دوانامە

0

ئەم نامەیە کە ٢٩ رۆژ بەرلە نامەی کۆتایهینان بە کارم لەگەڵ حککع نوسیومە، وەکو دواهەول بۆ بەرگرتن لە پرۆسەی داروخاندنی نەرێت و بنەماکانی تەحەزوبی کۆمۆنیستی، لە رێگای هاوری موئەیەدەوە خستومەتە بەردەم مەکتەبی سیاسی و داوام کردوە بدرێت بە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی حککع و مەکتەبی سیاسی حککک، راستی نازانم چەندە دراوە بە هاوڕێیانی ئەو ئۆرگانانە، بەلام من لای خۆمەوە وەکو پێڕەوی لە قانون و نەرێتەکانی تەحەزوبی کۆمۆنیستی جگە لە هاوڕێ موئەیەد بۆ کەسی ترم نەناردوە. بێگومان وەکو زۆر نامە و باسی گرنگ و رەخنەی سیاسی دیکە کە ئاراستەی رابەریم کردوە، هیچ وەلامێکی رەسمیم وەرنەگرتوەتەوە. هەلبەت هاورێیانیک لە روانگەی بۆچونی شخصی خۆیانەوە قسەیان لەسەر کردوە. دوای بێسەمەرمانەوەی هەموو ئەم هەوڵانە، ئیتر ناچاربوم دەست لەکارکێشانەوەی خۆم رابگەیەنم.
هاوڕێ موئەیەد ئەحمەد، هاوڕێیانی مەکتەبی سیاسی
دوای سڵاو
من تەمەنام ئەکرد مەجبور نەبم ئەم نامەیە بنوسم، بەڵام وا دەزانم ئەرکی سەرشانمە و موەزەفم ئەم کارە بکەم. دەمەوێ لە ریگای ئەم نامەیەوە نیگەرانی گەورەی خۆم لە وەزعی حزب دەربرم بە تایبەت ئەوەی لە پەیوەند بە مەسەلەی ریفراندۆم لە کوردستان هاتوەتەکایەوە. لە پێشدا ئەوە بلیم کە من بە هیچ جۆرێک بوونی بۆچون و لیکدانەوەی جیاواز و ناکۆک لەسەر هەر مەسەلەیەکی سیاسی نەک بە کێشە و سلبی نازانم، بەلکو بە هۆکاری چونەسەری ئاگاهی حزب و راوەستانی لەسەر خەتیکی دروست دەزانم. حزبی ئیمە لە ناوخۆیدا لە ئاستی هەموو ئۆرگانەکانیدا گەورەترین بوار هەیە بۆ جەدەل و باس و خستنەرووی بۆچونە جیاوازەکان، بەلام سەرئەنجام هەموو حزبیکی سیاسی دوای تیپەراندنی ئەم پرۆسیسە و پەسەند کردنی سیاسەتیک، ئیتر وەکو نەریتیکی حزبی پیویستە وەکو جیهاز و جەستەیەکی واحد و خاوەن ئیرادەیەکی یەکپارچە سیاسەتی پەسەندکراوی حزب بەریتەپێشەوە. ئەگەر وا نەبیت مانایەک بۆ حزب و حزبیەت و کاری حزبی نامینیتەوە.
بەداخەوە دوای ئەوەی حزب بە بەیانیکی رەسمی هەلویستی خۆی لەسەر ریفراندۆم لە کوردستان دەرکردوو، ئەمەی وەکو مافیکی خەلکی کوردستان بە رەسمی ناسی و بەرگری لێ کرد، هاوڕێیانێک لە مەکتەبی سیاسی کەوتنە نوسین و بلاوکردنەوەی چەند وتار لە مخالەفەتی توند لەگەل بەیان و هەروەها بەرنامەی حزب و ریفراندۆم. بە دیاریکراوی مەبەستم وتارەکانی هاورییان (سکرتیر و ئەندامانی مەکتەبی سیاسیە)ە کە بە شێوەیەکی زەق و راشکاوانە و لە ئاستی عەلەنیدا پێچەوانەی بەیان و بەرنامەی حزب قسەیان کردووە.
ئەوەی کە لەمەش زیاتر جیگای نیگەرانیە ئەوەیە کە هەر لەم بارەیەوە ئەحکامی زۆر قورسیان داوەتە پاڵ حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان کە حزبی هاوسەنگەر و هاوبزووتنەوە و هاوپەیمانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عیراقە. جگە لەوە بەپێی بەرنامە و بەیانی حزبی عیراق هەمان ئەو حوکم و تۆمەتە قورسانە شانی حزبی عیراقیش دەگریتەوە. ئەمانە لەگەل زەوابت و بنەما ریکخراویەکانی حزب ناکۆکن. بیگومان ئەوەی کە ئەم کارە لەلایەن سکرتیر و ئەندامی مەکتەبی سیاسیەوە ئەنجام دراوە، نیگەرانیەکە زیاتر دەکات. چونکە دەرگای دووبارە کردنەوەی ئەم شێوازە لە پابەند نەبوون بە زەوابتی حزبی بۆ هەموو کادر و ئەندامانی حزب دەخاتە سەرپشت. حزب ئیتر ناتوانی چاوەڕوانی ئەوەی هەبیت کە هیچ کادر و ئەندامیک پیرەوی لە زەوابتی حزبی بکات.
هاوڕییان! سکرتیری کۆمیتەی ناوەندی و ئەندامەتی لە مەکتەبی سیاسی پۆستی رەسمی حزبین. ئەمانە ئیتر ئەفرادنین لەوێ، دوای ئەوەی کەسێک بە اختیاری خۆی تەرشیح دەبیت بۆ پۆستیک و دەنگی پێدەدرێت، لەوانە بۆ سکرتیر و مەکتەبی سیاسی، ئیتر موەزەفە ئەرکەکانی خۆی لەو پۆستەدا ئەنجام بدات. ئەرکی ئەوان بریتیە لە؛ وردکردنەوە و بردەنەپێشی سیاسەتی رەسمی و پەسەندکراوی حزب، رابەری کردنی حزب و کۆمەلگە بەپێی سیاسەتە رەسمی و پەسەندکراوەکانی حزب، بەرگری لە حزب و سیاسەتەکانی، پاراستنی وەحدەت و ئینسجامی حزب. هەلبەت لە ئینسجام مەبەستم ئەوە نیە کە حەتمەن هاوفکربین، بەلکو بتوانین بەدەر لەوەی مختلفین یان هاوفکر، یەکدەستی حزب بپاریزێت.
وادیارە ئەو مەسەلەیەش پێویستی بە تەئکید هەیە کە هەر سیاسەتیکی رەسمی و پەسەندکراوی حزب، تا کاتیک لە ئۆرگانیکی خاوەن سەلاحیەتدا رەتنەکرابیتەوە یان ئالوگۆری بەسەر نەهاتبی یان بەدیلی بۆ دانەنرابیت، خۆبەخۆ بەپێی زەمن ئیکسپایەر نابیت. ئەگەر ٢٠ سالیشی بەسەردا تیپەر بووبیت. هیچ کادر و ئەندامیکی ئۆرگانە رابەریەکان مافی ئەوەیان نیە کە بە ناوی “هەلومەرج گۆراوە” حوکمی دلخوازانە دەرکەن و بدەنە ژێر سیاسەتی رەسمی و پەسەندکراوی حزبدا. هەمیشە دەرگای میکانیزمی حزبی ئاوەلایە، هەر هاوریەک پێێ وایە بەپێی گۆرانی هەلومەرج سیاسەتیکی حزب پێویستی بە ئالوگۆر هەیە، دەتوانێ لە ئۆرگانی خاوەن سەلاحیەتدا گۆرانی هەلومەرجەکە تەوزیح بدات و ئالوگۆری سیاسەت بخاتەروو بۆ ئەوەی بریاری لیبدریت و پەسەند بکریت. هەرلە خۆوە “گۆرانی هەلومەرج” حەق بە هیچ کەس نادات بریاربدات کە سیاسەتی حزب ئیعتباری نەماوە و بە اختیاری خۆی نقدی بکات یان مخالەفەتی پێ بکات. ئەویش لە ئاستی عەلەنی و کۆمەلایەتیدا.
تەئکید لەوە دەکەم کە بۆچونی جیاواز لە حزبی سیاسی کۆمۆنیستیدا دیاردەیەکی زۆر سادە و سروشتیە، هیچ ئەشکالیکیش لەوەدا نیە کە هاورییانیک رایان لەسەر بەشێک لە بەرنامە یان سیاسەتیکی حزب گۆرابیت، بەلام بۆ هەموو ئەمانە کەنال و میکانیزمی حزبی هەیە و دیاریکراوە. بۆیە بۆچونی جیاواز ریگا بە هیچ کادریک نادات نەک سکرتیر و ئەندامی مەکتەبی سیاسی کە لە ئاستی عەلەنیدا مخالەفەت بە بەرنامە و سیاسەتی رەسمی حزب بکات و سیاسەتی ناکۆک دەربریت، چ جای ئەوەی بیکاتە بنەمای دەرکردنی حوکمی ناسیۆنالسیتی و ……. ئەمە بۆ کادریکی حزب ریگرپێنەدراوە چ جای بۆ سکرتیر و ئەندامی مەکتەبی سیاسی.
مەبەستی من لەم نامەیە مناقەشەی ئەو بۆچونانە نیە، بەلکو بەرگریە لە ماف و زەوابت و بنەما ریکخراوەیەکانی حزب، بەرگریە لە خودی حزب و تەحەزوب. بەرگریە لەو تقلید و قەواعیدە کۆمۆنیستیانەی کە تا ئیستا پێڕەومان کردوە. من پیموایە کە مەکتەبی سیاسی دەبی زۆر مسئولانە و حەکیمانە لە روانگەی بەرژەوەندی حزب و حزبیەتەوە ئەم کێشەیە چارەسەر بکات، ئەگەر نا فەزاکە بەرەو خراپترو لێکترازان دەڕوات یان. ئەگەر زەوابت و قواعدە حزبیەکان خرانەلاوە ئیتر حزب دەکەویتە سەر مسار و پرۆسەی ئینحلال. حزبیک کە بەرهەمی رەنج و ماندوبوون و فیدکاری هەزاران کۆمۆنیستە و هاورێیانیکی زۆر گیانی خۆیان لە پیناویدا بەخت کردووە، مسئولیەت و ئەرکی سیاسی و کۆمەلایەتی و حزبی و تەنانەت پرەنسیپیە کە پاریزگاری لێ بکەین. نابی بکرێتە قوربانی بۆچونی جیاواز لەسەر مەسەلەیەکی وەکو ریفراندۆم یان هەر باسیکی سیاسی کە دەتوانریت بە میکانیزمی حزبی بە قازانجی حزب ببریتەپێشەوە. مسئولیەتی راستەوخۆی ئەمەش دەکەویتە ئەستۆی سکرتێر و مەکتەبی سیاسی.
من راستی ئارەزوم نەبوو لەم مەسەلەیە دەخالەت بکەم، بەلام وەکو ئەندامیکی ک.م بەرپرسیاریتیم دەکەویتە سەرشان و دەبی لە جیگای خۆیدا وەلامم بۆ ئەمە هەبیت. بۆیە خۆم ناچار دەبینم کە سەرنجی مەکتەبی سیاسی راکیشم بۆ ئەوەی بە گیانی پر مسئولیەتەوە تعامل لەگەل ئەم مەسەلەیە بکات و بەشێوەی گونجاو چارەسەری بکریت.
لەگەڵ رێزمدا
ریبوار ئەحمەد/ ٣٠/٨/٢٠١٧
ملاحەزە/ داواکارم ئەگەر مانعیک نەبیت ئەم نامەیە بدریت بە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی کریکاری عیراق و مەکتەبی سیاسی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان.

LEAVE A REPLY

Please enter your comment!
Please enter your name here