ڕێگاچارە شۆڕش و ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانەیە!

0

گفتوگۆ لەگەڵ رێبوار ئەحمەد دەربارەی باسە سیاسیەکانی کۆنگرەی پێنجەم
ئۆکتۆبەر: باسێکی گرنگی کۆنگرەی پێنجەمی حزب “مانیفێستی حزب بۆ ئاڵوگۆڕی شۆڕشگیڕانە” بوو کە لەلایەن ئیوەوە پێشکەش کرا. دەکرێ بایەخی پەسەندکردنی ئەم بەڵگەنامەیە لەلایەن کۆنگرەوە ڕوون بکەیتەوە؟ ئەم بەڵگەنامەیە دەیەوێ چی بڵیت و سەرخەتی تیڕوانین و لێکدانەوەکانی بۆ هەلومەرجی سیاسی کوردستان و بەرنامەی کاری داهاتووی حزب چییە؟
ڕیبواڕ ئەحمەد: کۆنگرەی پێنجەمی حزب کۆنگرەی پێداگری بوو لەسەر ئەوەی کە کۆمەڵگەی کوردستان پێویستی بە ئاڵوگۆڕی شۆڕشگیڕانەی دەستبەجێ هەیە. ڕێگاچارەی کێشە و گرفتە کەڵەکەبوەکانی ئەم کۆمەڵگەیە شۆڕش و ئاڵوگۆڕی شۆڕشگیڕانەیە. بەڵگەنامەی مانیفێیست پلانی ئەو ئاڵوگۆڕەیە لە ڕوانگەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکارییەوە. ماێفیست دەڵێ کۆمەڵگەی کوردستان لە هەلومەرجێکی دژواری ئەوتۆدا قەراری گرتوە کە مایەی بێدەرەتانییە بۆ زۆربەی هەرەزۆری دانیشتوانەکەی. لەگەڵ ئەوەی کە هەموو شێوەکانی خەبات لە بایکۆت و مانگرتنەوە تا خۆپیشاندان..و… گرنگی خۆیان هەیە، بەڵام ئەزمونی چەندین ساڵەی ڕابردوو ئەو ڕاستیەی سەلماندوە کە قەتیس مانەوەی خەباتی جەماوەری لەو ئاستەدا، توانای ئەوەی نییە کوردستان لەم هەلومەرجە دەربهێنێ و تەنانەت ناتوانێ داخوازیەکانی بزوتنەوەی جەماوەری بەسەر دەسەڵاتدا بسەپێنێ. دەسەڵاتی ئێستا و چینی دەسەڵاتدار نەک هەر نایەوێ، بەڵکو لە بنەڕەتدا گیرۆدەی قەیرانێکی ئابوری و حکومەتی ئەوتۆیە، کە توانای ئەوەی لەدەستداوە وەڵام بە کێشەو گرفتە ئابوری وسیاسیەکانی ئێستای کۆمەڵگە بداتەوە. کۆنگرەی پێنجەم کۆنگرەی داڕشتنی نەخشە و سەرجەم پێداویستیە سیاسیەکانی ئاڵوگۆڕی شۆڕشگیڕانە بوو، بەڵگەنامەی مایفێست گرنگترین بەڵگەنامە بوو لەو چوارچێوەیەدا.
مانیفێست جەخت لە پێویستی بەرپاکردن شۆڕشی کرێکاری دەکات بۆ ئاڵوگۆڕێکی ڕیشەیی لە وەزعی ئێستا. بەڵام ئەم شۆڕشە لە پرۆسەی وەڵامدانەوە بە گیروگرفتە سەرەکی و هەنوکەیەکانی ئێستای کوردستانەوە دەڕواتە پێشەوە. دەسەڵاتی داسەپاوی میلیشیایی حزبە بۆڕژوا-ناسیۆنالیستەکان لەلایەک و گێژوای پەیوەندی فیدرالییستی قەومی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراق، لە لایەکی ترەوە، دوو گرفتی سەرەکی ئێستای ئەم کۆمەڵگەیەن. ڕەوتی شۆڕشی کرێکاری لە ئێستای کوردستاندا، لە هەناوی وەڵامدانەوە بەم دوو کێشەیەوە دەڕواتە پیشەوە. واتە کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی میلیشیایی ئێستا و دەرهێنانی کوردستان لە گێژاوی فیدرالیزمی قەومی.
کەناڵی سەڕەکی بەرەوپیشچونی ئەم ڕەوتی ئاڵوگۆڕە لە ئێستای کوردستاندا بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەرییە، کە بزوتنەوەیەکی هەمەگیر و فراوان و ڕادیکال و تا ڕادەیەکیش سەراسەریە. ئەم بزوتنەوەیە ئەگەر ڕێکخڕاو بێت و ئاسۆیەکی سیاسی ڕادیکال و سۆسیالیستی و ڕابەریەکی شۆڕشگیڕانەی بۆ دابین بکرێت، توانای ئەوەی هەیە کۆتایی بە دەسەڵاتی ستەمکار و گەندەڵی ئێستا بهێنێت و دەسەڵاتێکی شۆڕشگیڕانەی پشتبەستو بە ئیرادەی ڕاستەوخۆی خەڵک لە جێگای دامەزرێنێت، کە هەم توانای دەستەبەرکردنی خواست و ئامانجە دەمودەستەکانی ئێستای جەماوەری هەبێت، هەم کۆمەڵگە لە گێژاوی فیدرالیزمی قەومی دەرکێشێت. لەسەر ئەم بنەمایەش مانیفێست گرنگترین و سەرەکی ترین ئەرکی حزبی بە ڕێکخستن و ڕابەریکردن و ئاسۆدارکردنی ئەم بزوتنەوەیە دیاری کردوە.
ئۆکتۆبەر: مەبەست چیە لە ئاڵوگۆڕی شۆڕشگیڕانە؟ حزب دەیەوێ ئاراستەی سیاسی و دەسەڵاتدارێتی لە کوردستاندا بە کام ئاقاردا بڕوات؟ بۆ ئەو مەبەستە حزب چ سیناریۆیەکی لەبەرچاوە؟
ڕیبواڕ ئەحمەد: مەبەستەکە ئەوەیە کە بزوتنەوەی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان کەوتۆتە بەرامبەر سەرتاپای دەسەڵاتی داسەپاو و سیستەمێک کە٣٠ ساڵە ژیانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش دەهاڕێ، ئیتر دەبێ ئەم دەسەڵاتە بڕوات و دەسەڵاتیکی سەرچاوەگرتو لە ئیرادەی ڕاستەوخۆی خەڵک جێگای بگرێتەوە. ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە واتە هەڵپێچانی گشت ئەم سیستەمە لە دەسەڵاتدارێتی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی بە میلیشیا و پەرلەمان و دادگا و هەموو دامودەزگا گەندەڵ و بیروکراسی و داسەپاوەکانیەوە. لە کاتێکدا کە ڕەوت و لایەنە بورژوازییەکان بەشێوەی جۆراوجۆر باسی چاکسازی دەکەن و پڕۆژەی چاکسازی دەخەنە ڕوو، گوایە لەم ڕیگایەوە دەیانەوێ هەلومەرجی دژوار و بێدەرەتانی ئێستا چارەسەر بکەن، مانیفێست دەڵێ نە دۆخی ئێستا و نە دەسەڵاتی ئێستا لە چاکسازی نایەن، ئەم دۆخە پێویستی بە ئاڵوگۆڕی شۆڕشگیڕانەیە و دەبێ لە ڕیشەوە بگۆڕێ. ئامرازی ئەم ئاڵوگۆڕەش دەسەڵاتی سیاسیە. دەبێ دەسەڵات لە دەستی چینی بۆرژوازی و حزبە بۆرژوازیە چەوسێنەر و ستەمکارەکان دەربهێنرێت و لە جێگایدا دەسەڵاتی چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێش و چەوساوە بەرپابێت. دەسەڵاتێک کە دابینکردنی خۆشگوزەرانی و ژیانێکی شایستەی ئەم سەردەمە و خزمەتگوزاری تەسەل بۆ هەموو دانیشتیوان بەرنامە و مەبەستی بێت.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری لە هەموو دەرفەت و سناریۆیەکی شۆڕشگێڕانە کەڵک وەردەگرێت بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵاتی سیاسی و بەرپاکردنی سیستەمی دەسەلاتدارێتی شوراکانی خەڵک. بەڵام گونجاوترین و کارسازترین سیناریۆ هەستانێکی جەماوەری ڕێکخراوە لە دەوری ئاسۆیەکی شۆڕشگیڕانەی سۆسیالیستی بە ڕابەری حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی. هەڵبەت مەرج نییە ئەم هەستانە جەماوەریە لە یەک کاتدا لەسەرتاسەری کوردستاندا بڕواتە پێشەوە، بە تایبەتی لە هەلومەرجێکدا کە کوردستان لەسەر بناغەی دەسەڵاتی میلیشییایی دابەش کراوە و هەلومەرجی هەر ناوچەیەک تایبەتمەندی خۆی هەیە، بزوتنەوە ناڕەزایەتی جەماوەریش لە هەر ناوچەیەکدا تایبەتمەندی پەیداکردوە. ئەگەر هێزهاوسەنگی لە هەر ناوچە و تەنانەت شارێکدا دەرفەتی دا پێویستە دەسەڵاتی میلیشیایی هەڵپێچرێت و بە دەخاڵەتی ڕاستەوخۆی حزب ئۆڕگانە جەماوەریەکان بەرپابکرێن و دەسەڵات و بەڕیوەبردنی کاروباری کۆمەڵگە لەو ناوچە یان شارەدا بەدەستەوە بگرن.
ئۆکتۆبەر: لە وەڵامی پریسیاری پێشوتردا وتت مانیفێست جەخت لە بەرپاکردنی شۆڕشی کرێکاری دەکات بۆ ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی لە هەلومەرجی ئێستا. ئەو هەستانە جەماوەریەی باستان کرد چ جێگایەکی هەیە لە شۆڕشی کرێکاریدا؟
ڕیبواڕ ئەحمەد: ئێمە تەنها یەک شۆڕش لەدەستورماندایە و بۆ ڕێکخستنی یەک شۆڕش خەبات دەکەین، ئەویش شۆڕشی سۆسیالیستی و کرێکارییە. ئەو ئالوگۆڕە شۆڕشگێرانەیەی باسی دەکەین بەو مانایەی سەرەوە، یەکەمین هەنگاوی شۆڕشی کرێکاریە. ئەمە سەرەتای پڕۆسیسێکی پێکەوە پەیوەستە و لە ڕاوەستان نەهاتوە کە لە ڕەوتی شۆڕشی بەردەوامدا شۆڕشی کرێکاری بە سەرکەوتن دەگەیەنێت. شۆڕشێک کە سەرئەنجام کۆتایی بە سیستەمی کاری کرێگرتە و موڵکایەتی تایبەتی دەهێنێت و لە جێگایدا سیستەمێکی سۆسیالیستی پڕ لە یەکسانی و خۆشگوزەرانی و ئازادی بەرپا دەکات.
مانیفێست جەخت لەوە دەکات کە زەمینە بابەتیەکانی بەرپاکردنی سۆسیالیزم دەمێکە لە کوردستاندا ئامادەیە. پیشەسازی و تەکنۆلۆجیا گەشە و پەرەسەندنیکی گەورەی بەخۆیەوە دیوە. دەیان ساڵە سیستەمی سەرمایەداری وەکو سیستەمی باڵادەست ئەم کۆمەڵگەیەی لە ناو ئەزمە یەک لە دوای یەکەکانیدا گرفتار کردوە. قڵشتی چینایەتی بەوپەڕی خۆی گەیشتوە. کەمایەتیەکی سەرمایەداری مشەخۆر و ملیاردێر نوقمی سەروەتن، زۆربەی هەرەزۆری دانیشتوانیش کە ڕەنجدەدەن نوقمی هەژاری و نەدارین. دەمێکە زەمینە بابەتیەکانی ئەوە فەراهەمە کە سیستەم و کۆمەڵگەیەک بەرپا بکرێت، لەسایەیدا هەموان خۆشگوزەران و تێروتەسەل بژین. دواکەوتنی شۆڕشی کرێکاری تەنها لەسەر نائامادەیی زاتی چینی کرێکار ڕاوەستاوە. هەرکات ئەم چینە ڕێکخراو و یەکگرتوو لە دەوری ئاسۆ و ئامانجی سۆسیالیستی خۆی بێتەمەیدانەوە و ئیرادە بکات، دەتوانێ دەسەڵاتی سیاسی بەدەستەوە بگرێت و شۆڕشی کۆمەڵایەتی خۆی بەرپا بکات.
بەڵام مانیفێست ئەوەشی لەبەرچاو گرتوە کە سەرباری ئەوەی ئامادەییە زاتیەکانی ئەم چینە بۆ بە ئاکام گەیاندنی ڕاستەوخۆی شۆڕشی سۆسیالیستی فەراهەم نییە، گەلێک کۆسپ و لەمپەری گەورەش لەبەردەمە بۆ بردنەسەری ئەم ئامادەییە. کۆمەڵێک هەلومەرجی واقعی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵێک ئاستەنگی زاتی شۆڕشی کرێکاری هەیە کە ڕێگرن لەبەردەم دەستبردن بۆ کردەوەیەکی شۆڕشگێڕانەی ڕاستەوخۆی سۆسیالیستی و بەرپاکردنی حکومەتی کرێکاری و لێدانی گورزی کۆتایی لە موڵکایەتی تایبەتی. ڕێگای خێراش بۆ هەڵتەکاندنی ئەو کۆسپ و ڕێگریانە و وەلانانی ئەو ئاستەنگیانە، بردنی کۆمەڵگەیە بەناو دەورەیەکی شۆڕشگێڕانە لە دەوری ئەو کێشە و مەسەلانەی کە لە ئێستادا کۆمەڵگەی پۆلاڕیزە کردوە.
بۆ رونکردنەوەی زیاتری ئەو کۆسپ و ئاستەنگاینە دەمەوێ ئاماژە بەوە بدەم کە کوردستان یەکێکە لە مەڵبەندەکانی کاری هەرزان بۆ گشت سیستەمی جیهانیی سەرمایەداری. واتە یەکێکە لەو مەڵبەندانەی کە دابینکردنی کاری هەرزان بۆ پڕۆسەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری جیهانی پێبڕاوە. هەلومەرجی دژوار و تاقەت پڕوکێنی کار و ئاستی نزمی گوزەران کە چینی کرێکار لە وڵاتانی وەکو کوردستاندا لەگەڵی بەڕەوڕوون، یەکێکە لە تایبەتمەندیەکانی سەرمایەداری سەردەمی ئیمپڕیالیزم. کە سەرمایەی مالی باڵادەستی پەیدا دەکات و لە جیاتی کالا سەرمایە هەناردە دەکرێت. وە مەسەلەی بنەڕەتی لێرەدا ئەوەیە کە ڕۆڵی وڵاتانی ژێردەستە لە دابینکردنی کەرەستەی خاوەوە دەگۆڕێ بۆ دابینکردنی کاری هەرزان. دابینکردنی کاری هەرزان بنەمای ئەو فەلاکەتەیە کە لەم وڵاتانەدا یەخەی بە چینی کرێکار گرتووە.
ئەو هەنگاوی یەکەمەی شۆڕشی کرێکاری کە لە پێشەوە باسمان کرد، لەگەڵ چارەسەری کێشە دەمودەستەکانی ئێستای کوردستان، کۆتایی بەم بێدەرەتانییە و کۆسپ و ئاستەنگیەکانی بەردەم خۆئامادەکردنی چینی کرێکار دەهێنێت. ئیمکانی بەخۆداهاتنەوە و زەمینەی ئەوە بۆ چینی کرێکار فەراهەم دەکات کە ئامادەییە زاتیەکانی خۆی بەخێرایی بەرێتەسەرەوە و لە پڕۆسەیەکی شۆڕشی بەردەوامدا ئەم یەکەمین هەنگاوەی شۆڕشی کرێکاری لەگەڵ هەنگاوەکانی دواتری ئەم شۆڕشە لێکهەڵپێکێ بۆ بەرپاکردنی حکومەتی کرێکاری و وەشاندنی گورزی کۆتایی لە سەرمایەداری.
ئۆکتۆبەر: ئایا ئەمە بە مانای قۆناغبەندی کردنی شۆڕش نییە، واتە وەکو ئەوەی لە ناو بەشێکی زۆر لە چەپدا باوە، لەپێشدا دەبێ شۆڕشی دیموکراتی بەرپا بکرێت و لە قۆناغی دواتردا نۆرە دێتەسەر شۆڕشی سۆسیالیستی؟
ڕێبوار ئەحمەد: بێگومان ئەم قۆناغبەندیە لە دیدگای ئێمەدا وەکو کۆمۆنیزمی کرێکاری هیچ جێگایەکی نییە. کۆمۆنیزم و چینی کرێکار هەمیشە لە هەوڵ و لە بیری بەرپاکردنی شۆڕشی سۆسیالیستیدان نەک هیچ شۆڕشیکی تر، کۆمۆنیزم هیچ قۆناغێک ناخاتە نێوان ئەمڕۆ و شۆڕشی سۆسیالیستیەوە. ئامانجی کۆمۆنیزم و چینی کرێکار لە بەشداری و تەنانەت ڕابەری کردنی ئەم جۆرە لە شۆڕشی هەمەگیر و ئەم جۆرە لە ئالوگۆڕی شۆڕشگێڕانە، بریتیە لە دەرفەت خوڵقاندن بۆ یەکگرتوو کردن و هەڵخڕاندن و ئامادەکردنی چینی کرێکار بۆ دەستبردنی ڕاستەوخۆ بۆ دەسەڵاتی سیاسی. چینی کرێکار و حزبەکەی دەتوانن بە گێڕانی ڕۆڵی ڕابەری ئەم جۆرە لە ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە، ڕیزی چینایەتی خۆیان ئامادە بکەن و جەماورەی ستەمدیدە لە دەوری ئاسۆی سۆسیالیستی کۆبکەنەوە بۆ ئەوەی ئەم ڕەوتی شۆڕشە بەبێ ڕاوەستان بەرنە سەر هەنگاوی دواتر کە ڕاستەوخۆ شۆڕشی سۆسیالیستیە. ئەمە لە مارکسیزمدا بە شۆڕشی بەردەوام گوزارشتی لێکراوە.
شۆڕشی کرێکاری لەم وڵاتانەدا لەسەر بناغەی ئەو هەلومەرجەی لە پێشەوە باسمان کرد، بە پڕۆسەیەکدا دەڕواتە پێش کە هەنگاوی یەکەمی ڕێگا دەکاتەوە بۆ ئەوەی چینی کرێکار بەخێرایی خۆ بۆ دەستبردن بۆ دەسەڵاتی سیاسی ئامادە بکات. ئەمە لە هەر کۆمەلگایەکدا تایبەتمەندی خۆی هەیە. لەم بارەیەوە مانیفێست دەڵێ ” شۆڕشی کرێکاری لە هەر کۆمەڵگەیەکدا، بەپێی بارودۆخ و گرفتەکانی ئەو کۆمەڵگەیە، لە پڕۆسیسیکی جیاواز و لە هەناوی وەڵامدانەوە بەو گیروگرفتانەدا دەڕواتە پێشەوە.” لە سالی ١٩١٧ لە روسیا ئەم شۆڕشە لە کەناڵی وەڵادانەوە بە کێشە سەرەکی و دەمودەستەکانی ئەوکاتەی ئەو کۆمەڵگەیەوە رۆیشتە پێشەوە کە بریتی بوون لە “ئاشتی و نان و زەوی”. هەر لەم ڕوانگەیەوە ئێستا لە کوردستاندا چینی کرێکار و جەماوەری خەڵکی ستەمدیدە لە دەوری کۆمەڵێک داخوازی و ئامانج هاتونەمەیدانەوە، وە کۆمەڵگە لە دەوری کۆمەڵە مەسەلەیەک پۆلاڕیز بووە، کە دەکرێ بڵێین خەسڵەتێکی دیموکراتیکیان هەیە. واتە دەستەبەربونیان نەبەستراوە بە هەڵوەشانەوەی کاری بەکرێ و موڵکایەتی تایبەتیەوە. وەکو دەبینیین ئێستا لە کوردستاندا جەماوەر لەدژی بێ نانی و نەبونی ئازادی و خزمەتگوزاریەکان هاتونەتە مەیدانەوە. هێزی کۆمەڵایەتی ئەم بزووتنەوەیەش تەنها بە چینی کرێکار بەرتەسک نابێتەوە، جگە لە چینی کرێکار هەموو جەماوەری زەحمەتکێش و ستەمدیدە و وردە بۆرژوازییش دەگرێتەبەر. ئەمە هەم لەڕوی ئامانج و هەم لە ڕوی پیکهاتەی کۆمەڵایەتیەوە خەسڵەتێکی جەماوەری یان دیموکراتیک دەبەخشێت بە شۆڕشی دەمودەست لە کوردستان.
ئەم دیدگایە بە تەواوی فەرقی هەیە لەگەڵ دیدگای قۆناغبەندی کردنی شۆڕش بۆ شۆڕشی دیموکراتی وەکو قۆناغی یەکەم و پێشمەرجی قۆناغی دوەم، واتە شۆڕشی سۆسیالیستی. بنەمای ئەم بۆچونە ئەوەیە کە پێی وایە زەمینە بابەتیەکانی سۆسیالیزم فەراهەم نەبوە، سەرمایەداری و پیشەسازی بە تەواوی گەشەی نەکردوە، بۆیە دەبێ لە ڕێگای شۆڕشی دیموکراتیەوە زەمینەی دەورەیەک لە گەشەی پیشەسازی و پەرەسەندنی ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسی لە چوارچێوەی سەرمایەداریدا فەراهەم بێت، دوای ئەوە نۆرە دێتەسەر شۆڕشی سۆسیالیستی. لەکاتی شۆڕشی ئۆکتۆبەردا ئەمە یەکێک بوو لە ناکۆکیەکانی لینینیزم لەگەڵ مەنشەفیزم و تەنانەت لەگەڵ بەلشەفیزمیشدا. ئەو دوو دیدگایە هەردووکیان لەوەدا هاوبەش بوون کە شۆڕشی دیموکراتی بەو مانایەی باسمان کرد بکەن بە پێشمەرجی شۆڕشی کرێکاری، بەو جیاوازیەوە کە بەلشەفیەکان پێداگرییان لەسەر ئەوە دەکرد کە تازە بۆرژوازی ناتوانێ ئەو ئاڵوگۆڕە مێژووییە بەسەرئەنجام بگەیەنێ، بۆیە دەبێ پڕۆلیتاریا ئەو کارە بکات.
واتە لە دیدگای قۆناغبەندی کردنی شۆڕشەوە بڕگەیەک دەکەوێتە نێوان شۆڕشی دیموکراتی و شۆڕشی سۆسیالیستیەوە. لە بەرامبەردا مانیفێست پێداگری لەسەر لینینیزم و ئەو روانگە مارکسستیە دەکات کە هیچ قۆناغبەندی و پەرەسەندنێکی ئابوری لە ئارادا نییە. ئەم جۆرە شۆڕشە هەمەگیرانە، بۆ چینی کرێکار ئەڵقەیەکە لە شۆڕشی کرێکاری و بەشێکە لە پڕۆسەی خۆئامادەکردنی چینی کرێکار بۆ دەستبردن بۆ دەسەڵاتی سیاسی و هیچی تر. لینینیزم بە هەمان میتۆدی مارکس پێداگری لەسەر شۆڕشی بەردەوام دەکات، بەشداریکردن و ڕابەریکردنی شۆڕشگەلی هەمەگیری جەماوەری بۆ چینی کرێکار تەنها چەخماخەی شۆڕشی کرێکاریە و پێویستیەکەی لە خۆئامادەیی زاتی چینی کرێکار بۆ دەستبردن بۆ دەسەڵاتەوە سەرچاوە دەگرێت نەک پەرەسەندنی ئابوری. واتە چینی کرێکار بەبێ ڕاوەستان پێبەپێی ئامادەییەکانی خۆی ڕەوتی شۆڕش بەردەوام دەدا تا بە ئاکام گەیاندنی شۆڕشی سۆسیالیستی. ماوەی نێوان ئەم دوو هەنگاوەی شۆڕشی کرێکاری، بۆ چینی کرێکار تەنها پەیوەستە بەوەی کە ئەم چینە چەندە دەتوانێ بە خێرایی ڕیزەکانی خۆی ڕێکخراو و یەکگرتوو هوشیار بکات و جەماوەری خەڵکی ستەمدید لە دەوری ئاڵا و ئاسۆی سۆسیالیستی کۆبکاتەوە و هیچی تر. بەم مانایە دیواری چین لە نێوان ئەم هەنگاوی یەکەمە و هەنگاوی کۆتایی شۆڕشی کرێکاریدا نییە.
هاوکات ئەمە بە مانای ئەوەش هەیە، هەرکات چینی کرێکار لە ڕووی ڕێکخراوکردن و یەکگرتوکردنی ڕیزەکانی لە دەوری ئاسۆی سۆسیالیستی، ئامادەیی دەستبردنی بۆ کردەوەیەکی ڕاستەوخۆ سۆسیالیستی پەیدا کرد، بێگومان چاوەڕوانی هیچ پرۆسیس و ئاڵوگۆڕێکی غەیرە سۆسیالیستی ناکات و بێدرەنگ حکومەتی کرێکاری بەرپا دەکات. بەڵام تا کاتێک ئەو ئامادەییە فەراهەم نەبێت، کۆمۆنیزم دەبێت لە خێراترین و گونجاترین دەفەت و کەناڵ سود وەرگرێت بۆ بردنەسەری ئامادەیی زاتی چینی کرێکار. لەم بارەیەوە یەک واقعیەت هەیە کە هیچ کات تەنانەت پرۆلیتاریای پیشەسازیش بە دروشمی “مەرگ بۆ موڵکایەتی تایبەتی” نایەتە مەیدانەوە. لە هەر دەورەیەکدا کۆمەڵگە لەدەوری کۆمەڵە مەسەلەیەک پۆلاڕیزە دەبێت و چینی کرێکار و جەماوەری ستەمدیدە لە دەوری کۆمەڵێک مەسەلەی پەیوەست بە ژیانی رۆژانە دێنەمەیدانەوە. کۆمۆنیزم دەبێ وەڵام و رێگاچارەی ئەو مەسەلانە هەڵپێکێت لە پرۆسەی شۆڕشی کرێکاری و ڕەخساندنی زەمینە بۆ بردنەسەری توانای شۆڕشگێڕانەی چینی کرێکار لە رەوتێکی خیرادا. ئەمە بنەمای دەخاڵەت و گێڕانی ڕۆڵی رابەری کۆمۆنیزمە لەم جۆرە لە شۆڕش و ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە. بەڕای من هەر حزبێک نەتوانێ وەڵامی ئەو مەسەلانەی لە هەر دەورەیەکدا کۆمەڵگە پۆلاڕیزە دەکەن، هەڵپیکێت لەگەڵ شۆڕشی کرێکاری، هەروەها بە پاساوی ئەوەی کە شۆڕشی راستەوخۆ سۆسیالیستی نایەتە خوارەوە، لە ئاست ئەم جۆرە لە شۆڕش و ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە دەستەوەستان بمێنێت، مانای وایە بە کردەوە شۆڕشی کرێکاری نەخستوەتە دەستوری کارەوە.
ئۆکتۆبەر: حزب دەبی چ نەخشێکی هەبێت لەو پڕۆسەیەی ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانەدا ؟ دەبێ چی بکات تا بتوانێ نەخشی شایستەی خۆی ببینێت؟
ڕێبوار ئەحمەد: حزب ڕۆڵێکی چارەنوسسازی هەیە لەم پڕۆسەیەدا. بەبێ حزب زۆر ئەستەمە هیچ ئالوگۆڕێکی شۆڕشگێڕانە بەو ئاقارەدا بڕواتە پێش کە ئاوات و ئامانجەکانی چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێش دەستەبەر بکات. حزب دەبێ ڕێکخەر و ڕابەری بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری بێت و هەژمونی ئاسۆی سۆسیالیستی بەسەر ئەم بزوتنەوەیەدا دابین بکات. تەواوی هەنگاوەکانی ئەم ڕەوتە شۆڕشگیڕانەیە تەنها بە پێشڕەوی و دەستپێشخەری حزب مەیسەر دەبێت. ئەگەر بڕیارە ئەم بزوتنەوەیە لە شێوە جۆراوجۆرەکاندا ڕێکخراو بێت، دەبێ حزب ئەم کارە بکات. ئەگەر بڕیار بێت لە هەر ناوچە و شارێکدا هاوسەنگی هێز بواری دا، دەسەڵاتی میلیشیایی ڕابماڵدرێت و لە جێگایدا ئۆرگانەکانی دەسەڵاتدارێتی جەماوەری بەرپابکرێت، ئەوە ئەمە بە ئامۆژگاری و بانگەوازی خەڵک مەیسەر نابێت، بەڵکو دەبێ حزب خۆی راستەوخۆ ئەو کارە بکات. ئەگەر سەرکەوتنی ئەم بزوتنەوەیە ئەوە دەخوازێت کە لە ژێر سایە و هەژمونی ئاسۆ بۆرژوازیەکان دەربکێشرێت و لە دەوری ئاڵا و ئاسۆیەکی شۆڕشگێڕانە ڕابگیرێت، دیسان دەبێ حزب ئەم کارە بکات. بەبێ حزبی سیاسی و بەبێ دەستپێشخەری راستەوخۆی حزب و بەبێ ڕاوەستانی حزب هەم لە پشتی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی و هەم لە پێشەوەی هەموو هەنگاوێکی پێشڕەوانە، چونەپێش بە ئاراستەی بەدەستهێنانی ئامانجەکانی بزوتنەوەی جەماوەری و دەرهێنانی دەسەڵات لە دەستی ئەحزبی میلیشیایی زۆر ئەستەمە. حزب دەبێ هەمیشە لە مەیدان و هەمیشە پێشڕەو و دەستپێشخەر بێت. حزب دەبێ دەستی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی پڕ بکات لە سیاسەت و تاکتیکی کارساز و دروشم و شێوازی گونجاوی خەبات لە هەر بڕگەیەکدا. دەبێ لە ڕێگای دانی خەتی سیاسی بە ڕابەران و هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەکەوە، ئاسۆی شۆڕشگێڕانە و هەنگاوی عەمەلی بۆ رێکخراوکردنی بزوتنەوەکە بخاتە بەرنامەی کارەوە. ئەگەر بڕیار بێت ڕابەریەکی شۆڕشگێڕانە بۆ بزوتنەوە جەماوەری لە هەموو ئاستێکدا دابین بکرێت، ئەوە دەبێ حزب ئەم کارە بکات. بەڵام بێگومان بە مانای ئەوە نا کە حزب فەرمان بە ڕابەران و کادرەکانی خۆی بکات بۆ ئەوەی برۆن ببن بە ڕابەری فلان ناوەند و شار و توێژ و فڵان حەرەکەتی دیاریکراو، بەڵکو لەسەر بناغەی بەرەسمی ناسینی ئەوەی کە هەموو ئەوانە ڕابەرانی بەکردەوەی خۆیان هەیە، حزب دەبێ بتوانێ ببێتە ئامرازی دەستی ئەو رابەرە عەمەلیانە بۆ یەکگرتوو بون و ڕيکخراو بون و دەستڕاگەیشتن بە ئاسۆی سیاسی شۆڕشگێرانە و شێوازی خەبات و تاکتیکی گونجاو و کارساز. حزب دەبێ ماوەی نێوان خۆی و ڕابەرانی عەمەلی بزوتنەوەی کرێکاری و ناڕەزایەتی جەماوەری نەهێڵێ و دەستی حزب و دەستی ئەوان بەیەک بگەیەنێ.
بەڵام بۆ ئەوەی حزب توانای ئەنجامدانی ئەم کارانەی هەبێت و ڕۆڵی خۆی بە باشی بگێڕێت، دەبێ حزبێکی سیاسی بەهێز و دەخاڵەتگەر و ڕیشەدار بێت لە ناو چینی کرێکار و جەماوەری ستەمدیدە. دەبێ وەکو ئۆپۆزیسیۆنی سەرەکی سەرنگونیخوازی دەسەڵات و بەدیلێکی جێگای ئومێدی کۆمەڵگە خۆی نیشاندات. دەبێ ڕۆڵی ڕابەڕی بۆ بزوتنەوەی ناڕەزایەتی و کۆمەڵگە بگێڕێت. بەرچاوی ئەم بزوتنەوەیە ڕوناک بکاتەوە، لەمپەرەکانی بەردەمی هەڵتەکێنی.. دەبێ ببێتە ئامرازێک کە ویست و ئارەزووی جەماوەر بۆهەڵگێڕانەوەی ئەم دۆخە، بگۆڕێت بە بڕیار و ئیرادە و هێنانەمەیدانی ئەو ئیرادەیە بۆ تەحقیقی ئاڵوگۆڕ. حزب جگە لە خستنەڕووی نەخشە و پلانی سیاسی و بەرنامە و ڕێگاچارە بۆ گرفتە سەرەکییەکانی ئێستا کە بە ڕادەی یەکەم بریتین لە “نان و ئازادی و خزمەتگوزاری”، دەبێ بتوانێ ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە مومکین بکات. جەماوەری خەڵک لەسەر ئەوەی کام لایەن باشە و قسەی باش دەکات، بەدیلی خۆیان هەلنابژێرن، بەڵکو بەدیلێک هەڵدەبژێرن کە ئاڵوگۆڕیش مومکین بکات. دەبێ نیشانیبدات کە خۆی ئامڕازی کارسازی ئەم کارەیە و دەتوانێ ویست و ئارەزووی جەماوەری کرێکار و ئازادیخواز بۆ هەڵپێچانی دەسەڵاتی ئێستا، بگۆڕێ بۆ ئیرادەیەك کە بە ڕاپەڕینێکی جەماوەری ئەم ئارەزووە بەدیبهێنیت. بۆ ئەم کارە حزب جگە لە ڕابەڕیەکی سیاسی و لە سیاسەتی کارساز و تیژ و دەخاڵەتگەر، پێویستی بە ڕێکخراوەی حزبی تۆکمە و مەحکەم و بەهێز و فراوان هەیە. پێویستی بەوەیە لە کارگە و ناوەندەکانی کار و خوێندن و گەڕەکەکاندا، کۆمیتەی کۆمۆنیستی بەهێز پێکبهێنێت. پێویستە پەرە بە مەیلی سۆسیالیستی لە ناو چینی کرێکار و خەڵکی ئازادیخواز بدات و بەهێز و مونسەجیمی بکات ….
ئۆکتۆبەر: بەو سیفەتەی کە تۆ وەکو یەکێك لە ئەندامانی لیژنەی ئامادەکاری سیاسی کۆنگرە دەوڕی سەرەکیت هەبووە لە ئامادەکردنی باسەکانی کۆنگرەدا، ئەو باس و بەڵگەنامانەی دیکە کە لە کۆنگرەدا پەسەندکران، تا چ ڕادەیەك دەتوانێ وەڵام بە نەخشەکاری ئایندەی حزب و بردنەپێشەوەی ئەرکە سیاسیەکانی بداتەوە لە پەیوەند بە کۆمەڵگەی کوردستان و بارودۆخی سیاسی کوردستانەوە؟
ڕێبوار ئەحمەد: کۆنگرە لە ڕوی سیاسیەوە دەستی حزبی پڕ کڕدوە، پاکێجێکی تەواو لە نەخشەی سیاسی-تاکتیکی و ستراتیژی و عەمەلی لەبەردەستی حزب داناوە. خەت و ئاسۆیەکی سیاسی ڕۆشنی داڕشتوە و وەڵام و ڕێگاچارەی مەسەلە و گرێوگۆڵەکانی ئێستای کوردستان و ئەرک و کارە دەستبەجێکانی حزبی دیاریکردوە. ئەودوای کارەکە، واتە ڕاپەڕاندن و بەرەوپێشبردنی ئەو سیاسەت و نەخشەکارانە و کردنی بە سیاسەت و بەرنامەی کاری بزوتنەوەی جەماوەری، هەروەها پەرەپێدان و ڕێکخراوکردن و ئاسۆدارکردنی ئەم بزوتنەوەیە و بەهرەمەند کردنی لە رابەرییەکی شۆڕشگێڕ و کۆمۆنیست و گەیاندنی بەو ئاستەی توانای هەڵگێڕانەوەی دۆخی مەینەتباری ئێستای هەبێت، کەوتوەتە سەر حزب بە گشتی و ڕابەری حزب بە تایبەتی. لەم بارەیەشەوە کۆنگرە توانا و تین و تەوژم و ئامادەییەکی باشی لە حزبدا خوڵقاندوە و تیمێکی رابەری باش و بە توانای بە حزب بەخشیوە. ڕابەریش خۆی بۆ ڕاپەڕاندنی ئەو نەخشەکارانە ئامادە کردووە. ئارایشی تازەی ڕابەری حزب کە لە پلینیۆمی دوای کۆنگرە بڕیاڕی لێدرا، لە بنەڕەتدا ئەمەی لەبەرچاو گرتوە و بۆ ئەم مەبەستە بوو. هیوادارم بەو جۆرەی پلانی بۆ دانراوە بە کردەوە بڕواتە پێشەوە.

LEAVE A REPLY

Please enter your comment!
Please enter your name here