کاردانەوەیەکى سەرتاسەرى یەکپارچەمان پیویستە
دەربارەى تیرۆرى سەردەشت عوسمان
ڕێبوار ئەحمەد:
هەفتەیەک بەسەر ڕفاندن و تیرۆرکردنى سەردەشت عوسمانى خوێندکارو ڕۆژنامەنوسدا تێپەڕى، بەلام سەربارى بەلێنەکانى مسعود بارزانى و بەرهەم ێالح و دامودەزگاکانى تریان، هێشتا هیچ ڕوونکردنەوەیەکى واقعى لەو بارەیەوە نەدراوە. لە ڕاستیدا ئەگەر تۆزقاڵێک ڕاستى و حەقیقەت لە بەلێنەکانى ئەو جەنابانەدا هەبوایە، هەفتەیەک کاتێکى زۆرە بۆ دانى لانى کەم یەکەمین ڕوونکردنەوە لەسەر ڕووداوێک کە کۆمەلگایەکى بە تەواوى خرۆشاندوە و بە ڕیزى هەزارانکەسى هاوڵاتیان داواى ڕونکردنەوە دەکەن.
لانى کەم ئەگەر بەڕاستى تا ئێستا بکوژانى ئەم لاوە ڕۆژنامەنوس و ڕەخنگرەى پارتى و دەسەلاتى کوردایەتى نەزانراویش بوایە، ڕوونکردنەوەو وهڵامدانهوهی ئهم پرسیارانه کە ئایا جگە لە پارتى و دەسەلات کێ دەتوانى لە ناو شارى هەولێردا سەیارەى جام تاریک لێبخوڕێت؟ بۆچى کاتێک لەبەردەم کۆلیج و بە پێش چاوى ئاسایشەوە ئەم لاوەیان پەلکێش کردوەو ئاسایش کاردانەوەى نەبووە؟ چۆن کرا ئەم سەیارەیە کەسێکى ڕفێنراو بەو هەموو سەیتەرەیەى پارتیدا دەرکات بیگەیەنێتە موێل؟…و چەندین پرسیارى دیکەى لەم بابەتە کە لەلایەن دەیان هەزار هاولاتىو دەیان دەزگاى ڕاگەیاندنەوە ئاراستەى پارتى و مسعود بازانى دەکرێت، کات و لێکۆلینەوەى ناوێت، بۆ لایەنێک ئەگەر پێى خۆى لەناو تاوانەکەدا نەبێت، ڕونکردنەوەى ئەمانە کارێکى سادەیە.
ئەگەر جگە لەوان کەس بۆى هەبێت سەیارەى جام تاریک لێبخوڕێت، ئەوە ڕاگەیاندنى ئەمە بە قازانجى خۆیانە. ئەگەر کارنەدانەوەى ئاسایشەکانى بەردەم کۆلیج لە بێدەربەستى خۆیانبوە، ئەوە دیسان ڕاگەیاندنى ئەمەش ئەگەر بەبەلگەى واقعیەوە بیت سەدقات لەوە سوکترە کە ئەو ئاسایشانە ڕاسپێراوبوون بۆ نیشاننەدانى کاردانەوە. خۆ ئەگەر دەرپەڕاندنى سەیارەیەکى جام ڕەش بە کەسێکى ڕفێندراوەوە لە هەموو سەیتەرەکانى پارتى، دیسان ناکارامەیى سەیتەرەکان بێت، ئەوەش هەزارجار ئەهوەنترە لەوەى کە خەڵک بیری لێدەکاتەوە. با مسعود بازانى فەرمان بدات ئەم پرسیارانە وەلامبدرێنەوە، پاشان باسى لیژنە بکات بۆ لێکۆلینەوەو دۆزینەوەى تاوانباران.
هەموو خەڵکى کوردستان ئەو ڕاستیە ئاشکرایە دەزانن، کە ئەمە یەکەمجار نیە کە ڕەخنەگران لە گەندەڵى و تاڵانچیانى کۆمەڵگاى کوردستانو ئیمپراتۆریەتى بنەماڵەکان دەکوژرێن، عەبدولسهتار تاهیر شەریف چەند ڕۆژ دواى گفتوگۆ ڕەخنەگرانەکەى لە پارتى و بارزانى بەر دەستڕێژى گولەدراو کوژرا، سۆرانى مامە حەمە هەر بەوجۆرە و ئەوە سەردەستیش نمونەیەکى ترە…بڵێى باندێکى خۆڕسک و خواکردى بى پەیوەند بە دەسەڵات و دام ودەزگا سەرکوتگەرەکانى ئێستا، پەیدابووبێت بۆ ئەوەى هەرکەس بە بنەماڵەى بارزانى بڵى پشتى چاوت برۆیە بیکوژێت؟!
بەڕاستى ئەم حیزبانەى بزووتنەوەى کوردایەتى میژوویەکى ڕەش و پڕ تاوانکاریى و تیرۆریزمیان هەیە، لە شاخ و لە شار هەزاران کەسیان بە دیلێتىو بە دەستی بەستراو لە خوێندا غەرق کردوە، ناشرینترینو دڕندانەترین تاوانیان بەرامبەر نەیاران و ڕەخنەگرانى سیاسى خۆیان کردووە، ڕیسواترین داستانو بوختانیان بۆ پینەوپەڕۆى تاوانەکانى خۆیان هەڵبەستووە. بەلام ئەم تاوانە ناشرینو دڕندانەیەیان بەرانبەر سەردەشت عوسمان نەک هەر لە ئاستى کوردستان بەلکو لە هەموو جیهاندا ڕیسواو ڕەزیل بووە. ئەمڕۆ بارزانىو دەسەڵاتى کوردستان خۆى لەبەرامبەر زەختو فشارێکى ئەوەندە گەورەدا دەبینێت، کە ناتوانن وەکو هەمیشە گوێى خۆیان لە بێزاریو خواستى خەڵک بخەوێنن، بۆیە بە مەبەستى کاتکڕین بۆ کۆنبونى مەسەلەکەو هێوربوونەوەى خەڵک، بەڵێنى لێکۆڵینەوەو پێکهێنانى لیژنەى تایبەت دەدەن، بەڵام ئەمانە خۆڵکردنە چاوى خەڵکە، ئەوان ئەگەر مەبەستیان ڕوونکردنەوەى ڕاستى بوایە بۆ خەڵک ئەم هەموو بێنەوبردەیەى نەدەویست. ئەوپەڕى ئەوەى لەم دەسەڵاتە میللیشیایانە چاوەڕى دەکرێت، ئەوەیە کە لە ژێر زەختێکى زۆرو بەردەوامى خەڵکدا، سیناریۆیەک بە ناوى ڕوونکردنەوە ساز بکەن.
بۆیە سەرنجى خەڵکى کوردستان، خوێندکارانو لاوان، ڕۆژنامەنوسو ڕۆشنبیران، ژنان، کرێکاران، وە هەموو لایەنەکانى دژى تیرۆرو بەدەنگهاتوو بەرامبەر تیرۆرى سەردەشت عوسمان، بۆ ئەوە ڕادەکێشم کە هوشیارانە ئاگادارى پیلانەکانى دەسەڵات و پارتى بن. لەوە زیاتر نابێ کات بدرێت بە بارزانىو دەسەڵات تا ڕاستى مەسەلەکە بۆ خەلک ڕوونبکەنەوە، دەبێ دەستبەجێ وەڵامى پرسیارەکانى خەڵک بدەنەوە، دەبێ هەموو ئەو لێکۆڵینەوانەى لە بارەى ئەم مەسەلەیەوە دەکرێت ئاشکراو لەبەرچاوى خەڵک و میدیاکان بیت، دەبى نوێنەرى حزیبە ئۆپۆزیسیۆنو ڕێکخراوە جەماوەرىو دامەزراوە مەدەنیەکان لەناو لیژنەکانى لێکۆڵینەوەدا هەبن.
نابێ خەڵکى کوردستان باوەڕ بە هەموو سیناریۆیەک بکەن کە بەناوى ڕونکردنەوەى ئەم مەسەلەیەوە بڵاودەکرێتەوە. ئیتر وا دیارە توڕەیىو بێزارى خەڵک گەیشتوەتە ئاستێک دەیەوێو، ئەگەر بڕیارێکى هەمگیر بدرێت، دەتوانرێت سنورێک بۆ ملهوڕى و تیرۆرو کوشتارى نوسەرانو ڕەخنەگرانى دەسەلات دابنێت، لەوەش زیاتر سنورێک بۆ گەندەڵى و تاڵانو مشەخۆرى ئەم دەسەڵاتە گەندەڵە دابنێت. بەڵام ئەمە چاوکراوەییەکى زۆرى دەوێ. پێویستى بەوەیە ئەو هێزەى هاتۆتە مەیدان، مەیدان بەجێنەهێلێت تا بە خواستو مەبەستە واقعیەکانى خۆى دەگات.
هەفتەیەک تێپەڕىو وەڵامى پرسیارەکانى خەڵک دیار نیە. کاتى ئەوە هاتووە ئەمجارە خەڵکى کوردستان لە سەراسەرى ووڵاتدا پێکەوە دەستدەنە هەنگاوێکى یەکپارچە، بۆ نمونە مانگرتنێکى سەراسەرىو یەکپارچەو هاوکات لە هەموو کوردستاندا، هاوکات لە هەموو وڵاتانى ترى دنیا کە ئیمکان دەبێت بۆ پشتیوانى لەو حەرەکەتە سەراسەریەى کوردستان، کارى پێویست لە چەشنى بەرپاکردنى میتنگ بکرێت.
ئەمە کارێکە دەبى حزب و لایەنو دەزگاو دامەزراوەکانى بەدەنگهاتوو لە دژى تیرۆرو ڕەشەکوژى بە گشتىو ڕفاندنو تیرۆرکردنى سەردەشت عوسمان بە تایبەتى، هاوئاهەنگى لەسەر بکەنو بڕیارى لێبدەن، ئەگنیا مەترسى ئەوە هەیە ئەم حەرەکەتە پێش ئەوەى بە ئەنحامێکى گونجاو بگات، بە پیلان و دەستى دەستى پێکردن یان ئەوپەڕى بە سازکردنى سیناریۆى چەواشەو ناڕاست، خاوبێتەوە. بۆ بەرگرى لەم مەترسیە دەبى هەنگاوى بەپەلە هەلبگێرێت. ئەم دەستى دەستى پێکردنەى ئەوانەى لەبەرامبەر پرسیارو داواى ڕوونکردنەوەى خەلکدا قەراریانگرتووە، نیشانەى ئەوەیە کە مەبەستیان نیە و ڕەنگە بۆیان نەکرێت ڕاستیەکان بۆ خەلک ڕوونبکەنەوە. خەلک دەتوانآ و دەبى بە زەخەتى خەبات و هاتنەمەیدانى زیاترى خۆى پەردە لەسەر ڕاستیەکان هەلمالێت.
ڕیسوایى و مەرگ بۆ ئەو شتەى کە مانەوەو بەڕێوەچونى پێویستى بە تیرۆرکردنى سەردەشت عوسمانەکانە .
rebwarah@yahoo.com
10-05-12