کشانەوەی ئۆپۆرتۆنیستانە و فریوکارانەی گۆڕان و کۆمەڵ لە حکومەت

0

رێبوار ئەحمەد:
بزووتنەوەی گۆڕان لە دەمی ڕابەرەکەیەوە، چەند ساڵ لەمەوبەر کاتێک گۆشەیەکی کورسی دەسەڵاتیان بە بەندوبەست لەگەڵ پارتی چنگ کەوت، بانگەوازی خەڵکی کرد کە ناڕەزایەتیەکان راگرن و چوارساڵ شەقام ئارام ڕاگرن، بە بەڵێنی ئەوەی ئەوان چاکسازیان بۆ دەکەن و خواست و مافەکانیان لە ڕێگای بەشداری لە حکومەتی گەندەڵ و تاڵانچیەوە، بۆ دابین دەکەن. بەڵام ئەمڕۆ سوک و سادە هەموو وەفاداری خۆیان بۆ ئەو بەلێنانە، بەوە نیشاندەدەن کە لە حکومەتێک بکشێنەوە کە چەند ساڵە لێی دەرکراون. کشانەوەی ئێستایان بە ئەندازەی بەشداری چوارساڵ لەمەبەریان ئۆپۆرتۆنیستانەیە. سەیر ئەوەیە لەو بەشە لە دەسەڵات دەکشێنەوە کە دەمێکە لێی دەرکراون، بەڵام لە هەموو جومگە و پۆستە محەلیەکاندا ماونەتەوە، کە هێشتا لە دەستی خۆیاندایە. هەموو پارێزگای سلێمانی دژی تاڵان و بڕۆ و ژیانی کارەساتبار خرۆشاوە، پارێزگاری سلیمانیش سەر بە بزووتنەوەی گۆڕانە و لە سایەی دەسەڵاتی ئەودا خۆپیشاندانی خەڵکی نارازی و برسی و بێدەرەتان بە دڕندانەترین شێوە سەرکوت دەکرێت. گۆڕان و کۆمەڵ ناتوانن بە کشانەوە لەو پۆستانەی دەمێکە لێیانسەندراوەتەوە و مانەوە لەسەر ئەو کورسیانەی دەسەڵات کە لە چنگیان ماوەتەوە، شتێک جگە لە لوتکەی هەلپەرستی، فریوکاری، ناجەسوری و خۆڵکردنەچاوی خەڵک، نیشانبدەن.
لەسەرەتای ڕاگەیاندنی کشانەوەکەیاندا، لیستێکی پڕ لە فریوکاری پوچ و بێ ناوەرۆکیان بۆ بەناو خەباتی چەندین ساڵەی خۆیان ڕازاندوەتەوە. خودی ئەوەی کە گوایە نیازیان بوو لەگەڵ مافیا تاڵانچی و مرۆڤکوژەکانی یەکێتی و پارتی “حکومەتیکی رەشید” دامەزرێنن، ئەوەندە پوچە تەنها مەگەر ئەوانەی نوقمی فریوی ئەم دوو لایەنە بوون باوەڕی پێبکەن. جەماوەری کوردستان گومانیان لەوە نەبوو کە هەر لایەنێک بە هەر پاساوێکەوە دەست لەگەڵ ئەم مافیا تاڵانگەرانە تێکەڵ بکات، جگە لە مەرامی هاوبەشی کردن لە تاڵان و بڕۆ هیچی تری نیە. بەڵام ئەوە گۆڕان و کۆمەڵ و لایەنە بورژوازیەکانی تر بوون کە فریوکارانە هەوڵیاندا خەڵک بەوە بگەوجێنن کە بەشداری لایەنگەلێکی وەکو گۆڕان و کۆمەڵ، کە خۆیان بەشێکن لە خانەوادەی بورژوازی چەوسێنەری کورد، دەکرێت ئەم دەسەڵاتە فاسدە بکەن بە “حکومەتێکی ڕەشید”. سەیر لەوەیە ئەو لیستە بەناو خەباتی پڕشانازیەی بۆ خۆیانیان ڕازاندوەتەوە، جگە لە کۆمەڵێک قەوانی سواو بێبەریە لەهەر خواست و ئامانجێکی ڕۆشن و سەرەکی خەڵک کە لەسەر شەقامەکانەوە بە ڕیزی هەزاران کەسی هوتافی بۆ دەکێشرا و بە کورتی بریتی بوو لە نان و ئازادی و خزمەتگوزاری و کۆتیهێنان بە دەسەڵاتی ستەمکار و میلیشیایی.
بەشداری خۆیان لە کابینەی بنکەفراوان وەکو پێویستیەکی قۆناغەکە پاساو دەدەن، بەبێ ئەوەی بتوانن یەک بەڵگەش نیشانبدەن سەبارەت بەوەی ئەو بەشداریە چی لە قازانجی خەڵک گۆری و دەسکەوتەکانی چی بوون؟ لە کاتێکدا هەر لەو ساتەدا هەزاران پەنجە لەسەر ئەوە دادەنرا کە حکومەتی بنکەفراوان جگە لە پەلەقاژەیەک بۆ درێژکردنەوەی دەسەڵاتی مپیلیشیایی و دابینبونی بەشی لایەنە بورژوازیەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە داهاتی بە تاڵانبراو هیچ ئاکام و ئەنجاێیکی تری نابێت. دەتوانن بۆ خەڵکی ڕونبکەنەوە کە بانگەوازی چۆڵکردنی شەقامەکان و ئارام راگرتنیان بۆ ئەوەی جەنابیان بەشی خۆیان لە دەسەڵات و داهات مسۆگەر بکەن، کام پێویستی قوناغ بوو لە ڕوانگەی خەڵکی برسی و ناڕازیەوە و بە قازانجی کێ شکایەوە؟!
تازە بە بیریاندا هاتوەتەوە کە “دەسەڵاتدارانی هەرێم بەشیوازێکی بەرفراوان درێژەیاندا بە گەندەڵی سیاسی، یاسایی، ئابوری و دارایی و هەروەها بەدەر لە یاساکان ماوەى دوساڵى تريان بۆ سەرۆكى هەرێم درێژکردەوە، دواتر پەرلەمانى كوردستانيان پەكخست و كابينەى هەشتى حكومەتى هەرێميان ئيفليج كرد، وەک هەمیشە شەراکەتی راستەقینەیان قبول نەکرد وە ئامادەش نەبون چاکسازی راستەقینە ئەنجام بدرێت .”لە کاتێکدا بە درێژایی نزیک بە دوو ساڵی ئەو قۆناغە خۆیان بەشێک بوون لە “دەسەڵاتدارانی هەرێم”. بەڵام هێشتا پرسیار ئەوەیە کە لەو ساتەوە ئەوان دەستیان داوەتە تانەدان لە دەسەڵات، تا ئێستا دەکاتە چەند ساڵ، کەوایە لە هەموو ئەم ماوە درێژەدا کە ئەوان دەیانبینی” دەسەڵاتدارانی هەرێم بەشێوازێکی بەرفراوان درێژەیاندا بە گەندەڵی سیاسی، یاسایی، ئابوری و دارایی..و…” بۆ هەر ئەوکاتە لە حکومەت نەکشانەوە؟! ئەمەش دەکەن بە منەت بەسەر خەڵکەوە گوایە هەموو ئەم ماوەیەی کە لە ڕاستیدا چاویان لە دەستی پارتی بڕی بوو بۆ ئەوەی دەرگا بەڕووی گەڕانەوەیان بۆسەر کورسی حکومەتی بنکە فراوان بخاتە سەرپشت، ئەوان سەبر و خۆڕاگریان نواندوە! گوایە “ويستویانە دەرفەتێک بدەن تاکو دەسەڵات بەدەم ئەرکی قۆناغەکەوە بێت”!! ئەمە پاساوێکی پوچە بۆ چاوەڕوانی و چاولەدەستبوونی خۆیان بۆ پارتی، پاش نائومیدی تەواویان لەو چاولەدەستیە و پەرەگرتنەوەی ناڕەزایەتی خەڵک، ئۆپۆرتۆنیستانە هەم دەیانەوێ ئەم چەند ساڵە لە چاوەڕوانی بۆ ڕەحمەتی پارتی پاساو بدەن و هەم دیسان دەیانەوێ جەماوەری ڕاپەڕیو فریو بدەن و خۆیان سواری شەپۆلەکانی ئەم ناڕەزایەتیانە بکەن. ئەم هەڵوێستەیان بەرامبەر حکومەتی بنکە فراوان ئۆپۆرتۆنیستانە و بەرامبەر خەڵکی بە مەیدان هاتوو فریوکارانەیە.
ریسوایی هەڵوێستەکەیان بە تایبەت لەوەدا بەرجەستەبووە کە ئەوانیش وەکو عەبادی و ناسیۆنال-فاشیستە عەرەب و تائیفیەکان، وەکو قاسم سلێمانی و ئەردۆگان، هۆکاری دۆخی کارەساتباری ئێستا دەگێڕنەوە بۆ ڕیفراندۆم. لۆمەی عینادی بارزانی دەکەن کە بۆ بە قسەی عەبادی و خامەنائی و ئەردۆگان و ترەمپی نەکردوە و لە ڕیفراندۆم پاشگەزنەبوەوە!! لە کاتێکدا ئێستاش بەدەمیاندا نایات ئەو هەموو بەربەریەتەی عەبادی و حەشدی شەعبی ئیدانە بکەن. ڕیفراندۆم مافێکی ڕەواو سەرەتایی خەڵکی کوردستان بوو، گۆڕان و کۆمەڵ لەم مەسەلەیەدا لە جیاتی ڕاوەستان لە پاڵ دەنگ و ئیرادەی ملیۆنی خەڵکی کوردستان، لە هاوشانی دوژمنانی ئەم خەڵکە ڕاوەستان. داوایان کرد ریفراندۆم و راپرسی بە خەڵک نەکرێت، پاشانیش پێداگریان لەسەر ئەوە کرد کە دەنگ و ئیرادەی ملیۆنەها خەڵکی کوردستان بخرێتەژێرپێوە و دڵی کۆنەپەرستان و دوژمنانی ئەم خەڵکەی پێ ڕازی بکرێت. ئەوان بوون بە بەشێک لەو هۆکارانەی کە پرۆسەی سەربەخۆیی کوردستانی دوچاری شکست کرد، بوون بە بەشێک لەو ڕەوەندەی کە کارەساتێکی گەورەی بەسەر خەڵکی کوردستاندا هێنا. ئێستاش لە جیاتی لۆمەکردنی خۆیان، لۆمەی پارتی و لە راستیدا لۆمەی ئەو ملیۆنەها خەڵکە دەکەن کە تەنها بە دەنگی خۆیان ڕایانگەیاند چ چارەنوسێکیان دەوێ بۆ خۆیان. هێشتاش دەمیان ناهێنی تەنانەت وشەیەک لەسەر مافیا سیاسیەکانی بنەماڵەی تاڵەبانی بڵێن کە ڕیفراندۆمی خەڵکی کوردستانیان هەرزانفرۆش کرد و بون بە پێشلەشکری حەشدی شعبی و سوپای قودس بۆ سەر خەڵکی کوردستان. بەڵام گۆڕان و کۆمەڵ دەبێ ئەو ڕاستیە بزانن کە ئەو ڕیفراندۆمەی ئەنجامدرا، سەربارەی ئەو شکستەی بە زەبری چەک و ملهوڕی بەسەر خەڵکی کوردستاندا سەپێنراوە، بۆ هەتاهەتایە دەسکەوتێکی سیاسی گرنگی خەڵکی کوردستانە و تازە هیچ لایەنێکی سات و سەوداگەری وەکو ئەوان ناتوانێ بە ناوی خەڵکی کوردستانەوە باسی فیدراڵیزمی قەومپەرستی بکات و دەستلەملانی ناسیۆنال فاشیستە عەرەبەکان و تائیفەچیەکانی بەغدا بێت. ئەگەر بەم مەنتیقە سەقەتەی ئەوان لە مێژوو و ڕووداوەکان بروانرێت کە ریفراندۆم هۆکاری ئەم کارەساتەیە کە بەسەر خەڵکی کوردستان هاتوە، بەو ئەنجامە دەگەن کە “شۆڕشە نوێکەی گەلی کورد و شەڕی پێشمەرگانە”ی جێگای شانازی ئەم جەنابانە، هۆکاری خاپورکردنی هەزاران دێهات و ئەنفال و کیمیاباران و کۆمەڵکوژی خەڵکی کوردستان بوو، هەر بەم پێیەش ئەو “شۆڕشە نوێیە” دەبێتە پاساوی هەموو بەربەریەتی ڕژێمی بەعس دژی خەڵکی کوردستان. ئەگینا دەبێ بلێین بانێکە و دوو هەوا!! پوچترین و کۆنەپەرستانەترین مەنتق ئەوەیە بلێی خەڵکێکی ستەملێکراو نابێ ممارەسەی مافی خۆیان بکەن و ئیرادەی خۆیان بنوێنن چونکە دوژمنە ستەمکارەکانیان قبوڵی ناکەن!!!!
گۆڕان و کۆمەڵ تازە باسی “پاککردنەوەى لیستى دەنگدەران لەسەدان هەزار دەنگى ساختە” دەکەن! کەوایە دەکرێت ڕوونی بکەنەوە کە بۆچی شەرعیەتیاندا بەو هەموو نمایشی هەڵبژاردنانەی کە دەیانزانی بەسەدان هەزار دەنگی ساختەوە نمایشکراون، تەنها لەبەرئەوەی کە بەشی خۆیان کورسیان مسۆگەرکرد بوو؟! لە کاتێکدا بەشێکی زۆر و بەرچاوی خەڵک ئەو نمایشی هەڵبژاردنانەی بایکۆت کرد و ئەو ڕاستیەیان دەزانی کە هیچ یەک لەو بە ناو هەڵبژاردنانە “هیچ ماهیەت و نرخیکیان نیە” و بە سەرەتایترین پێوانەکانی هەڵبژاردن، نەدەکرا بە هەڵبژاردن هەژماربکرێن، بەڵکو ئەوە کۆمەڵ و گۆڕان و یەکێتی و پارتی بوون ئەو فریوکاریانەیان بە ناوی هەڵبژاردن و دیموکراسیەوە دەرخواردی خەڵکی کوردستان دا، بۆئەوەی پێکەوە داهاتی بە تاڵانبراو و دەسەڵاتی داسەپاو و کۆنەپەرستانەی میلیشیایی لە نێوان خۆیان دابەش بکەن.
کشانەوەی ئەم دوو لایەنە لە کابینەیەک کە دەمێکە شکستی خواردوە و لە دۆخێکدا کە جەماوەری خەڵک لەسەر شەقامە و دروشمی “بڕۆن بڕۆن” بە گۆڕان و کۆمەڵیشەوە، بوەتە وێردی سەر زمانی جەماوەر، ئەگەر بە پێوانەی ناوخۆیی بورژوازی کورد قەزاوەتی لێبکرێت، خیانەت و ئۆپۆرتۆنیستیە. بە پێوانەی خەڵک و ئازادیخوازیش فریوکاری و پەلەقاژەیەکە بۆ خراپ کەڵک وەرگرتن لە خەبات و ناڕەزایەتی خەڵک. ئەو ڕێگاچارانەش کە لەم ڕاگەیاندنەدا وەکو ڕێگای دەرچون لە بنبەستی ئێستا خراونەتەڕوو، تا سەرمۆخ کۆنەپەرستانە و فریوکارانەن. ئایندەیەکی باشتر بۆ خەڵکی کوردستان بە پێچەوانەی ئەوەی گۆڕان و کۆمەڵ باسی دەکەن، بریتیە لە؛ یەکەم/ کۆتایهێنانی یەکجاری بە دەسەڵاتی میلیشیایی ئەحزابی بۆرژوازی ناسیۆنالسیتی و ئیسلامی کورد بە گۆڕان و کۆمەڵیشەوە، دووەم/ لە جیاتی بەندوبەست لەگەڵ عەبادی و دەسەڵاتدارانی بەغدا وسوڕانەوە لە بازنەی دەستوری ریسوا و فیدراڵیزمی قەومی و ژێرپێنانی بڕیار و ئیرادەی خەڵکی کوردستان، پێداگریە لەسەر پیادەکردنی بڕیاری ڕیفراندۆم و دابڕانی یەکجاری لە حکومەتی ناوەندی کە دەیەوێ بە زەبری چەک و کۆکوژی، خەڵکی کوردستان ناچار بە ئیلحاقی ئیجباری بکات. هەروەها پێداگریە لەسەر دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی پێشکەوتوانەی غەیرە قەومی و غەیرە دینی پشتبەستوو بە ئیرادەی راستەوخۆی خەڵک. سێیەم/ دەسەڵاتی ئایندەی کوردستان دەبێ دەسەڵاتی خەڵک بێت لە ڕێگای شورا و ئەنجومەن و ڕێکخراوە جۆراوجۆرەکانی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش و ژنان و لاوان و ئازادیخوازان، کە بتوانێ بە داهاتی زۆروزەبەندی کوردستان و گێڕانەوەی داهاتە بە تاڵانبراوەکان، گوزەرانێکی تێروتەسەل و خزمەتگوزاریەکی سەردەمیانە و بیمە کۆمەڵایەتیە جیاوازەکان و ئازادیەکی بەرفراوان و بێ قەیدوبەند بۆ هەموان دابین بکات. ئەمەش لە گرەوی هاتنەمەیدانی بزووتنەوەیەکی جەماوەری سیاسی فراوان و سەربەخۆیە لە حزب و بزووتنەوە بۆرژوازیە ناسیۆنالیستی و ئیسلامیەکان کە ٢٦ ساڵە ئیمتحانی خۆیانداوە و لە هەموو بوارێکدا شکست و ناکامی خۆیان دەیانجار سەلماندوە.
٢٤ی دێسەمبەری ٢٠١٧

 

LEAVE A REPLY

Please enter your comment!
Please enter your name here