وەلام بە سەرنجیک

0

توانا حەمە نوری: باشە کاک ڕێبوار تۆ بە موئەید و هاوڕێکانی ئەڵێیت ‘هەڵهاتون لە بەرپرسیارێتی’، هەرچەندە ڕەخنەم لە بەکارهێنانی وشەی ‘هەڵهاتن’ هەیە چونکە بە شیاو و گونجاوی نازانم، کەچی خۆشت ماوەیەک لەمەوبەر لە حککع وازتهێناوە، وازهێنانی خۆت مەوقیفە و وازهێنانی موئەیدیش ‘هەڵهاتن’ە؟ ئەمە یانی چی؟ بۆچی یەک مەسەلە بە دوو تەرازووی جیاواز ئەپێوی؟ وتارەکەت بۆنی کۆنە قینی لێدێت!

بەرێز توانا گیان! سوپاس بۆ کۆمێنتەکەت، من لە جەدەلی سەر فەیسبوک بەشداری ناکام، بە تایبەتی کە زۆرکات شێوازی ناسیاسی بە خۆیەوە دەگرێت. بەڵام لەوروەوە سەرنجەکەی تۆم بۆ گرنگە و رەنگە سەرنجی کەسانی تریش بێت، بە پێویستم زانی بەکورتی وەڵامی من بۆ جیاوازی دەست لەکارکێشانەوەی من و هاوڕییان کە ئیستقالەی جەماعیانداوە،لەم چەند خاڵەدا باس بکەم؛

١-من لە ئاخرین رۆژی سالی ٢٠٠٨ ەوە تا ئیستا بە هۆی باری تەندروستیەوە هیچ پۆست و بەرپرسیارێتیەکی سیاسی و رێکخراوەیم لە حزبدا نەماوە. بەلام هاوڕییان باڵاترین پۆستە رێکخراوەیی و سیاسیەکانیان لە دەستدا بووە، واتە سکرتیر و ئەندامەتی لە مەکتەبی سیاسی.

٢-من وەکو ئەوان لە ناکا و لە چرکە ساتێکدا دەستم لە کار نەکێشاوەتەوە، بەلکو لە پرۆسەیەکی دریژی چەند ساڵەدا بەردەوام سەرنج و رەخنە و جیاوازیەکانی خۆم لە رووی فکری و سیاسی و شێوەکار و نەرێتی حزبیەوە رونکردوەتەوە بە نوسراو خستومەتە بەردەستی رابەری حزب و پێشنیاری خۆم خستوەتەروو بۆ چارەسەری کێشەکان. لە کاتێکدا لەم روانەوە من تاقە وشەیەکیشم لە هاورییان نەبیستوە.

٣-من سەرباری هەموو رەخنە و جیاوازیەکانم، لەسەر ناکۆکی فکری و سیاسی و شێوەکار دەستم لە کارنەکێشاوەتەوە، بەڵکو ئەوەی منی گەیاند بەم بریارە بە دیاریکراوی پێشێلکردنی قانون و پێڕەوی ناوخۆ و نەریتە حزبی و کۆمۆنیستیەکان بوو. وەکو ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی، دوای ئاگادارکردنەوەی رابەری لەم پێشێلکاریانە و رەخنەگرتن و نارەزایەتی دەربرین، وە دوای بێ سودمانەوەی هەموو ئەمانە، وە لە کاتێکدا بەهۆی دۆخی خۆمەوە توانای دەخالەتم نەبوە بۆ گۆڕێنی دۆخی حزب، کە ئەگەر وا نەبوایە من حزبم بۆ کەس بەجێناهێشت. هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی پێشینەی من لەگەل ئەم حزبە دەزانم لە ئاستی کۆمەلایەتیدا تا کاتێک لە ناو حزبدا بم باش و خراپی لەسەر منیش حیساب دەبێت، بە پێویستم زانی خۆم لەو پێشێکارایانە جیابکەمەوە و ئیتر بەرپرسیارێتی شتێک نەخەمە ئەستۆی خۆم کە تیادا بەشدار و خاوەن دەسەڵات نیم. بەڵگەی هەموو ئەمانە لەو نوسراوە ناوخۆییانەدا دەبینن کە بلاویان دەکەمەوە.

٤-من کاتێک دەستم لە کارکێشایەوە بەرامبەر حزبم نەگرت و کەسم هاننەدا لە دژی حزب و بۆ وازهێنان لە حزب و درزم نەخستە ناو حزبەوە، لەوەش زیاتر لەسەر داوای خودی ئەم هاورییانە و ئەودوای هاورێیانی مەکتەبی سیاسی و کۆمیتەی ناوەندی ٨ مانگ دەستم راگرت لە بلاوکردنەوەی ئیستقالەکەم بۆ ئەوەی ئەوان کاریان لی تیکنەچیت. تەنها کاتێک ئیستقالەکەم بلاوکردەوە کە ئەو هاوڕێیانەی دوایان کردبوو بلاوی نەکەمەوە خۆیان هەواڵەکەیان بڵاوکردەوە. ئیستا ئەو هاوڕییانە خۆیان پیرەوی لەو شێوازە ناکەن کە پێشتر لە منیان داوا دەکرد و من داواکەیانم جێبەجێ کرد.

لە کۆتاییدا ئەوە بلیم بەداخەوە ئەوان خەتای ئیستقالەکەیان بەرادەی سەرەکی دەخەنە ئەستۆی من، لەبەر ئەوەی گوایە ئەو هاوڕێیەی کۆمیتە ناوەمدی لەسەر سوکایەتی و تۆمەتدان لە من ئەندامەتی لی وەرگیراوەتەوە. من لیرەوە رادەگەیەنم کە من بە هیچ جۆریک شکاتم لەو نەکردوە. من رەنخنەم لە سکرتیرو مەکتەبی سیاسی گرتوە کە بۆچی ئەو تۆمەتە نارەوایەیان بە درۆنەخستەوە. ئیستاش من نەک لەسەر ئەو سوکایەتی و تۆمەتانە شکاتێکم نیە و داوای سزادانی ئەو هاورێیەم نەکردوە و نایکەم و لەو بڕیارەش بەشداریم نەبوە و دەنگم پێی نەداوە و لەبنەرەتەوە مافی دەنگدانم نەبووە. ئەوەندەی بە شەخصی من دەگەرێتەوە ئامادەم دەجاری تریش ئەو سوکایەتیانە نادیدە بگرم لە پێناو یەکپارچە مانەوەی حزب. بەڵام وەکو ئاگادارن پێشتر پێشێلکاری دیکە لە ئارادایە. جگە لەوانەش ئەو هاوڕێیە چەند ساڵە ڕایگەیاندوە کە باوەڕی بە بەرنامەی حزب نیە و بە بەرنامەیەکی لیبراڵی دەزانێ. تەنانەت بەڵێنی دابوو رەخنە لە هەموو بەندەکانی بگرێت کە هەرگیز ئەم کارەی نەکرد. بەرنامە سەرەکی ترین بەڵگەنامە و ناسنامەی حزبە، کەسێک بەرنامەی قبوڵ نەبێت، بەپێی کام پرەنسیپی سیاسی ئەندام دەبێت کۆمیتەی ناوەندی ئەو حزبە؟!

هیوادارم وەلامی سەرنجەکەتم دابیتەوە و سوپاست دەکەم و هەربژیت.

رێبوار ئەحمەد/ ١-٦-٢٠١٨

LEAVE A REPLY

Please enter your comment!
Please enter your name here