ئیستقالەی جەماعی  و هەڵهاتن لە بەرپرسیارێتی

0

ڕێبوار ئەحمەد:

بەداخێکی زۆرەوە دوای ساڵانێکی زۆر لە خەبات و تێکۆشان و هەوڵی دڵسۆزانەی جەماعیمان بۆ بەرگرتن لە درزکەوتنە ناو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراقەوە، هاورێیانێک بە گرتنەبەری هەڵوێستێکی ئینفعالی و نابەرپرسانە و ناشیانەی سەرتاپا مەحفەلیستی ئەم درزەیان کرد بە واقع. سەرباری هەر رەخنەیەکی سیاسی و شێوەکاری و جیاوازی لە تێڕوانین کە لەگەڵ ئەم حزبە هەمان بوبێت و لەم حزبەدا بەدیمان کردبێت و لەگەڵی چەلەنجمان کردبێت، هەمیشە پاراستنی یەکپارچەیی حزبمان بە ئەرکێکی گرنگ و کۆمۆنیستی زانیوە و بەبێ بونی هۆکاری سیاسی و کۆمەڵایەتی و چینایەتی، هەوڵدان بۆ لێکترازاندنی ریزی حزبێک کە بەرهەمی رەنجی چەند جیل کۆمۆنیستە و هاورێیانێک لە پێناویدا گیانیان بەخت کردوە، بە خەتی سورمان زانیوە. لەم پێناوەشدا تەنانەت زۆرجار سازشی پێویستمان لەگەڵ یەک کردوە.

بە داخەوە هاوڕێیانێک بەدەر لەو هۆکارانەی کردویانە بە پاساو بۆ تێپەڕاندنی ئەم هێڵە سورە، خەتا و بەرپرسیارێتیەکی مێژووییەیان خستە ئەستۆی خۆیان. بەبڕوای من نە ئەو هۆکارانەی ریزیان کردوە و نە دەبەرابەری ئەوانە زۆر لەوە بێ بەهاترن کە بکرێت یەکپارچەیی حزبێکی پێ تێکبدرێت. لە مێژووی ئەم حزبەدا دەیان کێشە و گرفتی زۆر لەوە گەورەترمان تێپەڕاندوە، هەندێک کات بە تەوژم و هەندێک کات کە پێویستی کردبێت بە نیوکلاج. بەبێ ئەوەی بیانکەین بە بەهانەی تێکدانی یەکڕیزی حزب. هەرچەندە ئێستا کاردانەوەکان و ئەو ئاماژانەی لەلابەلای کۆمێنت و سەرنجی کەسانێک لەدەرەوەی ریزەکانی حزبدا دەبینرێن، نیشانیدەدەن کە هۆکارەکان جیاوازن لەوەی هاوڕێیان لە ئیستقالەی جەماعیاندا باسی دەکەن. تەنانەت راستەوخۆ و ناراستەوخۆ تەلمیحی ئەوە دەدرێت کە لەو کاتەی هاوڕێ موئەیەد سکرتیری کۆمیتەی ناوەندی حزب بووە، لەگەڵ کەسانێکی دەرەوەی حزب و تەنانەت مخالفی حزبدا لە پەیوەندی و گفتوگۆدا بووە  دەربارەی چی کردن و چۆنیەتی ساخکردنەوەی بەدیلێکی تر؟ ئەوە هاوڕی موئه‌یه‌دە کە دەبێ یان ئەم تەلمیحانە رەتکاتەوە یان بەرپرسیارێتیەکەی هەڵگرێت. به‌لام پرەنسیپی سیاسی و کۆمۆنیستی حوکمی ئەوە دەکات کە ناکرێ وەکو تا ئێستا وای کردوە، لە ئاستیان بێ دەنگی هەڵبژێرێت! رەفتارێکی بەم جۆرە بە هیچ جۆرێک لەگەڵ سەرەتاییترین پرەنسیپی حزبی و پێوانەی کۆمۆنیستیدا نەک نایەتەوە بەڵکو دژایەتی توندی هەیە ونمونه‌یه‌کیش له‌کاری مه‌حفه‌لیستی به‌رجه‌سته‌ ده‌کات.ئەوەش ئاشکرایە کە هەندێک لە مخالفینی حزب ئومێدیان بە هاوڕێیانی ئیستقالەی جەماعیەوە گرێداوە.

بۆ ساتێک وەکو کۆمۆنیستێکی کرێکاری بیهێننە بەرچاو کەسانێک بە بەهانەی ئەوەی  ” لەگەڵ رابەری ئێستا کار ناکرێت ” ئەویش رابەریەک کە ٤-٥ ساڵە خۆیان سکرتیرین و ٢٥ ساڵیشە کاری لەگەڵ دەکەن، جەسارەت بکەن ریزەکانی حزبێک لێک بترازێنن و ئەو بەرپرسیارێتیەی لە کۆنگرە بە خواستی خۆیان لە ئەستۆیان گرتووە، لە ماوەی چەند سەعاتێکدا فڕێدەنە سەر زەوی. بیهێننە بەرچاو کە لە ماوەی چەند سەعاتێکدا لێکدانەوەکان بۆ حزب و رۆڵی حزب و رابەری و تانەنەت کۆمۆنیزمی کرێکاریش سەدوهەشتا پلە پێچەوانە بکرێنەوە. بیهێننە بەرچاو ئەوانەی گوایە بۆ بەرژەوەندی حزب و کۆمۆنیزم زیاتر لە ٨ مانگ راگەیاندنی ئیستقالەی سیاسی و بەڵگەداری کەسێک رابگرن، کەچی خۆیان لە چەند شەو و ڕۆژدا شەڕی خۆیان تەواو کرد و ئیستقالەی جەمعیان نوسی و بڵاویان کردەوە و هەموو شتێکیان لەگەڵ حزبی ٢٥ ساڵەی خۆیان کۆتایی پێ هێنا، بەبێ ئەوەی هیچ دەرفەتێک بۆ لایەنی بەرامبەر و هیچ لایەک بهێڵنەوە یان هیچ رێگایەکی تر و میکانیزمێکی حزبی تاقی بکەنەوە، لە پلینۆمی فوق العادە و پێکهینانی فراکسیۆن و بەرپاکردنی کۆنگرە و ..هتد، تا مه‌شوه‌ره‌تکردن و بیروڕا گۆڕینه‌وه‌ و ده‌خاڵه‌تپێدانی ئەحزابی دیکەی کۆمۆنیزمی کرێکاری لە کوردستان و لە ئێران. بیهێننە بەرچاو لە پێناو تەحەمل نەکردنی ئیجرائاتێک کە لە پلینۆمێکی حزبیدا لەسەر پێشێلکردنی پرەنسیپە کۆمۆنیستی و حزبی و تەنانەت مەدەنیەکان، بەرامبەر بەهاو مەحفەلێک کراوە، بەناوی ئیستقالەی جەماعیەوە جەنگی سەروماڵ لە دژی ئەو حزبە بەرپا بکرێت کە تا دوێنێ وەکو بەدیلی رابەری و رێکخەری شۆڕشی سۆسیالیستی  بە کۆمەڵگایان دەناساند. سەرئەنجام بیهێننە بەرچاو کە لە پاڵ ئەم جەنجاڵەوە کە بە پاساوی ” لەگەڵ ئەم رابەریە کار ناکرێت ” بەرپاکراوە، بە لێشاو تیروتوانج ئاراستەی کۆمۆنیزمی کرێکاری بکرێت و دەهۆڵی ئەزمە و ناکامی ئەم بزووتنەوە و نەرێتە مارکسیستیە لێبدرێت. ئیتر روون دەبێتەوە ئەوەی ئەم هاوڕێیانە پێی هەستاون بە خۆیان بزانن یان نا، کارێکی تا ئەوپەڕ نامسئولانە و ناشیانە و نوقمی مەحفەلیزم و سەرتاپا ناکۆک بە نەرێتی تەحەزوبی کۆمۆنیستییان ئەنجامداوە. هەر بەم پێیەش دەبێ لەلایەن هەر کۆمۆنیست و لایەنێکی کۆمۆنیستیەوە ئەم کارە سەرکۆنە بکرێت.

با بۆ ساتێک بڕێک لە راستی و ناوەرۆکی کێشمەکێشەکە وردبینەوە و بزانین چ شتێک لەم پلینۆمەدا قەوماوە کە هاوڕێیانی ئیستقالەی جەماعی بگەنە ئەو قەناعەتەی فاتیحای حزب بخوێنن. ئەوان لە نامەی ئیستقالەکەی خۆیاندا ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە کە پلینۆم لەژێر کاریگەری نامەیەکی مندا ( رێبوار ئەحمەد ) قەراری گرتووە،  دواتر باسی ئەو نامەیە دەکەم و پاشانیش بڵاوی دەکەمەوە. لێرەدا سەرەتا پێویستە ئەوە بڵێم کە من لەم پلینۆمەدا بەشدار نەبووم، بەڵام رابەرانێکی کۆمۆنیست و مارکسیست لەم پلینۆمە ئامادە بوون کە هەندێکیان لە دامەزرێنەرانی حزب و هەندێکیان ساڵەهایە رابەری ئەم حزب و بزووتنەوەیەن و دەیان کاری گەورە و گرینگی کۆمۆنیستی و بەرامبەرکێی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەگەڵ رەوتە کۆنەپەرستە بۆرژوازیەکان، لەسەر دەستی ئەوان و بەرابەری ئەوان بەڕێوە چووە. نادیدەگرتنی رۆڵ و جێگاو رێگای ئەو هاوڕێیانە و بەرتەسک کردنەوەی مەسەلەکە بۆ کاریگەری نامەکەی من، ناواقعی و نامونسیفانە و بە مەبەستە. ئەم پلینۆمە بە باس و هەڵسەنگاندنە رەخنەگرانەکانی بۆ حزب و جەختکردن لەسەر بیناکردنی حزبی سیاسی و دابڕان لە مەحفەلیزم، فەزای بەڕووی مەحفەلیزمدا تەنگ کردەووە. بڕیاری سزادانی ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی لەسەر دەرچون لە مەوازینی حزبی و پێداگری لەسەر وەستانەوە بەرامبەر هەر جۆرە پێشێلکاری و مەحفەلیزمێک، تەنگبوونەوەی فەزای بەڕووی مەحفەلیزمدا بە جێگایەک گەیاند کە دوان لە هاوڕێیانی ئیستقالەی جەماعی هەرلەوێ ئیستقالە لە کۆمیتەی ناوەندی بدەن. هەڵبەتە رەخنە لە مەحفەلیزم کە مێژوویەکی هەیە لە حککع دا، لەم یەک دوو ساڵەی دواییدا دیسانەوە برەوی پەیداکردەوە و بەشبەحاڵی خۆم لەم بارەیەوە چەند نوسراوم نوسیوە کە دواتر بڵاویان دەکەمەوە. ئەم دەورەیەی رەخنە لە مەحفەلیزم وەکو هەمیشە هاوڕێ موئەیەد و هاوبیرانی خستە ژێر گوشارەوە. هەروەها ئەم دەورەیە لە رەخنەی مەحفەلیزم چاوبڕکێی لە نێوان هاوڕێیانی ئیستقالەی جەماعی و کەسانێکی دەرەوەی حزب و تەنانەت مخالفینی حزب و کۆمۆنیزمی کرێکاری پێکهێناوە، کە لە دووتوێیاندا ئاماژەی ئاشکرای تێدایە بۆ بیرکردنەوە لە پرۆژەیەکی تر. هەندێک لە نوسراوە و کۆمێنتەکانی سەر فەیسبوک شایەتی لەسەر ئەم راستیە دەدەن.

لەماوەی ئەم چەند ساڵەدا بە تایبەتی لەوکاتەوە کە هاوڕێ موئەیەد بووە بە سکرتێر و تەنانەت لە ئیستقالە جەماعیەکەشیاندا بە تاقە  وشەیەکیش چیە باسیان لە ئیختلافی سیاسی نەکردووە، بۆیە تەنها پاساوی ” ناقانونی بوونی بڕیارێک ” ی کۆمیتەی ناوەندی ناتوانێ بۆ هیچ ئینسانێکی سیاسی جدی هۆکارێکی پەسەند بێت بۆ ئستقالەدانی کوتوپڕی سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی لە حزبێک. ئەوان لە هەموو باسەکانی ئەو پلینۆمە و لە هەڵسەنگاندنی دۆخی حزب و پرۆسەی قانونی بڕیاری سزادانی ئەو ئەندامەی ک.م بەشداریان کردووە، تەنانەت بە پێچەوانەی زۆربەی ئامادەبووانەوە ئەوان هەڵسەنگاندنیان بۆ دۆخ و رۆڵی حزب ئیجابی بووە و گوایە کار باش دەڕوات!!. بەڵام لەو جێگایەوە کە ئەنجامی دەنگدان لەسەر ئەو بڕیارە بەپێی خواست و ویستی ئەوان نەبووە، یەکسەر ئیستقالەیان لە  ک.م  داوە و ئەو بڕیارەیان بە ناقانونی ناوزەد کردووە. ناکرێ خۆیان لە سەرەتا تا کۆتایی بەشداری پرۆسەیەک بکەن و پاشان کە لە دەنگداندا دەدۆڕێن، قانونی بوونی بەرنە ژێر پرسیارەوە. جگە لەوە ئەوان دەیانتوانی داوای کۆنگرەی فوق العادە بکەن، فراکسیۆن دروست بکەن، یان لە کۆنگرەی داهاتوو داوای سزادانی ئەوکەسانە بکەن کە ناقانونی کاریان کردووە، یان وەکو هەمیشە لە ئەحزابی دیکەی کۆمۆنیزمی کرێکاری داوای دەخاڵەت بکەن. بەڵام لە جیاتی گرتنەبەری پرۆسەیەکی سیاسی و قانونی و مسئولانە بۆ چارەی کێشەیەکی رێکخراوەیی، ئەو رێگایەیان هەڵبژارد کە بە هەڵکردنی ئاڵای چەواشەکارانەی بەرگری لە حزبیەت و وەستانەوە بەرامبەر کاری ناقانونی، بە پەلە بڕیاری ئیستقالە بدەن. لە راستیدا ئەوەی کە دەڵێن ” ناتوانین لەگەڵ ئەم رابەریە کار بکەین ” بەڵگەیەکی زەقی ناسیاسی بوونی ئیستقالەکەیانە. دوای تەمەنێکی درێژ لە کارکردن لەگەڵ ئەم رابەریە، لە ناکاو کەشفیان کرد کە کاریان لەگەڵ ناکرێ!!

من لەوە تێدگەم کە بۆچی ئەوان لە نامەکەی من توڕەن و دەیانەوێ بابەتی سزادانی ئەو ئەندامەی ک.م بەرجەستە بکەن و خەتای ئیستقالەکەی خۆیان بخەنە ئەستۆی من و دێوەزمەیەکی سەرکوتکەر لە من دابتاشن. چونکە لەلایەک بە مەبەستەوە دەیانەوێ رۆڵی هاوڕێیانی تر کە لە ناو پلیمیک و پرۆسەی پلینۆمدا ئامادەبون و لەسەر پێی خۆیان راوەستاون نادیدە بگرن، لەلایەکی ترەوە نیگەرانیەکەیان لە نامەکەی من  ئەوەیە کە ( کە دواتر بڵاوی دەکەمەوە و رێگای قەزاوەتی ئۆبژێکتیڤ دەخەمە بەردەم هەموان ) رەخنە بوو لە دۆخی حزب و رۆڵی حزب، رەخنە بوو لەو ئۆپۆرتۆنیزمە سیاسیەی حزب گیرۆدەی بووبوو، رەخنە بوو لە تارومارکردنی نەریت و مەوازینی حزبی، لەو نێوەشدا تەنها چەند جملەیەکی دەربارەی پێشێلکاری ئەو ئەندامەی ک.م بوو وەکو یەکێک لە نموونە و فاکتەکان و هیچی تر. بێگومان ئەو نامەیە لێدانی زەنگێکیش بوو بۆ کۆمیتەی ناوەندی کە لەو دۆخە خراپەی حزب بڕوانێت و بۆ دەرهێنانی لەو دۆخە هەنگاو هەڵگرێ، کە هاوڕێ موئەیەد و هاوبیرەکانی تا ئەوکات تەمجیدیان دەکرد. ئێستاش هەموو ناوەرۆکی سیاسی ئەو نامەیە نادیدە دەگرن و وشەیەکیان لەبارەیەوە نەوتووە، لە جیاتی ئەوە باسی سزادانی ئەندامێکی ک.م و ناقانونی بوونی دەرخواردی گوێگرانیان دەدەن.

ئەوان چونەدەرەوەی خۆیان لە حزب بە دیفاع لە حزبیەت و وەستانەوە بەرامبەر کاری ناقانونی و مەحفەلیزم پاساو دەدەن، تا بەم جۆرە سۆز و لایەنگریەک بۆ خۆیان بەدەستبهێنن. بەڵام کۆبوونەوەی مخالفینی کۆمۆنیزمی کرێکاری  لە دەوریان و تیرو توانج گرتن لە کۆمۆنیزمی کرێکاری لەپاڵ ستایش کردنی ئیستقالەی ئەوانەوە، دەتوانێ سەرەتایەک بۆ مەلامحی شوناسی سیاسی واقعی ئەوان نیشان بدات. پێویستە ئەوە روونبێت کەسانێک کە لە ناکۆکیەکی ناوخۆی حزبیدا دەکەونە جێگاو ڕێگایەکی لاوازەوە و هەست بە ناکامی سیاسی خۆیان دەکەن و یەکسەر لە حزبێکی کۆمۆنیستی دەڕۆنە دەرەوە، نیشانی دەدەن کە نەک توانایی پێکهێنانی حزبێکی سیاسی جدیان نیە، بەڵکو تەنانەت توانای بەردەوامی دان بەکاری هاوبەشیان نیە لەگەڵ کەسانێک کە بچوکترین ناکۆکی و جیاوازی فکری و سیاسیان هەبێت. پێکهێنانی حزبی سیاسی و یەکگرتووکردنی هەڵسوڕاوانی کۆمۆنیست لە رێگای ئیمتیازدانی ناسیاسی و مەحفەلیەوە ئیمکانی نیە. ئەمە رێگای دامەزراندنی مەحفەلی رۆشنفکری ناسیاسی و ناکۆمۆنیستیە.

 لێرەدا ئیتر کاتی هاتووە ئەوە بەیان بکەم کە من لە ٢٨/سەپتەمبەری ٢٠١٧ەوە بە کۆمەڵێک هۆکاری سیاسی و شێوەکاری و نەرێتی حزبی و پرەنسیپی زۆر گەورەتر لە بەهانەکانی هاوڕێیانی ئیستقالەی جەماعی، کۆتایم بەکاری خۆم هێناوە لەگەڵ حککع. هەر ئەمە ئەو نامەیەیە کە هاوڕێیان باسی دەکەن و دەڵێن کاریگەری بووە لەسەر پلینۆم. من بە پێچەوانەی نەرێت و ڕەوشتی هاوڕێیانی ئیستقالەی جەماعیەوە، هەفتەیەک مۆلەتم دابوو بە هاوڕێ موئەیەد و رابەری بۆ راگەیاندنی ئاشکرای ئیستقالەکەم. ئەو هەفتەیە مۆلەتێک بوو بۆ هاوڕێ موئەیەد وەکو سکرتیر و هاوڕێیانی رابەری حزب کە دووچاری دۆخێکی لە ناکاو نەبن و خۆیان ئامادە بکەن بۆ ئاکامەکانی. من کە لە وازهێنان مەبەستم ئەوە نەبوو زیان بە حزب بگەیەنم بەڵکو ناچاریەک بوو بەو بۆنەیەوە کە ئیتر نەمدەتوانی بەو دۆخەی حزبەوە لە ئاستی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا بەرگری لێ بکەم.. بۆیە دەرفەتم دا بەڕابەری خۆی بۆ ئاکامی وازهێنانەکەم ئامادە بکات و ئەمەم بە رەوشت و شێوازێکی مسئولانە و کۆمۆنیستی زانی. بەڵام لە دوا ڕۆژی مۆڵەتەکەمدا هاوڕێ موئەیەد بە تەلەفون قسەی لەگەڵم کرد و ” تەکلیف و تکا “ی لێم کرد کە واز لە دەست لەکارێشانەوەکەم بهێنم! من وتم بڕیارەکەم سیاسیە و بەوردی بیرم لێکردوەتەوە و بڕیاری کۆتاییمە. پاشان داوا و پێداگری کرد کەلانی کەم دوو هەفتەی تر عەلەنی کردنەوەکەی دوابخەم چونکە ئەوان هێشتا ئامادەنین بۆ رووبەڕووبونەوەی ئاکامەکانی. منیش کە نیازم تێکدانی کار لە ڕابەری و زیانگەیاندن بە حزب نەبوو، ئەو داوایەم قبوڵ کرد. پاش ئەو ماوەیە ئینجا مەکتەبی سیاسی داوای لێکردم کە لەبەر ئەوەی هاوڕێ موئەیەد ماوەی نزیکەی دوو هەفتە نامەی وازهێنانەکەی منی راگرتووە و نەیداوە بە مەکتەبی سیاسی، بۆیە ئەوان تازە زانیویانە و پێویستیان بەکاتی زیاترە بۆ ئامادەبوون بەرامبەر ئاکامەکانی  وازهێنانم و داوای درێژکردنەوەی کاتەکەیان کرد و منیش دوو هەفتەی تر راگەیاندنی وازهێنانەکەم دواخست. بەرلە تەواوبوونی ماوەی ئەو دوو هەفتەیە جارێکی تر مەکتەبی سیاسی داوای مۆڵەتی زیاتری کردەوە بۆ راگەیاندنەکەی، وتم باشە بەڵام ئەوە دوا مۆڵەتە.

چەند رۆژ دوای ئەوە نامەی بە تاک و بە جەمعی هاوڕێیانێکی کۆمیتەی ناوەندیم پێگەیشت کە سەرجەم دەیانگوت ئێمە تازە ئاگاداربوین و تاکاتی پلینۆمیش دەرفەتی دەخالەتمان نیە لەم مەسەلەیەدا بۆیە داوایان دەکرد مۆڵەتیان پێبدەم تا لە پلینۆمدا لەسەر ئەو مەسەلانەی لە نامەکەمدا هاتووە گفتوگۆی جدی بکەن، هاوکات داوایان کرد دەست لەکار کێشانەوەکەم وەربگرمەوە. من وەکو ڕێزدانان بۆ هاوڕێیانی هاوکۆمیتەم داواکەیانم پەسەندکرد بۆ دواخستنی راگەیاندنی عەلەنی وازهێنانەکەم تا پلینۆم، بەڵام ئەوەم ڕەتکردەوە کە دەست لە وازهێنانەکەم  هەڵگرم. لەو ماوەیەدا چەندجار لەلایەن سکرتیری کۆمیتە ناوەندیەوە کاتی پلینۆم دواخرا تا سەرئەنجام لە سەرەتای ئایاردا بەسترا. لە پلینۆمیش ئەو کێشەیە سەریهەڵدا کە ئێستا جێگای باس و جەدەلە. ئەم دۆخە تازەیە تا ئێستا منی لەو دوودڵیەدا راگرتبوو کە ئایا لەم فەزایەدا کە دەرگایەکی فراوان کراوەتەوە بۆ هێرش بۆسەر حککع و تەنانەت کۆمۆنیزمی کرێکاری بە گشتی، دروستە منیش نامەی وازهێنانی خۆم تێکەڵ بەم فەزایە بکەم؟! چەند رۆژە بیر لەمە دەکەمەوە تا گەیشتم بەو ئەنجامەی کە بێدەنگیش گونجاو نیە.

لە راستیدا من داوای سزادانی (ف.ع) م نەکردووە لەسەر ئەوەی سوکایەتی و جنێوی بە من داوە، هەروەها ئەوە تەنها من نیم کە لەلایەن ئەوە تانەو تەشەرم تێگیراوە و سوکایەتیم پێکراوە و تومەتم بۆ هەڵبەستراوە، بەڵکو ریزێک لە رابەران و کەسایەتیەکانی حزب کەوتونەتە بەر ئەم جۆرە پەلامارە. لیستی ئەوانەی کە سوکایەتیان پێکراوە و تۆمەتیان خراوەتە پاڵ زۆربەی زۆری ئەندامانی مەکتەب سیاسی دەگرێتەوە، کە بەئاشکراو لە سەر نێت و فەیسبووک بە موناسەبە و بێ موناسەبە، تۆمەت و تانەیان لێدراوە، بەبێ ئەوەی کە لەمپەرێک هەبێت ڕێگا بگرێت لە شکاندنی حورمەتی حزب و ڕابەرییەکەی. هەرکەس و لایەنێک کە پێی وایە ئەوە تەنها ڕێبوار ئەحمەدە کە بەر ئەم لێشاوی تۆمەتبارانە کەوتووە، دەتوانێت لەسەر لاپەڕەی فەیسبووک و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان نموونەی زۆر پەیدا بکات، کە منیش تەنها یەکێکم لەوان. جنێونامەی ” حول مقالات بعض الرفاق ” یش تەنها نموونەیەکە، کە خودی هاوڕێ موئەیەد لەسەر ئەم خەتاکاریە نامەی ئاگادار کردنەوەی بۆ خاوەنەکەی ناردووە. هەر لەوێدا هێرش کراوەتە سەر ڕۆژنامەی رەسمی حزب ” الی الامام ” و چەندین هاوڕێی تر. بەداخەوە کە ئەمڕۆ کەسانێک تیئۆریزەی ئازادی سوکایەتی و جنێودان لە حزبی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا دەکەن! بەڵام لەمبارەیەوە ئەوەندەی بە من دەگەڕێتەوە تەنها داوای هەڵوێستم لە سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی و رابەری کردووە لەبەرامبەر ئەوەی کە ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی ( واتە هاوکۆمیتەی خۆم نەک ئەندامێکی سادەی حزب ) جگە لە جنێو و سوکایەتی، من تۆمەتبار دەکات بەوەی کە وتارم نوسیووە و ” هاوفکری بۆرژوازیم کردووە بۆ ئەوەی بەشی خۆمم دەسکەوێت “! مانای رۆشنی ئەمە ئەوەیە کە من بەرگریم لە ریفراندۆم کردووە بۆ ئەوەی بارزانی ( بەشم ) پێبدات!! ئەمە تۆمەتێکی یەکجار گەورەیە و ناچێتە خانەی باس و جەدەلی سیاسی و تەنانەت تەشهیر و جنێو دانیشەوە. تۆمەتێکە ئەگەر بسەلمێنرێت پێویستە حزب بێئەملاو ئەولا ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندی بە توندترین شێوە سزا بدات کە بووەتە بەکرێگیراوی حزبێکی بۆرژوازی. پێچەوانەکەشی هەر راستە و ئەگەر ئەوکەسەی ئەم تۆمەتە گەورەیەی داتاشیوە بۆ ئەندامێکی هاوکۆمیتەی خۆی لە رابەری حزبدا و نەتوانێ تۆمەتەکەی بسەلمێنی، دەبێ ڕوبەڕووی توندترین سزابێتەوە. ئەگینا لەو حزبەدا هیچ جۆرە فەزایەکی سالمی سیاسی نامێنێ بۆ رادەربڕین و هیچ ئەمنیەتێک بۆ کەس و بۆ حورمەتی کەس نامێنێتەوە. سەرەتاییترین پرەنسیپ بۆ ئەوەی لە حزبێکدا ئازادی رادەربڕین هەبێت ئەوەیە کە کەس نیگەرانی ئەوە نەبێت بە هۆی بۆچونی سیاسیەوە تۆمەتی ناڕەوای بدرێتەپاڵ.  بەداخەوەم ئێستا هاوڕێیانێک پاساو بۆ سوکایەتی و تۆمەت و حورمەت شکاندن دەهێننەوە و دەڵێن ئەمە سزادانی ناوێ و رێبوار ئەحمەد دەیتوانی وەڵامی ف.ع  بداتەوە!!!!!!!!!!!!! لە راستیدا من نازانم وەڵامی تۆمەتی وا چۆن دەدرێتەوە؟! ئایا سوێند بخۆم کە من لە بارزانی پارەم وەرنەگرتووە و بۆ مەبەستێکی وەهاش وتارم نەنوسیووە؟!!!!!!!!!!!!!! یان راپۆرتی بانک ئەکاونتی خۆمیان بۆ راکێشم تا نیشانی بدەم لەلایەن بارزانیەوە هیچ مەبلەغێکم بۆ حەواڵە نەکراوە؟!! یان چۆن؟!! بەداخەوە بۆ ئەم جۆرە بەناو بەرگریە لە پرەنسیپی مودێرن. ماوەیەک لەمەوبەر لە ناو یەکێتی نیشتمانیدا کەسانێک خەتای ئەوەیان دایەپاڵ کەسانێکی تر کە لە ناو یەکێتیدا بۆ پارتی کار دەکەن. ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی رایگەیان لەوە دەکۆڵنەوە ئەگەر راستبێت بە توندی سزایان دەدەن، ئەگەر تۆمەتیش بێت ئەوکەسانە سزا دەدرێن کە تۆمەتی ناڕاستیان داتاشیوە. بەداخەوە ئەم پرەنسیپە سادەیە ئەمڕۆ لە بزوتنەوەی کۆمۆنیستیدا براوەتە ژێر پرسیارەوە.

دیسان ئەوە بڵێم کە من داوای سزادانی (ف.ع) م نەکردووە لەسەر ئەو تۆمەتە گەورە و ناڕەوایە، لە راستیدا ئەو دەمێکە خۆی لە حزب ئیخراج کردووە و پابەندی هیچ مەوازین و نەرێت و پێوانەیەکی حزبی نەماوە، لەسەر لێشاوێک لەم خەتاکاریانە و مهاتەراتی لە دژی ئەندامانی رابەری و هاوکۆمیتەی، پێشتر رەخنەی لێ گیراوە، بەنامەی رەسمی ئینزاری پێدراوە. واتە خۆی کارتی زەردی هەبووە. بڕیاری دەرکردنەکەشی لەم پلینۆمە رێک دەگەڕێتەوە بۆ کەڵەکەبوونی هەموو ئەم پێشێلکاریانە نەک ئەوەی تەنها تەشهیر و تۆمەتی بۆ من هەڵبەستبێت. لە بارەی سوکایەت و تۆمەتەکانیەوە من تەنها داوای هەڵوێستم لە سکرتێر و رابەری کردووە بەم نامە کورتە….. الرفيق مؤيد احمد!….تحية وبعد

في مقال فلاح علوان الاخير المنشور بصورة علنية اتهمني بـ ” الرياء ”، “ا لكذب ”، “ مشاركة البرجوازية تصورها لنيل نصيبه منها ”، …عبرة هذە الرسالة ارید اعرف ماهو موقفك كسكرتير اللجنة المركزية وموقف الحزب منها؟     اكرر تحياتي    ریبوار احمد/ ١٦-٩-٢٠١٧

لانی کەم پێویستی دەکرد حزب خاوەنی ئەم تۆمەتە ناچار بکات تۆمەتەکەی وەربگرێتەوە و داوای لێبوردن بکات، ئەگەرنا ئەوە سەرەتاییترین مسئولیەتی سکرتێر و رابەری بوو کە لەم بارەیەوە رونکردنەوەیەک بدەن و ئەم تۆمەتە بەدرۆ بخەنەوە و مەحکومی بکەن و بەگری لە حورمەتی سیاسی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و لە راستیدا لە خودی کۆمیتەی ناوەندی بکەن کە کەسی بەکرێگیراوی تیا نیە، سەرئەنجام بۆ بەرگری لە حورمەتی سیاسی خودی حزب. بەڵام هاوڕێی سکرتێر لە پێناو پاراستنی پەیوەندی مەحفەلی خۆی لەگەڵ خاوەن تۆمەتەکە بێ دەنگی لێکرد و تا ئێستاشی لەگەڵ بێت لەو بارەیەوە هیچی نەوت و دەستی رابەریشی بەستەوە لەوەی هیچ بڵێت.

هاوڕێیانی ئسیتقالەی جەمعی هەم هەڵەیەکی زۆر ناشیانە و هەم خەتایەکی سیاسی گەورەیان کرد بە چونەدەرەوە لە حزب. لەم حزبەدا دەیان کێشەی لەو بابەتە هاتووەتە سەرمێزی رابەری و بەبێ شێواندنی یەکڕیزی حزب چارەسەر کراوە. ئەمە فڕێدانە سەر زەوی مسئولیەتێکی گەورەی سیاسیە کە ئەم هاوڕێیانە خۆیان ئازادانە لە کۆنگرەی پێشوی حزبدا خوازیاری لە ئەستۆگرتنی بوون. فڕێدانی ئەم مسئولیەتە بەبەهانەی ئەوەی لەگەڵ رابەری ئێستادا کاریان بۆ ناکرێت، لە کاتێکدا کە خۆیان چەند ساڵە سکرتێر و ئەندامی رابەرین، وە لە کاتێکدا هیچ پرۆسەیەکی شەفافی ناکۆکی سیاسی و پراتیکیان نیشان نەداوە کە پێویستی هەڵوێستگیریەکی بەم جۆرە نیشان بدات، بەڵگەی ئەوپەڕی نابەرپرسیارێتیە بەرامبەر کۆمەڵگا و بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی و راسپاردەی کۆنگرە و ئەو هەزارن کۆمۆنیستەی لە پێناو ئەم حزبە زەحمەتیان کێشاوە و هاوڕێیانێکی زۆریش گیانیان بەخشیوە. بە قوربانی کردنی هەموو ئەوانەیە بۆ مەحفەلیزم و مەسەلەگەلێک کە لە ئاست حزب و یەکپارچەیی حزبدا هیچ بایەخێکیان نیە. ئەگەر ئیستقالەی جەماعیان بەو هۆکارانە پاساو بدەن کە باسیان کردووە، ئەی پاساوی ئیستقالەی هاوڕێ موئەیەد لە حزبی کوردستان چیە؟! کە بە رستەیەکیش بەهانە و ناکۆکی سیاسی و رێکخراوەیشی بۆ نەهۆنراوەتەوە.

من دوای پرۆسەیەکی چەند ساڵە لە جەدەلی فکری و سیاسی و شێوەکار لەگەڵ رابەری حزب بە تایبەتی لەو بڕگەیەی کە هاوڕێ موئەیەد سکرتێر بوو، دوای چەند جار خستنەڕووی بەدیلی خۆم بە شێوە و میکانیزمی حزبی و بەبێ بەرپاکردنی هەراو هوریا لە دژی حزب، دوای چەند جار ئاگادارکردنی رابەری حزب لە رەخنە سیاسی و شێوەکاریەکانی خۆم، دوای نیشاندانی جیاوازی و ناکۆکی خۆم لە مەیدانە جیاجیاکاندا، دوای هەوڵی زۆرم بۆ گێڕانەوەی حزب بە میکانیزمی ئوصوڵی و حزبی بۆ سەر سکەیەک کە بە دروستم زانیوە، کە بەڵگەی هەموو ئەمانە بە نوسراو هەیە و کتێبێکی لێ دەردەچێت و هەموو جارێک لەگەڵ رەزامەندی لەرادەبەدەری هاوڕێ موئەیەد لە دۆخی حزب و باشی کاری حزب و پێشرەویەکانی حزبدا بەرەو ڕوو دەبووەووە. وە دوای نائومێد بوونم لەوەی کە بەم دۆخە ( شەخصیە )ی ئێستامەوە بتوانم باری حزب ڕاست بکەمەوە، دوای ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت لەوەی کە ناکۆکیەکانم لەگەڵ رابەری بەرەو وازهێنان لە حزبم دەبەن، وە سەرئەنجام لەبەر ئەوەی لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا لێکهەڵپێکانێک لە نێوان ناوی من و حزبدا دروست بووبوو، بە جۆرێک ئەوەی من دەموت لەسەر حزب دەکرایە ماڵ و ئەوەی حزب دەیوت و دەیکرد لەسەر من حیساب دەکرا، تەنانەت بواری ئەوەشی بۆ نەهێشتمەوە کە وەکو ئەندامێکی سادەی حزب بمێنمەوە. بۆیە بەو هەموو بەڵگە و هۆکارانە لە ٢٨-٩-٢٠١٧ وازم لە کارکردن لەگەڵ حککع هێنا.

هەڵبەت هەر ئەوکات بۆ هاوڕێ موئەیەد و رابەری حزبم نوسیبوو کە من واز لە کار دەهێنم لەگەڵ حزب، بەڵام  زیان گەیاندن بە حزب و لاوازکردنی حزب کاری من نیە، هیچ هاندانێک ناکەم بۆ وازهێنان لە حزب، تەنانەت ئەگەر هێرشی ( ناڕەوا ) بکرێتە سەر حککع من ئامادەم بەرپەرچی بدەمەوە. وام دانەنابوو کە هاوڕێی سکرتێر و بەشێک لە خودی رابەری خۆیان ئەمکارە بکەن بۆ لێکترازان و وازهێنان لە حزب و سۆسیال میدیا بۆ ئەم جەنگی غەزایە بە دەستەوە بگرن. لەم بارەیەوە من زۆر بەداخم و ئەمە عاقیبەتێکی باش و بەخێر نیە بۆ ئەوان. رەخنەکانی من فراوان و هەمەلایەنەن بە تایبەتی لەو دەورانەی هاوڕێ موئەیەد سکرتێر بوو، رۆڵی حزب لە کۆمەڵگادا نزیک کەوتەوە لە سفر. ئینسجامی ناو رابەری و ناوخۆی حزب کە بەر لەهەر کەسێک ئەرکی سکرتێرە بیپارێزێت و مسۆگەری بکات، گەیشتە ئەوپەڕی خراپی. لە رووی سیاسی و هەڵوێستگیریەوە ئۆپۆرتۆنیزم باڵی کێشا بەسەر حزبدا. حزب نوقمی مەحفەلیزم و شێوەکاری مەحفەلی کرا. حزبیەت و پرەنسیپی تەحزوبی کۆمۆنیستی تارومار کرا، ئەمنیەت بۆ حورمەت و کەرامەتی کەس نەمایەوە. نە رەخنەگرتن و نە شکات کردن و نە ناڕەزایەتی دەربڕین فایدەی نەما. هەموو ئەمانەم بە نوسراوی مفصەل بۆ موئەیەد و رابەری رونکردووەتەوە. لە بڵاوکردنەوەی ئەو نوسراوانەشدا بە تەواوی پێڕەویم لە سونەتی حزبی کردووە و نەرێتم ژێر پێ نەنانەوە و هیچ شکات و خروقاتێک لە دژم تۆمار نەکراوە. تەنانەت کە رابەری بەڵینیداوە لە ناو ریزەکانی حزبدا نوسراوەکانم بڵاوبکاتەوە و بە کردەوە ئەم کارەی نەکرد، دیسانیش من پەنام بۆ ئەوە نەبرد نوسراوەکان بە شێوەی مەحفەلی و ناقانونی بڵاوبکەمەوە. بەڵام ئێستا ئەگەر سکرتێر و بەشێک لە رابەری حزب لەو مسئولیەتەی بە ئەمانەت لە کۆنگرەیان وەرگرتووە هەڵدێن، من لە سەنگەری بەرگری لە حزب و کۆمۆنیزم رادەوەستم، بۆ ئەوەی رادەی خەسارەتەکە بە کەمترین ئاست بگات و توانای خۆ کۆکردنەوە و پێشڕەوی سەرلەنوێ بۆ حزب و کۆمۆنیزم فەراهەم بێت. تەنها داواشم لە هەموو هاوڕێیان و هەڵسوڕاوانی کۆمۆنیست ئەوەیە بە چاوێکی کراوە و بیرێکی ئاوەڵا و دوور لە دەمارگیری و تانەو تەشەر و سوکایەتی و تۆمەت و هەڵچون، باش بیربکەنەوە و هەڵبژاردنی سیاسی خۆیان بکەن و لە سەنگەری بەرگری لە حزبیەت و حزبەکەیان راوەستن! لە کۆتاییدا بە پێویستی دەزانم بڵێم ئەگەر هاوڕێ موئەیەد بەراستی خۆی بە وەفاداری کۆمۆنیزمی کرێکاری دەزانێت، پێویستە دەتسبەجێ ریزی خۆی لەو کەسانە جیابکاتەوە کە بە ئاڵای دژایەتی کۆمۆنیزمی کرێکاری و بەرگری لە ” مافە دیموکراتیەکان ” ەوە تیکەڵاوی ئەم هەرایە بوون کە ئەو و هاوبیرانی بەرپایان کردووە. هاوکات دەبێ ریزی خۆی لەوکەسانە جیابکاتەوە کە تۆمەت لە کەسانی تر دەدەن و نیوەی نوسراوەکانیان جنێو و سوکایەتیە.

لە نزیکترین فرسەتدا هەموو ئەو بەڵگانە دەخەمە بەردەستی هاوڕێیان و خوێنەران کە راستیەکانی ناو ئەم نوسراوە دەسەلمێنن.

٢٥-٥-٢٠١٨

LEAVE A REPLY

Please enter your comment!
Please enter your name here