کۆبه‌ندیی بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی کوردستان
هه‌ڵسه‌نگاندن،ده‌رسه‌کان وده‌ستکه‌وته‌کان وئاینده‌که‌ی
کوردستان پێ‌ی نایه قۆناغێکی تازه‌وه:
ڕۆژی 17ی شوبات خاڵی وه‌رچه‌رخانێكی گه‌وره‌بوو له‌مێژووی كۆمه‌ڵگای كوردستاندا. بزووتنه‌وه‌یه‌کی شۆڕشگێڕانه که به شێوه‌ی هاتنه‌مه‌یدان و خۆپێشاندان و ناڕه‌زایه‌تی فراوانی جه‌ماوه‌ری شاره‌کاندا خۆی نواند، دابڕانیکی سیاسی وکۆمه‌ڵایه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌و مێژووه دروستکرد، که تیایدا سونه‌تی بۆرژوازی و ناسیونالیزمی کورد به‌ناوی “شۆڕشی ئه‌یلول وگولان وشۆڕشی نوێی گه‌له‌که‌مان” زهنیه‌ت و کێشمه‌کێشه سیاسیه‌کانی کۆمه‌لگای کوردستانی پی له‌قاڵب دابوو و کردبووی به په‌رده‌یه‌ک به‌سه‌ر ناکوکییه چینایه‌تییه‌کانیدا. له‌و مێژوه ڕابردووه‌دا، خه‌بات وڕاپه‌ڕین و ناڕه‌زایه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌کوردستان، به‌هۆی له‌ئارادابوونی سته‌می میللی و کێشه‌ی میللیه‌وه، زه‌مینه‌ی پێکهێنا که بزووتنه‌وه‌ی ناسیونالیزمی کورد، وه‌ک بزوتنه‌وه‌ی چینی سه‌رمایه‌دارو ده‌وڵه‌مه‌ندانی کوردستان، هه‌موو کێشه‌و کێشمه‌کێشه سیاسییه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگای کوردستان، له به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی مه‌رکه‌زی وه‌کو”دوژمنی ده‌ره‌کی” پێناسه بکات وله‌سه‌ر ئه‌م بناغه‌یه‌ش ئاڵا‌و به‌دیل و سوونه‌ت و ئامانجه بورژوازیه‌کانی خۆی به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگادا زاڵبکات. به‌ڵام 17ی شوبات و سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وه‌یه‌کی شۆڕشگێڕانه که ڕاسته‌وخۆ که‌وته به‌رامبه‌ر به‌ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوا ناسیونالیستی کورده‌وه، ناوه‌ڕۆک وچوارچێوه‌یه‌کی تازه‌ی به‌خه‌باتی سیاسی و نه‌رێت و خواست و ئامانجه‌کان و داهاتووی کۆمه‌ڵگای کوردستان، له‌ر‌وانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه جیاوازه‌کانه‌وه، هێناوه‌ته‌کایه‌وه. به‌م مانایه‌ش ئه‌م کۆمه‌ڵگایه چووه ناو ده‌وره‌یه‌کی تازه له کێشمـه‌کێشی چینایه‌تیه‌وه.
له ماوه‌ی 20 ساڵی رابردوودا، ئه‌زمونی كوردایه‌تی و ده‌سه‌ڵاتدارێتی بۆرژوا ناسیونالیستی كورد، به ناوی “حكومه‌تی خۆیی”ه‌وه، به‌پشتیوانی گه‌وره‌ترین خۆشباوه‌ڕی و چه‌واشه‌كاری، نمونه‌یه‌كی به‌رجه‌سته له ده‌سه‌ڵاتێكی میلیشیایی و مافیایی گه‌نده‌ڵ و سه‌ركوتگه‌رو سته‌مكاری، نمایش كرد. به‌ڵام سته‌می نه‌ته‌وایه‌تی و ملهوڕی ده‌وڵه‌ته سه‌ركوتگه‌ره‌كانی عێراق، له مێژووی رابردوودا ئه‌وه‌نده برینی سه‌ختیان له‌جه‌سته‌ی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه‌دا هه‌ڵكه‌ندبوو، كه خۆشباوه‌ڕی به”حكومه‌تی خۆیی” ونه‌رێته‌كانی بزووتنه‌وه‌ی بورژوا ناسیونالیستی كورد، ئه‌وه‌نده قوڵ و به‌رین كردبوه‌وه، كه 20 ساڵ سته‌م وتاڵان وبڕۆو سه‌ركوت و مافیاگه‌ری ئه‌م ده‌سه‌ڵاته درێژه‌ی كێشا، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و خۆشباوه‌ڕیه بڕه‌وێنێته‌وه. رۆژی 17ی شوبات ئه‌و خاڵی وه‌رچه‌خانه مێژووییه بوو، كه جه‌ماوه‌ری سته‌مدیده‌ی كوردستان، له ئاستێكی به‌رینی جه‌ماوه‌ریدا، شانی خۆیان له‌ژێر باری قورسی ئه‌و خۆشباوه‌ریه هێنایه ده‌ره‌وه‌و به‌ده‌نگی به‌رز ووتیان (نا) بۆ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته گه‌نده‌ڵ و سته‌مكارو سه‌ركوتگه‌ره‌ی كوردایه‌تی. به‌مه‌ش هه‌ر هه‌مان رۆژ هه‌نگاوێكی گه‌وره‌یان به‌ره‌وپێشه‌وه هه‌ڵگرت، ده‌سكه‌وتێكی گه‌وره‌یان بۆ نه‌خشاندنی ئاینده‌ی خۆیان تۆمار كرد، كۆمه‌ڵگای كوردستانیان خسته ناو قۆناغێكی سیاسی تازه‌وه.
20 ساڵ له‌مه‌به‌ر، له رێگه‌ی خۆهه‌ڵواسینی بزووتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی به‌سیاسه‌تی ملهوڕانه‌و جه‌نگخوازانه‌و ئینسان كوژانه‌ی ئه‌مریكاوه، دوو حيزبى بۆرژوا ناسیونالیستی كورد له‌سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات دانران و به‌ڕێوه‌بردنی كۆمه‌ڵگای سه‌رگه‌ردانی كوردستانیان پێ سپێردرا. له به‌هاری ساڵی 1992دا، له‌نێو جه‌نجاڵێكی گه‌وره‌ی ته‌فره‌دان و فریوكاریدا، هه‌ڵبژاردنی “یه‌كه‌مین په‌رله‌مان و پێكهێنانی یه‌كه‌مین حكومه‌تی خۆیی”، به‌ناحه‌ق وه‌كو مژده‌ده‌ری به‌دیهاتنی هه‌موو خه‌ون و ئاوات وئامانجه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان، پێناسه‌كرا. به‌ڵام ئه‌و ده‌سه‌ڵاته زۆر به‌خیرایی نیشانی‌دا كه‌ده‌سه‌ڵاتی بزووتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی و بورژوازی كورد، نه‌ك هه‌ر ده‌سه‌ڵاتی جه‌ماوه‌ری كرێكار‌و زه‌حمه‌تكێش وخه‌ڵكی ئازادیخواز‌و سته‌مدیده‌ی كوردستان نیه، به‌ڵكوو رێك به‌پێچه‌وانه‌وه و له دژى قازانج وبه‌رژه‌وه‌ندى ئه‌وانه. دوو حیزبی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه به‌خێرایی هه‌موو روكنه‌كانی ده‌سه‌ڵات وئابوری كوردستانیان بۆ خۆیان قۆرخ كرد، ژیانێكی شاهانه‌یان بۆ كه‌مایه‌تیه‌كی كه‌م به‌رپاكرد وئه‌و كه‌مایه‌تیه نوقمی سه‌روه‌ت كران، له‌سه‌ر حیسابی سه‌پاندنی هه‌ژاری وكوێره‌وه‌ریه‌كی فراوان به‌سه‌ر زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری كۆمه‌ڵگادا. له‌سایه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌دا گه‌نده‌ڵی وتاڵان وبڕۆی بێ‌سنور، سه‌ركوتی نه‌یارانی سیاسی وتیرۆری سازماندراوی ره‌خنه‌گران وهه‌ڵسوڕاوانی ئازادیخواز‌و كۆمۆنیست ورۆژنامه‌نوسان، داهێنانی جۆره‌ها یاسا‌و بڕیار بۆ خنكاندنی هه‌موو جۆره‌كانی ئازاد، به‌رپاكردنی كاره‌ساتی تیرۆر وكوشتاری ژنان به‌به‌هانه‌ی ناموسپه‌رستی، به‌ڕێخستنی چه‌ند جه‌نگی ناوخۆی كۆنه‌په‌رستانه و‌ماڵوێرانكه‌ر، كوشتار‌و ئه‌تك كردنی دیله‌كانی ئه‌و جه‌نگانه‌و ئاواره كردنی لایه‌نگرانی یه‌كتری، سه‌پاندنی یاسای كاری هه‌رزان و كرێكاری خامۆش و بێمافكراو به‌سه‌ر چینی كرێكاردا، تیرۆر‌و سه‌ركوتی هه‌ڵسوڕاوانی كرێكاری وپه‌لاماردانی رێكخراوه كرێكاریه‌كان، په‌لكێش كردنی له‌شكرو ده‌زگا جاسوسی وتیرۆرسته‌كانی ده‌وڵه‌تانی كۆنه‌په‌رستی ناوچه‌كه بۆ سه‌ر دڵی خه‌ڵكی كوردستان، … بوون به‌كارنامه‌ی 20 ساڵی ده‌سه‌ڵاتی بزووتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی. كه‌له هه‌مان كاتدا بوونه زه‌مینه‌و بنه‌ماكانی هاندانی راپه‌ڕینی خه‌ڵكی كوردستان له‌دژی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته.
به‌رپابوون و سه‌ركه‌وتنی شۆڕشه‌كانی میسر‌و تونس له وه‌لانانی سه‌رۆك وهه‌ڵپێچانی به‌شێكى به‌رچاو له ده‌زگاى ده‌وڵه‌تى دوو رژێمی گه‌نده‌ڵ و سته‌مكاری ئه‌و دوو ووڵاته‌دا، په‌ره‌گرتنی هه‌لومه‌رجێكی شۆڕشگێڕانه له ئاستی ناوچه‌كه‌دا، هانده‌رو یاریده‌ده‌ری ئه‌وه‌بوو كه‌راپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری له دژی ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵ و سته‌مكاری بورژوازی كورد له 17ی شوباتی 2011دا ده‌ست پێبكات. له‌و كاته‌وه بۆ ماوه‌ی 62 رۆژ، بزووتنه‌وه‌یه‌كی ناڕه‌زایه‌تی وشۆڕشگێڕانه‌ی جه‌ماوه‌ری فراوان، به‌بێ راوه‌ستان و به وره‌یه‌كی به‌رزو ئومێده‌واریه‌كی گه‌وره‌وه، له‌ده‌وری داخوازیه به‌رحه‌ق و ره‌واو رادیكاڵه‌كانی كرێكاران وجه‌ماوه‌ری ده‌ست ته‌نگ و ئازادیخواز، له مه‌یدان راوه‌ستاو سنگی نا به‌گوله‌ی حكومه‌تی كوردیه‌وه‌و مه‌یدانی چۆڵ نه‌كرد. له‌م ته‌جروبه‌یه‌شدا حكومه‌تی كوردی دووپاتی كرده‌وه كه به‌عس ئاسا ده‌ستی له‌سه‌ر په‌له‌پیتكه‌ی تفه‌نگه بۆ كوشتاری خه‌ڵكی ناڕازی و ئاماده‌یه گۆماوی خوێنی “میلله‌تی خۆ” به‌ڕێخات، ئاماده‌یه هه‌رچه‌ند پێویست بكات بۆ پاراستن ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵی بنه‌ماڵه‌یی، له‌خه‌ڵكی مه‌ده‌نی وته‌نانه‌ت نه‌وجه‌وانان ومنداڵانیش بكوژێت، تا ناچاریان بكات ده‌ست له داخوازیه‌كانیان هه‌ڵگرن، بۆ ئه‌وه‌ی ژیانی شاهانه‌ی ئه‌وان له‌سه‌ر حیسابی بیده‌ره‌تانی ملیونی هاوڵاتیان به‌رده‌وام بیت.
ده‌سكه‌وته‌كان:
دوای 62 رۆژ به راگه‌یاندنی به‌كرده‌وه‌ی حكومه‌تی عورفی كوردی، به له‌شكركێشی فراوان له ناوچه جیاجیاكانی كوردستان وعێراقه‌وه بۆسه‌ر جه‌ماوه‌ری راپه‌ڕیو، به به‌كارهێنانی شێوازی جۆراوجۆری فراوانترین سه‌ركوت و ملهوڕی، به‌شێوه‌یه‌كی كاتی مه‌یدانه‌كانی ئازادی له ده‌ستی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه ده‌رهێنراو خۆپیشاندانه‌كانی راگیرا. ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه هه‌رچه‌نده پاشه‌كشه‌یه‌كی كاتی به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه‌و تائێستا به‌خواست وئامانجه‌كانی خۆی نه‌گه‌یشتوه، به‌ڵام نه‌ك هه‌ر شكستی نه‌خواردوه‌و كۆتایی پینه‌هاتووه، به‌لكو ده‌سكه‌وتی گرنگ ومه‌زنی هه‌بووه كه رێگای هه‌نگاوه‌كانی داهاتووی به‌ره‌و سه‌ركه‌وتن، ده‌نه‌خشێنێت.
یه‌كه‌مین ده‌سكه‌وتی هه‌ره گه‌وره‌ی ئه‌وه‌یه كه كۆتی خۆشباوه‌ڕی به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سته‌مكارو تاوانكارو ملهوڕی كوردایه‌تی پساندو له‌و دیوی هه‌موو فریوكاریه نه‌ته‌وه په‌رستی وخورافاته ناسیونالیستیه‌كانه‌وه، ماهیه‌تی بزووتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی و ناسیونالیزمی كوردی، زۆر به‌رۆشنی خسته به‌رده‌ستی خه‌ڵكی كوردستان. به‌مه‌ش چه‌كێكی كوشنده له‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی كوردی بۆ سه‌پاندنی سته‌مكاری به‌سه‌ر جه‌ماوه‌ری چه‌وساوه‌دا، ده‌رهێنرا. ئه‌ویش چه‌كی خۆشباوه‌ری وفریوكاریه. ئیتر ده‌سه‌ڵاتی كوردی له‌سه‌ر یه‌ك قاچی سه‌ركوتكردن خۆی راگرتووه. به‌ڵام راوه‌ستان له‌سه‌ر یه‌ک قاچ و راگرتنی ده‌سه‌ڵات به‌زه‌بری حكومه‌تی عورفی، به‌ڵگه‌یه‌که بۆ به‌سه‌رچوونی ته‌مه‌نی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته و به‌م كاره‌ی حوكمی مه‌رگی خۆی داوه‌ته ده‌ستی خه‌ڵكی كوردستانه‌وه. ئیتر ئه‌وه كار‌و ئه‌ركی خه‌ڵكی كوردستانه كه‌چۆن وكه‌ی ئه‌م حوكمه جێ‌به‌جێ ده‌كات.
ئه‌م سه‌رکوت و له‌شکرکێشیه، له‌هه‌مان کاتدا ئه‌و ڕاستییه‌ی به‌رجه‌سته‌کرده‌وه که سوپا‌و هێزه چه‌کداره‌کان ودامه‌زراوه موخابه‌راتی ومافیایه‌کانی ئێستای کوردستان، وه‌کو دام وده‌زگاکانی هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێکی بیروکراتیکی بۆرژوازی له دونیادا، ماهیه‌تێکی سه‌رکوتگه‌رانه‌یان هه‌یه. ئه‌م ده‌زگایانه ڕاسته‌وخۆ له به‌رامبه‌ر بزووتنه‌وه و ناڕه‌زایه‌تی هه‌قخوازانه‌ی چینی کرێکار‌و جه‌ماوه‌ری زه‌حمه‌تکێشدان و ئاماده‌ن بۆ ڕاگرتنی پایه‌کانی کۆمه‌ڵگای بورژوازی و سته‌م و چه‌وسانه‌وه، کۆمه‌ڵگا له خوێنی هاوڵاتیان هه‌ڵکێشن. په‌لاماردان و کوشتن و گرتن و میلیتاریزه‌کردنی شاره‌کان، ناوه‌ڕۆکی پوچی ئه‌و “پیرۆزی”یه‌ی خسته ده‌ستی جه‌ماوه‌ره‌وه، که گوایه ئه‌م ده‌زگایانه به‌تایبه‌تی، هێزی پێشمه‌رگه‌ی “ئامرازی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و ڕزگاری کوردستان و گێرانه‌وه‌ی ناوچه‌دابراوه‌کان و پاراستنی ئاسایشی کۆمه‌لایه‌تین”. ته‌نانه‌ت په‌رده‌ی له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆکی ئه‌و هه‌وڵانه‌ی لایه‌نه بۆرژوازیه‌کانی ئۆپۆزسیۆنه‌کان هه‌ڵدایه‌وه، که پڕۆژه‌ی هێشتنه‌وه‌ی ئه‌م هێز و ده‌زگا سه‌رکوتگه‌رانه‌یان به‌ناویی “به‌نیشتمانی کردن و به‌یاسایی کردنی” هێزی چه‌کدار و ده‌زگا موخابه‌راتییه‌کانی ئێستایان کردۆته به‌شێک له به‌رنامه‌ی گۆڕانکاری وچاکسازی خۆیان. ڕووداوه‌کانی 17 شوبات ئه‌و ڕاستییه‌ی سه‌لماند که هێزی چه‌کدار و ده‌زگا سه‌رکوتگه‌ره‌کان، هێزی پاراستنی “نیشتمان وئاشتی کۆمه‌ڵایه‌تی” نین. به‌ڵکو به‌هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌م ده‌زگایانه و ده‌ستکۆتاکردنی ده‌سه‌لات له‌م ئامرازانه‌ی سه‌رکوت، مه‌رجی سه‌ره‌کیه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات پشت به‌ئیراده‌ی ڕاسته‌وخۆی خه‌ڵک ببه‌ستێ.
ده‌سكه‌وتی گرنگی دیكه‌ی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه گۆڕینی هاوسه‌نگی هێزی نێوان ده‌سه‌ڵاتی بورژوازی كورد و كرێكاران و جه‌ماوه‌ری سته‌مدیده‌و ئازادیخوازه. ساڵه‌هایه ئه‌م جه‌ماوه‌ره به‌هۆی گرفتاربوون به‌وه‌هم و خوارافاتی ناسیونالیستیه‌وه، ئیراده‌یان له‌ژێر پێ‌ی ده‌سه‌ڵاتی میلیشایی ئه‌و حیزبانه‌دا تێكهاڕاوه. ئه‌مه‌ش ڕوكنه‌كانی هاوسه‌نگیه‌كی به‌ته‌واوی به‌قازانجی ده‌سه‌ڵاتی سته‌مكاری بورژوازی كوردی داكوتابوو. ئه‌م بزووتنه‌ویه ئه‌و هاوسه‌نگیه‌ی تێكدا‌و به‌باری قازانجی جه‌ماوه‌ری سته‌مدیده‌دا ئاڵوگۆڕی گه‌وره‌ی تیادا پێكهێنا.
هه‌ر له‌جه‌رگه‌ی ئه‌م بزووتنه‌ویه‌دا هۆشیاری سیاسی چینی كرێكار‌و جه‌ماوه‌ری سته‌مدیده له‌ئاست ناسینی به‌رژه‌وه‌ندیه جیاوازه‌كانی خۆى له‌بورژوازی كورد، به‌ره‌و سه‌رچوو. به‌رچاویان له‌ئاست ناسینی به‌رژه‌وه‌ندی وخواسته‌كانی خۆیان رۆشنتر بووه‌وه. ته‌نانه‌ت هه‌نگاوێكی سه‌ره‌تایی له‌رێگای یه‌كده‌ست بوونه‌وه‌و خۆرێكخستن به‌ره‌وپێش هه‌ڵگیرا.
ده‌سكه‌وتێكی هه‌ره گه‌وره، هاتنه‌وه‌مه‌یدانێكی سه‌رله‌نوێ و ده‌ركه‌وتنه‌وه‌ی سیاسی حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاری بوو، له‌ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تیدا وه‌كو حیزبێكی كرێكاری و كۆمۆنیست وشۆڕشگێڕو نواندنی ده‌ورێكی سیاسی ده‌خاڵه‌تگه‌ر له‌ساحه‌ی سیاسی‌دا. ئه‌مه ده‌سكه‌وت و پێشڕه‌ویه‌كی گه‌وره‌یه له‌رێگای پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه سیاسیه‌ی كه له چه‌ند ساڵی رابردوودا، به‌تایبه‌تی له دوای په‌لاماری چه‌كدارانه‌ی یه‌كێتی بۆسه‌ر حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاری له14ی ته‌موزی 2000ه‌وه هاته كایه‌وه. ئێستا حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاری، به‌شایه‌تی دۆست ودوژمن، یه‌كێكه له یاریكه‌رانی خاوه‌ن ده‌ور له‌ساحه‌ی سیاسی‌دا و ئه‌مه‌ش فاكتۆرێكی زۆر كاریگه‌ره و یه‌كێكه له پێداویستیه حه‌یاتیه‌كانی پێشڕه‌ویی داهاتوو.
له رووی به‌دیهاتنی داخوازیه سیاسی و ئابوریه‌كانی جه‌ماوه‌ریشه‌وه. هه‌رچه‌نده ئه‌و خواستانه تا ئیستا به‌دینه‌هاتوون و ده‌سه‌ڵات به‌راشكاوی دانی به‌هیچیاندا نه‌ناوه، به‌ڵام سه‌ردانه‌واندنی ته‌م ومژاوی ده‌سه‌ڵات وبه‌ڵێنه‌كانیان بۆ جێ‌به‌جێ كردنی داخوازیه‌كانی جه‌ماوه‌ر، له‌سه‌ریان بووه به‌ماڵ. زه‌بری ئه‌و چه‌کوشه‌ش كه بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری به‌سه‌ر سه‌ری ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌وه ڕایگرتووه، ناكرێ ئه‌وه‌نده ترسی له دڵیدا نه‌چاندبێت كه ناچاربێت له‌و بوارانه‌شدا داخوازیه‌كانی له‌به‌رچاو بگرێت و هه‌ر وه‌كو پێش 17ی شوبات خۆی له‌ئاست ویست وداخوازیه‌كان خه‌ڵك گێل بكات. ده‌سه‌ڵات ناچاره له‌و بوارانه‌دا لانی که‌م ئاستێك له داخوازیه‌كانی خه‌ڵك وه‌ڵام بداته‌وه. ئه‌مه‌ش ده‌سكه‌وتێكی گه‌وره‌ی دیکه ده‌بێت.
لایه‌نه لاوازه‌كان و ده‌رسه‌كان:
هه‌ڵبه‌ت ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه ده‌یتوانی له‌م ئاسته زیاتر بڕواته پێش و له هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا به‌خواسته‌كانی خۆی بگات، یان سه‌ركه‌وتنی زیاتر له‌و رێگایه‌دا به‌ده‌ست بهێنێت. به‌ڵام كه‌م وكوڕی وئاسته‌نگی وگرفته‌كانی خودی بزووتنه‌وه‌كه، ئه‌م رێگایه‌یان لێی به‌ربه‌ست كرد‌و بواریاندا به ده‌سه‌ڵات كه بتوانێ له دووڕیانی سه‌ركوت یان وه‌ڵامدانه‌وه‌ی داخوازیه‌كاندا، ڕێگای سه‌ركوت هه‌ڵبژێرێت. ئه‌گه‌ر له‌یه‌ك رسته‌دا گرفت وكه‌م و كوڕیه بنه‌ڕه‌تیه‌كانی بزووتنه‌وه‌كه به‌یان بكه‌ین، بریتی بوو له‌وه‌ی كه كۆمۆنیزم وحیزبی كۆمۆنیستی كرێكاری به‌و هۆیه‌وه که‌له ده‌وره‌ی پێش 17ی شوباتدا نه‌یتوانی بوو وه‌کو هێزێکی سیاسی ده‌خاڵه‌تگه‌ر، به‌دیلێکی کۆمۆنیستی رزگاریبه‌خش ده‌ربکه‌وێ و ببێته ئامرازی ڕێکخستن و یه‌کگرتووکردنی ڕیزی کریکارانی پێشڕه‌و و هه‌ڵسووراوانی کۆمۆنیست. هه‌ر بۆیه له جه‌رگه‌ی بزووتنه‌وه ناڕه‌زایه‌تیه‌که‌شدا، نه‌یتوانی تائاستی رابه‌ری سیاسی بزووتنه‌وه‌كه جێگا په‌یدا بکات وسیاسه‌ت وتاكتیك وپلاتفۆرمه‌كه‌ی، به‌كرده‌وه نه‌بوو به به‌رنامه عه‌مه‌لی بزووتنه‌وه‌كه. هه‌ر به‌م پێیه گرفتی گه‌وره‌ی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه له پێش هه‌موو شتێك‌دا ئه‌وه بوو که یه‌خسیری باڵاده‌ستی ئاسۆی سیاسی وئالته‌رناتیڤی باڵیکی بۆرژوای ئۆپۆزسێون بوو له‌ژێر ناوی “ڕیفۆرم خوازی”دا. په‌رلامنتاریزم و سیناریۆی هه‌ڵبژاردنه‌کان و پیکهێنانی ئالوگۆر له‌ڕێگای سندوقه‌کانی ده‌نگدانه‌وه، بۆ چاکسازی، سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له دوا سیناریۆی هه‌لبژاردنه‌وه، ئه‌م باله ناسیونالیسته‌ی بۆرژوازی نارازی، توانیبووی به‌هه‌وڵی میدیای ئه‌هلی ورۆشنبیرانی ناڕازی و دیموکراتخواز، ئه‌م ئاسۆ وباوه‌رانه به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگادا زال بکات. له درێژه‌ی ئه‌مه‌شدا به‌راده‌ی سه‌ره‌کی رابه‌ری بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری به‌ده‌سته‌وه بگرێت. له کاتێکدا که له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه ناکۆک بوو له‌گه‌ڵ ئه‌و ئامانج و‌خواستانه‌دا که جه‌ماوه‌ری ناڕازی بۆی هاتبوونه مه‌یدانه‌وه. کۆمه‌ڵگای کوردستان که له‌سه‌ر بنه‌مای قه‌ڵشتی چینایه‌تی و له‌ژێرکاریگه‌ری شۆڕشه‌کانی تونس ومیسردا بۆنی به‌شۆڕشه‌وه کردبوو، بۆ خواستی پێکهێنانی ئالوگۆڕی ڕیشه‌یی و به‌ده‌ستهێنانی ئازادی و یه‌کسانی وعه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی هاتنه‌مه‌یدانه‌وه، به‌ڵام به‌و هۆیه‌وه که پێستر له فه‌زای سیاسی گشتی کوردستاندا به‌رامبه‌ر به‌سیاسه‌ت وئامانج وباوه‌ره‌کانی ئه‌م باڵه‌ی بۆرژوازی ئۆپۆزسیۆن خۆشباوه‌ربوون، بوار به‌رووی ده‌ور په‌یداکردنی ئه‌م باڵه‌ی بۆرژوازی وه‌کو رابه‌ری ناره‌زایه‌تی و خۆپیشاندانه‌کان کرایه‌وه. به‌واتایه‌کی تر جه‌ماوه‌ری سته‌مدیده‌ی كوردستان به دروست ئاڵای باڵێكی بورژوازی كوردیان خسته سه‌ر زه‌وی، به‌ڵام به نادروست له ئاست ئاڵای باڵێكی دیكه‌ی بورژوازی كورددا خۆشباوه‌ڕ مانه‌وه. باڵی بورژوازی ئۆپۆزیسیونی كوردی پێكهاتوو له‌ناسیونالیزم و ئیسلامی سیاسی، كه خۆی له بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و ره‌وته ئیسلامیه‌كاندا نواند، به‌ناحه‌ق بوون به به‌شێكی گه‌وره له ئاڵای نه‌فره‌ت له بورژوازی ده‌سه‌ڵاتداری كورد. له‌كاتێكدا ئه‌و ئۆپۆزیسیونه بورژوازیه نه له‌رووی ئاسۆیه‌كی سیاسی كه بۆ ئاینده‌ی سیاسی كوردستان هه‌یانه و نه له‌رووی به‌رنامه‌و ئامانجه‌كانیانه‌وه، هیچ ته‌بایی وجوت بوونیكیان نیه له‌گه‌ڵ ئازادی ویه‌كسانی وعه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌و خواستانه‌ی تری جه‌ماوه‌ر كه بوونه دروشم و داواكاریه‌كانی بزووتنه‌وه‌كه. بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان خۆی به‌شێكه له‌هه‌مان خانه‌واده و بزووتنه‌وه‌ی بۆرژوازی ده‌سه‌ڵاتداری ئێستا. گۆڕان نوێنه‌ری ناڕه‌زایه‌تی به‌شێكی چینی سه‌رمایه‌داری كورده، كه له به‌شی خۆی له ده‌ستڕه‌نجی به‌تاڵان براوی كرێكاران وجه‌ماوه‌ری زه‌حمه‌تكێشی كوردستان و سه‌روه‌تی كۆمه‌ڵگا، ناڕازیه. ناڕازیه له چۆنیه‌تی دابه‌شكردنی ده‌ستڕه‌نجی كرێكاران و سه‌روه‌تی به‌تاڵاتبراوی كۆمه‌ڵگا له نێوای به‌شه‌كانی بورژوازیدا، نه‌ك له خودی به تاڵانبردنی ئه‌و ده‌ست ڕه‌نج و سه‌روه‌ته. ئیسلامی سیاسیش هه‌ر كێشه‌كی له‌گه‌ڵ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته هه‌بێت، نه‌ك هه‌ر هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به‌ئازادی و یه‌كسانی و خواسته‌كانی جه‌ماوه‌ره‌وه نیه به‌ڵكوو دژايه‌تى توندی هه‌یه له گه‌ڵیاندا. له روانگه‌ی ئه‌وانه‌وه به‌رپاكردنی مه‌مله‌كه‌تی ئایه‌توڵاكانی ئێران و چه‌ته چه‌كداره‌كانی تاڵیبان، ئه‌لگۆی حوكمڕانیه بۆ ئاینده‌ی كوردستان. سه‌رجه‌م پلاتفۆڕمی ئه‌م به‌ره‌و هاوپه‌یمانیتیه ناسیونالیستی و ئیسلامیه ناكۆكیه‌كی قوڵی له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی و ویست وئامانجه‌كانی جه‌ماوه‌ری راپه‌ڕیوی كوردستان هه‌یه. به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن جه‌ماوه‌ر بكه‌ن به له‌شكری ره‌شی سیناریۆكانی خۆیان، هاتوون خۆیان له‌گه‌ڵ ئه‌و بزووتنه‌ویه ئاوێزان نیشانده‌ده‌ن.
كۆمه‌ڵگای كوردستان، كۆمه‌ڵگایه‌كی چینایه‌تیه، خه‌بات وكێشمه‌كێشی چینایه‌تی و ناكۆكی به‌رژه‌وه‌ندیه چینایه جیاوازه‌كان، ناكۆكی سه‌ره‌كی كۆمه‌ڵگای كوردستانه و هه‌موو كێشه‌كانی تر سه‌رچاوه ده‌به‌نه‌وه سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه. ئه‌وه‌ی كه چینی كرێكار‌و جه‌ماوه‌ری زه‌حمه‌تكێش و سته‌مدیده له ناو بزووتنه‌وه‌یه‌كی هه‌مه گیردا، ریزی خۆیان له ریزی چینی بورژوازی و حیزبه سیاسیه‌كانی جیا نه‌كه‌نه‌وه، ته‌نانه‌ت له‌وه‌ش خراپتر كاتێك راپێچبن بۆ ژێرباری ئاڵا‌و رابه‌ری سیاسی حیزبه بۆرژوازیه‌كان، مانای ئه‌وه‌یه له‌و رێگایه دور ده‌كه‌ونه‌وه كه ده‌یانگه‌یه‌نێت به ئامانجه چینایه‌تیه‌كانی خۆیان. مانای ئه‌وه‌یه ده‌بنه پێپیلكانه‌یه‌ك كه به‌سه‌ر شانیاندا به‌شه جیاجیاكانی چینی بورژوازی سه‌رده‌كه‌ون بۆسه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات تا دیسانه‌وه مژینی خوێن و شیله‌ی گیانی كرێكاران و بێبه‌شانی كۆمه‌ڵگا بكه‌ن به نسیبی خۆیان. هیچ بزووتنه‌وه‌و هیچ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كی هاوبه‌ش له نێوان ئه‌م دوو چینه‌دا نیه‌و نابێ و ناكرێ له‌یه‌ك ریزدا راوه‌ستن. راوه‌ستانیان له یه‌ك ریزدا، مانایه‌كی نییه جگه له ته‌سلیم بوونی چینی كرێكار‌و سته‌مكێشان به‌ریزو ئاڵا‌و ئاسۆی بورژوازی. خاڵێكی هه‌ره لاوازی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه ناڕێکخراوبوون و به‌رجه‌سته نه‌بونی ریزی سه‌ربه‌خۆی چینی كرێكار‌و جه‌ماوه‌ری زه‌حمه‌تكێش و به‌م جۆره‌ش راپێچ بونیان بوو بۆ ژێر ئاڵا‌و رابه‌ری باڵێكی تری بورژوازی كورد.
باڵا ده‌ستی رابه‌ری ئه‌م باڵه‌ی بورژوازی، هه‌رچه‌نده له‌م ماوه‌یه‌دا نه‌یتوانی ناوه‌ڕۆکی بزووتنه‌وه‌که بگۆڕێت وه‌کو بزووتنه‌وه‌یه‌کی ناڕه‌زایه‌تی و شۆڕشگێڕانه له پێناو باشکردنی ژیان و مافه‌کانی کرێکاران و جه‌ماوه‌ری ئازادیخواز له ده‌وری کۆمه‌ڵێک داخوازی سیاسی و ئابوری ڕادیکاڵ، به‌ڵام له درێژه‌ی خۆیدا ئه‌گه‌ر و مه‌ترسی گه‌وره‌ی ئه‌وه هه‌بوو که سه‌رئه‌نجام رێڕه‌وی بزووتنه‌وه‌كه و ئه‌و ناوه‌ڕۆکه‌ی بگۆڕێ بۆ بزووتنه‌وه‌یه‌ك له پێناوی به‌هێزكردنی پێگه‌ی باڵێكی بورژوازی له ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و له به‌تاڵانبردنی ده‌سڕه‌نجی كرێكاران و سه‌روه‌تی كۆمه‌لگادا. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ر ئه‌م فاکته‌ره و هه‌ر له‌م ده‌وره‌یه‌دا، ده‌وری زۆر سه‌ره‌كی بینی له‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌كه له ئاستێكی ته‌نگدا قه‌تیس بمێنێت، په‌لنه‌كێشێت بۆ كارگه‌و گه‌ڕه‌ك و فه‌رمانگه‌کان و…به‌م جۆره‌ش توانای واوه‌تر رۆیشتن له مه‌رامه‌كانی ئه‌و باڵه‌ی بورژوازی په‌یدا بكات. هه‌ر به‌م پێه‌ش ده‌وری بینی له‌وه‌ی سه‌رئه‌نجام بزووتنه‌وه‌که دووچاری پاشه‌کشه ببێت. هه‌روه‌ها ئه‌و تاكتیكانه‌ی ئه‌م باڵانه‌ی بورژوازی نایانه به‌رده‌م بزووتنه‌وه‌كه‌و سه‌رئه‌نجام زاڵیانكرد به سه‌ریدا، هه‌مووی به‌و ئاراسته‌یه‌دا بوو كه بزووتنه‌وه‌كه بكه‌ن به بزووتنه‌وه‌یه‌ك له پێناو مه‌رامه‌كانی خۆیان و ئامرازێكی فشاردان له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و پاشان به‌ندوبه‌ست له گه‌ڵیاندا، بۆ ئاڵوگۆڕێكی رواڵه‌تی له ده‌سه‌ڵاتی بورژوازی به ناوی”حكومه‌تی ته‌كنۆكرات، حكومه‌تی ته‌وافق، هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت…” كه سه‌رجه‌میان شتیك نین جگه له چه‌ك و پینه‌و ئارایشتدانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی بورژوازی، له‌سه‌ر حیسابی خه‌بات و قوربانیدانی كرێكاران و جه‌ماوه‌ری سته‌مدیده. به دیاریكراوی ئه‌وه‌ی به ناوی “نه‌خشه رێگای ئه‌نجومه‌نی كاتی سه‌رای ئازادی”ه‌وه راگه‌یه‌نرا، به ته‌واوی تاكتێكی بۆرژوازی بوو بۆ ئامانجه بورژوازیه‌كان كه به زۆره‌ملێ‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و ئیسلامیه‌كان سه‌پێنرا و ناكۆكی ئاشكرای هه‌بوو له‌گه‌ڵ هاوسنگى هێزی نێوان ده‌سه‌ڵات و بزووتنه‌وه‌كه و ره‌وتی په‌ره‌سه‌ندن و چوونه پێشی. ئه‌م تاكتیكه و نائاماده‌یی بزووتنه‌وه‌كه له پیاده‌كردنی و نه‌گونجانی له‌گه‌ڵ هاوسه‌نگی هێز، بزووتنه‌وه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ره‌وتێكی روو له نشێو و پاشه‌كشه به‌ره‌وڕوو كرد، هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م بناغه‌یه‌ش بواری سه‌ركوتی ملهوڕانه به‌ڕووی ده‌سه‌ڵاتدا ئاواڵا بوو.
به‌دیهاتنی ئازادی و یه‌كسانی و عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی له گره‌وی چیدایه؟
ئازادی و یه‌كسانی و عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی، كه دروشم و داخوازیه‌كانی زۆربه‌ی زۆری جه‌ماوه‌ری راپه‌ڕیو بوون. له راستیدا ته‌نها له رێگای شۆڕشێكی كرێكاری و به‌رپاكردنی كۆمه‌ڵگایه‌كی سۆسیالیستیه‌وه ده‌توانێ مسۆگه‌ر بێت. ئازادی وه‌کو زاده‌ی كۆمه‌ڵگاو ده‌سه‌ڵاتێكی بورژوازی له جێگایه‌كی وه‌كو كوردستاندا، ته‌نانه‌ت به مانا سیاسیه‌كه‌ی، جگه له خه‌یاڵ پڵاوی شتێكی تر نيه. كوردستان وه‌كو یه‌كێك له حه‌وزه‌كانی كاری هه‌رزان، ته‌نها له‌سه‌ر بناغه‌ی كاری هه‌رزان و كرێكاری خامۆش و بێمافكراو ده‌توانێ ده‌رگا به‌رووی سه‌رمایه‌ی جیهانیدا بكاته‌وه. به‌ڵام به‌بێ سه‌ركوتی سیاسی، كاری هه‌رزان و كرێكاری خامۆش و بێ‌ماف، ئیمكانی نیه. له جێگایه‌ك ئازادی سیاسی به مانای ئازادی به‌یان و هه‌ڵسوڕانی حیزبی و جه‌ماوه‌ری و مانگرتن و خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین له ئارادا بێت، كاری هه‌رزان له ئاست چه‌وسانه‌وه‌ی زه‌ق و ره‌قی چینایه‌تی هه‌رگیز خامۆش نابێت. ئه‌مه چ جای بگات به ئازادی به مانا هه‌مه‌لایه‌نه‌كه‌ی كه ئازادبوون بێت له جه‌ورو سته‌می سه‌رمایه، له هه‌ڵاواردنی جنسی و سته‌می كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی و سیاسی …هتد. یه‌كسانیش له كۆمه‌ڵگایه‌كدا كه دابه‌ش بوبێت بۆ كه‌مایه‌تیه‌كی سه‌رمایه‌داری مشه‌خۆری خاوه‌ن ژیانی فیرعه‌ونانه‌و زۆرایه‌تیه‌كی ده‌سته‌نگی كۆیله‌ی كرێگرته، كه خۆیان هه‌موو سه‌روه‌ت و سامانی كۆمه‌ڵگا به‌رهه‌م ده‌هێنێن. ده‌بێته ده‌سته‌واژه‌یه‌كی گاڵته‌جاڕانه. عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تیش له كۆمه‌ڵگایه‌كدا كه چه‌وساوه‌و چه‌وسێنه‌ری تیابێت، كه هه‌ڵاواردنی جۆراوجۆری تیا بێت…ته‌نها ده‌بێته پڕوپاگه‌نده‌یه‌كی فریوكارانه.
كه‌وایه ئه‌گه‌ر ئازادی و یه‌كسانی و عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی ئامانج و مه‌به‌ستی ئه‌م بزووتنه‌وه‌يه بێت، رێگایاكی تری نیه جگه له رێگای چوونه‌پێشی هه‌نگاو به هه‌نگاوی شۆڕشی به‌رده‌وام به‌ره‌و شۆڕشی كرێكاری و بنیاتنانی كۆمه‌ڵگایه‌كی سۆسیالیستی. بزووتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ری ئێستا ئه‌و شۆڕشه نیه، به‌ڵام بێشك چینی كرێكار‌و كۆمۆنیزم ده‌توانن و ده‌بێ به ریزی سه‌ربه‌خۆوه به‌شداری چالاكانه‌ی تیادا بكه‌ن، رابه‌رایه‌تیه‌كه‌ی به‌ده‌سته‌وه بگرن، پلاتفۆڕمی رادیكاڵی خۆیانی بخه‌نه به‌رده‌م، سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ی به‌و جۆره پێناسه بكه‌ن كه له‌و رێگایه‌دا و له كۆمه‌ك به‌و ئامانجه‌دا بڕواته پێشه‌وه. ته‌نها ئه‌مه‌ش ده‌توانێ زامنی ئه‌وه بێت كه داخوازی و ئامانجه‌كانی جه‌ماوه‌ری سته‌مدیده‌و ئازادیخواز له قوڵتیرین ئاستی خۆیدا مسۆگه‌ر بێت.
سه‌ركه‌وتنی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه له گره‌وی چیدایه؟
هه‌ڵپێچانی ده‌سه‌ڵاتی میلیشایی ئێستای بورژوازی كورد، بێشك ده‌بێ هه‌نگاوێك بێت له‌م رێگایه‌دا. ئه‌م ده‌سه‌ڵاته هه‌ر له رۆژی یه‌كه‌می هاتنه سه‌ركاریه‌وه، له روانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی چینی كرێكار‌و به‌شمه‌ینه‌تان و هه‌موو ئازادیخوازانی كۆمه‌ڵگاوه، ده‌بوو وه‌لابنرێت. به سه‌ركوتی راپه‌ڕینی 17ی شوبات و مامه‌ڵه‌ی سه‌دامی و ئه‌سه‌دی و قه‌زافیانه له‌گه‌ڵ داخوازیه‌كانی خه‌ڵك، ئه‌م ده‌سه‌ڵاته ئیتر خۆی ده‌ستپێشخه‌ری كردوه‌و خۆی حوكمی روخانی خۆی داوه‌ته ده‌ستی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكه‌وه. ئه‌مه‌ش ده‌سكه‌وتێكی گه‌وره‌ی بزووتنه‌وه‌كه‌یه. به‌ڵام ئه‌م ده‌سه‌ڵاته نه به داخوازی و نه به قسه‌ی خۆش و نه به ئاره‌زووی خۆی له‌به‌رخاتری ئازادی و ئاره‌زووه‌كانی خه‌ڵك هه‌ڵناوه‌شێته‌وه. دام و ده‌زگای سه‌ركوتی جۆراوجۆری هه‌یه كه ساڵه‌هایه به‌خێویان ده‌كات، به‌بێ له‌كارخستنی ئه‌و دام و ده‌زگایانه و شكست خواردنیان له شه‌ڕی سه‌ركوتی بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌دا، كورسی ده‌سه‌ڵات به‌جێناهێلێت. ئه‌م ده‌سه‌ڵاته ده‌بێ به خه‌بات و هاتنه‌مه‌یدانی جه‌ماوه‌ری هه‌ڵوه‌شێته‌وه‌و به‌رێبكرێت. بۆ ئه‌مه‌ش ئاسۆ‌و ئاڵا‌و رابه‌ریه‌كی شۆڕشگێڕانه بۆ بزووتنه‌وه‌كه پێویسته. ئه‌ویش جگه له كۆمۆنیزمی چینی كرێكار هیچی تر نیه. هاوكات رێكخراوبوونی چینی كرێكار‌و جه‌ماوه‌ری سته‌مدیده‌و ئازادیخواز له ریزێكی سه‌ربه‌خۆ له ده‌وری ئه‌و ئاڵا و ئاسۆ و رابه‌رایه‌تیه پێویسته. كرێكاران و جه‌ماوه‌ری ئازادیخواز ئه‌گه‌ر نارێكخراو بمێننه‌وه توانای به‌سه‌رمه‌ر گه‌یاندنی ئه‌م کاره‌یان نابێت. یان دوچاری شكست ده‌بن یان ده‌بنه له‌شكری ره‌شی ره‌وته بورژوازیه‌كان. ده‌سه‌ڵاتی میلیشایی ئێستا و لایه‌نه بورژوازیه‌كانی نه‌یاریان، كه هه‌موو چه‌كدارن، چاوه‌وڕانی ئه‌وه‌یان لێده‌كرێت كه سیناریۆی‌ی جۆراوجۆر به‌رپابكه‌ن بۆ له خوێن هه‌ڵكێشانی كۆمه‌ڵگاو تێكدانی ره‌وتی بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه. ئه‌وه‌ی ده‌توانێ به‌ر له‌م مه‌ترسیانه بگرێت، ته‌نها هێزی رێكخراو و چه‌كداری چینی كرێكار‌و جه‌ماوه‌ری شۆڕشگێڕه له ریزی خۆیان و له ده‌وری رابه‌ڕایه‌تیه‌كی كۆمۆنیستیدا.
ته‌جروبه‌ی ئه‌م 62 رۆژه نیشانی‌دا كه ته‌نها هاتنه‌مه‌یدان و خۆپیشاندان و میتینگه‌كانی مه‌یدانه‌كان و ته‌نانه‌ت هه‌ڵچونی بێ‌به‌رنامه كافی و كارساز نیه. سیاسه‌تی رۆشن و تاكتیكی ورد‌و كارساز پێویسته، رێكخراوبوون و رێكخستنی چینی كرێكار و جه‌ماوه‌ری ئازادیخواز پێویسته، یه‌كگرتن و یه‌کده‌ستی پێویسته. گومان له‌وه نیه كه ده‌سه‌ڵاتێكی گه‌نده‌ڵ و سته‌مكار، سه‌رئه‌نجام له پێناو مانه‌وه‌ی عومری خۆیدا، له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی راپه‌ڕیو ده‌جه‌نگێ و جه‌نگ به‌رپا ده‌كات و ده‌ست بۆ چه‌ك ده‌بات. ده‌بێ تاكتیكی كارساز بۆ به‌رگری له جه‌نگی پێشوه‌خت به‌ده‌سته‌وه بگرێت و له كاتی خۆیشیدا ده‌بێ توانای ئه‌وه په‌یدا بكرێت كه له‌و جه‌نگه‌دا سه‌ركه‌وتوانه بێیته‌ده‌ر. نابێ به راپه‌ڕین یاری بكرێت! نابێ هیچ هه‌نگاوێكی پێشوه‌خت بنرێت! كاتێك ته‌وقیتی دروشمی “بڕۆن بڕۆن” دیاری ده‌كرێت، كه بزووتنه‌وه‌كه توانای ئه‌وه‌ی هه‌بێت ناچار به رۆیشتنیان بكات یان له ناو كۆشكه شاهانه‌كه‌یان ده‌ستگیریان بكات. به‌بێ بوونی ئه‌م هێزو توانا‌و هاوسه‌نگیه، راگه‌یاندنی شه‌ڕی كۆتایی له‌سه‌ر ئه‌مه، جگه له به‌دبینی وه‌كو ئه‌نجامی ناكام مانه‌وه، جگه له زه‌مینه خۆشكردن بۆ شه‌ڕێكی ناوه‌خت و نابه‌رابه‌ر، سه‌رئه‌نجام جگه له به‌ده‌سته‌وه‌دانی فرسه‌ت بۆ سه‌ركوت، شتێكی تری لێناكه‌وێته‌وه.
ره‌وتی سه‌ركه‌وتنی بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری ئێستای كوردستان، به‌پێى پۆتانسیلی بزووتنه‌وه‌كه و ئاستی هاتنه‌مه‌یدان و واقعیه‌تی كۆمه‌ڵگای كوردستان و هێزه سیاسیه‌كانی، له ئێستادا هێشتا ره‌وتێكی له‌سه‌رخۆو هه‌نگاو به هه‌نگاوه. شێوه‌ی گونجاو و كارساز ئه‌وه‌یه له هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا پێداگری له‌سه‌ر هێنانه‌كایه‌وه‌ی فه‌زایه‌كی ئازادی سیاسی و سه‌پاندنی به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا بكات، له رێگای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یاسای سه‌ركوتی خۆپێشاندان و یاساكانی به‌رته‌سك كردنه‌وه‌ی ئازادی سیاسی. هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌وه به‌رزكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك خواستی ئابوری وه‌كو به‌رگرتن له گه‌نده‌ڵی و بیمه‌ی بێكاری و بردنه سه‌ری كرێ و دیاریكردنی لانی كه‌می كرێی كرێكاران و مانگانه‌ی فه‌مانبه‌ران و لانی زۆری مانگانه‌ی كاربه‌ده‌ستان، دابینكردنی خزمه‌تگوزاریه‌كان…هتد. هه‌روه‌ها له كاتێكدا كه ره‌وتی شۆڕشگێڕانه‌ی ناوچه‌كه، نه‌رێتی بۆماوه‌یی و ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌ی تێپه‌ڕاندوه‌و له گۆڕی ناوه، هه‌ر ئیستا وه‌كو خواستێكی ده‌ستبه‌جێ، كاتی ئه‌وه‌یه مسعود بارزانی ناچاربكرێت راشكاوانه رابگه‌یه‌نێت كه بۆ ده‌وره‌ی داهاتوو خۆی بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم كاندید ناكات و خه‌یاڵی ده‌ست به‌ده‌ست پێكردنی بنه‌ماڵه‌یی و بۆماوه‌یی ده‌سه‌ڵاتیش له به‌رنامه‌یاندا نیه…. پێ‌به‌پێ‌ی چونه‌پێشی بزووتنه‌وه‌كه له به‌دیهینانی داخوازیه ده‌ستبه‌جێكان و چونه‌سه‌ری توانای بزووتنه‌وه‌كه له رووی رێكخراوبوون و به‌رینبونه‌وه‌ی دامه‌نه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌حقیق بوونی ریزی سه‌ربه‌خۆو رابه‌ری رادیكاڵ و شۆڕشگێڕ بۆی، ئاستی داخوازیه‌كانیش به‌ره‌و سه‌ر ببرێن.
شێوه‌كانی ئێستای په‌رپێدانی خه‌باتی جه‌ماوه‌ری، بریتیه له به‌رینكردنه‌وه‌ی ره‌وتی مانگرتنه‌كانی ئێستا و كێشدانی بۆ كارگه‌و فه‌رمانگه‌و هه‌موو ناوه‌نده‌كانی خوێندن…و… پێكهینانی لیژنه‌و ده‌سته‌و كۆمیته جۆراوجۆره‌كان، له هه‌موو ئه‌و ناوه‌ندانه بۆ رێكخستنی جه‌ماوه‌ر و یه‌كده‌ست كردنه‌وه‌یان له ده‌وری پلاتفۆڕم و داخوازیه‌كان و شێوه‌كانی خه‌بات. به‌رپاكردنی كۆبونه‌وه گشتی و جه‌ماوه‌ریه‌كان له‌و ناوه‌ندانه و بردنه‌پێشیان به ئاقاری شكڵ‌گرتنی رێكخراوه كریكاریه‌كان و رێكخراوبوونى جه‌ماوه‌ری ئازادیخواز. به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی فه‌زای سیاسی گه‌ڕه‌كه‌كان و زاڵكردنی فه‌زای ئازادیخوازانه‌و كۆمۆنیستی و شۆڕشگێڕانه به‌سه‌ریاندا و به‌م جۆره‌ش ته‌نگ كردنه‌وه‌ی فه‌زای گه‌ڕه‌كه‌كان له ده‌سه‌ڵات و ره‌وته كۆنه‌په‌رسته‌كان. هه‌روه‌ها به هه‌مان شێواز‌و له قاڵب و چوارچێوه‌ی عه‌مه‌لی و گونجاو‌دا، به‌ڕێخستنی هه‌وڵێکی نه‌خشه‌مه‌ندانه بۆ سه‌راسه‌ری كردنه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌كه له ئاستی هه‌موو کوردستاندا. پێکهێنانی هاوئاهه‌نگی و هاوپشتیه‌کی پته‌و له نێوان ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه و بزووتنه‌وه‌ی ناڕزایه‌تی جه‌ماوه‌ری له عێراق. به‌ده‌ستهێنانی پشتیوانی جیهانی بۆ بزووتنه‌وه‌که و توندکردنه‌وه‌ی فشاری جیهانیش له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات. به‌ڕێخستنی راگه‌یاندنێكی كارای هه‌مه جۆره بۆ هه‌ڵخڕاندنی فه‌زای كۆمه‌ڵگا له ده‌وری پلاتفۆرمی بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری و شۆڕشگێڕانه‌و هه‌نگاو و شێوازه‌كانی چونه‌پێشه‌وه.
پێگه‌ی چینی كریكار له سه‌رخستنی بزووتنه‌وه‌كه‌دا:
له گشت ئه‌م پرۆسه‌یه‌دا به‌بێ ئه‌وه‌ی چینی کرێکار وه‌کو کۆڵه‌که‌ی سه‌ره‌کی و بڕبڕه‌پشتی ره‌وتی ئالوگۆڕی شۆڕشگێڕانه‌ی ئه‌م سه‌رده‌مه و و ئه‌م بزووتنه‌وه جه‌ماوه‌ریه، پێبنێته مه‌یدانه‌وه، زۆر ئه‌سته‌مه ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه ته‌نانه‌ت به لانی که‌می ئامانجه‌کانی خۆی بگات. ده‌روی چینی كرێكار بۆ سه‌که‌وتنی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه و ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانه حه‌یاتی و چاره‌نوس سازه. له‌م ده‌ورانه‌دا هیچ ئاڵوگۆڕێكی شۆڕشگێڕانه و ریشه‌یی له ژیانی كۆمه‌ڵگادا ناتوانێ به‌بێ ده‌وری پێشڕه‌و و كاریگه‌ری چینی كرێكار به‌سه‌مه‌ر بگات. ئه‌گه‌ر ئه‌م هێزه له ئاستی فراواندا به‌ڕیزی سه‌ربه‌خۆوه پێبنێته مه‌یدانه‌وه و ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر خه‌تی سیاسی و تاكتیكی كارساز بگیرسێته‌وه، هێزێكه شكاندنی یه‌كجار سه‌خته. هه‌ر رۆژێك كرێكارانی چیمه‌نتۆو نه‌وت و شاره‌وانی و جێگاكانی تر ته‌نها ده‌ست له‌كار بكێشنه‌وه، چۆكی بۆرژوازی و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی ده‌شكێنن. چینی كرێكار خاوه‌ن پێگه‌و پۆتانسیلێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی به‌هێزه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر به شێوه‌ی په‌رش و بڵاو و ناڕێكخراو، ته‌نانه‌ت به‌شی هه‌ر زۆری خۆپێشانده‌ران و به‌شداربوانی میتنگه‌كانی مه‌یدانی ئازادیش پێكبهێنێت، ناتوانێ زه‌بری توانای كۆمه‌ڵایه‌تی خۆی به‌كاربه‌رێت. به‌ڵكو ته‌نها ده‌توانێ ده‌وری هێزی پیاده‌ی ئه‌و بزووتنه‌وانه بگێڕێت كه ئامانج و به‌رژه‌وه‌ندیه چینایه‌تیه‌كانی كرێكاری تیادا كراوه به قوربانی یان ونبووه. توانای چینی كرێكار له پێگه‌ی ئه‌م چینه له به‌رهه‌مهینانی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت. به‌بێ ئه‌وه‌ی وه‌كو چینێكی به‌رهه‌مهێنه‌رو شاده‌ماری ئابوری و سه‌روه‌تی كۆمه‌ڵگا، له هه‌مان جێگای كار‌و به‌رهه‌م هێناندا رێكخراو بێت و له‌و جێگا‌و رێگایه‌وه گورزی خۆی راوه‌شێنێ، ناتوانی بره‌وی واقعی خۆی هه‌بێت. ئه‌گه‌ر كۆمۆنیزم به هه‌ر هۆیه‌كه‌وه رێکخراوکردن و هێنانه‌مه‌یدانی ئه‌م چینه‌و كردنی به بڕه‌بڕه پشتی بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه له ده‌ستوری خۆی دانه‌نێت، نه شتێك له كۆمۆنیزمه‌كه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌و نه هیچ شانسێك بۆ سه‌ركه‌وتن له‌به‌رده‌م خۆی ده‌هێڵێته‌وه. بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ریش به‌بێ ده‌وری پێشڕه‌وانه‌ی چینی كرێكار سه‌ركه‌وتنی نیوه ناچڵیشی ئه‌سته‌مه.
پیویستی په‌یوه‌ست بوون به حیزبی كۆمۆنیستی كرێكارییه‌وه:
له‌م ده‌وره‌یه‌شدا و له جه‌رگه‌ی بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری و شۆڕشگێڕانه‌ی كوردستاندا، وه‌كو ده‌وره‌كانی رابردوو، ره‌وتی شۆڕشگێڕی واقعی و ئازادیخوازی و كۆمۆنیزمی چینی كرێكار له حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاری‌دا خۆی نیشاندا. ئاسۆی ئازادی و یه‌كسانی و عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی ساڵه‌هایه له‌لایه‌ن ئه‌م حیزبه‌وه نوێنه‌رایه‌تی كراوه‌و خه‌باتی بۆ به‌ڕێخراوه‌و قوربانی بۆ دراوه. ده‌رسه‌كانی ئه‌م دوو مانگه‌و پێداویستیه‌كانی سه‌ركه‌وتنی بزووتنه‌وه‌كه، به‌ر له‌وه‌ی پاشه‌كشه‌ی پێبكرێت له‌لایه‌ن ئه‌م حیزبه‌وه پێشبینی كراوه‌و خراوه‌ته به‌رده‌ست. له ماوه‌ی ئه‌و دوو مانگه‌شدا ئه‌م حزبه به سیاسه‌ت و تاكتیكه‌كانی، به راگه‌یاندن و ووتاری رابه‌رانی له مه‌یدانه‌كانی ئازادی و خۆپیشاندانه‌کان، به پلاتفۆرم و هه‌ڵسوڕانی عه‌مه‌لی، لێبڕاوانه و به گیانێكی پڕ له لیپرسراوێتیه‌وه تێكۆشاوه بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر خه‌تێكی دروست ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه به‌ره‌و سه‌ركه‌وتن به‌رێت. لێبڕاوترین و تاقه حیزبی سازش هه‌ڵنه‌گربوو بۆ خه‌بات و پێداگری له‌سه‌ر داخوازیه‌کانی بزووتنه‌وه‌که و وه‌ستانه‌وه به‌رامبه‌ر مڵهوری ده‌سه‌ڵات. په‌یگیرانه به‌رامبه‌ر چه‌واشه‌كاریه‌كان، به‌رامبه‌ر سازش و سات و سه‌ودای ئۆپۆزیسیونی بورژوازی، به‌رامبه‌ر موغامه‌ره‌و یاریكردن به چاره‌نووسی بزووتنه‌وه‌كه‌و شێواز‌و تاكتیكه نادروست و نه‌شیاوه‌كان راوه‌ستا. هه‌ركه‌س و هه‌ر هه‌ڵسوڕاوێك ئه‌مانه به دروست و به كاری خۆی و به پێداویستیه‌كانی سه‌ركه‌وتنی بزووتنه‌وه‌كه ده‌زانێ و تا ئێستا له ریزه‌كانی حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاری‌دا نیه، ده‌بێ له خۆی بپرسێت بۆچی له‌گه‌ڵ ئه‌م حیزبه نه‌بوو؟!. ئایا ئه‌وه روون و ئاشكرا نيه كه به‌بێ حیزبی سیاسی به‌هێزو كۆمۆنیستی پێكهێنانی ئاڵوگۆڕی ریشه‌یی و به‌سه‌ركه‌وتنی گه‌یشتن، به مانای واقعی به‌دێهێنانی ئازادی و یه‌كسانی و عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی، ئیمكانی نیه؟! له جه‌رگه‌ی ئه‌م ئاڵوگۆڕانه‌دا ئه‌گه‌ر حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاری به‌هێزوتواناتر بوایه، ده‌كرا رێگری له‌و پاشه‌كشه‌یه‌ش بكات. لێره به‌دواش ئه‌گه‌ر ئه‌م حیزبه به‌هێزوتواناتر بێت ده‌توانێ زامنی سه‌ركه‌وتن بێت. كه‌وایه پێویست بوو هه‌موو هه‌ڵسوڕاوانی كرێكاری و كۆمۆنیست و چه‌پ و جه‌ماوه‌ری كرێكاران و لاوانی دڵ‌پڕ له هیواو ژنانی سته‌مدیده‌و خه‌ڵكی ئازادیخواز، به هه‌موو تواناوه ئه‌م حیزبه‌یان به‌هێزكردایه و به‌م جۆره‌ش سه‌ركه‌وتنی بزووتنه‌وه‌كه‌یان مسۆگه‌ر بكردایه. ئێستاش هه‌ر ده‌بێ ئه‌وكاره بكه‌ن. به‌ڕیزی فراوان به‌م حیزبه‌وه په‌یوه‌ست بن، له كارگه‌و گه‌ڕه‌ك و خوێندنگا‌و فه‌رمانگاو هه‌موو جێگایه‌ك راسته‌وخۆ كۆمیته كۆمۆنیستیه‌كانى سه‌ر به‌م حیزبه دروست بكه‌ن. ووێنه‌ی بچوكراوه‌تری حیزب له ئاستی هه‌ر ناوه‌ندێكدا به‌رپا بكه‌ن و بۆ راپه‌ڕاندنی سیاسه‌ت و كاره‌كانی حیزب و سازدانی جه‌ماوه‌ر له ده‌وری پلاتفۆڕمه‌كه‌ی، له‌گه‌ل حیزب ده‌ستبه‌ركاربن. حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاری هه‌موو كۆمۆنیسته‌كان و رابه‌ران و هه‌ڵسوڕاوانی كرێكاری و ئازادیخوازان بۆ په‌یوه‌ست بوون به ریزه‌كانی و بیناكردنی حیزبێكی سیاسی به‌هێزی ده‌خاڵه‌تگه‌رو رابه‌رو سازده‌ر، بانگه‌واز ده‌كات.
مه‌کته‌بی سیاسی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
سه‌ره‌تای ئایاری 2011