ریبوار احمد:
دوای ته‌قینه‌وه‌ی ئه‌مجاره‌ی کێشه‌کانی ناو حیزبی حیکمه‌تی، هه‌ولی نیزک به یه‌ک مانگی هه‌موو ئه‌وانه‌ی که به ته‌نگ یه‌کپارچه‌یی حیزبه‌وه بوون بێ ئاکام مایه‌وه. وادیاره هه‌ر لایه‌کیان ریگای خۆیان گرتوه به‌ره‌و کۆنگره‌و پلینۆمی جه‌ناحی و ریگای گه‌رانه‌وه‌یان نه‌هیشتوه‌ته‌وه. هه‌ردوو جه‌ناح حیزبی حیکمه‌تیان دوو شه‌قه کرد به‌بێ ئه‌وه‌ی نه‌ریزه‌کانی حیزب و نه کۆمه‌لگا و ئه‌وانه‌ی ئومیدیان به‌م حیزبه‌وه گریدابوو بتوانن قه‌زاوه‌ت له‌سه‌ر جیاوازیه‌کان بکه‌ن. له‌وه تاڵ تر ئه‌وه‌یه له‌م کێشمه‌کێشه‌دا حیزبیه‌تی کۆمۆنیزم به شێوه‌یه‌کی که‌م ووینه وردوخاش کرا. ئه‌مه‌یان به‌ده‌ر له دوری و نزیکی خه‌تی سیاسی، ئیتر بوارێک بۆ که‌سێکی وه‌کو من ناهێلێته‌وه که بیر له کاری حیزبی له‌گه‌ڵ ئه‌م نه‌رێته ناحیزبیانه بکه‌مه‌وه.
ده‌کرا کار به‌م جیگایه نه‌گات، هه‌ردوو جه‌ناح و که‌سایه‌تیه‌کانی ئه‌م حیزبه ده‌یانتوانی و به قه‌رزاری ئه‌وه‌یان ده‌زانم که به‌ری ئه‌م ره‌وته‌یان بگرتایه. ئه‌گه‌ر ئه‌م گیانی هه‌ست به مسئولیه‌ته خۆی بنواندایه، زۆر کار هه‌بوو بکرێت، زۆر ریگا هه‌بوو بگیریته‌به‌ر، ره‌نگه خراپترینیا سازشێکی راشکاو و جێگای شانازی بوایه له‌م پێناوه‌دا. هه‌رکه‌س ئه‌مه‌ی بکردایه بۆ نه‌جاتدانی حیزب لای هه‌موان خۆی عه‌زیز و گه‌وره ده‌کرده‌وه. شه‌خصه‌ن لیکدانه‌وه‌م ئه‌وه‌بوو که حیزبی حیکمه‌تی له‌م نمونه که‌سانه‌ی زۆر بێت. له سالی 2004 کۆروش ئه‌م جه‌ساره‌ته‌ی له خۆی نیشاندا‌و به وازهێنان له پۆستی لیده‌ری حیزب بۆ حیمید ته‌قوائی، له کاتێکدا که زۆربه‌ی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی پشتیوانی کۆروش بوون، حیزبی کۆمۆنیستی کریکاری ئێرانی له به‌رزه‌خی یه‌که‌م تیپه‌راند. هه‌رچه‌ند ئه‌و حیزبه له قۆناغیکی تردا انشعابی به‌سه‌ردا سه‌پێنرا، به‌لام ئه‌وه هیچی له‌و جه‌ساره‌ته مێژوویی و هه‌ست به مسئولیه‌ته مارکسیستیه‌ی کۆرشی که‌م نه‌کرده‌وه.
به‌رله‌وه‌ی ووته‌ی منصور حیکمت “خودا حافیز رفیق” که له‌وه‌لام به یه‌کێک له مستعفوین به‌کاریهێنا له‌گه‌ل هه‌ردوو جه‌ناح دووپات بکه‌مه‌وه، ده‌بێ ده‌رباره‌ی ئه‌و جۆره هه‌لویستگرتنه مسئولانه‌یه ستایشی ئاخرین هه‌ولی هاورێ مزه‌فه‌ری محه‌مه‌دی بکه‌م بۆ یه‌کپارچه راگرتنی حیزب. ئه‌و سه‌رباری بۆچون و خه‌تی سیاسی جیاوازی خۆی، مسئولانه هه‌نگاوی خۆی هه‌ڵهێنا و به‌رژه‌وه‌ندی حیزبی خسته پێش به‌رژه‌وه‌ندی جه‌ناحه‌وه. هه‌رچه‌ند ده‌ر‌که‌وت که تیکشکاندنی سه‌رسه‌ختی ئینشعابگه‌ری هیزی له‌وه زیاتری پێویسته، به‌لام ئه‌و به ده‌وری مسئولانه‌ی خۆی هه‌ستا.
من دوای بێ‌ئاکام مانه‌وه‌ی دوا هه‌وڵی دوو حیزب به ناوی “فرسه‌تێکی تر”، ئیتر گه‌یشتم به‌و ئه‌نجامه‌ی که رێگای خۆم به یه‌کجاری له ریگای هه‌ردوو جه‌ناح جیابکه‌مه‌وه. له کۆمه‌ڵگای ئێران‌دا ئه‌و صلاحیه‌ته‌م به‌خۆم نه‌دا که هه‌وڵده‌م ئه‌لته‌رناتیوێکی جیاواز له‌و دوو جه‌ناحه شکلپێبده‌م، ئه‌گینا هه‌روا ریگام چۆل نه‌ده‌کرد بۆ ئه‌و دو جه‌ناحه حیزب له‌به‌ین خۆیاندا به‌ش بکه‌ن. به‌م جۆره جگه له که‌ناره‌گیری ریگای تر له‌به‌رده‌م من نه‌مایه‌وه. به‌لام له‌م چه‌ند رۆژه‌دا که به‌م ئه‌نجامه گه‌یشتم ده‌ستم راگرت و نه‌مویست ببمه سه‌رمه‌شقی که‌ناره‌گیری و ئه‌گه‌ر تۆزقلیکیش بیت هه‌لویستی من نه‌بێته فاکته‌ری به‌هیزکردنی دلساردی و نائومێدی له ریزه‌کانی حیزب‌دا. به‌لام ئیستا ئیتر گه‌یشتوین به ئه‌و سه‌ری ریگایه‌ک که پێکه‌وه گرتمانه‌به‌ر، ئیتر هه‌رلایه‌ک ریگای تازه‌ی خۆی هه‌لبژاردوه‌و هه‌رکه‌سیش خه‌ریکه ریگای خۆی هه‌لده‌بژیرێت، منیش ده‌بێ برۆم به ریگای خۆمدا. به تایبه‌تیش که له جیاتی ستایشی هه‌ولی مسئولانه‌ی دوو حیزبی کۆمۆنیستی کریکاری عێراق و کوردستان که من مشاوری مه‌کته‌بی سیاسی هه‌ردوکیانم، پروپاگه‌نده له‌دژی ئه‌وان له ته‌له‌فزیونی پرتۆو یوتیوب و فه‌یس بوکه‌وه ده‌ستی پێکردوه. ئه‌مه ئیتر هیچ بواریکی بۆ دواخستنی راگه‌یاندنی هه‌لویستی من نه‌هێشتوه‌ته‌وه. هیوای سه‌رکه‌وتن بۆ هه‌موان ده‌خوازم و خودا حافیز.
11-12-2012