ریبوار ئه‌حمه‌د:
له ژماره “40”ی گۆڤاری “لڤین” له ژیر ناوی لیكۆلینه‌وه‌یه‌كی زانستیدا، ته‌رحیكی نازانستیی‌و چه‌واشه‌كارانه سه‌رباره‌ت به ده‌وری ئه‌و نوسرانه بلاوكراوه‌ته‌وه، كه به شیوه‌ی جۆراوجۆر‌و له روانگه‌ی جۆراوجۆره‌وه، له‌سه‌ر شه‌ری ناوخۆ نوسیویانه. پاشان دور له گیانی هه‌ستكردن به به‌رپرسیاری‌و به شیوه‌یه‌كی كوێرانه، هه‌موو ئه‌و نوسه‌رانه ده‌خاته یه‌ك خانه‌وه. به‌وانه‌ی كه ره‌خنه‌یان له‌شه‌ری ناوخۆ گرتوه‌و دژی راوه‌ستاون‌و له هه‌مانكاتدا ئه‌و دیارده‌یه‌و زه‌مینه‌كانیان بۆ خه‌لك رونكردوه‌ته‌وه، له‌گه‌ل ئه‌وانه‌ی كه بانگیشه‌چی‌و گه‌روی شه‌ری ناوخۆ بوون، به یه‌ك چاو ته‌ماشا ده‌كات. به‌م پییه‌ش چه‌ند حوكمی گه‌وره‌ی ناره‌واو هاوبه‌ش به‌سه‌ر هه‌موویاندا ده‌دات.
به‌ر له هه‌رشتیك، ئه‌وه‌ی جیگای سه‌رنجه، شیوه‌ی ئاماده‌كاری لیستی ناوی نوسه‌ره‌كانه. لیسته‌كه به‌پێ‌ی ئه‌بجه‌دی ئاماده‌كراوه‌و زیاتر له لیستی بایعی ده‌چیت. ئه‌وه ره‌چاونه‌كراوه كه هه‌ر یه‌ك له‌م نوسه‌رانه، رۆشنبیر یان سیاستمه‌دراو خاوه‌ن پۆستی حیزبین، به‌بێ ئاماژه‌كردن به‌وانه‌و ریزكردنی كۆمه‌لیك ناو وه‌كو ناونوسكردنی هاولاتیان بۆ وه‌رگرتنی مه‌وادی خۆراكی، ده‌بیته مایه‌ی سه‌رلیشیواندن‌و دابرینی حوكم به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی ناویان لیكده‌چیت. من له نیو ئه‌م ته‌م‌و مژه‌دا ناوی خۆمم له لیسته‌كه‌دا بینی. به‌لام به‌و ئه‌نجامه گه‌یشتم كه ناوی ریبوار ئه‌حمه‌د، مه‌به‌ست له من بیت یان نا، ئه‌م پرۆژه مه‌رامداره كه ناوی نراوه “لیكۆلینه‌وه‌ی زانستی”و حوكمه كویرانه‌كانی، كه به‌رگی دلسۆزی بۆ خه‌لكی كوردستانی له‌به‌ركراوه، وه‌لامیك هه‌لده‌گریت.
له‌سه‌ره‌تاوه پیویسته ئه‌وه بۆ هه‌موان ئاشكرا بیت، كه “لڤین” خۆی سه‌رچاوه ده‌باته سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی سیاسیه، وه‌كو بزووتنه‌وه‌یه‌كی كۆنه‌په‌رست‌و تیرۆریست، بزووتنه‌وه‌یه‌كی دژی خۆشی‌و شادی‌و ئازادی‌و ئاسایش، بزووتنه‌ویه‌ك كه هه‌موو میژووی كۆن‌و تازه‌ی شه‌رو شمشیرو خوینرشتن‌و تاوانه، بزووتنه‌وه‌یه‌ك كه به ماهیه‌ت‌و به پێ‌ی په‌یامه‌كه‌ی له بنه‌ره‌ته‌وه شه‌رخوازانه‌یه. به دیاریكراویش له كوردستاندا هه‌موو باله‌كانی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه ساله‌ها به‌ری شه‌ری ناوخۆیان خوارد‌و به‌پێ‌ی رۆژگار‌و به نرخی نانی رۆژ مامه‌له‌یان له‌گه‌ل ئه‌م شه‌ره كرد. بۆ هه‌موو خه‌لكی كوردستان ئه‌وه راستیه‌كی حاشاهه‌لنه‌گره كه ئیسلامی سیاسی ئه‌و ڤایرۆسه بوو كه له نیو زه‌لكاوی شه‌ری ناوخۆدا له كوردستان نه‌شونمای كرد. بۆیه لق‌وپۆپه‌و ئامرازه‌كانی ئه‌م بزوتنه‌وه فایل ره‌شه، له‌و جیگاوریگایه‌دا نین كه تاوانبارانی شه‌ری ناوخۆ دیاری بكه‌ن‌و حوكمیان به‌سه‌ردا بده‌ن.
به‌لام له باره‌ی ئه‌م پرۆژه‌یه‌وه، با بۆ ساتیك مه‌رامه‌كانی پشته‌وه‌ی بخه‌ینه‌لاوه‌و وه‌كو شتیك له خۆیدا ته‌ماشای بكه‌ین. سه‌ره‌تا جیگای خۆیه‌تی سه‌رنجیك بده‌ینه ویژدانی سیاسی‌و رۆشنبیری لیكۆله‌ره‌وه‌كه‌و ئه‌وه نیشانبده‌ین كه چۆن لیكۆلینه‌وه‌و لیكۆله‌ره‌وه‌ی به‌م جۆره، به‌ده‌ر له نیه‌ت‌و نیازی دل، نه‌ك هه‌ر ناتوانێ خزمه‌ت‌و ده‌رس‌و په‌ندیك پیشكه‌ش به كۆمه‌لگا بكات، به‌لكو راستیه‌كان له به‌رچاوی خه‌لك ده‌شیوینێ، گیانی هه‌ستنه‌كردن به لیپرسراویتی په‌ره‌پیده‌دات، پروپاگه‌نده‌و وروژاندنی به مه‌رامی هه‌ست‌و سۆزی خه‌لك ده‌خاته به‌رگی لیكۆلینه‌وه‌ی زانستیه‌وه. به‌م جۆره خه‌تایه‌كی گه‌وره به‌رامبه‌ر كۆمه‌لگا ئه‌نجام ده‌دات.
جه‌نابی لیكۆله‌ره‌وه، ئه‌و نوسه‌رانه‌ی كه گه‌روی شه‌ری ناوخۆ بوون‌و بانگیشه‌یان بۆ بكوژ‌و ببر ده‌كردو خۆیان لایه‌نیكی شه‌رو كوشتار‌و مالویرانكردنی خه‌لك بوون، له‌گه‌ل كه‌سیكی بۆ نمونه وه‌كو من كه به توندی‌و سه‌رتاپا دژی شه‌ری ناوخۆ بووم، به‌لام له هه‌مانكاتدا زه‌مینه‌و هۆكاره واقعیه‌كانی ئه‌م شه‌ره‌م بۆ خه‌لك روونكردوه‌ته‌وه، ده‌خاته تای یه‌ك ته‌رازوه‌وه. ئه‌مه كوێ‌ی زانستی‌و مه‌وزوعی‌و مسئولانه‌یه؟ به كام ویژدان‌و به كام پیوانه، خستنه‌رووی هۆكارو زه‌مینه واقعیه‌كانی شه‌ر ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر پیچه‌وانه‌ی تیروانین‌و لیكدانه‌وه‌ی جه‌نابی لیكۆ‌وله‌ره‌وه‌ش بیت، له‌گه‌ل بانگیشه‌كردن‌و هاندانی راسته‌وخۆو دارشتنی سیاسه‌ت بۆ شه‌ری ناوخۆ، ده‌خریته تای یه‌ك ته‌رازوه‌وه‌و یه‌ك حوكمیان به‌سه‌ردا ده‌دریت؟!
جه‌نابی لیكۆله‌ره‌وه ده‌لی “راستتر وایه به‌ر له سیاسی‌و چه‌كداره‌كانی شه‌ری ناوخۆ، ئه‌و رۆشنبیر‌و قه‌له‌م به‌ده‌ستانه به به‌رپرسی ئه‌و میژووه خویناویه بزانین كه ئاگر خۆشكه‌ری شه‌ری ناوخۆ بوون”. ئه‌گه‌ر ئه‌م حوكمه به‌راستی به به‌رئه‌نجامی ئه‌وه بزانین كه “لڤین” ناوی ناوه لیكۆلینه‌وه، ئه‌وكات ده‌بی بلیین به‌راستی لینه‌كۆلینه‌وه‌یه‌كی ساویلكانه‌یه ئه‌گه‌ر كه‌سیك پێ‌ی وابیت (مه‌لای‌و جه‌لالی، یه‌كیتی‌و پارتی له‌گه‌ل یه‌ك‌و له‌گه‌ل هه‌موو حیزبه‌كانی سه‌ر ساحه‌ی كوردستان، وه سه‌رئه‌نجام تاله‌بانی‌و بارزانی) میژوویه‌كه به هانی قه‌له‌مه‌كانی رۆشنبیران شه‌ری یه‌ك ده‌كه‌ن!! ده‌بێ بلیین ئه‌م شه‌ره نه‌ك له‌سه‌ر ده‌سه‌لات، به‌لكو به فیتی قه‌له‌مبه‌ده‌ستان‌و له‌سه‌ر “قازه‌كانی كه‌لارو دوكانه‌كانی قه‌لادزه” به‌رپابووه!!
ئه‌مه لیكۆلینه‌وه نیه، گالته‌كردنه به لیكۆلینه‌وه. ئه‌م لینه‌كۆلینه‌وه‌یه گه‌ردنی سه‌ران‌و نه‌خشه‌كیشه‌ران‌و فه‌رمانده گشتیه‌گان‌و تاوانبارانی ئه‌وه‌ل‌و ئه‌خیری شه‌ری ناوخۆ ئازاد ده‌كات، گه‌ردنی ئه‌وانه ئازاد ده‌كات كه به داهاتی به‌تالانبراوی كۆمه‌لگاو پاروی ده‌می خه‌لك‌و به پیشله‌شكری بۆ ده‌وله‌تانی به‌عس‌و توركیان‌و جمهوری ئیسلامی، له‌سه‌ر ده‌سه‌لات شه‌ریانكرد، كوشتاریان كرد، چه‌كداریان نارده‌سه‌ر مالان‌و ئاواره‌یان كردن، دیلیان كوشت. گه‌ردنی ئه‌وانه ئازاد ده‌كات‌و تاوانه‌كه ده‌خاته ئه‌ستۆی قه‌له‌مبه‌ده‌ستان. به‌لام له‌مه‌شدا نه‌یتوانیوه قه‌له‌می خه‌تابار ئاشكرابكات، چونكه قه‌له‌می له‌گه‌ل یه‌ك جیاواز‌و ناكۆكی، له یه‌ك خانه‌دا داناوه، چ ئه‌وانه‌ی گه‌وری شه‌ربوون‌و چ ئه‌وانه‌ی كه وه‌كو “لڤین”، ساده‌و ساكار یان چه‌واشه‌كارو مه‌راییكه‌ر بۆ ده‌سه‌لات نه‌بوون. ده‌لیم ساده‌و ساكار یان چه‌واشه‌كارو مه‌راییكه‌ر، چونكه جگه له‌وانه هیچ هۆیه‌كی تر بۆ ئه‌م به‌ناو لیكۆلینه‌وه‌یه‌و حوكه‌كانی نابینمه‌وه.
جه‌نابی لیكۆله‌ره‌وه، ناوی كه‌سیكی وه‌كو من كه هه‌میشه ره‌خنه‌گری شه‌ری ناوخۆ بووم، له هه‌مان كاتدا هۆیه‌كانی ئه‌م شه‌ره‌و تیروانینی خۆم له باره‌یه‌وه بۆ جه‌ماوه‌ری خه‌لك باسكردوه، ده‌خاته خانه‌ی ئه‌و خاوه‌ن فایلانه‌وه كه له ریزی سه‌ركردایه‌تی حیزبه‌كانی كوردایه‌تیدا، به‌كریگیراوی رژیمی به‌عس بوون. ئه‌م به‌راورده‌ی جه‌نابی لیكۆله‌ره‌وه، پیویسته به وینه‌ی پاساودانی جاسوسی كردن بۆ رژیمی به‌عس مه‌حكوم بكریت. ئه‌مه لیكۆلینه‌وه نیه، ئه‌مه زانست نیه، ئه‌مه دلسۆزی نیه، ئه‌مه شاردنه‌وه‌و شیواندن‌و چه‌واشه‌كاری‌و پاكانه‌یه بۆ تاوانباران.
من‌و حیزب‌و بزووتنه‌وه‌كه‌م، به دریژایی شه‌ری ناوخۆ، له دژی ئه‌م شه‌ره كۆنه‌په‌رستانه‌یه، نوسیمان‌و خه‌لكمان بانگه‌وازكرد بۆ وه‌ستانه‌وه له دژی و به‌شداری نه‌كردن تیایدا. ناره‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ریمان به‌رامبه‌ری سازدا. بزووتنه‌وه‌ی ئیمه‌و جه‌ماوه‌ری خه‌لك نه‌ك هه‌ر هیچ قازانحیكی له‌م شه‌ره‌دا نه‌بوو، به‌لكو زۆر لیی زه‌ره‌رمه‌ند بوون، ژیانی له‌خه‌لك تیكداو ریگری گه‌وره‌شی بۆ كار‌و هه‌لسورانی ئیمه پیكهینا….بۆیه هیچ به‌لگه و هیچ قازانجیكمان له‌وه‌دا نه‌بوو كه قه‌له‌می ئیمه ببیته ریگاخۆشكه‌ر یان شه‌رعیه‌تده‌ر یان تیۆریزه‌كه‌ری شه‌ری ناوخۆ. بزووتنه‌وه‌ی ئیمه، تاكه لایه‌نی سه‌رتاپا دژی ئه‌م شه‌ره‌و لایه‌نگری خه‌لك‌و مافه‌كانی خه‌لك بوو له به‌رامبه‌ریدا. ئیمه یه‌كه‌مین خۆپیشاندانه‌كانی شاره‌كانمان له دژی شه‌ری ناوخۆ سازدا‌و رابه‌ریمان كرد كه شاپور عبدالقادر ووتاربیژی به‌رجه‌سته‌ی بوو. قه‌له‌مه‌كه‌ی منیش به‌م ئاراسته‌یه‌دا به‌رده‌وام له‌دژی شه‌ری ناوخۆ كاری كردوه.
به‌لام هه‌لبه‌ت له‌م جۆره لیكدانه‌وانه‌دا، ناوی ئیمه خریته لیستی قه‌له‌مه‌كانی شه‌ری ناوخۆوه. چونكه ته‌نها ره‌خنه‌گری شه‌ری ناوخۆ نه‌بووین، به‌لكو له هه‌مانكاتدا ئیمه لیكدانه‌وه‌ی خۆمان كردوه له‌سه‌ر هۆكارو زه‌مینه‌كانی ئه‌م شه‌ره، راستیه‌كانمان بۆ خه‌لك روونكردوه‌ته‌وه‌و ریگای كۆتایهینانی یه‌كجاری به‌م شه‌ره‌مان خستوه‌ته‌روو. من خۆم نوسیومه‌و دیسان ده‌ینوسمه‌وه كه ئه‌م شه‌ره، شه‌ری نیوان دوو بالی ره‌قیبی ناو بزووتنه‌وه‌ی كوردایه‌تیه، میژووی ئه‌م شه‌ره به ئه‌ندازه‌ی میژووی سه‌رهه‌لدانی ئه‌م دووباله دریژه، به‌یناو به‌ین، به‌پێ‌ی هه‌ل‌ومه‌رج، خاوبوه‌ته‌وه‌و ته‌قه راوه‌ستانی تیا كه‌وتووه، به‌لام ئه‌م ركه‌به‌ریه له نیوان ئه‌م دوو باله‌ی بزووتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی ته‌واو نابیت، ئه‌مه كیشمه‌كیشی نیوان دوو خه‌تی سیاسی جیاوازی ده‌رونی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌یه. ئه‌م كیشمه‌كیشه سیاسیه به‌ری پێ‌ناگیرێ‌و ئه‌م دوو خه‌ته ناخرینه كاسه‌یه‌كه‌وه. به‌لام به‌و پێ‌یه‌ی كه ئه‌م دوو خه‌ته جیاوازه، خاوه‌ن دوو حیزبی چه‌كدارو میلیشیایی جیاوازن، به پێ‌ی نه‌ریتی خۆیان ناتوانن‌و نه‌یانتوانیوه، كیشمه‌كیش‌و ناكۆكیه‌كه‌یان سیاسی بهیلنه‌وه‌و سیاسیانه‌و متمدنانه بیبه‌نه‌پیشه‌وه. بۆیه هه‌ر ماوه‌ی جاریك ده‌یكیشیته مه‌یدانی شه‌ری چه‌كداری، پاشان له‌سه‌ر بناغه‌ی هاوسه‌نگی به‌ده‌ستهاتوو، ئاگربه‌ست ده‌كه‌ن. میژووی ئه‌م شه‌ره له ماوه‌ی نزیك به نیو سه‌ده‌دا ئه‌م راستیه ده‌سه‌لمینێ. بۆیه ریگای كۆتایهینانی یه‌كجاری به‌م شه‌ره، ئاگربه‌ست‌و ئاشتكردنه‌وه‌ی ئه‌م دوو حیزبه‌و ده‌ستبه‌دامانبونی تاوانبارانی نیه، به‌لكو تیپه‌راندن‌و ته‌ریكخستنه‌وه‌ی ئه‌م دوو حیزبه‌و بزووتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی‌و به ده‌سته‌وه‌گرتنی به‌دیلیكی تازه‌یه كه هاوتای ئاوات‌و ئاره‌زوو و ئامانجه هاوچه‌رخه‌كانی خه‌لكی كوردستان بیت.
نوسینی ئه‌م راستیه له روانگه‌یه‌كی نازانستی‌و عامیانه‌و ساویلكانه‌وه، به تیوریزه‌كردنی شه‌ری ناوخۆ لیكده‌دریته‌وه. تیروانینی رووكه‌شی‌و عامیانه وایه كه ئینسان ده‌بی “قسه‌ی خیر بكات”، گرنگ نیه ئه‌و قسانه واقعی نه‌بیت، گرنگ ئه‌وه‌یه “پیشبینی خیر بكه‌یت‌و قسه‌ی خیربكه‌یت بۆ ئه‌وه‌ی خیری به‌دوادا بیت”. به‌لام له روانگه‌یه‌كی زانستیه‌وه ئه‌مه خۆلكردنه چاوی خه‌لك‌و فریودانیانه بۆ ئه‌وه‌ی تا ئه‌به‌د شه‌ری ناوخۆ‌و شه‌رخوازان سواری سه‌ریانبن‌و ژیانیان لی تال بكه‌ن‌و به لیشاو بیانكه‌ن به سوته‌مه‌نی مه‌رامه‌كانی خۆیان. ئه‌م جۆره لیكۆلینه‌وانه نه‌ك هیچ خزمه‌تیك به خه‌لك ناكات، نه‌ك هه‌ر هیچ هۆكاریك بۆ به‌رگرتن له شه‌ری ناوخۆ پیكناهینیت، به‌لكو قوڕ بۆ خه‌لك ده‌گریته‌وه‌و چاویان ده‌به‌ستیته‌وه‌و غافلگیری جه‌وله له دوای جه‌وله‌ی شه‌ری ناوخۆیان ده‌كات.
به‌لام جیاواز له هه‌موو ئه‌مانه، ئه‌وكه‌سه‌ی كه له‌سه‌ر بناغه‌ی مخاله‌فه‌تی له‌گه‌ل بۆچون‌و لیكدانه‌وه‌یه‌كدا، حوكمی هاوتای فایلداریو جاسوسی كردن بۆ رژیمیكی درنده‌و فاشیستی وه‌كو به‌عس، به‌سه‌ر نوسه‌ره‌كه‌یدا ده‌دات، ئه‌و به ناو لیكۆله‌ره‌وه‌یه‌ی كه له‌سه‌ر بناغه‌ی مخاله‌فه‌تی له‌گه‌ل بۆچون‌و لیكدانه‌وه‌ی نوسه‌ره‌یكدا، حوكمی تاوانبارتربوون له قه‌تل‌وعامكه‌ران‌و دیلكوژانی شه‌ری ناوخۆ به‌سه‌ر نوسه‌ره‌كه‌یدا ده‌دات، بێ‌به‌ریه له هه‌موو جۆره پره‌نسیپ‌و ئه‌خلاقیات‌و پیوانیه‌كی نوسه‌رو لیكۆله‌ره‌وه. ئه‌مه تیوریزه‌كه‌ری سه‌ركوت‌و ده‌مداخستنی خه‌لكه له‌سه‌ر راده‌ربرین. هه‌ركه‌س ئازاده ره‌خنه له‌و بۆچون‌و لیكدانه‌وه‌یه بگریت كه به ناراستی ده‌زانیت. به‌لام دانانی خاوه‌نه‌كه‌ی له خانه‌ی جاسوسان‌و تاوانبارانی جه‌نگ‌و ته‌نانه‌ت خراپتر له‌وانیش، به‌لگه‌ی بێ‌به‌ری بوونه له پره‌نسیپ‌و هه‌موو تایبه‌تمه‌ندیه‌كی لیكۆله‌ره‌وه‌ی زانستی. ده‌كرا خه‌یالاتی خاوی خۆی ناوبنێ لیكۆلینه‌وه‌و بیخاته‌به‌رده‌ستی خه‌لك، به‌لام ناتوانی خۆی بكات به قازی و حوكم بۆ كه‌سانی تر ده‌ربكات. ئیستاش ئه‌گه‌ر تۆزقالیك پره‌نسیپ بۆ خۆیان قایلبن له‌م باره‌یه‌وه پیویسته داوای لیبوردن بكه‌ن. حه‌ق وایه رای گشتی‌و به تایبه‌ت نوسه‌ران‌و رۆشنبیران ریگا به نه‌ریتی نا مسئولانه‌و بێ پره‌نسیپی به‌م جۆره نه‌ده‌ن.
له كۆتاییدا پیویسته بلیم من‌و حیزبه‌كه‌م شانازی به‌وه‌وه ده‌كه‌ین كه له‌به‌رامبه‌ر زه‌خت‌و زۆری جۆراوجۆردا خۆمان راگرت‌و به توندی دژی شه‌ری ناوخۆ راوه‌ستاین، چه‌ند جار له‌سه‌ر ئه‌م هه‌لویسته هه‌ره‌شه‌ی چه‌كمان لیكراو بنكه‌ی رادیۆمان گه‌مارۆی چه‌كدارانه درا. به‌لام له هه‌لویستی مسئولانه‌ی خۆمان نه‌هاتینه‌خوارره‌وه. ئیمه‌بوین راستیه‌كانی پشتی چه‌ند ده‌وره له ریكه‌وتنی به ناو “ستراتیژی‌و میژوویی‌و یه‌كجاره‌كی….” نیوان ئه‌م دوو حیزبه‌مان بۆ خه‌لك روونكرده‌وه، پیشوه‌خت هۆشیاریمان به خه‌لكداو زهنی خه‌لكمان بۆ رووبه‌رووبونه‌وه‌ی ئاماده‌كرد. له داهاتوشدا هوشیاری خه‌لك‌و ئاماده‌یی خه‌لك بۆ وه‌ستانه‌وه دژی شه‌ری ناوخۆ‌و كۆنه‌په‌رستانه‌ی ئه‌م حیزبانه، فاكته‌ری سه‌ره‌كی‌و زه‌مانه‌تی دورراگرتنی كۆمه‌لگایه له ئاگری جه‌وله‌كانی تری شه‌ری ناوخۆ.
ئه‌وه‌ی ئه‌م راستیه له خه‌لك ده‌شاریته‌وه، خه‌لك چه‌واشه ده‌كات‌و ئه‌م زه‌مانه‌ته ده‌پوكینیته‌وه‌و ریگا بۆ جه‌وله‌یه‌كی تری شه‌ری ناوخۆ ده‌كاته‌وه. ئه‌و قه‌له‌مه‌ی به‌م كاره هه‌لده‌ستیت به‌راستی ده‌چیته لیستی قه‌له‌مه‌كانی شه‌ری ناوخۆوه. بزوتنه‌كه‌ی “لڤین” هه‌میشه ئه‌م ده‌وره‌ی گیراوه، ئه‌م پرۆژه‌یه‌شی هه‌ر ده‌چیته هه‌مان خانه‌وه.