کوردستان پێویستی بە بەدیلی سۆسیالیستییە!

0

کوردستان پێویستی بە بەدیلی سۆسیالیستییە!
ڕێبوار ئەحمەد:
نەفرەت و توڕەیی بەرامبەر سیستەمی حوکمڕانی و دەسەڵاتی تاڵانگەرانەی ئەحزابی بۆرژوازی کورد بەوپەڕی خۆی گەیشتوە. ڕاماڵینی ئەم حزبانە و تەفروتوناکردنی سیستەمی حوکمڕانی ئێستا کە تەنها نوێنەرایەتی کەمایەتییەکی سەرمایەداری گەندەڵ و مشەخۆر دەکات، ئاوات و ئارەزوویەکی قوڵ و فراوان و هەمەگیری کرێکاران و جەماوەری برسی و نەداری کوردستانە. قڵشتی چینایەتی بەجۆرێك ئەم کۆمەڵگایەی لەنێوان دوو ئۆردوودا دابەش کردووە کە لە هەموو مێژووی ئەم کۆمەڵگایەدا وێنەی نەبووە. جەماوەرێکی فراوانی ملیۆنی لە کرێکار و فەرمانبەر و زەحمەتکێشی شار و دێ، سەرباری ڕەنج و محنەتی لەڕادەبەدەر، برسی و نەدار، یان بێکار و بێبەرین لە هەر شتێك کە بۆ ژیانێکی سادە پێویستە. کەمایەتییەکی کەمیش لە سەران و بەرپرسانی ئەحزابی حاکم و خاوەن کۆمپانیا و بازاڕ و قاچاخچی نەوت و دەرمان و خۆراکی فاسد نوقمی سەروەت و سامانن. وەکو ڕۆژی ڕووناكیش دیارە کە نەداری و ژیانی کارەساتباری جەماوەری ملیۆنی سەرچاوە و هۆکاری قەڵای سەروەتی کەمایەتییە مشەخۆر و گەندەڵەکەیە.

ناسیۆنالیزم ئامڕازی گەوجاندنە
ئەم ڕاستییە حاشاهەڵنەگرە دەربارەی هۆکاری قەڵای سەروەت لەلایەك و هەژاری لەڕادەبەدەر لەلایەکی ترەوە، بە نرخێکی زۆر گران بۆ جەماوەری چەوساوە ڕۆشن بۆتەوە. مێژوویەکی دوورودرێژە خورافەی ناسیۆنالیزم و نەتەوەگەری و پێشینەی ستەمی میللی، جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی دەستەمۆی بۆرژوا-ناسیۆنالیستی کورد و حزبەکانی کردووە و هێشتاش هەر دەیکات. هێشتا ئەو ڕاستییە بە تەواوی بۆ جەماوەری ملیۆنی بەشمەینەتان ڕوون و ڕاشکاو نیە کە نەتەوەپەرستی جۆرێکی ترە لە ماددەی هۆشبەر بۆ تەسلیم کردنیان بە بۆرژوازی خۆماڵی. ئەو بۆرژوازییە خۆماڵییەی کە تۆزقاڵێك دوودڵی نیە لە مژینی خوێن و شیلەی گیانی کرێکار و زەحمەتکێشی خۆماڵی و هاونەتەوەی خۆی. پەیبردن بە ستەمکاری و کۆنەپەرستی و مافیاگەریی یەکێتی و پارتی، هێشتا مانای پەیبردن بە ماهیەتی ناسیۆنالیزم نیە. هەربۆیە ئەو بوارە بەکراوەیی ماوەتەوە کە حزبێکی دیکەی ناسیۆنالیستی یان ناسیۆنال-ئیسلامی هەمان یاری فریوکارانەی یەکێتی و پارتی لەسەرەتاوە دەست پێبکاتەوە. بزووتنەوەی گۆڕان هەر ئەم کارەی کرد. جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان ساڵەهایە و هێشتا لەژێر گوشاری ئەو فریوکارییەدایە کە دەبێ لەپێناو “سەرفرازی و ڕزگاری نیشتمان و نەتەوەدا” نەك هەر دەستبەرداری خەباتی چینایەتی بێت لە دژی ستەم و چەوسانەوەی بۆرژوازی خۆماڵی کوردی، بەڵکو دەبێ چاوپۆشی لە ستەمکاری بێسنور و هەموو چەپەڵکارییەکانیشی بکات و لەبەرامبەر غەیرە کوردەکاندا لە پشتی ڕاوەستێ. بەبێ ئەوەی هەمان بەڵگە هۆکار بێت بۆ ئەوەی بۆرژوازی خۆماڵی تاقە ڕۆژێك و تەنانەت بۆ یەك ساتیش دەست لە چەوسانەوەی کرێکار و زەحمەتکێشی هاونەتەوەی هەڵگرێت.
جەماوەری کرێکار و بەشمەینەت بە نرخی تەحەمول کردنی نزیکەی سێ دەیە لە ستەمگەری و مەرگەساتی ژێرسایەی دەسەڵاتی بۆرژوازی خۆماڵی، بە خەسڵەتی چەوسێنەرانە و گەندەڵ و چەپەڵکاری بەشێك لە حزبەکانی بۆرژوا ناسیۆنالیستی کورد ئاشنا بوون. بەڵام هێشتا لە ئاستی پێویستدا پەیان بەو ڕاستییە نەبردووە کە ئەسڵی مەسەلەکە چەند حزبێك نیە کە خیانەتیان لە نەتەوە کردبێت، بەڵکو خەسڵەتی چینایەتی ئەو حزبانە و هەر حزب و ئاسۆ و بەدیلێکی تریشە کە هەمان خەسڵەتی چینایەتی هەبێت. واتە ئەسڵی مەسەلە بۆرژوایی بوون و ناسیۆنالیست بوونی ئەو حزب و بزووتنەوە و ئاسۆ سیاسییانەیە کە دەیان ساڵە باڵادەستییان بەسەر کۆمەڵگای کوردستاندا هەیە و سێ دەیەیە حوکمڕانی ئەم کۆمەڵگایە دەکەن. لە بنەڕەتەوە خورافەی ناسیۆنالیزم و نەتەوەگەری ئامڕازێکی گەوجاندن و دەستەمۆکردنی جەماوەری کرێکار و ستەمدیدەیە لەلایەن بۆرژوازی خۆماڵییەوە. حزبەکانی ئەم بزووتنەوەیە، یەکێتی بێت یان پارتی یان گۆڕان یان کوردی ئیسلامی، هەر جیاوازییەکی لاوەکیشیان هەبێت ناوەڕکی سیاسی و چینایەتییان هەر یەکە و هەموویان سەر بەهەمان خانەوادەی بورژوازی خۆماڵین. تا بەرچاوی کرێکاران و جەماوەری ستەمدیدە لە ئاست ئەم مەسەلەیە ڕووناك نەبێتەوە، مانای وایە هێشتا بۆرژوازی خۆماڵی ئەو دەرفەتەی بەدەستەوە ماوە کە بە ڕەنگ و ناوی جیاوازەوە، یان لە کات و شوێنی خۆیدا، جەنگی ڕەوا و شۆڕشگێڕانەی پرۆلیتاریای کوردستان دژی بۆرژوازی کورد، بە دەمەزەرد کردنەوەی خورافەی نەتەوەپەرستی لەکار بخات. یان لەناو زەلکاوی بەرامبەرکێی ناسیۆنالیزمی کورد و غەیرە کورددا بەرەو هەڵدێری بەرێت و جەماوەری ستەمدیدە بکات بە لەشکری پیادەی خۆی. ئەمە یەکێکە لە سەرەکیترین ئاستەنگییەکانی ئێستای خەباتی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان بەرامبەر دەسەڵاتی ستەمکارانەی بۆرژوازی کورد.

ڕێگاچارە ڕاپەڕین و هەڵپێچانە، نەك چاککردن!
ئەو هێز و بەدیلانەی ئامانجی خۆیان لەوەدا گەڵاڵە دەکەن کە بە گۆڕینی دەموچاوەکان، یان لە ڕێگای بەدامەزراوەیی کردنی حکومەت و ئۆرگانەکانی دەسەڵات و میلیشیاکان، یان خستنەڕووی بەرنامە و پلانی چاکسازی و بانگەشەی چاکسازی ڕاستەقینە، سیستەمی لامەرکەزی، یان گەڕانەوە بۆ بەغدا…هتد، ئاڵوگۆڕ لە دۆخی ئێستا پێکبهێنن، دوورونزیك پەیوەندییان بە ئامانج و مافەکانی جەماوەری بەشمەینەت و ئاڵوگۆڕێکەوە نیە کە بەدیهێنەری ئاوات و ئامانجەکانی خەڵکی ستەمدیدە بێت. لە ڕاستیدا ئەم هێز و بەدیلانە فریادڕەس و ڕزگارکەری سیستەمی کەپیتالیستی قەیرانگرتووی ئێستان، نەك ڕزگارکەری جەماوەری ستەمدیدە. ڕەخنەی ئەم جۆرە بەدیلانە “بزووتنەوەی گۆڕان، ئیسلامییەکان، نەوەی نوێ، باڵە لاخراوەکانی یەکێتی …” لە دەسەڵاتی ئێستا لە ڕوانگەی ئەو بەشە لە بۆرژوازی و سەرمایەدارانەوەیە، کە پێیان وایە یەکێتی و پارتی یاساکانی سەرمایەداری بە باشی و عادیلانە ڕەچاو ناکەن، دەرفەتی یەکسان نادەن بە هەموو سەرمایەداران، بە زەبری میلیشیا و دەسەڵات بازاڕیان بۆ بەشێك لە سەرمایەداران قۆرخ کردووە و سیستەمی سەرمایەداری ئێستایان دوچاری قەیرانی هەمەلایەنە کردووە. لە کاتێکدا لە ڕوانگەی ئامانج و بەرژەوەندییەکانی جەماوەری ستەمدیدەوە، ڕێگاچارە هەڵپێچان و ڕووخاندنی سیستەمی ئێستایە بەسەر قەیرانەکانی خۆیدا نەك چارەسەری قەیرانەکانی.
لە درێژەی ئەم ڕوانگە جیاوازانەوە دەگەین بەو ستراتیژ و تاکتیکە جیاوازانەی بۆ پێکهێنانی ئاڵوگۆڕەکان دەخرێنەڕوو. ئەو لایەن و بەدیلانەی کە ئامانجیان تەنها پینەوپەڕۆی سیستەم و دۆخی ئێستایە، ئەو ڕێڕەوە سیاسی و تاکتیکیانە دەخەنە دەستورەوە کە سیستەمی ئەزمە گرتووی ئێستا ڕزگار بکەن. بۆنموونە؛ بەدەستهێنانی دەنگی زیاتر و مسۆگەرکردنی کورسی زیاتر لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا و گوایە لە ڕێگەی پێگەی بەهێزی پەرلەمانی و خەباتی پەرلەمانییەوە ئاڵوگۆڕ پێکدەهێنن. یاریکردن لەنێوان بەشداری لە حکومەت یان گێڕانی ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ بانگەشەکردن بۆ چاکسازی.. لەوپەڕی ڕادیکالیزمەکەیاندا دەگەن بەوەی خۆیان سواری شەپۆلی ناڕەزایەتی جەماوەری بکەن بە مەبەستی سەپاندنی مەرام و خواستەکانیان بەسەر دەسەڵاتدا. لەم پێناوەشدا ناڕەزایەتی جەماوەری لە بازنەی بایکۆت و خۆپیشانداندا دەخولێننەوە. لە کاتێکدا ئەزموونی نزیکەی سی ساڵ سەلماندوێتی ئەم سیستەمە و ئەم دۆخە قابیلی چاکسازی و چاککردن نیە. بەشداری لە یاری فریوکارانەی هەڵبژاردن جگە لە مەشروعییەتدان بە سیستەمی نامەشروعی ئێستا هیچ مانا و هیچ ئاکامێکی تری نەبوە و نابێت. گەڕانەوە بۆ بەغدا، لەکاتێکدا جەماوەری ستەمدیدەی عێراق لە دژی موحتاجی بۆ دەنکە حەب و ژەمە نانێك شەقامی شارەکانیان خرۆشاندووە، ناکرێ وەکو ڕێگای دەرهێنانی کوردستان و خەڵکەکەی لە میحنەتەکانی ئێستا چاوی لێ بکرێت. لەوەش زیاتر گەڕانەوە بۆ ژێرباڵی سیستەمێکی ناسیۆنال-ئیسلامی عەرەبی کە ڕاستەوخۆ لەسەر بنەمای دابەشکاری قەومی و تائیفی دامەزراوە و لە سایەیدا هاوڵاتیانی کوردزمان پێکهاتەی نمرە سێیەمن و هیچکات نە لەگەڵ پێکهاتەی نمرە یەکەمی شیعە و نە لەگەڵ پێکهاتەی نمرە دووەمی سوننە یەکسان نابن، ئایندەیەکی باشتر لە دۆخی ئێستا بۆ خەڵکی کوردستان دەستەبەر ناکات.
هەروەها قەتیسمان لە ئاستی بایکۆت و خۆپیشاندانیش بێسەمەرە. بێگومان ئەمانە وەکو شێوازگەلێکی خەبات کە دەکرێت لە کات و شوێنی خۆیدا رۆڵیان هەبێت لە گوشار دروستکردن لەسەر دەسەڵات و بردنەسەری ئامادەیی خەباتکارانەی جەماوەر. بەڵام ئیتر بە تایبەت بۆ ئەم دۆخە خوڵانەوە لە بازنەی ئەم تاکتیکانەدا کارساز نیە و چەندین جار ناکامی خۆیان سەلماندوە. دەسەڵات ئەزموونێکی زۆری لەبەرامبەریاندا بەدەستهێناوە و ڕێگای گونجاوی خۆی دۆزیوەتەوە؛ ئەگەر گوشار و سەرکوت دادی نەدا، ئەوە لێدەگەڕێت تا خەڵك شەکەت و ماندو و نائومێد دەبن و سەرئەنجام بە هەستی شکست و ناکامییەوە، بە دەستی بەتاڵ بەرەو ماڵ دەبنەوە. ئەزموونی خەباتکارانەی دەیان ساڵی ڕابردوو ئەو ڕاستییە سەلماندووە کە نە بایکۆت و مانگرتن و خۆپیشاندان، نە بەردباران و سوتاندنی بارەگای حزبەکان، کارساز نین بۆ گۆڕین و بەچۆکدا هێنانی ئەم دەسەڵاتە میلیشیاییە. تەنانەت بێسەمەری خۆیان لە بەدیهێنانی ماف و خواستەکانی خەڵکیشدا نیشانداوە.
لەگەڵ ئەوەدا کە نەفرەت و تووڕەیی خەڵك لەم هەلومەرج و سیستەمە بەوپەڕی خۆی گەیشتووە و هەڵپێچان و ڕاماڵینی بووە بە ئاوات و ئارەزوویەکی قووڵ و فراوانی جەماوەری ملیۆنی و بە هەزار و یەك شێوە بەیان دەکرێت. بەڵام بێگومان ئارەزووی ڕووخان و ڕاماڵێن جیاوازی زۆری هەیە لەگەڵ بڕیاردان و ئیرادەکردن بۆ ئەم کارە. ئەوەی تا ئێستا خۆی نیشانداوە تەنها ئارەزووەکەیە نەك بڕیار و ئیرادە. بۆیە هێشتا هیچ ئامادەکارییەك بۆ ئەم مەبەستە لە دەستوری هیچ کەس و هیچ لایەنێکدا نیە. هەروەها هێشتا جێگای بەدیل و ئاسۆی شۆڕشگێڕانە و سەرەتاییترین ئامادەکاری و پێداویستییەکان و سەرئەنجام سیاسەت و تاکتیکی گونجاو بۆ ئەم مەبەستە خاڵییە. ڕەوتی گۆڕینی هیوا و خۆزگەی جەماوەری بۆ بڕیار لەسەر ڕوخاندن و ڕاماڵین و هەڵگێڕانەوەی گشت دۆخی ئێستا، هاوکات هەم ئەرکی بەدیلی شۆڕشگێڕانە و هەم خۆی بەشێکی زۆر گرنگە لە ڕەوتی بەرجەستەبوونی ئەو بەدیلەیە. بەدیلێك کە ئاسۆیەکی گەش بخاتەڕوو بۆ ئیمکانی گۆڕانی بنەڕەتی و ئایندەی کۆمەڵگا. ئایندەیەکی شاد و ئازاد و یەکسان و خۆشگوزەران لە سایەی سیستەمێکدا کە ژیان و بەختەوەری و ئاسایش و دڵنیایی بە یەکسانی بۆ هەموو هاوڵاتیان، لە پێش هەموو شتێکەوە دابنێت. ئاڵوگۆڕێکی بەم جۆرە تەنها بە ڕاپەڕین و هەڵپێچانی دەسەڵات و دۆخی ئێستا مەیسەر دەبێت.

پێویستی حزب و ڕێکخراوبوون
کوردستان پێویستی بە بەدیلێکی شۆڕشگێڕانەیە بۆ ئەوەی لەو زەلکاوی قەیرانە هەمەلایەنەیە دەریبهێنێت کە بۆرژوا-ناسیۆنالیزمی کورد و حزبە ڕەنگاوڕەنگەکانی تیایدا نوقمیان کردووە. بەڵام بەدیل بە مانای فراوان و هەمەلایەنەی وشەکە، واتە حزب و ڕابەری سیاسی و ئاسۆ و تاکتیك و پلان و ڕێکخراوی شۆڕشگێڕانە. هەڵبەت مێژوویەکی دوورودرێژ لە یاری حەقیرانەی ئەحزابی بۆرژوازی کورد بە چارەنووس و ژیانی خەڵکی کوردستانەوە، فەزایەکی دژە حزبی لە ئاستێکی فراواندا خوڵقاندووە. ئەم فەزایە وەکو ژەهرێکی کوشندە وایە بۆ ئاڕاستە و ئاسۆی ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە. سەرئەنجام دەبێتە فاکتەرێکی یاریدەدەر بۆ درێژەکێشانی دەسەڵات و دۆخی ئێستا و پەرتوبڵاومانەوەی جەماوەر و ناکام مانەوەی خەباتەکەی. ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر هەیە کە هیچ ئاڵوگۆڕێکی شۆڕشگێڕانە و بەدیهێنەری ئامانجەکانی جەماوەری کرێکار و ستەمدیدە لە خۆوە و بەشێوەی خۆبەخۆیی بە ئاکام ناگات. شتێك نیە لە دنیای واقعدا ناوی ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە و بەسەمەر گەیشتنی بێت، بەبێ بوونی بەدیلی شۆڕشگێڕانە بە مانای حزب و ڕابەری و سیاسەت و تاکتیك و ستراتیژی شۆڕشگێڕانە. هەر جووڵانەوەیەکی خۆبەخۆیش سەرهەڵبدات، ئەگەر بەسەرکوت شکست نەدرێت، ئەوە بەلاڕێیەکی دوور لە ئامانجەکانی جەماوەری چەوساوەدا دەبرێت. هەرکەس پێچەوانەی ئەمە بڵێ یان فریوکارە یان فریوخواردوو. بەبێ بەدیلێکی لەم جۆرە خەبات و ڕاپەڕین و قوربانیدانی جەماوەری چەوساوە، تەنها دەبێتە پەیژەیەك بۆ هێنانەخوارەوەی باڵێکی بۆرژوازی و سەرخستنی باڵێکی دیکەی بۆسەر کورسی حوکم و هەلومەرجی مەینەتباری جەماوەریش وەکو خۆی دەمێنێتەوە. هەزار و یەکجار جەماوەر ڕاپەڕن و دەسەڵاتی ئێستا بەسەر خاوەنەکانیدا خاپور بکەن، بەبێ بەدیلێکی لەو جۆرەی باسکرا هیچ ئاڵوگۆڕێكی ڕیشەیی بە ئاڕاستەی بەدیهاتنی ئاوات و ئامانجەکانی خەڵکی ستەمدیدە پێك نایەت و سەقامگیر نابێت. ئەمە گرنگترین وانەی مێژووی ڕاپەڕین و شۆڕش و تێکۆشانی چینە چەوساوەکانە. هەروەها وانەی ئاخرین شۆڕشەکانی دنیای عەرەب و بگرە وانەی خرۆشانی جەماوەری ١٧ی شوباتی ٢٠١١ی کوردستانیشە. بۆیە بەم مانایە مەیلی دژە حزب و حزبیەت و ڕێکخراوبوون تەنها کۆمەك بە دەسەڵاتی ئێستا و حزبە دەسەڵاتدارەکان دەکات. چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێش لە ئامڕازی خەباتگێڕانە و قودرەتمەند بوون و بەدیهێنەری ئامانجەکانیان بێبەری دەکات. کۆسپ و تەگەرە لەبەردەم شکڵگرتنی بەدیل و ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە دروست دەکات، سەرئەنجامیش تەمەنی دەسەڵاتی ئێستا درێژ دەکاتەوە.
سەرەکی ترین ئامرازی ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە رێکخرابوون و تەحەزوبە. بە تایبەتی بەبێ حزبی سیاسی ئەوکارە ئەستەمە بە ئاکام بگات. بەدیلی سیاسی و شۆڕشگێڕانە بۆ ئەوەی کارسازبونی خۆی بەرجەستە بکات، پێویستە لە حزبێکی سیاسی بەهێزدا خۆی نیشانبدات کە توانای سازدان و ڕابەری کردنی خەبات و هێزی جەماوەری هەیە. حزبی سیاسی بە مانای ئەوەی کە دەکرێت لە چوارچێوەی بزوتنەوە و نەرێتێکی سیاسیدا، بۆچونی جۆراوجۆر بگرێتەخۆی. بەڵام لە دەوری ئاسۆیەکی سیاسی و پلان و تاکتیکی پەسەندکراو بە میکانیزمی حزبی، بە ئیردەیەکی یەکگرتوەوە یەک پراکتیکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەرێتەپێشەوە. هەر نەرێت و بزووتنەوەیەک پەرشوبڵاو یان هەتا لە ئاستی گروپ و مەحفەل و کۆڕ وکۆمەڵی لێکدابراودا قەتیس بمێنێت، جا هۆکارەکەی هەرچی بێت، ناتوانی ببێت بە بەدیلێک کە جەماوەری بەدەنگهاتوو لە دەورەیەکدا هەڵیبژێرن و ئومێدی پێوە گرێ بدەن. لە دنیای واقعد قودرەتمەندبون و توانای مومکین کردنی ئاڵوگۆڕ، لە چۆنایەتی کاریگەرترە، بۆ ئەوەی کۆمەڵگا بەدیلی خۆی هەڵبژێرێ و ئومێدی پێوە گرێبدات. هەر ئاسۆیەکی سیاسی و هەر بزووتنەوەیەک بەبێ حزب بمێنێتەوە ئەستەمە کۆمەڵگا وەکو بەدیل هەڵیبژێرێت. تەشخیسی ئەم واقعیەتە بۆ کۆمۆنیزم وەکو یەکێک لە ئاسۆ و مەیلەکانی ناو بزووتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری زۆر چارەنوسسازە. ئەمە گرنگترین وانەی ڕاپەڕینی ئازارە بۆ کۆمۆنیزم. چەندین گروپ و ڕێکخراو و کۆڕوکۆمەڵی کۆمۆنیستی لە مەیداندا بوون. تەنانەت بزووتنەوەی شورایی لە ئاستێکی جەماوەریدا بەرپا کرا. بەڵام نەبوونی حزبی سیاسی کۆمۆنیستی، سەرەکی ترین فاکتەر وهۆکاری ئەوەبوو کە سۆسیالیزم وەکو بەدیلیکی سیاسی لە بەرامبەرکێ لەسەر قودرەت و دەسەڵاتی سیاسی ئەو دەورەیە لەدەست بدات.

ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە و بەدیلی شۆڕشگێڕانە
ئێستا ئەگەر ئەوە رۆشن بیت کە ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە پێویستی بە بەدیل و ئامرازی شۆڕشگێڕانەیە، پرسیار ئەوەیە کە؛ بەدیلی شۆڕشگێڕانە کامەیە و چۆنە؟ لە دۆخێکدا کە هەموو ئەحزابی سیاسی بە مەبەستی ڕاکێشانی سەرنج و باوەڕی جەماوەری چەوساوە و ناڕازی، خۆیان بە گۆڕانخواز هەڵدەخەن و هەرکامیان چوارچێوەیەکیان خستوەتەڕوو بۆ گەڵاڵە کردن و لە قاڵبدانی خواست و ئامانجەکانی جەماوەر بەرامبەر بە دۆخ و دەسەڵاتی نگریسی ئێستا، چۆن دەکرێت بەدیلی شۆڕشگێڕانە لە بەدیلە کۆنەپەرستەکان جیابکرێتەوە؟!
بەر لەهەر شت بەدیلی سۆڕشگێڕانە دەبێ لەسەر بنەمای ئەوە هەڵسەنگێندرێت کە چ ڕەخنەیەکی لە دۆخی ئێستا هەیە و چ ئاسۆکی سیاسی دەخاتەڕوو بۆ گۆڕین و بۆ ئایندەی کۆمەڵگا. بۆنموونە ڕەخنە لە دۆخی ئێستا دابەشبوونی کۆمەڵگایە بۆ کەمایەتییەکی کارنەکەری ملیاردێر و زۆرایەتییەکی ڕەنجدەری برسی و نەدار، یان ڕەخنەکە لە نیشتمانی نەبوونی میلیشیاکان و موئەسەساتی نەبوونی دەزگا گەندەڵ و ستەمکارەکانە؟! هەروەها ئایا دوای هەڵپێچانی ئەم سیستەم و دەسەڵاتەی ئێستا دیسان کۆمەڵگای کوردستان دەبێ بە سیستەمێك بەڕێوەببرێت کە لە سەرەتاییترین تا سەرەکیترین پێداویستییەکانی ژیانی ڕۆژانە و خزمەتگوزارییەکان و تەندروستی هاوڵاتیان هەواڵەی بازاڕ و ڕەحمەتی کۆمپانیاکان بکرێ؟! بە هەموو پێوانەیەك ئەم کۆمەڵگایە ئەوەندە داهات و سەروەت و سامانی تێدایە کە دەکرێت هەموو هاوڵاتیان گوزەرانێکی تەسەل و تەندروست و پڕخزمەتگوزاریان هەبێت، بەو مەرجەی خۆشگوزەرانیی هاوڵاتیان ببێت بە ئامانجی دەوڵەت و سیستەمی حوکمڕانی، نەك قازانجپەرستی سەرمایە. هەموان دەبێ کار بکەن و هەموانیش دەبێ لە ژیانێکی تەسەل و شایستە بەهرەمەند بن. لە بنەڕەتدا پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتیان وەکو تەندروستی و مەسکەن و خزمەتگوزارییەکانی ئاو و کارەبا و سوتەمەنی و…هتد، نەك لە بازاڕ بەڵکو دەبێ لەلایەن دەوڵەتەوە بە خۆڕایی بۆ هەموان دابین بکرێن. چونکە ئەوانە بنەمای سەرەتایی ژیانن و ژیانیش مافی سەرەتایی هەموو هاوڵاتیەکە، بۆیە ناکرێ بخرێنە ناو سەودای بازاڕ و گرەوی داهاتی تاکەوە. تەنانەت پێویستە هەموو هاوڵاتیان لە داهاتێك بەهرەمەندبن کە زامنی ژیانێکی تەسەل بێت، لەم بارەیەوە دەوڵەت دەبێ جەنگێکی هەمەلایەنە و بێ ئامان هەم لە دژی هەژاری و هەم لە دژی دەوڵەمەندی بەرپا بکات. ئەگەر داهاتەکانی ئەم کۆمەڵگایە بۆ خۆشگوزەرانی تەرخان بکرێت، ئەگەر دەست بگیرێت بەسەر سامانی بەتاڵانبراوی ئەم کۆمەڵگایە لەلایەن بنەماڵەکان و حزبە بۆرژوازییە کوردییەکانەوە، وە ئەگەر هەموان ئەوەندەی دەتوانن کار بکەن و ڕۆڵی خۆیان لە بەرهەمهێناندا بگێڕن، دەکرێت ژیانێکی تێروتەسەل و خۆشگوزەران و بێ کەموکوڕی بۆ هەموان دابین بکرێت. ئەمە تەنها لە گرەوی ئەوەدایە کە ببێتە بەرنامە و ئیرادەی دەوڵەت و سیستەمی حوکمڕانی و هیچی تر.
بۆ مسۆگەرکردنی ئەم ئایندەیە، پێویستە ئەو سیستەمی حوکمڕانیە پشتی بە ئیرادەی ڕاستەوخۆی خەڵکی کرێکار و ئازادیخواز بەستبێت. دەبێ هەموو میلیشیا حزبییەکانی ئێستا چەك بکرێن و هەڵوەشێنەوە، هێزی چەکداری گشتی ڕاهێنراو و ڕێکخراو جێگای میلیشیا و هێزە چەکدارەکانی ئێستا بگرێتەوە، وەکو تەنها هێزی چەکدار بۆ پارێزگاری لە ئاسایشی گشتی و بەرگری لە دەسکەوتەکانی شۆڕش. نابێ جگە لەوە هیچ میلیشیا و هێزێکی چەکدار بوونی هەبێت. هەروەها دەبێ هەموو دامودەزگا دەوڵەتییە بیروکراسیەکانی ئێستا بەسەریەکدا بڕوخێنرێن، هەر لە دەسەڵاتی بنەماڵە میلیشیاییەکانەوە تا پەرلەمان و کابینەی حکومی و سیستەمی قەزایی و..و… تەنانەت سیستەمی پەرلەمانی نەك هەر شێوە کارتۆنییەکەی کوردستان و عێراقی، بەڵکو شێوە نموونەییە غەربییەکەشی پوچی خۆی لە نوێنەرایەتی کردنی ئیرادەی جەماوەری خەڵك نیشانداوە و هەموو ڕۆژێك ئەو ڕاستییە دووپات دەبێتەوە کە پەرلەمان و پەرلەمانتاریزم ئۆرگان و سیستەمێکە بۆ وردوخاش کردنی ئیرادە و پاماڵ کردنی خواست و مافەکانی خەڵك. سیستەمێك کە بتوانێ ئیرادەی ڕاستەوخۆی جەماوەر بەرجەستە بکات لەپێناو نەخشاندنی ئاسۆ و ئایندەیەکی خۆشگوزەران، سیستەمی دەسەڵاتدارێتی شوراییە. لەم سیستەمەدا هەموو ئۆرگانە دەوڵەتییەکان ڕاستەوخۆ لەلایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێن و هەرکاتیش لە بەرجەستەکردنی ئیرادەی خەڵك لایاندا دەستبەجێ وەلادەنرێن. سیستەمی شورایی تەنها سیستەمە کە دەتوانێ هەمیشە و بەردەوام ئیرادەی ڕاستەوخۆی جەماوەر نوێنەرایەتی بکات و لە مەیدان ڕایگرێت.

بەدیلی سۆسیالیستی
بەدیلی شۆڕشگێڕانە بۆ ئاڵوگۆڕی شۆشڕگێڕانە و دەستەبەرکردنی ئازادی و خۆشگوزەرانی و لەگۆڕنانی نەهامەتییەکانی ئێستا، بۆ کۆتاییهێنان بە ئاپارتاید و کۆیلایەتی و ئۆقیانوسێک لە ستەمکاری جنسی و کوشتار و خۆکوژی ژنان کە نەرێتی ناسیۆنال-ئیسلامی و دەسەڵاتی بورژوازی کورد لەم سی ساڵەدا بەرپای کردوە، هەروەها بۆ ژیانێکی شاد و مودێرن و کۆمەڵگایەکی سکولار، تەنها سۆسیالیزمە. ئازادی و بەختەوەری و یەکسانی هاوڵاتیان بنەمای سۆسیالیزمە. سۆسیالیزم ئەو بەدیلەیە کە ئیرادە دەگێڕێتەوە بۆ دەستی ئینسان تا چارەنووسی خۆی بە دەستی خۆی بنووسێت.
بەڵام بەرجەستە بوونی سۆسیالیزم وەکو بەدیلی ڕزگاریبەخشی ئەم کۆمەڵگایە، وەکو ئەڵتەرناتیڤێك کە جەماوەری ملیۆنی بەشمەینەتان ئومێدی پێوە گرێبدەن، لە گرەوی ئەوەدایە کە وەکو بزووتنەوە و ئاڕاستە و نەریتێكی شۆڕشگێڕانە لە حزبێکی سیاسی بەهێز و دەخاڵەتگەردا، لە مەیدانی کێشەمکێشی سیاسی دەربکەوێت. کرێکاران و خەباتکارانی کۆمۆنیست لە حزبی سیاسیدا یەکگرتوو بکات، ئۆرگان و ڕێکخراوە جۆراوجۆرە جەماوەرییەکان ساز بدات. وەکو هێزو بەدیلێکی ڕێکخراو و خاوەن ڕێکخستنی تۆکمە ئاڵای شۆڕش و ڕاپەڕین بۆ ژێرەوژوور کردنی سیستەم و دەسەڵاتی ئێستا هەڵبکات. بەرچاوی جەماوەر لە ئاست پڕوپاگەندەی فریوکارانە و بەدیلە ڕەنگاوڕەنگەکانی بۆرژوازی و ناسیۆنالیزمی کورددا ڕووناك بکاتەوە. جەماوەری چەوساوە لەدەوری سیاسەت و تاکتیکی کارساز یەکگرتوو بکات، ئاسۆی خەباتی جەماوەری هەم لە گرفتی ناڕێکخراوی و پەرتوبڵاوی و هەم لە ئاستەنگییەکانی شێواز و تاکتیکەکانی خەبات “بایکۆت و خۆپیشاندان و…” تیپەڕێنێ و لە دەوری ئاسۆی هەستان و ڕاپەڕینێکی جەماوەری کە توانای ڕاماڵینی دەسەڵاتی گەندەڵ و ستەمکاری ئێستای هەبێت، ساز و ئامادە بکات. ئەمە کارێك نیە کە حەتمەن چەندین ساڵی پێویست بێت. لە هەناوی هەلومەرجێکدا کە جەماوەری خەڵك بەدەنگ هاتوون و بە ڕیزی ملیۆنی هەڵپێچانی دەسەڵات و دۆخی ئێستایان دەوێ، لە هەلومەرجێکدا کە قڵشتی چینایەتی بەوپەڕی خۆی گەیشتوە و هۆکاری هەژاری و نەداری لەبەرچاوی جەماوەر وەکو ڕۆژی ڕووناك ئاشکرایە، هەروەها لە کۆمەڵگایەکدا کە سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم ئەزمون و پێشینەیەکی هەیە لە تێکۆشان و سازماندانی حزبی و جەماوەری، بەرجەستە بوونی سۆسیالیزم وەکو بەدیلی ڕزگاریبەخش، یان لانی کەم وەکو یەکێک لە یاریکەرانی سەرەکی مەیدانی سیاسی، کە بتوانێ مۆری خۆی بەم برگەیە لە مێژووی کۆمەڵگاوە بنێت و نەکرێت لە کێشمەکێش لەسەر ئایندەی کۆمەڵگا و قودرەتی سیاسی پەراوێز بخرێت، وە ئەگەر باش کاری بۆ بکرێت، یەك دوو ئەوەندەی شوبات تا ئۆکتۆبەرێکی پێویستە.
لە دڵی ئەم هەلومەرجەدا کە کۆمەڵگا پێویستییەکی حەیاتی بە بەدیلێکی سۆسیالیستی هەیە. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لە بەرامبەر ئەو پرسیارەدا قەراری گرتووە کە؛ ئایا دەیەوێ و دەتوانێ ئەم بۆشاییە پڕبکاتەوە و ببێتە ئەم بەدیلە؟ بێگومان ئەم حزبە ئەم ئیدعایەی کردووە و تەنانەت ڕێگاچارەی خۆی بۆ دەرهێنانی کوردستان لەم قەیران و گێژاوەی ئێستا ڕاگەیاندووە. بەڵام وەڵامی ئەم پرسیارە، سیاسی و پراکتیکیە نەك نەزەری. وەڵامی ئەم پرسیارە لە گرەوی تێپەڕکردنی خێرای ئەو ماوە و مەودایەیە کە کەوتووەتە نێوان وەزع و پێگەی ئێستای ئەم حزبە و ئەو مەوقعیەت و پێگەیەی کە بەدیلێکی سۆسیالیستی ئازادیبەخش پێویستە هەیبێت. بێگومان خستنەڕووی ڕێگاچارەی سیاسی و نەخشە ڕێگای دەرهێنانی کۆمەڵگا لەو گێژاو و قەیرانەی کۆمەڵگای غەرقی برسێتی و هەژاری و نەداری و نەخۆشی و نایەکسانی کردووە، کارێکی پێویستە و بەشێکە لە دەرکەوتن و خۆنواندنی حزبێکی سیاسی وەکو بەدیلی سۆسیالیستی. بەڵام فاکتەری یەکلاکەرەوە و چارەساز ئەوەیە کە ئەم بەدیلە بتوانێ ویست و ئارەزووی هەڵگێڕانەوەی ئەم دۆخە، بگۆڕێت بە بڕیار و ئیرادە و هێنانە مەیدانی ئەو ئیرادەیە بۆ تەحقیقی ئاڵوگۆڕ. بە مانایەکی تر فاکتەری جەوهەری بۆ دەرکەوتن وەکو بەدیل بریتییە لە مومکین کردنی ڕاپەڕین و هەڵپێچانی ئەم سیستەم و دەسەڵاتە. یەك ڕاستی حاشا هەڵنەگر هەیە کە جەماوەری بەدەنگهاتوو لەدژی دەسەڵات و بارودۆخی ئێستا، لەنێوان باش و باشتردا، تەنانەت لە نێوان ئاڵوگۆڕی باش و خراپدا، ئەوەیان هەڵدەبژێرێت کە بە کردنی و مومکینی دەزانێت، نەك حەتمەن باش یان باشتر.
لەم بارەیەوە خودی پێداگری لەسەر ویستن و پێویستی ئەم ئاڵوگۆڕە، ڕۆڵێکی ئەوتۆی نیە لە ڕاستای دەرکەوتن وەکو بەدیل. چونکە جەماوەری ملیۆنی بە هەزار و یەك شێوە دووپاتی دەکەنەوە کە تینووی هەڵپێچانی ئەم دەسەڵاتەن. بۆیە پێداگرتنەوە لەسەر ئەمە هیچ هونەر و ئیزافەیەك ناخاتە سەر ئەوەی جەماوەر دەیڵێت. حزبێك بیەوێ لەم ڕێگایەدا زیاتر بڕواتە پێش و پێگەیەك پەیدا بکات کە جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش وەکو بەدیلی ڕزگاریبەخش چاوی لێ بکەن، جگە لە خستنەڕووی نەخشە و پلانی سیاسی بۆ ئەم مەبەستە، جگە لە بەرنامە و ڕێگاچارە بۆ گرفتە سەرەکییەکانی ئێستا کە بەڕادەی یەکەم بریتین لە “نان و ئازادی و خزمەتگوزارییەکان”، وە لەوانە گرنگتر ئەوەیە کە بتوانێ ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە مومکین بکات. نیشانیبدات کە خۆی ئامڕازی کارسازی ئەم کارەیە. توانای ئەوەی هەیە لەم ڕێگایەدا ڕابەرییەکی سیاسی کارا بۆ کۆمەڵگا دابین بکات. دەتواێ رۆڵی ڕابەر و ێکخەری ڕاپەڕینێکی شۆڕشگێڕانە بگڕێت. دەتوانێ ویست و ئارەزووی جەماوەری کرێکار و ئازادیخواز بۆ هەڵپێچانی دەسەڵاتی ئێستا، بگۆڕێ بۆ ئیرادەیەك کە بە ڕاپەڕینێکی جەماوەری ئەم ئارەزووە تەحقیق بکات.
بە پیرەوەچوونی ئەم مەسەلەیە پێویستی بە تاودان و تەعجیلە لە ڕێگای دەرکەوتن وەکو حزبێکی سیاسی ڕابەر و ڕێکخەری کردارێکی شۆڕشگێڕانە کە توانای گۆڕانی بنەڕەتی هەبێت. ڕابەرییەکی سیاسی سۆسیالیستی کە هەنگاو بە هەنگاو خەباتی جەماوەری لە چوارچێوەی ستراتیژێکی شۆڕشگێڕانە و ڕێبازێکی سیاسی-عەمەلی و تاکتیکی کارسازدا بەرێتەپێش، کە زامنی سەرکەوتن و تێپەڕاندنی بێت لە ڕچکەڕێگا سەختەکانی بەرامبەرکێ لەگەڵ دەسەڵاتێکی میلیشیایی ملهوڕدا. هەروەها توانای ڕێکخستنی جەماوەری کرێکار و ئازادیخواز و شێوە جۆراوجۆرەکانی خەباتی ئەوانی هەبێت. شکڵ و شێوەی جۆراوجۆری جەماوەری بۆڕێکخستنی کرێکاران و ژنان و لاوان و خەڵکی ئازادیخواز بخاتە دەستورەوە، لە تۆڕەکان و کۆمیتەکانی هاوپشتی کۆمەڵایەتییەوە تا دەستە و کۆڕوکۆمەڵەکان، تا شورا و یەکیەتی و بنکەی گەڕەکەکان.
بەڵام لە هەموو ئەوانە لەپێشتر و لەڕاستیدا هۆکاری بەکردەوە دەرهێنانی ئەوانە سازماندان و یەکگرتوکردنی هێزی کۆمۆنیزمە، بەدیاریکراوی پێکهێنانی کۆمیتە کۆمۆنیستییەکانە. پێویستە لە ئاستی شار و شارۆچکەکاندا، هەروەها لە ناوەندەکانی کار و ژیاندا، کۆمیتە کۆمۆنیستییەکان بۆ ڕێکخستن و ڕابەری کردنی شێوە و بوارەکانی خەباتی جەماوەری و بەڕێخستنی بزووتنەوەی کاری ڕاستەوخۆی جەماوەری، پێکبهێنرێن. بوونی ئەم کۆمیتانە هۆکاری سەرەکییە بۆ برەودان بە پراکتیکی کۆمۆنیستی لە ئاستی جەماوەریدا، هاوکات بڕبڕەپشتی شکڵگرتنی شێوە جۆراوجۆرەکانی ڕێکخستنی جەماوەریشە. بەبێ بوونی کۆمیتە کۆمۆنیستییەکان ئەستەمە ڕێکخراوە جەماوەری و غەیرەحزبییەکان لە جێگای کاروژیان لە ئاستێکدا پەرەبگرن کە بەرگەی زەخت و زۆر و ملهوڕیی دەسەڵاتێکی سەرتاپا چەکدار بگرن. بەبێ ئەو کۆمیتانە زۆر ئەستەمە کۆمۆنیزم وەکو دابونەرێتێکی شۆڕشگێڕانە لە ناوەندەکانی کاروژیاندا بەجۆرێك پەرەبگرێت کە دابونەرێتە کۆنەپەرستانە بۆرژوازییە ناسیۆنالیستی و ئیسلامی و…یەکان بخاتە ژێر گوشار و مەیدانیان پێ چۆڵ بکات. بەبێ کۆمیتە کۆمۆنیستییەکان کە دەبێ ئەلگۆیەکی بچوککراوەی حزب بن بۆ هەر شار و ناوەند یان گەڕەکێك، خەباتی جەماوەری لە ئاستی محەلی کار و ژیاندا، بەبێ ڕابەری کۆمۆنیستی دەمێنێتەوە و دەچێتە ژیرباری ئاسۆ و نەرێتە بورژوازییەکانەوە.

کۆبەندی
خستنەڕووی ئاسۆی سۆسیالیستی بۆ ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە، دابینکردنی ڕابەرییەکی سیاسی تیژ و دەخاڵەتگەر و ڕێنیشاندەر بە خەباتی جەماوەری بەرامبەر بە ڕابەرانی بۆرژوازی، خستنەڕووی بەدیلی سۆسیالیستی بۆ کێشەکانی کۆمەڵگا بەتایبەتی لە بوارەکانی دابینکردنی نان و ئازادی و خزمەتگوزاری، پێکهێنانی کۆمیتە کۆمۆنیستییەکان لە ناوەندەکانی کاروژیان، هەنگاونان بۆ ڕێکخستنی جەماوەری ناڕازی لە شکڵ و شێوە و ئۆرگانە جۆراوجۆرەکاندا؛ لە دەستە و کۆڕوکۆمەڵ و کۆمیتەوە تا شورا و یەکیەتییە جەماوەرییەکان، بەڕێخستنی بزووتنەوەی کاری ڕاستەوخۆی جەماوەری بۆ بەدەستەوەگرتن و بەڕێوەبردنی کاروبار لەئاستی محەلی ودابڕین و سەندنەوەی مەشروعیەت لە حزبە میلیشیایی و بورژوازییەکان… لە گرنگترین ئەرکەکانی ئێستای بەدیلی سۆسیالیستی و ڕێڕەوی سەرەکی پێشکەش کردنی بەدیلێکی شۆڕشگێڕانەیە بە کۆمەڵگا، کە جەماوەری خەڵك ئومێدی پێوە گرێبدەن و وەکو ئامڕازی کارا و کارسازی ئاڵوگۆڕ لێی بڕوانن. بەبێ ڕابەری شۆڕشگێڕانە و بەبێ بوونی ڕێکخراوێکی کۆمۆنیستی مەحکەم و بەهێز کە توانای ڕێکخستن و ڕابەری کردنی خەباتی جەماوەری هەبێت، هیچ شۆڕش و ئاڵوگۆڕێکی شۆڕشگێڕانە بەرەو ئازادی و دەستەبەرکردنی ئاوات و ئامانجەکانی چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێش ڕوونادات. ئەگەر بەشێوەی خۆبەخۆیی بەڕێشبکەوێت ناتوانێ بە ئامانج بگات. هەر خەبات و قوربانییەکیش لەپێناو ئەو هیوا و ئومێدانە بەهەدەر دەڕوات. تەنها دەسەڵات لەنێوان ئەم باڵ و ئەو باڵی بۆرژوازیدا ئاڵوگۆڕ پێدەکات و هیوا و ئامانجەکانی جەماوەری ستەمدیدەش تەنها وەکو هیوا و ئارەزووی بەدینەهاتوو دەمێننەوە. جەخت لەسەر ئەم ڕاستییە بێگومان بە مانای دواخستنی ڕاپەڕین نیە تەنانەت بۆ یەك ڕۆژێش. بەڵکو بە مانای دەستوبرد کردنە لە فەراهەم کردنی پێداویستییەکانی ڕاپەڕینێکی سەرکەوتووانە و شۆڕشگێڕانە. مانای دەستبەکاربوونە بۆ ئامادەکارییە ڕێکخراوەیی و عەمەلییەکانی ڕاپەڕین. مانای گۆڕینی قسەیە بە کردار بۆ سازدانی ڕاپەڕین و هەڵپێچانی ئەم دەسەڵاتە. سەرئەنجام مانای ئەوەیە کە تا دەست بۆ مەلزوماتی ڕاپەڕین نەبرێت، باسی ڕاپەڕین و پێداگری لەسەری تەنها وەکو قسە دەمێنێتەوە و هیچ کردارێکی شۆڕشگێڕانەی بەدوادا نایەت. گەر بمانەوێ ئەم هیوایە بکەین بە کردار، دەبێ دەست بە ئامادەکاری و پێداویستییەکانی بکەین. ئەو ئاسۆ سیاسییەی ئەمە لەبەرچاو ناگرێت و پێداگری لەسەر ڕاپەڕین دەکات بەهەرنرخێك بێت، بەکردەوە جەماوەری بەشمەینەت دەکاتە هێزی پیادەکردنی بەدیلە کۆنەپەرستانەکان. ئەوە ڕاستییەکە کە هەر بەدیلێك جەماوەر لەدەوری تاکتیکی ڕاپەڕین سازبدات، ئاسۆی خۆیشی بەسەر ئەو ڕاپەڕینەدا زاڵ دەکات.
چارەسەری گرفت و کێشە و نەهامەتییەکانی کوردستان لە ڕێگای شۆڕشێکەوە مەیسەر دەبێت، کە ڕووخاندن و هەڵپێچانی دەسەڵات و سیستەمی حوکمڕانی ئێستا یەکەمین هەنگاوێتی. بەڵام بۆئەوەی ئەم شۆڕشە تا بەدیهێنانی ئاوات و ئامانجەکانی جەماوەری کرێکار و بەشمەینەت و دەستەبەرکردنی خۆشگوزەرانی و یەکسانی بەردەوام بێت، دەبێ دەسەڵات و سیستەمی حوکمڕانی داهاتوو وەکو ئامڕازی بەردەوامیدان و بەرەوپێشبەری شۆڕش، پشتی بە ئیرادەی ڕاستەوخۆی جەماوەر بەستبێت و خۆشگوزەرانی هەمووان بەرنامە و ئامانجی بێت. ئەمە تەنها دەتوانێ کار و ڕۆڵی بەدیلێکی سۆسیالیستی بێت. بەڵام مەیدان بۆ بەدیلی سۆسیالیستی خاڵی نیە و هیچ شتێك لەسەر سۆسیالیزم ڕاناوەستێت. دەبێ کارساز بوونی خۆی بسەلمێنێ و گرەو لە بەدیلە بۆرژوازییەکان بەرێتەوە. واتە وەکو وتراوە؛ ئەگەر باش کاری بۆ بکرێت دەبێت و باش کاری بۆ نەکرێت نابێت.

سەرەتای تەموزی ٢٠٢٠

LEAVE A REPLY

Please enter your comment!
Please enter your name here