ترەمپ بۆ کورد چۆن دەبێت؟!

0

hand_writingرێبوار ئەحمەد:

باسی بردنەوەی ترەمپ ئەمرۆ هەموو جیهانی داگرت. ئەو پرسیارەی سەرەوە بوو بە بابەتی چەندین دیبات و بەرنامەی میدیایی لە کەناڵە کوردیەکان. ئەم بابەتە بە مەبەستی وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە نیە، بە تایبەت لە روانگەی ئەو لۆجیکەوە کە پرسیارەکەی لە ئاستێکی زۆر فراواندا وروژاندوە. بەڵکو دەمەوێ خودی لۆژیکەکە لێکبدەمەوە. هەڵبەت سەرئەنجام بەو پێوانەیەی کە بە دروستی دەزانم، وەڵامێکی ئەم پرسیارەش دەدەمەوە.

خەڵکی جیهان لە گشتی ترین ئاستدا لە دوو روانگەی جیاوازەوە دەڕواننە ئەم بردنەوەیە و هەڵویستی لێدەگرن. ئەوانەی خۆشحالن، یان هوشیارانە بەرگری لە شەلاتیگەری دەکەن یان خۆشباوەرن بەوەی کە شەلاتیگەری هەرچۆنێک بێت دەتوانی دۆخ و باڵانسی ئێستا بگۆڕێت. بەشێکی زۆر لە خۆشباوەڕان رەنگە لە دۆخی ئێستای جیهان ناڕازی یان بێزار و وەڕسن بن، بەڵام هەر جۆرە ئومێدێکیان بە ئاڵوگۆڕی پێشکەوتوانە و شۆڕشگێڕانە لە دەستداوە. بۆیە هەر فاکتەرێک ئاڵوگۆڕ دروست بکات، بەدەر لەوەی ئاڵوگۆڕەکە پۆزەتیف یان نێگەتیف بێت، پێشوازی لێدەکەن. ئەوانەی ناخۆشحاڵی دەردەبڕن، بە زۆری نیگەرانن لەوەی لۆپمنبازی ترمپ، دۆخی جیهان بەرەوخراپتر و گاڵتە کردنی ئاشکرا بە پێوانە ئینسانی و پێشکەوتوانەکان بەرێت و وەڵامی کێشە گەرمەکانی ئێستای جیهان بە تایبەتی نەبونی ئاسایش و جەنگ و ستەمکاری و هەڵاواردن و مەحرومیەت بەرەو ئاستێکی بەرزتر بەرێت و کارەساتی زیاتر یەخە بە مرۆڤایەتی بگرێت. بێگومان خۆشباوەڕیش کەم نیە لە ئاست ئەوەی کە ئەگەر خانمی کلینتۆن براوە بوایە، زۆر لە واقعی ئێستای جیهانی دەگۆڕی چ لە ناخۆی ئەمریکا و چ لەستی دنیادا.

راستیەکەی ئەوەیە بنەماکانی سیاسەتی دەوڵەتی ئەمریکا، چ لە ئاستی ناوخۆ و چ لە ئاستی دنیادا، وەکو گەورە هێزێکی ستەمکار و سیمبولی میلیتاریزم و جەنگ و بەکاربەری چەکی کۆکوژ و هەڵاواردن….جێگای پەسەندی هەموو دەستەی فەرمانڕەوای ئەمریکایە بە هەردوو باڵی دیموکراسی خواز و کۆماری خوازیەوە. ترەمپ سەرۆک کۆمار بێت یان کلنتۆن، شتێک لەم بنەما سەرەکیانە ناگۆڕی. هەر کام لەم دوانەش سەرۆک بن، جەماوەری خەڵک هیچ رۆڵ و بەشداریەکیان لەوەدا نابێت کە لە چوار ساڵی داهاتودا چ سیاسەتگەلێکی کۆنەپەرستانە لە ئاستی ئەمریکا و جیهاندا بەڕێوە دەبرێت. تەنانەت ئەو خەڵکەی براونەتە بەر سندوقەکانی دەنگدان هیچ رۆڵکیان لە دیاریکردنی دامەزراوەکانی بەریوەبردنی کۆمەڵگا و بردنەپێشی سیاسەتی دەرەکی نیە و تەنانەت لەم مەسەلانە ئاگاداریش ناکرێن.

لە راستیدا رێگای عەوداڵی بە دوای ئازادیخوازی و ئینسانیەت و ئاسایش و دۆخیکی باشتر، هەڵبژاردن نیە لە نێوان؛ ترەمپ کە وەکو شەلاتیەکی بازاڕی لە سیاسەت دەڕوانێ و راستەوخۆ بە دروشمی دوژمنایەتی لەگەڵ پەنابەران و خەڵکی موسڵمان و سپاردنی ژیان و تەندروستی و هەموو پیداویستیەکان ژیانی هاوڵاتیان بە بازاڕی بۆڕبۆڕێن لە پێناو قازانجدا هاتوەتەمەیدان، یان خانمی کلینتۆن کە هەمان سیاسەت بە جیاوازیەکی رواڵەتی و بە شێوەکی روتوش کراو بەڕێوە دەبات. لە رونگەی مرۆڤیایەتی ئازادیخوازەوە هەر کام لە کاندیدەکان ببن بە سەرۆک هیچی ئەوتۆ لە دۆخەکە ناگۆڕێ. خودی ئەوەی کە کاندید بوون بۆ ئەم پۆستە پێش مەرجی ئەوەی هەیە کە لانی کەم خاوەنی سەدان ملیۆن دۆر یان لە راستیدا ملیاردێر بیت ئەگینا تەنانەت کەمپینی هەڵبژاردنت بۆ بەڕێوە ناچیت، لە پێشەوە ئەوەی بڕیوەتەوە کە لەم سیستەمەدا فەرمانڕەوایەتی پاوان کراوە بۆ ملیاردێرەکان. هەڵبەت دەنگ نەهێنانی خانمی کلینتۆن کە یەکەمین کاندیدی ژن بوو بۆ سەروکایەتی لە هەموو مێژووی دەوڵەتی ئەمریکادا، مانای زۆری هەیە دەربارەی جێگا و رێگای ژن لەم سیستەمە دیموکراسیەدا.

بەڵام مەبەستمە لێرەدا لەسەر ئەوە راوەستم کە بۆ ئەو دیدگا جیاوازانەی لە جیهاندا هەڵبژاردنی ئەمریکای پێ دەپێورێت، لەو پێوانە و چوارچیوە زاڵەی ناو فەزای سیاسی کوردستان و میدیای کوردیدا، جێگایەکی نیە؟ ئازادی و ئینسانیەت و ئاسایشی جیهان کە ئەمرۆ بووە بە کێشەیەکی گەورە، هەروەها چارەنوسی سەدان ملیۆن هاوڵاتی ئەمریکا، هیچ بایەخێکی لە باس و لێکدانەوەکانی ئیلیتی سیاسی ناسیۆنالیستی کوردی باڵادەستدا نیە. لە جیاتی هەموو ئەوانە تەنها پێوانەیەک کە کراوە بە قیبلە نۆما، ئەو پرسیارەیە کە دەڵێ کلینۆتن بۆ کورد باشترە یان ترەمپ؟ ئەمرۆ کە ترەمپ براوەیە، ئەم روانگەیە بە هەموو توانای شرۆڤەکارانەی خۆیەوە فوکوسی لەسەر ئەوە کردوە کە ئاخۆ ترەمپ بۆ کورد چۆن دەبێت؟ ئیتر ئەوە هیچ بایەخێکی نیە کە سیاسەت و پلانی ترەمپ بۆ ئازادی و مرۆڤایەتی و پرسە گەرمەکانی پەیوەست بە چارەنوسی ئەم سەردەمی مرۆڤایەتی چۆن دەبێ؟ ئەگەر بۆ “کورد باش” باش بێت باشە و ئەگەر بۆ “کورد خراپ” بێت خراپە!! وەکو ئەوەی کورد جۆرێکی تایبەت بێت لە مەخلوقات و باشی و خراپی ئەم مەخلوقە تایبەتە پەیوەندیەکی بە باشی و خراپی مرۆڤایەتیەوە نەبێت!! لە رستیشدا باش و خراپی بۆ کورد لەم روانگەیەوە شتێک نیە جگە لەوەی کە ترەمپ چۆن لەگەل ئەحزابی ناسیۆنالیستی کورد و دەسەڵاتە گەندەڵ و مافیا و کۆنەپەرستەکەی رەفتار دەکات؟ یان ئەم دەسەڵاتە و حزبە بورژوا ناسیۆنالیستەکان چ جێگایەکیان دەبی لە سیاسەت و بەرنامەی ترەمپدا؟ ئەگەر ئومێدێک بەوە هەبێت کە جێگا و رۆڵێک بۆ ئەوان قایل بێت لە سیاسەتی میلیتاریستی و کۆنەپەرستانە و سیناریۆ تەڵخ و کارەساتبارەکانیدا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست، وەها وێنا دەکرێت کە بۆ کورد باشە، ئەگەر نا بە پێچەوانەیە. لەمە بترازێ هیچ شتێک لەوە ئاشکراتر نیە کە باسی چارەسەرێکی پێشکەوتوانە بۆ مەسەلەی کورد وەکو یەکێک لە کێشە گەورە و گەرمەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەکو کێشەی خەڵکێک کە دەیان ساڵە ستەمێکی میللی دڕندانەیان بەرامبەر بەڕێوە براوە، وەکو مافی خەڵکی کوردستان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ، نەک هیچ جێگایەکی لە سیاسەتی هیچ باڵێکی دەستەی فەرمانڕەوای ئەمریکادا نیە، بەڵکو بەسەر زاری سیاسەتمەدارنی هیچ یەک لەم باڵانەدا نەهاتووە. لە بەرامبەردا هەر دوو باڵ مێژوویەک لە پشتیوانی راستەوخۆیان لەو دەوڵەتە سەرکوتگەرانە هەیە کە ستەمیان لەم خەڵکە. تا ئەمرۆش هیچ باڵیکیان لەبەرامبەر سیاسەتی میلیتاریریستی و داپڵۆسێنەرانەی رژێمەکەی ئەردۆگانی هاوپەیمانیان لە ئاستی نیگەرانی دەربڕینیشدا هەڵوێستێکیان نەبووە.

ئەو روانگەیەی کە ئاخۆ هەڵبژێردراو بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا بۆ کورد چۆن دەبێت، دەکات بە بنەمای تێروانین هەڵسەنگاندنی خۆی، نەک هەر دواکەوتوانە، بەڵکو ناکۆکە بە ئینسانیەت و شوناسی ئینسانی بۆ خەڵکی کورد. هەر بەم پێیە مایەی شەرمەزاریە. ئەستەمە لە ناو راستڕەوترین بزوتنەوەکانی جیهاندا تا ئەو ئاستە لە داتەپین و غەرق بوون لە ناو رەگەزپەرستی و نەتەوەپەرستیدا نمونە پەیدا بکەیت کە بەم راشکاوییە چارەنوس و بەژەوەندی رەگەز و نەتەوەکەیان لە چارەنوس و بەرژەوەندی مرۆڤایەتی جیا بکاتەوە.

خەڵکی کوردستان بەشێکە لە مرۆڤایەتی و کۆمەڵگای کوردستانیش وەکو هەر کۆمەڵگایەکی تری سەرمایەداری، کۆمەڵگایەکی چینایەتیە. کەمایەتیەک سەرمایەدارو ملیاردێرن و زۆربەی زۆریش نوقمی ستەم و چەوسانەوە و هەژارین. لە روانگەی هەر یەک لەم چینانە و لە ناو هەر چینێکیشدا، وەڵامی جۆراوجۆری چینایەتی بۆ کێشەکانی کۆمەڵگا دەخرێتەروو. لەسەر ئەم بنەمایەش ئاسۆی سیاسی جۆراوجۆر خۆی نمیاش دەکات. ئەو روانگەیەی کە هەموو روودا و دیاردەیەکی جیهان بە پێوانەی ئەوەی کە قازانج و زەرەری بۆ کورد چیە لیکدەداتەوە، رونگەی بورژوازی نەتەوە پەرستی کوردە (ناسیۆنالیزمی کورد) و زادەی ئاسۆی سیاسی ئەم رەوتە بورژوازیەی کۆمەڵگای کوردستانە. بۆ ئەم بزووتنەوەیە و حزبەکان و دەسەڵاتەکەی، ئەوە تاقە پێوانەیە کە نەک هەر سەرۆک کۆماری ئەمریکا، بەڵکو هەر کاربەدەستێکی پلە نزمی ئەو دەوڵەتەش چۆن دەڕوانێتە رۆڵ و جێگا و رێگای ئەوان. ئەمەش وەکو باشی و خراپی بۆ کورد وێنا دەکەن. وەکو ئەوەی هەموو خەڵکی کوردستان یەک بەرژەوەندیان هەبێت و یەک ئاسۆی سیاسی بەختەوەریان دەستەبەر بکات.

لە روانگەی ئەم بزوتنەوەیەوە نەک هەر سیاسەت و حزب و دەسەڵات و چەک ناسنامەی کوردانەی هەیە، بەڵکو گۆرانی و مۆسیقا و هونەر و کتێب،  نەرێت وخۆراک و رەفتار، تا دەگات بە منداڵ و ژن و پیا، هەموو بەبێ پاشگری “کورد” مانای تەواوی خۆیان نابەخشن. لەوەش زیاتر ئەم ساڵانەی دوایی وەرزش و گۆڵ و سڵاویش ناسنامەی کوردیان بۆ داتاشراوە. یاریزانێکی بە رەچەڵەک کورد لە یاریەکی فوتبۆڵدا گۆڵێک بکات دەبێتە مانشێتی میدیا و رۆژنامەکان و دەڵێن سەری کوردی بەرز کردەوە! زۆرێک لەوانەی کە بە تەلەفون بۆ خولەکێک لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا بەشداری دەکەن، بەشی زۆری کاتەکەیان بە پێشکەش کردنی سڵاوی کوردانە بۆ هەر تاکێکی کورد لە هەر جێگایەکی دینادا بێت تەرخان دەکەن. لە کاتێکدا هەمووان دەزانین کە ئێستا لە کوردستانی عێراقدا بە ملیۆنەها خەڵکی عەرەب و فارس و تورک و هندی و بەنگەلادیشی و سریلانکی و ئەوروپی..و… دەژین و کار دەکەن و ژیان دروست دەکەن، زۆرێکیان تەنانەت هەر بۆ کاری هاوکاری مرۆیی خەڵکی کوردستان لێرەن. بەشێکی زۆر لەم خەڵکە ئەوەندە کوردی فێر بوون کە لانی کەم لە سڵاو تێبگەن و ئەگەر لە بۆنە و روداوە گەرمەکان یان بۆ ئاگاداری لە واقعی کوردستانیش بێت جار جار چەند خولەکێک دەبنە بینەری کەناڵە کوردیەکان. لە هەموو دنیای مرۆڤایەتیدا سڵاو دەکرێت لە بینەران، بەڵام لە میدیای کوردیدا روو بە بینەران کوردبن یان کورد نەبن، سڵاو دەکرێت لە تاکی کورد. ئەگەر لە کەناڵێکی ئینگلیزی یان ئەڵمانی یان سویدیەوە کەسێک بڵێ سڵاو دەکەم لە هەموو تاکێکی ئینگلیز یان ئەلما یان سویدی، هەر خەڵکی سەر بە نەتەوەکەی خۆی شەرمەزار و هەراسانی دەکەن. بەڵام لە سایەی ئاسۆی نەتەوە پەرستی کوردیدا، ئەوەی بۆ خەڵکی پێشکەوتوی جیهان مانای جیاکاری و رەگەزپەرستی و پشت کردن لە ئینسانیەت و هەر بەم پێیەش مایەی شەرمەزاری، بۆ ناسیۆنالیزمی کورد مایەی شانازیە!!

ئەم روانگەیە، ئەم هزرە، ئەم پێوانەیە، ئەم نەرێتە، ئەم چوارچیوەیە..دواکەوتوانەیە، نەتەوەپەرستی و رەگەزپەرستانەیە. لە لایەن خەڵکی ئازادیخواز و پێشکەوتوەوە، لە لایەن ئەوانەوە کە شوناسی ئینسای بۆ خۆیان و هەموو رەگەزی مرۆڤایەتی قایلن، بۆ ئەو خەڵکەی کە مێژوویەک خۆی قوربانی هەڵاواردن و ستەمی میللی و بووە، ئەم روانگە و هزر و پێوانە و نەرێت و چوارچیوە دواکەوتوانە و کۆنەپەرستانەیە، تەنها مستەحەقی توڕهەڵدانە. بەم پێیە وەڵامی پرسیاری ناونیشانی ئەم بابەتەش دەبێت بەوەی کە ترەمپ وەکو کاراکتەرێکی لۆمپنی سیاسی ناو نەرێتی میلیتاریستی و ملهوڕی و ستەمکاری دەستەی فەرمانڕەوای ئەمریکا، رایگەیاندوە کە دوژمنایەتیەکی توند لەگەل پێوانە ئینسانیەکان و ئازادیخوازی و شوناسی ئینسانی و ژیان و تەندروستی و ئاسایشی خەڵکی ئەمریکا و جیهان دەکات. بەدەر لەوەی کە ترەمپ لەگەڵ ئەحزاب و دەسەڵاتی بۆرژوا ناسیۆنالیزمی کورددا چی دەکات و لە سیاسەتی کۆنەپەرستانەی خۆیدا چ رۆڵیکیان پیدەدات و وەکو چ کارتێک بەکاریان دەهینێ. خەڵکی کوردستانیش وەکو بەشێک لە مرۆڤایەتی لەم لومپنبازیەیان بێبەری نابن.

١٠ نۆڤەمبەری ٢٠١٦

LEAVE A REPLY

Please enter your comment!
Please enter your name here