دوێنێ 16ى شوبات لاوانى ناوچەى “زەڕایەن” بۆ بەرگرتن لە تاڵانکردنى داهاتى نەوت، رێگایان بەو تانکەرانە گرت کە نەوتى قاچاغى حیزبە دەسەڵاتدارەکانى کوردستان بۆ سنورى ئێران دەگوازنەوە. ئەمڕۆش 17ى شوبات، بۆ دووهەمین جار، کۆبونەوەى جەماوەرى لەبەردەرکى سەراى شارى سلێمانى، بۆ پشتیوانى لە شۆڕشەکانى تونس و میسر، هەروەها بۆ بەرزکردنەوەى دەنگى ناڕەزایەتى دژى بێمافى و گەندەڵى و نەبونى خزمەتگوزرایەکان لە کوردستان، بەڕێوەچوو. بەرنامەى ئەم کۆبونەوە جەماوەریانە، وەکو پێشتر راگەیەنرابوو، هەر ئەوەبوو کە پشتیوانى لە شۆڕشەکانى تونس و میسر بکرێت و هاوکات دەسەڵاتدارانى کوردستان ئاگاداربکرێنەوە، کە جامى سەبرى خەڵک پڕبوەو خەریکە لێى دەڕژێت، چیتر تەحەمولى زۆڵم و زۆردارى و سەرکوت و تاڵان و بڕۆى ئەم دەسەڵاتە ناکەن. لەم بارەیەوە جەماوەرى خەڵک راشکاوانە خواستە سەرەتایى و دەستبەجێکانى خۆیانیان بە دروشمى گەورە بەرزکردەوەو بە دەنگى بەرز چەندبارەیان کردەوە. لە زۆر شوێنى تریش ناڕەزایەتى جەماوەرى رووى لە تەقینەوەیە.
بەڵام خەڵکى کوردستان لەبەر ئەوەى 20 ساڵ تەجروبەیان لەگەڵ ئەم دەسەڵاتە میلیشیایى و تاڵانچییەدا هەیە، لەبەر ئەوەى 20 ساڵە خواستەکانیان بە گوێى ئەم دەسەڵاتەدا دەدەن، بەڵام گوێیان لێناگیرێت، بۆیە ئومێدێکیان بەوە نەماوە کە ئەم دەسەڵاتە خواست و ویستەکانیان دەستەبەر بکات. ئەم نائومیدیە لە دەسەڵات، هۆکارى ئەوەبوو کە بە شێوەى خودبەخودى لە ناو کۆبونەوە جەماوەرەیەکەى ئەمڕۆى شارى سلێمانیەوە دروشمى “برۆخێت دەسەڵاتى بنەماڵەکان” بەرزکرایەوە. تەنانەت کار بەمە نەوەستا و دواى کۆتایى هاتنى کۆبونەوە جەماوەرەیەکە، جەماوەرێکى پێکهاتوو لە لاوانى توڕەو ناڕازى لە هەژارىو بێدەرەتانىو گەندەلىو سەرکوتى ئازادیە سیاسى‌و مەدەنیەکان، لەبەر بارەگاى لقى چوارى پارتى دیموکراتى کوردستان کۆدەبنەوەو دواى بێنەو بردەیەکى نێوان خەڵک و چەکدارەکانى پارتى، بارەگاى لقى چوار لەلایەن خەڵکەوە بەردباران دەکرێت. لە بەرامبەردا هێزى پێشمەرگەى پارتى بە شێوەى کوێرانە دەکەونە گولەباران کردنى خەڵک و گۆماوى خوێن بەرپا دەکەن. هەواڵەکان وا دەگەیەنن کە دەیان کەس بریندار‌و ژمارەیەکیش گیانیان لە دەستداوە.
ئەمە یەکەمین کاردانەوەى دەسەڵاتە بەرامبەر دەورەیەکى نوێ لە هاتنەمەیدان و راپه‌ڕینی جەماوەرى ناڕازى کوردستان. ئەمە لاپەڕەیەکى ترە لە کارنامەى تفەنگچیەکانى ئەو ده‌سه‌ڵاته‌ی کە گوایە بە هەڵبژاردنى ئازاد و لە رێگاى بەدەستهێنانى لە سەدا حەفتاى دەنگەکانى خەڵکى کوردستانەوە هاتوەتە سەرکار!! لە خوێن هەڵکێشانى لاوانى ناڕازى لاپەڕەیەکى تازەى کارنامەى ئەو ئەفسانەیە کە بە ناوى “هێزى پێشمەرگە”ەوە پیرۆز کراوەو هەرکەس پێى بڵێ میلیشیا، لەلایەن سەرۆکى دەسەڵاتەوە هەڕەشەى شاربەدەرکردنى لێدەکرێت. ئەو میلیشیایى پێشمەرگەیە کە بە لێشاو داهاتى وو‌ڵاتى بە قوڕگدا دەکرێت و گوایە هێزێکە بۆ بەرگرى لە خەڵکى کوردستان بەرامبەر هەڕەشەى دوژمنان، لە ماوەى 20 ساڵى رابردوودا، بە ئەندازەى ئەو فیشەکانى ئەمرۆ ناى بە سنگى لاوانى سلێمانیەوە، فیشەکى بە سنگى هیچ دوژمنێکى واقعى ئەم خەڵکەوەى نەناوە. لە راستیدا هەر ئەمە مەرامى دەسەڵاتدرارانە لە راگرتنى میلیشیایى پێشمەرگە.
خودى ئەوەى کە بارەگاى لقى چوارى پارتى دەکەوێتە بەر رق و توڕەیى خەڵک، بەڵگەى بێزارى و پچڕانى پەتى سەبرى خەڵکە بەرامبەر دەسەڵاتى گەندەڵ و کۆنەپەرست و تاڵانکەرى ئەو دوو بنەماڵەیە. ئەوەى ئەمڕۆ لە بەرامبەر لقى چوار لە شارى سلێمانى روویداوە، وێنەیەکە لەوەى دوێنێ لە مەیدانى تەحریر لە قاهیرە بەرامبەر دەسەڵاتى موبارەک روویدا. تۆمەتى گێرەشێوێنى چەندە لە ئاست ئەو جوڵانەوە شۆڕشگێڕانەیە برەوى هەبوو، لە کوردستانیشدا هەر ئەوەندە برەوى دەبێت. ئەم تاوانەى هێزى پێشمەرگەى پارتى و دەسەڵاتى داسەپاو، نیشانەى ترس و تۆقینى ئەو دەسەڵاتەیە لە هاتنەمەیدانى ئیرادەى لەبن نەهاتوى جەماوەرى خەڵک. ئەمە پەلەقاژەیەکە بۆ ئەوەى بەر لە هاتنەمەیدانى ئەو ئیرادیە، ورەى شۆڕشگێڕانەى خەڵک بڕوخێنن. بەڵام بەم تاوانە دڕندانەیە، پارتى دەستپێشخەری کرد لە تەقاندنەوەى شەڕى نێوان خەڵک و دەسەڵات. تازە خەڵکى کرێکار‌و جەماوەرى دەستەنگى کوردستان ناتوانن و نابێ لە خوێنى رۆڵەکانیان خۆشبن، ئیتر کاتى ئەوە هاتووە شەقامى سەرجەم شارەکان بکەن بە مەیدانى تەحریر بۆ بەرپەرچدانەوەى شەڕێک کە دەسەڵات لە دژى خەڵک بەرپاى کردوە.
خەڵکى کوردستان ئەمڕۆ بە نرخى 20 ساڵ نەهامەتى ژێر سایەى دەسەڵاتى چەوسێنەرانەى ناسیونالیزمى کورد، خەریکە بە تەواوى بەرچاوى لە ئاست ئەم دەسەڵاتەدا روون دەبێتەوە. بەڵام ئەوەى زۆر جێگاى سەرنج و دیسان مایەى فێربون و بەرچاو رۆشنبونەوەى خەڵکە، هەڵوێستى ئەو لایەنە سیاسیانەى دیکەیە کە هێشتا دەیانەوێ خۆڵ بکەنە چاوى خەڵک و لە نێوان راپەڕینى خەڵک و دەسەڵاتدا، ئەمبەرو ئەوبەر بکەن. لەوانە “بزووتنەوەى گۆران” و “یەکگرتوى ئیسلامى کوردستان ” و “کۆمەلى ئیسلامى”. سەرنجێکى کورت لە هەڵوێستە ریسواکانیان، هەر لەم سەرەتاى کارەدا، روونى دەکاتەوە ئەوان لە کوێ راوەستاون؟!
با لە پێشدا سەرنج بدەینە “رابەرى بزووتنەوەى گۆڕان” و بزانین لە بارەى لەخوێن هەڵکێشانى ناڕەزایەتى لاوان لەلایەن پارتیەوە چ هەڵوێستێک دەردەبڕێت؟…”راگه‌یه‌ندراوێک له نه‌وشیروان مسته‌فاوه له‌پاش ئه‌وه‌ی هه‌ندێک لایه‌ن خۆپیشاندانی ئه‌مڕۆی سلێمانییان رێکخست، کۆمه‌ڵێک روداوی ناخۆشی لێکه‌وته‌وه، ئێمه له کاتێکدا به توندی ئیدانه‌ی هه‌مو جۆره په‌لاماردانێک بۆ سه‌ر باره‌گا و شوێنه فه‌رماییه‌کان ده‌که‌ین، ئه‌و راستییه دوباره ده‌که‌ینه‌وه که ئێمه بزوتنه‌وه‌یه‌کی سیاسی مه‌ده‌نین و به‌هیچ شێوه‌یه‌ک بڕوامان به توندویژی و هێرشکردنه سه‌ر هیچ باره‌گا و شوێنێکی فه‌رمی نیه، پاراستنی ئاسایش و ئارامی وڵات به به‌شێک له ئه‌وله‌ویاتی خۆمان ده‌زانین، له‌مڕوه‌وه بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئاماده‌یی خۆی بۆ هاوکاری ده‌زگا فه‌رمییه‌کان راده‌گه‌یه‌نێت، داوا له هاوڵاتیانی کوردستانیش ده‌که‌ین، به‌گیانێکی به‌رپرسیارانه‌وه ره‌فتار بکه‌ن و رێگه نه‌ده‌ن هه‌ندێک که‌سی گێره‌شێوێن ئاسایش و ئارامی وڵات بخه‌نه مه‌ترسییه‌وه. نه‌وشیروان مسته‌فا 17/2/2011″
ئەوەى کە ویژدانى نەوشیروان مستەفاى راچڵەکاندوە، ئەو چەند بەردەیە کە لە رەق و توڕەیدا گیراوەتە لقى چوارى پارتى. جەنابى “رابەرى بزووتنەوەى گۆڕان” بە توندى ئەمە ئیدانە دەکات، بەڵام بە ووشەیەکیش لە ئاست کوشتارو گولەبارانکردنى لاوان لەلایەن پارتیەوە هەڵوێست دەرنابڕێت، بەڵکو لە واقعدا بە تاوانبارکردنى خەڵک بە کارى “توندوتیژى” پاساوى ئاشکرا بۆ ئەو کوشتارە دەهێنێتەوە. لەوەش زیاتر بە ناوى ئەوەى گوایە “پاراستنى ئاسایش و ئارامى وڵات بە بەشێک لە ئەولەویاتى خۆیان دەزانن” ئامادەیى خۆیان دەردەبڕن بۆ ئەوەى لە پاڵ دەزگا سەرکوتگەرەکانى دەسەڵاتەوە دژى خرۆشانى خەڵکى ناڕازى رابوەستن. نەوشیروان بەم هەڵوێستەى پەردەى لەسەر ناوەڕۆکى واقعى بزووتنەوەکەى هەڵماڵى. نیشانی‌دا بزووتنەوەیەکى کۆنەپەرستانەو سات و سەوداکەرە بە خەبات و خوێنى خەڵکى ستەمدیدەى کوردستانەوە، نیشانی‌دا کە فروفیشاڵى بزووتنەوەى گۆڕان دەربارەى “دەیگۆڕین! دەیگۆڕین”، هاتو هاوارێکى چەواشەکارانەیە بۆ تەسفیە حیسابێکى کۆنەپەرستانەو بەرتەسکى نێوان باڵەکانى بورژوازى کورد‌و هیچ پەیوەندیەکى بە ئاوات و ئامانجە ئازادیخوازانەکانى خەڵکى ستەمدیدەى کوردستانەوە نیە. نەوشیروان نیشانی‌دا کە لە رۆژى روبەڕووبونەوەى خەڵک و دەسەڵاتى بورژوازى کورددا، ئەوان وەکو بەشێکى ئەو چینە لە پاڵ دەسەڵات و بەرامبەر بە خەڵک رادەوەستن. نیشانی‌دا کە ئەوان خوازیارى هاتنەمەیدان و بەگەڕکەوتنى ئیرادەى شۆڕشگێڕانەى خەڵک و گۆڕ‌انى بنەڕەتى لە وەزعى ئێستا نین، تەنها دەیانەوێ توڕەیى خەڵک کارتێکى گوشاربێت بەدەستى ئەوانەوە بەرامبەر دوو حیزبى دەسەڵاتدار، بۆ دەستەبەرکردنى بەرژەوەندیەکانى خۆیان و هیچى تر.
بەڵام هەڵوێستى “یەکگرتوى ئیسلامى کوردستان” لە هەڵوێستەکەى “بزووتنەوەى گۆڕان” زیاتر مایەى شەرمەزاریە. مەکتەبى سیاسى یەکگرتوو لە بارەى ئەم رووداوەوە بەم جۆرە هەڵوێستی وەرگرت ” رونکردنه‌وه‌یه‌ک له مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کگرتووی ئیسلامی کوردستانه‌وه…به‌داخه‌وه گردبونه‌وه جه‌ماوه‌ریه‌که‌ی ئه‌مڕۆی به‌رده‌رکی سه‌رای سلێمانی پاش سه‌عاتێک له کۆتایی هاتنی گردبونه‌وه‌که ژماره‌یه‌ک که‌سی گێره شێوێن بونه هۆی که‌وتنه‌وه‌ی توندوتیژی و هێرش کردنه سه‌ر باره‌گای لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان و کوژران و برینداربونی ژماره‌یه‌ک هاوڵاتی لێ که‌وته‌وه.”
ئێمه له یه‌کگرتوی ئیسلامی کوردستان له‌کاتێکدا ئه‌و روداوه ئیدانه ده‌که‌ین، و وه‌ک ڕه‌وت و ره‌فتاری هه‌میشه‌یی حزبمان دژی به‌کارهێنانی هه‌ر جۆره توندوتیژییه‌کین که ئارامی و ئاسایشی هه‌رێمی کوردستان تێک بدات و ببێته هۆی شێوانی باری سه‌قامگیری وبێ حورمه‌تی به داموده‌زگا فه‌رمیه‌کانی هه‌رێم..مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کگرتووی ئیسلامی کوردستان -17/2/2011 کوردستان – هه‌ولێر”
هەروەها کۆمەڵى ئیسلامى لە رونکردنوەیەکى هاوشێوەدا بەم جۆرە هەڵوێستى خۆى دەربڕی بۆ راوەستان لە پاڵ دەسەڵات و پاساودانى تاوانە دڕندانەکانى :”له مه‌ڕ ئه‌و رووداوانه‌ی ئه‌مڕۆ له شاری سلێمانی هاته ئاراوه، وێڕای ده‌ربڕینی نیگه‌رانیمان له‌وباره‌یه‌وه، ئێمه هه‌موو لایه‌ک ئاگادار ده‌که‌ینه‌وه که وه‌کو پێشتر رێنمایمان دابویه ته‌واوی ئۆرگانه‌کانمان که‌هیچ جۆره به‌شداریه‌کیان له‌خۆپیشاندانه‌که‌دا نه‌بێ .
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی بڕوامانوایه خۆپیشاندانی مه‌ده‌نییانه مافی هه‌ر هاوڵاتییه‌کی ئه‌م هه‌رێمه‌یه، به‌ڵام هه‌رگیز له‌گه‌ڵ کاری تیکده‌رانه‌و هه‌ڵکوتانه سه‌ر بنکه‌و باره‌گا حکومی و حزبییه‌کاندا نین و سه‌رکۆنه‌ی ئه‌و جۆره کارانه‌ش ده‌که‌ین که داواکاری هاوڵاتیان به ئاقارێکی ناته‌ندروستدا ده‌به‌ن، هه‌روه‌ک داواکاریشین حیزب و لایه‌نه سیاسییه‌کان به‌رپرسانه مامه‌ڵه له گه‌ڵ رووداوه‌کاندا بکه‌ن و به ته‌نگ پاراستنی گیانی هاووڵاتیانه‌وه بن، لێره‌شه‌وه پرسه‌و سه‌ره‌خۆشی خۆمان ئاراسته‌ی که‌س و کاری قوربانیان ده‌که‌ین و هیوای چاکبوونه‌وه‌ی به په‌له‌ش بۆ برینداره‌کان ده‌خوازین.و ئومێده‌وارین هه‌موو لایه‌ک هه‌وڵی هێورکردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌که‌بده‌ین و به‌ته‌نگ پاراستنی هێمنی و ئاسایشی کوردستانه‌وه بین” مه‌کته‌بی سیاسی کۆمه‌ڵی ئیسلامی”
ئەگەر بەم چاویلکە ئیسلامیە ریاکاریانەیەى یەکگرتو و کۆمەڵى ئیسلامیەوە چاو لەو روداوە بکەین، ئەوە بارەگاى لقى چوار لایەنى زوڵم لێکراوە کە وەکو “دامودەزگایەکى فەرمى هەرێم بێ حورمەتى” بەرامبەر کراوە. بۆیە ئەم تاقمە ئیسلامیانە، بەبێ هیچ ئاماژەیەک بە تاوانە خوێناویەکەى پارتى، یەکلایەنە بەردبارانکردنى لقى چوار لەلایەن لاوانەوە ئیدانە دەکەن و تەنانەت تاوانی خوێنه رژاوه‌کانیش ده‌خه‌نه ئه‌ستۆی ئه‌وان. بەم مانایەش نەک هەر هیچ تاوان و لێپرسراوتیەک ناخەنە ئەستۆى پارتى و دەسەڵات، بەڵکو لە واقعدا دەستخۆشانەیان پێدەڵێن و کاغەزى سپیان بۆ ئیمزا دەکەن تا لە رۆژانى داهاتودا هەموو جۆرە ناڕەزایەتیەکى جەماوەرى خەڵتانى خوێن بکەن.
سەیر ئەوەیە رونکردنەوەکەى یەکگرتوو کە دەڵى ” ژماره‌یه‌ک که‌سی گێره شێوێن بونه هۆی که‌وتنه‌وه‌ی توندوتیژی و هێرش کردنه سه‌ر باره‌گای لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان و کوژران و برینداربونی ژماره‌یه‌ک هاوڵاتی لێ که‌وته‌وه.” تەنانەت رونى ناکاتەوە کە چۆن ” ژماره‌یه‌ک کوژرا و بریندار” لەو روداوە کەوتەوە؟ تەنانەت نایانه‌وێ باسى ئەوە بکه‌ن کە پارتى تەقەى لە خەڵک کردوە. بۆیه لە روونکردنەوەکەیاندا بکەرى ئەو “ کوژران و برینداربونەی ژماره‌یه‌ک هاوڵاتی” دیارنیە. لەوە دەچێت بیانەوى بڵێن لە پاى “بێ حورمه‌تی به داموده‌زگا فه‌رمیه‌کانی هه‌رێم” لەلایەن “پەروەردگارەوە” تەیرەن ئەبابیلەیان بۆ نێردراوە و بە بەردى ئەوان کوژراو و بریندرا کراون!!
ئەم رۆژانە لە مێژوویى کۆمەڵگاى کوردستاندا چارەنوس سازن، رووداوەکانى ئەم رۆژانە بە ئەندازەى ساڵەها بەرچاوى خەڵک رۆشن دەکەنەوەو خەڵک فێردەکەن. ئەم هەڵوێستانە لەگەڵ ئەوەى ریسوا‌و شەرمەزارن، بە دەنگى بەرز بانگەوازى خەڵک دەکەن بۆ ئەوەى لەم هاتنە مەیدانە جەماوەریەدا بە مەبەستى گۆرینى هەلومەرجى کارەساتبارى ئێستا، ریزى خۆیان لەو رەوت و بزووتنەوانە، جیاواز‌و سەربەخۆ راگرن.
رێبوار ئه‌حمه‌د
17ى شوباتى 2011