رێبوار ئەحمەد:
لە چلەمین رۆژی جەنگی بەرگری جەسورانەی کۆبانی بەرامبەر ئابلۆقەو پەلاماری چەتە ئیسلامیەکانی داعش، لە وتارێکدا بە ناونیشانی “تازە کۆبانی بشکەوێت هەر سەرکەوتوە”، پێشبینی ئەوەم کردبوو کە ئەو هاتنەمەیدانە جەماوەریە و بە تایبەت رۆڵی بەرجەستەو جەسورانەی ژنان، ئاڵوگۆڕێکی گەورە لە جێگاورێگای کۆمەڵایەتی ژناندا پێکبهێنێت. لەم بارەیەوە لەوێدا وتبوم ” تازە سەختە باوەر بەوە بکرێت لە داهاتوی کۆبانیدا ژنان وەکو رابردوو ملبدەنەوە بە کۆیلایەتی و پیاوسالاری و ئالوگۆرێکی گەورە لەم روەوە پێکنەیەت”. یاسایەکی تایبەت کە لەم رۆژانەدا بەرێوەبەرایەتی کانتۆنی جەزیرە دەربارەی مافەکانی ژنان پەسەندی کردوە، مژدەی بەشێکی گرنگ لە پێکهاتنی ئەو ئاڵوگۆرە گرنگەمان پێ رادەگەیەنیت. ئەمە تەنها یەک هەنگاوە لە رێگای ئازادی ژنان و پێکهاتنی ئاڵوگۆری پێشڕەوانە. بەلام یەک هەنگاوی زۆر گرنگ و گەورە.
کەوایە ئەو پێشبینیە لە جێگای خۆیدا بوو کە یەکێک لە دەسکەوتە گرنگەکانی جەنگی بەرگری کۆبانی و رۆڵی بەرجەستەی ژنان لەو جەنگەو لە لوت شکاندنی کۆنەپەرستی ئیسلامی، بریتی دەبێت لە تورهەڵدانی نەرێتە دارزیوە ئیسلامی و پیاوسالاریەکان و هەنگاوهەڵگرتن لە ریگای پێکهێنانی ئالوگۆری گەورە لە جێگاورێگای کۆمەلایەتی و دەستەبەربونی ئازادی ژنان. لە پێشدا پێویستە پێداگری توند لەسەر ئەوە بکەین کە هۆکارەکانی دەرکردنی ئەم یاسایە هەرچیەکبن، وە بەدەر لەوەی کە کام هێزو لایەن لە پشتی هەوڵدان بۆ دەرکردنی ئەم یاسایە راوەستاون، هەروەها بەدەر لەهەر سەرنجێک کە بکرێت لەسەر هەندێک بەندو وردەکاری ئەم یاسایە بخرێتەڕوو، لە روانگەی هەر ئینسانێکی ئازادیخوازەوە ئەمە هەنگاوێکی زۆر گەورەو پێشڕەوانەو بەڕاستی جێگای ستایشە. بێگومان ئەگەر خوێندنەوەیەکی هەمەلایەنەو ورد بۆ هۆکارە سیاسی و کۆمەڵایەتی و مێژوویەکانی دەرکردنی ئەم یاسایە بکرێت، فاکتۆری جۆراوجۆر لەم مەسەلەیەدا رۆلیان گێراوە، بەڵام من بی دوودڵی دەتوانم بڵێم جەنگی بەرگری کۆبانی دژی دڕندەیی و کۆنەپەرستی ئیسلامی و بە تایبەتی رۆڵی بەرجەستەی ژنان لەم جەنگە دلێرانەیە، فاکتۆرێکی زۆر گرنگە بەتایبەتی لە گەڵاڵە کردن و بەرجەستەبونی ئەم یاسایە لەم ئان و ساتە دیاریکراوەی ئێستادا. بەم مانایە دەکرێت ئەمە بەیەکیک لە دەسکەوتە گرنگەکانی ئەو سەرکەوتنەی کۆبانی دابنرێت کە لە وتاری “تازە کۆبانی بشکەوێت هەر سەرکەوتوە”دا پیناسە کراوە.
بەرەوپێشەوە چونی خەبات دژی هەر دیاردەیەک، ئەنتی تێزی ئەو دیاردەیە بەهێزدەکات. ئەمە قانونمەندییەکی کۆمەڵایەتی و لۆجیکێکی سادەیە. هەر بەم پێیە پێشڕەوی لە جەنگی دژی کۆنەپەرستی ئیسلامیدا، ئەنتی ئیسلامیزم بەرهەمدەهێنێت… خۆ ناکرێت ژنان و پیاوانی کۆبانی بە فیداکاری و گیانبازی خۆیان لوتی کۆنەپەرستی و فەسادو نیکاح و جیهادی ئیسلامی بشکێنن و پاشانیش بە دەستی خۆیان هەمان یاساو نەرێتەکانی ئیسلام بکەنەوە بە کۆتی کۆیلایەتی و ژیانی خۆیان لە تاریکی و دواکەوتوی و هەڵاواردندا نوقم بکەن. ئەمە یەکێکە لە دەسکەوتە گرنگەکانی جەنگی بەرگری دژی بەربەریەتی ئیسلامی داعش و رۆلی ژنان لەم جەنگەدا. بەڵام بەرێوەبەرایەتی کانتۆنی جەزیرە بە گەڵالەکردن و مۆرکردنی ئەم دەسکەوتە لە یاسایەکدا سەروەری و شانازیەکی گەورەی لە مێژوودا بۆ خۆی تۆمارکرد. تەنانەت ئەگەر هێزو دەسەڵات و دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکەو زلهێزەکان، ئەوانەی چاویان بە تۆزقاڵێک کرانەوە بەڕوی ژناندا هەڵنایات، بتوانن بە پیلانگێری ئەم دەسکەوتە لەباربەرن، تازە ناتوانن ئەم پەیامە مێژووییەی بخنکێنن. تازە ئەم هەنگاوە جێگای مێژوویی خۆی پەیدادەکات و لە خەباتی ئازادیخوازانەو یەکسانیخوازانەی لێرە بەدوای ئەم کۆمەڵگایە و گشت ناوچەکدا رۆڵێکی گرنگی دەبێت. توڕهەڵدان لە نەرێتی کوشتارو بەربەریەتی ناموسپەرستانەی ناسیۆنالیستی ئاوێتە بە ئیسلام، توڕهەڵدانی حوکمی ئسلامی بۆ دانی مۆری “ناقص العقل و پلە دویی” لە نێوچەوانی ژنان کە لە ئەحکامی ئیسلامی بۆ شایەتیدان و میرات و.. بەرجەستە بووە، توڕهەڵدان لە مارەیی ئیسلامی کە سیمبولی کۆیلایەتی و جۆرێکە لە بازاڕ گەرمکردن بۆ کڕین و فرۆشتنی ژنان، توڕهەڵدان لە نەرێتی ریسوای چەند ژنە کە یەکێکە لە کۆنەپەرستانەترین و پیاوسالارانەترین نەرێتە ئیسلامیەکان، توڕهەڵدان لە نەرێتی ئیسلامی بۆ سەندنەوەی مافی جیابونەوە لە ژنان….هتد ئەو هەنگاوە پێشڕەوانە و جێگای ستایشەن کە بەڕاستی لە گشت مێژووی ناوچەکەدا بێ وێنەیە.
دەسکەوتێکی تری ئەم هەنگاوەی کانتۆنی جەزیرە پەردەهەڵماڵین بوو لەسەر رووی راستەقینەی ئیسلام و مایەپوچکردنی هەموو ئەو هەوڵانەی کە دەیویست ئیسلام لە بەربەریەت و خوێنخۆری و فەسادی داعش بێبەری بکات. کاردانەوەی هستریکانەی باندو تاقمە ئیسلامیەکان بە تایبەتی لە کوردستانی عێراقەوە بەرامبەر ئەم هەنگاوە پێشڕەوانەیە، خۆی نیشاندەری ئەوەیە کە نەرێتەکانی ئیسلام لە راستیدا هەر ئەو بەربەریەتەیە کە ئەمڕۆ داعش بەبێ دەمامک نوێنەرایەتی دەکات و بانگی بۆ دەدات. تاقمە ئیسلامیەکانی تر ئەگەر هەلومەرج وهێزهاوسەنگی لە جێگایەک ناچاریان بکات کە دەمامک بخەنە سەر روخساریان و تەنانەت ئەگەر هەندێک جار زۆر ریاکارانە دانبنێن بە جەرگی خۆیاندا و دەستەواژەی مافەکانی ژنان بەسەر زاردا بهێنن، ئەوە هەنگاوێکی بە کردەوەی لە بابەت ئەوەی کانتۆنی جەزیرە دوچاری پەشۆکاوی و هستریایان دەکات و دەمامک لەسەر روخساریان لادەبات. کۆنەپەرستانی ئیسلامی هەر بەبیستنی دەستەواژەی ئازادی ژن موی لەشیان گرژئەبێتەوەو هەراسان دەبن، تا ئەو رادەیە سەریان لێدەشێوێ کە رێگا بە خۆیان بدەن هەڕەشە لە سالح موسلم و کانتۆنی جەزیرە بکەن بۆ پەشیمانبونەوە لە پشتیوانی کردنی جەنگی بەرگری کۆبانی بەرامبەر بەربەریەتی داعش. ئەمەش جاریکی تر بەڵگەیەکە بۆ دەرخستنی رووی راستەقینەو داعشیانەی ئەم تاقمە ئیسلامیانە و سەلماندنی ئەو راستیەی کە ئەوانیش هەر وەکو خەلیفەکانی داعش لایان وایە ئەگەر کۆمەڵگا بۆ ئەوە نەبێت کە یاساو شەریعەتی ئیسلامی تیدا پیادەبکرێت، باشترە وێران و نابوت بێت.
هەڵبەت هەڕەشەی ئەوان بۆ پەشیمانبونەوە لە پشتیوانی خەڵکی کوردستانی سوریا و پەیەدە بەرامبەر داعش، لە جیاتی ئەوەی زیان بەو خەباتەو بە پەیەدە بگەیەنێت سودی پێدەبەخشێت، لە راستیدا ئەمە تەنها خزمەتێکە کە بەوان بکرێت بۆ خەڵکی کوردستانی سوریاو پەیەدە. چونکە بەراستی ئەگەر تا ئیستا تاقمە ئیسلامیەکان لە ریزی پشتیوانانی ئەو جەنگی بەرگریە دانرابن، ئەوە خاڵیکی هەرە لاواز بووە بۆ ئەو بزوتنەوەی بەرگریە و هەوڵێک بوە بۆ لەکەدارکردنی ناوەرۆکە ئازادیخوازانەکەی لەبەرچاوی خەڵکی جیهان. ئەوە زۆر باشترو بە قازانجترە کە ئەم تاقمانە راستەخۆ بە رۆڵ و روخساری داعشایانەی خۆیانەوە دەرکەون و چیتر نەبنە پەڵەیەکی چڵکن و ناشرین بۆ لکەدارکردنی ریزی بەشەریەتی موتەمەدن و ئازادیخوازی دنیا لە هاوپشتی کردنی خەڵکی کۆبانی و کوردستانی سوریادا. ئەم پەردەلادانە لەسەر رووی داعشیانەی تاقمە ئیسلامیەکانی تر، دەبێ وەکو بەشێک لە دەسکەوتەکانی ئەم هەنگاوەی کانتۆنی جەزیرە چاوی لێبکرێت و مایەی شانازی و دڵگەرمی زیاتر بێت. بەڵام بێگومان هەڕەشەکەیان پوچ و بەتەواوی بێبایەخ و مایەی گاڵتەجاڕیە، ئەو بزوتنەوەی بەرگریەی کە لوتی داعشی شکاندوەو دەسەڵاتی ناسیۆنالیزمی کوردی لە کوردستانی عێراق دوچاری شەرمەزاری و ریسی ئەمریکاو تورکیاو دەست و پێوەندەکانیانی کردوەتەوە بەخوری، زۆر لەوە راوەستاوترە کە بچێتە ژێر گوشاری پوچی ئەم باندو تاقمە کۆنەپەرستانەو فتوای ئاخوندەکانیانەوەو لەسەر قسەی ئەوان لە هەنگاوە پێشڕەوانەکەی خۆی پەشیمان بێتەوە. باشترە ئەوان هەڕەشەکەی خۆیان بکەن بە کردەوە، پاشانیش کاتێک دەبینن ژنانی کوردستانی سوریا لە رێگای ئازادیدا هەنگاوی گەورە هەڵدەهێنن، دەتوانن لە داخا سەری خۆیان بدەن لە بەردی رەق.
ئەم هەنگاوەی کانتۆنی جەزیرە لە هەمانکاتدا بەڵگەیەکی گرنگە بۆ ئەوەی لە لایەنێکی تریشەوە جەنگی بەرگری جەسورانەی کۆبانی هەڵسەنگێنینەوە. لە وتاری پێشوتردا لە وەڵام بەو بۆچونەی کە لای وابوو ئەو بەرگرییە نەرێتی کوردایەتی و ناسیۆنالیزمی کورد بەهێز دەکات و پەرەی پێدەدات، وتم ئەمە لێکدانەوەیەکی هەڵەیە و لەم بارەیەوە باسی ئەوەم کرد کە ئەوەی لە جەنگی بەرگری کۆبانیدا رویدا، سەرباری ئەوەی کە پەیەدە رۆلی سازدەرو رابەری ئەو جەنگەی گێراوەو ئەم رۆڵەی پەیەدەشم ستایش کرد، بەڵام وتم ئەم رووداوە شتێکی جیاوازبوو لە نەرێتی ناسیۆنالیزمی کوردو ئەمری واقع هێزە ناسیۆنالیستەکانیشی بەدوای خۆیدا بەکێشکردوە. ئێستا دەتوانین ئەم دەسکەوتەی ئەو روداوە بکەین بە محەکێک و جارێکتر ئەو حوکمەی پێهەڵسەنگێنین. نەرێتی ناسیۆنالیزمی کورد بۆ چۆنیەتی مامەڵە لەگەڵ مەسەلەی ژنان چ ئێستا و چ گشت مێژووی رابردوی لەبەرچاوی هەمواندایە. هەمیشە “پیرۆزی” و بنەماکانی ئیسلام بۆ ناسیۆنالیزمی کورد سەرچاوە بوون بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ مەسەلەی ژنان، ناسیۆنالیزمی کورد چ وەکو بزوتنەوەیەکی سیاسی کۆمەڵایەتی و چ وەکو چەندین حزبی سیاسی جیاجیا، هەمیشە لە روانگەیەکی ئیسلامیەوە لە ژن و مافی ژنانی روانیوەو مامەڵەی لەگەڵ مەسەلەکەی کردوە. هەمیشە لە پشتی کۆیلایەتی و هەڵاواردن و پلەدووی و چەندژنە و کوشتاری ناموسپەرستانەی ژنان و.. و….هتد راوەستاوە. مودێڕنترین دەسکەوتی تا ئیستای ناسیۆنالیزمی کورد حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستانە کە گشت ناسیۆنالیزمی کورد بەوانەشەوە کە لەگەڵ لایەنە سەرەکیەکانی ناو ئەم دەسەڵاتە کێشەو ناکۆکی و تەنانەت شەڕو کوشتاریان بوە، وەکو دەسکەوتێکی گەورەی مێژوویی شانازی پێوە دەکەن. بەڵام لە سایەی ئەم حکومەت و پەرلەمانەدا قوربانیانی کوشتاری ناموسپەرستی زۆر زیاترن لە قوربانیانی کارەساتی هەڵەبجە. رەشنوسی دەستوری هەریم راشکاوانە دەڵی شەرع و ئەحکامی ئیسلامی داعش یەکێکە لەبنەماسەرەکیەکانی دەستورو یاساکانی ئەم هەرێمە و تا ئیستاش هیچ لایەنێکی ناسیۆنالیستی راشکاوانە وشەیەکی لە دژی ئەمە نەوتوە. بە یاسای ئەم پەرلەمانە هێشتا چەندژنە وەکو نەرێتێکی ئیسلامی قورەیشی لە کوردستان پێڕەو دەکرێت. حزبێکی وەکو بزوتنەوەی گۆڕان کە لە باڵی “سۆسیال-دیموکراتی” ناو بزوتنەوەی کوردایەتی زیاتر لافی شارستانیەت و مودێڕنیزم و لیبراڵیزم لێدەدات، شانازی خۆی لەوەدا دەبینێتەوە کە پەیامی کۆنەپەرستانەی پێداگری لەسەر “پیرۆزیە ئاینیەکانی ئیسلام” بە گوێی خەڵکدا بدات. لەم کاتەدا کە خەڵکی کوردستانی سوریا بە خوێنی خۆیان بەرامبەر بەربەریەت و کۆنەپەرستی ئیسلامی بەرگری لە ژیان و ئازادی و حورمەتی ئینسانیان دەکەن، دەسەڵاتی هاوبەشی ناسیۆنالیستە کوردە “سۆسیال-دیموکرات” و “لیبراڵ”ەکانی لە سلێمانی کە لە ئاست جیێبەجێ کردنی سەرەتاییترین داخوازیەکانی خەڵکدا گوێی خۆیان کەڕکردوە، خەرێکی جێبەجێ کردنی فتواکانی داعشن بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادیە فەردی و مەدەنیەکان و داخستنی مەیخانە و دوکانەکانی مەیفرۆشی. تەنانەت ئەوەی لە روانگەی ناسیۆنالیزمی کوردەوە ناوی نراوە بەشداری ژنان لە خەباتی چەکداری، شتێک جگە لە سەپاندنی رۆڵی خزمەتکردنی پیاوانی سەنگەر کە ئێستاشی لەگەڵ بێت وەکو رۆڵی ژنان لە جەنگی دژی داعش بەرجەستەی دەکەن. بە کورتی سەرجەم ئەو بەندە پێشڕەوانەی لەم یاسایەی کانتۆنی جەزیرەدا هاتووە هەر هەمووی لە روانگەی ئیسلامیانەو خێڵەکیانەی ناسیۆنالیزمی کوردەوە حەرام و کوفرو مایەی فەسادو بەرەڵایین.
کەوایە ئەگەر ئەو راستیە ببینین و بسەڵمێنین کە واقعیەتی سیاسی ئێستای کوردستانی سوریا و جەنگ لە دژی داعش و رۆڵی بەرجەستەی ژنان لەم واقعیەتەدا سیاسیەدا دەوری گرنگی هەبوە لە بەرهەمهێنانی ئەم یاسایەدا، بە دیاریکراویش بەرگری جەسورانەی کۆبانی کە سەرنجی هەموو دنیان بۆلای خۆی راکێشا، ئەوکات با سەرنج بدەین بزانین چ بەندێکی ئەم یاسایە دەکەوێتە ناو خانەی نەرێتی ناسیۆنالیزمی کوردەوەو چۆن ئەو نەرێتە پەرەدارو بەهێز دەکات؟! راستیەکە بە تەواوی پێچەوانەیە، ئەمە گورزێکی گەورەی لەو نەرێتەداوەو شەرمەزاریەکی گەورەی کردوە بە نسیبی ئەو نەرێتەو بزوتنەوەکەی. ٢٣ ساڵە دەسەڵاتی ناسیۆنالیزمی کورد لە کوردستانی عێراق لەبەرامبەر بزوتنەوەی فراوانی یەکسانیخوازی و ئازادیخوازی کە هەزاران جار لەسەر مافەکانی ژنان یەخەیگرتون، بە چنگ و ددان نەرێتە کۆنەپەرستانە ئیسلامی و پیاوسالاریەکانی پاراستوەو بەزۆرەملێ بەسەر کۆمەڵگای مودێڕنی کوردستاندا فەرزی کردوە. ئەگەر لە ژێرگوشاری تونددا نەبێت تەنانەت ئامادە نەبوە سەرزارەکیش سەرەتاییترین مافی ژنان بسەلمێنێ. لەوەش زیاتر ئەم دەسەڵاتە ناسیۆنالیستە کوردیە دروست راگەیاندنی یاسایەکی تارادەیەک لێکچوو لەگەڵ ئەم یاسایەی کانتۆنی جەزیرە لەلایەن حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی و رێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتانەوە کرد بە یەکێک لە بەهانەکانی پەلاماردانی چەکدارانە بۆ سەریان و قەدەغەکردنی هەڵسوڕانیان. ئەم سیمبولەی ناسیۆنالیزمی کوردو کوردایەتی ٢٣ ساڵە بەبەهانەی پوچی “جاری کاتی نیە، حکومەتەکەمان ساوایە، بە دوژمنان دەورە دراوین، کۆمەڵگاکە ئیسلامیەو ئەم دواکەوتویە نەرێتی خەڵکە، دەبێ پشودرێژبین و هەنگاو بە هەنگاو بڕۆینەپێشەوە، ئەوە ئەرکی حکومەت نیە یاسا بگۆڕێ چونکە ژنان دەبێ خۆیان خۆیان رزگار بکەن…” ئەمانە و دانی بەڵێن لە دوای بەڵێنی فریوکارانە بۆ ئارام کردنەوەی توڕەیی ژنان و خەڵکی ئازادیخواز، نەرێتە کۆنەپەرستانەو پیاوسالارە ئیسلامیەکانی وەکو یاسا بەسەر کۆمەڵگادا داسەپانددوە. لەم بارەیەوە لەم ٢٣ ساڵەدا ئەگەر هەنگاوێک لە چاو یاساکانی رژێمی بەعس نەچوبێتنە دواوە ئەوە بێ شک نیو هەنگاویش چیە نەچوەتە پێشەوە. ئەم هەنگاوەی کانتۆنی جەزیرە گورزێکی گەورەی لەم نەرێتە وەشاندوەو مۆری شەرمەزاری نا بە نێوچەوانیەوە. ئەم دەسکەوتەش جارێکی تر ئەو راستیە دەسەڵمێنێ کە ئەوەی لە کۆبانی رویدا جیاوازبوو لە نەرێتی ناسیۆنالیزمی کورد.
هەڵبەت هەر چۆن دەربارەی جەنگی بەرگری کۆبانی لەگەڵ ئەو بۆچونە بەرەوڕووبوین کە بەبەهانەی ئەوەی رابەرو سازدەری ئەو جەنگە حزبی پەیەدەی ناسیۆنالیستە، ناوەرۆکی ئازادیخوازانەی ئەو جەنگەی دەخستە ژێر پرسیارەوەو لە بایەخی کەمدەکردەوە. ئێستاش هەرچەند لە ئاستێکی کەمتردا دووبارە لەگەڵ ئەو بۆچونە روبەڕودەبین کە لەسەر بناغەی هەندێک لایەن یان بەندی لاوازی ئەم یاسایە، چوارچێوەو ناوەرۆکی گشتی پێشڕەوانەی یاساکە کاڵ دەکاتەوە یان دەیباتە ژێرپرسیارەوە. بۆ نمونە لە بەندی ١٨ی پرەنسیپە سەرەکیەکاندا وتراوە “سهپاندنی سزای توند لهسهر ئهنجامدهرانی خیانهتی ھاوسهری به یهکسانی بۆ ھهردوولا” کە ئەگەر لە روانگەی یەکسانیخوازی و ئازدی ژنانەوە چاو لەم یاسایە بکەین، من پێموایە ئەم بەندە دەکەوێتە ناکۆکیەوە لەگەڵ گشت ناوەڕۆک و مەبەستی یاساکەدا. سەرچاوەی ئەم بەندە دەگەرێتەوە سەر هەمان ئەو نەرێتانەی کە چوارچێوەی پێشڕەوانەی یاساکە توڕیهەڵداون. ئەمە دیسان دەبێت بە دەخاڵەتکردن لە کاری تایبەتی تاکەکان. ژن و پیاوێک کە بەپێی بەندەکانی پێشتری ئەم یاسایە خۆیان ئازادانە لەگەڵ یەک هاوسەرگیریان کردبێت و هەردولاشیان مافیان هەبێت بۆ جیابونەوە، هەرخۆشیان دەتوانن ئازادانەو بە ئیرادەی خۆیان چارەسەری ئەم جۆرە مەسەلانە بکەن، بەبێ ئەوەی پێویست بکات روبەڕوی “سزای توند” بکرێنەوەو راپێچی زیندان بکرێن. ئەم بەندە بە تایبەتی لە کۆمەڵگای پیاوسالاری ئەمڕۆدا بە زیانی ژنان تەواو دەبێت. چونکە لەم حاڵەتەدا رەنگە لە روانگەی یاساییەوە سزای یەکسان بەسەر ژن و پیاودا پیادەبکرێت، بەڵام بێگومان لەروی کۆمەڵایەتیەوە لە کۆمەڵگای پیاوسالاریدا دەبێتە هاندەرێک بۆ بەردەوامیدان بەو ژنکوژیە ناموسپەرستانەیەی کە لە خودی یاساکەدا قەدەغەکراوە. بەڵام ئەوە هەرگیز دروست نیە کە یاسایەکی بە گشتی پێشڕەوانەو بەڕاستی بێوێنە لە گشت مێژووی ناوچەکەدا، لەسەر بەندێکی بەم جۆرە لەکەدار یان لە بایەخی کەم بکرێتەوە. گومان لەوە نیە کە ئەگەر ئەم هەنگاوە پێشکەوتوانە بچەسپێ، هەر ئەو رەوەندە پێشڕەوانەیەی ئەم یاسایەی هێناوەتە ئاراوە لە هەنگاوەکانی دواتریدا دەتوانێ لایەنە لاوازو ناکۆکەکانیش بە ناوەرۆکە سەرەکیەکەی وەلابنێ. لەم ناوچەیەی کە گرفتاری دەستی جۆرەها دەوڵەت و دەسەڵات و هێزی تاسەرمۆخ کۆنەپەرست و دژی ژنە، ئەم هەنگاوەی کانتۆنی جەزیرە سەرباری هەر خاڵێکی لاواز کە هەیبێت، سەرباری ئەوەی کام هێزی سیاسی رۆڵی لە دارشتن و پەسەندکردنی گێراوەو کام واقعیەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی کردویەتی بە ئەمری واقع. بە گشتی چ یاساکەو چ ئەو هێزو لایەن و دامەزاراوانەی لە پشتیەوە راوەستاون، جێگای گەورەترین پشتیوانی و ستایشن. ئەرکی بەرەی ئازادیخواز و بەشەریەتی موتەمەدنی دنیاو لە پێشی هەموانیشەوە ئەرکی چەپ و کۆمۆنیزمە کە پشتیوانیەکی گەورەی جیهانی بکاتە زامنی سەرکەوتنی یەکجاری ئەم هەنگاوە پێشڕەوانەو ئازادیخوازانەیە.
ئەم هەنگاوە لە کوردستانی سوریادا یەکەمین هەنگاوە بە تایبەت لە ئاستی بە یاساکردنی ئازادیدا. بەڵام ئەم رەوەندە ئەگەر لە پلانی کۆنەپەرستان بۆ بەشکست کێشانی رزگار بکرێت، بێشک دواهەنگاو نابێت و پێشڕەوی زیاتری بەدوادا دێت. ئیستا دەتوانین ئومیدەوار بین نەک هەر بەوەی کە خاڵە لاوازەکانی ئەم یاسایە وەلانرێن، بەڵکو بە دەرکردنی یاسای هاوشێوە لە بوارەکانی تردا، وەکو مافە سیاسی و مەدەنیەکان خەڵک، ئازادیە سیاسیەکان، یاسای کاری پێشڕەوانە، یاسای پارێزگاری لە مافەکانی منداڵان، تا دەگات بە داڕشتنی دەستورێکی سکولارو پێشڕەوانە… هەم بناغەی ئەم پێشڕەویە مەحکەم بکرێ و پردەکانی پشتەوە بڕوخێنرێ بۆ داخستنی رێگای پاشەوپاش گەڕانەوە، هەم ئەم رەوتی ئازادیخوازیە تا ئەو رادەیە بەرین و قوڵ بکرێتەوە کە زۆربەی زۆری دانیشتوان لە پشتی ریزبن و رێگای بەرەوپێشچونی بەردەوامی هەمواربکرێت. ئەمەش هێزێکی وەکو پەیەدە کە لە ئێستای ئەو کۆمەڵگایەدا خاوەن رۆلی سەرەکیە، دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورە. پەیەدە ئەگەر بیەوێ مێژویەکی درەخشان و جیاواز لە مێژوی پڕ شەرمەزاری حزبە دەسەلاتدارە ناسیۆنالیستەکانی کوردستانی عێراق بۆ خۆی تۆمار بکات، ریگاکەی ئەوەیە بێدودڵی بە رۆلی خۆی لە پشتی چونەنەپێشی ئەم رەوەندە راوەستێت.
گومان لەوە نیە کە کاریگەری ئەم هەنگاوە تەنها لە قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی کانتۆنی جەزیرەو تەنانەت کوردستانی سوریادا قەتیس نامێنێ، بەڵکو چاوی هەموو ئازادیخوازانی ناوچەکە ئەکاتەوە. یەکسانیخوازی و ئازادیخوازی دەکات بە کارێکی کردەنی و بە گڕوتینێکی بەهێزترەوە ئەم رەوەندە لە ناوچەکدا دەهێنێتەمەیدان و دەسەڵاتە کۆنەپەرستەکان دەخاتە ژێرگوشاری توندەوە. هەر لە ئێستاوە کاریگەریەکانی لە ناوچەکە خەریکە خۆی نیشاندەدات. لە کوردستانی عێراق ئازادیخوازان و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ئیتر بەهانەی پڕوپوچ بۆ داسەپاندنی یاساو نەرێتی دواکەوتوانەی ئیسلامی لە حکومەتی هەریم قبوڵ ناکەن. کەمتر لە ٤ هەفتە لەمەوبەر لە وتاری “تازە کۆبانی بشکەوێت هەر سەرکەوتوە” وتم ” دوای ئەو جەسارەتەی ژنانی کۆبانی نیشانی دنیایاندا، سەختە بیهێنیتە بەرچاو کە ئەگەر سبەی چەتە ئیسلامیەکان پەلاماری بۆ نمونە کەرکوک یان خانەقین بدەن، جێگای ژنان لە جەنگی بەرگریدا خاڵی بمێنێتەوە” ئەوە ئەم رۆژانە هەواڵەکان باس لە چەکداربونی ژنانی شەنگال رومادی و موسڵ بۆ بەشداریان لە جەنگی بەرگری دژی داعش دەکەن. ئەم هەواڵانە واقعی بن یان نا من هیچ گومانم لەوە نیە کە رۆڵی ژنان لە جەنگی بەرگری کۆبانیدا رەنگدانەوەی زۆری دەبێت لەسەر رۆڵی ژنانی ناوچەکە لە گشت بوارەکانی خەبات و ژیانی کۆمەڵایەتیدا. لێرەش بێدودڵی دەڵیم بەهەمان شێوە ژنان و ئازادیخوازان لە ناوچەکەدا نابێ و ناکرێت ئەم هەنگاوە پێشڕەوانەیە لە کوردستانی سوریا ببینن، بەڵام لە ئاست کۆیلایەتی ژنان و یاسا و نەرێتە ئیسلامی و ناسیۆنالیستی و خێڵەکیە پیاوسالارانەو دواکەوتوانەکاندا دەست لەئەژنۆ بمێنن و لە خەباتی خۆیاندا ئیلهامی لێ وەرنەگرن.
لە ئاستی گشت ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراستیشدا کە بە هۆی سیاسەتی دژی ئینسانی دەوڵەتانی غەرب و لەپشتدانی جۆرەها رەوتی کۆنەپەرستی ئیسلامی و قەومیەوە کراوە بە جەهەنمێک بە تایبەت بۆ ژنان، ئەم یاسایەی کانتۆنی جەزیرەو ئەوەی چەند هەفتە لەمەبەر لە هەڵبژاردنی تونس بۆ دەمکوتکردنی ئیسلامیەکان رویدا، دوو نمونەن بۆ پوچی ئەو پڕوپاگەندانەی غەرب کە ئیسلام و دواکەوتویی و دژایەتی کردنی مافی ژنان وەکو فەرهەنگی خەڵکی ئەم ناوچەیە نیشاندەدەن. لەسەر ئەم بناغەیەش تا ئەم دواییانە بۆ نمونە لە بەریتانیا بەزۆربەشودانی کچان لە خانەوادە ئیسلامیەکاندا ریگاپێدراوبوو، هەروەها بە جەنائی لەقەلەمدانی کوشتاری نامسپەرستانە دەمێک نیە لە ئەوروپا پەسەندکراوە. تا ئەم دواییانە لەسەر بناغەی ئەو بۆچۆن و سیاسەتە پوچەی غەرب بەرامبەر ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە گوایە ئیسلام و کۆیلایەتی ژن فەرهەنگی خودی دانیشتوانی ئەم ناوچەیەیە، هەروەها بەپێی تیزی پوچی “هەرکەس بە پێی فەرهەنگی خۆی” لە ئەورپاو لە ناو کۆمیونیتیە ئیسلامیەکاندا کوشتنی ناموسپەرستانەو لاقەکردنی ژن و بەزۆر بەشودان و نەرێتە دژی ژنەکانی تر ئاسایی بەرێوەدەچو. ئەم هەنگاوە توڕی لە هەموو ئەم تێڕوانینانەش هەڵدا کە دەولەتانی غەربی بە مەبەستەوە رواجیان پێداوە. ئەم هەنگاوەو هەڵبژاردنی تونس ئەوە نیشاندەدەن کە خەڵکی ئازادیخوازی ئەم ناوچەیە هەر دەرفەتێکیان بۆ بکرێتەوە مشتێکی توند لە دەمی ئەو کۆنەپەرستیە دەدەن کە بە زۆرو سەرکوت بەسەریاندا سەپێنراوە. سەرئەنجام ئەمە مشتێکی توند لە دەمی دەوڵەتانی غەربی و میدیای رەسمی نۆکەریان دەدا کە ریاکارانە بە بەهانەی “رێزدانان بۆ فەرهەنگی خەڵکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست” لە ئاست ئۆقیانوسێک لە تاوانکاری دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە دژی ژنان بێدەنگی دەکەن و چاویان دادەخەن. ئەم هەنگاوە چاوی هەموو خەڵکی جیهان لە ئاست راستیەکانی ئەم کۆمەڵگایانەو مەیل و رەوتی بەهێزو فراوانی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی ناو ئەم کۆمەڵگایانە دەکاتەوە کە بە زەبری داپڵۆسین و ملهوڕی و جەنگ و بە پشتیوانی دەوڵەتانی غەربی بەردەوام هەوڵی سەرکوت کردنی دراوە.
ناوەراستی نوڤەمبەری ٢٠١٤