لە پەراوێزی کۆبەندی باسەکانی پلینۆم ٣٢, دەربارەی دووبارەکردنەی هەڵبژاردن بۆ سکرتێر

0

ئەم باسە کە رەخنەیەکە لە بۆجون و شێوازێکی دیاریکرا لە مامەلە لەگەل هەلبژاردن لە ناوخۆی حزبدا، وەکو پاشکۆی باسی “کۆبەندی لە باسەکانی پلینۆمی ٣٢” و هاوکات لەگەل ئەو باسەدا لە کۆتایی سەپتەمبەری ٢٠١٦ لە رێگای هاوڕێ موئەیەد ئەحمەدەوە خستمە بەردەستی رابەری حزب.

مادام لە روانگەی خۆمەوە کۆبەندیم لە باسەکانی پلینۆمی ٣٢ کردووە، ناکرێت بەسەر روداوێکدا کە لەم پلینۆمەدا رویداوەو بە بڕوای من حەساسە، قسەیەک نەکەم.  ئاگاداری ئەوەبووم کە لە هەڵبژاردن بۆ سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی دووکەس دەنگی سپیان دابوو، ئەمە بەبڕوای من شێوەیەکی سلبی و نادروستە، سەرئەنجام کۆمیتەی ناوەندی پێویستی بە سکرتێر هەیە و ئەمە لە مەوازینی پەسەندکراوی حزبدا هاتووە و دەبێ پێڕەوی لێبکەین، دەنگی سپی واتە دەنگدان بەوەی کە سکرتێر نەبێت. هەر نەریتێک کە پیادە دەکرێت لە حزبی سیاسیدا دەبێ قابیلی تعمیم بێت، واتە بۆ ئەوە بێت کە کەسانی تریش پێڕەوی لێبکەن.  کەوایە با بیهێنینە بەرچاومان ئەگەر هاوڕێیانی تریش بکرێت دەنگی سپی بدەن، ئەوکاتە مانای وایە سکرتێر هەڵنابژێردرێت و لەم حەلەشدا گرنگترین پۆستی حزبی بە چۆڵی دەمێنێتەوە. ئەمەش خۆی دەتوانێ هەنگاوێک بێت بە پێچەوانەی بینای حزب و ئۆرگانەکانی و حزب بەرەو ئاراستەیەکی پێچەوانە بەرێت. هەروەها ئەوە لە نەریتی تەحەزوبی کۆمۆنیستیدا نەریتێکی رەتکراوەیە کە خیلافەکان بە دەنگدان تەعبیری لێبکریت. شێوەی دروست ئەوەیە کە رەخنەو رای سیاسی و فکری بە شێوەی راشکاو و شەفاف تەعبیری لێبکرێت، نەک بە نهێنی و لەسەر وەرەقەی دەنگدان، ئەویش بە دانی دەنگی سپی. لەو حاڵەتەدا کە دەنگدەر کاندیدی جێگا پەسەندی خۆی نەبێت و نەشیەوێ دەنگ بەو کەسانە بدات کە کاندیدن، رێگای دروست و ئوصوڵی ئەوەیە کە خۆی کاندید بکات و دەنگی خۆی بە خۆی بدات. دەنگی سپی نەریتێکی زیانبەخش و جێگای رەخنەیە و پێوستە هەوڵبدەین لە حزبدا جێگای نەبێت. بەڵام دەربارەی ئەم نەریتە هەڵەیە هەر ئەوەندە پێویستە بوترێت و هیچی تر، جێخستنیشی بەندە بە پرۆسەیەکی نقد و هوشیاردەرانەوە وەکو زۆر دیاردەی دیکەی هەڵەو سلبی کە لەحزبدا هەیە و هەوڵی بۆدەدەین کە نەمێنن.

بەڕای من ئەو بەرخوردەی پلینۆم بەم رووداوەی کردووە لە چەند رووەوە هەڵەیەکی گەورەتر بووە لە خودی رووداوەکە، هەڵسەنگاندنی ئەم بەرخوردەی پلینۆم لەو جێگایەوە پێویستە کە رێگە بگرین لەوەی ببێتە پێشینەیەک لە ناو حزبدا و دووبارەو چەند بارە نەبێتەوە، کە بەبڕوای من زۆر ئەشکالی گەورەو زیانبەخش وتەنانەت بێ دوودڵی دەتوانم بڵێم نائوصوڵی هەیە، لەم بارەیەوە ئەم خاڵانە باس دەکەم؛

١/  لە بەرامبەر ئەو رووداوەدا کافی بوو یەک کەس لەلایەن پلینۆم و ئەو ئەکسەریەتەی کە دەنگیان بە سکرتێر داوە تەنها ئەو روونکردنەوەیەی لە پەرەگرافی یەکەمدا هاتووە بدرایەو تەواو بڕایەوە، نەک چەند کەس بەدوای یەکدا نۆرە بۆ نەقدکردن و  هێرشکردنە سەر ئەم نەریتە بگرن و فەزایەکی قورس و سەنگینی ئەوتۆ دروست بکەن، تاڕادەی ئەوەی کە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ هەویەی شەخصی کەسەکان بکەوێتە بەردەم ئەگەری ئاشکرابوون، یان ئەوەندە هەست بە خەتاباریان لادروست بکرێت کە خۆیان لە ئاستێکدا هەویەی خۆیان ئاشکرابکەن و سەرزەنشتی خۆیان یان پاساوی هەڵوێستەکەیان بکەن. ئەمە زۆر مەترسیدارە! فاکتەری هەرە سەرەکی لە هونەری دەنگدان و هەڵبژاردنی ئازاد بۆ پۆستی لەم جۆرە لە نهێنی بونیدایە، ئەگەر فەزایەکی وا لە ڕابەری و لە حزبی ئێمەدا هەبێت کە رەنگە هەویەی دەنگدەر ئاشکرابێت، ئیتر لەلایەکەوە هیچ بوارێک بۆ جەسارەتی دەنگدانی ئازاد نامێنێتەوە، لەلایەکی تریشەوە ئەمە دەتوانێ ببێتە دروستکردنی برینی شەخصی لە نێوان کەسەکان و زەربە لە ئینسجامی ناوخۆی حزب بدات و سەخت بوونەی پێکەوە کارکردنی دەنگدەر لەگەڵ کاندید بکات، من کارم بەوە نیە کە راستەخۆ کەس نەچووەتە سەر ئاشکراکردنی هەویەی کەسەکان، گرنگ ئەوەیە ئێستا لەو فەزایەی دروستکراوە هەویەی ئەوکەسانە لانی کەم لە ئاستێکدا ئاشکرابووە، ئەمە نائوصوڵی و زیانبارو مەترسیدارە.

٢/ دوبارەکردنەوەی هەلبژاردن بەم دەلیلە، نەک هیچ پیویست نەبو بەلکو کاریکی نادروست و تەنانەت نا ئوصولی بو. ئەنجامی هەلبژاردن سکرتیر بە ١٥ دەنگ لە ١٧ دەنگ هەلبژیردراوە، کەوایە دوبارەکردنەوەی هەلبژاردن هیچ لە ئەنجامەکە ناگۆریت. لەم حالەتدا دو دەنگە سپیەکە دەسوتی وبە حیساب ناهینریت و هەتا دەکاتە ئەوەی کە سکریتر بە تیکرای دەنگ هەلبژیردراوە. چونکە بە مەوازین و قانونی حزبی دەنگی سپی دەسوتی و وەکو کەسیکی لی دیت کە بەشداری دەنگدانی نەکردوە. کەواتە هیچ پیویستیەک نەبو بۆ دوبارەکردنەوەی هەلبژاردن و هیچیش لە ئەنجامەکەی ناگۆریت.

٣/  دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن لەم حاڵەتە دیاریکراوەدا کە لە پلینۆمی ٣٢دا روویدا، مانای ئیجبارکردنی ئەو دوو کەسەیە بە دەنگدان بەو کاندیدەی هەیە و کارێکی نائوصوڵیە، گریمان دوای دانی روونکردنەوەی ئەوەی  کە دەنگدانی سپی نەریتێکی هەڵەو رەتکراوەیە و کەسێک ئەگەر بەپێی ویژدان و باوەڕی سیاسی خۆی نەیەوێ دەنگ بەو کاندیدە بدات، وە گریمان هاتە سەر ئەو باوەڕەی کە ئەم رەخنەیە پەسەند بکات و ئەمجارە رێگای دروست ئەوەیە خۆیان کاندید بکەن و دەنگ بە خۆیان بدەن. بەڵام ئەگەر ئەم کارە بکەن مانای هەویەی شەخصی خۆیان ئاشکرادەکەن، ئەمەش هەم نادروست و هەم نا ئوصوڵی و هەم زۆر سەختە، بۆیە ئەو دوو کەسە بە کردەوە لەو فەزایەدا هیچ رێگایەکیان لەبەردەم نامێنێت جگە لەوەی بیانەوێ یان نا، بە پێچەوانەی وێژدانی شەخصی و باوەڕی سیاسی خۆیانەوە دەبێ دەنگبدەن بەو کاندیدەی کە هەیە! ئایا بەراستی دەکرێت ئەمە پێی بوترێت دەنگدانی ئازاد؟ لە کاتێکدا کە بە دەنگدانی یەکەم سەرباری ئەو ئەشکالەی روویداوە، سکرتێر بە تێکڕای دەنگ هەڵبژێردراوە، چونکە وەکو وتم بەپێی مەوازینی حزب دەنگی سپی بە حیساب ناهێنرێت نە وەکو موافق نە وەکو مخالف و نە وەکو ممتنع، بەڵکو دەسوتێت و هیچ حسابێکی بۆ ناکرێت، بەڵام دەنگدانی دەورەی دووەم بە ناڕاستەوخۆ ئیجباری تیا بووە.

بەببڕوای من ئەگەر ئەمە راشکاوانە نەقد نەکرێت لە داهاتوودا دەبێتە پێشینەیەکی خراپ و فەزایەکی سەنگین لە پرۆسەی دەنگدان لە ناو حزبدا دروست دەکات، دەنگدان دەبێت بە تەواوی نهێنی بێت، هەر فەزایەک ئەم بە تەواوی نهێنی بوونە بخاتە بەر ئەگەری هەرجۆرە گومانێک لەسەر ناسنامەی دەنگەکان، مەشروعیەتی خۆی لەدەست دەدات، لە دەرەوەی حزبیش نەیارانی ئێمە ئەگەر ئەم جۆرە نموونانە لە دژی ئێمە بەدەستەوە بگرن شەخصیەتی سیاسی حزب لەکەدار دەبێت و زەربە دەخوات، ئەگەر لە ناوخۆی حزبدا ئەمە رووبدات، سەختە کۆمەڵگا باوەڕ بکات کاتێک دەسەڵات بەدەست ئێمەوە بێت، ئازادی بۆ هەمووان دەستەبەر دەکەین.

٤/  دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن بۆ سکرتێر، لە روانگەی هاوڕێیانێکەوە بەراوردکراوە لەگەڵ دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی مەکتەبی سیاسی لە پلینۆمی ١٩ی کۆمیتەی ناوەندی کە لە بنەڕەتدا ئەوکات دووبارەکردنەوەی هەلبژارنی مەکتەبی سیاسی  پێشنیاری من بوو.  بە لەبەرچاوگرتنی ئەمە، هەروەها بەوپێیەی رەنگە وابێتە بەرچاو کە لێکچونێک لە نێوان ئەم دووانەدا هەیە، بە پێویستی دەزانم ئەوە روونبکەمەوە کە لەراستیدا ئەم دوو کەیسە زۆر جیاوازن لەگەڵ یەکتری، با جیاوازیەکان روون بکەمەوە.

  • ئەوەی لە پلینۆمی ١٩ روویدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەکی سیاسی بوو، دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن ئەنجامی هەڵبژاردنی دەگۆڕی و بە جۆریک کێشەکەی چارەسەر دەکرد، ئەو دەنگدانە ئەشکالی سیاسی هەبوو، لەسەر بناغەی ئیختلافی سیاسی کە لەو پلینۆمەدا هاتە گۆڕێ. ئەو ئەقەڵیەتەی کە ئیختلافی سیاسیان دەربڕی، لەلایەن ئەکسەریەتەوە کرانە دەرەوەی مەکتەبی سیاسی.  ئەمە دووربوو لە نەریتی کۆمۆنیستی کە ئیختلافی سیاسی بە دەنگدان یەکلا بکرێتەوە، ناکۆک بوو بە لەبەرچاو گرتنی بەرژەوەندی حزب و یەکپارچەیی حزب، دووربوو لەوەی کە لە حزبی سیاسی و کۆمۆنیستیدا ناکرێت جێگاو رێگای سیاسی کەسەکان لەبەرچاونەگیرێت و لەسەر بنەمای بۆچۆنێکی جیاواز حزب لە رۆڵ وکەسایەتیان نادیدە بگرێت ..و… واتە لە چەند رووەوە پێویستی ئەوە هەبوو کە هەڵبژاردن دووبارە بکرێتەوە، بێگومان ئەگەر پلینۆم پەسەندی بکات، بەڵام لە پلینۆمی ٣٢دا جگە لە سوتانی ٢ دەنگ و پیادە کردنی شێوازێکی جێگای نەقد، دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن هیچ ئەنجامێکی نەگۆڕی و هیچ کێشەیەکی چارەسەر نەکرد، بەڵکو کێشەی دروست کرد.
  • گرنگتر لە هەمووشت لە پلینۆمی ١٩ئەکسەریەتی خاوەن بڕیار کاری هەڵەی کردو رەخنەی لێگیرا، هەر بۆیە دەسەڵاتی ئەوەی هەبوو کە ئەگەر بە رەخنەکە قانع نەبێت رێگا بگرێت لە دووبارە بوونەوەی هەڵبژاردن و رەزامەندیشی تەنها لەسەر بناغەی باوەڕێکی ئازادانە و قانع بوون بوو بەو هەڵەیەی کە ئەنجامیداوە. لە پلینۆمی ٣٢ رێک بە پێچەوانەوە بوو، ئەوەی کە کاری هەڵەی کردو رەخنەی لێگیرابوو، ئەقەڵیەتێکی زۆر کەم بوو “٢ کەس لە ١٧ کەس” ئەم ئەقەڵیەتە ئەگەر بە رەخنەکان قانع بووبن یان نا هیچ دەسەڵاتێکیان نەبوو لەسەر بڕیاردان بۆ دووبارەبوونەوە یان نەبوونەوەی هەڵبژاردن، تەنانەت بۆ ئەوەی ئاشکرانەبن بواری ئەوەیان نەبووە نە قسە بکەن و نە دەنگی مخالف بدەن. لە راستیدا یەک رێگایان لەبەردەم بووە، ئەویش رازیبوون بە دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن و رازیبون بە دەنگدان بە تاقە کاندید.  ئەگەر بمانەوێ تەنها بۆ روونبوونەوەی مەبەست لە ناو هۆڵی پلینۆمدا ئەکسەریەت بە  “دەسەڵات ” و ئەقەڵیەت بە  “ئۆپۆزیسیۆن ” بشوبهێنین، ئەوە لە پلینۆم ١٩ دەسەڵات خۆی هەڵبژاردنی خۆی گۆڕی و دەیتوانی نەیگۆڕێ، بەڵام لە پلینۆمی ٣٢ دەسەڵات بە بڕیاری خۆی هەڵبژاردنی ئۆپۆزیسیۆنی گۆڕی و بە عەمەلی فەرزی کرد بەسەریدا.
  • لە پلینۆمی ١٩ ئەگەر بیرەوەریم هەڵەم پێنەکات، ژمارەیەکی زۆر کاندید هەبوون بۆ هەڵبژاردنی ٢٤ ئەندامی مەکتەبی سیاسی. بۆیە سەرباری دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن ئەگەر کەسانێک هەر قانع نەبووبن بە رەخنەکان، هێشتا بواری ئەوەیان هەبوو پێچەوانەی ویژدان و باوەڕی سیاسی خۆیان عەمەل نەکەن، دەنگ نەدەن بەو کەسانەی کە جێگای پەسەندی ئەوان نین و بیدەن بە کەسانێکی تر یان لیستەکانیان ئەوەندە کەم بکەنەوە کە بە ویژدانی خۆیان پەسەندە،  بەڵام لە پلینۆمی ٣٢ تەنها یەک کاندید بۆ سکرتێر هەبوو، تازە بۆ ئەوەی دەنگە سپیەکانی دەورەی هەڵبژاردنی یەکەم ناسنامەیان ئاشکرانەبیت، نەشاین دەتوانی خۆیان کاندید بکەن و دەنگ بە خۆیان بدەن، بۆیە بە پێچەوانەی پلینۆمی ١٩ تەنها یەک رێگایان لە پێشبوو ئەویش بیانەوێ یان نەیانەوێ دەبێ دەنگ بدەن بە تەنها کاندید، ئەم ئیجبارکردن و ئەم فەزا قورسە، ئەم ئازاری ویژدانە، بۆچی و لە پێناو چی؟ لە کاتێکدا هەڵبژاردن ئەنجامی ئوصوڵی خۆی هێناوەو هیچ کێشەیەکی مەوازینی و قانونی تیا نیە. من پێداگری لەسەر راستکردنەوەی ئەم هەڵەیە دەکەم دەنا دەبێتە پێشینەیەکی خراپ و فەزایەکی تەنگ و قورس لەسەر هەڵبژاردن و دەنگدان لەناو حزبی ئێمە دروست دەکات و زەرەری زۆری لێدەکەین.

رێبوار احمد

کۆتایی سپتەمبەری ٢٠١٦

LEAVE A REPLY

Please enter your comment!
Please enter your name here