگەر ئەنجام نەدرێن، هەلومەرجەکەو بزووتنەوەکە بەڕێگایەکى تردا دەڕۆن، نە بۆ کۆمۆنیزم دەسکەوتى ئەوتۆیان دەبێت و نە لە ئاستێکى بەرچاودا بە قازانج و بەرژەوەندى خەڵک تەواو دەبێت. ئەمە هۆشداریەکى زۆر جدیە بۆ ئیمە کۆمۆنیستەکان و حیزبى کۆمۆنیستى کرێکارى.
مزه‌فه‌ر محه‌مه‌دی: له روانگه‌ی تۆوه ئه‌و روداوانی له عێراق و کوردستانی عێراق به‌ڕکه‌وتون، ڕاپه‌ڕین و شۆڕشێکه یان بزووتنه‌وه‌یه‌کی ناڕه‌زایه‌تیه بۆ کۆمه‌ڵێک خواستی دیاریکراو؟ ئایا تۆ ئێستا خوازیاری ڕاپه‌ڕین و شۆڕشی ده‌ستبه‌جێ و راسته‌وخۆی له کورتترین ماوه‌دا، یان پێت وایه ده‌بێ له ئێستادا کۆمه‌ڵێک خواست به‌ده‌ست بهێنرێت و سه‌رکه‌وتێکی هه‌رچه‌ند بچوک مسۆگه‌ر بکرێت که رێگای ئاڵوگۆڕی بنه‌ڕه‌تی تر هه‌موار ده‌کات؟ به گشتی هێزو توانای ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه بۆ به‌ده‌ست هێنانی خواسته‌کانی یان بۆ ئاڵوگۆڕێکی بنه‌ڕه‌تی چۆن ده‌بینی؟ هه‌روه‌ها رێگری و ئاست ته‌نگیه‌کانی بزووتنه‌وه‌که له عێراق و کوردستان چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنی؟ تۆ سه‌رکه‌وتنی ئێستای بزووتنه‌وه‌که چۆن پێناسه ده‌که‌ی و پرۆسه‌ی به سه‌رکه‌وتنی یه‌کجاری بزووتنه‌وه‌که چۆن ده‌بینیت یان ده‌بێ چۆن بێت؟ ئه‌و خواستانه‌ی که کۆمه‌ک به مسۆگه‌ر کردنی ئه‌و سه‌رکه‌وتنه ده‌که‌ن کامانه‌ن؟
رێبوار ئه‌حمه‌د: تا ئێستا لێرەو لەوێ هەم دەستەواژەى ڕاپەرین و هەم دەستەواژەى شۆرش لەلایەن ئێمەوە بۆ ئەم بزووتنەوەیە بەکار براوە، چونکە دەکرێت ئەگەر زۆر لەو دەستەواژانە ورد نەبینەوە، هەر جۆرە هاتنەمەیدانێک بە راپەڕینى خەڵک بەیان بکرێت، یان هەر بزووتنەوەیەکى شۆڕشگێڕانە بە شێوەى مەزاجى بە شۆڕش تەعبیرى لێبکرێت. بەڵام ئەگەر بمانەوێ ئەو دەستەواژانە بە وردى بەکار بەرین و پێناسەى بزووتنەوەکەى ئێستاى پێبکەین و بەو جۆرەى تۆ پرسیارت کردوە، وەڵامى ورد بە پرسیارەکەى تۆ بدەمەوە، بەبڕواى من ئەوەى ئێستا بەڕێکەوتوە لە قالب و ئاستى ئێستایدا، ناکرێت بە شۆرش و یان راپەڕین بە ماناى هەستانى خەلک بۆ راماڵین و رووخاندنى دەسەڵات پێناسە بکرێت، بەو مانایەى وەکو میسر یان تونس روخاندنى رژێمى لە دەستورى خۆیدا دانابێت و تواناى ئەوکارەى هەبێت.
با بڕێک ئەمە وردتر بکەمەوە، شۆڕش و راپەڕین بە ماناى حەرەکەتێک بۆ روخاندنى رژێم، ئاستێکى بەرز لە هاتنەمەیدانى جەماوەرى دەوێ، رابەرایەتیه‌کى شۆڕشگێڕى دەوێ کە روخاندنى دەسەلاتى نابێتە دەستورى خۆیەوە، رادەیەک لە رێکخراوبونى جەماوەرى دەوێت لە دەورى حیزبى سیاسى پێشڕەو شۆڕشگێڕ‌و رێکخراوەى جەماوەرى، هەڵخڕاندنى جەماوەرى دەوێ لە دەورى خەت و پلاتفۆڕمێکى سیاسى بۆ روخاندنى دەسەڵات، سەرئەنجام ئەوەى دەوێ کە خواستى گۆڕینى دەسەڵات لە ئارەزوەیەکى خەڵکەوە گۆڕابێت بۆ بڕیارى خەڵک و..و..بەبڕواى من ئەم مەرجانە هیچیان لە بزووتنەوەکەى ئێستاى عێراق و کوردستاندا فەراهەم نین. هاتنەمەیدانى خەڵک هێشتا لە چاو شۆڕش بەرتەسک و سنوردارە، خەڵک لە دەسەڵات زۆر توڕەیە و گۆڕ‌انى دەسەڵاتى پێ خۆشە بەڵام بڕیارى لەسەر روخاندنی نەداوەو ئەمەى لە دەستورى خۆى دانەناوە، بەڵکو کۆمەڵێک خواستى دیاریکراو جا ئەوەى لیستەکەى درێژە یان کورتە، لە دەستورى خۆیداناوەو دەیەوێ لە رێگاى بەدیهاتنى ئەو خواستانەوە کە رووبە دەسەڵاتى ئێستا بەرزى کردوەتەوە، ئاڵ‌وگۆڕێک لە ژیانى خۆیدا پێکبهێنێت. هەروەها ئەم بزووتنەوەیە تا ئێستا به‌کرده‌وه رابەرایه‌تیه‌کى شۆڕشگێڕی ئه‌وتۆی بۆ دابین نه‌بووه که بیەوێ دەسەڵات بڕوخێنى. بۆ نمونە لە کوردستان سێ رەوتى سیاسى لەم بزووتنەوەیەدا و لە رابەرى کردنیدا بەشدران، بزووتنەوەى گۆڕان کە سەنگى زۆرترى هەیە، ئەو بە هیچ جۆرێک خوازیارى روخاندنى یەکجاری دەسەڵات نیەو روون و راشکاو رایگه‌یاندوه که ئسلاحى دەسەڵاتى دەوێ لە رێگاى هەڵوەشانى کابینەى حکومەتى ئێستا‌و پەرلەمان و بەرپاکردنى هەڵبژاردنێکى پەرلەمانى ترەوە..هه‌روه‌ها رەوتى ئیسلامى هەیە کە باسی رووخاندن و گۆڕینى بنەرەتی دەسەڵات ناکەن و ئەوان تەنانەت تا ئێستا خوازیارى ئاڵوگۆڕى کەمترن. رەوتى کۆمۆنیستى لەم بزووتنەوەیەدا هەیە کە شۆڕشگێڕەو باس و باوەڕى وایە کە کۆمەڵگا پێویستى بەوەیە ئاڵوگۆڕى بنەڕەتى تیا بکرێت و ئەویش لە رێگاى شۆڕشەوە مسۆگەر دەبێت. بەڵام کۆمۆنیزم لاوازترین رەوتى نێو بزووتنەوەکەیە، سەنگى کۆمۆنیزم لە رابەرى بزووتنەوەکە لاوازە، لە سیاسەت و پلاتفۆڕمى بزووتنەوەکەدا بە دەورى کۆمۆنیزمیشەوە جێگاى شۆڕشى تیا نیە، کۆمۆنیزم لە رووى سازماندانى حیزبى و جەماوەرى خەڵکەوە لاوازە.. بۆیە لانى کەم لە ئێستادا لە هەموو رویەکەوە ئاشکرایه که مەرجەکانى بەرپاکردنى شۆڕش فەراهەم نیە.
هەر بەپێى ئەو بەڵگانەى لە پێشەوە باسم کرد، من نەک هەر لایەنگرى ئەوە نیم کە راپەڕینى شۆڕشگێرانەى دەست بەجێ و نزیک ماوە بخرێتە دەستورى ئەم بزووتنەوەیەوە، بەڵکو پێم وایە کارێکى لەم بابەتە هەڵەیەکى مێژووى گەورەیە. ئەمە یاریکردنێکى زۆر خەتەرناکە بە چارەنوسى بزووتنەوەکە و خەڵکى ئەم کۆمەڵگایانەوە. کارێکى وا زۆرتر لەوەى ئومێدى ئەوەى لێبکرێت کە تەجروبەى میسر و تونس دوپات کاتەوە، مەترسى ئەوەى لێدەکرێت کە تەجروبەى خوێناوى و کارەساتبارى لیبیاى لێبکەوێتەوە. دواتریش لە جیاتى ئەوەى خەڵکى کۆمەڵگا شانازى بە دەورو توانا‌و ئیرادەى شۆڕشگێڕانەى خۆیانەوە بکەن و ئیراده‌یان به‌هێزتربێت، دور نیە بکەونە جێگا‌و رێگایەکەوە کە پلاکارت بدەنە دەست منداڵەکانیانەوە بۆ ئەوەى لە مەوقعى زەلیلیەوە داوا لە جەنابى سەرکوزى و خانمى کلنتۆن بکەن بۆ ئەوەى فریایان بکەوێت. دەبێ ئەو راستیە زۆر لامان بەرجەستە بێت کە راپەڕینى پێش وەخت و ناوەخت زۆر ترسى ئەوەى هەیە کوردستان بەرەو رووى هەلومەرجێکى وەکو لیبیا بەرێت. بە تایبەتى کە هەمان ئەو کردارەى ئێستا قەزافى خەریکە دەیکات، بە هەمان رادەو شێوە لە بارزانى و تاڵەبانى و مالکى و سەدرو حەکیم و عەلاوى …و حیزبەکانیان چاوەڕوان دەکرێت. ئەم کۆمەڵگایە بە عیراق و کوردستانەوە دەسەڵات تیایدا میلیشیاییە، تائیفى و عەشیرەتیە، دەسەڵاتداران ئەوەیان لێ پێشبینى دەکرێت کە لە شەڕى کۆتاییدا هەتا ئاخرین قەترەى خوێنى خەڵک لە پێناو مانەوەى دەسەڵاتى خۆیاندا بڕێژن. من بە پێچەوانە پێم وایە رەوتێکى درێژتر و لەسەرخۆتر بە قازانجى رەوتى شۆڕشە، هەنگاوى لەسەر خۆ و مەحکەم کارسازترە. لە روسیا شۆڕش لە شوبات دەستى پێ‌کرد کە بەلشەفیەکان ئەقلیەت بوون تا ئۆکتۆبەرى خایاند تا بەلشەفیەکان ئه‌وه‌نده بەهێزبوون که بتوانن بڕیاری شۆڕش بده‌ن و رابه‌رایه‌تیه‌که‌شی به‌ده‌سته‌وه بگرن. ئێمەش ئەگەر لەوەدا شانسمان هەبێت کە بە ڕێرەوى بەلشەفیەکاندا بڕۆینە پێش و تا شوباتى داهاتوش پێگەى مانگى ئۆکتۆبەرى بەلشەفیەکان پەیدا بکەین، بە بڕواى من رەوتێکى زۆر سەرکەوتوومان بڕیوە بە قازانجى سازدانى شۆرش و گۆرینى سیستەمى سیاسى. دەبێ ئەوە زۆر رۆشن بێت کە ئه‌رکی کۆمۆنیزمه ببێته زامنى ئەوە کە کۆمەڵگاى عێراق و کوردستان و بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەکانى ئێستا بە بارێکى دروستدا بڕواتە پێش و دورکەوێتەوە لە مەترسى بە لیبیا بوون، کە هەتا کاریگەرى خراپى بۆسەر ناوچەکەو دنیاش دەبێت.
من چەند جاری کەش نوسیومە، بە تایبەت لە ووتارى “یەک راپەرین و سێ تاکتیکدا” ڕێڕەوى سەرکەوتن و پێشڕەوى ئەم بزووتنەوەیە، بریتیە لەوەى بە بارێک‌دا بڕوات کە فەزاى سیاسى کۆمەڵگا قوڵ کاتەوە، ئاستى هۆشیارى خەڵک بچێتە سەر تا توانای ئه‌وه په‌یداکه‌ن بتوانن له نێوان به‌دیله سیاسیه‌کانی سه‌ر ساحه‌که‌دا هوشیارانە هەڵبژاردنى سیاسى خۆیان بکەن، ریزى جەماوەر رێکخراو بێت، لە هەنگاوى یەکەمدا کۆمەڵێک دەسکەوتى دیاریکراو بۆ خەڵک مسۆگەر بێت کە هەم باوەڕ بە خۆبونى خەڵک بەهێز بێت و هەم فەزا بەڕوى پێشڕەوى زیاترى بزووتنەوەکە ئاوەڵاتر بکات و دەست و باڵى سەرکوتى دەسەڵاتیش ببەستێت. لەم بارەیەوە من تەنانەت ئەوە بە خاڵێکى لاواز‌و نادروست دەزانم کە بزووتنەوەکەو رەوتى خۆپێشاندانەکان بە بارى ئەوەدا ببرێت کە دەست پێشخەرى بکەن لە توند‌و تیژى تەنانەت ئەگەر بەرد هاویشتن بێت بۆ مەقەرێکى حیزبێک. چونکە بەهانەى سەرکوتى پێشوەخت دەدات دەست دەسەڵاتەوە. لە ئێستادا ئەگەر ئەم بزووتنەوەیە بتوانێ لە چەند بواردا خواستەکانى خۆى بەسەر دەسەڵاتدا بسەپێنێ، یەک هەنگاوى گەورە دەڕواتە پێشەوەو دەرگا بەڕوى هەنگاوەکانى داهالاتوشدا ئاوەڵا دەکات. بۆ نمونە سەپاندنى ئازادى سیاسى: بە ماناى ئازادى بێقەیدو شەرتى هەڵسوڕانى سیاسى و جەماوەرى، حیزب و رێکخراو دروستکردن و رەخنە گرتن و رادەربڕین و ناڕەزایتى بەڕێخستن، لەم بارەیەوە زۆر پێویستە بە تایبەتى یاساى پەرلەمان بۆ خۆپیشاندان و یاساکانى حیزب و کۆمەڵەکان هەڵوەشێنەوەو ئازادى بێ ئەملاو ئەولاى سیاسى رابگەیەنرێت. هەروەها بەر بە گەندەلى و راورووت بگیرێ و بە پێى ستانداردێکی مۆدێڕنى جیهانی سنورێک بۆ مانگانەى له راده‌به‌ده‌ری بەرپرسان دیارى بکرێت،….یان ئەو تاوانبارانەى راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ دەستیان هەبوە لە تەقەکردن و کوشتن و بریندار کردنى خەڵک و پەلاماردانى کەناڵەکانى راگەیاندن، بناسێنرێن و بدرێنە دادگا‌و سزاى خۆیان وەرگرن…خزمەتگوزاریە سەرەتایەکانى وەکو ئاو‌و کارەبا و رێگا‌و بان و دکتۆرو دەرمان بۆ خەڵک دابین بکرێت..بیمەى بێکارى یان کارى گونجاو و بە مانگانەیەکى هاوتاى گرانى بازاڕ….ئەم خواستانە یان تەنانەت چەند خواستێکان ئەگەر لە هەنگاوى یەکەمدا بەسەر دەسەڵاتدا بسەپێنرێن، هەم لە تواناى بزووتنەوەکەدایەو لەگەڵ هاوسەنگى هێزدا دەگونجێ هەم هەنگاوەکانى داهاتومان بۆ گۆڕنکاری بنه‌ڕه‌تی ئاسانتر دەکات.
مزه‌فه‌ر محه‌مه‌دی: له کوردستانی عێراق خه‌ڵک ده‌ستیان به‌ڕووی ئه‌حزابی بۆرژوا ناسۆنالیستی کورده‌وه ناوه‌و داویانه به‌ژێر مه‌شروعیه‌تی ده‌سه‌لاتیاندا. ئایا ئه‌مه با مانای بێ ئیعتبار بوون و داشکان یان ئاوابونی بزووتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی و حیزبه‌کانی نوێنه‌رێتی له هه‌موو ناوچه‌که‌دا؟ کاردانه‌وه‌ی حیزبه راستڕه‌و و ناسۆنالیسته‌کان له کوردستانی ئێران به‌رامبه‌ر به‌م ئاڵوگۆڕانه له کوردستانی عێراق چۆنه؟ ئه‌ی “چه‌په‌کان” چی ده‌ڵێن؟ هه‌روه‌ها راده‌ی هاوپشتی خه‌باتگێڕانه‌ی خه‌ڵکی کوردستانی ئێران له خه‌ڵکی کوردستانی عێراق تاوه‌کو ئێستا، چ له‌لایه‌ن حیزب و لایه‌نه‌کانه‌وه، چ له‌لایه‌ن کرێکاران و خه‌ڵکه‌وه چۆنه؟ چاوه‌ڕوانی تۆ چیه؟ ئایا له حیزبی برا، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران-حیکمه‌تیست و کۆمیته‌ی کوردستانه‌که‌ی بۆ به‌کرده‌وه ده‌رهێنانی ئه‌و هاوپشتیه رازیت؟
رێبوار ئه‌حمه‌د: ئەحزابى بزووتنەوەى کوردایەتى لە ناوچەکەدا لەم 20 ساڵەدا کە کوردایەتى لە کوردستانى عێراق بە دەسەڵات و بە رەونەق گەیشتبوو، ئەوان هەمیشە خۆیان بە هاوبزوتنەوە، هاو نەتەوە، براو دەستە خوشک، هاوچارەنوس. زانیوەو…چەندین دەستەواژەى تر‌ى لەم بابەتە ببوو بە وێردى سەرزمانیان، لە هەموو سەرکەوتن و دەسکەوتەکانیاندا بە پشتیوانى مڵهوڕى ئەمریکاو دەست تێکەڵ کردن لەگەڵ کۆنەپەرسترین بزووتنەوەو ئەحزاب و دەوڵەتانى ناوچەکەدا، پەیامى پیرۆزبایى و پشتیوانیان بۆ لێداون و لە شایى و لۆغانەکانیاندا بە گەرمى بەشداربوون. لە پشتى دەسەڵاتى میلیشیایى و گەندەڵ و ستەمکاریان راوەستان. ته‌نانه‌ت وه‌کو ته‌جربه‌یه‌کی ده‌سه‌ڵاتی کوردی شانازییان پێوه کردوه. بەڵام برایەتى و دۆستایەتى و هاوچارەنوسى و دەستە خوشکى…دوو لایەنەیە، خۆ ناکرێ لە خۆشى و سەرکەوتن شەریک و لە ناخۆشى و داشکان شەریک نەبن. خودى خەڵک ئەو جۆرە بێ ئینسافیەیان لێ قبوڵ ناکات و بواری ئه‌وه‌یان پینادات مانۆڕی وا بکه‌ن. بێگومان لە دەستدانى پێگە و ئیعتبار‌و رەونەقى ناسیونالیزمى کورد‌و کوردایەتى لە کوردستانى عێراق، هەمان کاریگەرى و ئەنجامى دەبێت بۆ بزووتنەوەو سونەتى کوردایەتى لە هەموو ناوچەکەدا. جا رەنگە ئاستەکانى هەمان ئاست نەبێت، تەبعەن بۆ خەڵکێک کە 20 ساڵە راستەوخۆ لەژێردەستى ستەمکارى ناسیونالیزمى کورددا بێدەرەتانى دەکێشن، جیاوازى هەیە لەگەڵ خەڵکێک کە لە دورترەوە چاو لەم تەجروبەیە دەکەن، ناڵێم بە هەمان ئاست بەڵام بێ‌شک کاریگەریه‌کى گەورەى دەبێت.
لام وایە بەڵگەکانى ئەمە هه‌ر له ئێستاوه زۆر ئاشکرایە. ئەمە لە هەمان کاتدا وەڵامە به بەشێکى تر‌ى پرسیارەکەتان، هەڵوێستى حیزب و لایەنە ناسیونالیستیەکانى ناو بزووتنەوەى کوردایەتى لە ئێران و ناوچەکە، بەرامبەر ئەم بزووتنەوە جەماوەریە زۆر ئاشکرایە، نیگەرانى و دڵەراوکێى خۆیانى پێوەدیارە لەوەى کە شکستى ناسیونالیزمى کورد لە کوردستانى عێراق، لە هەمان کاتدا شکستیکە بۆ ئەوانیش. بۆیە زوو هاتنە دەست و بەیانى پشتیوانیان لە دەسەڵاتى گەندەڵى یەکێتى و پارتى راگەیاندو لە سەنگەرى دژى بزووتنەوەى شۆڕشگێڕانەى خەڵکەوە راوەستان. من کاتێک پەیامى ئەوانم بینى رێک هەڵوێستەکەى قەزافیم بەرامبەر شۆڕشى تونس هاتە بەرچاو. قەزافى دەیزانى شۆڕشى تونس هاندەرێکى زۆرى خەڵکى لیبیا دەبێت بۆ راپەرین دژى خۆى، بۆیە هەر زوو کەوتە دڵەراوکێ و سەرکۆنەکردنى خەڵکى تونس کە بۆ “بن عەلی”یان ناوێ و بۆ رادەپەڕن و کوا سەرکردەى لەوە باشتریان دەست دەکەوێت و لە جیاتى لابردنى دەبوو بڵێن بە درێژایى تەمەن سەرکردەیان بێت. هەموو کەس دەیزانى ئەم قسانەى قەزافى کە گوایە بە خەڵکى تونسى دەڵێت، بۆ ئەوەیە کە خەڵکى لیبیا گوێیان لێبێت و بەو جۆرەى ئەو باسى دەکات لەگەل خۆى رەفتار بکەن. ئێستا لایەنە ناسیونالیستە کوردەکانى ناوچەکە هەمان رەفتار دەکەن لە هەڵوێست بەرامبەر دەسەڵات و بزووتنەوەى شۆڕشگێڕانەى خەڵک. بونەتە وینەیەک لە قەزافى کوردى. بێگومان خەڵکى کوردستانى عێراق و کوردستانى ئێران و جێگاکانى تریش، ئەم هەڵوێستەیان لە بیر ناکەن و لە سەر داهاتوى جێگا‌و رێگاى ئەوان کاریگەرى دەبێت. هه‌م شکستی ته‌جروبه‌ی بۆرژوا-ناسونالیستی کورد له عێراق و هه‌م هه‌ڵوێستی هێزه ناسۆنالیسته کورده‌کانی ناوچه‌که بۆ به‌رگری له‌و ته‌جروبه گه‌نده‌ڵ و کۆنه‌په‌رستانه و سته‌مکاره، کاریگه‌ری زۆری ده‌بێت له‌سه‌ر هێنانه خواره‌وه‌و شکاندنی ئیعتبار‌و پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی خودی ئه‌و هێزانه و هه‌موو ناسۆنالیزمی کورد.
لە نێو لایەنە چەپەکانى ناوچەکەدا، هەڵوێستى کۆمەلە زۆر جێگاى سەرنجە، کە بەشێوەیەکى شەرمۆکانە و بەڕاستى نا جوامێرانە و هەڵوێستێکى لاستیکى ئەوتۆى دەربڕیوە کە دەسەڵاتى ناسیونالیستى کورد پێى رازى بێت. بەرامبەر کوشت و کوشتارى خەڵک و گرتن و بێسەرو شوێنکردنى هەڵسوڕاوان هیچ ناڵێن، بەشێوەیەکى تەم و مژاوى دەڵێن لە هەندێک لایەنى رووداوەکان نیگەرانن کە نازانم مەبەستیان بەردباران کردنى پارتى و خۆپیشاندانە دژى دەسەڵاتى کوردى، یان مه‌به‌ستیان کوشتارى منداڵ و نەوجەوانانە. هه‌روه‌ها بە جۆرێک دەڵێن خواستەکانى خەڵک رەوایە، کە ئەمە جەلال تاڵەبانى و مسعود بارزانیش دەیڵێن و هونەرێکى تیا نیە. ئەم هەڵوێستەى خۆیان بەوە پاساو دەکەن کە ئەوان هێزێکى دەرەکین و رێگا بە خۆیان نادەن دەخاڵەت و هەڵوێستگیرى زیاتر بکەن. بەڵام لەم 20 ساڵەدا ئەوان بۆ پەیامدان بەدەسەڵاتدارانى ستەمکارو گەندەڵى کوردستان و پیرۆزبایى پێوتن و دۆستایەتى کردن و هەڵویست دەربڕین لەسەر سەرکەوتنەکانى ناسیونالیزمى کورد‌و دۆستایه‌تی و هاوسۆزی ده‌ربڕین له‌گه‌ڵیان، هیچ کاتێک ئەو مەحدودیاتە بۆ خۆیان قایل نەبوون، بەڵام هەمیشە کە دەگاته باسى خەڵک و ناڕەزایەتى خەڵک و بزووتنەوەى دژى دەسەڵاتى خەڵک و سەرکوتى هەڵسوڕاوان و کۆمۆنیستەکان، ئیتر ئەوان دەبنە هێزێکى دەرەکى کە گوایە نابێ دەخاڵەت بکەن. راستى هەڵوێستى تا ئێستاى ئەوان لەم هەلومەرجەى پێشهاتووە دەکرێت بە پاساو بۆ دەسەڵات و رازی کردنی دڵی ده‌سه‌لات پێناسە بکرێت.
تا ئێستا لە ئاستى دیار‌و بەرچاودا، کاردانەوەى ئەوتۆ لە پشتیوانى خەڵکى کوردستانى ئێران بۆ خەڵکى عێراق و کوردستان بەدەر نەکەوتووە، ئەوە دیارە لە ئاستى گشتیدا خەڵکى کوردستانى ئێران پشتیوانى لە خەڵک دەکەن. بەڵام لە قاڵبێکى جەماوەرى و کردەوەیەکى دیاریکراودا بەرجەستە نەبووە. حیزبى حیکەمتیست هەڵوێستى رۆشن و راشکاوى بووە کە بە توندى لە پشتى خەڵک و بزووتنەوەى جەماوەرى و خواستەکانیان راوەستاوە و ئامادەیى راگەیاندوە بۆ ئەوەى لەگەڵ حیزبى کۆمۆنیستى کرێکارى کوردستان و عێراق بۆ بەهێزکردن و بەسەرکەوتن گەیاندنى ئەم بزووتنەوەیە هەرچى لەدەست بێت بیکات. چاوەڕوانى من ئەوەیە حیزبى حیکمەتیست خەڵکى ئێران و کوردستان بۆ پشتیوانى بزووتنەوەى شۆڕشگێڕانه له عێراق و کوردستان بە حەرەکەت دەربێنێ. ئەو دەنگى پشتیوانیە راشکاوترو بەهێزتر بکات، هەڵوێستى لایەنە ناسیونالیستیەکان بۆ لایەنگرى لە دەسەڵاتى گەندەڵ و ستەمکارى یەکێتى و پارتى لە نێو جەماوەرى ئێران و کوردستاندا ریسوا بکات، لە هەموو گرنگتر ئەوەیە کە حیزبى حیکمەتیست دەورى گرنگ بگێڕێ لە گواستنەوەى کاریگەرى و ته‌جروبه‌کانی ئەم بزووتنەوەیە بۆ ناو کوردستانى ئێران و سەراسەرى ئیران، لەوێش بزووتنەوەى جەماوەرى بە شێوەى گونجاو و لە دەورى خەتێکى پێشڕەو و خواستى دیاریکراو رێکبخرێت. ئەمە بێ‌شک هێزو توانایەکى زۆرتر بەم بزووتنەوەیە دەدات لە عێراقدا. هەروەها لە ئاستى ئێران و جیهاندا پەردە لەسەر سەرکوتى دەسەڵاتدارانى کوردستان هەڵماڵێت، لە چالاکیەکانى دەوروەى وو‌ڵاتى حیزبى کۆمۆنیستى کرێکارى عێراق و کوردستاندا زۆر چالاکانە بەشدارى بکات کە دەورى زۆریان هەیە لەسەر بەستنى دەستى سەرکوتى دەسەڵاتداران و پشتیوانى جیهانى لە بزووتنەوەکە. سەرئەنجام هەم لە رووى هاوئاهەنگى سیاسى و هەم لە رووى تەرخان کردنى هێزى عەمەلى بۆ هاوکارى دوو حیزبى کوردستان و عێراق، هەرچى لە دەست دێت بیکات. ئەوەى تا ئێستا کراوە لە رووى هەڵوێست و هاوپشتى مەعنەوى جێگاى ستایشە بەڵام لە رووەکانى ترەوە لە ئاستێکى زۆر نزمدایه.
شوباتی ٢٠١١