” حوکمی ئیخوان نەیتوانی یەک ساڵ و یەک ڕۆژ تەمەن بکات.. ئەمە پەیامێکی بەهێزو ڕاشکاو بە هەموو بەشەریەت دەدات“

0

گفوگۆ له‌گه‌ڵ ڕێبوار ئه‌حمه‌د:
ئۆکتۆبەر: لە ئاستیکی فراواندا ئەوەی ڕوویدا لە میسر بە شۆڕشێکی تر لە قەڵەم ئەدرێت و بەڵگەش بۆ ئەمە هاتنە سەر جادەی فراوانی خەڵکیە لە ٣٠ ی جوندا. ئایا ئەوەی ڕوویدا شۆڕشی دووەم بوو، کە بووە مایەی ڕوخانی مورسی؟
ڕێبوار ئەحمەد: بەبڕوای من ئەو شۆڕشەی دوو ساڵ و نیو بەر لەئیسا لەمیسر دەستی پێکرد و لەهەنگاوی یەکەمیدا کۆتایی بەدەسەڵاتی حوسنی موبارەک هێنا، تا ئێستا بەردەوامە. لە ماوەی ئەم دوو ساڵ و نیوشەدا لەگەڵ بەرەی دژە شۆڕش لە کیشمەکێشی بەردەوامدا بووە. ئەم شۆڕشە لەگەڵ ئەوەی کەکەم وکوڕی سیاسی و ڕێکخراوەیی وڕابەری گەورەی هەیە و ئاسۆ بورژوازیەکان قورسایی گەورەی بەسەردا دەکەن، بەڵام ئەوەندە ڕیشەدار و جەماوریە کەهەوڵەکانی سەرجەم بەرەی دژە شۆڕش نەیتوانیوە بلێسەکەی بکوژێننەوە. بەتایبەتی لەو ڕۆژەوە جەماعەتی ئیخوان موسلمین توانیان دەسەڵات بگرنە دەست، بەپشتیوانی سوپا وهاوکاری دەوڵەتانی ناوچەکە وجیهان، بەهەموو توانایان کاری سەرکی خۆیان کرد بۆ کوژاندنەوەی بڵێسەی شۆڕش و سەرکوت کردنی و سەندنەوەی دەسکەوتەکانی و ڕاپێچ کردنی کۆمەڵگای میسر بۆ ناو زەلکاوی کۆنەپەرستی و دواکەوتویی و سەرکوت و بێمافی. بەڵام لەو هەوڵەیاندا نەک هەر سەکەوتو نەبون، بەڵکو سەرئەنجام دەسەڵاتەکەیان کەوتە بەر شەقی شۆرش.
گومان لەوەدا نیە کەلەم ساتەدا جگەلە تین وتەوژمی شۆڕش هیچ هۆکاریک نەبوو بۆ هێنانە خوارەوەی محمد مورسی وتێهەڵدانی دەسەڵاتی چەتە ئیسلامیەکان. جەماوەرێکی بێ ئەژمار شەقامەکانی ئەو کۆمەڵگایەیان کردە مەیدانی ڕاوەستان وتیکۆشان و قوربانیدان بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی ئیسلامی وهەژاری و سەرکوت وهەڵاواردن، بێگومان ئەمە لەم کاتەدا تاقە هۆکارێک بوو بۆ کۆتایی دەسەڵاتی مورسی وهیچ گومانێک هەڵناگرێت. ئەمە دوەمین هەنگاوی گەورەی شۆڕشی میسر بوو. بەڵام لێرەدا دەبی جیاوازیەکی تەواو و هەمەلایەنە بکرێت لە نێوان شۆڕش وئەو کردوە سەربازیەی سوپا کەلە دواساتەکاندا وبەر لەوەی شۆڕش حوکمەکەی خۆی بۆ کیشانە خوارەوەی مورسی جێبەجێ بکات، سوپا وەکو بەهێزترین وسەرەکی ترین دەزگای دژە شۆڕش لەو وڵاتەدا، ڕاستەوخۆ بۆ جڵەوگرتن لە قوڵبونەوەی زیاتری شۆڕش و پاراستنی گشت سیستەمی دەسەڵاتی بورژوازی لەگورزی شۆڕش، ڕیاکارانە بەناوی لایەنگری لەشۆرش و خواستی خەڵکەوە هاتە مەیدان و موحەمد مورسی لەدەسەڵات لابرد. ئەم هەنگاوەی سوپا نابێ تێکەڵ بە شۆڕش بکرێت، ئەمە نەک هەر بەشێک نەبوو لەشۆڕش بەڵکو جێگای خۆیەتی وەکو کۆدەتا و پلانێکی مەترسیدارو تێکدەرانە لە دژی شۆڕش ناوببرێت، بەمەبەستی تێکدان و جڵەوکردنی ڕەوتی شۆڕش وکۆنترۆڵکردنی ئیرادەی شۆڕشگێڕانەی خەڵک کەکاریگەری زۆر گەورەو خراپی هەبوەو دەبێت لە سەر ڕەوتی شۆڕش و بار قورسی بۆ پێکدەهێنێت و کۆمەڵگای خستوەتە بەردەم مەترسیەکی گەورەوە.

ئۆکتۆبەر: بەڵام سوپا وەکو بەدەنگەوەهاتنی داواو خواستی خەڵک هاتە سەر خەت و حوکمی تەواوبوونی دەسەڵاتی مورسی ڕاگەیاند، ئایا ئەمە خود بە خود مایەی پشتیوانی لێکردن نیە؟
ڕێبوار ئەحمەد: هەر لەو ڕۆژەوە کە ئیسلامیەکان دەسەڵاتیان بە دەستەوە گرت، بێدرەنگ کەوتنە بەرامبەر ناڕەزایەتی فراوانی جەماوەری و هەوڵی لەکارخستنی دەسەڵاتیان چوە دەستوری شۆڕشەوە. بەڵام لەگشت ئەم ماوەیەدا سوپا نەک هەر بەپیری داوای خەڵکەوە نەهات، بەڵکو لە پاڵ دەسەڵاتی سەرکوتگەری ئیخوانەکان ڕاوەستا. سوپا کێشەیەکی نەبوو لەگەڵ ئەوەی ئیخوان حوکمڕانی میسر بکات، سەرانی سوپا لەسایەی حوکمی ئیخواندا خاترجەم بوون لەوەی بەرژەوەندیە ئابوری و سیاسیەکانیان مسۆگەر و پارێزراون. بەڵام هاتنەمەیدانە ملیۆنیەکانی ئەم دواییانەی شۆڕش ئەو ڕاستیەی لە هەموان گەیاند کە چیتر کۆمەڵگای میسر تەحەمولی دەسەڵاتی ئیخوان ناکات. لێرەوە سوپا یان دەبوو بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی خۆی و سیستەمی دەسەڵاتی بورژوازی حیسابی خۆی لە حیسابی  ئیخوان جیابکاتەوەو بە شێوەیەکی تر پلانی پاراستنی سیستەمی دەسەڵات لە مەترسی شۆڕش بباتە پێشەوە، یان دەبوو چاوەروانی ئەوەبیت کە لەگەل ئیخواندا خودی سوپا و گشت سیستەمی دەسەڵاتیش بکەویتە بەردەم گورزی شۆرش. لە هەردوو حالەتەکەدا سوپا هەر رۆڵی دژە شۆرشی خۆی دەگێڕا، بەلام سوپا ئەوی یەکەمی هەلبژاردو بەم جۆرەش هەم ڕەوتی بەرامبەرکێ و فەزا شۆڕشگیرانەکەی تێکدا و هەم جارێکی تر خۆڵی کردە چاوی خەڵک و خۆشباوەڕی بەوە دروست کرد کە سوپای سەرکوتگەرو دژە شۆرش لەگەڵ جەماوەری شۆڕش یەک باسکن.
بۆ زیاتر ڕوون بونه‌وەی وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا ئەوەی سوپا کردی مایەی پشتیوانیە یان نا؟ پێویستە بڕێک بەوردیەوە هەلومەرجەکە هەلسەنگێنین، تەنیا ئەوە بەس نیە کەناوبردنی هەنگاوەکەی سوپا بەوەی کودەتایە یان نا، بکرێتە بنەمای حوکمیکی تەقلیدی و ئوسولی لەو بارەیەوە. دروستر وایە بارودۆخە واقعیەکە هەڵسەنگینین و بزانین ئەم هەنگاوەی سوپا چ ئاکام و ئاسەوارێکی هەبوەو دەبێت. یەکەم من پێم وایە ڕۆژانی کۆتایی مانگی جون، واتە ئەوکاتەی کە هێشتا سوپاو ئیخوان دەست لە ناو دەست بووون، شۆڕش حوکمی وەلانانی مورسی بڕاندبوەوە، ئەگەر سوپا بەوجۆرە دەخاڵەتی نەکردایە، شۆڕش گەیشتبوە ئەو ئاستە کە  بەشێوەیەکی زۆر کارسازتر مورسی و دەسەڵاتی ئیخوانەکان ڕاماڵێت و گورزێکی زۆر کاریگەرتر لە گشت توانای سیاسی وکۆمەڵایەتی ئیسلامی سیاسی لەمیسرو ناوچەکە بدات و هەنگاوێکی گەورە لە ڕێگای ئالوگۆڕی شۆڕشگێڕانە هەڵگرێت. بەڵام کردەوەکەی سوپا گەردێکی خستە سەر ئەو ڕاستیەی کە شۆڕش دەسەڵاتی ئیخوانی وەلاناوە. ئەمەش تەنانەت کاریگەری گورزی شۆڕش لەسەر خودی ئیخوانیش کەم دەکاتەوە. هاوکات ئەم هەنگاوە لانی کەم لەم ساتەدا بەری لەوە گرت کە شۆڕش لە ڕێگای هێنانە سەرکاری بەدیلێکی شۆڕشگێڕانەدا بڕواتە پێشتر، جڵەوی ئەوەی گرت کە شۆڕش قوڵتربێتەوەو گشت سیستەمی بیروکراسی بورژوازی ڕاپێچێ و هەنگاوی کارسازتر و گەورەتر لەڕێگای بەدیهێنانی ئامانجەکانی هەڵگرێت. لە هەمانکاتدا دەتوانین ئاکامی خراپی ئەم هەنگاوەی سوپا هەر ئێستا لەسەر فەزای سیاسی و کۆمەڵایەتی میسر ببینین. چ لەو ڕووەوە کە به‌شێویەکی سیاسی گەورە بەرپا بوەو چ ئەوەی کە مەیدانێکی تر بۆ جەنگ و ئیرهاب و تاوانکاری ئیخوانەکان کراوەتەوە. لەم بارەیەوە ئەوەی کە سوپا مورسی وەلاناوە، دەستی ئیسلامیەکان لەم مەیدانەدا زۆر ئاوەڵاتر دەکات لەچاو ئەوەی کە شۆڕش خۆی ڕاستەوخۆ حوکمەکەی خۆی بەشێوەی شۆڕشگێڕانەو خەباتی سیاسی و جەماوەری جێبەجێ بکردایە. ئێستا دەبێ نیگەرانی ئەوەبین کە مەترسی جەنگ وجۆریکی تر لە سیناریۆکانی سوریا ولیبیا هەڕەشەیە لەسەر شۆڕشی میسر و ئەو کۆمەڵگایە. کە دەبێ بەرەی شۆڕش وردبینی وکارایی گەورە بە خەرج بدات بۆ تێپەڕاندن و دورخستنەوەی ئەم مەترسیە. ئەم دەخاڵەتەی سوپا و تاڕادەیەک گۆڕانی بەرامبەرکێکە لەنێوان جەماوەرو ئیخوانەوە بۆ بەرامبەرکێی سوپا و ئیخوان، دەتوانێ ڕۆڵی کاریگەری هەبێت بۆ لە مەیدان وەدەرنانی جەماوەر و لەباربردنی شۆڕش. شۆڕشی میسر بەبێ یەکلاکردنەوەی حیسابی سوپا و لەکارخستنی ئەم سەرەکی ترین و بەهێزترین دەزگای دژە شۆرشە، هەر بە نیوە ناتەواو دەمێنێتەوە. بەڵام ئەم دەخاڵەتەی سوپا لەم زەمیەنەیەشدا ئەرکی شۆڕشی زۆر سەختتر کردوەتەوە….هەموو ئەمانە بارقورسی گەورەو مەترسین لەسەر شۆڕش کە ئاکامی دەخاڵەتەکەی سوپان.

ئۆکتۆبەر: بە بڕوای ئێوە کاریگەری ڕوخانی ئیخوان مسلمین و ئیسلامی سیاسی و جەوی شۆڕشگێڕانەی میسر لەسەر ناوچەکە و عێراق و کوردستانیش چی ئەبێت؟
ڕێبوار ئەحمەد: بێگومان کاریگەریەکی گەورەی هەبوەو دەبێت، بەڵام ڕادەو چۆنیەتی ئەم کاریگەریە سەرئەنجام پشت بەوە دەبەستێت کەڕەوتی ڕووداوەکان بەرەوکوێ دەڕۆن و بە کوێ دەگەن. ئەگەر شۆرشی میسر بتوانێ سەختیەکانی ئێستا تێپەڕێنێ و لەم قۆناغە هەستیارو سەخت و تازەیەی بەرامبەرکێی لەگەل ئیخوان سەرکەوتوانە بێتەدەر کە بەتایبەت بەهۆی دەخاڵەتی سوپاوە زۆر سەخت و پڕ مەترسی بوەتەوە، ئەوکات دەرس و دەسکەوتێکی مێژوویی لەبەرامبەر وەرەمی سەرەتانی ئیسلامی سیاسی تۆمارو جێگیر دەکات و تەکانێکی گەورەش بە فەزای شۆڕشگێڕانە دەدات لە ناوچەکەدا. بیهێننە بەرچاو دەسەڵاتی ڕەوتێک کە دەیان ساڵە لەو کۆمەڵگایە شەڕی دەسەڵات دەکات و خۆشباوەڕیەکی گەورە لە کۆمەڵگادا بەرامبەری هەبوو، دەسەڵاتی ڕەوتێکی ئیسلامی کە دەکرێ بڵێین وەکو ئیلهام بەخشی هەموو ئیسلامی سیاسی لە جیهاندا چاوی لیدەکرا، لەگەڵ بەهرەمەند بونی لەپشتیوانی دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکەو جیهان و سوپای میسر، کەچی نەیتوانی یەک ساڵ و یەک ڕۆژ تەمەن بکات و بە هاتنە مەیدانی دەیان ملیۆن کەس کە وەکو فراوانترین هاتنەمەیدانی مێژوو ناودەبرێت، هێنرایە خوارەوە. ئەمە پەیامێکی یەکجار بەهێزو ڕاشکاوو بەرجەستە بەهەموو بەشەریەت دەدات. پەیامی ئەوەی کە ئەم تاقمە کۆنەپەرست و دواکەوتوو ئینسانکوژانە نەک هەر گونجاوی ئەوە نین کۆمەڵگای هاوچەرخ بەڕێوەبەرن، بەڵکو بەڵاو مەترسیەکی گەورەن و دەبێ بەیەکجاری لە مەیدان وەدەربنرێن.
ئەگەر ئەم دەسکەوتە جیگیربێت دەتوانین بە خیرایی چاوەڕوانی ئەوە بین کە لە هەموو ناوچەکدا ئیسلامی سیاسی بکەویتە سەر رەوتی پاشەکشە و گورزی یەک لە دوای یەک بخوات. هەر لەئیستاوە پێشبینی ئەوە دەکریت دەسەڵاتی ئیسلامی لە تونس بکەوێتە بەر شەقی شۆڕش. ئەگەر ئەمە ڕووبدات ئەم ڕەوتە لەهەموو ناوچەکەدا خیراتر دەکاتەوە. عێراق و کوردستانیش کە هەر لەسەرەتاوە لەژێر کاریگەری شۆرشی میسر بوە، دەتوانێ لەمەش کاریگەری گەورە وەربگرێت.
بەلام پێویستە ئەوەمان لەبەرچاوبیت کە ئەمە تەنها ئەگەر نیە، بەداخەوە ئەگەری پر مەترسی ئەوەش هەیە کە بە تایبەتی بەڕۆڵ و دەخاڵەتی سوپاو سیاسەتی ئەمریکاو غەرب و مەیدان کرانەوە بەڕووی ئیرهابی ئیسلامیدا، هەروەها لەغیابی ڕیزی سیاسی سەربەخۆی چینی کریکارو کۆمۆنیزمدا، ئەم کۆمەڵگایە بۆ ناو سیناریۆیەکی وەها ڕاپێچ بکرێت کە لە دەسەڵات خستنی ئیخوان بایەخێکی ئەوتۆی نەمێنێتەوە. تەنانەت دەبێ مەترسی ئەوەش لەبەرچاو دابنرێت کەڕەوتی هەلومەرجەکە بگۆڕێ و لە فەزایەکی وەهادا باندو تاقمی چەکدارو تیرۆریستی ئیسلامی بۆ قەرەبوی شکستەکەیان سیناریۆی کارەساتبار بخوڵقێنن. بەرگرتن لەم مەترسیانەو چونەپێشی شۆڕش بەرەو ئامانجەکانی، بەندە بەڕۆڵی پێشڕەوی چینی کریکارەوەو پێویستی حەیاتی بە هاتنەمەیدانی ڕیزێکی سەربەخۆی حزبی کرێکاری و کۆمۆنیستی بەهێز هەیە.

LEAVE A REPLY

Please enter your comment!
Please enter your name here