رێگای ناکارساز بۆ دەرچون لە بنبەستی ئیستای حیزبی حیکمەتی

0

hand_writingرێبوار ئەحمەد:
سەرئەنجام بەو جۆرەی راگەیەنرابوو، دوو ریگای دوو جەناح بە ناوی “دەرهینانی حیزبی حیکمەتی لە بنبەستی ئیستا” بە کردەوە گیراوەتەبەرو بەشیک لە هەنگاوە عەمەلیەکانیان ئەنجامدراوەو لە ئیستاوە دەکریت تصویریکمان لەسەر ئەسەری ریگاکان هەبێت. من ئەم تصویرەی خۆم لەو روەوە باس دەکەم کە سەرباری ئیستعفادانم لە حیزبی حیکمەتی بەلام هیشتا لە قولایی دلەوە هەردوولاو چارەنوسی سیاسی هەموو هاورییانی سەر بە هەردوو جەناح و هەموو ئەوانەی چاوی ئومیدیان لەم حیزبە بریبوو زۆر بەلامەوە گرنگە. ئەوەی لیرەدا دەینوسم تەنها بە مەبەستی ئەوەیە کە بلیم ئەو ریگایانەی خراونەتەروو ریگاچارەنین و سەرنجی هەموان بۆ ئەوە راکیشم کە ریگای بێ ئەنجام نەگیریتەبەر و یەکجاری تر لە روانگەی خۆمەوە سەرنج بەرمەسەر ئەوەی چ مەسائیلیک لەسەر میزە بۆ ئەوەی وەلام وەرگریتەوە؟ لەم بارەیەوە جگە لەسەرنجی خۆم لەسەر تیروانین و ریگاچارەی هەردوولا، کۆمەلیک پرسیار دەخەمەروو کە لام وایە دەتوانن سەرەداوی دۆزینەوەی ریگای کارساز بن. من لەم باسەدا ناچمە سەر لایەنی قانونی  ئەو جەدەلانەی لەم بارەیەوە لە ئارادان، بۆ ئەوەی بتوانم تەرکیز بکەم لەسەر مەبەستەکەی خۆم، واتە کارسازبون یان نەبونی ئەو ریگایانە کە لەم قۆناغەی دووشەقەبونی حیزبدا جێگای سەرەکیان هەیە.
ریگای بالی ئەقەلیەت
بالی “ئەقلیەتی دەفتر سیاسی” ریگای بەرپاکردنی کۆنگرەی پێنج بە نوینەرانی کۆنگرەی چواریان خستوەتەروو. ئەم هاوریانە بە دەرکردنی دوو ژمارەی بلاوکراوەی “بەرەو کۆنگرە” تا رادەیەکی زۆر تیروانینی خۆیان نیشانداوە دەربارەی ئەوەی کە مەسەلە چی بوو؟ بۆچی چارەنوسی حیزبی حیکمەتی بە ئیرە گەیشت؟ هەر بەم پێەش ریگا چارە چیە لە روانگەی خۆیانەوە.
ئەوەی کە بەشێکی گەورە لە پانتایی لاپەرەکانی ئەو دوو ژمارەیەی بلاوکراوەی “بەرەو کۆنگرە”ی داگرتوە، وە لەراستیدا وەکو تاکە مەسەلەو جهەتگیری بۆ تیروانینی سیاسی لە کێشەکان و ریگاچارەکەی خراوەتەروو، شەن و کەوی پلاتفۆرمی هەیئەتی دائیم و گەرانە بە دوای بەلگەدا بۆ ئەوەی وەکو بەلگەنامەی خەتی ناکۆک بۆ حیزبی حیکمەتی و بەلگەی گەرانەوە بۆ چەپی بورژوازی و ….بسەلمینریت. گریمان ئەم رەخنانە دروست بن و بەم پێیە ئەم هاوریانە برۆن هۆلی کۆنگرە بەوە قانع بکەن کە بنەماو ناوەرۆکی ئەم ئەزمەیە ئەوەبوو کە کۆمەلە کەسانیکی هەڵگەراوە پەدابوون و پلاتفۆرمیکیان خستەروو کە ناکۆکی لەگەل خەتی رەسمی حیزبی حیکمەتی هەبوو، گریمان کۆنگرە دەست بۆ ئەم حوکمە بەرزدەکاتەوە و بەم بەلگەیە ساحێبانی پالاتفۆرم وەکو سەبەبکاری ئەم ئەزمەو ئینشقاقە خەتابارو مەحکوم کران و جەناحی ئەقەلیەتیش کە بەرامبەر ئەم خەتابارانە راوەستان شانازی و ستایشیان پێ ببریت. هەر لە دریژەی ئەم تیروانینەدا بۆ کیشەکان کۆنگرە پیداگری بکات لەسەر خەتیکی سیاسی کە لە بلاوکراوەی “بەرەو کۆنگرە”دا پیداگری لەسەر دەکریت، هەروەها بە تەئیدو پشتیوانی لە کاردانەوەو رەوشتی ئەم بالە بەرامبەر جەناحی هەیئەتی دائیم، کاری خۆی بە کۆتایی گەیاند و کۆتایی هات…..ئایا بەراستی ئەمە لیکدانەوەی سیاسی واقعی و دروست و مارکسیستیە بۆ ئەوەی کە روویدا؟! ئایا بەراستی ئەمە دەبیتە بنەماکانی سونتی حیزبی سیاسی و حیزبیەتی کۆمۆنیستی بۆ ئەوەی لە داهاتودا کەس نەتوانی یاری بە حیزبیەتی کۆمۆنیزم و حیزبی کۆمۆنیستی بکات؟!  ئەمە دەرسەکانی دووشەقەبونی حیزبی حیکمەتیە؟! ئەگەر هەر ئەمەیە ئیتر کۆنگرەی بۆچیە خۆ لەم بارەوە لە “بەرەو کۆنگرەدا”حوکمی پێشوەخت دەرکراوەو تاوانباریش دادگایی کراوەو براوەتەوە. ئایا پێویست بە چەپلەریزانی کۆنگرە دەکات بۆ ئەم حوکمە؟!
تا ئیستا بەڵگەتان بۆ ئەوەی کە “ئیوە رابەری قانونی حیزبن و جەناحی هەیئەتی دائیم مشروعیەتی خۆیان لەدەستداوە” ئەوەبوو کە ئەوان بە شێوەیەکی غەیرە قانونی ئەو پلاتفۆرمەیان بەسەر حیزبدا سەپاندوە. بەلام ئیستا فکوسی باستان چوەتە سەر رەخنە لە محتەوای سیاسی پلاتفۆرمەکە. دەزانن بەمە لە بنەرەتەوە ئەصلی مەسەلە دەگۆرێ. گریمان رەخنەکانتان بەجیگابیت، بەلام هەموو رۆژیک ئیحتمالی ئەوە لە ئارادایە کە پلاتفۆریک بیتە ئاراوە کە لە رونگەی کەسانیکی ترەوە “چەپی بورژوایی” یان  هەرچیەکی تربیت، ئایا دیسان لەسەر بناغەی ئەم حوکمە دەبێ بەم جۆرەی لەگەل بکریت و حیزب و حیزبیەت بەم دەردە بچێت؟! باوەرکەن ئەمە هەم ونکردن و شێواندنی ئەصلی کێشەکە و هەم خۆلادانیشە لە هەلسەنگاندنێکی واقعی و هەلویستی دروست لە بەرامبەریدا. ئەگەر کێشەکە هەر ئیختلافی سیاسی و تەنانەت تغیر ریلە، لە خۆتان ناپرسن ئەم تەقینەوە بورکان ئاسایەی بۆچیە؟! ئەصلەن پرسیار ئەوەیە بۆ دەبێ ئیختلافی سیاسی کە هەردولاتان  وەکو دیاردەیەکی سروشتی و عادی لە حیزبی سیاسیدا باسی دەکەن بگاتە ئەم ئاستە لە تارومار کردنی حیزب و حیزبیەت؟! دەبێ وەڵامی رۆشن بەم مەسەلەیە بدریتەوەو جەمعبەندی دروستی لێبکریت، ئەمە مهمەیەکە لەبەردەم تەجروبەی حیزبی حیکمەتست.
هاوریانی ئازیز! بەلام بەدەر لەم ریگاو تصورەی ئێوە، بۆ کۆمۆنیستیکی مونصیف و واقع بین دوای روداویکی تاڵ و گەورەی بەم جۆرە، ئەگەر کۆنگرەیەک بەرپابیت، چاوەروانی ئەوەیە کۆنگرەیەکی کراوە لە فەزایەکی سیاسی سالم و پڕ لە تێڕاماندا، بەبێ حوکمی پێش وەخت دەربارەی ئەوەی کێ “شەیتان” و کێ “فریشتە”یە، بە چاویکی کراوە سەرنچ بدریت بزانرێ چی رویداوە و بۆچی رویداوە؟ بەدەر لە دابەشکردنی خەتاکان یان بەرلەوە دەبێ مونصیفانە رونبیتەوە کە خودی ئەشکالەکان و گرفتەکان چی بوون؟ دەبوایە چی بکریت کە نەکراو دەبوایە چی نەکریت کە کرا؟ چ دەرسیک دەبی لەو تەجروبەیە وەبگیریت؟ کۆنگرەیەکی وا دەبوو هەولبدریت لە پرۆسەیەکی وادا بگیرێتەبەرو بەرپابیت کە هەموو بەربەستەکانی بەردەم بەشداری هەرکەس کە بە دوای راستی و حەقیقەت و هۆکاردا دەگەرێ هەلتەکینی. لیرە مەبەستی من بانگەوازکردن و پیشوازی کردن و داواکردن نیە بۆ هەموان کە بەشداری بکەن، تەنانەت ساغ کردنەوەی ئەم و ئەویش نیە، بەلکو باسی خستنەروی پرۆسەیەکی سیاسی مەنتقی ئەوتۆو دانی تصویریکی سیاسیە لە کۆنگرەو مەهامەکان و ئامانجەکانی کە توانای جەزبی هێزێکی هەبێت کە بەدوای وەلام و ریگای کارسازدا دەگەرێت.  من ئێستا لە دەرەوەی ریزەکانی حیزبەوە خەریکم بیر لەو پرسیارانە دەکەمەوە، دەگەریمەوە بۆ پلینۆمی ٢٠ بۆ پلینۆمی ٢١ دەلیم ئەم پرۆسەیەمان چۆن تیپەراند، چیمان بکردایە و چیمان نەکردایە باشتر بوو….بەلام ئەمە خۆی گرفتیکی گەورەیە کە ئیوە بە رەخنەی سیاسی لە پلاتفۆرمی هەیئەتی دائیم دلی خۆتان رازی و ویژدانی خۆتان ئاسودە بکەن و شانازی بە خۆتان بدەن بۆ دەورو کارکردتان لە نیو ئەم کێشانەدا. ئەمە ریگاکەی نیە. بنەمای ئەم بوحرانە راست و چەپ لیدان، یان هێرش هینانی “چپی بورژوازی” بۆسەر حیکمەتیزم نیە تا بە رەخنەگرتن لە پلاتفۆرمێک و پەسەند کردنی پلاتفۆرمیکی تر سەروبنی مەسەلەکە بگیرێت و ببرێتەوە. واقعیانە تەماشای کێشەکە بکەن و بیریک لە چارەنوسی حیزبیەتی کۆمۆنیزم بکەنەوە. پرسیار ئەوەیە بۆ هینانە مەیدانی پلاتفۆرمیکی سیاسی ئەم تەقینەوەیەی بە دوای خۆیدا هینا؟ بۆ نەتوانرا بە مسیریکی سیاسی سالم و ئوصولیدا ببریتە پێش؟ تەنانەت ئەگەر ناقانونی بونی تەرح کردنەکەی کێشە بێت دیسان ئەوە پرسیارە کە بۆ رێگای ناقانونی بواری پەیدا کرد و دەستی بۆ برا؟ ئایا لە حیزبیکی سیاسیدا کە هەمیشە جەختی لەسەر زۆرترین دەرفەتدان بۆ بون و دەربرینی بۆچونی جیاواز دەکردوە بۆچی خستنەروی پلاتفۆرمیک بەدەر لەوەی ناکۆک هەیە یان نا بە خەتی رەسمی، حیزب دوچاری ئەم بوحرانە دەکات؟ ئایا جیاوازیە سیاسیەکان لەو ئاستەدا بوون کە انشعاب رووبدات؟ ئەگەر هەتا انشعاب پیویست بوو بۆ ریگاو شێوازێکی موتەمەدنانە نەگیرایەبەر؟ بۆ ئەم رادەیە لە بەرخوردی ناخۆش و ناشایستە و یەکتر شکاندن لە دەرونی ئەم حیزبەدا سەریهەلدا؟ ئەگەر ئەم پرسیارانە وەلامی دروست و مەنتقی وەرنەگرنەوەو هەرلایە بە تاوانبارکردنی بەرامبەرەکەی بیەوێ مەسەلەکە تیپەرکات، نە تەنیا ریگایەکی کارساز بۆ دەرچون لە بوحران و بنبەستی ئیستا بەدەست نایات بەلکو لە داهاتوشدا هەردوولا بەردەوام لەبەردەم تکرار بونەوەی ئەم تەجروبە تالەدان و بەرۆکیان پێدەگرێتەوە.
ریگای بالی ئەکسەریەت
بالی هەیئەتی دائیم بەرپاکردنی پلینۆمی فوق العادەیان هەلبژارد کە “راگەیەیاندنی کۆتایی هاتنی سەکەوتوانەی” بلاوکراوەتەوەو لەوێش تەرحیک بە ناوی “ریگای دەرچون….” پەسەندکراوە. لە پێشدا با سەرنجیک بدەین لە مەنتقە سیاسیەکەی بۆ مامەلە لەگەل ئەو گرفتەی بەرۆکی بە هەموان گرتووە.
ئەوەی جیگای سەرنجە تەرحی ناوبراو جگە لە نەدانی هیچ تیروانینیک دەربارەی ئەم بوحرانە، لە کاتیکدا لە بەندی دووەمدا کۆنگرە وەکو مقطعیک پیناسە دەکات کە ئەم کێشەیە یەکلابکاتەوە، بەلام هەر لە مقدمەی تەرحەکەدا حوکمی خۆی صادر کردوە دەربارەی ئەوەی کە ئەم کێشمەکێش و بوحرانە بەهۆی کارکردی جەمعی ئەقلیەتی دەفتەر سیاسیەوە بەسەر حیزبدا سەپینراوەو بە یەکلاکردنەوەی حیساب لەگەل ئەوان هەموو شتێک تەواو دەبێت. پرسیار لە هەموو هاوریانی پشتی ئەم تەرحە ئەوەیە کە ئیوەش لە پێشەوە تاوان و تاوانبارتان دیاری کردوەو هەموو شتێکتان بریوەتەوە، کەوایە ئیتر پیویست دەکات کە کۆنگرە بۆ لیدانی مۆری تەئید لەم حوکمە بەرپا بکریت؟! چاوەروانی بۆ تیروانینیکی مونصیفانە و واقعبینانە ئەوەیە کە ئەم هاورییانە لە تەرحیکی بەم ناونیشانەدا کە وەکو ئەنجامی بەرپاکردنی پلینیۆمێکی فوق العادەیە کە بە ریگاچارەی کارسازیان دادەنا، لانی کەم بۆ سەلماندنی ئیدعاکانی خۆیان دەربارەی کارسازبونی پلینۆم تەرحیکی کارسازیان پەسەند کردایە. ئەگەر بەراستی کۆنگرەیان بە مرجعی داوەری لەسەر ئەم دورەیە داناوە، دەبوو دور لەهەر حوکم صادرکردنیکی پێش وەخت بیانوتایە بریارماندا هەلسەنگاندن و لیکۆلینەوەو داوەری بسپیرین بە کۆنگرەو کۆنگرە لیکۆلینەوەو داوەری دەکات لەسەر ئەوەی چ روویداوەو چ پێشێلکاریەک کراوەو چ ئیجرائاتیک دەکریت بۆ زەمانەتی دوبارە نەبونەوەیان. ئەگەرنا کۆنگرە بە تایبەت لەم بارەیەوە تەنها دەبیتە جۆریک لەو نمایشانەی کە خۆمان هەزارجار پەردەمان لەسەر هەلمالیوە. ئەوەش پرسیارێکە کە بۆ پەنا بۆ ئەو شێوازە دەبەین کە پێشتر خۆمان نقدمان کردوە؟
تەرحەکە لە بەندی یەکەمیدا خاوەنەکانی خۆی کردوە بە قارەمانی بەرگری کردن لە حیزب و حیزبیەت و مەوازینی حیزبی. نامەنتقی ترین و نامونصیفانەترین لیکدانەوە بۆ ئەم ئەزمەیە ئەوەیە کە یەکێک لە لایەنە سەرەکیەکانی کێشەکە ئەوەندە لە دەورو کارکردی خۆی رازی بیت کە جگە لە شانازی بەخۆدان هیچ جۆرە پرسیارو پیداچونەوەیەکی لە ئاست کارکردەکانی خۆیدا نەبیت. بەخۆی بلێ ئەکسەریەت بەلام لە ئاست دووشەقکردنی حیزبدا جگە لە خۆستایش کردن هیچ مسئولیەتیک بۆ خۆی نەبینێ. هاوریان وەرن مەنتقی ئەم هەموو لە خۆرازی بونە، ئەویش دوای دووشەقەبونی حیزبیکی سیاسی کۆمۆنیستی کە ئیوە زۆرینەی دفتر سیاسیەکی بوون، لە پال مەنتقی مارکس لە ١٨ برۆمێرو مەنتقی حیکمت لە مبانی کۆمۆنیزمی کریکاریدا دابنێن! کە چۆن پیداگری لەسەر رەخنەی بیرەحمانە لەلایەنە لاوازەکانی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی دەکەن. بەلام هاوریانی ئازیز چاوەروانی بۆ مەنتق و ئینصاف بە جیگای خۆی، لانی کەم دوو حیزبی هاوپەیمانتان و نزیکەی ٢٠٠ کادرو هەلسوراوی بزووتنەوەی کۆمۆنیزمی کریکاری بە تەئیدی ریگاچارەی دوو حیزبی عێراق و کوردستان جەختیان لەسەر ئەوەکرد کە لە هەردولاوە پێشێلکاری کراوەو دەبێ کۆمیسیون بۆ لیکۆلینەوەی پێشێلکاریەکانی هەردولا پیکبیت، لەوەش زیاتر خۆشتان ئەمەتان قبوڵ کرد، سەرباری هەموو باوەر بەخۆبونتان چاوەروانی ئەوەبوو لانی کەم گوێ لە ئیدعای دو حیزب و نزیکەی ٢٠٠ هەلسوراو نەخەوێنن و هەر بە تاوانبارکردنی جەناحی بەرامبەرو ستایش کردنی خۆ ئیکتفا نەکەن و راشکاوانەو بە جەسارەتەوە هەر لە پال ئیدعاکانی خۆتان دەربارەی پێشێلکاریەکانی جەناحی بەرامبەر جیگاتان بکردایەتەوە. ئەو تصویرەی ئیوە داوتانە کە جەناحی ئەقەلیەت تاوانبارەو ئیوەش شانازی بەرگری لە حیزبیەت و مەوازینی حیزبیتان پێدەبڕێت نابیتە جەمعبەندی مارکسیستی، بەلکو خۆلادانە لەوە تەنانەت ئەگەر حەق بە ئیوەش بیت. تەخشان و پەخشانی پەیامی تقدیرکردنی لایەنگرانی خۆ کە بەرگریان لە حیزبیەت کردوە نەبوە وەلام بە مەسەلەکە. مارکسیستەکان کەی لە ئاست کەم و کوری کاری خۆیان و ئەو خەتایانەی خراوەتە پالیان بەم جۆرە پەنایان بۆ ستایشی خۆیان بردوە؟
لە بەندەکانی ٤-٥دا لە روانگەی خۆتانەوە یەکلایەنە جەناحی ئەقلیەت و دەبیری پێشوی ک.م تان وەکو تاوانباری ئەم دەورەیە دیاری کردوە، کەوایە لە واقعدا تەنها دەرکردنی حوکم دەربارەی سزاکانیان سپێردراوە بە کۆنگرە. ببورن کە دەڵێـم ئەمە هەر جۆریکە لەوەی کە سالەهایە لە بارەی زۆر روداوەوە پیکەوە لەگەل ئیوە پیمان وتوە دادگای نمایشی و کۆنگرەی نمایشی. هەر چەندە لە بەندی ٦دا باستان لەوە کردوە کە کۆمیسیۆن لە ئەندامانی ک.م پیکدەهینن بۆ ئامادەکردنی راپۆرت دەربارەی شکاتەکانی پەیوەست بە ئیختلافاتی ئەم دەورەیە، بەلام خودی تەرحەکە میحوەرو چوارچێوەی ئەو راپۆرتەشی دیاری کردوە کە بریارە کۆمیسیون ئامادەی بکات. هیچ نیشانەو ئیشارەیەکی بۆ ئەوە تیا نیە کە لە راپۆرتەکەدا جیگا بۆ ئیدعاکان سەبارەت بە پێشێلکاریەکانی خودی هەیئەتی دائیم و بالی ئەکسەریەت بکریتەوە. ئەگەر ئەوەندە باوەرتان بەخۆ بوو دەبوو بە جەسارەتەوە ئەو بوارەتان بەرجەستە بکردایە. ئەوەش لەولاوە راوەستی کە کۆمیسیون چۆن و لە کێ دروست دەکەن بۆ ئەوەی لانی کەم لە بارەی پێشێلکاریەکانی جەناحی بەرامبەرەوە راپۆرتیکی مونصیفانە ئامادە بکات و خەیالی ئەوانە راحەت بکات کە لەگەل حوکمە پێش وەختەکەی ئیوەدا نین؟ مەنتقی تێڕوانینەکاتان هەر لە ئێستاوە ئەنجامی لێکۆلینەوەکەتان نیشاندەدا هەر ئەوە بەلگەیە بۆ مونصیفانە نەبون.
خالی سەرنج راکێش لەم تەرحەکەدا ئەوەیە کە داوەری لەسەر “پلاتفۆرمی هەیئەتی دائیم” سپیردراوە بە کۆنگرە. رابەری دوو حیزبی عێراق و کوردستان لەسەرەتای تەقینەوەی کیشەکاندا هەمان داوایان لێتان کرد بۆ ئەوەی بوار بۆ ریگاچارەیەکی سیاسی گونجاو بکریتەوە. بە جیگای خۆی کە داواکەی ئەوانتان قبول نەکرد، تازە زۆریش سەرزنشتتان کردن کە گوایە صلاحیەتی ئۆرگانە حیزبیەکانیان بەرەسمی نەناسیوەو پشت دەکەنە مەوازینی حیزبی. ئێستا خۆتان هەمان ئەو کارەتان کردوە، جیاوازیەکەی تەنها ئەوەیە کە مەرجەعی داوەری نەک ئەو کۆنگرە یەکگرتوەی کە دوو حیزب پێشنیاریان کرد، بەلکو کۆنگرەیەکە کە حوکمە پێشوەختەکەی ئێوە مۆر دەکات.
هاوریان! ئیوە دەتانتوانی دوای قولبونەوەی کێشەکان هەتا ئەم رادەیەش، لانی کەم لە پلینۆمەکەتاندا خۆتان دوربگردایە لە شیعاردان و خۆستایش کردن، تۆزیک قولتر تیرامانایە، فەزای دادگایی کردن و شیروتیر کێشان لە جەناحی بەرامبەرتان وەلانایە، بتان وتایە پلینۆم بانگەواز دەکات بۆ کۆنگرەیەکی سیاسی لە فەزایەکی سالم بۆ هەلسەنگاندنی مەنتقیانەو مونصیفانەی ئەم دەورەیە و گەیشتن بە لیکدانەوەیەکی واقعی بۆ وەلامی ئەو پرسیارانەی تەجروبەی حیزبی حیکمەتی لە بەرامبەری قەراری گرتوە. دەبوو دور لە دەرکردنی هیچ حوکمیک راتانگەیاندایە کە کۆمیسیونی بیلایەن لەسەر بناغەی پەسەندکردنی پیکهاتەکەی لەلایەن هەردولاوە “پیشتر لەم بارەیەوە تەجروبەی هاوبەش هەیە و خۆتان دەیزانن” پیکدیت بۆ ئەوەی راپۆرت دەربارەی کێشەکان و هەموو شکاتەکان بخاتەبەردەم کۆنگرە. باوەرتان بیت قازاجتان دەکرد لانی کەم دەرگایەکتان دەکردەوە بۆ ئەوەی کەسان یان لایەنگرانیکی جەناحی بەرامبەر بیر لەوە بکەنەوە بین بۆ ئەو کۆنگرەیە وهێزی زۆرترتان کۆ دەکردەوە. فایدەی چیە سبەی هەمان جەمع کە لە پلینۆم بوون زائید یان ناقص چەند کەسی تر، بە ناوی کۆنگرەوە کۆبنەوەو هەمان ئەحکام دوبارە بکەنەوە؟! زەمانەتی ئێوە چیە کە سبەی هەمان گرفت یەخەتان ناگریتەوە؟! ئەم روداوە بەو سادەییە تیپەرناکریت.
هاوریانی هەردوو جەناح! ئیوە ئەگەر باوەرتان بە حەقانیەتی خۆتان هەیە و لە نەقدی ئینقلابیانەی کەم وکوریەکانی خۆتان باکتان نیە، ئەگەرناتانەوێ کاری داهاتوشتان بیهودەبیت، پێویست دەکات جمعبندیەکی واقعی لەم تەجروبە و بوحرانە بکەن و دەرسیک بەدەستەوە بدەن. ئیستاش  من بۆ تانەو تەشەر لە هیچ لایەکتان ئەم باسە ناکەم، باوەرکەن وەکو لە کۆتایی نامەی دەست لەکارکیشانەوەکەمدا نوسیومە هیوای سەرکەوتن بۆ هەردوولاتان دەخوازم. من تەنها زۆر دلسۆزانە دەلیم ریگاکانتان کارساز نیە. نەک هەر ریگای دەرچون لەم ئەزمەیە نیە بەلکو ریگای دورکەوتنەوەن لە هەلسەنگاندنی دروست و مەنتقی و مارکسیستی و گەیشتن بە ئەنجامی دروست، ریگای نقوم کردنی حیزبیەتی کۆمۆنیزمە لە بوحران.
هاوریان! پێشنیاری دلسۆزانەم ئەوەیە بەو ریگایانەدا مەرۆن، ئاوریک لە کارەکانتان بدەنەوەو بە گیانیکی مارکسیستی لە پێشدا مسئولیەتەکانی خۆتان دیاری بکەن و کەموکوریەکانی خۆتان بدەنەبەر رەخنە. بە شیعاردان لە دژی یەک و حوکم صادر کردن مەسەلەکە بەڕێ ناکریت! دێوودرنج لەیەک تاشین و یەکتر شکاندن و پەشیمانی لە هاورێیەتی رابردوتان و ئەم ئەدەبیات و مەنتیقانەی دەستی بۆ براوە لە شەئنی خۆتان کەم دەکاتەوە، چونکە پرسیارتان لیدەکریت کە چەند سالە چۆن لەگەل ئەم دێوودرنجەی لەیەکتری دەتاشن هاورێ و هاوسەنگەربون و شانازیتان بەیەکترەوە دەکرد؟ بەشی زۆری وەلامە ناشایستەکانی تا ئیستا دوبارە شانی خۆتان دەگریتەوە، تیر لە پای خۆتان دەدەن و ئەو خۆلەی فڕێ‌ی دەدەن دێتەوە بەسەر خۆتاندا. ئەو هێزەی بە زەبری کینە و نفرەتی سیاسی و شەخصی کۆدەبێتەوە سبەینێ لە هەر کێشەیەکی سیاسیدا بە هەمان رەوشت روبەروی  متحدەکانی ئێستای دەبێتەوە. ئەم ئەدەبیات و سونەتەی خراوەتەروو سبەینی هەر بەوجۆرە روبەروی خۆتان دەبیتەوە.
هاورێیان! ئەگەر بە یەکجاری جیابونەوەتان هەلبژاردوە ئەمە ریگای موتەمەدنانەی هەیە، با لەوە زیاتر دەرگا بۆ پەلاماردانی کۆمۆنیزم و حیکەمتیزم ئاواڵا نەبێت. شەرکردن لەسەر ناوی حیکمەت و رابردوی حیزب و ناوی بلاوکراوەی حیزب پیویست نیەو نابێتە بەلگەیەک بۆ ئیعتبارو موقعیەتی ئایندەی هیچ لایەک. کێشمەکیش لەسەر ئەوانە باجی هەیە لەسەر کۆمۆنیزم و حیکمت و ئیوە موجاز نین بێ گویدانە ئەم باجە هەروا دریژەی بدەن. هەر لایەک دەبی لەسەر پای خۆی راوەستێ. سەرئەنجام هەر لایەک راستەوخۆ بە ئیعتباری سیاسەت و هەلسورانی خۆی دەبێ خۆی تەعریف بکات نەک بە شەر لەسەر ناو و ئەو رابردوە و نەک بە شکاندنی لایەکەی تر. هەردوولا دەبینن کە لەجەرگەی ئەم کیشمەکێشەدا ئیعتباری کۆمۆنیزم و حیکمەت زەربەی گەورەی لیکەوتوە، ئەوە مسئولیەتی هەردوولایە کە ئەرک و مسئولیەت و سەهمی خۆیان بۆ قەرەبوی ئەم زەربەیە دیاری بکەن و ئەنجامی بدەن.

٢٦-١-٢٠١٢

LEAVE A REPLY

Please enter your comment!
Please enter your name here