رێبوار ئەحمەد:
رۆژى 19ى ئەم مانگە مسعود بارزانى پەیامێکى ئاراستەى خەڵکى کوردستان کردوە. ئەوە بەڵگەى ناوێ کە پەیامەکەى نەک لە هاوخەمى لەگەڵ خەڵکدا، بەڵکو روون و راشکاو لەژێر فشارى خرۆشانى جەماوەری خەڵکى کوردستاندایە و مەبەستەکەشى هێورکردنەوەو دورخسنەوەیانە لەو خواستانەى بەرزیان کردوەتەوە. ناڕەزایەتیەک کە بەتایبەتى یەخەى بارزانى و پارتى و بە گشتیش یەخەى هەموو دەسەڵاتدارانى کوردستانى گرتوەتەوە. ئەوان هەرگیز چاوەروان نەبوون ئەو رووداوەى لاى ئەوان “بچوک و سادەیە” لاى ئەم خەلکە ئەوەندە گەوەرەبێت یان بە ووتەى خۆیان “ئەوەندە گەورە بکریتەوە”.
وادیارە ئەم جارە پارتى لە محاسەباتى خۆیدا زۆر بەهەڵەداچوبوو. دەست بۆ هەر هەنگاوێکى تازەش دەیات زیاتر بەسەر خۆیدا دەشکێتەوە. هەموو بەلگەکان وا نیشاندەدەن، کە بەئاگادارى بێت یان بیئاگادارى مسعورد بارزانى، سەردەشت لەسەر ئەو نوسینانەى تیرۆکراوە کە دەربارەى گەندەڵى و پاوانکردنى دەسەڵات و سامان و هەست و نیستى کوردستان لەلایەن پارتى و بارزانیەوە نوسیونى. بە تایبەتیش ئەو وتارەى کە بەناوى “من عاشقى کچەکەى بارزانیم”. بەلگەکان دەلین سەردەشت تیرۆرکرا بۆ ئەوەى دەنگى بە کەس نەگات و ئەوانەى نوسیونى ببرێنە ژیرگڵەوە، بەڵام چونکە حاساباتەکە هەڵەبوو، بەم کارە نەک هەر خەڵکى کوردستان بەڵکو خەڵکێکى زۆر لە پانتایى دنیادا دەنگ و قسەکانى سەردەشتیان بیست، برَیاربوو بەربەبڵاوبنەوەى کوردى نوسراوەکانى بگیرێت، بەلام نوسراوەکان بۆ زمانەکانى تریش تەرجومەکران.
کاتێک سەردەشت تیرۆرکرا، سەرەتا پارتى بَیدەنگى لە ئاست ئەم رووداوە هەڵبژردو واتریش سەرزارەکى ئیدانەى کردو پآى وابوو بەم جۆرە تیدەپەرێت. بەڵام ئەمەشیان وا دەرنەچوو. کاتیکش جەماوەر خرۆشا پارتى نەک هەر خۆى دورگرت و بەشدارى نەکردن لە نارەزایەتى خەڵک، بەڵکو بە گوێخەواندن لەو نارەزایەتیانە و خواستەکانیان، کەوتە بەرامبەر نارەزایەتیەکان و پێیوابوو دواى یەک دوو رۆژ مەسەلەکە تیدەپەریت و دیزەبەدەرخۆنەدەبیت. بەلام لەمەشدا بەهەڵەداچوون. ئەو تاوانە گەورەو چەپەڵە، دروست لاى خەڵکى کوردستان کێشى واقعى خۆى پەیداکرد و کۆمەلگای هێنایە جۆش و خرۆش. هەڵۆیست و رەفتارەکانى پارتیش چونە سەر ئەو سەرەداوانەى کە سەرنجى خەلکى دەبردە سەر ناسینى بکوژانى سەردەشت.
دواتر مەکتەبى سیاسى پارتى و دەزگاى مخابەراتى پاراستنەکەى، وەکو ئەوەى هێشتا دەرسیان وەرنەگرتبێت و باش لە وەزعەکە حاڵى نەبووبن، چونە قالبە واقعیەکەى خۆیانەوە و بە هەڕەشەى “دەستدەبڕین و لەگۆڕدەنێن”، کەوتنە چاوسورکردنەوە لە خەلکى کوردستان. بەڵام دیسانەوە دۆراندیان. بیرو زهنى خەڵکیان زیاتر بەلاى ئەوەدابرد کە دەستیان هەیە لە تاوانەکەدا. چونکە هەم هەموو دروشم و داواکاریەکانى خەڵکیان لە دژى خۆیان حیسابکرد، هەم گوایە کەمەریان تونکردوەتەوە بۆ سەرکوتى ئەوانەى لە دژى ئەم مەسەلە “بچوکە” هەرایان بەرپاکردوە. بەڵام ئەم هەڕەشە و گوڕەشە سواو ستۆکە، لەلایەن خەڵکى کوردستانەوە وەڵامى شایستەى وەرگرتەوە و زیاتر رقى خەڵکى کوردستانى هەڵساندو نارەزایەتیەکان لە ناوەو دەرەوەى کوردستان بەردەوامى پەیداکرد. بەم جۆرە چ بۆ خەڵکى کوردستان و چ بۆ خەڵکى جیهان، ئەوەى نەدەکرا بە چەندین کتاب لەسەر سیاسەت و کارکردى پارتى باس بکرێت، ئەم رووداوە خستیە دەستەوە.
پاشان هەردوو مەکتەبى سیاسى پارتى و یەکێتى کۆبونەوە، ئاشکرابوو کە کۆبونەوەکە پەیوەندى بەم خرۆشانەى خەڵکى کوردستانەوە هەبوو. پارتى ویستى یەکێتى هاوپەیمانى هاودەست بکات لەگەڵ خۆیدا بەرامبەر ئەم تەنگەبەریەى بۆى پێکهاتووە. لەمەشیاندا ئەوەى چنیانەوە ئەوەبوو کە مەلا بەخیتار دەستى دایە قەڵەم بە حیساب بۆ پاساودانى تیرۆرکردنى سەردەشت و قەناعەت هێنان بە خەڵکى کوردستان دەربارەى ئەوەى سەردەست لەسەر زیادەرۆیى تیرۆرکراوە، بەلام کەس بایى پوشیک نرخى بۆ ئەم پاساوە دارزیوە دانەنا، بەلکو ئەوەى لە نوسراوە “درەخشانەکەى” مەلا بەختیار هەلهینجرا، تەنها ئەوەبوو کە دانى بەوەدا نا سەردەشت لەلایەن پارتیەوە لەسەر وتارەکەى بە ناوى “من عاشقى کچەکەى بارزانیم” تیرۆرکراوە. کەواتە ئەم کۆبونەویە نەکرایەو مەلا بەختیار دەستى بۆ قەڵەم نەبردایە گەلیک بە مەسلەحەت تربوو.
دواى ئەوانە و دواى تیپەربوونى زیاتر لە دوو هەفتە بەسەر تیرۆرى سەردەشت و ئەو خرۆشانە مەزنەى لەدژى خولقا، ئینجا مسعود بارزانى ناچاربوو هەرەشو گوڕشە وەلابنآ و ئەم پەیامى ئامۆژگاریە بدات بە خەڵکى کوردستان. پەیامەکەى زیاتر هەوڵێکە بۆ هێورکردنەوەى توڕەیى خەڵکە لە بەیاننامەکەى مەکتەبى سیاسى پارتى کە پڕە لە فتواى دەستبڕین و لە گۆڕنان. بەڵام مسعود بارزانى لە جیاتى ئەوەى وەڵامێکى رۆشن بە پرسیارو خواستەکانى ئەو خەڵکە بداتەوە. ئامۆژگارى خەلکى کوردستان دەکات کە هەلومەرجەکە ناسکە و بەرژەوەندەى “گەلى کورد” لەوەدانیە ئەم خەڵکە بەم جۆرە نارەزایەتى لە دژى ئەم کوشتو کوشتارە دەربڕن و یەخەى دەسەڵات و پارتى بگرن لەسەر ئەم کارە قێزەوێنە. لە کاتێکدا بارزانى دەبوو پیش ئەوەى ئامۆژگارى خەلکى کوردستان بکات، لانیکەم بێتاوانى خۆیان بۆ خەڵکى بەگومانى کوردستان بەرامبەر ئەو تاوانە بسەلمَینآ. ئەم سەرکردانەى ناسیونالیزمى کورد رێک 19 سالە هەر بەم ” ناسکى هەلومەرجە” دەیانەوى توڕەیى خەڵک بەرامبەر کارکردى خۆیان ئارام بکەنەوە. بەڵام ئاخۆ بۆچى دەبآ تیرۆرى نوسەران و رۆژنامەنوسان و محالفینى پارتى و یەکێتى مەترسى نەبێت لەسەر “دۆخەناسکەکە”، کەچى ناڕەزایتى لەدژى سەرکوت و تیرۆریزم، مەترسى بۆ دروست بکات؟!
لە راستیدا دواى ئەم خرۆشانە و دواى ئەوەى دەیان و بگرە سەدان هەزار پەنجە بۆ ئەوە راکێشراوون کە سەردەشت بە هۆى ووتارە رەخنەییەکانى لە پارتى و بارزانى و دەسەڵاتى کوردى تیرۆرکراوە، دواى ئەوەى چەندین پرسیارو بەڵگەى بەهێز لەم بارەیەوە ئاراستەى پارتى و بارزانى و حکومەتى هەرێمى بێدەسەلاتى بندەستى پارتى کراون، دواى ئەوەى بە تایبەتى ناوى بارزانى و بنەماڵەکەى لەسەر دەیان هەزار زارە و وەکو هۆکارى ئەم کارە تیرۆریستیە باسى لیچوەدەکرێت، دەبوو مسعود بارزانى لە پێشدا ئەگەر نەشتوانى تا ئێستا تاوانباران دەستگیر بکات و بیانخاتە بەردەم دادگا، لانیکەم بەرامبەر ئەم هەموو بەڵگەو پرسیارو دروشم و داخوازیە، ئەوە بسەلمێنى کە ئەوان دەستیان نیە لە تیرۆرى سەردەشتدا. بەلام تا ئیستا هەموو قسەو رەفتاریان شایەتى لەسەر پیشەوانە ئەمە دەدات.
گومان لەوە نیە کە لە زۆر رووداودا “نەک لە مەسەلەى سەردەشتدا کە شوێنپێى تاوانباران زۆر ئاشکرایە و بەڵگە زۆرە بۆ دۆزینەوەیان” رەنگە دۆزینەوەى تاوانباران کاتى بوآ و سادە نەبێت ، بەڵام هیچ کاتێک لەوە سادەترنیە کە ئەگەر لایەنێک بە ناحەق تۆمەتبارکرابێت، بتوانآ بێتاوانى خۆى بسەلمێنآ. پارتى و بارزانى نەک نەیانتوانیوە بیتاوانى خۆیان بسەلمێنن، بەلکو هەرچى کاردانەوەیەکیان هەیە گومانى خەلک بەرامبەریان بەرەو یەقین دەبات.
ئەوە زیاتر لە دوو هەفتەیە هەر قەوانى لێکۆلینەوە بۆ خەلک لێدەدەن، بەلام تا ئیستا هیچ ووشەیەکى مەنتقیان نیە بۆ ئەو جەماوەرە خرۆشاوە دەربارەى ئەنجامى لێکۆلینەوەکانیان، جگە لە: هەرَەشەکردن لە خەڵک، جگە لە داواى “گەورەنەکردنەوەى مەسەلەکە”، جگە لە بەهانە داتاشینى پوچ بۆ ئەوەى کە ئەم جۆرە رووداوانە نۆرمال و سادەیە. تازەترینیشیان پاساوە پرشەرمەزاریەکەى مەلا بەختیارو پەیامە ئامۆژگار ئامێزەکەى بارزانیە کە لە جیاتى وەلام دەلى هیوربن و برۆنە مالى خۆتان چونکە هەلمەرجەکە ناسکە و ئەو دامودەزگایانە لێکۆلینەوە دەکەن، کە خەڵک خۆیان بە تاوانبار دەزانآ.
بەراستى ئەوە مزایەدەیەکى گەورەو ئاشکرایە بەسەر خەلکى کوردستاندا، کاتیک مسعورد بارزانى دەلى “بەرپرسی یەکەم لە ئاسایشی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەتی هەرێمە. بەرگریکردن لە ماف و پاراستنی ژیانی هەموو کەسێک، چ ئەوانەی پاڵپشت و هاوهەڵوێستن لە گەڵیدا و چ ئەوانەی هەڵوێستی پێچەوانەیان هەیە، بە ئەرکی خۆمی دەزانم و با کەس موزایەدەمان لەسەر نەکات” باشە جەنابى بارزانى گومان لەوە نیە کە تا دەسەڵات بەدەست ئێوەوەبێت ئێوە بەرپرسن لە ئەمنیەتى خەڵکى کوردستان، بەڵام پرسیارەکە لە ئێوە شتێکى ترە، پرسیارەکە ئەوەیە کە بۆ بەکردەوە ئەو مسئولیەتە لە ئەستۆناگرن؟! کوا مسئولیەتەکەتان؟! تازە لەوەش زیاتر سەدان هەزار هاوڵاتى کوردستان گومانیان لە پارتیەکەى خۆت و دامو دەزگاکانى خۆتان هەیە کە بە تیرۆرو تۆقاندن ئەمنیەتیان بۆ خەڵک نەهێشتوەتەوە. لە راستیدا ئەم قسەیەى ئێوەیە کە بەرامبەر بەو خەلکە خرۆشاوە جگە لە موزایەدە هیچى تر ناگەیەنآ. ئێوە پیش ئەوەى ئەم مزایەدەیە بەسەر خەڵکدا بکەن، جارى بفەرمون بێخەتایى خۆتان بۆ خەڵک بسەلمێنن، پاشان تەشەر لە موزایەدەى خەڵکى تر بگرن. ئەگەر بەرپرسایەتیەکەتان بەرامبەر ئەمنیەتى خەڵکى کوردستان بەم جۆرەبێت، کە ئیستا هەیە، بەراستى بوارى هیچ موزایەدەیکتان بۆ ناهێڵێتەوە.
ئەگەر دەتانەوى بێتاوانى خۆتان وەکو پارتى و دەسەڵات و بارزانى لەم مەسەلەیەدا بسەلمێنن، فەرموو یەکەم کاریک کە باوەشى بۆکردونەتەوە، ئەوەیە چەند کەسایەتى جیهانى و کوردستانى لەدەرەوەى دەسەڵات، ئامادەییان دەربرَیوە بۆ بەشدارى لە لێکۆلینەوە لەم تاوانە بە ووتەى خۆتان ” قێزەوەنانە” یە. کەوایە ملبدەن بەوەى لیژنەیەکى سەربەخۆ لە دەسەلات و پارتى پیِکبیت بۆ لیکۆلینەوە لەم مەسەلەیە. ئەمە ئەتوانآ هەنگاوێکە پەسەند بیت بۆ سەلماندنى تاوانتبارى یان بێتاوانى پارتى و دامودەزگاکانى. بە پێچەوانەوە ئەوەى ئێوە دەیڵێن و دەیڵێنەوە کە گوایە دامودوزگاکانى خۆتان ئەو لێکۆلینەوەیە دەکەن، هیچ بایەخێکى نیە. دامودەزگاکانى خۆتان شەرعیەتى لێکۆلینەوە لەم مەسەلەیەیان نیە، ئەوان خۆیان لەلایەن خەڵکەوە تاوانبارکراون، بۆیە ئەنجامى لێکۆڵینەوەى ئەوان هەرچیەک بێت، لە ئێستاوە بۆ خەڵک جێگاى باوەڕنیە. هیچ شتێک لەوە سادەتر نیە کە موتەهەم ناتوانآ دەورى موحەقیق بگڕێت.
rebwarah@yahoo.com