وەڵام بە پرسیارێکی جەبار محسن

0

هاوڕێی ئازیز جەبار محسن! سڵاو
ئەوەی کە وتارەکانم درێژن و بۆ ئۆرگان باش، من هەڵسوڕاوی دوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق و کوردستانم، بەڵام وتارەکانم تەنها گوزارشت لە رای تایبەتی خۆم دەکەن و بۆ ئۆرگانێکی تایبەتی نانوسم. ئەگەر سودێک بە کاری ئەو حزبانە یان هەر گروپ و هەڵسوراوێک بگەیەنێ خۆشحاڵ دەبم و هەست دەکەم ماندوبونەکەم بە خەسار ناڕوات، ئەگەر سودیشی نەبێت بۆ ئەوان لانی کەم هەست دەکەم ئەرکی کۆمۆنیستی خۆم ئەنجام داوە. لەم روانگەیەوە ئەوەی بە پێویستی دەزانم (نەک پێم خۆش بێت) دەینوسم و دەیخەمە سەر فەیس بوکەکەم. من کار بۆ بزووتنەوەیەک دەکەم نەک ئەوەی هەر پێم خۆش بێت رای خۆم دەربڕم. نوسین شیوە و ئامرازێکی کارە بۆ بزووتنەوەکەمان، ئەمەش باس و لێکۆڵینەوەو استنتاج کردنی سیاسەت و تاکتیکی دەوێ و ئەمە دیاری دەکات نوسراو درێژ بیت یان کورت. لام وایە جێخستنی راستیەکان لە ناو ئەو هەموو تۆپبارانەی میدیای چەواشەدا کە مێشکی خەڵک دەشۆنەوە، پێویستیان بە رونکردنەوە، بەڵگەهێنانەوە، وەڵامدانەوەی بۆچونەکانی تر، پەردەهەڵماڵین لەسەر چەواشەکاریەکان ..هتد ..هەیە. ئەوەندەی لەم روانگەیەوە بە پێویست بزانم دەینوسم، کەسانێک مەیلیان بێت دەتوانن بیخوێننەوە و هەرکەسێش بە پێویستی نەزانێ دەتوانێ چاوی لێ بپوشێ. هەندێ کاتیش هەولدەدەم نوسراوەی درێژ لە کۆتایدا بە کورتی کۆبەندی بکەم بۆ ئەو کەسانە کە رەنگە زۆر بەڵگەو رونکردنەوەیان پێویست نەبێت.
با هەر لێرە ئەوە بلێم کە من مەیلم نیە لەسەر فەیسبوک جەدەل بکەم، راستی هەست بە سەڵامەتی سیاسی بوون و شارستانی بونی جەدەلەکان ناکەم. ئەم نامەیەی تۆ وەڵام دەدەمەوە چونکە هەست دەکەم سیاسی و تایبەتی ئاراستەت کردوم، هەروەها دەیکەم بە دەرفەتێک بۆ ئاگاداری هەموو دۆستان کە بڵێم بەردەوامی بەم کارە نادەم و هیوادارم کەس لەم بارەیەوە لێم نیگەران نەبێت. هەلبەت یەکجاری تر بە نامەیەکی تایبەتی وەڵامی نیگەرانیەکی هاوڕێ ئازیز لاوژە جەوادم دایەوە، بەداخەوە وەڵامەکەی ئەویش هانی نەدام بۆ بەردەوام بوون لەسەر ئەو شیوازە. هەلبەت من هەمیشە سەرنجی سیاسی و پرسیاری دۆستان لەبەرچاو دەگرم و بێگومان لە باس و وتارەکانمدا کەڵکیان لێ وەردەگرم. بەم بۆنەیەوە سوپاسی هەر هاوریەک دەکەم کە سەرنجی خۆی لەسەر بابەتەکانم دەنوسێت. بەڵام خۆم دەپارێزم لە وەلامدانەوەو جەدەل لە فەیسبوکدا، لەبەر ئەو هۆیەی باسم کرد. بەڵام دەربارەی پرسیارەکانت بەو کورتیەی تۆ دەتەوێ؛
١/منیش وادەزانم کە دەسترۆیشتوویی زلهێزەکان فاکتەرێکی زۆر کاریگەرە لەسەر بەردەوامی دۆخی ئیستا و ریگرییەکی گەورەیە لەسەر رەوتی ئالوگۆری شۆرشگیرانە. بۆیە بەردەوام و لەو جیگایەی پەیوەندی هەبیت جەخت لەسەر وەستانەوە دژی سیاسەت و سیناریۆکانی ئەوان دەکەم. دەبی هەولبدریت بۆ ناکام کردنەوەی سیاسەتی پاشکۆیەتی بۆ ئەو هیزانە و سازدانی بزوتنەوەی دەسکۆتاکردنیان، هەروەها وەستانەوە دژی ئەو سیناریۆیانەی دەستی دەخالەتی ئەوان لە ناوچەکە دەکاتەوە. بەلام ئەمە هەموو شتیک نیە، ئیمە دەبینین کە هەر لەم ناوچەیە و لە دنیادا زۆر کار بە پێچەوانەی مەیلی زلهیزەکان بەریوە دەچێت. بۆ نمونە لەم رۆژانەی رابردودا بە هۆی مەرگی کاسترۆوە باسمان لەوە کرد کە چۆن سەری بۆ ئەمریکا دانەنەواند. لە کوردستاندا گرفتەکە گەورەکە ئەوەیە کە بە تایبەتی لەسەردەمی جەنگی ١٩٩١ ەوە مەیلی ئومیدەواری و چاو لەدەستبوون بۆ ئەمریکا و غەرب و بێ ئیرادەکردنی خودی خەڵک، بەهێزکرا. دەبی کار بکریت بۆ لێدان لەم روانگەیە و بەرجەستەکردنی کارایی ئیرادەی هوشیارانەی خەڵک. کۆبانی نمونەیەکە. ئەگەر بزوتنەوەیەکی بەم جۆرە بەریبکەویت دەست کورتکردنەوەی ئەمریکاو غەرب کردەنیە. دەبی ئەو باوەرە و ئەو حزبانەی کاری پێدەکەن و بردویانەتە ناو خەڵکەوە تەریک بکرێنەوە. ئەزمونی پرکارەساتی ئەم ٢٥ سالە و نارەزایەتیەکان ئەم زەمینەیەی تیا هەیە دەبی کاری لەسەر بکرێت.
٢/ رەخنەو سیاسەتی سۆسیالیستی یانی ئەم دۆخەی کە ئیمە پێی دەلێێن کارەسات و سەخت و بێدەرەتانی، تەنها بۆ بەشێک لە کۆمەلگا وایە. بۆ بەشەکەی تری ئەم دۆخە هەتا بلێی پڕ بەختەوەریە. هۆکاری ئەم دۆخە بۆ زۆربەی زۆری خەڵک ، ناجسنی و نالەباری شخصی و نەزانی و بێ بەرنامەیی و تێنەگەیشتن و..هتد نیە، بەڵکو بەرژەوەندی ئەو ئەقەلیەتەی کە ئێستا خۆشبەختیان هەیە وا دەخوازێ. ئەوانەشی کە دەیانەوێ بە بەدامەزراوەیی کردن و بە نیشتمانی کردن و بەرنامەریژی ئەم دۆخە چاک بکەن، ئەمانە خۆیان لە خۆشبەختەکانن و لە بەشی خۆیان نارازین و مەبەستیان ئەوەیە کە لەم ریگایەوە بەشی خۆیان زیاتر بکەن. رەخنەی سۆسیالیستی یان روونکردنەوەی ئەمانە. یانی هۆی ئەوەی کە ئەم حزبانە نەتەوە پەرستن و هاولاتی لەسەر بنەمای قەوم و دین دەستەبەندی دەکەن، فیدرالچین..هتد، لە بنەرەتدا لە دواکەوتوی ونەزانینی ئەوەوە سەرچاوە ناگرێت کە نازانن گروپەکانی خوێنی هەموو رەگەزی مرۆڤ بۆیەک دەبێت، بەڵکو ئەمە مەیل و بزوتنەوەیەکی چینی خۆشبەختە و لەم روانگەیەوە دەیانەوێ دۆخی ئیستا بە خەڵک بقەبلێنن وخەڵک ملکەچی ئاسۆ و دەسەڵاتی خۆیان بکەن. رەخنەی سۆوسیالیستی یانی رونکردنەوەی ئەوەی کە ناویان ناوە “بەرژەوەندی کورد” و باش و خراپی “بۆ کورد” دەکەن بە پێوانەی هەر سیاسەتێک، پوچە. شتێک نیە بە ناوی بەرژەوەندی هاوبەشی هەموو کوردەوە، ئەوەی لەژێر ئەم ناوەدا گەڵالە دەکرێت بە قازانجی بەشێک لە کورد و بە زەرەری زۆربەی خەڵکی کوردە. رونکردنەوەی ئەوەی کە فیدرالیزم بۆ ئەوەیە بە شێک لەخەڵک جیابکەنەوەو بارزانی و تالەبانی بکەن بە نوێنەرو دەسەلاتدار و وەرگری مافی ئابوری و سیاسیان…هتد هەروەها ئەگەر ئیستا دەسەلات بیروکراتیک و داپلۆسینەرو کۆنەپەرست و تاڵانچی و میلیسیایی و..هتدە، هۆکارەکەی ئەوەیە کە بەرژەوەندی چینیک ئەمە دەخوازێ. نقدی سۆسیالیستی دەبی لەم روانگەیەوە دۆخی ئیستا و دابەشبونی چینایەتی و نەهامەتی بەشێک و بەختەوەری بەشێکی تری خەڵک و هۆکارەکانی رونبکاتەوە، نقدی ناسیۆنالیزم و نەتەوە پەرستی و دابەشکاری هاوڵاتیان بکات و خەسلەتی دەسەلاتی ئیستا لەم روانگەیەوە روون بکاتەوە و هەر بەم پێیەش ریگای ئالوگۆر کردنی شۆڕشگێرانە و ئەلتەرناتیوی شۆڕشگێرانە لە ناو بزووتنەوەی خەلکی ستەمدیدە ریشەدار بکات. من لە وتارەکانی خۆمدا هەرجارە لە پەیوەند بە مەسەلەیەکەوە هەولمداوە ئەم رەخنەیە بەرجەستە بکەم. ئێستا زۆر زەمینە لە بارە بۆ جێخستنی ئەم رەخنەو ئاسۆیە و خەڵک تا رادەیەکی زۆر بە شیوەیەکی سادە پەیان بەم راستیانە بردوە.
٣/ دەربارەی قورسایی و کێشمەکێشی چینایەتی لە نوسینەکانمدا، بەرای خۆم سەنگی زۆری هەیە، ئەو دوو بەندەی لەسەرەوە باسم کرد رەنگە وەکو دەستەواژە وشەی کرێکار و چینی تیا نەبێت، بەلام بەرای خۆم سەرتاپا روانگەیەکی چینایەتی هەیە. پیویست نیە هەر بە دەستەواژەی ئامادەکراو لە قالب دراوی ئایدۆلۆژی بۆچونەکانمان بۆ خەڵک چەندبارە بکەینەوە، مەرج نیە روانگەی چینایەتی تەنها بە دوپات کردنەوەی چەندبارەی سەرمایەداری و سۆسیالیزم، بۆرژوازی و پرۆلیتاریا و چین و چینایەتی بەیان بکرێت، گرنگ ئەوەیە رەخنەیەکی چینایەتی لە دۆخی ئیستا بگرین. بۆ نمونە باسی دەوڵەتی سەربەخۆ لە کوردستان، لە روانگەی منەوە مانای چینایەتی هەیە. هەم بەشێک لە گرفتەکانی ئیستا چارەسەر دەکات و هەم لەمپەرێک لەبەردەم گەشەی خەباتی چینایەتی لادەبات. هەروەها دەبێ هەموو کات ئەوەمان لەبەرچاو بێت کە دەربارەی کام دیاردەو کام بزووتنەوە قسە دەکەین، باسی مەترسی داعش، باسی جەنگی کاولکاری ئەمریکا، باسی نارەزایەتی مامۆستا، باسی نارەزایەتی جەماوەری، باسی شەرو تەفرەقەی قەومی، باسی نائەمنی…ئەمانە پەیوەستن بە هەموو کۆمەڵگا یان بە ژیانی زۆربەی هەرە زۆری کۆمەڵگاوە، دەبێ لە روانگەی کۆمۆنیستی چینی کریکارەوە رێگاچارە بۆ گشت کۆمەڵگا باس بکرێت نەک تەنیا بۆ کریکار. کرێکار بەم جۆرە دەتوانی رۆلی رابەری کۆمەلگا بەدەست بهێنێت. ناتوانی بزوتنەوەی هەر توێژێک بە بزوتنەوەی چینی کرێکار بە فەرزبگریت و ئەو قالبەی بەسەردا دابریت. ئەوەی لە ئارادایە دەبی وەکو خۆی قسەی لەسەر بکەیت و سیاسەتی سۆسیالیستی بۆ ئەو دیاردەیە بخەیتەروو.
کرێکار چییە؟ چینی کرێکار کێن و کامانەن؟ چینی کرێکار ئەوانەن کە لە کۆمپانیا نەوتیەکان، کارگەکانی چیمەنتۆر و گەچ و بەرد و بەلەدیەکان و کارەبا و نەخۆشخانەکان و بیناسازی و دەیان کۆمپانیای بیناسازی و سەدان کارگەی خشت و دەرمانسازی و ئاسن توانەوە و کورە و نانەواخانە و چێشتخانە و دەواجن و ئاووئاوەڕٶ و گەشتوگوزار و ریگاوبان و کشتوکاڵدا کاردەکەن، دەستفرۆشانن،و بێکارانن، تەنانەت ئەوانەن کە ناچار بە لەشفرۆشی کراون… هەموو ئەوانەی بە هەزار چنگەکڕێ گوزەرانی خیزانەکانیان دابین دەکەن. بەشێکی زۆری ئەم چینەش بە ناچاری و زۆرتر لەبەر بێکاری و بە بارمتەگرتنی گوزەرانی خەڵک لەلایەن حزبە دەسەڵاتدارەکانەوە بوون بە هێزی چەکداری ئەو حزبانە. لە دۆخی ئێستادا ماموەستا و کارمەند و کاسبکاریش لە رووی ئابوریەوە گوزورانیان لە کریکار باشتر نیە و بەشێکی (بالقوة)ی ئەم چینەن. رۆڵی ئەم چینە چارەنوسسازە لە شۆڕشدا نەک لەبەر ئەوەی کرۆمۆسۆمەکانیان لە نەوعێکی باشە یان زۆر ئینسانی چاک و خاوەن بەرزترین رەوشت و بە هرۆمۆنات ئینسان دۆست و ئازادیخوازو ..هتدن، بەڵکو لەبەر ئەوەی ئەو ئامانجانە لەبەرژەوەندی چینایەتیاندایە و دۆخ و سیستەمی ئێستا قورسای گەورە لەسەر شان و ژیانی ئەوان دەکات و بە هۆی پێگەی ئابوری و کۆمەڵایەتیەوە ئەگەر بەگەربکەوێت توانای هەڵگیرانەوەی هاوکێشە و هاوسەنگی هێزی هەیە. ئەگەر لە جیاتی دەیان هەزار مامۆستا کە هاتونە سەرشەقام و دەسەڵات توانیوێتی نارەزایەتیان تا رادەیەکی زۆر فەرامۆش بکات یان بە کەم بگرێت، کرێکارانی نەوت یان شارەوانی و کارەبا..هتد بوایەن ئیستا دەسەلات چۆکی لەرزی بوو. ئەم جەماوەرە بە هۆی ئەو هەموو دۆخە دژوارە و نفوزی ناسیۆنالیزم و ئیسلام و ..هتد خامۆش و بێ ئیرادە و پەرت و بڵاوکراون. کاری من و تۆی کۆمۆنیست بردنی رەخنەی سۆسیالیستی و یەکگرتوییە بۆ ناو ئەوان. هیوادارم تۆش بەشیک لە کاتی خۆت بۆ ئەمە تەرخان بکەیت.
لەگەڵ ریزمدا
رێبوار ئەحمەد/ ١٢-١٢-٢٠١٦

LEAVE A REPLY

Please enter your comment!
Please enter your name here