مەسەلەی ژنان، روانگەو نەرێتە جیاوازەکان‌‌

0

رێبوار ئەحمەد:
کۆمۆنیزم لە کوردستان کێشەی ژنانی کرد بەمەسەلەیەکی سیاسی‌ گەورەو گرنگ‌، بۆ ماوەیەک رابەری ئەم مەیدانەی بەدەستەوە گرت‌و دەسکەوت‌و‌ پێشرەی گرنگی بۆی تۆمارکرد. بەداخەوە ئێستا وانیە، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری وەکو حیزبی سیاسی چینی کرێکار دەبێ جارێکی تر رابەری ئەم مەیدانە گرنگە لە ئاستی کۆمەڵگادا بگێرێتەوە بۆ دەستی کۆمۆنیزم. ئەمە مەیدانێکی راستەخۆی کاری کۆمۆنیزم‌ و خەباتی چینایەتیە‌ و هەر کۆمۆنیزمێش دەتوانێ وەڵامی کارسازو ریشەیی بەم مەسەلەیە بداتەوە. ئەمە چوارچێوەو میحوەری باسێکە کە لەم نوسراوەدا دەیخەمەڕوو. لە ئێستادا کە پێشوازی لە رۆژی جیهانی ژنان دەکەین، جێگای خۆیەتی ئەم مەسەلەیە بەرجەستە بکەین ‌و وەکو یەکێك لە مەیدانە گرنگرکانی خەبات‌ و هەڵسوڕانی حیزب بیخەیەنە سەرمێز. ئەوەی کە کۆنگرەی سێیەمی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستانیش بەرێوەیە دەرفەتێکی باشە بۆ ئەوەی پێداگری لەسەر ئەم مەسەلەیە بکرێت‌ و هەنگاوی پێویست لەو بارەیەوە بخرێتە دەستورەوە.
کۆمەڵگای کوردستان یەکێکە لەو کۆمەلگایانەی کە تیایدا ستەمکێشی‌ ژنان‌ و هەڵاواردن لە دژی ئەم بەشەی هاوڵاتیان بەوپەڕی خۆی گەیشتوە. ئاستەکەی زۆر لەوە زیاترە کە هەر بە هەڵاواردن ‌و ستەم‌ و پێشێلکردنی مافە ئینسانیەکانی ژنان پێناسەبکرێت. کار گەیشتوە بەوەی کە قوربانیەکانی توندوتیژی ‌و بەربەریەت لە دژی ژنان زۆر زیاترە لە قوربانیەکانی کارەساتی هەڵەبجە و کیمیاباران. تەنانەت ئەگەر لە رووی دڕندەیی شێوەی توندوتیژیەکەشەوە چاوی لێبکرێت لەو کارەساتانە کەمتر نیە. تیرۆر و کوشتن‌و تەنانەت بەردباران کردنی ژنان، یان پەنابردنی ناچاری بۆ خۆکوژی، ئەو دیاردە قێزەوێنانەن کە رۆژانە ویژدانی کۆمەڵگا رادەچڵەکێنێنن. دادوبێدای قوربانیەکان کۆمەڵگای داگرتوە بەڵام فریاگوزارێك پەدانابێت. لەم ساڵانەیی دوایشدا ئامار و راپۆرتەکان گوزارشت لە پەرەسەندنێکی کارەساتباری تۆڕەکانی بازرگانی بە جەستەی ژنانەوە دەکەن، ئەویش لە هەلومەرجێکی یەکجار راچڵەکێنەردا. ئەم دیاردەیە زۆر لەوە واوەتر رۆیشتوە کە کاسانێك بە ناچاری بۆ دابینکردنی بژێو پەنا بۆ لەشفرۆشی بەرن. ئەمە تۆڕی بازرگانی کردنی زۆرەملێیە کە بەپلان ‌و شێوازی جۆراوجۆر ژنانی لێقەوماو و قوربانیەکانی هەڵاواردن ‌و توندوتیژی ناچاردەکەن بە ملدان بەم کارە و بازرگانی بە جەستەیانەوە دەکەن.
تا پێش ئەوەی کۆمۆنیزم بە ووێنەی بزووتنەوەیەکی سیاسی ‌و هێزیکی دەخاڵەتگەر لە مەیدانی سیاسی‌ و کۆمەڵایەتی کوردستاندا خۆی بنوێنێ، ستەمکێشی هەمەجۆرەی ژنان ‌و تەنانەت تیرۆر و کوشتنی ژنان بە بەهانەی پوچی ناموسپەرستی، هەتا ئەگەر ویژدانی زۆر کەسی ئازاردابێت، بەڵام وەکو دیاردەیەکی ئاسایی‌ و کارێکی پێویست چاوی لێکراوە و دەنگی ناڕەزایەتیەکی راشکاو لەبەرامبەریدا بەدینەدەکرا. بۆ یەکەمینجار لە مێژووی ئەم کۆمەڵگایەدا بزووتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاری پەیگیر و راشکاو بەگژی ئەم بەربەریەتەدا وەستایەوە و سەنگەرێکی لەدژی لێداو خەباتێکی هەمەلایەنەی بەڕێخست. لە درێژەی ئەمەدا رێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان بە دەستپێشخەری هەڵسوڕاوانی کۆمۆنیستی ئەم مەیدانە سەریهەڵدا و دەوری رابەری بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنانی گێڕا و مێژوەیەکی پرشنگداری لەو بوارەدا تۆمارکرد. سەرئەنجام جەنگێکی سیاسی‌ و کۆمەڵایەتی لەدژی ستەمکێشی ژنان بەرپابوو. حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری لەسەنگەری پێشەوەی ئەم جەنگە سیاسی ‌و کۆمەڵایەتیە راوەستا و رۆڵی رابەریکردنی گێراو هیچ کات دەوری خۆی بە یاریدەدان‌ و هاوکاری پشتی بەرەی جەنگ بەرتەسك نەکردەوە. لەسەر مەسەلەی ژنان راستەوخۆ چوە مەیدانی جەنگ لەگەڵ بزووتنەوە ئیسلامی ‌و ناسیونالیستیە کۆنەپەرستەکان‌ و یاساو نەرێتە کۆن ‌و پڕتوکاوەکان. لەو پێناوەدا بەرجەستەترین رابەران ‌و هەڵسوڕاوانی وەکو شاپور عەبدلقادر و قابیل عادل گیانیان بەخت کرد.
ئەم خەباتەی کۆمۆنیزم لە کوردستان چ لە قاڵبی رێکخراوەی جەماوەری بەرابەری کۆمۆنیستەکان یان راستەوخۆ لە قاڵبی حیزب ‌و رێکخراوە سیاسیە کۆمۆنیستەکانی پێشوتر بوبێت، سەنگەرێکی بەهێزی بۆ بەرگری لە مافەکانی ژنان لێدا. خواستی یەکسانی مافی ژن ‌و پیاوی لە ئاستێکی فراواندا کرد بە خواستێکی کۆمەڵایەتی ‌و مەیدانی لەبەردەم نەرێت‌ و هێزە کۆنەپەرست‌ و ژن کوژەکاندا بەرتەسك کردەوە و گوشارێکی زۆری لەسەریان دانا. نەرێتی ناموسپەرستی لە ئاستێکی فرواندا سوك ‌و ریسوا کرد. تا ئەو رادەیەی کە ئەمڕۆش کۆنەپەرسترین هێزی سیاسی جەسارەت ناکات راشکاوانە ‌و بەوجۆرەی پێشتر باو و جێگای شانازیان بوو، بەرگری لە کوشتنی ناموسی بکات. خەبات‌ و هەڵسوڕانی بەرین‌ و فراوانی کۆمۆنیستەکان لەم مەیدانە هاندەرێکی گەورەبوو بۆ ئەوەی بزوتنەوەی ژنان لە ئاستێکی زۆر فرواندا پەرەبگرێت‌. هەڵسوڕاوان‌ و رێکخراوەکانی تری ژنانیش، بەوانەشیانەوە کە بەشێك بوون لە پاساودەرانی ستەم ‌و هەڵاواردن لە دژی ژنان، تا رادەیەکی بەرچاو کەوتنە ژێر گوشاری ئەم رەوەندە و خۆیان خستەپاڵ بەشێك لەو دروشم ‌و داخوازیانە کە‌ کۆمۆنیزم بۆ یەکەمجار لەم کۆمەڵگایەدا بەرزی کردەوە. سەرجەم ئەمانە دەسەڵاتدارانی خستە ژێرگوشاری توندەوە. ناچاریکردن بکەونە ریاکاری بۆ مافەکانی ژنان ‌و داننان بەو بەربەریەتەی لە سایەی دەسەڵاتی ئەواندا بەڕێوەدەچێت‌. کەوتنە بەڵێندان بە “چاک سازی” و تەنانەت دەرکردنی بڕیار لەم بارەیەوە. ئەمڕۆ دەبینین کە “ناموسی پیرۆز” دەستەواژەیەکی سوك‌ و ریسوایە‌ و خاوەنەکانیشی جەسارەتی بەرگری کردنی راشکاوانەیان لێ‌ی نیە. کوشتنی ژنان کە وەکو دیاردەیەکی ئاسایی‌ و پەسەند چاوی لێدەکرا، ئێستا هەرچەندە دیاردەکە بە فراوانی ماوەتەوە بەڵام لەبەرچاوی رای گشتی کۆمەڵگادا ریسواو تاوانێکی نەفرەت لێکراوە. دەسەڵات لە ژێر گوشاردا ناچاربوە وەکو تاوانێکی پاساو هەڵنەگر دانیپێدابنێت. پیاوسالاری‌ و پلەدوویی ژنان‌ و توندوتیژی بەرامبەر ژنان هەرچەندە هێشتا دیاردەیەیکی هەتا بلێی فراوانە بەڵام وەکو پێشوتر بە ووێنەی نەرێتێکی پیرۆز چاوی لێناکریت. تەنانەت هوشیاریەکی بەرز لە بەرامبەریدا هەیە‌ و لە ئاستێکی فراواندا مایەی شەرم ‌و نفرەت لێکردنە…و…من بە دڵنیایەوە دەتوانم بڵێم ئەمانە بەشێك لە دەسکەوتە گرنگەکانی کۆمۆنیزمن لەم بوارەدا. بە دیاری کراوی ئەوانەی باسکران بەرهەمی خەبات‌ و نەرێتی کۆمۆنیستین نەک هیچ بزووتنەوەو نەرێتێکی تر. کۆمۆنیزم ئەوانەی لەم کۆمەڵگایەدا چەسپاند. ئەمانە بەشێکن لە مۆر و شوێنپەنجە دیارەکانی کۆمۆنیزم بە کۆمەڵگای کوردستانەوە.
دیارە کۆمۆنیزم لەم مەیدانەدا وەکو هەر مەیدانێکی تر کەم ‌و کوڕی ‌و ئاستتەنگی‌ و خاڵی لاوازیشی هەبووە و هەیە. هەڵسەنگاندنێکی هەمەلایەنە لەم بارەیەوە کارێکی پێویستە و کۆمەکی زۆر دەکات بە کاری لێرە بەدوا و بەرچاوڕۆشنی‌ و ئاسۆیەکی روناکتری پێدەبەخشێت. من لەم باسەی ئێستادا کە ئامانجێکی دیاریکرام بۆی داناوە، ناچمە سەر ئەو مەسەلەیە جگە لەوەی لە پەیوەند بە ئامانجی دیاریکراوی باسەکەوە لەو جێگایەی پێویست بکات بە کورتی‌و گشتی ئاماژە بۆ هەندێک لایەن دەکەم. گرفتێکی سەرەکی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئەوە بوو کە لە هەموو ئەو دەرفەتەی لەبەردەستی بوو کەڵکی تەواوی وەرنەگرت بۆ خۆبەهێزکردن‌ و ریشەداکوتان لە کۆمەڵگا و بە تایبەتی لەناو چینی کرێکاردا. لە قاڵبی حیزبێکی بە ناوبانگ ‌و خۆشەویست ‌و خەباتکارێکی لێبراو لە رێگای ئازادی‌ و یەکسانی ‌و رزگاری چینی کرێکار و ستەمکێشاندا قەتیس مایەوە. نەیتوانی بگۆڕێ بە حیزبێکی کۆمەڵایەتی ریشەدار و کرێکاری بەهێز، کە لە شکان نەیات‌ و لە سەنتەری کێشمەکێشی سیاسی لەسەر چارەنوسی کۆمەڵگا ئاڵای کۆمۆنیزم بەرز و بەهێز راگرێت. بۆیە لە یەکەمین دەرفەتی گونجاودا بۆ بورژوازی، کەوتە بەرپەلاماری بۆرژوا ناسیۆنالیزمی کورد. لە پێشدا پاشەکشەیەکی گەورەی بەسەردا سەپێنرا و بەرەبەرە بە تەواوی خرایە پەراوێزەوە. ئەمە تەنها فاکتەر نەبوو بەڵام فاکتەرێکی زۆر کاریگەربوو بۆ لاوازبونی جێگا و رێگای کۆمۆنیزم ‌و حیزبەکەی لە بزوتنەوەی ژناندا هەروەکو لە هەموو مەیدانەکانی تریشدا. بە لەمەیداندەرکردنی کۆمۆنیزم، بزووتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان بە گشتی ‌و نەرێتی سۆسیالیستیش لە ناو ئەوە بزووتنەوەیە بە تایبەتی، گورزێکی زۆر گەورەیان بەرکەوت. تا ئەو رادەیەی کە لە ماوەیەکی کورتدا نیشانەکانی دەکرا لە بوارە جیاوازەکاندا بەدیبکرێت. وەکو؛ توندبونەوەی گوشار لەسەر مافەکانی ژنان، بەرینبونەوی کوشتاری ژنان، توندبونەوەی فەزای پیاوسالاری ‌و کۆنەپەرستی، خۆدەرکێشانەوەی بەکردەوەی دەسەڵات لەژێر ئەو بەلێن‌ و بڕیارانەی پێشتر لە ژێر گوشاری بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان ‌و کۆمۆنیزمدا دابووی.هەر بەمپێیەش نەرێت‌ و روانگەی دواکەوتوانە‌ و کۆنەپارێز و پاساودەری پلەدوویی لە خودی بزوتنەوەی ژناندا رەواجیان پەیداکردەوە.
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری لەم ساڵانەی دوایدا توانیوێتی جارێکی تر تا ئاستێكی دیاریکرا و لە مەیدانی سیاسی کۆمەێگادا دەربکەوێتەوە. بە دیاریکراویش لە بزووتنە جەماوەریەکەی ١٧ی شوباتدا خۆی وەکو هێزێکی سیاسی خاوەن رۆڵ نیشانبدات ‌و لە هێزهاوسەنگی دوای ئەوەشدا مەیدانێکی فراوانتر بەڕوویدا بکرێتەوە. بەڵام هێشتا دەکرێت یەکێک لە خاڵە هەرە لاوەزەکانی رۆڵ ‌و هەڵسوڕانی ئەم حیزبە لە پەیوەست بە مەسەلە و مەیدانی ژنانەوە بە ئاشکرا ببینرێت. هەرچەندە کۆمۆنیزم لەم بارەیەوە گرفت‌ و ئاستتەنگی واقعی‌ بۆ وەڵامدانەوە و وەلانانی ئەم خاڵە لاوازە هەیە، بەڵام لە جیاتی بیرکردنەوە و هەوڵدان بۆ چۆنیەتی هەڵتەکاندنی کۆسپ‌ و رێگری‌ و ئاستتەنگیەکان، جۆریك لە دەستەوەستانی بەدیدەکرێت ‌و ئاستتەنگیەکان خەریکن دەبن بە پاساو بۆ دریژەپەدا کردنی ئەم بارەی ئێستا. لەم روەوە ئەوەی وەکو گرفتی سەرەکی بەرجەستە دەکرێت، نەبونی هەڵسوڕاوان ‌و رابەرانێکە کە ئەم مەیدانە راستەوخۆ بەدەستەوە بگرن.
من دەمەوێ لێرەدا بە دیاریکراوی لەسەر ئەم مەسەلەیە هەم وەکو گرفتێکی واقعی‌ و هەم وەکو پاساوێك بۆچونی خۆم بۆ هەڵتەکاندنی باس بکەم. بێگومان ئەو بۆشاییە ئاشکرا و بەرجەستەیە کە لە نەهاتنەپێشەوەی هەڵسوڕاوان ‌و رابەرانێکی کۆمۆنیستی بزووتنەوەی یەکسانیخوازی ژناندا پێکهاتووە. هەڵسوڕاوان و رابەرانێک کە ئامادەبن بۆ بەدەستەوەگرتنی راستەوخۆی ئەم مەیدانە لە ئاستی سەراسەریدا. هەڵبەت کەم نین ئەو هەڵسوڕاوە ژنانەی کە ئێستا و لەم چەند ساڵەشدا هەریەك لە گۆشەیەکەوە کاری زۆریان کردوە و زەحمەتی زۆریان بۆ بەرگری لە مافی ژنان کێشاوە. یان سەرقاڵی چارەسەری کەیسە جۆراوجۆرەکانی ژنان‌ و فریاکەوتنی قوربانیەکان بوون. تەنانەت لە ئاستی ماکرۆی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژناندا هەوڵیانداوە و کاریان کردوە. بەڵام گرفتی سەرەکی لەم بارەیەوە ئەوەیە کە لەو بۆشایەی لە ئاکامی لاوازی روانگەی سۆسیالیستی ‌و نەرێتی خەباتکارانەی رادیکاڵ ‌و کۆمۆنیستی لە ئاست مەسەلەی ژنان پێکهاتوە، روانگەو نەرێتی تر باڵیکێشاوە بەسەر ئەم بزووتنەوەیەدا. ئەو روانگە و نەرێتانەی کە ئاسۆی یەکسانیخوازی ‌و لێدان لە پایەکان‌ و سەرچاوەکانی ستەمکێشی‌ و هەڵاواردن لە دژی ژنانیان نیە. بەمپێیەش مەسەلە ‌و بزوتنەوەی ژنانیان لە شاڕێی خۆی دورخستوەتەوە، وەکو بزووتنەوەیەکی سیاسی کۆمەڵایەتی یەکسانیخواز دژی ستەم‌ و هەڵاواردن ‌و سیستەم‌ و دەسەڵات ‌و دەستور و یاسا و نەرێتەکانی راوەستاو لە پشتی ئەم ستەمکێشی ‌و هەڵاواردنەوە. لە باشترین حالەتیدا گۆڕیویانە بۆ بزووتنەوە یان هەوڵێکی لێرە و لەوێ بە مەبەستی فریاکەوتنی بەشێک لە قوربانیەکان. ئەویش زۆرتر قوربانیەکانی بواری توندوتیژی یان دەستبردن بۆ هەندێک پرۆژە و کاری خێرخوازی ‌و رۆشنگەری دەربارەی هەندێك ریفۆرمی زۆر کەم ‌و کورت ‌و کرچ وکاڵ‌ و رواڵەتی لە پەیوەند بە مەسەلەی ژنانەوە.
جگە لەو نەرێتە ئیسلامی‌ و ناسیونالیست ‌و دیموکراتیك‌ و ریفۆرمیستانەی کە پێشتریش لە بزووتنەوەی ژناندا سەنگی خۆیان هەبوە. کە هەمیشە بە دوەری خۆیان رێگری بەردەم پێشرەوی ‌و خاڵی لاوازی ئەم بزووتنەوەیە بوون. یەکێک لەو روانگە و نەرێتانەی لە بۆشایی مەیداندارنەبونی روانگەی سۆسیالیستی ‌و نەرێتی کۆمۆنیستی‌ و خەباتکارانەدا باڵادەستی پەیداکردوە، بە تایبەت لەم ساڵانەی دوییدا بریتیە لە روانگە و نەرێتی کاری “رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی”. ئەمە روانگە و نەرێتێکی بورژوازیە کە لە باشترین حاڵەتدا کاردانەوەیەکی بەرامبەر دیوە زۆر زەق‌ و رەقەکانی ئەم ستەم‌ و هەڵاواردنە هەیە نەک خودی ستەم‌و هەڵاواردنەکە. ئاسۆکەیشی ئەوەیە کە ئەم ستەم‌ و هەڵاواردنە قابیل تەحەمول بکات نەک لەبەینی بەرێت. ئەم نەرێتە داهات‌ و توانایەکی یەکجار زۆر و لەرادەبەدەری بۆ خەرج دەکرێت لەلایەن دەوڵەتانی بورژوازیەوە. مەبەستی ئەوەیە لە هەموو مەیدانێکدا لە جیاتی خەباتی شۆڕشگیڕانە و جەماوەری لە دژی ستەم‌ و زۆرداری، قاڵبێکی زۆر تەسک‌ و ریفۆرمیکی رواڵەتی بکەن بەبەر بزووتنەوەکەدا و لەباریبەرن. هەروەها هەوڵی هەڵسوڕاوان بخرێتە چوارچێوەیەکەوە کە دەستهەڵگرن لە خەبات دژی سەرچاوە و بنەماکانی ستەمگەری‌ و هەڵاواردن‌. لە جیاتی ئەمە ببنە راوێژکار و هاوکاری دەزگا دەوڵەتیەکان‌ کە گوایە ئەوان مەبەستیانە و دەیانەوێت کێشەکانی ژنان‌ و جەماورەی ستمەدیدە چارەسەربکەن‌، بەڵام لەم بارەیەوە پێویستیان بە هاوکاری ‌و راوێژی دامەزراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی هەیە. ئەمەش بەبەراورد لەگەل دیدگای سۆسیالیستی و یەکسانیخوازی بە هەڵسوڕانێکی بەکردەوە و پراتیکی بەرجەستە دەکەن. ئەم نەرێتە لە باشترین حالەتدا نوقمی دروستکردنی رێکخراوەی خێرخوازی‌ و فریاگوزاریە بۆ فریاکەوتنی قوربانیەکان. ئەم نەرێتە لە ئێستادا باڵادەستی پەیداکردوە و دەورێکی زۆر دەگێڕێ بۆ لەباربردنی بزوتنەوە رادیکاڵ‌ و شۆڕشگێڕانەکان، لەوانەش بزووتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان. بەشێکی زۆر لە توانایەکانی هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی ژنان لە جیاتی سازدان ‌و‌ رابەری کردنی خەباتێکی هەمەلایەنە‌ی کۆمەڵایەتی بۆ لێدان لە سەرچاوە و کۆڵەکەکانی سەتەمگەری‌ و ئەوهۆکارانەی ژنان دەکەن بە قوربانی، بووە بە هاوکاری دەزگاکانی وەکو پەرلەمان ‌و وەزارەتخانەکان‌ و تەنانەت ئاسایش ‌و پۆلیس. ئەمەش گوایە بۆ بەرگرتن لەو دیاردانەی کە خۆیان سەرچاوە و توانا لە دەستور و یاساو بڕیار و پشتیوانی جۆراوجۆری دەسەڵاتەوە وەردەگرن. لەلایەکی تریشەوە لە رێگای پێدانی بەشێك لەو داهاتەی بۆ رەوانجدانی ئەم نەرێتە تەرخان کراوە، لێشاوێك لە هەڵسوڕاوانی ژنان سەرقاڵکراون بۆ ئەوەی فریای قوربانیەکانی توندوتیژی ‌و ستەمگەری ‌و هەڵاواردنی دژی ژنان بکەون‌. دروست چۆن پزیشکانی بێسنور فریای نەخۆشە بێ بەریەکان لە دکتۆر و دەرمان دەکەون‌، یان چۆن کۆمیسیونی باڵای نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ پەنابەران فریای قوربانیەکانی جەنگ‌ و ئاوارەیی دەکەون تا خۆراک‌ و کەمپی ئاوارەییان بۆ دابینبکەن، دامەزراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیش لە بواری مەسەلەی ژنان لە چوارچێوەی سیستەمی ئێستادا، پڕۆژە دەدەن‌ بەدەوڵەت ‌بۆ چاکسازی ‌و چارەسەری کێشەکانی ژنان بکەن‌. ئەمانەش بە تایبەتی بە ناوی پڕۆژەی عەمەلی‌و واقعبینانەوە دەرخوارد دەدرێن.
بێگومان کاری پزیشکانی بێسنور و فریاکەوتنی ئاوارەکان ‌و قوربانیەکانی جەنگ‌ و توندوتیژی دژی ژنان کارێکی ئینسانی‌ و بەنرخن و زۆر پێویستن و دەبێ بکرێن. بەڵام سیاسەت ‌و رێگاچارەی کارساز هاوکات لەگەڵ فریاکەوتنی قوربانیەکان، لێدان‌ و هەڵتەکاندنی ئەو هۆکارو سەرچاوانەیە کە بەردەوام قوربانیەکانی ئەو بوارانە بەرهەمدەهێننەوە. مەسەلەی ژنان مەسەلەیەکی سیاسیە ‌و ریشەیەکی ئابوری و چینایەتی هەیە. ستەم‌ و هەڵاواردن لە دژی ژنان‌ و سەپاندنی پلەدوویی بەسەر ئەم بەشەی کۆمەڵدا، هەروەها بەردەوام بەرهەمهێنانەوەی ئەم دیاردەیە، لە ئێستادا یەکێکە لە پێداویستیەکانی سیستەمی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری‌ بۆ مسۆگەر کردنی قازانجی زیاتری سەرمایە. لەسەر ئەم بناغەیەش لەلایەن دەوڵەتی بورژوازیەوە داسەپاوە و پارێزگاری دەکرێت و وەکو نەرێت بەرهەمدەهێنرێتەوە. بۆیە ستەم لەسەر ژنان راستەوخۆ پشتی بە دەوڵەت‌ و زاڵکردنی ئەو‌ یاسا و دەستورانە بەستوە کە لە نەرێتە دژی ژنەکانەوە سەرچاوە دەگرن. نە تەنیا کۆتاییهێنانی یەکجاری بە ستەم ‌و هەڵاواردن لە دژی ژنان، بەڵکو تەنانەت پێکهاتنی ئاڵوگۆڕی بەرچاو لە هەلومەرجی ژیان‌ و مافەکانیاندا، بە تەواوی گرێ‌ی خواردوە بە بەڕێخستنی خەباتێکی کۆمەڵایەتی‌ هەمەلایەنەی فکری ‌و سیاسی ‌و عەمەلی‌ و رێکخراوەیی‌ دژی سیستەمی بورژوازی ‌و دەستورو یاسا و نەرێتەکانی پشتی ئەو ستەمکاریەوە. بە مانایەکی تر هەر رادەیەک لە بەدەستهێنانی مافەکانی ژنان بەشێکە لە خەباتی چینایەتی دژی سیستەمی ئێستا و سەپاندنی پاشەکشێ بەسەر دەوڵەتی بورژوازی ‌و قازانجپەرستی سەرمایەدا. سەپاندنی مافی زیاتر بۆ ژنان مانای سەپاندنی قازانجی کەمترە بۆ سەرمایە. هەلومەرجی باشتر بۆ ژیانی ژنان هاوتایە لەگەڵ هەلومەرجی خراپتر بۆ قازانجی سەرمایە. بۆیە رێگای ئەم کارە راوێژ نیە لەگەڵ دەوڵەتی پارێزەری قازانجی سەرمایە، بەڵکو خەباتە لە دژی.
لەم بەشەی باسەکەدا دەمەوێ ئەو ئەنجامە بگرم کە هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی ژنان کەم نین ‌و تەنانەت رەنگە لە رووی چەندایەتیەوە لە ١٠-١٥ ساڵ لەمەبەر زۆر زیاتربن. بەڵام کێشەکە باڵادەستی روانگە و نەرێتی کۆنەپارێز و پاساودەری ستەمگەریە. کە فکر و‌ ئاسۆ و هەوڵ‌ و پراتیك‌ و شێوەکاری هەڵسوڕاوانی لە چوارچێوەیەکی دابڕاو لە نەرێتی رادیکاڵ‌ و خەباتکارانە‌ و یەکسانیخوازاندا لە قاڵبداوە. تا کاتێک کە روانگەی سۆسیالیستی ‌و نەرێتی کۆمۆنیستی بەهەر گرفت ‌و کەم ‌و کوڕیەکیەوە مەیدانداربوو، هەرکەس باسی مافی ژنانی بکردایە بە حەق‌ و ناحەق بە کۆمۆنیست لەقەڵەم دەدرا. وەکو ئاکامی ئەمەش بەشی زۆری ئەوانەی کە تازە پێیان دەنایە مەیدانی خەبات دژی ستەمکێشی ژنانەوە، رویان دەکردە کۆمۆنیزم‌ و دەبون بە هەڵسوراوی کۆمۆنیستی ئەم مەیدانە. ئەمە لەو دەورانەدا پرۆسەی بەرهەمهاتنەوەی بەردەوامی جیلی تازەی هەڵسوراوانی کۆمۆنیستی مەیدانی ژنان بوو. ئێستا لەو بۆشاییەدا کە لە مەیداندارنەبون ‌و دەخالەتگەرنەبونی روانگەو نەرێتی کۆمۆنیستیدا پێکهاتوە، دەبینین جیلە تازەکانی هەڵسوراوانی بزووتنەوەی ژنان لەگەڵ پێدەنینە ئەم مەیدانەوە یەکسەر خۆیان لە ناو ریکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی دەبیننەوە. یەکسەر رودەکەنە (ۆرکشۆپ)ەکانی ئەم نەرێتە و بە روانگەکانی باردەهێنرێن. ئەم روانگەو نەرێتە تەنانەت باڵی بەسەر کاری جیلەکانی پێشوتری هەڵسواڕوانی کۆمۆنیستی ئەم مەیدانەشدا کێشاوە. لەم بەرەیەوە خەبات‌ و رۆشنگەری‌ و بەڕێخستنی کارێکی رەخنەگرانەی سۆسیالیستی پێویستە. بەرجەستەکردنی روانگەی سۆسیالیستی دەربارەی ریشە و سەرچاوە و کۆڵەکەکانی ستەمکێشی ژنان ‌و رەخنەیەکی سۆسیالیستی لەم دیاردەیە، مەیدانێکی گرنگی ئەمڕۆی کۆمۆنیزمە. هەر بەم پێیەش رەخنەگرتن لە روانگە‌و نەرێتە محافەزەکار و پاساودەرەکانی پلەدوویی، بەدیاریکراویش ئەو نەرێتەی کە پێشتر باسکرا، بەشێکی جیانەکراوەی ئەم ئەرکەیە. لە ئێستادا هاتنەپێشەوەی ریزێك لە هەڵسوڕاوانی رادیکاڵ‌ و خەباتکاری بزووتنەوەی ژنانیش لەم رێگایەوە دەرگای بۆ ئاوەڵا دەکرێت ‌و مەیسەردەبێت.
لایەنیکی تری گرفتەکە ئەوەیە کە کۆمۆنیزم‌ و حیزبەکەی دەخاڵەتی خۆی لەم مەدانەدا بخاتەگرەوی ئەوەوە کە لە پێشدا هەڵسوڕاوان‌ و رابەرانێکی ژن ئامادەیی بۆ بەدەستەوەگرتنی ئەم مەیدانە نیشانبدەن و دەستبەکاربن. گوایە ئەوکات ئەرکی حزبە وەکو هاوکار و پشتیوانی ئەوان رۆڵ بگێڕێت. گومان لەوەدا نیە بە پێ‌ی میکانیزمی کۆمەڵگا کەسایەیتەکانی ژنان دەبێ رابەرانی راستەوخۆی بزوتنەوەی ژنان‌ و رێکخراوە خەباتکارەکانی لە ئەستۆبگرن. بەڵام ئەنجامگیری لەمە ناتوانێت ئەوەبێت کە حزبی چینی کرێکار دەستەوەستان‌ و‌ چاوەران بمێنێ بەدیار پرۆسەی هاتنەبەرەوەی رابەران‌ و هەڵسوڕاوانیکی ژنەوە. مەسەلەی ژنان مەسەلەی کریکارانە. ئەمە تەنها لەو روەوە نیە کە چینی کریکاری بەپێی پەیامی مێژوویی خۆی دەبێ لەگەڵ خۆیدا هەموو کۆمەڵگا لە هەموو جۆرە چەوسانەوەیەک رزگار بکات. بەڵکو مەسەلەی ژنان زۆر راستەوخۆتر پەیوەست دەبێتەوە هەم بە چەسانەوە و هەم بە خەباتی چینی کرێکارەوە. ستەم لەسەر ژنان راستەوخۆ بەشێکە لە ستەم لەسەر چینی کرێکار، بەشێکە لە سیاسەت ‌و پلانی بۆرژوازی بۆ بەکۆیلە راگرتنی چینی کرێکار. هەڵاواردن لە دژی ژنان بەشێکە لە پلانی پەرتەوازەکردن و پارچە پارچە راگرتنی ریزی چینی کرێکار، کرێ‌ی کەمتر بۆ ژنانی کرێکار و سەپاندنی کاری ناوماڵ ‌و منداڵداری ‌و بەرهەم هینانی جیلی تازەی کرێکاران بەسەر ژناندا، کارێکی بە خۆڕاییە بۆ چینی بورژوازی‌ و یەکێکە لە سەرچاوەکانی قازانجی زیاتر بۆ سەرمایە….. بۆیە خەبات دژی ستەم لەسەر ژنان راستەوخۆ بەشێکە لە خەباتی چینی کرێکار دژی سەرمایەداری. چینی کرێکار هەر چۆن ناتوانێ لە ئاست ستەمکاری سەرمایە بەگشتی دەستەوەستان بێت، ناشتوانێ لە ئاست ئەو ستەم‌ و هەڵاواردنەی لەدژی ژنان بەڕێوەدەچێت بە هیچ هۆیەکەوە دەستەوئەژنۆ بێت.. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریش وەکو حزبی چینی کرێکارو ئامرازێکی کارای خەباتی چینایەیتی ناتوانێت بە هیچ پاساوو هۆیەکەوە بۆ هیچ ساتێک ئەم مەیدانەی خەباتی چینایەتی فەرامۆش بکات.
لەرووی تاقیکردنەوەی بەکردەوەی خۆشمانەوە کاتێک لە ناو بزووتنەوەی شورایی ئازارەوە مەسەلەی وەستانەوە دژی ستەمکێشی ژنان هاتەدەستورەوە و چەندین داخوازی لەو بارەوە بەرزکرایەوە. هەروەها لە یەکساڵی دوای راپەریندا بزوتنەوەی کۆمۆنیستی شێلگیرانە بەرامبەر شەپۆلی رەشەکوژی ژنان راوەستاو بە دوای ئەوەدا خەباتێکی هەمەلایەنەتر لە پێناو مافەکانی ژنان بەڕێخرا. بەڵام هیچ کات ئەوە نەبوو بە مەرج ‌و بنەما کە ئایا رابەران ‌و هەڵسوڕاوانێکی ژن لە پێشەوەی ئەو خەباتە راوەستاون یان نا؟! ئێستاش هەر دەبێ وا بکرێت. رێکخراوێکی خەباتکاری ژنان لە مەیدان ببێت یان نا، هەڵسوراوان ‌و رابەرانێکی خەبتکار و رادیکاڵ‌ و کۆمۆنیستی ژن لە مەیدان ببن یان نا، بەڕێخستنی خەباتێکی هەمەلایەنەی سیاسی‌ و کۆمەڵایەتی دژی ستەم لەسەر ژنان، ئەرکێکی راستەوخۆو بێ ئەماو ئەگەری حیزبی کۆمۆنیستی کرێکارییە. ئەرکی راستەوخۆی حزبە کە دەستبەرێ بۆ؛ رەخنەگرتن‌ و پەردەهەڵماڵین لەسەر ئەو ستەمکاریە و ئەو دەسەڵات‌ و یاسا و رێسا و دەستور و نەرێت‌ و هێزانەی لە پشتەوەی راوەستاون. بەرپەرچدانەوە و بەگژەچونەوەی ئەو نەرێت ‌و هێز و بزوتنەوانە لە هەموو بوارەکاندا. هەڵخڕاندنی رای گشتی ناوخۆیی ‌و جیهانی دژی ستمەکێشی ژنان. رونکردنەوە و ناساندنی ئاستەنگیەکانی بزووتنەوەی ژنان‌ و بەهرەمەندکردنی ئەو بزوتنەوەیە و هەڵسوارانی لە ئاسۆ و خواست ‌و شێوازی رادیکاڵ‌ و‌ خەباتکارانە‌. خستنەڕوی پلاتفۆڕم‌ و هاوکاری کردنی هەمەلایەنە بۆ شکڵگرتنی رێکخراوەی رادیکاڵ ‌و خەباتکارانەی بەرگری لە مافەکانی ژنان. بەپێی بەرنامەی “دنیایەکی باشتر” خەبات بۆ ئازادی ژنان بەشێکە لە بەرپرسیارێتیەک کە ئەم حیزبە راستەوخۆ لە ئەستۆی گرتوەو دەبێ بە کردەوە ئەنجامی بدات. ئەم دەستپێشخەریەی کۆمۆنیزم دەتوانێ دەرگایەکی فراوان بۆ هاتنەبەرەوەی رابەران ‌و هەڵسوڕاوانی ژنانی کۆمۆنیست بکاتەوە نەک بە پێچەوانەوە.

سەرەتای مارسی ٢٠١٢

LEAVE A REPLY

Please enter your comment!
Please enter your name here